ئەم شیكارە ساڵێك لەمەوبەر بەبۆنەی دووەمین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی “نەوشیروان مستەفا”وە نوسراوە. لەهیچ جێگەیەك بڵاونەكراوەتەوە. پێمان وایە درگای وتوێژێكی زانستی دەكاتەوە. پرۆسەی نەتەوەسازی وابەستەیە بە بیناكردنی تەواوی چەمك و مەدلولەكانی نەتەوایەتی.. كەلتوری هەڵسەنگاندنی ئەكادیمی بۆ ئەو چەمكانە، زەرورەتی دروستكردنی نەتەوەیەكی هاوچەرخی كوردییە.
خوێندنەوەیەكی شیكاری زانستی بۆ چەمكی “باوكی هەژاران” و پرۆسەی تەقدیسكردنی نەوشیروان مستەفا…
“لەوانەیە ئێمە مێژوومان بیر بچێتەوە، بەڵام مێژوو ئێمە لە بیر ناکات”
سەرەتا
ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر مردنی “نەوشیروان مستەفا”دا. لە نێو ئەو فەزا تەوتەمپەرستیی و مردووپەروەرییەی ئێمەدا، مەرگ دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لە سڕینەوەی پۆرترێتی راستەقینەی کەسایەتی تاکی مردوودا، بە شێوەیەک وێنایەکی ئیدیاڵی وەها بۆ مردووەکان دادەتاشرێت، بە هیچ کلۆجێک نەنگی و ناشرینییەکانیان نەبینرێت. ئەوەی راستی بێت دەمێکە ئەو جۆرە پرسەگێڕان و هەڵدان بە شکۆی مردووەکانم ناو ناوە زەلکاوی عاتیفی، گەر تەواو خۆت جڵەو نەکەیت، دەبیتە بەشێک لە ئاپۆرای شیوەنگێڕ. ئەمە نە تەنیا لە مردنی نەوشیرواندا بە زەقی دەرکەوت، بەڵکو لە هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفا و مردنی جەلال تاڵەبانیشدا بە هەمان ئەو تۆخییە دەرکەوتبوون و دەرکەوتن.
ئەو دیمەنەی دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ناشتنی تەرمی نەوشیروان و دواتریش لە پیرۆزکردن و بە “مەرقەد”کردنی گۆڕەکەیدا بینیمان، جارێکی تر کرمێبوونی کولتووری سیاسیی کوردیی خستەوە بەرچاومان کە تەنیا ژینگەیەکی لەباری بەرهەمهێنانی سێکت و دەروێشگەرایی و سەرۆک و سەرکردەپەرستییە. لە هەمان کاتدا نەخۆشی سەندرۆمی ستۆکهۆڵمی کۆمەڵگەی کوردیی وەک فاکتێکی تاڵ بەرجەستە کرد، ئەم عاشقبوونە بە جەلاد، ئەوانەی ژیانی مرۆڤ پووچ دەکەنەوە و ئازادیی بە بارمتە دەگرن، وەنەبێ نەخۆشییەکی تازە دۆزراوەی دوای ئەو رووداوەی پێش پەنجا ساڵێکی بانکێکی شاری ستۆکهۆڵم بێت، بەڵکو بەشێوەیەکی پریمیتیڤ لای “ئیبن خەلدون” تیۆریزە کراوە و بەو پێیەی جەخت دەکاتەوە “چەوساوە هەموو کات عاشق و لاساییکەرەوەی چەوسێنەرەکەیەتی”.
ئەم گەلاڵەیەی کتێبی “المقدمە” لە کەتواری کوردیدا بە روونی خۆی دەنوێنێت بەتایبەت لە پرسە و ماتەمینی سەرکردە سیاسیی و کاریزماتیکەکاندا.
بە دەستی خۆم نییە، هەموو کات لە بەرامبەر ستەمکاریی سەرکردە سیاسییەکاندا، چاوەڕوانی پیرەمێردە تۆڵۆستۆییەکی چیرۆکی “ئەسەرحەدون”م. تۆڵستۆی لەم چیرۆکەدا کە ساڵی 1903 نووسیوویەتی، لە رێی چیرۆکێکی هونەرییەوە بەسەرهاتی پادشا “ئەسەرحەدون”ی ئاشووری دەگێڕێتەوە، لەو کاتەی تەواوی شارێک خاپوور دەکات و کاولکاریی دەستی دەگاتە هەموو پنتێکی شارە داگیراکراوەکە و بە وتەی خۆی کێوێکی لە تەرمی سەربازانی دوژمن هەڵچنیوە، بیری لەوە دەکردەوە پادشا لایلی بە خازوق ئیعدام بکات.
پیرەمێردێکی لێ پەیدا دەبێت و پێی دەڵێت، تۆ ئەسەرحەدون نیت، تۆ لایلیت. تۆ سەرنەکەوتوویت بەڵکو شکستت هێناوە. بۆ سەلماندنی قسەکانی داوا لە پادشا دەکات بچێتە ناو ئاوێک و سەری بخاتە ژێرەوە و ئەمیش شەربەیەکی ئاو دەڕژێت بەسەریدا، لەو چەند چرکە کەمەی سەری ئەسەرحەدون لەناو ئاوەکەدایە، خەیاڵە ترسناکەکان واقیع ئاوەژوو دەکەنەوە، خۆی دەبینێت بووە بە لایلی و بە رووتی لە گۆڕەپانی ئیعدامدایە، دەمێکی تر خۆی وەک کەرێکی کێوی دەبینێت، ئەسەرحەدون بە تیرێک راوی دەکات.
لەم کاتە ناخۆشە سەری لە بن ئاوەکە بەرز دەکاتەوە و تووشی تۆقین بووە، پیرەمێردەکە بە هێمنی پێی دەڵێت “ئێستا بۆت روون بووەوە لایلی تۆیت، نەک هەر ئەو سەرباز و جەنگاوەرانە، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەشی راوت دەکردن، بە ناوی میوانداریی و زیافەتەوە دەتخواردن خۆت بوویت، وات وێنا دەکرد ژیان بە تەنیا لە تۆدا هەیە و هەر تۆش مافی ژیانت هەیە”.
لە مردنی نەوشیرواندا چاوەڕوانی ئەوە بووم، کۆمەڵگە بە دەنگێکی کۆراڵئاسا بڵێت واتدەزانی جیهان بۆ تۆ دروستکراوە و ئەو هەموو گەنجە بۆ ئەوە لە دایکبوون سایکۆپاتێکی وەک تۆ یەک یەک بیانکوژێت. ئەگەر لە کاتی دەسەڵات و ژیانیدا ئەم دەربڕینە زبرە بەهۆی زەبروزەنگ و تۆقاندنی کاکە نەوەوە کردەیەکی ریسک ئامێز و مەحاڵ بووبێت، خۆ بایکۆتی ئەو هەموو شیوەنگێڕیی و خۆڕنینەوە دەستەجەمعییەی شارێک دەیتوانی هەمان مانا بدات.
لەبەر ئەم فاکتۆرە هیچ ناوێکی ترم بۆ ئەو پرۆسێسی تەقدیس و تەوتەمیزەکردنەی نەوشیروان بۆ نادۆزرێتەوە، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم زۆرینەی کورد گرفتارن بە نەخۆشی دەروونی و گرێی عاشقبوون بە جەلاد.
لە نێوان نەوشیروان و ئەبوتەبەردا
لە هەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە پرۆسەی پاکتاوی ناو ریزەکانی حزبی بەعس لە عێراق، هاوکات بۆ لەناوبردنی ژمارەیەک کۆمۆنیستی چالاک، کۆمەڵێک کوشتن بەشێوازێکی نامۆ ئەنجامدران. پشکی شێری ئەو کوشتنانە رووی لە ئەکتیڤیستە سیاسییەکانی ناو باڵی دەستە چەپی پارتی بەعس بوو، ئەویش بە هۆڤترین فۆرمی کوشتن لە رێی تەور و کێردەوە، هەموو ئەمانەش بەسترانەوە بە تاقمێکی دەمامکداری چەتەگەرەوە کە کەسایەتییە یۆتۆپییە ریالییەکەی ئەبوتەبەر ناوێک بوو لە شاری بەغداد. باڵی سەدام- بەکر و زۆرینە لە حزبی بەعس بەو هەموو دڕندەییەی خۆیانەوە دەیانویست ئەبوتەبەر وەک شەبەحێکی خراپەکار بناسێنن و بەهیچ کلۆجێ نەیاندەتوانی خاوەندارێتی لە دڵڕەقییەکانی بکەن.
نەوشیروانیش لە مێژووی نزیکی کورددا هەمان کارەکتەری ئەبوتەبەرە بە ڤێرژنە كوردییەکەی، بەڵکو توند و دڵڕەقانەتر پاکتاویی فیزیکی و نابەرجەستەی هەموو یار و نەیارانی کردووە.
تەوروەشاندن بۆ کوشتنی مرۆڤ بەتایبەت نەیارانی سیاسیی فۆرمێکی زۆر دڵخوازی نەوشیروان بوو، ئەمەش کار رێکەوت نەبوو، چونکە لە بۆتەی هەمان سیستمی پەروەردەیی ئەبوتەبەردا چاوی پشکوتبوو، بەو پێیەی دوا نارنجۆک خستنە ئاهەنکی سانەوی سلێمانی کچان لە رێی جەمالی ئەحە خورشەوە، بە سەپۆرتی نازم گزاری بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی ئەوکاتی عێراق کارئاسانی بۆ کرا بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات و “کەناری دانوب”. مۆدیلی کوشتن لەسەر شێوازی قەسابەکان، وەک دوا فۆرمی دڵڕەقانەی کوشتن، مۆدیلێک بوو لە رێی نەوشیروانەوە چووە ناو مێژووی نزیکی سیاسیی کوردەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەر ئەوە نییە هەردوو کەسایەتی ئەبوتەبەر و نەوشیروان لە یەکتر دەچن، بەڵکو ئەو واقیعە تاڵەشە هەنووکە لە دۆخی کۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینین. ئاخر ئەبوتەبەر وەک دڕندەیەک چووە زبڵدانی مێژووەوە، لە چینی یادەوەریی عێراقییەکاندا وەک تارماییەکی ترسناک جێی خۆی گرتووە و ئامادەگی هەیە. کەچی نەوشیروان بە بیۆگرافیاکەی کە خوێن و کوشتن و تەوروەشاندنە، وەک مارتن لوسەر کینگ لای نەوەیەکی بێ ئاگا لە دیرۆک، وێنایەکی قەشەنگی بۆ کێشراوە. لەوە کۆمیدۆتراژیدتریش گۆڕەکەی وەک جێگەیەکی پیرۆز تەماشا دەکرێت “ناوهێنانی گۆڕی نەوشیروان، بە مەزار خۆی لە خۆیدا دەلالەتی زۆری هەیە یەکێک لەوانە پیرۆزیی پێ بەخشینە”.
رەنگە ئەمە تاڵترین واقیعی زیهینی و بەرجەستەی کۆمەڵگەیەک بێت خوێنڕێژێک بە سیمبولی هیومانیزم و رابەری چاکسازیی سکێج دەکات، هەر بەو پۆرترێتە ساختەوە دەیەوێت بیخاتە لاشعور و مێشکی نەوەیەکی بێ مێشک و پاسیڤی وەک ئەو نەوە هەژارەی لە رووی خوێندەواریی سیاسیی و مەعریفییەوە لە کوردستان بەرهەم هێنراوە. هەروەک دەبینن هەموو وزەی ئەم نەوەیە لە چەند هەجو و جنێوێکی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر کەسێک برینێک بخاتە نارسیزمییەوە و لە خەونی قووڵی بێ ئاگایدا نەقیزەیەکی هۆشیارانە بکات بە مێشکیدا و بێداری بکاتەوە. ئەو خەونی پێچەوانە دەبینێت و نایەوێت بەخەبەر بێتەوە!.
باوکی هەژاران
نازناوی “باوک”ی هەژاران بۆ خۆی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە. باوک رەمزی دەسەڵاتخوازیی خێزانییە و تێرمێکی پیاوسالارییە. رەنگە نهێنی کوشتنی ژنانی دوای ساڵی 1991 و راپەڕینی باشوور، بە بڕیاری باوکی هەژاران، زادەی ئەو دڵرەقییە باوکسالارییە بێت ئەندێشەی نەوشیروانی داگیرکردبوو.
تەنانەت لەسەردەمی “گۆڕان”یشیدا، وەک پارتریارکێکی پیر هێندەی جەختی لە “سەوابیت”ی ئاینی دەکردەوە، تەنانەت نەیدەتوانی چەشنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیش باس لە کێشە جێندەرییەکان و یەکسانی رەگەزایەتی بکات. گەر لە مافی “موچەی کابان”یش وەک بەشێک لە بەرنامەی سەرەتای حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن ورد بینەوە، ئەو مافە نەک یارمەتی ژن نادات، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی بەندکردن و هێشتنەوەی ژنان لە مەتبەخی ماڵەکاندا، تا ئەوەی ژن وەک کارەکتەرێکی ئەکتیڤ پێ نەنێتە کایەی سیاسیی و ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر بۆیە ژن لە حزبە نوێیەکەی ئەودا “گۆڕان” هیچ جێگەیەکی شایانی باسی نەبوو، دەست و رای ژن لە هیچ ناوەندێکی بڕیاردا نەدەبینرا و تائێستاش نابینرێت.
ئەوەش بە پێچەوانەی نەریتی هاوەڵە مێژووییەکەیەوە بوو”مام جەلال”، چوونکە هاوژینی ئەو “هێرۆ ئیبراهیم” رۆڵێکی ئێجگار بەرچاوی هەبوو لە ئاڕاستەکردنی ژیانی حزبیدا، هەمیشەش لە سەردەمی ژیان و دەسەڵاتی بێ سنووری خودی تاڵەبانیدا، وەک ژنێکی چالاک و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە “قسە لەسەر ئەو سیاسەتە نییە هێرۆ ئیبراهیم بەڕێوەی دەبرد، بەڵکو قسە لەسەر پێگەکەیەتی، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکاریشە”.
هەر لەم سیاقەدا دەتوانین تێرمی “باوک” وەک وەسفێک بۆ نەوشیروان بەو دیوەدا بخوێینەوە لەسەر روانگەی پارتریارکی بینا بووە، کۆی وەسفەکەش بەسەریەکەوە “باوکی هەژاران” ناوێکی ترە پڕە لە ئیشکالییەت و سەیر و سەمەرەیی.
ئاخر هەژاران باوکیان نییە، جگە لەو باوکە دڵڕەقەی وەک بردناشۆ بۆی چووە بە ناوی داکۆکیکردن لێیانەوە دەوڵەمەند دەبێت. داستانی نەوشیروانیش بە دەوڵەمەندبوونی خۆی و بەجێهشتنی سەرمایەیەکی خەیاڵی بۆ منداڵە بایۆلۆژییەکانی و هەژارتربوونی ئەو هەژارانەی لە ژێر باڵی باوکایەتیدا لە دەوری گووتارێکی سواو کۆی کردبوونەوە کۆتایی هات!!.
ئەمە جگە لەوەی نازناوی باوکی هەژاران، باوکی پڕۆلیتاریا، ئەو نازناوانە بوون بۆ گەورە دیکتاتۆری سۆڤێتی “جۆزیف ستالین” داتاشرابوون. سەیر بکەن رابەری ریفۆرم و عەدالەتی کۆمەڵایەتی کوردیی، لە فەرهەنگی کێوە نازناوەکانی داتاشراوە؟!.
رێبازی نەوشیروان
رێباز، تەنانەت گەورەترە لە فەلسەفەیەکی دیاریکراو. جاری وا هەیە بە هیمەتی چەندان فەیلەسووف، بە تێپەڕینی چەند دەیە بگرە سەدەش، رێبازێکی تر بۆ ژیان و دنیا گەڵاڵە بووە. رێباز ناوبانگێکی هەڵەی هەیە لە فەرهەنگی زمانەوانی ئێمەدا. چون دواجار رێباز رێگەیەکە بۆ ژیان و بیرکردنەوە. حیساب لەسەر هەموو شتێکی ورد و درشت کراوە لە رێبازەکاندا. تێگەیشتنی من بەو جۆرەیە: سەرمایەداریی رێبازە، کۆمۆنیزم رێبازە، ئیسلام و کریستیانیزم رێبازن. چوونکە لە رێبازەکاندا مرۆڤ و کێشە و ئارەزوو و مەیل و خواستەکانی، ئێستا و ئایندە و رابردووی بە هەند گیراوە، ناکرێت بە چەند کتێبێکی پەرش و بڵاوی نەوشیروان بوترێت ئەمانە گەڵاڵکاری رێبازێکن بۆ ژیان، هیچ نەبێت بۆ مرۆڤی کورد.
ئاخر زیاتر لە شەش کتێبی نەوشیروان گێڕانەوەی چیرۆکی کاری سیاسیی خۆیەتی و دەچنە خانەی بیۆگرافیا، چەندان کتێبی تری دەچنە بواری ساغکردنەوەی مێژوویی نەک مێژوونووسی، دوو سێ کتێبی تری ساغکردنەوەی رۆژنامەوانین. بە شەخسی خۆم لەو بوارەدا لە نەوشیروان زیاترم کردووە، هێشتا ناوێرم بە خۆم بڵێم رۆشنبیر، چجای خاوەن رێباز.
لە نەریتی کوردییدا کتێب نووسین، مرۆڤ دەکاتە خاوەن رێباز، ئەگەر وابێت دەبێت لە دنیادا ملیۆنان رێبازی جیا جیامان هەبێت بۆ ژیان، بۆ خەبات، بۆ شۆڕش و هتد.
ئێمە لە بیرمان چووە هەزاران کتێبی خراپ هەن، هەزاران کتێبی تریش بۆ ئەوە دەنووسرێن ببنە رێبازێک بۆ ژیان، بەڵام فەرامۆش دەکرێن. کەچی نەوشیروان هیچ تیۆری و ئایدۆلۆگییەکی بەرهەم نەهێناوە، هیچ کتێبێکی نییە بایی ئەوە بێت بکرێتە رێبەرێک لە بوارێکی دیاریکراودا، هێشتا هەوڵ هەیە ئەفسانەیەک بە ناوی رێبازی نەوشیروانەوە دروست بکرێت. وەک وتم کتێب مرۆڤ ناکاتە خاوەن رێباز، دەبێت ئەوەش بە بیر بهێنینەوە، زۆرینەی دیکتاتۆر و خوێنڕێژەکان بەدەر لە کاریزما و تواناکانیان لە بواری وتارداندا، خاوەنی کتێب بوون، لەم رووەوە کتێبی “ماین کامپف”ی ئادۆلف هیتلەر و “کتێبی سەوز”ی قەزافی و کتێبە زۆر و بۆرەکانی ستالین و ماوتسی تۆنگ و سەدام حسێن و جەمال عەبدولناسر و تاد.. نموونەی زیندوون.
هەرچەند لێرەدا چوواندنی کەیسەکان لە ئارادا نییە، بەقەدەر ئەوەی راوەستانە لەسەر سترۆکتۆرە سایکۆلۆییەکانی پشت چیرۆکی ئەم دیکتاتۆرانەی بیۆگرافی خۆیان بە خوێن نووسیووەتەوە.
چاوەڕوانی بەشی دووەم و كۆتایی بن