سه‌رده‌مانێک کایه و یارییه جۆراوجۆره‌کان به‌م مه‌به‌ست و ئیراده‌یه‌وه هاتنه کایه‌وه که لایه‌نی که‌لتووری وڵاتان به یه‌کتر بناسێنن.
سه‌رده‌مانێک کایه و یارییه جۆراوجۆره‌کان به‌م مه‌به‌ست و ئیراده‌یه‌وه هاتنه کایه‌وه که لایه‌نی که‌لتووری وڵاتان به یه‌کتر بناسێنن و به‌جۆرێک ڕیگه‌خۆشکه‌ر بن بۆ په‌یوه‌ندی وڵاتان پێکه‌وه و له لایه‌ن پادشا و ئه‌میره‌کانه‌وه پشتگیریی ده‌کرا، هه‌روه‌ها کایه و یارییه‌کان لایه‌نێکی کات به‌سه‌ربردن و فانیشیان هه‌بووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕوانگه‌یه به‌زۆری دوور بووه له‌لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی سیاسیی به تایبه‌تی له جیهانی کۆن و که‌ونارادا به‌ڵام ورده‌ورده به دیارده‌ی جیهانگیریی و ده‌رکه‌وتنی وه‌رزشه جۆراوجۆره‌کان و به تایبه‌تی تۆپی پێ له پانتاییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی و له په‌یوه‌ندیی وڵاتان پێکه‌وه ڕه‌هه‌ندی زه‌قی سیاسی له ئاستی نیوخۆیی وڵات و گرووپه جیاوازه سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له ناو نه‌ته‌وه جیاوازه دۆست یان دژبه‌ره‌کاندا په‌یدا کرد. ئه‌مه بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر ڕووی خۆی ئاشکرا ده‌کات چونکه یاریی تۆپی پێ هه‌م هه‌ڵگری پاشگرگه‌لێکی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یی بۆ نموونه‌ی یانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و…ده‌بێت و هه‌میش له ڕه‌مزگه‌لی وه‌ک جلی تابه‌ت به ڕه‌نگی دیاریکراو و ئاڵای فه‌رمی وڵات و دواتر له ئاستی بینه‌ر و ته‌ماشاکه‌رانیشدا شته‌که چه‌ند قاتتر ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌که‌ی زه‌ق ده‌بێته‌وه به‌هۆی ئه‌و ڕۆحییه‌ته وه‌رزشی و ده‌مارگیرانه و پڕ جۆش و خرۆشه‌وه که یارییه‌ک وه‌ک تۆپی پێ له ته‌ماشاکه‌ر وبینه‌ریدا هه‌ڵیده‌خڕێنێت. پێویست ناکات ئێمه وره‌زشدۆستێکی ناوازه بین تاکوو جۆش و خرۆشی ئه‌م کایه‌یه له ناو ته‌ماشاکه‌ران و لایه‌نگرانی یانه‌یه‌کی تایبه‌تدا ببینین و د‌رکی پێ بکه‌ین و هه‌روه‌هاش پێویست ناکات حه‌تمه‌ن لایه‌نگری یانه‌یه‌کی دیاریکراو بین تاکوو کاریگه‌ریی ئه‌م یارییه له ئاستی گشتی و ناو شه‌قامدا ببینینه‌وه.
له وڵاتێکی وه‌ک ئێران‌دا دوو یانه‌ی ئیستیقلال و پیروزی(پێرسپۆلیس) بۆ ساڵانێکی زۆره هۆکاری دابه‌شکاریی دوو ده‌سته هۆگر له ئاستی گشتیدا بووگن که زۆر جاریش شه‌ڕ و ئاژاوه له نێوان لایه‌نگرانیان هه‌م به شێوه‌ی سه‌رزاره‌کی و هه‌م به شێوه‌ی کرده‌کی هاتووه‌ته ئاراوه. پاش په‌ره‌سه‌ندنی بێوێنه و پێشبینینه‌کراوی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و زاڵبوونی ئه‌م دونیا مه‌جازییه به سه‌ر واقیعی ژیانی ئاڵۆز و تاڵی که‌لتووری مرۆیی به گشتی و که‌لتووری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی، کۆمه‌ڵێک حه‌ز و هۆگربوون و ڕق و ئاره‌زوو و خواست و کایه به‌ر یه‌ک که‌وتن، هه‌ژماری تویته‌ر و تۆڕی فه‌یسبووک و ئینیستاگرام بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که پێشتر ته‌نها له ئاستی میدیا فه‌رمییه‌کاندا و له سه‌ر شاشه‌کاندا ده‌رده‌که‌وتن، بوو به تریبونێکی به‌هێز بۆ نواندنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و ده‌رخستنی به‌شێک له بیروڕا و ژیانی تاکه‌که‌سی و بگره هه‌ندێ شتی سووک و لاواز و باسهه‌ڵگیرسێنه‌ر، ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی سه‌رنج و وردبوونه‌وه‌یه -له وه‌ها بازنه‌یه‌کی پان و به‌رین که ده‌شێت وه‌ک تۆڕێکی گه‌وره‌ی جاڵجالۆکه‌ش وێنا بکرێت چالاکیی زۆری ئه‌م تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه که به ناوی ئازادییه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێمه ئاڕاسته بکه‌ن و به‌نج و یه‌خسیرمان بکه‌ن، هه‌ڵوێست و په‌رچه‌کرداری زۆرێک له‌و که‌سه به ده‌نگ و ناوانه که له ژێر ناوی سێلیبێرتیدا ده‌ناسرێن کرۆکی ئه‌م چالاکبوونه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن، ئه‌م له‌قه‌ب و نازناوه کۆمه‌ڵێکی زۆر له هونه‌رمه‌ندان و ئه‌کته‌ران و مۆدێلکاران و یاریزانان له‌خۆ ده‌گرێت. له حاڵێکدا که زۆربه‌ی زۆری ئه‌م ده‌سته و گرووپانه خۆیان له کاروباری سیاسیی وه‌رناده‌ن و له په‌راوێزی ئازار و ڕه‌نج و زه‌خته‌کانی سه‌ر کۆمه‌ڵگادا هه‌ندێ گله‌یی و ته‌شه‌ر و ورده‌ڕه‌خنه له لایه‌نێکی نادیار و نه‌ناسراو ده‌خه‌نه ڕوو تاکوو کڵاوه‌که‌یان با نه‌یبات، که‌سانێکی بێوێنه و ده‌گمه‌نیش هه‌ن که ڕۆحی به‌رخۆدان و حه‌قبێژی و ناڕه‌زایتی ده‌ربڕینیان له ئاستێکی به‌رز و ڕاشکاوانه‌دایه و ده‌نگی هاواریان له‌به‌ره‌ی خه‌ڵکی زوڵملێکراو و هه‌ژار و زه‌خت له‌سه‌ری ئێراندایه.
یه‌کێک له‌و که‌سانه وریا غه‌فووری یاریزانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردی(خه‌ڵکی سنه) تۆپی پێی ئیستیقلالی ئێران و کاپتانی هه‌مان یانه‌یه که ئێسته له دووباره‌ی ڕێکه‌وتنه‌وه‌ی له گه‌ڵ یانه‌که‌دا پێشگری لێ کراوه و له یانه‌که هاتووته ده‌ره‌وه یان دروستر وایه بڵیین وه‌ده‌ریان ناوه. ئه‌و پاش ڕووداوه‌کانی گه‌ڵاڕێزانی ساڵی 2019دا له ئێران که خه‌ڵکێکی زۆر له چه‌ندین شاری ئێران به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌وه کوژران، کاتێک که میدیاکان هاتن بۆ ڕووماڵکردنی ئه‌نجام و خشته‌ی یاریی یانه‌کان، به میدیای فه‌رمیی ئێرانی وت “ته‌له‌ڤیزیۆن خامۆش بێت و من له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆندا قسه ناکه‌م” دیاره مه‌به‌ست له ته‌له‌ڤیزیۆن میدیای فه‌رمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی وریا ئه‌وه بوو که ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رمیی ئێران هیچ هه‌واڵێکی له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی گه‌ڵاڕێزانی ئه‌و ساڵه بڵاو نه‌کرده‌وه و به شێوه‌یه‌کی به‌رنامه بۆ داڕێژراو چه‌واشه‌ی کرد، ئه‌مه له حاڵێکدا بوو که زۆرینه‌ی زۆری به ناو ڕووخساره دیار و ناسراوه چالاکه‌کان هه‌م له بواری وه‌رزش و هه‌م له بواری هونه‌ردا بێده‌نگییان لێکرد و که‌س له‌و ڕووداوه به‌و شێوه‌یه نه‌هاته ده‌نگ. پێش ئه‌م ڕووداوه‌ش له کێشه‌ی هاتنه ناو وه‌رزشگای کچان و ژنان که له ئێران‌دا شتێکی یاساغ و قه‌ده‌غه‌یه کچێک به ناوی سه‌حه‌ری خودیاری وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌کی ڕه‌مزی له ئاست ئازار و زه‌خت و سنووردارکردنی چالاکی و ده‌رکه‌وتنی ژنان و کچان ئاگری له جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و خۆی کوشت، ئه‌م کچه پاش ئه‌وه به کچی شین واته کچی که‌وه و ڕه‌نگ شین ناسرا چون جلی یاریزانانی یانه‌ی ئیستیقلال شینه بۆیه له یاریی دواتردا وریا و هه‌موو یانه‌که‌ی جلێکیان پۆشی که له سه‌ری نوسرابوو (کچی شین) و یادیان به‌رز ڕاگرت، به‌گشتی ئه‌و که‌سێکه به شێوه‌یه‌کی قووڵ و وشیارانه و به وریاییه‌وه تۆپی پێ و سیاسه‌تی به‌یه‌که‌وه گرێداوه و له هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ پشتگیریی له به‌ره‌ی ناڕه‌زایه‌تیکار و خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر درێخی نه‌کردووه.
ئه‌مه له ئاسته گشتییه‌که‌یدا و له ئێران وێنه‌یه‌کی به‌رخۆده‌ر و بوێر و (کوردانه)ی له وریا نه‌خشاند و هۆگر و لایه‌نگره‌کانی زۆرتر بوون و زۆر زیاتر له جارانیش به جۆش و خرۆشه‌وه یادیان ده‌کرده‌وه و خۆشیان ده‌ویست و ستایشیان ده‌کرد، ئه‌و وه‌ک کوردێک ڕۆحی به‌ره‌نگاری و بوێرانه‌ی خۆی له ئاست ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رگری له خه‌ڵکی ئێران نیشاندا و له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه بوو به که‌سێکی دۆسیه‌دار و گومان له‌سه‌ر و له ناو خه‌ڵكیشدا بوو به کاریزمایه‌کی وه‌رزشیی که وه‌ک که‌سێکی وه‌رزشوانی سیاسیی وشیار هه‌میشه هه‌ڵوێستی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مه دیوه گه‌شه‌که‌ی ده‌رکه‌وتن و په‌سه‌ندکردنی وریایه له پانتای گشتی له ئێران‌دا، وریا بۆ ئه‌وان تا ئه‌و شوێنه کاریزما بوو که ئێرانی بێت، تا ئه‌و شوێنه خۆشه‌ویست بوو که باسی کوردبوونی خۆی وه‌کوو ئێرانییه‌ک بکات، تاکوو ئه‌و شوێنه هۆگره‌کانی پشتیوانی‌یان کرد که کورد به براگچکه‌ی ئێرانییه‌کان بزانێت که له گۆشه‌یه‌کی هۆڵه‌که‌دا به بێده‌نگی دانیشتووه و شکۆی ئێران ده‌نوێنێته‌وه به جلوبه‌رگ و زمان و هه‌ڵوێست و ئاکارییه‌وه، کاتێک وریا به تۆزقاڵیک ئه‌گه‌ری لادانی له‌و ڕێبازه خوێندرایه‌وه، درایه به‌ر هێرش و ڕه‌تکردنه‌وه و سووکایه‌تی پێکردن له لایه‌ن هۆگره‌کانییه‌وه. چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا وریا غه‌فووری له تویته‌ر وێنه‌یه‌کی خۆی و شاری سنه‌ی دانابوو و نوسیبووی کوردستان-(سنه). لێره‌دا ئه‌و خاڵه ناسک و هه‌ستیاره‌ی که ده‌بێت سه‌رنجی بده‌ین نه‌ک کوردبوونی وریا له ئاستی جلوبه‌رگ و ناو و هه‌ڵوێستدا به‌ڵکوو کوردبوونی وریایه له ئاستی زمان و ڕینووسدایه. له زمانی فارسی‌دا و له بێژه‌کردنی وشه‌ی کوردستاندا بزوێنه‌که‌ی زۆر به نه‌رمی و سووکی ئه‌دا ده‌کرێت و به ڕێنووسیش ده‌نوسرێت “کردستان”.
ساڵانێکی زۆره به‌شیکی زۆر له ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌ران و چالاکانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کاتێ ده‌قی فارسی ده‌نووسن له کاتی نوسینی وشه‌ی “کورد و کوردستان ( کرد و کردستان به فارسییه‌که‌ی) له ڕێنوسی فارسی لاده‌ده‌ن و هه‌ر کوردییه‌که‌ی ده‌نووسن به هه‌مان شێوه که تورکه‌کان و ئازه‌رییه‌کانی ئێرانیش واده‌که‌ن، به‌ر له هه‌ر شتێک له ڕووی ڕێزمانی و شێوه نوسینه‌وه ڕه‌نگه ئه‌مه هه‌ڵه بێت، به‌ڵام ده‌رخه‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌که که نه‌ته‌وه‌کانی کورد و تورک له ئێران‌دا هه‌یانه. واته دزه‌کردنی ئاستێکه له ناڕه‌زایه‌تی بۆ ناو زمان وڕێنووس و به‌رده‌نگانی فارسی، شه‌قام و پانتای گشتی فارس ئه‌م جۆره نوسینه وه‌ک تۆمه‌ت و تاوان ده‌زانن و ئه‌نجامده‌رانیان به که‌سانی جودایی‌خواز یان وه‌ک خۆیان ده‌یڵێن “ته‌جزیه‌ته‌له‌ب” که مه‌به‌ستیانه ئێران پارچه‌پارچه بکه‌ن و کوردستان جیا بکه‌نه‌وه و ده‌وڵه‌تی کوردی دامه‌زرێنن ده‌زانن. له ڕوانگه‌ی ئه‌م ئایدۆلۆژیست و ئێرانشارخوازانه‌وه ئه‌وه‌ی که به‌و شێوه‌یه بنوسیت جێگه‌ی گومانه و ده‌بێ پاکانه بۆ خۆت بهێنێته‌وه و تۆبه بکه‌ی له ده‌رگای ئێرانی گه‌وره، ئه‌گینا قبووڵ ناکرێیه‌توه. ئه‌م شێوه نوسینه به شێویه‌ک له لایه‌ن ئایدۆلۆژیسته ئێرانییه‌کان ده‌خوێنرێته‌وه که هه‌ر که‌سێک ته‌نانه‌ت که‌سێکی فارسیش به بێ هیچ خواستێک بۆ ئازادی و ڕزگاری کوردستان له ده‌قێکی فارسی‌دا بنوسێت “کوردستان” جێگه‌ی گومان و ڕه‌تکردنه‌وه و سه‌رزه‌نشته، له ڕاستیدا ئه‌مه هه‌مان هه‌ڵوێستی زمانه‌وانیی ئایدۆلۆژیسته ئێرانییه‌کانه که له پاڵ به‌عسدا داده‌نیشێت و نازناو بۆ کورد و کوردایه‌تی داده‌تاشێت چون به‌عس به ئه‌وانه‌ی که هاوکاریی پێشمه‌رگه‌یان ده‌کرد یان پێشمه‌رگه بوون و سه‌رکردایه‌تی پێشمه‌رگه‌یان ده‌کرد ده‌وت موخه‌ڕیبین واته تێکده‌ران.
ڕاسته شته‌که له دوو ئاستی جیادایه به‌ڵام به‌رهه‌مهێنانی تێڕوانینه ئایدۆلۆژیکه‌کان له سۆنگه‌ی زمانه‌وانییه‌وه ئاوه‌ها ده‌لاله‌تێکی ده‌بێت بۆ فاشیزم و ڕۆحی هه‌ڵنه‌کردن و ڕه‌تکردنه‌وه و ئه‌ویدیکوشتن، له لایه‌ن ئه‌ویدییه‌ک که خۆی به سه‌رده‌ست و گه‌وره ده‌زانێت، دوای دانانی ئه‌و وێنه‌یه له لایه‌ن وریاوه و نوسینی وشه‌ی “کوردستان” هێرشێکی زۆر له لایه‌ن هۆگرانی پێشووی و فاشیستان و دژبه‌رانی ئێستای، کرایه سه‌ر و هێرشه‌که به‌ڕاده‌یه‌ک له پانتای گشتی و فه‌زای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا گشتگیر بوویه‌وه که وریای ناچار کرد لێی پاشگه‌ز بێته‌وه و خۆی به فیداکاری ئێران بناسێنێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی وریا غه‌فووری چ جۆره تێڕوانینێکی بۆ پرسی کورد و چاره‌نوسی کورد و کوردستان هه‌یه ئه‌م دیمه‌نه پیشانده‌ری جۆره زه‌ختێکی گرووپه‌کانی فشار و زه‌ختی گشتگیری ده‌سه‌ڵاته له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یدا، کاتێک ئێمه باس له یه‌کانگیریی ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی و ئایدۆلۆژیک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکێکی به ڕواڵه‌ت ئازادیخواز و دیموکرات، که دژی هه‌ر جۆره مافخوازییکی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌م یه‌کانگیرییه نه‌پۆڕ و دژواز و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌یه که ئێرانی کردووه به تابۆ و هه‌ر که‌سێک له خه‌رمانه‌ی پیرۆزی ئه‌و ناوه لابدات دادگایی ده‌کرێت و سزا ده‌درێت به شێوه‌ی ڕه‌مزی یان واقیعی، کۆی ڕووداوه‌که ده‌رخه‌ری پلانێکی ئه‌ندازیاریکراو و درێژخایه‌نه که که‌سایه‌تیی تاکی کورد له ئاسته هه‌ره بچووکه وشیاری و وریاییه‌که‌شیدا به‌ره‌و دووکه‌رتبوون و دووشه‌قبوون ده‌با و سایکۆلۆژیای خۆخۆری و ئه‌ویدیپه‌رستی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای کورددا جێگیر ده‌کا، به شێوه‌ی وشیار یان ناوشیار، به ڕای من وانه‌ی گه‌وره‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی وریا نه‌ک به زه‌ره‌ر و زیانی که‌سایه‌تیی ئه‌و به‌ڵکوو له پێناو ڕوونتربوونه‌وه‌ی که‌لتوورێکی فاشیستی و ئایدۆلۆژیسته که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ئایدۆلۆژیسته‌وه هه‌م ئاڕاسته ده‌کرێت و هه‌میش ده‌چه‌وسێنرێته‌وه و هه‌میش گاڵته‌ی پێ ده‌کرێت و ده‌بێت به ئامراز، ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌یه که ئایدۆلۆژیی به ته‌واوی مانای خۆیه‌وه ته‌نها شتێک که به‌رهه‌می ده‌هێنێت ئۆبژه و به‌رکاره و ته‌نها ئامانجیشی کوشتنی سووژه و بکه‌ره‌کانه، به‌و هیوایه‌ی وریایی هیوا له گوتاری کوردی‌دا خۆی مانیفیست بکات، له هه‌ر حاڵه‌تدا ئه‌و که‌سایه‌تییه‌کی بوێر و سه‌ربه‌رز و شکۆداری له لای ئێمه‌ی کورد ده‌بێت ئه‌گه‌رچی زه‌خت و دانپێدانانی زۆره‌ملیش هه‌بێت و ناچار بێت هه‌ندێ قسه‌ی نه‌خوازراو و نابه‌دڵ بکات.