ناسیۆناڵیزم لە یەک واتادا، وەکوو ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی بە دوای ئەوەوەیە کە نەتەوە و دەوڵەت زۆرتر نزیکی یەک بکاتەوە.
لە هەر ڕەهەندێکەوە کە سەیری پەیوەندیی ناسیۆناڵیزم و شوناسی نەتەوەیی بکەین، بەڕوونی دەتوانین کاریگەریی بەرچاوی ناسیۆناڵیزم لەسەر بەهێزکردن و یەکگرتن و پتەوکردنی شوناسی نەتەوەیی ببینین.
“ناسیۆناڵیزم” (Nationalism) جۆرێک ئاگاییە، واتە ئاگایی بە بەستراوەیی بە نەتەوە کە “ئاگایی نەتەوەییـ”ـشی پێ دەڵێن. ئاگایی نەتەوەیی بەرهەمهێنەری هەستی وەفاداری و دڵبەستنی تاکەکانە بە توخمەکانی پێکهێنەری نەتەوە (زمان، دابونەریت، بایەخە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان و فەرهەنگ و…). ئاڵا، سروودی نەتەوەیی و هێماکانی تری شوناسی نەتەوەیی، نیشانەگەلێکی زۆر گرینگن لە کۆمەڵگا ناسیۆناڵیزمەکان.
ناسیۆناڵیزم چ وەک ئایدیۆلۆژی سەیری بکرێت یان بزووتنەوە و یان کۆمەڵێک لە سیاسەتەکان، بێگومان لە ڕەوتی شکڵدان بە شوناسی نەتەوایەتی و بەگشتی نەتەوەسازیدا ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکیی لە ئەستۆ بووە. ڕۆڵی ناسیۆناڵیزم، چ لە قۆناغی پێش لە دامەزرانی دەوڵەت- نەتەوە و چ لە قۆناغی پاش دامەزران و خۆپتەوکردنی دەوڵەت- نەتەوەدا، بەجوانی دەبینرێت.
ناسیۆناڵیزم، پەیوەندی و یەکگرتووییەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگایەک پتەو دەکات و لەلایەکی ترەوە سنووری شوناسی ئەوان لەگەڵ کەسانی تر دیاری دەکات تاکوو خۆی جیاواز لە کەسانی تر بناسێت.
لە هەر ڕەهەندێکەوە کە سەیری پەیوەندیی ناسیۆناڵیزم و شوناسی نەتەوەیی بکەین، بەڕوونی دەتوانین کاریگەریی بەرچاوی ناسیۆناڵیزم لەسەر بەهێزکردن و یەکگرتن و پتەوکردنی شوناسی نەتەوەیی ببینین. ناسیۆناڵیزم هێزی سەرەکیی دروستکردنی نەتەوەکانە؛ ناسیۆناڵیزم هەستی بەستراوەیی تاکەکان بە کۆمەڵێكی گەورەتر بە ناوی نەتەوە بەهێز دەکات؛ ناسیۆناڵیزم دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆگری بە سمبولەکان، ئوستوورەکان، بایەخەکان، زمان و دابونەریت؛ ناسیۆناڵیزم ژێرنەخشی پشتیوانیی خەڵک لە دەوڵەتەکەیان لە دۆخە هەستیارەکاندا دابین دەکات و لە ئەگەری بوونی هەڕەشەگەلی گەورە، هەموو ئەندامانی نەتەوەکە بۆ پشتیوانی لە خۆ و دوورخستنەوەی هەڕەشە، دێنێتە گۆڕەپانەوە.
ناسیۆناڵیزم وەکوو بزاوێکی زۆر بەرچاو، لە ورووژاندن و ڕێنوێنیکردنی هەستی وەفاداریی تاکەکان بە نەتەوەیەک، زۆر کاریگەرە، لە ئاستێکدا کە تاکەکان بۆ پاراستنی مەڵبەندەکەیان (کە بە هێزی ناسیۆناڵیزم بە نیشتمان پیرۆز دەکرێت) و شکاوەمانەوەی ئاڵاکەیان، ئامادەی گیانفیدایین.
ناسیۆناڵیزم بە ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی، بەتایبەت لە کاتی قەیران یان هەڕەشەی دەرەکی، هەوڵ دەدات یەکگرتوویی و هاودەنگی لە ئاستی نەتەوەییدا پتەو بکات و بیپارێزێت. ناسیۆناڵیزم لە دڵی مێژوودا ئوستوورەکان دێنێتە سەر شاشە، حەماسە و پاڵەوانیەتییەکانی ڕابردوو زیندوو دەکاتەوە، بە گیانبەخشین لە ڕێگای نیشتمان پیرۆزی دەبەخشێت و بە بەردەوامی ڕاز و ڕەمزی هەرمانیی نەتەوەیەک دێنێتەوە یاد. ناسیۆناڵیزم پێمان دەڵێت کە دەبێ لەگەڵ یەک بین و بۆ بایەخەکانی یەک بە هەموو بوونمانەوە هەوڵ بدەین.
ناسیۆناڵیزمی نەتەوەیی یان مەدەنی کە لە بەرامبەر ناسیۆناڵیزمی قەومیدایە، لە ڕاستیدا هەمان شتێکە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە شێوازگەلی جۆراوجۆر وەکوو مێکانیزمی یەکگرتوویی شوناس و یەکگرتوویی نەتەوەیی، لەهەمبەر هەڕەشە دەرەکییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ناسیۆناڵیزم لەم ئاستەدا، لە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەوڵەتێک پشتیوانی دەکات و بەردەوام لە هەوڵدایە شوناسی نەتەوەیی بەهێز بکرێت و بپارێزرێت.
ناسیۆناڵیزم توخمێکی گرینگ و سەرەکییە لە شکڵدان و بەردەوامیی شوناسێکی هاوبەش و ئاگایی نەتەوەیی لە کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکاندا و لەم ڕێگایەوە لە مانەوەی نەتەوەیەک پشتیوانی دەکات. ناسیۆناڵیزم لە ئاستی هەر وڵاتێکدا دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هەڵچنینی باشتری هێز و زیاترکردنی دەفرایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. بە بۆچوونی زۆربەی بیرمەندان و لێکۆڵەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووناسان، ناسیۆناڵیزم دەبێتە هۆی یەکگرتوویی نێوخۆیی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان.
ناسیۆناڵیزم دەڕواتە دڵی میژووی هاوبەشەوە و ئەفسانە و حەماسە و ئوستوورەکان بە زمانی پڕغەڕەوە پێشکەش دەکات؛ پاڵەوانانی مێژوویی نەتەوەیەک بەرز ڕادەگرێت و دەبێتە هۆی غرووری نەتەوەیەک. ناسیۆناڵیزم لەسەر هێما تایبەتەکانی نەتەوەیەک (بە زمانی ڕێز و پیرۆزییەوە) جەخت دەکاتەوە و لە کاتێکی هەستیاردا (هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی) ئەم ڕێز و پیرۆزییە زۆرتر دەکات؛ هێماگەلی وەک ئاڵا یان سروودی نەتەوەیی بە شێوازی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەدا دەخاتە بەرچاو و لە کاتی هەڕەشەدا لەسەر ئەم هێماگەلە زۆرتر جەخت دەکاتەوە.
ناسیۆناڵیزم لە بواری هێماکانەوە، بەپێی دۆخی کات و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، هێما پێشووەکان زیندوو دەکاتەوە و تەنانەت هێمای نوێ بەرهەم دێنێت تاکوو بەم شێوازە پەیوەندی و یەکگرتنی نەتەوەیەک لە ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو بپارێزێت. ناسیۆناڵیزم تەنانەت دەتوانێت سەرتر لە مێژووی کۆنی نەتەوەیەک، هەندێک لە پەندە ئایینییەکان لە قاڵبی ئوستوورە و هێماکان دەربهێنێت و لەوانە بۆ یەکگرتن و یەکخستنی نەتەوەیەک کەڵک وەربگرێت.
ئەمە ناسیۆناڵیزمە کە بە شێوەیەکی بەردەوام، وەفاداریی هاووڵاتییان بە نەتەوەی خۆیان دەپارێزێت و دەبێتە هۆی وەفاداری و گیانفیدایی ئەوان لە ڕێگای نیشتمانەکەیان. ناسیۆناڵیزم لە یەک واتادا، وەکوو ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی بە دوای ئەوەوەیە کە نەتەوە و دەوڵەت زۆرتر نزیکی یەک بکاتەوە.
کارکردی کاریگەر و پۆزەتیڤی ناسیۆناڵیزم لەسەر شوناسی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە بەرنامەداڕێژی و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتیی پێچاو و بەنەزم و دوورەدیمانەیە و ناتوانین تەنیا لە دۆخی قەیراناوی و بوونی هەڕەشە بەرەو لای بچین، چونکە:
ناسیۆناڵیزم لەگەڵ شوناسی نەتەوەیەک لە پانتایی زەمانێکی دوورودرێژدا پەیوەندیی هەیە و بابەتێکە کە بەردەوام لە ژیانی گشتیدا خۆی دەردەخات. لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، بە شێوەی کاتی سەیری هێزی ناسیۆناڵیزم دەکرێت و دەوڵەتەکان لە کاتی قەیران و هەڕەشەی دەرەکی و نێوخۆییدا، بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. ناسیۆناڵیزم وزەیەکی بەهێزی هەیە و ئەم وزە بەهێزە دەبێ لە ڕاستای هێزی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، بە دوورەدیمانەیەکی تەواو و لە قاڵبی بەرنامەداڕشتنێکی ئیستراتیژیکدا بەکار ببرێت. بەگشتی هەموو ئەو شتانەی کە لەم بابەتەدا باسی لێوە کرا، سەبارەت بە ناسیۆناڵیزمی پۆزەتیڤ یان مەدەنییە کە دەتوانێت لە ڕاستای پتەوکردنی شوناسی نەتەوەییدا زۆر کاریگەر بێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێین کە ناسیۆناڵیزمی پۆزەتیڤ و مەدەنی لە بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی پەیوەندیدار، زۆر کارامەیە و دەتوانێت بیری پێشکەوتن، سازان و بزاو لەنێو خەڵکدا زیاد بکات؛ هەڵبەت ئەمانە بەوەوە پەیوەندیدارن کە بەڕێوەبەرییەکی عەقڵانی، ورد و بەرنامەداڕێژراو بوونی هەبێت و ڕێگا بە چەقبەستوویی نەدرێت. لە وڵاتانی مۆدێڕن و پێشکەوتوودا، مێکانیزمێکی بەهێزی تر بوونی هەیە کە لە یەکپارچەیی نەتەوەیی و پتەوکردن و یەکگرتوویی شوناسی نەتەوەییدا کاریگەرییەکی هەرەگرینگی هەیە و ئەویش “مافی شارۆمەندیـ”ـیە.