مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەهای ئەوەی هەیە حکومەتی هەرێم، لە تەک کاراترکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی رووبەڕووبونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان؛ دامەزراوەی تایبەتمەند، لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دابمەزرێت، کە کاری لەپێشینەیان سنوردارکردنی حاڵەتەکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بێت، بەتایبەت لەناو گەنجان و نەوجەوانان. هاوکات، دامەزراندنی چەند سەنتەرێک کە ئەرکیان چارەسەر و ڕاهێنانەوەی ئەو قوربانییانە بێت ئاڵودەی ماددەى هۆشبەر بوون وەک پێداویستییەکی دیکەی ئەم قۆناغە خۆی دەناسێنێت.
لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان نزیکەی ـ ٥۱۳ کم ـ سنووری هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و ئێرانیش دوای ئەفغانستانبە پایتەختی ماددە هۆشبەرەکان ناسراوە، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت،
ئەمە لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا هەموو هەولێك دەدات بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەلگەی کوردستان، ماددە هۆشبەرەکانیش یەکێکە لە ڕێگە و ڕێکارەکان بۆ ئەوەی پلانەکەی جێبەجێ بکات، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان زیان بە هەژموونی ئێران دەگەیەنێت، بۆیە بە دلنیایی ئێران لە هەمبەر ئەو جێگرەوەی دەستەوەستان نابێت.
یەکێکی تر لە دراوسێیەکانی هەرێم وڵاتی تورکیایە کە لەدێر زەمانەوە یەکێك بووە لەو ڕژێمانەی ماددە هۆشبەرەکانی بەکارهێناوە بۆ پەیداکردنی سەرمایە، پارە، هەروەها کردویەتی بە چەکێکی ژەهراوی بۆ نەیارانی!
سوریا کە لە ئێستادا مەنزلی بەشێکی زۆری ڕێکخراوە توندڕە و تیرۆرستییەکانە بەتایبەتی داعش، ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو درمە ژەهراوییە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەموو ئەو هۆکارانە وا دەکەن ئامارەکانی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان ساڵ دوای سال ڕوو لە زیادبوون بکات، ئەمەش زەنگێکی مەترسی گەورەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم، لەبەرئەوەی زیانێکی گەورەی ئابووری هەیە ڕێژەیەکی زۆر لە سەرمایەی تاك دەچێتە دەرەوە بەبێ سوود، هەروەها دەبێتە هۆی تێکدانی کۆمەڵگە و زیادبوونی ڕێژەی تاوان لە جۆری تاوانە گەورە و قێزەونەکان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدار و گوازراوەکان و بێ ئاگایی و دواکەوتنی کۆمەڵگە.
جگە لەوانە، دواجار لە ئەگەری بەردەوام زیاد بوونی ڕێژەکە وا دەکات چارەسەرکردنیشی هێندە زێدەتر ئەستەم بێت!
لێرەدا چەند زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیمان، بەکارهێنانی سەرمایە و تواناى مرۆیی زۆر بۆ چارەسەرکردنی توشبووان و کەمکردنەوەی دیاردەکە، ئەوە جگە لە دواخستنی کۆمەڵگە لە پێشکەوتنی سەردەم.
بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جددی بیر لەو مەترسییە مەزنە بکاتەوە، کە ئامارەکان دەریدەخەن، ڕێژەکەی لە زیادبوونێکی خێرا و چاوەڕوانەکراوی مەترسیدارە.
چۆن ڕێگری لە زێدە بوون و کەم کردنەوەی ڕێژەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بکەین لە هەرێمی کوردستان؟
ـ گۆڕینی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بەم بوارە و زیادکردنی سزا و چاو پۆشی نەکردن لە هیچ کەسێك و جێبەجێکردن یاسا وەکو خۆی.
ـ کردنەوەی خولی هۆشیار کردنەوە و بڵاوکردنەوەی نامیلکە و وۆرك شۆپ و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و گەڕانی مەیدانی.
ـ دابینکردنی کەسانی شارەزا و پسپۆر لە بەندیخانەکان بۆ کەسانی ئالوودە بوو، تاوەکو دوای گەڕانەوە بۆ نێو کۆمەلگە هەست بە زیان و کاریگەرییە خراپەکانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن و نەگەڕێنەوە سەر هەمان کار.
ـ دابینکردنی هەلی کار بۆ کەسانی تووشبوو، تاوەکو بۆشای لە ژیانیان نەبێت کە هۆکارێکی گرنگی تووشبوون بە ماددە هۆشبەریەکان بوونی بۆشای و بێکاریە، بۆشاییەکی زۆری کات لای گەنجان و هەرزەکاران هەیە، دەبێت حکومەت ئاوڕی جددییان لێ بداتەوە و، ڕاستە دامەزراندن زەحمەتە، بەڵام خۆ دەکرێت پڕۆژەی جیاواز جێبەجێ بکرێن و لە کەرتی تایبەت جێگەیان بکرێتەوە.
ـ توندکردنی زیاتری خاڵە سنووریەکان و دانانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ، هەروەها بەکارهێنانی ئامێرەکانی پشکنینی پێشکەوتوو.
– ڕێگری کردن لە هاتنی بەلێشاوی پەنابەر و کۆمپانیای وەهمی و کرێکار، لەبەرئەوەی زۆر جار ئەوانە دەکرێن بە ئامڕازێك بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
کردنەوەی ئەم بەرەی جەنگە بە ڕووی هەرێم و پەرەسەندنی مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، دەرکەوتنی خەت و خاڵ و سەرەتای کۆتاییەکی خراپە، لە دیاردەیەکی مەترسیدار.
لەبەر ئەو ڕاستییە تاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە و، پەیوەندیدارن بە ئاسەوارە خراپەکانی ماددەی هۆشبەر لە پەیکەری ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گەلان، کاریگەری زیادبوونی بەکارهێنەرانی ئەم ماددانە لەناو نەتەوەی کورد زیاترە؛ بەتایبەت کە خاوەنی کێشەیەکی گەورەی سیاسین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەکرێت دەوڵەتە سەردەستەکان بە سیستەماتیک بیانەوێت لەڕێی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرەوە، توانستی مرۆیی پاسیڤ بکەن و، ئیرادەی نەتەوەیی و کوانوی بەرگری و هۆشیاری نیشتمانی لەناو خەڵک و گەنجانی کورد، کزتر بکەن. لەناو ئەم هاوکێشەدا، کردنەوەی ئەم بەرەی جەنگە بە ڕووی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنی مامەڵەکردن بە مادە هۆشبەرەکان دەرکەوتنی خەت و خاڵ و سەرەتای کۆتاییەکی خراپە لە دیاردەیەکی مەترسیدار کە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندوتۆڵ هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی.
ئامارەكان لەسەر ئاستی هەرێم
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، (٤١٥) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوەو (٩٤١) تۆمەتبار دەستگیركراون، (٧٦٨) كەسیان دۆسیەكانیان لە دادگا یەكلانەبووەتەوەو لەژێر لێكۆڵینەوەدان، (٩٧) كەسیش سزادراون و (٧٦) كەسی دیكەش ئازادكراون.
بەپێی ئامارەكە، ساڵی ڕابردوو دەستگیراوە بەسەر بڕی (٤١٥) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر كە جۆرو بڕەكانیان بەم شێوەیەیە: (١٧) كلیۆ و (٥٠٠) گرام تلیاك
(٣٨٣) کیلۆگرام هێرۆین
(١٣) كیلۆگرام كریستاڵ
كیلۆیەك و (٣٠٠)گرام ماریگوانا