ئاماژه‌یه‌کی خێرا دیسانه‌وه ساڵڕۆژی قڕکردنی جووله‌که‌کان هاته‌وه و زام و گرێی ئه‌نفالیش خۆی نیشان دایه‌وه، و کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئێمه ته‌نها ئه‌نفال له ئاوێنه‌ی نواندن و گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتێک بخوێنینه‌وه که نه له کۆنتێکستی مێژوویی ئێمه‌دا مانای وردی خۆی وه‌رده‌گرێ و نه ته‌عبیرێکی ڕاسته‌قینه ده‌کات له واقیع و ڕۆحی ئه‌نفال، کۆمه‌ڵگا، خه‌باتی سیاسی و دۆخی ئابووری و ژئۆپۆله‌تیکی کورد.
“هۆلۆکاست” ئه‌نجامی هه‌وڵی جووله‌که بۆ جیهانیکردنه‌وه‌ی پرسی خۆی و کاره‌ساته‌که‌ی بووە، ئایا کورد چیی کردووە بۆ ناساندنی “ئەنفال”.
(گه‌ڵاڵه‌کردنی چه‌ند پرسیار)
که‌واته؛ ده‌بێ سه‌ره‌تا بگه‌ڕێینه‌وه بۆ خودی “ئه‌نفال” و هۆکار و هه‌لومه‌رج و سیسته‌مێک که پیاده‌ی کرد و ئه‌و هاوکێشه سیاسی و ڕه‌گه‌زه کو‌لتووری و ده‌روونییه‌ی که خواستی سڕینه‌وه و قوربانیکردنیان به شیوه‌یه‌کی به‌رفراوان مانیفێست کرد! خۆ-لادان له‌م ڕاستییه له پله‌ی یه‌که‌مدا نیشانه‌ی هه‌ڵهاتنه له خودی واقیعی “ئه‌نفال” و پشتتێکردنی و چاو نوقاندن به‌سه‌ر ڕیزه‌چاڵ و قه‌تاره‌قیژه و زریکه‌کاندا و سه‌رنجدانه به کووره‌کان و سووتاندنه ته‌واو و گشتییه‌کانه له ئۆردووگاکانی؛ ئاشۆیتس و بیرکناو، داخائۆ، مایدانک، خێلمنو و…خودی هۆلۆکاست له ڕووی وشه‌ناسییه‌وه له زمانی یۆنانیدا به واتای “ته‌واوسووتاندن” یان”سووتاندنی کامڵ” دێت و له زمانی عیبریشدا زاراوه‌یه‌کی ئایینییه که به واتای قوربانی‌کردنی ئاژه‌ڵێکی نێره به‌پێی نه‌رێتی ئایینی جووله‌که. وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ڕووی ناونان و چه‌مکسازییه‌وه ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ زمان و پێکهاتی زه‌ینی و ئایینی و کو‌لتووری خۆیان یه‌که‌م ئه‌کتیش لێره‌وه ده‌ستی پێکردووه، حاشا له‌وه ناکرێت که هۆلۆکاست و ئه‌نفال(نه‌ک به ژماره و شێوازی پیاده‌کردن و دۆخی جێبه‌جێکران و پێوه‌ره جیاوازه‌کان، نه‌ک به‌پێی فره‌نه‌ته‌وه و تاق و توێژ و لایه‌نه سیاسییه جیاوازه قوربانی بووه‌کان که نێزیکه‌ی یازده ملیۆن جوو، پۆڵۆنیایی، هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و دژبه‌ره ئایینی و سیاسییه‌کان و ته‌نانه‌ت قه‌ره‌جه‌کان و هۆمۆسێکشواڵه‌کانیشی له‌خۆ ده‌گرت) به‌ڵکوو له قووڵایی زامێک که له برینی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و حه‌شامه‌تێکی ئینسانی ده‌که‌وێت هاوبه‌شن، به‌ڵام ئێمه ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و له‌مه ورد ببینه‌وه که ئایا تێڕامان له ئه‌نفال و بنیاتنانی جۆرێک له ئه‌نفالناسی ده‌بێت له ڕێڕه‌وی هۆلۆکاسته‌وه بێت؟
ئه‌نفال و هۆلۆکاست
له‌باره‌ی “ئه‌نفال” زۆر کراوه و فره وتراوه، به‌ڵام هێشتا که‌مه و تا ئێسته به باڵای ئه‌و ڕووداوه هه‌ر کورته! لێره‌دا ده‌مه‌وێ چه‌ند شتی خێرا له ساڵڕۆژی “هۆلۆکاست” که له ماوه‌ی جه‌نگی دووهه‌می جیهانی و نێوان ساڵه‌کانی(1941-1945) ڕووی دا و به قڕکردنی جووله‌که‌کان زیاتر ناسراوه و زۆرترین قوربانیش له ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه هه‌ر ئه‌وان بوون، له باره‌ی ئه‌نفاله‌وه بڵێم. “ڕۆژی 27ی ژانڤییه‌ی هه‌موو ساڵێک بیرخه‌ره‌وه‌ی پاکتاوکردنی جووله‌که‌کانه به ده‌ستی نازییه‌کان که بووه هۆی قڕکردنی 6 ملیۆن که‌س و مه‌رگی 3 میلیۆن که‌مئه‌ندام. له ڕێکه‌وتی 1ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2005 له میانه‌ی 42 هه‌مین دانیشتنی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڕیارێک ده‌رکرا که ئه‌م بڕیاره دوای دانیشتنێکی تایبه‌ت له 24ی ژانڤییه‌ی ساڵی 2005 په‌سه‌ند کرا. به پێی ئه‌م بڕیاره کۆبوونه‌وه‌ی گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان شه‌سته‌مین ساڵڕۆژی ئازادبوونی ئۆردووگاه زۆره‌ملییه‌کانی کار و کۆتاییهاتنی هۆلۆکاستی ڕاگه‌یاند. له 27ی ژانڤییه‌ی ساڵی 1945 ئۆردۆگای ئاشۆیتس گه‌وره‌ترین ئۆردۆگای مه‌رگی ئاڵمانی نازی، له لایه‌ن ئه‌رته‌شی سووره‌وه ئازاد ده‌کرێت. به‌پێی بڕیاری 7/60، ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزڕاگرتنی یادکردنه‌وه‌ی قوربانییه‌کان له لایه‌ن “ڕۆمان هریستوگریس” سه‌رۆکۆماری فیدراڵی ئاڵمان په‌سه‌ند کرا. ئه‌مساڵ حه‌فتاو شه‌شه‌مین ساڵڕۆژی کۆتایی هاتنی هۆلۆکاسته.”
ئه‌م ڕستانه؛ ئه‌و ئه‌نجامه‌مان پیشان ده‌دات که “هۆلۆکاست” چی بووه و چ ده‌سکه‌وتێکی بۆ جووه‌کان و چ به دواداهاتێکی بۆ ئاڵمانییه‌کان و به گشتی جیهان هه‌بووه؟ هۆلۆکاست چ پێناسه‌یه‌کی وه‌رگرتووه؟ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له تێکه‌وتنه باوه‌کان تۆزێک له سه‌ر ئه‌م ڕستانه له‌باره‌ی هۆلۆکاسته‌وه بیر بکه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین که له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نفال له ڕێگه‌ی هۆلۆکاست و به‌راوردکردنیان جگه له کوێره‌ڕێیه‌ک بۆ هه‌ڵاتن له‌وه‌ی که زیاتر ده‌بێ بیر له ئه‌نفال بکرێته‌وه، زۆرتر ده‌بێ ڕه‌هه‌نده‌کانی بخوێندرێته‌وه و فره‌تر ده‌بێ، به‌دواداچوون بۆ به‌ڵگه‌کان بکرێت و هه‌روه‌ها زیاتر له کۆمه‌ڵگای دوای “ئه‌نفال” بیر بکه‌ینه‌وه و به واقیعبینی قسه بکه‌ین، شتێکی دیکه نه‌بووه، ئه‌مه ده‌ریده‌خات؛ ئێمه ئه‌و سووژه و بکه‌ر نه‌بووین که ئه‌نفال له ناو زه‌مینه‌ی مێژوویی خۆی و په‌یوه‌ست به کۆمه‌ڵگا و گه‌لی خۆمان بخوێنینه‌وه، ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت؛ ئێمه هێشتا ئه‌نفالمان نه‌ناسیوه، زام و ئازاریمان به‌رکه‌وتووه، پێی گریاوین، خه‌یاڵی تۆقێنه‌ر و مۆته‌که‌ی جیاوازمان هه‌بووه، به‌ڵام نه‌بووه به وشیارییه‌کی ده‌سته‌جه‌معی و تێڕامانێکی شوناسبه‌خشانه، ئه‌نفال له پانتای گشتیدا جگه له کۆمه‌ڵێک چاوه‌ڕوانی دایکان و باوکان، پیره‌پیاوان و پیره‌ژنانی کۆماوه و گاڵۆکبه‌ده‌ست، جگه له هه‌زاران گوندی ڕ‌اگوێزراو و ته‌ختکراو که ته‌نانه‌ت نوستالیژیا و ڕابردووی خه‌یاڵئامێزی ئێمه‌شی بۆ خاک و شوێن و زێد کوشت، جگه له کڕووزا‌نه‌وه‌یه‌کی جێگه‌ی به‌زه‌یی هیچی دیکه‌ی لێ شین نه‌بووه! ئایا ده‌بێت یه‌خه‌ی کێ بگیرێت له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا که “ئه‌نفال” خه‌ریکه ڕه‌هه‌نده ئینسانی و شوناسبه‌خشه نه‌ته‌وه‌یی و گه‌ردوونییه‌کی ده‌دۆڕێنێت و خه‌ریکه ده‌بێت به یادکرنه‌وه‌یه‌کی ئاسایی و به‌تاڵ له ده‌لاله‌ت، وه‌کوو ڕۆژێک که له ناو ڕۆژمێردا هێڵێکی به‌ده‌و‌ردا ده‌کێشین بۆ ئه‌وه‌ی له بیرمان نه‌چێت که‌یه؟ ئایا ئه‌م حاڵه‌ته یادهێنانه‌وه و بیرکردنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌نفاله؟ شتێکی میکانیکی و یادداشتکراو؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌چێته‌وه! ئه‌م “له‌بیرکردنه” خۆی ئاماژه به چییه؟ ئایا له‌بیرکردنێکی ته‌واوه؟ پرۆسه‌یه‌کی ئاسایی فه‌رامۆشییه و تۆزی زه‌مه‌ن له‌سه‌ری نیشتووه یان ترۆما و شۆکی ڕووداوه‌که وه‌ها ئه‌نفالی گۆشه‌نشین و نامۆ کردووه؟ ئه‌مه ئه‌و باس و پرسانه‌ن که ئێمه ده‌بێت له ڕووبه‌ری گشتی و ناو جه‌ماوه‌ر و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا له‌سه‌ریان بوه‌ستین و به شوێن وه‌ڵامدا بین بۆیان.
ئه‌نفال و ده‌سه‌ڵاتی کوردی
له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا، ئێمه ده‌توانین چ پرسیارانێک گه‌ڵاڵه بکه‌ین؟ ئایا سیسته‌می سیاسی کوردستان به‌رپرسه یان ڕوونتر بڵێین به‌رپرسی سه‌ره‌کییه له‌وه‌ی که ئه‌نفال نه‌بوو به چه‌مک و پێوه‌رێکی ئه‌خلاقی-سیاسی تا هه‌ناو و ئاڕاسته‌ی سیسته‌م بپارێزێت و دیاری بکات؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له ڕوانگه‌ی منه‌وه به‌ڵێیه، بۆچی؟ یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که خودی “ئه‌نفال” زنجیره په‌لامارێکی سیسته‌ماتیک بوو که له لایه‌ن به‌عس-ه‌وه دژی نه‌ته‌وه‌یه‌ک کرا، خودی ئه‌مه په‌رچه‌کردارێک بوو له هه‌مبه‌ر خه‌بات و سیاسه‌ت و شۆڕشی سیاسی کورد، واته دژی بوونێک که به شۆڕش خۆی مانیفێست ده‌کرد! ئه‌گه‌ر یه‌کێک بڵێ عه‌ره‌ب له مێژوودا هه‌ر وه‌کوو ئه‌کت و تێز دژ به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بوون و ئه‌م کاره‌یان ناچێته خانه‌ی په‌رچه‌کرداره‌وه ئه‌وا ده‌بێ له وه‌ڵامدا بڵێین که ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕاست بێت و وه‌کو گریمانه یان ته‌نانه‌ت ڕاستییه‌کیش قبووڵی که‌ین، کێ ده‌توانێ له‌و قۆناغه‌دا بڵێ ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه کورده‌کان و شۆڕشه کوردییه‌کان نه‌بوایان به گرێیه‌کی قورس و قایم به سه‌ر دڵی به‌عس و ئێراقه‌وه ئه‌وان ده‌ستیان ده‌دایه ئه‌و کاره؟ لێره‌دا ئێمه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌شه‌وه ئه‌نفال بخوێنینه‌وه دیسان له به‌رپرسیارێتی یه‌که‌می ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی وه‌کو پارێزه‌ری ئێستای دونیای مادی و مه‌عنه‌وی هاووڵاتیان که‌م ناکاته‌وه، که‌واته؛ ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی کوردی به‌ده‌ر له‌وه‌ی وه‌کو لایه‌نێکی شوناسمه‌ندانه‌ی کوردی لایه‌نێکی شه‌ڕ و جه‌نگ بووه دژی هێز و ئیراده‌ی ئه‌نفالکه‌ر، ئه‌وا به‌رپرسه له چاره‌نووسی ئه‌و خاک و هه‌رێم و خه‌ڵک و خوایه‌ی که شه‌ڕی له پێناو ئازادکردنیاندا کردووه. له‌م ڕه‌هه‌نده‌ی ئه‌نفاله‌وه ده‌توانین بیر له کۆمه‌ڵگای پاش ئه‌نفال و دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بکه‌ینه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی دامه‌زراندنییه‌وه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا وێنه‌یه‌کی هه‌للاهه‌لاکراو و لێکدابڕاوی له خۆی پیشاندا، هێزانێک که پێش ئێسته به شێوه‌ی ڕێژه‌یی هاوپه‌یمان و یه‌کگرتوو بوون و دژی دوژمنێکی هاوبه‌ش خه‌باتیان ده‌کرد، ئێسته خه‌ریکن ده‌بن به دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری یه‌کدی، ئایا نه‌ده‌کرا پێش به وه‌ها دۆخێک بگیرێت و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌رگیز ڕوی نه‌دابایه؟ ئایا ئه‌مه ئه‌نجامی به‌رکه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له شه‌پۆله ده‌روونییه‌کانی ئه‌نفال و به‌دواداهاته ئه‌خلاقییه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگای پاش ئه‌نفالدا بوو؟ ئایا ڕوودانی شه‌ڕی ناوخۆ ڕه‌وتێکی لۆژیکیی ئازادکردن و گه‌شه‌ی کێسه‌ڵئاسای کۆمه‌ڵگه و جڤاکێکی وێرانه و شه‌قارشه‌قار بوو یان درێژکراوه‌ی شۆکێکی ناوشیار بوو که له پێکهاتی سیسته‌می سیاسی کوردی‌دا ئیرۆس و تاناتۆس(ژیان و مه‌رگ)ی پاشماوه‌کان و کۆمه‌ڵگای پاش ئه‌نفال دیاریده‌کات؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بده‌ینه‌وه که ئێمه ده‌مانتوانی باشتر بجووڵیینه‌وه له ئیداره‌کردنی کۆمه‌ڵگا و قووڵتر خوێندنه‌وه‌ی “ئه‌نفال” و به‌پێوه‌رکردنی ئه‌خلاقی و سیاسییانه‌ی “ئه‌نفال” ئه‌وا ئێمه باوه‌ڕمان به ئیراده‌گریی له پراکتیکدا هه‌یه و خۆمان به سووژه‌یه‌کی خاوه‌ن نیگا و مه‌عریفه ده‌زانین، که ده‌توانین نیگاکانمان پراکتیزه بکه‌ین، ئه‌گه‌ریش باوه‌ڕمان وابێت که ئه‌م شه‌ڕ و کاولکارییه هه‌ر ده‌بوو ڕوی بدایا و قۆناغێکی تێپه‌ڕی کۆمه‌ڵگای کوردی پاش هاتنه‌خواره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له شاخ بوو، ئه‌وا ده‌بێ خۆمان له‌وانه بزانین که قه‌ده‌رگرایی نێگه‌تیڤ و باوه‌ڕ به بێ ده‌سه‌ڵاتی و له ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌دا خه‌مۆکیی عه‌قڵی ئه‌وه‌ی لێ ئه‌ستاندوونه‌ته‌وه که به‌شێک بین له ئیراده و هێزی ناو ساحه و کایه‌کانی مێژوو، به‌شێک بین له گۆڕان و چاکسازی و دروستکردن و بونیاتنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، که‌واته ئه‌وه‌ی له ئاستی تێڕوانینی سیاسی و ئاڕاسته‌ی سیسته‌می سیاسی‌دا پێی وایه ده‌کرا ڕێگه به زۆر ڕووداوی ناخۆش و خوێناوی وه‌کو شه‌ڕی ناوخۆ(درێژه‌ی ئه‌نفال له ناو کۆمه‌ڵگای پاش ئه‌نفال) بگیرێت ئه‌وه ئه‌و تێڕوانینه‌یه که کڵاو ڕۆژنه‌ی هیوای به‌ڕیوه‌بردن و تێگه‌یشتنێکی شوناسمه‌ندانه‌ی ئیراده ته‌وه‌ره که ده‌شێت برینه‌کان ببینێت و هه‌وڵ بۆ ساڕێژکردن و تیماریان بدات.
جا بێینه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر بکه‌رانی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵگری تێڕوانینێکی مه‌عریفی و ئه‌خلاقمه‌ندانه له‌و هه‌موو کاره‌سات و ڕاگواستن و زینده‌به‌چاڵ و بێ سه‌روشوێنکردن و ئه‌تک کردنه‌ی خه‌ڵک و گه‌له‌که‌یان بایان، شه‌ڕ ده‌هاته ئاراوه؟ ئایا کۆمه‌ڵگای پاش ئه‌نفال و سیسته‌می سیاسی پاش ئه‌نفال به‌رپرس نییه له نه‌خوێندنه‌وه و فامنه‌کردنی ڕه‌هه‌نده کو‌لتووری ئه‌خلاقی و و شوناسمه‌ندانه‌که‌ی ئه‌نفال؟ ئه‌گه‌ر ئه‌نفال دابه‌زێنینه سه‌ر دروستکردنی هه‌ندێ خانووبه‌ره و شوقه‌ی به‌ردین و کۆنکرێت بۆ قوربانیکراوانی “ئه‌نفال” ئه‌وا با بزانین هیچ که له کاره‌ساته‌که تێنه‌گیشتووین به‌ڵکو خه‌ریکین مامه‌ڵه‌یه‌کی سه‌رمایه‌دارانه و کاپیتالیانه له‌گه‌ڵ بابه‌تێکی ئه‌خلاقی و ئینسانی‌دا ده‌که‌ین! قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال و خزمه‌تکردنی کورد و هاووڵاتیانی کورد ئه‌رکێکی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکه که ئه‌م گه‌له له پشتی بووه و خه‌باتی بۆ کردووه. ئایا هه‌ر ئه‌م خه‌ڵک و گه‌له، هه‌ر ئه‌و جووتیار و گوندنشین و ئاژه‌ڵدارانه نه‌بوون پشتیوانی شاخ و شۆڕش و پێشمه‌رگه بوون؟ ئایا گونده‌کان به‌هۆی دۆخی شۆڕشگێڕێتی و بنه‌ڕه‌تی شوناسی کوردانه و پێکهاتی پته‌وی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نه‌بوون که به شۆڤڵ ته‌خت کران؟ دانیشتوانی ڕاگوازران و ئه‌نفال کران؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه ده‌مانبات که ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆ شوناسمه‌ندکردنی ئه‌نفال و گه‌وره‌کردنی ڕه‌هه‌نده ئینسانی و ئه‌خلاقییه‌کانی له پانتای سیاسه‌تی پراکتیکی خۆیدا له پله‌ی یه‌که‌م دابنێین.
ئه‌نجام
له‌و دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه که له‌باره‌ی “هۆلۆکاست” هاتووه ئه‌نجامی هه‌وڵی جووله‌که بۆ جیهانیکردنه‌وه‌ی پرسی خۆی و کاره‌ساته‌که‌ی نه‌ک ته‌نها ڕه‌هه‌ندێکی گشتگیری مه‌عریفی و ئینسانی لێبۆته‌وه، به‌ڵکوو بووه به پێوه‌رێک بۆ ئینسانیبوونی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، بووه به به‌شێک له یاده‌وه‌ریی مرۆڤی سه‌رده‌م، وایکردووه که “هۆلۆکاست” بووه به شا چه‌مکی نێو گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که هه‌ر یه‌که‌و به جۆرێک په‌یوه‌ستن به پاکتاوکردن و قڕکردنه‌وه. کاتێک وڵاتی “ئا‌ڵمانیا” له یاسای خۆیدا هۆلۆکاست به ژینۆساید و پاکتاوکردن ناو ده‌بات که‌واته به‌شوناسکردن و یونیڤێرساڵکردنی ئه‌و ڕووداوه به سه‌رکه‌وتوویی گه‌یشتۆته ئه‌نجام، خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌مه‌یه؛ که نه جووله‌که‌کان و نه یاوه‌ران و هاوپه‌یمانه ڕۆحی و نێوده‌وڵه‌تی و سیاسییه‌کانیان به‌مه‌ش ڕازی نین و هه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵکۆڵین و یادکردنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی چرکه به چرکه‌ی لێکه‌وتوویی و ئه‌زموونکردنی هۆلۆکاستن، و تێڕوانینی دروستیش هه‌ر ئه‌مه‌یه. هیچ که‌س ناتوانێت و له‌و پێگه‌یه وجوودی و مه‌عریفییه و سیاسییه‌دا نییه که کاره‌ساته‌که و ئه‌زموونی قوربانیان به مامه‌ڵه و دانوستانێکی سه‌رمایه‌دارانه و مادییانه به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی بێ ماناکردن و له‌بیربردنه‌وه‌ی ببات! باشه دایکانی “ئه‌نفال” وێنه‌یه‌کی واقیعین یا خه‌یاڵین؟ ئایا دابینکردنی ژه‌م و مووچه‌یه‌کی نیوه ناته‌واو ده‌توانێت چی تیمارێک بنێته سه‌ر ئه‌و بۆشاییه‌ی که له ڕۆح و گیانیان دروست بووه؟ ته‌یموور وه‌کو دواپاشماوه‌ی شه‌پۆلی ئه‌نفالکردنی ژنان و کچان که ده‌کرێ دونیایه‌ک گێڕانه‌وه و شیکاری ده‌روونناسانه و ترۆمای تایبه‌ت به ڕووداوه‌که و خه‌ون و مۆته‌که‌ی لێ وه‌خێزێت، له کوێیه؟ به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی چۆن ده‌ڕوانێته ئه‌نفال؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ده‌ربڕینێکی نیچه‌ییانه ئه‌وه‌نده چاوی له ئه‌نفالکه‌ران و چاڵه قووڵه‌که بڕیوه که چاڵه قووڵه‌که‌ش ڕۆشتۆته قووڵایی ئه‌وه‌وه و خه‌ریکه نه‌خوازراو له فامی برین و قووڵایی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌نفال خۆی ده‌دزێته‌وه؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی بکه‌رێکی به‌رکاره که زامی ئه‌نفال سه‌رکوت ده‌کات؟ ئایا شته سه‌رکوتکراوه‌کان به وته‌ی فرۆید ڕۆژێک هه‌ر ناگه‌ڕێنه‌وه؟ تا ئه‌و ڕۆژه ده‌بێ چی بکرێت؟