تایبهت بهچاوی كورد
بەکەم بوونەوەی جموجوڵی بازرگانی لە سنورەکان، لهدوای بڕیارهكهی “دۆناڵد ترامپ”و داخستنی ئەو خاڵە سنورییە دیارانەی سەرچاوەی ھاتنی کاڵان، دەبێت ھەرێم بیر لە ڕێگایەکی تری بازرگانی بکاتەوە، بە تایبەت کە لە ئێستادا حکومەتی ھەرێمیش ھیچ بەرچاو ڕوونییەکی نیە .
کاریگەری سزاکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دوو دیوی ھەیە، ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەکات ئەوا زیانی پێدەگات و بە پێچەوانەشەوە دەرفەتی ئەوە ھەیە کوردستان و سلێمانی ببەنە مەڵبەندێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
بەپێی سزاکانی ئەمریکا بێت، بەندەر عەباس بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دادەخرێت، داخستنی ئەو بەندەرەش زیانی بۆ کوردستان دەبێت، ھەر ئەوەش وا دەکات پریشکی ئاگری سزاکانی ئەمریکا لەئەمڕۆ وه بەر ھەرێمی کوردستان بکەوێت، وەک دەزانرێت بەشێکی نەوتی ھەرێم شوێنی ساغکردنەوەکەی ئەو بەندەرەیە، بە داخستنی ئەو بەندەرەش بەشێک لە پارەی دەسکەوتی نەوت بۆ ھەرێم نامێنێت.
لە ئەگەری داخستنی “بەندەرعەباس” ئەو کاتە جێگرەوە بۆ ھاتنە ناوەوەی کاڵا و شمەک “ئوم قەسر” دەبێت و لەوێوە کاڵاو شمەک ڕەوانەی ئێراق دەکرێت و بەشێک لە کاڵاکانیش لە ھەرێمی کوردستانەوە دەبرێنە ئێران.
ھەر سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاندووە: ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقدا مامەڵە دەکات و تا ئێستا ھیچ بەرچاو ڕوونییەکیان نیە، ھەروەھا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش تا ئێستا بەرچاوی ڕوون نیەو نازانێت دۆخەکە چی لێدێت.
دەرچەی چاو لێبووی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا تەنیا تورکیایە وەک سنور بۆ ھاوردەی شمەک و پێداویستی، بۆ ئەوەی نەبەسترێینەوە بەوڵاتێک ئەگەر سزای بەسەردا سەپێندرا، گرنگە کە پەیوەندیەکانی ھەرێم و ئێراق، ھەرێم و تورکیا وەک ئەولەویەت لەوپەڕی باشیدابن و ھاوشێوەی ئەم دوو وڵاتە پەل بۆ دەرەوە بھاویژرێت وجێگرەوە بۆ دۆخە لە ناکاوەکان دابنرێت.
ھەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیەو قەبارەی بازرگانی نێوانیشیان ساڵانە دەگاتە٦ بۆ ٧ ملیار دۆلار، بۆیە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا، کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت.
بە پێی زانیارییەکان، کونسوڵگەری ئەمریکا لە ھەولێر بە وردی زانیاری کۆدەکاتەوە لەبارەی جموجۆڵی کورد بە ئاڕاستەی ئێران، بەھەمان شێوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەویش چاودێری چڕی مامەڵەی ئێراقییەکان دەکات لەگەڵ ئێران، وەک وتراوە، ئەوانەی ھاوبەشی و دەستگیرۆیی ئێرانبکەن لەم قەیرانەدا وەک بەرەی دژە ئەمریکا تەماشا دەکرێن و وەک نەیاری ئەمریکا مامەڵە دەکرێن.
ئەمریکییەکانیش ڕەتیدەکەنەوە لە میانی قۆناغی دووەمی گەمارۆ ئابووریییەکان لەسەر ئێران، چاوپۆشی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بکهن و، ئەوەشیان بە بازرگانان و کاربەدەستانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە، بەڵام ناشیانەوێ خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجێکی قورس بدەن، بەو پێیەی لایەنی ئەمریکی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە سەردانی ھەولێریان کردبوو، بە دوو ئامانج ھاتبوون:
– ویستوویانە تێبگەن لەوەی زەمینە و ڕەوشی کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان چەندە لەبارە بۆ کارکردن و ئاستەنگەکانی چین.
– تێگەیشتن لەوەی کاتێک ئەمریکا قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی سەر ئێران جێبەجێ دەکات، چ ئاسەوارێکی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت.
“ئەمریکییەکان وتوویانە، دەبێ پەلە بکرێت لە دروستکردنی ژمارەیەک کارگەی نوێ لە کوردستان کە بەرھەمی کشتوکاڵی وەربگرنەوە و بیخەنە بازاڕەوە، ھەروەھا ھەندێک کارگەش دروستبکرێن کە ببنە جێگرەوەی ئەو کارگانەی لە دەرەوە کەلوپەل دەنێرن بۆ کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان ئامادەبوون ھاوکاری حکومەت بکەن و ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆیان بھێننە کوردستان”.
ھاوکات، زۆر جیدی بوون لەوەی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی گەورە بھاوێ لە بواری وەبەرھێنانی کشتوکاڵدا.
کاریگەریی گەمارۆکان زۆرتر لەسەر پارێزگای سلێمانی دەردەکەون لە ٦٩%ی کاڵا و خۆراکی پارێزگای سلێمانی ئێرانییە و لە پارێزگای دھۆکیش ٦٥%ی کاڵا و خۆراکی ھاوردەکراو تورکین، پارێزگای ھەولێریش لە نێوان کاڵای ئێرانی و تورکیدا ٥٠ بە ٥٠یە
.
گەمارۆکانی سەرئێران نرخی کەلوپەل و خۆراک لە پارێزگای دھۆک زۆر بە کەمی دەجووڵێنێ “بەڵام بەوپێیەی سلێمانی ناچارە ڕوو لە تورکیا بکات، نرخی کاڵا و خواردن بەھۆی کرێی گواستنەوە ٢٥% بەرز دەبێتەوە”.
ئەمریکییەکان ھەندێک زانیارییان خستووەتە ڕوو کە زۆرتر پێشبینی و خوێندنەوەی داھاتووی نزیکی ڕووداوەکان بوون لە کوردستان و ئێراق “ئەوان وتویانە، گوشاری زۆر لە حکومەتی نوێی ئێراقدەکەین کێشەکانی بە شێوەیەک لەگەڵ کورد چارەسەر بکات کە ئاستی داھاتی خەڵک و مووچەخۆران بەرز ببێتەوە، بەرزبوونەوەی نرخ کاریگەریی نەبێت، ھەروەھا حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی لابردنی پاشەکەوتی مووچەیە، پلان ئەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردوو حکومەتەکە بگەنە ڕێککەوتنێک و ئاستی داھات و بژێویی خەڵک بەرز ببنەوە”.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە پەرەسەندندا بووە، مەگەر لەو چەند مانگەی کە بەغدا بەھۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەوە سزای کوردستانی دا و، ئێران ھاوکاری کرد بۆ توندکردنەوەی سزاکان.
لە ساڵی ٢٠١٥دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ٧ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش ئێرانی ھاندا بۆئەوەی لەو شارانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە نزیکن لە سلێمانی و ھەڵەبجەوە، ژمارەیەک کارگە دابمەزرێنێ.
ئێرانییەکان چاویان لەوە بوو قەبارەی بازرگانییەکە زۆرتر بچێتە سەرەوە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەزیری بازرگانیی ئێران وتی بەنیازین ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەسەر سنوورەکان دروست بکەین، بەڵام گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا ئەو پلانەی تێکدا.
بۆ ئەم دۆخە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ دەرفەتێکی نییە و، ناچارە کارگەی نوێ دروست بکات، ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنانی کشتوکاڵی زۆرتر بکات .
لە ئێستادا، سزا ئابوریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر خەڵکی نیگەران کردووە و فشاریکی زۆر لەسەر خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروست کردوە، نرخی ھەموو پێداویستییەک لەناوخۆی ئێراندا گران بووە”.
کەلوپەلی خۆراک بەتایبەت ڕۆن، گۆشت و مریشک و پێداویستیە خۆراکیەکان زۆر گران بوون و بەردەوامیش لە ھەڵکشاندان. خەڵکیش بە شێوەیەکی فراوان ڕوولە کڕینیان دەکهن و لەماڵەوە ھەڵیاندەگرن، خوڵقاندنی ئەو دۆخە لە ئێراندا وا دەکات ھاتووی شمەک کەم و گران بێـ بۆ ھەرێم، لە لایەکی دیکەش تا ناوخۆی وڵات پێویستی بە شمەک و کەلوپەل بێت، بۆ دەرەوەی وڵات ھەناردە ناکرێت.
بێھێزی دراو ونەبوونی خامی پێویست بۆ بەرھەمھێنان و، لە دەستدانی دەرفەتی کار وا دەکات، بە ماوەیەکی زەمەنی نزیک، کارگەکانی ئێرانتوانای ئەوەیان نەبێت کە بەرھەم بۆ ناوخۆ و دەرەوەش بەرھەم بھێنن بەتایبەت ئەوانەی کەرەستە خاوەکانیان لە دەرەوەی ئێران ھاوردە دەکەن.
بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان دراوسێی وڵاتی ئێرانە بۆیە سزاکان بێ کاریگەر نابن، ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان زیاتر وابەستەی وڵاتی تورکیایە بۆ زۆرێک لە شمەک و پێداویستییەکانی، بەڵام ئەویش لە ئێستادا دووچاری تەنگەژە و ناھەمواری ئابوریی بۆتەوە و تەنانەت کاریگەریەکانی ئێرانیش بەسەر تورکیادا دەردەکەون، گەر تورکیاش بە ھەمان شێوەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا رێک نەکەوێت.
گومانەکان زۆرن لەسەر بەشی دووەمی سزاکان و کاریگەری بۆسەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەت کە ھەرێم ناتوانێت کاڵا و خزمەتگوزاری پێویست لە ناوخۆ بەرھەمبھێنێ و، پێویستی بە ھاوردەکردنە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی بۆیە سزا و گەمارۆ ئابووریەکانی سەر ئێران کاریگەری دەخاتە سەر ئابووری ھەرێمی کوردستان، چونکە بە گوێرەی ئامارەکان ساڵانە کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێژەی ١٥% کاڵا ھهناردەی ئێراق دەکات بە ھەرێمی کوردستانیشتەوە.
لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەو گەمارۆ ئابووریەی سەر ئێران، ھەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سوود لە گەمارۆ ئابووریەکانی سەر ئێران وەربگیرێت، سەرەڕای ئەوەی دەتوانێت دەرفەتەکە بقۆزێتەوە لە بواری سیاسیدا پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەھێز بکات لە کاتێکدا کوردستان بەھەمان شێوەی ئێران ھەناردەکارێکی نەوتە بۆ بازاڕەکانی جیھان.
ھەرێمی کوردستان کە وابەستەی دابینی خۆراک و پیشەسازی و وزەیە لەگەڵ ئێراندا، لەم پرسەدا دەبێت زۆر بەوریای مامەڵە بکات چونکە ئەگەری ئەوەش دەبێت ھەرێم بکەوێتە بەر سزا ئابووریەکانی ئەمریکا.
ئەگەر دێتە پێش دوای سزاکان، سنورەکانی ھەرێمی کوردستان باشترین شوێن بن بۆ بە قاچاغ بردنی گەورەی نەوتی ئێران بەبێ ئەوەی ھیچ لایەنێک چاودێری بکات و سزا نێودەوڵەتیەکانیش بیگرێتەوە.