“ئاماژه”
تێگه‌یشتن له سه‌له‌فییه‌ت به بێ تێگه‌یشتن له تێڕوانینی ئه‌وان یان ئه‌و فۆرمه له ژیان له ناو شوناسێکی دیاریکراودا پێناسه‌ی ده‌که‌ن ئه‌سته‌مه، واته؛ پێکهاتی شوناسێک که پێناسه‌ی ده‌که‌ن و ئه‌و مۆدێل و چه‌شنه له ماناسازیی ده‌یخه‌نه ڕوو، دیاریکه‌ری ماهییه‌تی ئه‌وان ده‌بێت. لێره‌دا ئه‌مه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه؛ هه‌ر فۆرمێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕادیکاڵ کۆمه‌ڵێک گریمانه و پێناسه‌ی هه‌یه بۆ شووناسی خۆی و له‌وێوه هه‌ڵسوکه‌وتی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو دونیادا دیاری ده‌کات، له‌و کڵاڕۆژنهیهوه ده‌ڕوانێته دونیا و هه‌موو تێگه‌یشتنیشی له سه‌ر کۆڵه‌که‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه بونیاد ده‌نێت! بۆیه گرینگه ئه‌و تێڕوانینانه‌ی که بۆ شووناس له ناو گرووپه سهلهفییهکاندا هه‌یه بناسین، تاکوو له ماهییه‌ت و پێکهات و تایبه‌تمه‌ندیی خۆجێیی سه‌له‌فییه‌ت و سه‌له‌فییه‌کان له کوردستاندا باشتر تێبگه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سێ کۆمه‌ڵناسی شاره‌زای ئه‌م بواره دێنینه به‌رباس.
“ئامارتیا سێن؛ شووناس و تووندوتیژی”
“ئامارتیا سێن” له‌به‌رچاونه‌گرتنی چه‌ند ده‌نگی و فره‌ڕه‌هه‌ندی له شووناس به هۆکاری “تاقبوون”ی شوناس ده‌زانێت. له تێڕوانینی ئه‌ودا که‌سه‌کان شووناسی فره‌ڕه‌نگ و فرهڕهههندییان هه‌یه. به‌ڵام کاتێک ئه‌م فره‌ڕه‌هه‌ندییه پشتگوێ ده‌خرێت و ته‌نها یه‌کێک له سه‌رچاوه شووناسییهکانی که‌س یان تاک زه‌ق ده‌بێته‌وه و هه‌ر مرۆڤێک ته‌نها و ته‌نها به یه‌ک شووناس ده‌ناسرێته‌وه “تاق” بوون یان تاقانه‌یی له شووناسدا دێته ئاراوه. به ڕای “سێن” تاقبوونی شووناس هۆکاری سه‌ره‌کی هاتنه‌ئارای تووندووتیژییه. ئه‌و ئه‌م تێڕوانینه له هه‌مبه‌ر تێڕوانینی فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگخوازی داده‌نێت و داکۆکیی ده‌کات که ئه‌م جۆره له هه‌ڵسووکه‌وت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ شووناسه‌کان ده‌توانێت گرژی لێبکه‌وێته‌وه. (بێگومان گریمانه‌ی “تاق”ایه‌تی نه ته‌نها سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی زۆرێک له بیردۆزه‌کانی شوناسه، به‌ڵکوو چه‌کی زۆر کۆن و سواوی بکه‌ران و ئه‌کته‌رانی ئه‌و ده‌سته و تاقمانهشه که خوازیاری پشتگوێخستنی گشتیی هه‌رجۆره په‌یوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ ئهویدین، په‌یوه‌ندییه‌ک که ببێته هۆی کزبوونی وه‌فاداریی خه‌ڵکه‌که بۆ گرووپێکی دیاریکراوی تایبه‌ت که خۆیان بن. پاڵنه‌ر و ئاخێزگه‌ی پشتگوێخستنی هه‌موو وابه‌سته‌یی و گرێدراوێتی و وه‌فادارییه‌کان، جگه له‌وه‌ی که په‌یوه‌سته به شووناسێکی به‌رته‌سککه‌ره‌وه و له کانیی ئه‌و هه‌ڵده‌قوڵێت، ده‌توانێت به شێوه‌یه‌کی قووڵیش فریوده‌ر بێت و گرژیی کۆمه‌ڵایه‌تی و توندووتیژییش زیاتر بکات))((سێن، 1388: 25-51).
“سێن” هۆکاری تووندوتیژییه سیاسییه‌کان له ئاستی جیهان له هه‌ڵسوکه‌وت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ موسوڵمانان و ڕادیکاڵبوونی موسڵمانان به به‌رئه‌نجامی تێڕوانینی تاقانه بۆ شووناس ده‌زانێت و باوه‌ڕی وایه که ته‌نها و تاقانه شتێک که له شوناسی که‌سی موسوڵماندا ده‌ناسرێت و پێناسه ده‌کرێت شوناسی ئیسلامییه و گوێ نادرێته لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی شوناسی ئه‌و. ئه‌و زۆر به توندی بیردۆزی پێکدادان و شه‌ڕی شارستانییه‌ته‌کان؛ که سامۆئێل هانتینگتۆن خستییه ڕوو ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و خستنه ڕووی ئاوه‌ها بیردۆزێک ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌ی تاقانهبینینی شوناسه‌کان. (له ڕیزبه‌ندیی خاوی شارستانییه‌ته‌کاندا، یه‌کێک له‌و ته‌تڵه و جوداکارییانهی که زۆر لێڵ و ناڕوونه…جیاوازیی و هه‌ڵاواردنی نێوان 1)که‌سێک که موسوڵمان‌بوون بۆ ئه‌و شوناسێکی گرینگه به‌ڵام حه‌تمه‌ن تاقانه شوناسی ئه‌و نییه و 2) که‌سێک که به گشتی یان له بنه‌ڕه‌تدا به شووناسی ئیسلامیی خۆیه‌وه پێناسه ده‌کرێت. ئه‌م لێڵی و تهمومژاویبوونه، که له باسه‌کانی په‌یوه‌ست به سیاسه‌ته‌کانی هاوچه‌رخ له‌باره‌ی جیاوازیی نێوان موسڵمانبوون و هه‌بوونی شوناسی ئیسلامیی تاقدا هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ندێک نیگه‌رانیی گومڕاکه‌ر و گێژکهرانه که به دڵنیاییه‌وه پشتبه‌ستنی تایبه‌ت و دانسقه به ڕیزبه‌ندییه‌کی خاوی شارستانیانه یه‌کێک له‌وانه‌یه)(همان:130).
“ئیمانۆئێل کاستێلز؛ شووناس وه‌کوو پرۆسێسی ماناسازیی”
“ئیمانۆئێل کاستێلز” قایل به شووناسێکی دیاریکراو بۆ هه‌ر بکه‌رێک نییه، به‌ڵکوو باوه‌ڕی وایه؛ که له کۆمه‌ڵگاکانی ئێستادا هه‌ر که‌سێک خاوه‌نی شوناسگه‌لی جۆراوجۆره که ئه‌مه‌ش خۆی ده‌بێته هۆی به‌دیهاتنی شووناسه کۆییه جۆراوجۆره‌کان. شووناسی کۆیی و ده‌سته‌جه‌معی سه‌رچاوه‌ی مانایه بۆ بکه‌ر که له لایه‌ن خودی ئه‌وه‌وه و له پرۆسێسێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دروست ده‌بێت. “کاستێلز” هۆکاره‌کانی ده‌سه‌ڵات و ڕێکخراوه‌کان و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له شکڵگریی شووناسه گشتییه‌کاندا به کاریگه‌ر ده‌زانێت، به‌ڵام شووناس تا کاتێک که له لایه‌ن بکه‌ره‌وه نه‌بێت به به‌شێک له ده‌روون و سرووشتی کرداریانه‌ی نابێت به سه‌رچاوه‌ی مانا بۆی. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر کات یه‌کێک له شووناسه کۆییه‌کان به سه‌ر ئه‌وانیدیکه‌دا زاڵ بوو هه‌مان شووناس وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی شوناسی که‌سه‌که ده‌ناسرێت. “کاستێلز” شووناس به‌م شێوه‌یه پێناسه ده‌کات (پرۆسێسی ماناسازی به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی که‌لتووری یان کۆمایه‌کی پێکه‌وه گرێ‌دراو له تایبه‌تمه‌ندییه که‌لتوورییه‌کان که له چاوه‌ی سه‌رچاوه ماناییه‌کانی دیکه‌دا به سه‌رتر داده‌نرێت).(کاستێلز، 1384: 2/22).
“کاستێلز” به پێی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات سێ جۆر شووناس لێک جودا ده‌کاته‌وه؛
1- شوناسی ڕه‌وایی به‌خش؛ ئه‌م جۆره شووناسه له لایه‌ن ڕێکخراوه زاڵه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و به مه‌به‌ستی زیاتر زاڵبوونیان به سه‌ر بکه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دروست ده‌بێت. ئه‌م شووناسه له‌گه‌ڵ بیردۆزه جۆراوجۆره په‌یوه‌سته‌کان به نه‌ته‌وه‌خوازییش یه‌ک دێته‌وه و ته‌بایه.
2- شوناسی به‌رگریکار؛ ئه‌م شووناسه له لایه‌ن بکه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی و له هه‌لومه‌رجێکدا دروست ده‌بێت که ئه‌وان له لایه‌ن لۆژیکی ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌وه به بێ نرخ له قه‌ڵه‌م دراون یان مۆرکی نه‌نگی و هیچوپووچی و هه‌رچی و پهرچیبوونیان به سه‌را دراوه. له‌م حاڵه‌ته‌دا بکه‌ران، شووناسی خۆیان به پێی به‌رگری له هه‌مبه‌ر دیسیپلین و بنه‌ما په‌سه‌ند و پشتیوانکراوه‌کانی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا بونیات ده‌نێت.
3- شوناسی به‌رنامه‌دار؛ ئه‌م شووناسه کاتێک دروست ده‌بێت که بکه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی شووناسێکی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای دیسانه‌وه پێناسه‌کردنی نوێی باردۆخ و شوێنگه‌ی خۆیان له کۆمه‌ڵگا دروست ده‌که‌ن و به‌م شێوه‌یه به دوای گۆڕینی شکڵ و شێوه‌ی کۆی پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ن. کاستێلز بۆ ئه‌م بابه‌ته نموونه‌ی شووناسی فیمینیستی دێنێته‌وه که کۆی پێکهاتی باوکسالار و ڕه‌گه‌زییانه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌باته ژێر پرسیار و ناو بازنه‌ی گیروگرفته‌وه.
“ئولیڤییه ڕۆی؛ شکستی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی جیهانگیر”
“ئولیڤییه” ڕۆی له بواری ڕه‌وت و گرووپه ئیسلامییه‌کاندا لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆری کردووه که ئه‌نجامه‌که‌ی بووه به دوو کتێب له‌م باره‌یه‌وه له ژێر ناوه‌کانی “شکستی ئیسلامی سیاسی” و “ئیسلامی جیهانگیر”. بیروڕاکانی ئه‌و له‌باره‌ی گرووپه جۆراوجۆره ئیسلامییه‌کان له کتێبی “شکستی ئیسلامی سیاسی”دا خراونه‌ته ڕوو و تێڕوانینه‌کانی له‌باره‌ی ئیسلامییه ڕادیکاڵه‌کان یان هه‌مان سه‌له‌فییه‌ت له کتێبی ئیسلامی جیهانگیردا هاتووه. ئه‌و له کتێبی شکستی ئیسلامی سیاسی‌دا سێ گرووپی گه‌وره له جیهاندا له پاش ڕه‌وتی بێداریی ئیسلامیی (سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م) چالاک بوون له یه‌ک جوێ ده‌کاته‌وه:؛ زانا سونه‌تییه‌کان، ئیسلامییه‌کان، بناژۆخوازانی هاوچه‌رخ. زانا سونه‌تییه‌کان که‌متر خۆیان له قه‌ره‌ی بابه‌ته سیاسییه‌کان ده‌ده‌ن. ئه‌وان زیاتر داکۆکی‌یان له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی دروستی شه‌ریعه‌ته و له‌و شوێنه‌شدا که دێنه ناو پانتای سیاسه‌ته‌وه ته‌نها داوا له حاکمه‌کان ده‌که‌ن که یاساکان له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌دا بگونجێنن و باوه‌ڕێکیان به شۆڕشی ئیسلامی نییه. به‌ڵام ده‌سته‌ی دووه‌م، واته؛ ئیسلامییه‌کان له ئه‌نجامی هه‌لومه‌رجی ناله‌باری کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کاندا هاتۆته ئاراوه، “ڕۆی” کۆمه‌ڵگا ئیسلامیییهکانی سه‌رده‌می بووژانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی ئیسلامی سیاسی به کۆمه‌ڵگایانی لێک هه‌ڵوه‌شاو و هه‌ژار و بێ به‌ش ده‌زانێت، که خه‌ڵکه‌که‌ی به مه‌به‌ستی بینینه‌وه‌ی شووناس و جۆرێک له جێگیری، ده‌ستیان له ئایدۆلۆژییه نادینییه‌کانی دیکه شۆرد و ئه‌مجاره‌یان گرووپه ئیسلامییه‌کانیان کرد به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ ئه‌م جێگیریی و شووناسدۆزییه. (لایه‌نگران و پشتیوانانی ئیسلامییه‌کان، نه‌ریتخوازه پێشوه‌کان نیین، به‌ڵکوو ئه‌و شارنشینانهن که به به‌ها و بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی و نوێباو ده‌ژین و ژیانی گوندییان وه‌لایه‌ک ناوه و هاتوونه‌ته شاره‌وه. ژیانی ئه‌مانه سینه‌ما، قاوه‌خانه، ڤیدیۆ و فووتباڵ و…ه و به شێوه‌یه‌کی خه‌ست له ژێر کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵگای به‌رخۆر و به‌کارهێنه‌رن. به‌ڵام بێ‌کاری، بێ سه‌رئه‌نجامی، هه‌ژاری و حه‌قده‌ستی خواریان به‌ر و داهاتی کۆمه‌ڵگای به‌رخۆری و به‌کارهێنه‌ری بۆیان نه‌کرده و مه‌حاڵ کردووه و به قووڵی له‌م ڕووه‌وه ئازار ده‌کێشن. ڕۆی، 1378: 4).ئه‌م گرووپه که ڕۆی به ئیسلامی سیاسیی ناوزه‌دیان ده‌کات به شوێن دروستکردنی حکومه‌تی ئیسلامین. ئه‌مانه باوه‌ڕیان به شۆڕشی ئیسلامییه و بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه هه‌وڵێکی زۆر ده‌ده‌ن.
“ڕۆی” ده‌سته‌ی سێیه‌م به نوێ بناژۆخواز ناوزه‌د ده‌کات که به باوه‌ڕی ئه‌و له ئه‌نجامی شکستی ئیسلامییه سیاسییه‌کان به‌دیهاتن و شیکارییه‌کی وردی ئه‌مه له کتێبی دواتری واته ئیسلامی جیهانگیردا به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. ئه‌و هه‌روه‌ها یه‌کێک له هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ده‌رکه‌وتن و ڕادیکاڵبوونی ئه‌م ڕه‌وته ئیسلامییه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رنجی ڕووت و په‌تی بۆ ڕه‌هه‌ندی ئیسلامیی شووناسی موسڵمانان و ئایینیبوونی ململانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێوان موسڵمانان و جیهانی ڕۆژئاوا. (باوه‌ڕمه‌ندان به ئایینێک بۆ ئه‌وه‌ی شووناسی خۆیان له هه‌مبه‌ر ئه‌وانی دیکه بناسێنن به خێرایی خۆیان هه‌ڵده‌پێکن به گرووپێکه‌وه له ناو ئایینزایه‌ک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گرووپێکی که‌مینه‌ش بێت، کۆتاییه‌که‌ی جۆرێک بناژۆخوازیی و ڕههاپهرستی کۆمه‌ڵایه‌تییه به قازانجی به‌رپرسیارێتی و دهرهوهستییهکی تاکه‌که‌سی که ببۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئایینزا له دۆخی یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان(ڕه‌نگه هۆکاری سه‌ره‌کی و زاڵیش)ی دروستکه‌ری هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگا، تێپه‌ڕێت و ببێت به کۆمه‌ڵگایه‌ک به پێی ئیراده‌ی لاواز و ژێرکهوتهی ئه‌ندامه‌کان. کاتوولیکه‌کانی “فه‌ره‌نسه” نایانه‌وێت شووناسی خۆیان له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ شووناسی فه‌ره‌نسیدا پێناسه بکه‌ن به‌ڵکوو خۆیان به گرووپێک ده‌زانن له هه‌مبه‌ر زۆرینه‌ی لائیکهکاندا. ڕۆی، 1387: 28-29). هه‌روه‌ها ڕۆی هۆکاری ده‌رکه‌وتنی گرووپه ڕادیکاڵه ئیسلامییه‌کان سه‌ره‌ڕای کرده‌وه‌کانی ئیسلامییه سیاسییه‌کان، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ جموجووڵه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که. (به دڵنیاییه‌وه له قۆناغی یه‌که‌مدا له ئاسایی و گشتیبوونه‌وه‌ی ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان سه‌رچاوه ده‌گرێت که فه‌زا بۆ هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییه ئیسلامییه‌کان ئاوه‌ڵا ده‌کات. دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گۆڕانکاری له هه‌ڵوێستی ستراتیژیکی نێوان ساڵه‌کانی 1989 و 1992 واته ؛ دوابه‌دوای ده‌رچوونی هێزکانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت له ئه‌فغانستان، شه‌ڕی که‌نداو، له‌شکرکێشیی شکست‌خواردووی ئه‌مریکییه‌کان له سۆماڵ، واته له سه‌ر شانۆ نه‌مانی ورده‌ورده‌ی دوژمنه کۆمۆنیسته‌کان و ئاماده‌یی سه‌ربازیی ئه‌مریکییه‌کان له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. به‌ڵام ڕادیکاڵیزه بوون هه‌روه‌ها یه‌کێک له ئه‌نجامه‌کانی جیهانگیریی ئیسلام و گه‌شه‌سه‌ندنی هاوته‌ریبی ده‌سه‌ڵاتی ئامریکایه. به هاتنه‌ئارای پرۆژه‌ی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئومه‌تی ئیسلامی، ڕادیکاڵه‌کان بێ سێ و دوو له‌گه‌ڵ تاقانه ده‌سه‌ڵاتی جیهانی تاقجهمسهر واته ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه. ئه‌وان ئه‌م ململانێیه به پێکدادانی نێوان دوو شارستانییه‌تی ئیسلام و ڕۆژئاوا ده‌زانن و ده‌سته‌واژه‌ی (ڕکابه‌ر و دوژمن)ی سه‌ربازی-سیاسیی هه‌ڵده‌پێکن به ئیمپراتۆریی ئه‌مریکاوه. ڕۆی، 1387: 199).
له دواجاردا؛ کاستێلز شووناس به پرۆسێسێکی ماناسازیی ده‌زانێت که له ڕه‌وتی پرۆسێسه‌که‌دا بکه‌ره‌کان به که‌ڵکوه‌رگرتن له سه‌رچاوه جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان مانا دروست ده‌که‌ن. سهلهفییت یان سهلهفیگهریش له کوردستان به پێی بیروڕاکانی “کاستێلز” سه‌رچاوه‌یه‌کی مانا بۆ هۆگران و پێڕهوکارانێتی که له درێژه و به‌ستێنی پرۆسێسێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له لایه‌ن خودی سه‌له‌فییه‌کانه‌وه شکڵی گرتووه. ئه‌و به پۆلێنبه‌ندیکردنی شووناس به سێ ده‌سته‌ی ڕه‌وایی به‌خش، به‌رنامه‌دار و به‌رگریکارانه، ئه‌م ئه‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م که له ڕێگه‌ی دیاریکردنی جۆری شووناسی سه‌له‌فییه‌ت، له چوارچێوه و قاڵبی یه‌کێک له‌م سێ جۆره سه‌له‌فییه‌ته پێناسه که‌ین. له لایه‌کی دیکه‌وه، بۆ شیکردنه‌وه‌ی زیاتری شووناسی سه‌له‌فییه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی بنج و بناوانی هۆکاره‌کانی تووندوتیژیی ئه‌م شووناسه ده‌کرێت له بیروڕاکانی “سێن” که‌ڵک وه‌ربگیردرێت؛ به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌یه‌کی مانابه‌خشی(ئیسلام) بۆ پێناسه‌کردنی ڕه‌هه‌نده شووناسییهکانی خۆی، به پێی بیردۆزه‌ی “سێن”، تاقبوون بووه به تایبه‌تمه‌ندیی زه‌ق و دیاری شووناسی سه‌له‌فییه‌ت. بیردۆزه‌ی دیکه په‌یوه‌سته به هۆکاره‌کانی گه‌شه و ده‌رکه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌له‌فییه‌تی جیهانیی له ڕوانگه‌ی ڕۆی-ه‌وه. به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌ت هه‌ڵگری جۆراوجۆریی زۆره له ئاستی دونیادا و ئه‌م ڕه‌وته له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا به سه‌رنجدان به به‌ستێن و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه ئاماده‌کان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فییه‌تی جیهانییدا هه‌ڵگری جیاوازی و خالی هاوبه‌شیشه.
سه‌له‌فییه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش به سه‌رنجدان به به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی شکڵی گرتووه و هه‌لومه‌رجی جۆراوجۆر له دروستبوونیدا کاریگه‌ر بووه. سه‌له‌فییه‌ت له کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ڕه‌هه‌ندی جیهانی، تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌ییشی هه‌یه. پرسی ئیتنیک له نێو کورده‌کان و زاڵبوونی حیزبه سیکولاره‌کان له ناوچه‌که‌دا دوو تایبه‌تمه‌ندین که سه‌له‌فییه‌تی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فییه‌تی جیهانی جوێ ده‌که‌نه‌وه. بیرکردنه‌وه‌ی سه‌له‌فی له کوردستان ناتوانێت به بێ سه‌رنجدان به به‌ستێنی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی شکڵی گرتبێت و پرۆسێسی شوناسبهخشیی خۆی به بێ په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ پرسه‌کانی کوردستان تێپه‌ڕاندبێت. بیردۆزی “ڕۆی” ئه‌گه‌رچی په‌رژاوه‌ته سه‌ر هۆکاری سیاسی و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ڕه‌وتانه، به‌ڵام ناتوانێت نیشانده‌ر و نواندنه‌وه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌کان به نیسبه‌ت سه‌له‌فییه‌ته‌وه له هه‌موو شوێنه‌کانی دونیا بێت. له‌م ڕووه‌وه که هێشتا کوو بیردۆزێکی تایبه‌ت له‌باره‌ی بیرکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌له‌فییه‌ت و هۆکاره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی له کوردستان نه‌خراوه‌ته ڕوو، ئه‌م توێژینه‌وه‌یه مه‌به‌ستێتی بۆ دیاریکردنی جیهانبینیی سه‌له‌فییه‌کان به نموونه وه‌رگرتن له چه‌مکه‌کانی بیرمه‌نده ناوبراوه‌کان بپه‌رژێته سه‌ر ناسینی بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته شووناسسازه و به‌ستێن و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی له کوردستان زیاتر ڕوون بکاته‌وه.