ئه‌م فیلمه له‌ناو جیهانی ڕیالدا ئێمه هاوسه‌فه‌ر و هاوڕێگا ده‌کات. سه‌ره‌تا ده‌بێت پێناسه‌یه‌کی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌مان له بابه‌تی ڕیال(Real) و نواندنه‌وه‌ی ڕیال یان گێڕانه‌وه‌ی ڕیال هه‌بێت. کاتێک ده‌ڵێین به‌رهه‌می ڕیال بێگومان مه‌به‌ست ئه‌وه نییه واقیع وه‌کوو خۆی پیشان بدرێت یان قاژ و ڕه‌هه‌ندێک له واقیع ئاڕاسته و زه‌ق بکرێته‌وه که وه‌کوو واقیعێکی جێگیر و سه‌قامگیر ڕه‌گی داکوتاوه و بووه به بابه‌تێکی ئاسایی. له ڕاستیدا به‌رهه‌می ریالیستی به‌رهه‌مێکی دژی واقیع به‌ڵام به ئامێر و ماتریاڵه‌کانی ناو واقیعه. له بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می ڕیالیستی به‌رهه‌مێکه که واقیع ده‌بینێت و خه‌ونی گۆڕانی تێدا درووست ده‌کات که‌واته نیگای ڕیالیستی نه نیگایه‌که دوور له واقیع و نه نیگایهکیشه پێبه‌ستی واقیع به‌ڵکوو چاو و پێیه‌کی له ناو جیهانی ڕیالدایه و چاو و پێیه‌کی دیکه‌ی له ناو خه‌ونی گۆڕانی واقیع، و هه‌ر ئه‌مه‌یه که ئۆتۆنۆمبوونی به‌رهه‌مێک ده‌پارێزێت، ئۆتۆنۆمبوونی به‌رهه‌مێک واته ئه‌وه‌ی که له ڕێگه‌ی شێوازێکی جوانیناسانه و هونه‌رییه‌وه هه‌وڵ بدرێت ده‌سکاریی واقیع و بابه‌تی ڕیال بکرێت. ده‌بێ لێره‌دا له‌سه‌ر چه‌مکی ئۆتۆنۆمی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ورد هه‌ڵوێسته بکه‌ین، ڕه‌نگه باشترین حاڵه‌ت بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مکی ئۆتۆنۆمی دانانی بێت له هه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی. به‌و واتایه‌ی ئۆتۆنۆم بابه‌تێکی ته‌واو دابڕاو له یاساکانی ناو واقیع نییه به‌ڵکوو به توخمه‌کانی ناو واقیع بۆ گۆڕینی واقیع و درووست‌کردنی واقیعێکی دیکه کایه‌ی خۆی ده‌کات به‌ڵام سه‌ربه‌خۆ یاسایه‌کی دیکه زیاد ده‌کاته سه‌ر یاسا ڕێککه‌وتووه‌کانی واقیع و له ئایدۆلۆژیا نێزیک ده‌بێته‌وه.
له به‌رهه‌مێکی ئۆتۆنۆمدا دوور له‌م حاڵه‌تی ئایدۆلۆژیکه واقیع ده‌گێڕدرێته‌وه یان ده‌نوێنرێته‌وه و هه‌وڵی گۆڕانی ده‌درێت و خودی ئه‌م نیگایه‌ش ڕیالیسم و ئه‌کتی سیاسی پێکه‌وه گرێ ده‌دات چوون جیهانی واقیع جیهانێکی سیاسییه و نه‌زم(Order) و ته‌کووزیی جێگیر نه‌زمێکی سیاسیی- کۆمه‌ڵایه‌تییه که ده‌سه‌ڵات و ڕێکخراوه‌کانی پشتگریی و پاسه‌وانی لێده‌که‌ن. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌شێت بڵێین “هونه‌ر شتێک نییه و ناتوانێت جیهان بگۆڕێت به‌ڵام ده‌توانێت له گۆڕانی ئاگایی و خواستی پیاوان و ژنانێک که ده‌توانن جیهان بگۆڕن، کاریگه‌ر بێت”١
“که‌واته هونه‌ر مۆنۆپۆلخوازیی و پاوانگهرێتی جێگیر و سه‌پێنراو تووشی گیروگرفت ده‌کات تاکوو خۆی ده‌ستنیشانی بکات چ شتێک واقیعییه، و هونه‌ر به ئافراندنی جیهانێکی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی fictitious که واقیعیتره له خودی واقیع، هه‌وڵ ده‌دات بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م کاره”٢
واته له‌م ڕێگایه‌دا “به‌رهه‌می هونه‌ری سه‌ره‌ڕای تاوانبارکردنی واقیع، دهیشینوێنێتهوه و پیشانی ده‌دات.”٣
فیلمی یووڵ له پلانێکی هونه‌ری وه‌هادا ئیش ده‌کات. سه‌ره‌تای فیلم ئێمه دوورگه‌ی ئیمرالی(زیندانی نیوه‌کراوه!) ده‌بینین که وه‌کوو شوێن ده‌لاله‌تێکی هاوکاته له دوو چه‌مکی “به‌ندبوون” و “ئازادی”. به‌ڵام ئه‌م به‌ندبوون و ئازادییه ته‌نها ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی یان کۆمه‌ڵایه‌تییان نییه به‌ڵکوو له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌هه‌ندێکی ئۆنتۆلۆژیک و بوونناسانهیان هه‌یه. له حه‌وشه‌ی زیندان و له به‌رده‌م پرسگه‌ی زیندان ناوی ئه‌و که‌سانه‌ی که مۆڵه‌تی سه‌ردان و به‌ردانیان ده‌درێت له لایه‌ن عهسکهرێکهوه ده‌خوێنرێته‌وه. پێنج که‌س وه‌کوو کارئه‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ناو فیلمه‌که چاوه‌ڕوانن ناویان بخوێننه‌وه به‌ڵام ناویان ناخوێنرێته‌وه پاشان وه‌کوو نه‌زمێکی سیاسیی که ئه‌رته‌ش دایناوه ده‌چن به دوای ئیشدا…جووتیاریی، جادهسازیی، کانیی زوخاڵ و…پێنج که‌س که نێزیکن له یه‌ک وه‌کوو هاوبه‌ند. یوسف که باڵنده‌یه‌کی له‌ناو قه‌فه‌زدا هه‌ڵگرتووه و له خۆی جیای ناکاته‌وه له سه‌ر ئیشه‌که‌ی به شوێنێکی ناو هۆڵه‌که‌دا هه‌ڵیواسیوه و باڵنده‌که به‌رده‌وام ده‌خوێنێت. پێی ده‌ڵێ: خه‌به‌ری خۆشت پێیه بۆیه وا که‌وتوویته خوێندن؟ خه‌به‌ری خۆش ده‌گات.
پێنج که‌سی ناو فیلمه‌که هه‌ر که‌سه‌و به ڕابردوویه‌کی نادیار و گوماناوی مۆڵه‌تی بهردایینیان هاتۆته‌وه. کاتێک ده‌ڕۆن بڵندگۆی زیندان چه‌ندین جار ڕاده‌گه‌یه‌نێت که نابێ دوای ته‌واوبوونی مۆڵه‌تتان بمێننه‌وه و ده‌بێ به زووترین کات بگه‌ڕێنه‌وه لێره‌دا نه‌زمی ئاماده و ئینزباتی سیاسی و میلیتاریزه خۆی دووباره ده‌کاته‌وه. ئه‌و شارانه‌ی بڕیاره هه‌ر کام له‌م پێنج که‌سه ڕێگایان بکه‌وێته سه‌ری ئه‌مانه‌ن…ئادانا، ئورفا، دیاربه‌کر، بورسا، کونیا، کازانییانتێپ، فیرات، بیرچهک، ئورنا. لێره‌دا جوگرافیایه‌ک ده‌خرێته ڕوو که جوغرافیایه‌کی دواکه‌وتوو و ناپێشکه‌وتووه و له‌هه‌مانکاتدا میلیتاریزه که عقڵی ئامرازیانه تێیدا باڵاده‌سته ئه‌ویش زۆرتر له ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازییه‌وه. ئه‌م جوگرافیایه کوردستانه. پێشکه‌وتن لێره‌دا ته‌نها لایه‌نی ئامێریانه و ئامرازی هه‌یه، ئه‌رته‌ش وڵات به‌ڕێوه ده‌بات، یاساکان ئه‌رته‌ش به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، قیتاره‌کان پڕن له مرۆڤی جیاجیا و له هه‌مانکاتدا ئه‌رته‌ش، مرۆڤ به فۆرم و ناوه‌رۆکی جوداواز، جلوبه‌رگی نه‌رێتی و کۆن، مێ(گه‌ل) و ڕۆژنامه و ڕێگا ده‌بڕن. ڕه‌نگه ئه‌مه ئه‌و ئاماژه ڕه‌مزییه‌ی ڕێگا بێت به کۆمه‌ڵگایه‌کی له‌حاڵی تێپه‌ڕ به‌ره‌و پێشکه‌وتن به‌ڵام له ڕاستیدا پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته چوون لێره‌دا پێشکه‌وتن و ئیبلیسهکهی واته ئامرازه‌که‌ی هاتووه به‌ڵام ڕێگاکه نادیاره که له کۆتایی فیلمه‌که‌دا دژایه‌تی نێوان سرووشت و چه‌مکی پێشکه‌وتن و عه‌قلی ئامرازییانه زیاتر ده‌رده‌که‌وێت. له‌و جێگایه‌ی که موحه‌مه‌د که له یه‌کێک له شوێنه که‌نارییه‌کانی شاری ئامه‌د ده‌ژی و ده‌چێته‌وه که ژه‌نه‌که‌ی ببینێ و له‌گه‌ڵ خۆی بیهێنێت (تاوانی موحه‌مه‌د وه‌کوو ئه‌و چوار که‌سه‌که‌ی دیکه دیار نییه به‌ڵام خۆی له دیالۆگێکدا له‌گه‌ڵ دۆسته‌که‌ی له نه‌خۆشخانه ده‌ڵێت که له‌گه‌ڵ عه‌زیزی ژنبرای ڕۆشتووه بۆ دزی به‌ڵام ئه‌و کوژراوه چوون ئه‌م ترساوه و هه‌ڵاتووه، بنه‌ماڵه‌ی عه‌زیز واته خه‌زووری موحه‌مه‌د ڕازی نابن به وه‌رگرتنه‌وه‌ی دووباره‌ی موحه‌مه‌د له ئامێزی بنه‌ماڵه به‌ڵام محه‌مه‌د که ئاشقی ئامینه‌یه دێته‌وه و دواتر پێکه‌وه له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌که‌یاندا هه‌ڵدێن کاتێک له ناو قیتاره‌که‌دا موحه‌مه‌د و ئامینه حه‌زی سیکسیان ده‌جووڵێت و ده‌چنه ناو ئاودهستخانهیهک که سیکس بکه‌ن هه‌موو موسافیرانی ناو قیتاره‌که هێرشیان بۆ دێنن و “شه‌یتان و کوفر و بێنامووس”ی ده‌گه‌ڕێته‌وه… دواتر ئه‌وه به‌رپرسی یاسایی ناو قیتاره ده‌ربازیان ده‌کات به تێخوڕێن له خه‌ڵکی نه‌ڕێتی و ئیماندار و لێپرسینه‌وه له‌و و ژنه‌که‌ی لێره‌دا ڕه‌نگه بکرێ بڵێێن یاسا وه‌کوو نه‌زمێکی جیبه‌جێکار له هه‌مبه‌ر نه‌ریت و کۆنه‌په‌رستی و ئایین به‌رگری له ئامینه و موحه‌مه‌د ده‌کات هه‌ڵبه‌ت به بۆنه‌ی منداڵه‌کانیان به‌ڵام هه‌ر ئه‌م یاسایه ناتوانێت پێشگری له کوژرانی ئامینه و موحه‌مه‌دی ترسنۆک بکات که کوڕی عه‌زیزی ژنبرای واته برازای ئامینه له ناو قیتاره‌که هه‌ر ده‌یانکوژێت.
ڕه‌نگه سه‌ره‌تا واتێبگه‌ین که ئه‌م فیلمه ململانێی چینایه‌تی تێیدا زه‌ق کراوه‌ته‌وه و نوێنراوه‌ته‌وه ئه‌ویش به ده‌رکه‌وتنی جیاوازیی نێوان که‌سێکی ده‌ستڕۆیشتوو و زه‌نگین که له ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌که‌یدا ده‌چێته خوازبێنیی کچێک، خۆش ڕاده‌بوورێ، کچه خۆشی ده‌وێ و…ئه‌م که‌سه که پاش ئازادبوون و هاتنه‌وه ناو شار ده‌ڵێت جیهان چه‌نده گۆڕاوه پێشتر پاقلهفرۆشییهک له‌وێ بووه ئێسته نه‌ماوه.
دوای ئه‌وه‌ی یووسف به‌هۆی ونکردنی به‌ڵگه‌ی مۆڵه‌ته‌که‌ی له خاڵێکی پشکنین دایدهبهزێن و دووباره به‌ندی ده‌که‌نه‌وه، باڵنده‌که‌ی ده‌دات به‌م که‌سی ده‌سڕۆیشتووه و پێی ده‌ڵێ “بیده به له‌یلا خۆی ده‌زانێت.” به‌ڵام یووسف یه‌که‌مین کارئه‌کته‌ره که له ناو کایه‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه چوون ئه‌و هیچ خه‌ونێکی بۆ ئازادی نییه، ئازادی و قه‌فه‌سی پێکه‌وه گرێ داوه، ئه‌و له زیندانی دۆخی زه‌ینی و ده‌روونی خۆیه‌تی ڕه‌نگه هه‌ر به‌م هۆکاره بێت که که‌سێکی کورته‌باڵا بۆ ئه‌م ڕۆڵه هه‌ڵبژێردراوه. ئه‌م پێبهستییهی ئازادی له قه‌فه‌س لای که‌سی ده‌سڕۆیشتوو ده‌مێنێته‌وه. که‌سی ده‌سڕۆیشتوو به ده‌زگیرانی ده‌ڵێت: وتم ڕه‌ش سپییه ده‌بێ بڵێی وایه…حه‌ز ناکه‌م له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێکدا قسه بکه‌ی، کچه‌ش ده‌ڵێ: چه‌نده جوان ئه‌مانه‌ت وت، له زیندان فێری بووی؟ ئه‌مه پیشانده‌ری ئه‌قڵی ئامرازییانه‌ی باڵاده‌سته که ژنیش لێره‌دا هیچ ئاگایی و وشیارییه‌کی نییه، ته‌نانه‌ت نازانێ زیندان کوێیه و به‌و پێیه‌ش ئازادی چییه. هه‌ر ئه‌م که‌سه ده‌سڕۆیشتووه له کاتی سووڕانه‌وه له گه‌ڵ ده‌زگیرانی له ناو بازاڕدا دوو که‌سی پاسه‌وان؛ دوو ژنی چارشێوی له بنه‌ماڵه‌ی کچه چاوه‌دێریی ده‌که‌ن کاتژمێرێک دواتر به هاوڕێکانی ده‌ڵێت ئه‌مانه بۆ وان.؟
دواکه‌وتوون! دواتریش ده‌چێ بۆ قه‌حبه‌خانه‌یه‌ک و له‌گه‌ڵ سۆزانییه‌ک له ژووری ژماره یازده ده‌خه‌وێت لێره‌دا سۆزانییه‌که ئه‌م پرسیاره‌ی لێده‌کات که بۆ ژووری ژماره چوارت نه‌ویست؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ چوون ژماره‌ی ژووره‌که‌م له زیندان هه‌ر ئه‌وه بووه. لێره‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌مه به نوێنه‌ری چینی بورژوا بزانین ده‌که‌وێته هه‌مبه‌ر ئه‌و چوار که‌سایه‌تییه‌که‌ی دیکه که هه‌موویان ڕووت و ڕه‌جاڵ و گوندیین به‌ڵام لۆژیکی فیلمه‌که و ڕووداوه‌کان وا ناچێته پێش چوون فیلمه‌که دۆخێکی مرۆیی گشتیی له جوگرافیایه‌کی دیاریکراو ده‌نوێنێت نه‌ک ململانێیه‌کی چێنایه‌تی. دۆخی مرۆیی له هه‌مبه‌ر مۆدێڕنیزم و چه‌مکی “پێشکه‌وتن”ی زۆره‌ملێ، ئه‌تاتۆرک و تێزه سربازییهکانی.
کارئه‌کته‌ری دیکه سه‌ید عه‌لییه، که‌سێکه پێشتر شوان بووه و زینه‌ی ئامۆزای عاشقی بووه، کاتێک به منداڵی نه‌رمه‌نه‌ی لێداوه زینه عاشقانه گریاوه کاتێکیش گیراوه (تاوانه‌که‌ی نادیاره ئه‌میش) به زینه‌ی وتووه ئه‌گه‌ر ڕاناوه‌ستی به دیارمه‌وه ئازادی، ده‌ڵی ده‌وه‌ستم به‌ڵام زینه ده‌بێت به له‌شفرۆش و شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌ی باوکی و سه‌ید عه‌لی پیس ده‌بێت، سه‌ید عه‌لی له ده‌ره‌وه‌ی زینداندا له‌گه‌ڵ ئاوه‌ها دۆخێک‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێت. ڕه‌نگه لای خۆی بیری کردنێتهوه بۆ له زیندان هاتمه‌وه بۆ مۆڵه‌ت؟! به ناو سه‌رمای کوێستانی کوتاباسی ده‌چێته ماڵی شه‌وکه‌تی ژنبرای، شه‌وکه‌ت ده‌ڵێت من و باوکم و کینده بڕیارمان داوه بیکوژین به‌ڵام به‌ستوومانه‌ته‌وه تاکوو تۆ بێیته‌وه، ده‌بێ بچی بۆ گوند وله‌گه‌ڵ باوکم قسه بکه‌ی، ده‌چێت به‌ره‌و ئه‌وێ، ئه‌سپه‌که‌ی شه‌وکه‌ت که هێناویه‌تی له ناوڕێگادا له سه‌رما ده‌مرێت و بۆ ئه‌وه‌ی ئازار نه‌کێشێت به ده‌مانچه‌یه‌ک که شه‌وکه‌ت پێی داوه ده‌یکوژێت، گورگه‌کان ده‌لوورێنن. له گوند باوکی زینه ده‌بینێت، باوکی ده‌ڵێت ده‌بێ بیکوژیت. ئه‌و شه‌یتانه، مه‌هێڵه خاوت کات، زینه ده‌بێنێت و به قژه شێواوهکانییهوه پێی ده‌ڵێت تۆ وه‌ک مرۆڤ له‌گه‌ڵما جووڵایتهتهوه هه‌شت مانگه ته‌نها نان و ئاوم ده‌دنێ، هه‌قته هه‌رچیم پێبکه‌ی، ته‌نها با خۆم بشۆم و قژم شانه بکه‌م و دۆعا و نوێژم بکه‌م جا بمکوژه، سه‌ید عه‌لیی عاشق ده‌ڵێ ناتکوژم خوای من تۆڵه‌ت لێ ده‌ستێنێته‌وه. کاتێک زینه دوای هه‌شت مانگ خوشکه‌که‌ی ده‌یشوات پێی ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ڕاهاتبووم، به‌ڵام سه‌ید عه‌لی هیوای پێدامه‌وه. پێشتر له‌مه‌رگ نه‌ده‌ترسام به‌ڵام ئێستا ده‌ترسم. له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌یان دوای هه‌ڵهاتنی مانگ به‌ڕێ ده‌که‌ون، به‌رده‌وام قسه‌که‌ی شه‌وکه‌ت له گوێیدا ده‌زرینگێته‌وه، ڕێگایه‌کی باخێزه و بووکه‌که‌ی سالیهۆ دوای دوو کاتژمێر ڕێگابڕین له‌وێ گیانی سپارد. ده‌چن به ڕێگادا نێزیک به لاشه‌ی ئه‌و ئه‌سپه‌ی که پێی هاتبوو و کوژرابوو، زینه قاچه‌کانی له شوێنی نایه‌ن، ئیدی ڕێگا نابڕێت، بانگی سه‌ید ده‌کات، سه‌ید قسه‌که‌ی شه‌وکه‌ت له گوێیدا ده‌زرینگێته‌وه، لا ناکه‌ته‌وه له مله به‌فرینه‌که دا ده‌که‌وێت، منداڵ بانگی باوک ده‌کات باوک به گومان و دوودڵییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، دێته سه‌ر زینه، ده‌یکاته کۆڵه‌وه به‌ڵام سه‌رما و سه‌هۆل له‌شی داگیر کردووه و ده‌بوورێته‌وه وه‌کوو چۆن له ئه‌سپه‌که‌ی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستێته‌وه لێی ده‌دات به‌ڵکوو هه‌ستێته‌وه…هه‌ڵناستێته‌وه و ده‌مڕێت… دۆخی ژن لێره‌دا له ژێر سێپهری پیاوسالاریدا به‌زه‌قی ده‌خرێته ڕوو ئه‌گه‌ر هه‌ر کام له پیاوان ئه‌گه‌رێکیان له ناو جیهانی واقیع له به‌رده‌مدا بێت ئه‌و ژنان هیچ ئه‌گه‌رێکیان نییه. به بچووکترین هه‌ڵه ده‌کوژرێن ته‌نانه‌ت له سیکانسێکی دیکه‌ی فیلمه‌که‌دا کاتێک دایکی ئامینه دێت بۆ لای شووه‌که‌ی و پێی ده‌ڵێت ئامینه و موحه‌مه‌د هه‌ڵاتوون له‌و قه‌ره‌باڵغییه‌دا لێی ده‌دا و ته‌نانه‌ت کوڕه‌که‌شی لێی ده‌دات و پاشان له باوکی ده‌پرسێ: چ بووه!کارئه‌کته‌ری گرینگی ناو ئه‌م فیلمه بومهره که خه‌ڵکی گوندێکی سه‌ر سنووره لای ئورفا، شوێنێک که ده‌که‌وێته سه‌ر هێڵی سنووری، شوێنێک که ئاڵای دوو وڵاتی تورکیا و سوریا له هه‌مبه‌ر یه‌کدی ده‌شه‌کێنه‌وه، سنووری هاوبه‌ش مینڕێژ کراوه، باوکی قاچی ڕاستی له‌وێ تیاچووه، له یه‌که‌م ساتی گه‌ڕانه‌وه‌ی و چوونهئامێزی سرووشت و ئاوێزانبوونێکی نامۆدێڕن و سرووشتی له‌گه‌ڵ سه‌گه‌که ده‌نگی سترانی کوردیی به‌رز ده‌بێته‌وه ئه‌م شوێنه ته‌نها شوێنێکه که کورد وه‌کوو وشه و له‌ژێر ناوی قاچاقچی باسی لێده‌کرێت بێگومان قاچاخچییه‌ک که خۆی له خۆیدا دژی نه‌زمی و نۆرمی جێگیر و باوه… قاچاخ ته‌نها به واتای خودی قاچاخ نا به‌ڵکوو به واتای ئه‌کتێکی به‌رگری و به‌ره‌نگاری، گوێی له ده‌سڕێژ ده‌بێ، ئه‌رته‌ش هاتووه ماڵ به سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌کدا بڕووخێنێت که نایه‌نه ده‌ره‌وه تاکوو بیانگرێت، هه‌ر له‌و ساته‌شدا گوڵبه‌هار ده‌بێنێت، کچی موسلیم ناوێک که به منداڵی دیویه‌تی، گوڵبههارێکی بێ قسه و نیگادوور که شتێکی ڕاسته‌وخۆی لێناخوێنرێته‌وه، ڕه‌نگه له‌ڕێگه‌ی کارئه‌کته‌ری بێده‌نگ و سرووشتیی گوڵبه‌هاره‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ جۆرێک چهشنناسی کارئه‌کته‌ر ڕووبه‌ڕووین و هه‌ر وه‌ک چۆن له کاهئهکتهری بومه‌ر و ئه‌و بژارده‌یه‌ی ده‌یکات جۆرێک له که‌سایه‌تی چه‌شنیی (typical) و نموونه‌یی ده‌بینی. ده‌چێته‌وه ماڵه‌وه، براژن و باوک و دایک و منداڵه‌کانی براکه‌ی ده‌بینێ، هه‌موو نیگه‌رانن، ده‌نگی ده‌سڕێژ دێت به‌رده‌وام، به‌رگری و ترس و ژیان و ژن لێره‌دا زه‌ق ده‌بنه‌وه،، لێره‌دا ته‌نها شوێنێکه ژن و پاڵنه‌ر (driver)ه ئیرۆسی و ژیانبهخشهکهی مانای سرووشتی خۆی ماوه و هێشتا واتای ژیان ده‌دات، واتای داهاتوو ده‌دات، بومه‌ر پێشتر و پێش ئه‌وه‌ی له دۆستانی و له کاتی دابه‌زین له پاسه‌که‌دا جوێ بێته‌وه به موحه‌مه‌د ده‌ڵێت من ئیتر ناگه‌ڕێمه‌وه، “نا”گه‌رێتی ئه‌م کارئه‌کته‌ره پێشتر بڕیاری له سه‌ر درابوو ته‌نها کاتی ده‌ویست تا جێبه‌جێ بێت ڕۆژی دواتر ئه‌رته‌ش پێنج ته‌رم دێنێت تاکوو خه‌ڵکی گوند بیانبینن و بزانن له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وانن یان نا، خه‌ڵک باوه‌ڕیان به ئه‌رته‌ش نییه، بۆیه کاتێ بومه‌ر لاشه‌ی براکه‌ی ده‌ناسێته‌وه ده‌ڵێ نایناسم! دێته‌وه و به باوکی ده‌ڵێت که براکه‌ی کوژراوه. سه‌ره‌خۆشی له براژنی ده‌کات. خه‌ونی ئه‌سپێک هه‌ر له زیندانه‌وه تا ئێره له‌گه‌ڵیایه‌تی! و ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که کارئه‌کته‌ره‌کانی دیکه نییانه: خه‌ون! ئاماژه‌یه‌ک بۆ ڕابردوو و داهاتوو! خه‌ونێک له فۆرمی بیره‌وه‌ری به‌رده‌وام له زه‌ینیدا ئاماده‌یه که له‌گه‌ڵ براکه‌ی هه‌ر یه‌که‌و به سوار ئه‌سپێک غارغارێنی ناو ده‌شتایی هو سهوازیینێک ده‌که‌ن ئه‌مه ئه‌و خهوهنهیه که دواجار بومه‌ر جێبه‌جێی ده‌کات و دوا نیگای هاتووچۆیه‌که له نێوان گوڵبه‌هار که له سه‌ر بانی ماڵێکی گونده داڕووخاو و بچووکه ده‌ڕوانێت و براژنی که بێوه ماوه‌ته‌وه و له سووچی دیواری ماڵه‌که له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیدا کزی کردووه. ئه‌سپێک ده‌حیلێنێت! سوار ده‌بێت و له‌گه‌ڵ دوو که‌سی دیکه‌دا ده‌چێت! ژنه‌کان قیوهی خۆشی ده‌که‌ن و به‌ڕێی ده‌که‌ن! ئه‌و ده‌چێت به‌ره‌و ڕێگایه‌ک که ده‌زانێت چییه باوه‌کوو نه‌شزانێت کۆتایی ڕێگاکه چییه! ئه‌و به‌ره‌نگاری هه‌ڵبژاردووه، یاسای واقیعی سه‌پێنراوی ڕه‌ت کردۆته‌وه.
بۆ زیاتر وردبوونه‌وه له‌وه‌ی که بۆچی بومه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی نموونه‌یی و تیپیکاڵه ده‌شی سه‌رنج بده‌ین که له ڕاستیدا هیچ کام له که‌سه‌کانی دیکه وه‌کوو ئاماژه‌م پێدا خه‌ونیان نییه، له‌واندا” ده‌سه‌ڵات خۆی سه‌پاندووه به سه‌ر ژیانێکی ڕاسته‌وخۆ که (به پێی خۆی) ئه‌و به که‌سه‌که‌ی داوه، ئه‌و به بپیشاندانی فه‌ردییه‌ت و تاکه‌که‌سێتیی خۆی ده‌ستنیشان ده‌کات، شوناسی پێده‌دات و له شوناسی خۆی ههڵیدهلووشیت، یاسا حه‌قیقه‌تێکی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت که ده‌بی صۆێ ژێهێ پێدا بنێت و ئه‌وانی دیش ده‌بێ له وجوودیدا بیناسنه‌وه.
تاک پێبه‌سته‌ی خۆی ده‌کات و به‌م شێوه‌یه‌ش ڕاده‌ستی ئه‌وانی دیکه‌ی ده‌کات”4 ئه‌وان ڕاده‌ست و داگیر کراون بۆیه له فیلمه‌که‌دا هیچیان له ڕابردوویان بیره‌وه‌رییه‌کیان نییه، بیره‌وه‌رییه‌ک که هاوکات داهاتووشه، هه‌موویان به نیشانه‌ی خه‌ونه‌کانیان ده‌گیرسێنه‌وه به‌ڵام ناتوانن ئه‌و خه‌ونه شڕ و بێ¬گیانانه زیندوو که‌نه‌وه و ته‌نها وه‌کوو ماتریاڵ و نیشانه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیڤ ده‌مێنێته‌وه، واته وه‌کوو هورکهایمه‌ر و ئادۆرنۆ له دیالیکتیکی ڕۆشنگه‌ریدا ده‌ڵێن” هه‌ر جۆره بهئامرازبوونێک فه‌رامۆشی و له‌یادکردنه‌وه دێنێت”.
فه‌رامۆشی له هه‌مبه‌ر بیره‌وه‌ری و خه‌وندا ده‌وه‌ستێت، له‌م فیلمه‌دا یوووسف به باڵنده‌یه‌ک له ناو قه‌فه‌ز و وێنه‌یه‌کی خۆی و له‌یلا که هیچی له زه‌یندا لێ شین نابێت ده‌گیرسێته‌وه واته ته‌نها وێنه‌یه‌که وه‌کوو ماتریاڵ، موحه‌مه‌د به بیره‌وه‌رییه‌کی تراژیک که خۆیشی نازانێ چۆن وێنای بکاته‌وه واته دزی و مه‌رگی عه‌زیزی خه‌زووری و ترسان و هه‌ڵاتن که به گشتی له نێوان ترس و ترۆما و عه‌شقدا گیری خواردووه، سه‌ید عه‌لی ته‌نها بیره‌وه‌رییه‌کی هه‌یه که به منداڵی نه‌ی بۆ زینه لێداوه و زینه‌ش گریاوه به‌ڵام ته‌نها وێنه‌ی شمشاڵه‌که ده‌بینین و نیگای سه‌ید عه‌لی له‌سه‌ری قه‌تیس ده‌مێنێت، وه‌ک ده‌ڵێی ناوێرێت ئه‌و بیره‌وه‌رییه بێگه‌رد و پاکیزه‌یه له جیهانی منداڵییه‌وه بێنێته جیانی شاریی و مۆدێڕن و بازاڕی هه‌نووکه‌ی تورکییه. لێره‌دا ئه‌و شته‌ی ڕووی داوه له‌ناوچوونی هه‌رجۆره سۆبژهکتیڤیته و سالاریی و ده‌سه‌ڵاتی ئۆبژه و ئامێره واته به ئامێربوونی خه‌ون، به ئۆبژه‌بوونی سووژه، سهپێنراویی ئه‌قڵی ئامرازیانه به سه‌ر سرووشتی مرۆڤ و جیهان، کابرای ده‌سڕۆیشتوو که ته‌واو تێکه‌ڵی جیهانی مۆدێڕن و پێشکه‌وتن به‌واتا ئهتاتۆرکییهکهی بووه ته‌واو ته‌واو به‌تاڵه له‌خه‌ون و ترۆما و ترس و مۆته‌که، ئه‌و ملکهچێکی ناو جیهانی مۆدێڕن و کایهکانێتی،ته‌نانه‌ت خۆیشی نازانێت چی ڕووی داوه! ته‌نها ده‌زانێت دووکانی پاقلهفرۆشییهکه له‌وێ نه‌ماوه! ئه‌و له ناو بازاڕدا ده‌ژی، به‌شێکه له بازاڕ، به‌شێکی سه‌ره‌کییه له نه‌زم که ته‌نانه‌ت خه‌م و ئازاریش هه‌ست پێناکات، ئه‌و لیده‌ری جۆرێک له مرۆڤی بهکاڵابووگه که له هه‌مبه‌ر کارئه‌کته‌ری نموونه‌یی و چهشنیانهی بومهردا ده‌وه‌ستێت به‌ڵام جیاوازییه مه‌زنه‌که له‌وه دایه که ئه‌و ژن وه‌کوو کاڵا ده‌بینێت و ئامراز و بومه‌ر وه‌کوو هیوای ژیان . واته ته‌نها ڕێگای ئازادی و ده‌ربازبوون ڕێگای بومهره که له ئورفاوه عه‌ینییه‌ت ده‌به‌خشێ به خه‌ونی غارغارێنی ئه‌سپ و نیگای گوڵبه‌هار له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و ملی ڕێگا ده‌بڕێت. ئه‌م کارئه‌کته‌ره ئیرۆس و تاناتۆس(خواسته‌کانی ژیان و مه‌رگ)ی پێکه‌وه کۆ کردۆته‌وه و مانای به هه‌رکامیان به‌خشیوه و ده‌شێت بڵێین له ژێر حوکمی ڕسته‌ی “ئیرۆس و تاناتوس به‌هه‌مانشێوه که دژی یه‌کن، عاشقی یه‌کیشن” به‌ره‌نگاریی ده‌نوێنێت و بژارده ده‌کات. ئه‌و به دوای یۆتۆپیایه‌که که ناوی ئازادییه، یۆتۆپییایهک که له خه‌ونێکه‌وه ده‌ست پێده‌کات بۆ گۆڕینی واقیع له ڕێگه‌ی خودی واقیع.
ڕێگای یۆڵمازگۆنای ڕێگایه‌کی خه‌ونئامێزه له ناو جیهانی واقیع. تێکشکاندنی بنه‌مای واقیعێکی جێگیر و سه‌پاوه بۆ درووست‌کردنی واقیعێکی دیکه له ڕێگه‌ی هونه‌ری به‌ره‌نگاری و وه‌کوو نیشانه و فیگوری ناو فیلمه‌که ده‌ڵێت: قاچاغبوون. قاچاقبوون یان قاچاخچێتی ده‌لاله‌ت نییه له ڕنجێکی چینایه‌تیی ته‌واو به‌ڵکوو ده‌لاله‌ته له تێکشکاندنی نۆرمی باوی کاڵاگه‌رێتی و عه‌قڵی ئامرازییانه له ڕێگه‌ی به‌زاندنی سنوور و باوه‌شکردن به سرووشت و ژن و ژیان و هیوا. ئه‌م فیلمه پڕن له ڕێگا، ڕێگاکانی جاده، شۆسته، شاره‌کان، ڕێگای ئاویی ئیمرالی، شاخه‌کان، قیتارو هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر…ڕێگای گۆنای ئێمه ناباته‌وه سه‌ر زیندان و یاسا و نۆرمی سه‌پێنراوی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو وه‌کوو له کارئه‌کته‌ری بومهردا نموونه‌یی و تایبیک زه‌ق ده‌کرێته‌وه ده‌مانباته‌وه سه‌ر یاخیگه‌رێتی و “ناگوتێک” که سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی گۆڕان له ناو واقیع دایه.
ده‌شێت ئاماژه‌یه‌کی خێرا به دوو سیکانسی تایبه‌ت و بنه‌مایی بکه‌ین که به‌شێک له گشتییه‌ت و فۆرمی فیلمه‌که دیاریی ده‌که‌ن. سیکانسی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که زیندانییه‌کانی هه‌ر به‌شێک له به‌ندیخانه شتێکی ده‌سکر که له سیگار ده‌چێت ده‌کێشن و نۆبه به نۆبه ده‌یده‌ن به یه‌ک و ده‌یکێشن، که ئه‌م وێنه‌یه له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی موحه‌مه‌د له که‌ناره زبڵنشینهکانی دیاربه‌کردا ده‌یبینین، کاتێ منداڵه‌کان ده‌وری موحه‌مه‌د ده‌ده‌ن و داوای دیاریی لێده‌که‌ن: جگه‌ره! جگه‌ره‌یان به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ده‌داتێ و هه‌موویان واته ڕیزێک له کوڕ و کچی ته‌مه‌نی هه‌شت تا دوازده و پانزه ساڵ دادهنیشنه جگه‌ره‌کێشان! ئه‌مه وێنه‌ی زیندانێکی ده‌ره‌وه‌یه به ناوی تورکیه له کۆڵانێکی هه‌ژارنشینی لای که‌ناره‌کانی دیاربه‌کر و سیکانسی ناو زینداانیش داهاتووی ئه‌و وێنه‌یه‌یه که له زیندانی ئیمرالی له به‌ندیخانه‌دا ده‌یبینین! خاڵیکی دیکه‌ی جێی سه‌رنج که‌ڵکوه‌رگرتنی گۆنایه له مۆسیقا و هه‌ندێ جار ده‌نگی هاوار و بانگککردن به کوردی. مۆسیقا به تورکی و کوردی و په‌یوه‌ست به کارئه‌کته‌ره‌کان خۆی ده‌رده‌خات، مۆسیقایه‌کی عاشقانه، شینگێڕییه‌کی کوردانه و…ده‌کرێ بڵێی به‌شێک له‌و شته‌ی که ده‌رهێنه‌ر ویستوویه‌تی به ڕاشکاوی نه‌یڵێت له ڕێگه‌ی مۆسیقاوه ده‌ریبڕیوه.
16 ی ڕه‌شه‌می 1398ی هه‌تاوی
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان: ١- مارکوزه، هربرت، بعد زیباشناختی، ترجمه و تألیف داریوش مهرجویی، هرمس 1394 ص 87٢- سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 80٣- سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 70٤- خالقی دامغانی، احمد، قدرت، زبان، زندگی روزمره در گفتمان فلسفی-سیاسی معاصر، تهران، گام ن‌و، 1382، ص 279