ململانێ نێوخۆیی ودەرەکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەی کورد لەئێراقدا پاڵنەرە بۆ گەشە سەندنی ئاستی ململانێ هەتا ئاستی بەکارھێنانی ھێزی زبر بەرامبەر بەیەکدی.
یەکێک لەو بابەتانەی کە لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ٥/١٢ لەکوردستان زیاتر ھەستی پێکرا، بریتی بوو لەزیاتر دوور کەوتنەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەیەکتری بە ئەندازەیەک کار گەیشتە ئەوەی جارێکی دیکە لەکوردستان باس لەبوونی دوو بەرەیی بکرێت: )بەرەی گەل و بەرەی دژ بە گەل(، گومان لەوەدا نییە کەھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەھەڵبژاردنەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان ھەبوو لەزیاتر قوڵبونەوەی مەودای جیاوازی نێوانیان.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کەئایا ھەمووھەڵوێستە سیاسییەکان وبڕیاری ھێزە سیاسییەکان بووە بە ھۆکارێک بۆ دوور کەوتنەوە لەبنەمای پێکەوە ژیانی سیاسی نێوانیان؟ ئەمەش تا چ ئاستێک کاریگەری ھەیە لەسەرپێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە
ھەرێمی کوردستان؟ بڕیارەکانی ھێزەکان دژ بەیەکتری، دۆزینەوەی ھاوپەیمانی نوێ لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی عێراق ئەوە ناگەیەنێت کەھێزە سیاسییە کوردییەکان چیتر متمانەیان بەیەکدی نەماوە؟ ھەرکارکردنێکی ھاوبەش لەسەر بنەمای یەکتر قبوڵکردن نییە، بەئەندازەی ئەوەی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانە؟ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەھێزە سیاسییەکانی ھەرێم خاوەن ئەزموونێکی فراوانن لەبواری یەکتر قبوڵنەکردندا؟ بەمەش ئەگەرەکانی کاری ھاوبەشی نێوانیان لەداھاتوودا زیاد دەکات یان بەپێچەوانەوە ئاستەنگی دێتە بەردەم؟ ئەو کلتورەی کە کورد لەعێراقدا ھەیەتی و
ئەزموونەکانی ڕابوردوو زیاتر دەبنە ھۆی خۆشکردنی ئاگری ململانێیەکی ناوخۆ کە
تەنھا لەئاستی میدیادا نامێنێتەوە وگەشە ئەکات بەرەو ئاستێکی باڵاتر؟ لەم نووسینەدا ھەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە لەڕێگای دەست نیشانکردنی ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێ لەکۆمەڵگای کوردستاندا، لەھەمانکاتدا وێناکردنی سروشتی پەیوەندییەسیاسییەکانی ھێزە سیاسییەکان کەفاکتەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ تێگەیشتن لەھۆکارەکانی ململانێی نێوانیان، گریمانەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ململانێ نێوخۆیی ودەرەکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەی کورد لە
عێراقدا پاڵنەرە بۆ گەشە سەندنی ئاستی ململانێ هەتا ئاستی بەکارھێنانی ھێزی زبر بەرامبەر بەیەکدی. لەڕێگای ئەم باسانەی خوارەوە:
باسی یەکەم
بنەماکانی پێکەوە ژیان لەئەزمونی دوای ھەڵبژاردن ٥/١٢
بە شێوەیەکی سەرەکی بنەماکانی پێکەوە ژیانی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسێ خاڵی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت بوترێت کەبوونی ئەم سێ خاڵە یان نەبوونی لەئەزموونی سیاسی ھەرێم پرسی پێکەوە ژیانی سیاسی نێوان ھێزەکان دەخاتە بەرپرسیار وڕەخنە کەبریتین لە:
بنەمای یەکەم
دەستور لەھەرێمی کوردستان
یەکێک لەو کێشە سەرەکییەکانی ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لەنەبوونی دەستورێک کەدەسەڵاتە گشتییەکان لەسەری دابمەزرێت، بە شێوەیەکی گشتی دەستور بریتییە لەگورزەیەک لەو دەقەیاساییانەی کەکاروباری ڕێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکان وپەیوەندی نێوان ئەو دەسەڵاتانە بەدەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکردن ودادوەری ڕێکدەخات، لەھەمان کاتدا دەستور سەرچاوەی سەرەکی دیاریکردنی ماف وئەرکەکانە، کەواتە دەستور سەرچاوەی پێدانی ڕەوایەتى پەیڕەوکردنی دەسەڵاتە لەڕووی کۆمەڵایەتی سیاسی ولە بواری یاساییدا ڕەوایەتى پەیڕەوکردنی دەسەڵات فەراھەم دەکات، نەبوونی دەقە دەستورییەکان پڕۆسەی دەسەڵاتداری لەھەردوو بواری شەرعییەت و مەشروعییەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی دانپێدانراو لەدەستوری عێراقی فیدراڵدا تا ئەم ساتە خاوەنی تەنھا پڕۆژەیەکی دەستورییە وئەو دەستورەش ڕێکارەکانی دەنگدان لەسەر پەیڕەو کردنی بۆتە جێگای مشتومڕی ھێزە سیاسییەکان، کەواتە نەبوونی دەستوری ھەرێم کاریگەری لەسەر ئاستی پێکەوە ژیانی سیاسی ئەو ھێزانە دەبێت، بەئەندازەیەک کەمەترسی تێکدانی ئارامی کۆمەڵایەتی لێدەکرێت لەداھاتوودا، جگە لەوەش، شێوازی نووسینەوەی دەستور وتێپەڕاندنی لەپرسێکی ڕێکاری یاسایییەوە و بۆتە خاڵی ناکۆکی نێوان ھێزەکان، ھەر نەبوونی دەستور بۆتە ھۆکارێک بۆ ناڕوونی پێکدادانیان لەسەر فۆرمی سیستەمی حوکمڕانی ھەرێم، کەئەمەش بەردەوام ھۆکاری ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کەیەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی پێکەوە ژیانی سیاسی نێوان ھێزەکان بوونی نییە، لەکاتێکدا کە لەڕووی مێژووییەوە دوو جار لیژنەی نووسینەوەی دەستور پێک ھێنراوە، بەڵام بەھۆی باڵادەستبوونی ھەژمونی ھێزەسیاسیەکان لەناو لیژنەی نووسینەوەی دەستور نەتوانراوە بگەنە ڕێکەوتنێکی وەھا کەدەستورێکی لێ بەرھەم بێت.
بنەمای دووەم
دابەشکردنی ڕۆڵی ھێزە سیاسییەکان لەئەزموونی ھەرێم
یەکێکی دیکە لەکێشە سەرەکییەکان ولەمپەر لەبەردەم پێکەوە ژیانی سیاسی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بریتییە لەناڕوونی لەدابەشکردنی ڕۆڵی سیاسی ھێزە سیاسییەکانیدا، بەشێوەیەکی گشتی سیستەمی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستان ھاوتای سیستەمی ھەڵبژاردنی عێراقە کەبریتییە لەشێوەی ڕێژەیی، بەو شێوەیە ھەموو ھێزە سیاسییەکان بەشدار دەبن لەفۆرمەلەکردن وبەشداریکردن لەسیستەمی سیاسییدا، ھەر لایەنەو بە پێی ژمارەی ئەو کورسییانەی کەبەدەستی ھێناوە، پێدەچێت کەئەمە یەکێک بێت لەگرفتە سەرەکییەکانی دیارینەکردنی ڕۆڵی سیاسی ھێزەکان لەتەواوی عێراق و ھەرێمی کوردستان، شێوەی ڕێژەیی یەکێکە لەسیستەمە سەکەوتووەکان کەھاندەری بەشداری پێکەری سەرجەم ھێزەکانە لەپڕۆسەی سیاسیدا بە شێوەیەک کەھەموو لایەک بەشدار بێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانی لەھەموو لایەنەکان، بەڵام ئەم دەرئەنجامە تەواو پێچەوانەیە لەکوردستان، سەرجەم ھەڵبژاردنەکان بوونەتە ھۆی پێک ھێنانی حکومەتی بنکە فراوان، کە لەڕاستیدا ئەم حکومەتانە خۆیان بۆ خۆیان کێشە بوون، لەبری ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن.
لەسیستەمی دیموکراسیدا ھێزە نەیارە سیاسیەکان کاریگەری گەورەیان ھەیە لەسەر بەرەوپێش بردنی فۆرمی دیموکراسی لەحوکمڕانیکردندا، بەڵام لەفۆرمی حکومەتی بنکە فراوان یەکێک لەمەترسییەکانی سەر دیموکراسیبوونی حوکمڕانیکردن بریتییەلە بەشداربوونی سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لەسێکتەرەکانی بەڕێوەبردن، بەئەندازەیەک کەبوارێک نامێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی حکومکردن وتەنھا لەبوارێکی سادەیی لیژنە پەرلەمانییەکاندا نەبێت، ئەم دیاردەیە بەزەقی لەھەرێمی کوردستان دەبینرێت، کەتیایدا دەسەڵاتی یاسادانان بەیەکێک لەئەرکەکانی کەبریتییە لەچاودێریکردن ناتوانێت ھەڵسێت لەبەر ئەوەی کەسەرجەم بوارەکانی حوکمکردن بووە بەمەیدانی سازانی سیاسی (وەک ئەزمونی سیاسی ھەرێم)، لەگەڵ ئەوەشدا ھێزە سیاسییەکان خۆیان بوونەتە گرفتی حوکمڕانییەکی بنکە فراوان ونموونەش کشانەوەی ھێزەکانە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەپاش ئەوەی کەزانرا ھیچ گۆڕانکارییەکیان پێ ئەنجام نادرێت، یان بەئەندازەیەک سیستەمەکە کاردەکات کەناتوانن ڕۆلێکی ئەوتۆ ببینن لەبواری گەشەکردنی کلتوری حوکمڕانی باش وپێکەوە ژیانی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکان.
بنەمای سێیەم
دابەشکردنی پێگەی ھێزە سیاسییەکان لەدامەزراوەکانی ھەرێم
بنەمای دووەمی ئەم وتارە دەمانگەیەنێتە باس کردن لەپێگەی ھێزە سیاسییەکانی بەشدار لەپڕۆسەی حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستان بەئاڕاستەیەک کەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەھەوڵی بەدەست ھێنانی دەسەڵاتدان.
لەڕووی تیۆرییەوە ئەمە بابەتێکی پەسەندە لەبەر ئەوەی خاڵی ھاوبەشی ھەموو پارتێکی سیاسی بریتییە لەگەیشتن بەدەسەڵات وھەر ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی پارتە سیاسییەکان لەدامەزراوە سیاسییە مەدەنییەکانی دیکە، بەڵام سروشتی جیاکردنەوەی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەر پارتێکی دیکەی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن بریتییە لەخاوەندارێتی لەھێزی زبر (پێشمەرگە وھێزەکانی ناوخۆ).
ئەوخاوەندارێتییە بە ئەندازەیەکە کەئەم دووانە نەتوانراوە لەیەک جیا بکرێنەوە(ھێزی نەرم وھێزی زبر)، گومان لەوەدا نییە کەھۆکاری تایبەتی وبابەتی ھەیە کەئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانی هەتا ئەم ساتە بەو ئاقارەدا بردووە کەنەتوانرێت خاوەن ھێزێکی سەربازی نیشتمانی بێت، ئەم تایبەتمەندییە تەنھا پەیوەست نییە بەئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمەوە، بەڵکو سەرجەم پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان خاوەنی ھێزی سەربازیین وزۆر جار بەو ھێزە سەربازییانە دەناسرێنەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کەهەتا ئێستا پارتە سیاسییەکانی ھەرێم پارتێکی مۆدێرنی خاوەن ھێزی مەدەنی نین بەتەنیا، بەڵکو لەپاڵھێزی مەدەنی خاوەنی ھێزی سەربازیین کەڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ کاریگەرییان دەبێت لەیەکلایی کردنەوەی کێشەکانی ناو ھەرێم، بە تایبەتى کێشەى نێوان پارتە سیاسییەکان.
لەبەرامبەردا ئەو پارتە سیاسییانەی کەخاوەنی ھێزی سەربازی نین لەئەزموونی ھەرێمدا وەک بزوتنەوەی گۆڕان وھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ودادپەروەری ویەکگرتووی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی (بەم ڕەوتەی ئێستایەوە) توانای بەبەرەکانێیان لەئاست دوو پارتی خاوەن ھێزی زبر( پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتمانی کوردستان) کەمترە.
سەرەنجام:
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو سێ بنەما سەرەکییەی کە لەسەرەوە باسکران لە( دەستور، ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان، پێگەی پارتە سیاسییەکان) دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەبنەماکانی کاری ھاوبەشی لایەنە سیاسییەکان لەھەرێمی کوردستان لەئاستێکی زۆر نزمدایە، ھەر بۆیە ئەزموونى پێکەوە ژیانی سیاسی لەھەرێم لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەتا ئەم ساتە چەندین ھەڵکشان وداکشانی بینیوە، ئەم گۆڕینی ئاستە ھۆکارەکانی وەک خۆیان ماون.
باسی دووەم
پلانی پێکەوە ژیانی سیاسی نێوان پارتە سیاسییەکان لەھەرێمی کوردستان
یەکێک لەکارە ھەرە گرنگەکانی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بریتییە لەگەشە پێدانی پێکەوە ژیانی سیاسی نێوانیان، کەئەمەش لەچەند خاڵێکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە: لێبوردەیی، یەکتر قبوڵکردن، ھەماھەنگی کاری ھاوبەش، لەم باسەدا ھەریەک لەم خاڵانە وەک پلانی تاکتیکی بەمەبەستی بەدەست ھێنانی ستراتیجییەتی پێکەوە ژیانی سیاسی دەخەینە ڕوو لەڕێگای سێ تەوەری سەرەکی کەبریتین لە:
تەوەری یەکەم
لێبوردەیی
باسی لێبوردەیی یەکێکە لەو باسە گرنگانەی کەپێگەیەکی گرنگی ھەبووە لەفەلسەفەی ئەورووپیدا (نامەیەک لەلێبوردەی جۆن لۆک، ووتارەکانی جۆن ستیوارت میل، کانت) سەبارەت بەم بابەتە گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن.
ھەرئەم باسە تەنھا لەچوارچێوەی تەسکی کۆمەڵایەتیدا نەماوەتەوە، بەڵکو پەلی ھاویشتووە بۆبوارەکانی وەک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و ژینگە، لەگەڵ دروست کراوەکانی دیکە.
ئەوەی ئێمە لێردا مەبەستمانە لێبوردەیی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە بەھۆی کلتوری ئاینی وکۆمەڵایەتی وفەرھەنگی نەتەوەی کوردەوە ئاستی لێبوردەیی نێوان تاکەکان بەڕادەیەک نەشێواوە کەبوبێتە ھۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی گەلی کورد لەھەرێمی کوردستان، تەنیا ئەوەی بەدیدەکرێت نەبوونی لێبوردەیی بووە لەنێوان ھێزە سیاسییەکان کەزۆرجار گەیشتۆتە ئاستی پێکدادان وبەکارھێنانی ھێز لەیەکلایی کردنەوەی کێشەکان.
بەدیھێنانی لێبوردەیی سیاسی نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم پێویستی بەچەند بنەمایەکی سەرەکی ھەیە کەدەکرێت لەم بنەمایانەی خوارەوە کۆ بکرێنەوە:
بنەمای یەکەم: دوورکەوتنەوە لەڕق وکینە، یەکێک لە پرسە ھەرە سەرەکییەکانی چەمکی لێبوردەیی بریتییە لەئاوێتەبوونی ئەو چەمکە بەھەڵوێستی نالێبوردەیی، لەئەزمونی سیاسی ھەرێمی کوردستان وبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردا ئەندازەیەکی زۆر نالێبوردەیی بەرامبەر بەیەکدى تێبینی کراوە، ئەمەش بۆتە ھۆی ڕق لێبوونەوەی ھێزەکان لەیەکتر وپەنابردن بۆ کۆمەڵە ھۆکارێکی دوور لەبەھای پێکەوەیی ژیانى سیاسی.
بنەمای دووەم: نەبەخشینەوەی لێبوردەیی، لێبوردەیی بابەتێک نییە کەشایستەی بەخشینەوە بێت، بەواتایەکی دیکە لێبوردەیی بریتی نییە لەمافێک کەدەسەڵات یان ھێزێکی سیاسیی – لەدەسەڵاتدابێت یان لەدەرەوەی دەسەڵات- بیدات بەلایەنی بەرامبەر، ئەمە دەمانگەیەنێتە خاڵێکی دیکە کەبریتییە لەبوونی لێپرسینەوە، زۆر گرنگە کەسەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەسەر ئەوە کۆکبن کەپێویستە لێپرسینەوەی جددی بکرێت سەبارەت بەکۆمەڵە بابەتێکی وەکو: گەندەڵی، بەھەدەردانی سامانی گشتی، دۆسییەی نەوت وگاز، ئازادی ڕۆژنامەگەڕی، سەرجەم پرسەکانی تایبەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەکوردستان، پرسەکانی تایبەت بەیەکلایی نەکردنەوەی دۆسیەکانی خاک وپێشمەرگە لەگەڵ بەغداد، ئاسایشی نیشتمانی، ھەموو ئەمانە لەچوارچێوەی یاسا دەرچوو وڕێگا پێدراوەکانی ھەرێمی کوردستان.
تەوەری دووەم
یەکتر قبوڵکردن
پێکەوە ژیانی سیاسی لەکاتێکدا بەدی دێت کەسەرجەم لایەن وھێزە سیاسییەکان گەیشتبێنە ئاستی یەکتر قبوڵکردن، ئەمەش بەمانای بەخشین نایەت، بەڵکو قۆناغێکی پێشکەوتووترە لەبەخشین، دەشێت دوو لایەن یان زیاتر یەکتر ببەخشن، بەڵام یەکتر قبوڵ نەکەن، لەبەر ئەوە یەکتر قبوڵکردن چەند بنەمایەکی پێویستە کەبریتین لە:
بنەمای یەکەم: ھەست کردن بەبەرپرسیارێیەتی ھەمووان بەرامبەر بەھەمووان، بەواتایەکی دیکە، یەکتر قبوڵکردن کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کەھەست بەئازارەکانی بەرامبەر بکەیت وخۆت بەھاوبەشی ڕاستەقینەی ئەو ئازارانە بزانیت، زۆربەی میللەتان بەم ھەستکردنە توانیویانە بەسەر کۆسپ وتەنگەشە وململانێکاندا سەرکەوتوو بن.
بنەمای دووەم: ئارەزووی ھاوبەشیکردن، گومان لەوەدا نییە کەیەکە کۆمەلایەتییەکان بەجیاوازی تێڕوانینە ئاینی ونەتەوەیی وفەرھەنگی و زمانەوانییەوە پێکەوە ھەڵناکەن گەر نەگەیشتبێتنە ئەو ئاستەی کەپێکەوە ھاوبەشبن، دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەشی نێوان یەکەکان کارێکی قوورسە بەڵام مەحاڵ نییە، لەم ساتەی ئێستادا ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم زۆر پێویستە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان کار بکەن.
بنەمای سێیەم: یەکسانی بوون لەماف، بابەتێکی زۆر گرنگ لەم میانەدا پێویستی بەووروژاندن ھەیە، ئەوەی لەھەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە باسی لێوە کراوە بریتییە لەبەرپرسیارییەتی، ھەموو خراپ وچاکەکانی ئەزمونی حوکمڕانی ھەرێم ھەر لەم سۆنگەیەوە سەیر دەکرێت لەکاتێکدا کەمترین کار نەکراوە لەیەکسانی مافەکان لەڕووی واقیعەوە.
بنەمای چوارھەم: بەرپرسیارییەتی بە پێی پێگە وھەژموون، ئەم بنەمایە ئەوە دەگەیەنێت کەھەموو لایەک بەشێک لەبەرپرسیارییەتیان بەردەکەوێت، بەمەرجێک ئەو بەرپرسیارییەتییە بەپێی پێگەی سیاسی وکۆمەڵایەتی ھێزە سیاسییەکان بێت.
تەوەری سێیەم
ھەماھەنگی کاری ھاوبەش
دۆزینەوەی دەرەچەیەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی بۆ تێپەڕبوون لەم قەیرانانەی کەبەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، تەنیا بەکاری ھاوبەش دەکرێت.
ھەرێمی کوردستان لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو یەکەمین ھەڵبژاردنی ئەنجامدا، لەم ھەڵبژاردنەدا ھێزە سیاسییەکانی دەسەڵات پاش ڕێکەوتن چڕبوویەوە لەھەریەک لە: یەکێتی نیشتمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ئەزموونەدا گەورەترین ھەڵە بریتی بوو لەو ڕێژەیەی دانرا بۆ چوونە ناو پەرلەمانەوە، کە ئەمە وای کرد ژمارەیەکی زۆری پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کەپێشتر لەخەباتی چەکداریدا ڕۆڵی کارایان ھەبووە لەڕووبەڕوو بوونەوەی ڕژێمی بەعس بێبەش کران لەپڕۆسەی سیاسی، لەکاتێکدا ئەم ھێزانە هەتا ئەو ساتەش خاوەنی ھێزی سەربازی بوون، ئەم قۆناغە بووە ھۆی سەرھەڵدانی ململانێی گەورە لەنێوانیاندا، دەرئەنجام شەڕی ناوخۆ ودابەش بوونی کوردستان بەسەر دوو ئیدارەییدا، کەتاوەکو ئێستا کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی ھەرێم ماوە.
لەدوای ڕووخانی حکومەتی بەعس وەک ئەزمونی حکومەتی عێراق جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکان بەشداری پڕۆسەی سیاسی بوون، ئەم جار ئەزموونی حکومەتی بنکەفراوان ودابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ڕێژەی دەنگى بەدەستهاتووى لایەنە سیاسییەکان بوو، کار گەیشتۆتە ئەوەی کەئەم مۆرکی حیزبایەتی یە سەرجەم سێکتەرەکانی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەمەش چەمکی حکومەتی بنکەفراوان تووشی داڕمان بوو وەھەر خودی حکومەتی بنکە فراوان خۆی بووە بەشێک لەقەیران.
باشترین پێشنیار بۆ ئەم دۆخە بریتییە لەکاری ھاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بەجۆرێک کەدامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێم بە تایبەتی ھەردوو دامەزراوەی یاسادانان وجێبەجێ کردن بە شێوازێک ڕێکبخرێنەوە کەھەموو لایەنەکان تیایدا ھاوبەشبن وە تەنھا ئەو ھاوبەشی یە لەئاستی باڵا بمێنێتەوە، پۆستەکانی دیکە بەپێی لێھاتووی بدرێتە کەسانی بەتوانا.
ئەنجامەکان:
لە بەشی دووەمی وتارەکەوە چەند ئەنجامێک دەردەکەون وگرنگترینیان:
یەکەم: لێبوردەی ویەکتر قبوڵکردن و ھەمانگیکردن لە کاری ھاوبەشدا سێ خاڵی سەرەکین لەچارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم.
دووەم: لێبوردەیی پێوستە ھاوکات بێت لەگەڵ ھەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی.
سێیەم: یەکتر قبوڵکردن کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کەبنەماکانی وەک ئارەزووی ھاوبەشیکردن ویەکسانی لەمافدا تیایدا بەدی ھاتبێت.
چوارھەم: گۆڕینی فۆرمی حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستان لەحکومەتی بنکە فراوانەوە بۆ حکومەتی ھاوبەش ھەنگاوێکی کاریگەرە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکان.