له سنوری قه‌زای خانه‌قین (238) گوند راگوێزراوه، ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و گوندانه (53479) كه‌سه. هه‌روه‌ها (38439) دۆنم زه‌وی له خانه‌قین ته‌عریب كراوه. نوسه‌رێك ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ری به‌په‌له بۆ ئه‌م ناوچه‌یه نه‌دۆزێته‌وه، په‌له نه‌كرێت له جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی مادده‌ی (140) ده‌ستوور، ئه‌وا رۆژ له دوای رۆژ رێژه‌ی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه كه‌متر ده‌بێته‌وه‌و مۆركی كوردێتی ناوچه‌كه به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت‌و ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی ناكوردستانی وه‌كو شاری موسڵ.
كتێبی (ده‌رباره‌ی راگواستن‌و ته‌عریب له ناوچه‌ی خانه‌قین)، له نوسینی (ره‌حیم حه‌مید عه‌بدولكه‌ریم)، كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك له ساڵی (2014) له‌دوو توێی (170) لاپه‌ڕه‌دا چاپ‌و بڵاوی كردۆته‌وه. كتێبه‌كه له چوار به‌ش پێكهاتوه. به‌شی یه‌كه‌م كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی مێژوی راگواستن‌و ته‌عریب له كوردستان، به‌شی دوه‌م راگواستن‌و ته‌عریب له ناوچه‌ی خانه‌قین، به‌شی سێیه‌م: راگواستن‌و ته‌عریب له ناحیه‌كانی جه‌له‌ولاو سه‌عدییه، به‌شی چواره‌م راسپارده‌و پێشنیاره‌كان.
له‌باره‌ی ئامانج له نوسینی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی زۆرتر مه‌به‌ستم بووه له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا بیخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وه‌یه به به‌ڵگه‌و دیكۆمێنته‌وه ته‌عریب‌و راگواستن له‌م سنوره بسه‌لمێنم، چونكه هێشتا چاره‌نوسی ئه‌م ناوچه‌یه یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌و هێشتا سه‌ر به حكومه‌تی ئێراقه.
مێژوی ته‌عریب‌و راگواستن
له‌باره‌ی مێژوی راگواستن‌و ته‌عریب، نوسه‌ر ده‌ڵێت: پرۆسه‌ی راگواستن‌و ته‌عریب هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ بوونی هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌ی جۆراوجۆر. به‌جۆرێك به‌گوێره‌ی راپۆرته فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی ئێراق ته‌نها له‌ماوه‌ی دوو مانگی هاوینی (1978)دا (28) هه‌زار خێزان (نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س)له ناوچه سنورییه‌كانه‌وه راگوێزران. تاوه‌كو ساڵی (1979) ژماره‌ی راگوێزراوان له هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته (700) هه‌زار كه‌س، ئه‌و راگواستن‌و په‌لاماردانه‌ش (1222) گوندی له پارێزگاكانی دیاله‌و سلێمانی و هه‌ولێرو كه‌ركوك و دهۆك و موسڵ گرته‌وه. له‌ماوه‌ی ساڵانی (1987 و 1988)دا پێنج هه‌زار گوند راگوێزران.
راگواستن‌و ته‌عریب له خانه‌قین
ناوچه‌ی خانه‌قین هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه زێدی هۆزه كوردییه‌كان بووه، زۆر به‌ده‌گمه‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی تاك‌و ته‌را خێزانی عه‌ره‌ب وه‌كو ره‌وه‌ند به‌دوای له‌وه‌ڕدا ده‌هاتنه ناوچه‌كه. له ساڵی (1869) مه‌دحه‌ت پاشای والی به‌غدا خانه‌قینی كرده قه‌زاو خستیه سه‌ر ولایه‌تی به‌غدا. به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی‌و بوونی نه‌وت تیایدا، حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئێراق ده‌ستیانكردوه به ته‌عریب‌و گۆڕینی دیمۆگرافیاو دابڕینی ناوچه‌كه‌و دانیشتوانی له كوردستان. به نمونه به فه‌رمانی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م چه‌ندین خێزانی عه‌ره‌ب هێنراونه‌ته چه‌ندین گوندی ناوچه‌ی (قوڵه) له ده‌وروبه‌ری خانه‌قین.
له‌دوای روخانی پاشایه‌تی‌و دروستبونی كۆماری ئێراق، له كۆتایی ساڵی (1958)دا به‌گوێره‌ی یاسای ژماره سی، ده‌یان هه‌زار دۆنم زه‌وی موڵكی هاوڵاتیانی ناوچه‌كه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، چه‌ندین جوتیاری عه‌ره‌ب له گونده‌كانی ناوچه‌ی قوڵه‌و گونده‌كانی شێربه‌گ‌و نوری ئه‌فه‌ندی زه‌ویان پێدرا.
له‌ماوه‌ی ساڵانی (1973 و 1974)دا حكومه‌تی ئێراق دانیشتوانی گونده‌كانی (قامیشه‌لان، سه‌یدبه‌رزو، ئه‌حمه‌دخان، كوێخا حه‌بیب، نامدار، عه‌لی مورادبه‌گ، یوسف به‌گ، ده‌ربنجف، تۆڵه‌فرۆش) راگواست كه كۆی دانیشتوانی هه‌موویان نزیكه‌ی هه‌زار خێزان ده‌بوون.
له چوارچێوه‌ی به فه‌رمیكردن‌و رووپۆشكردنی یاسایی پرۆسه‌كانی راگواستن و ته‌عریب، حكومه‌تی ئێراق له‌ماوه‌ی ساڵانی (1980 – 2003) ده‌یان یاسا‌و بڕیار‌و رێنمایی ده‌ركرد، به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕیارانه هه‌موو موڵك‌و زه‌وی‌و عه‌قاری كوردانی ناوچه‌كه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا‌و كران به موڵكی ده‌وڵه‌ت، له تۆماره فه‌رمییه‌كاندا وه‌كو گرێبه‌ست كراوه به ناوی هه‌زاره‌ها عه‌ره‌بی هاورده‌ی (31) عه‌شیره‌تی عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست‌و خواروی ئێراق. به‌نمونه له‌لایه‌ن (500) خێزانی هۆزی (كه‌ره‌وی)یه‌وه (24) گوند داگیركرا، هه‌ر خێزانێك سی دۆنم زه‌وی به‌راوو چل دۆنمی زه‌وی پشتاویان به‌ناوه‌وه كرا. هه‌روه‌ها بۆ (120) خێزانی عه‌شیره‌تی (نه‌دا) هه‌ر خێزانێك (15) دۆنم به‌راوو نه‌وه‌د دۆنم پشتاویان پێدرا.
كۆی گشتی (1303) گرێبه‌ست كراوه‌و كۆی ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵیانه‌ی كه بۆ عه‌ره‌بی هاورده گرێبه‌ستیان له‌سه‌ر كراوه ده‌گاته (38439) دۆنم كه (26075) دۆنمی به‌راوه‌و ده‌كاته (69.5%) روبه‌ره گشتیه‌كه‌و (11734) دۆنمی پشتاو (ده‌یمه)و ده‌كاته (30.5%) روووبه‌ره گشتیه‌كه.
به‌گوێره‌ی سه‌رژمێرییه فه‌رمییه‌كانی ئێراق له پارێزگای دیاله له ماوه‌ی (1947 – 1997) رێژه‌ی كورد (26%) دانیشتوان بۆ (11%) كه‌میكردوه. له‌ناو حه‌وزه‌ی قه‌زای خانه‌قین-یش له (81%) بۆ (27%) كه‌مبۆته‌وه.
راگواستن‌و ته‌عریب له ناحیه‌ی قۆره‌توو
قۆره‌توو یه‌كێكه له ناحیه‌كانی قه‌زای خانه‌قین، رووبه‌ره‌كه‌ی (927 كم2)یه، له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا دروستكراوه. به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی (1972) ژماره‌ی دانیشتوانی كوردی (99.5%) بووه. سێ ساڵ دواتر حكومه‌تی ئێراق هه‌موو گونده‌كانی ناحیه‌كه كه حه‌فتا گوند بوون راگواست، له شوێنی ئه‌واندا هۆزی عه‌ره‌بی نیشته‌جێكرد. به‌گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی (1977) رێژه‌ی كورد بۆ (5.1%) دابه‌زی‌و رێژه‌ی عه‌ره‌ب بۆ (94.8%) به‌رزبویه‌وه. له راپه‌ڕینی (1991) قۆره‌توو رزگاركراو كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌و جوتیاران گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ماڵ‌و زه‌وی خۆیان. به‌ڵام تائێستا چوارده گوندی چۆڵن.
له ساڵی (1974) پێش پرۆسه‌ی راگواستن‌و ته‌عریب (4136) خێزان له‌و حه‌فتا گونده‌دا ژیاون، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی (2014)دا ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و گوندانه نزیكه‌ی (808) خێزان بوون.
راگواستن‌و ته‌عریب له ناحیه‌ی مه‌یدان
مه‌یدان ده‌كه‌وێته باكوری رۆژهه‌ڵاتی خانه‌قینه‌وه، هاوسنوره له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران. روبه‌ره‌كه‌ی (598 كم2)یه، له سه‌رژمێری ساڵی (1957)دا (44) گوند بووه‌و له سه‌رژمێری (1965)دا بووه‌ته (45) گوند. له (1975) هه‌ر چل‌و پێنج گونده‌كه‌ی به‌ره‌و ده‌ربه‌ندیخان‌و زه‌ڕایه‌ن‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه راگوێزراون. به‌و هۆیه‌وه له سه‌رژمێری (1977)دا رێژه‌ی كورد بۆ (1%) كه‌م بۆته‌وه‌و عه‌ره‌ب بۆ (98.2%) به‌رزبۆته‌وه. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ناوچه‌كه بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. تائێستا حه‌وت گوندی چۆڵه. پێش پرۆسه‌ی راگواستن‌و ته‌عریبی (1974) له سنوری ناحیه‌كه (2927) خێزان ژیاون. به‌پێی روماڵی مه‌یدانی نوسه‌ر له ساڵی (2014) ته‌نها (1011) خێزان له سنوری ناحیه‌كه ده‌ژین.
راگواستن‌و ته‌عریب له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا
جه‌له‌ولا له (1958) كراوه‌ته ناحیه. له (1962) له كه‌ركوك دابڕێنراوه‌و خراوه‌ته سه‌ر قه‌زای خانه‌قین. له (1963) پرۆسه‌ی ته‌عریب به رێكخراوی ده‌ستی پێكردوه. له (1965)دا ژماره‌ی دانیشتوانی (12599) كه‌س بووه، زۆرینه‌ی كورد بوه‌و ته‌نها سه‌د خێزانی عه‌ره‌ب‌و توركمانی تێدابووه. به‌هۆی ته‌عریبه‌وه له (1970) رێژه‌ی كورد بۆ (42%) دابه‌زیوه، عه‌ره‌ب بووه‌ته چل سه‌دو توركمانیش هه‌ژده له سه‌د بووه. له (1970) ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وی‌و زاری خاوه‌ن موڵكه‌كانی ناوچه‌كه‌دا گیرا.
له (1975)دا نزیكه‌ی (1193) خێزانی كورد له جه‌له‌ولا راگوێزران. له سه‌رژمێری (1977)دا رێژه‌ی كورد بووه (19.8%)، عه‌ره‌ب (76.99%)و توركمان (2.47%). به‌م شێوه‌یه زۆرینه‌ی دانیشتوان بووه عه‌ره‌ب. له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له ساڵی (2003)، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌كه، ژماره‌ی دانیشتوان گه‌یشته (63602) كه‌س، كه (37887) عه‌ره‌ب‌و (22328) كورد‌و (3387) توركمان بوو.
له (25/11/1975) هه‌موو خێزانه كورده‌كان به‌ره‌و رومادی‌و ده‌وروبه‌ری راگوێزران، له شوێنی ئه‌وان عه‌ره‌بی هاورده‌ی هۆزه‌كانی (كه‌ره‌وی، لهێب، جبور) نیشته‌جێكران‌و له تۆماره ره‌سمیه‌كاندا وه‌كو گرێبه‌ستی فه‌رمی به‌ناویانه‌وه تۆماركراو تائێستا له تۆماره‌كانی پارێزگای دیاله‌دا به‌ناویانه‌وه ماوه‌ته‌وه.
روبه‌ری گشتی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه به گرێبه‌ست دراوه‌ته عه‌ره‌بی هاورده (5301) دۆنمه، له‌و ژماره‌یه‌ش (4553) دۆنمی به‌راوو (748) دۆنمی پشتاوه، واته (85.8%) ئه‌و زه‌وییانه به‌راو بوون، ئه‌وه‌ش به‌های به‌رزی ئابوری ئه‌و ناوچه‌یه ده‌سه‌لمێنێت. رێژه‌ی (25%) گرێبه‌سته‌كان به‌ناوی ژنانه‌وه تۆماركراوه. زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گرێبه‌ستیان بۆ كراوه باوك‌وكوڕو كوڕه‌زای یه‌كترن.
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له ده‌ی نیسانی (2003)، هه‌موو خێزانه راگوێزراوه‌كان له رومادییه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان‌و گونده‌كانی خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی دۆخی ئه‌منی‌و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه ژماره‌یه‌كی كه‌میان له گونده‌كان مانه‌وه‌و زۆرینه‌یان رویانكرده شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی قه‌زای كه‌لار.
له‌دوای ساڵی (2004)یشه‌وه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌و تیرۆركردنه‌وه زیاتر له (188) شه‌هیدیان داوه، زیاتر له هه‌زار خێزانی كوردی جه‌له‌ولاش زێدی خۆیان به‌جێهێشت، له به‌رامبه‌ردا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب رویانكرده جه‌له‌ولاو رێگه‌یان بۆ خۆشكراو خانویان به‌شێوه‌ی ته‌جاوز دروستكرد‌و زیاتر له حه‌وت هه‌زار خانوی ته‌جاوز دروستكراوه. ته‌نها له گه‌ڕه‌كی ته‌جنید زیاتر له شه‌ش هه‌زار خێزانی عه‌شیره‌تی (كروی) تێدایه‌و ئێستا رێژه‌ی عه‌ره‌ب زیاتره له (85%)و كوردیش ده‌گاته (10%).
راگواستن‌و ته‌عریب له ناحیه‌ی سه‌عدییه
ناحیه‌ی سه‌عدییه له سه‌رده‌می عوسمانیه‌كاندا ناوی (قزلڕبات)بووه. حكومه‌تی ئێراق وه‌كو هێمایه‌ك بۆ سه‌ركرده‌ی دیاری ئیسلامی (سه‌عدی كوڕی وه‌قاس) ناوه‌كه‌ی كردوه‌ته سه‌عدییه. له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا كراوه‌ته ناحیه. له ساڵی (1947) به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌وه رێژه‌ی عه‌ره‌ب گه‌یشته (50%) دانیشتوان. له (1964 – 1974) حكومه‌تی ئێراق (334) خێزانی عه‌ره‌بی له سه‌عدییه نیشته‌جێكردو (53) گوندی ناوچه‌ی (ده‌شته)ی راگواست. ئه‌م پرۆسه‌ی راگواستنه تا (2003) به‌رده‌وام بوو. له (1990 – 2003) كۆی روبه‌ری ئه‌و زه‌وییانه‌ی حكومه‌ت به گرێبه‌ست به‌خشی به عه‌ره‌به‌كان گه‌یشتۆته (11691) دۆنم زه‌وی. له (2003 – 2013) زیاتر له (800) هاوڵاتی كورد به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌و تیرۆركردنه‌وه شه‌هید كراون. هه‌روه‌ها (1300) خێزان زێدی خۆیان به‌جێهێشتوه.
پوخته‌و چاره‌سه‌ر
له‌كۆتایی باسه‌كه‌یدا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: به ئامارێكی پوخت ژماره‌ی ئه‌و گوندانه‌ی له سنوری خانه‌قین راگوێزراون ده‌گاته (238)گوند، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌یشتۆته (53479) كه‌س… ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ری به‌په‌له بۆ ئه‌م ناوچه‌یه نه‌دۆزێته‌وه، په‌له نه‌كرێت له جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی مادده‌ی (140) ده‌ستوور، ئه‌وا رۆژ له دوای رۆژ رێژه‌ی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه كه‌متر ده‌بێته‌وه‌و مۆركی كوردێتی ناوچه‌كه به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت‌و ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی ناكوردستانی وه‌كو شاری موسڵ، كه ئه‌مڕۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له كوردستانیه‌تی ناكرێت، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو ناحیه‌ی جه‌له‌ولاو سه‌عدییه.