یەكێك لە سیاسەتەكانی ناسیونالیزم و فاشیزمی نەتەوەیی ـ ئایینیی دەوڵەتی نێوەندی بەرانبەر بە كورد، بابەتێكە بە ناونیشانی “خۆوڵاتیگەرایی”.
یەكێك لە سیاسەتەكانی ناسیونالیزم و فاشیزمی نەتەوەیی ـ ئایینیی دەوڵەتی نێوەندی بەرانبەر بە كورد، بابەتێكە بە ناونیشانی “خۆوڵاتیگەرایی”(بومی گرایی). جیا لەوەی كە ئەم سیاسەتە چەندە لە باری تیۆرییەوە لووس و لەبار و ساز و دادپەروەرانەیە! دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئاخۆ فارس و دەوڵەتەكەیان چلۆن ڕازی ئەم سیاسەتەیان دۆزییەوە؟
“نەتەوە مێژووییەكان” خاڵی بەهێزیان ـ هەندێ جار ـ هاوكات خاڵی لاوازیشیانە. هەر شتێك بتوانێ “خدووی ڕەسەنایەتی”یان بووروژێنێ، دەستبەجێ بە شتێكی دانسقە و ناوێزەی لەقەڵەم دەدەن و پێشوازیی لێدەكەن. دوژمنەكەمان پاش ماوەیەك لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەبارەی كوردەوە، پەی بە مەترسیدارترین لاوازی یان “پاژنە ئاشیل”ی كورد بردووە.
مەیدانی “یادگە” و “بیرەوەری”ی كورد، مەیدانێكی بەرینی یەكپارچە نییە. جووڵەی شوناسی ئێمەی كورد، لە هەندەك(جز) بۆ هەمەك (كل)ە. بە داخەوە پاش دابڕانێكی زۆر لە ئایینی خۆماڵی و ژیاری مێژوویی و كۆچی بەردەوامی نەتەوەبێگانەكان(عەرەب، تورك) و ململانێی بەردەوام لەتەك “فارس” ـ كە خۆیشی لەگەڵ “عەرەب” و “تورك” لە ململانێدا بوو، بەڵام لە ڕێگەی خۆنزیككردنەوەی فارسەكان لە “عەرەب” و “تورك”ەكان و بە فارسیكردنی وێژمانی “ئێرانیبوون”، ئامۆزا بوو بە دوژمنی قەستەسەر ـ بونیادی كۆمەڵایەتیمان شێوێنرا. پاشەكشەی كورد لە جوگرافیای مێژوویی خۆی و گۆڕانی دیمۆگرافیی كوردستان و لە دەستدانی دەوڵەتی ماد وەك “سێنتز”ی قەوارەیەكی ژیارتەوەر، كە بەرەنجامەكەی كۆتاییهاتن بە “فێدراسیۆنی خێڵەكان” بوو ـ كە دەكرا لە پرۆسەیەكی بەردەوامی مێژوو و سیاسەتدا، ئەم فێدراسیۆنە ببێتە مایەی “بەنەتەوەبوون”، كوردی بۆ جوگرافیای “زێد” و “خێڵ” كە چەقەكەی لە ڕێگەی “دیالكت”ەوە دیاری دەكرا، گەڕاندەوە. ژیان لە پەراوێزی مێژوودا جۆرێك لە گرێی”نێوەندڕەتێنی”(مركزگریزی، دیسانتراڵیزم)ی نێوخۆیی درووستكرد كە ئێستە ناوی “ناوچەگەرایی”ی لێنراوە كە بەداخەوە ناتۆرەی ناوچەگەرا بۆ ناوچەگەرایە. بەڵام دەبێ ناوچەگەرایی چۆن پێناسە بكەین؟
سنووری خێڵ و ناوچە و شێوەی ئاخاوتن، سنوورێكی نیشتمانی نییە، بەڵكو سنوورێكە كە “ناولێنان” هاوكات لەگەڵ چەمكی”قەڵەمڕەو” كە لە خێڵەكاندا بە “لەوەڕگە”وە بەندە، بەشێوەیەكی زەینی بەرەبەرە دەبێتە مایەی “مەودا ـ جیاوازی”. “مەودا ـ جیاوازی” بنەمای شوناسسازییە. “دابڕان” لەوی دیكە لە باری جوگرافیاییەوە كە لە ژیانی خێڵەكیدا ڕاستەوخۆ بە پێوەندیی خوێنی و خزمایەتییەوە بەستراوەتەوە، دەتوانێ ببێتە مایەی دابڕینی خاكی كۆمەڵە خەڵكێكی مێژوویی كە پێشتر لە قەوارەی ئیمپراتۆرییەكدا هەنگاویان بەرەو بەنەتەوەبوون ناوە بەڵام بە لەنێوچوونی ئیمپراتۆری بۆ دۆخی “خێڵەكیبوون” گەڕاونەتەوە. ئەم شێوە ژیانە، قەتیسی جوگرافیایەكە كە كەم و زۆر بە ژیانی داخراوی “زێد”ەوە بەندە و بەرەبەرە هاونەژادەكانی دیكە وەك بێگانە وێنا دەكات. بەریانی هاوخوێنی و خزمایەتی، ترس لە تێكەڵاوبوونی لێدەكەوێتەوە و بە دەستەواژەی “خوێنی پاك” و “خوێنی پیس” وەك سیستمێكی هەڵاواردنی كۆمەڵایەتی دەتوانێ خودی پێناسەی “شەرەف”یش بگرێتە خۆی و “ژن” وەك گوێزەرەوەی “خوێن” لە خێڵدا كە هەڵگری “ڕەسەنایەتی”یە، لە ئەنجامی تێكەڵبوون لەگەڵ بێگانە (خێڵی دراوسێ) تەنانەت ئەگەر لە دۆخێكی ئاشتیانەشدا بن، پێشێلی شەرەفە. هەر بۆیە دژایەتیی خێڵ لەتەك “دڵداری” و “ئازادی”ی ژنان لەم سۆنگەوەیە. “سەرخێڵ” كە پیاوە، وەها شەرەف پێناسە دەكات. چونكە “ژن” ئەو منداڵە دەهێنێتە دنیاوە كە ماكی پیاو ـ جۆرێك لە مرۆڤ بە فەڕێكی یەزدانییەوە ـ دەیخوڵقێنێت، ئەو “خوێن”ەش هەمان “شەرەف”ە. ئەگەر بە وردی سەیری بكەین، ڕێژەی پیاوانی ناوچەگەرا لە چاو ژنانی ناوچەگەرا ئێجگار زۆرە، تەنانەت ڕەنگە بتوانم بڵێم دەستەواژەی “ناوچەگەرا” و “پیاو” بیرخەرەوەی یەكدین.
شێوەی ژیانی كۆمەڵایەتی لە پێوار (غیاب)ی دەوڵەت و دامەزراوەدا، تەنیا بە پشتبەستن بە “فەرهەنگ” و “نەریت” بە درێژایی مێژوو درێژە بە خۆی دەدات. حەشیمەت فراوانتر دەبێت بەڵام خێڵەكان نێوەندی جوگرافیاییی خۆیان دەپارێزن. پێوەندییەكانی خزمایەتی و ئاشنایەتی بەگوێرەی دوور و نزیكیی “قەڵەمڕەو” ئەمجارە بە ناونیشانی “ناوچە” زەقتر دەبنەوە. شێوەی “ناولێنان” لەم پێوەندییانەدا دەگۆڕدرێ، بەڵام ڕۆح و كرۆكی پێوەندی و دیاردەكان هەر هەمان دۆخی مێژوویین. “خێڵ هەڵپەی زاڵبوونی بەسەر “لەوەڕگە” و “قەڵەمڕەو”دا هەیە، بەڵام لە مانا و ئاماژە قووڵەكانی “نیشتمان” و “جوگرافیا” بە مانای سیاسی بێئاگایە. مەڕ و ماڵات و “سەرخێڵ” و ڕۆحی داماو و دەستەوەستانی ئەندامانی خێڵ لە بەرانبەر”سەرخێڵ” كە بەرجەستەبووی “فەڕی یەزدانی”یە، تەنانەت “پیاوی ئایینی” دەخاتە جەغزی ویستی “سەرخێڵ”ەوە. “پەند” و “مەتەڵ” و “بالۆرە” و “گۆرانی” و “حەیران” و “لاوك” و “هۆرە” و “سیاچەمانە” كە میراتی مێژوویەكی كەونارن، بەشێوەیەكی ڕیزپەڕانە لە ناوچەیەكدا قەتیس دەمێننەوە كە بەداخەوە دەبن بە میراتی”خێڵ” و “ناوچە” و “زار” و لە خاوەندارێتیی نەتەوە دەترازێن. توخمە بونیادییەكانی “بەنەتەوەبوون” وەها پەرشوبڵاو دەبنەوە كە سیمای”خێڵ” و ناوچەی پەرت پەرت، وێنای جوگرافیای نەتەوە دەشێوێنن. چونكە تەنانەت تایبەتمەندییە هونەری و نەریتییەكانیش بە هۆی پەرتەوازەبوون و قۆرخ و قەتیسی لە “زێد” و “وار” و “هەوار”دا بەرەبەرە لە ئاماژە مێژووییەكانی نەتەوەیەكی مێژووییەوە بۆ “كۆمەڵە خێڵ”ێك دەگوازرێنەوە و خاوەندارێتیی یەك نەتەوە و یەك نیشتمان بەسەریانەوە نامێنێت. سەرمایەی نەتەوەیی دەبێت بە سەرمایەیەكی دابەشكراو و لەت لەت كە لە بنەڕەتەوە سەرچاوەكەی ئەزموونی كۆمەڵە خەڵكێكی مێژوویییە كە پێشتر لە جوگرافیایەكی هاوبەشدا ژیاون و تێكڕای فەرهەنگ و نەریتیان بەرەنجامی “كار” و “كارلێك”ە. بەڵام هەنووكە دابەشبوونی ئەم سەرمایەیە بە سەر ئەم كۆمەڵە خەڵكەدا، وەك میراتی “خێڵ” لێك دەدرێتەوە و لە لایەن ئەویشەوە قۆرخ دەكرێت و ئیدی بەم چەشنە هەمووان بە بەشی خۆیان ڕازین. وەك بڵێی “هۆرە” و “سیاچەمانە” و “حەیران” و “لاوك” كاڵا بەقەد باڵای “خێڵ”ن و ئەوانیش وەك ماكی شوناسی جیاواز، شەڕ و شانازیی پێدەفرۆشن. نموونەی زەقیش فێستیڤاڵە ناوچەیی و خێڵەكییەكانن كە ئێستە لە كوردستاندا ئەم دیاردەی قۆرخی “هونەر” و “نەریت”ەی تێدا دەبینرێت و لە وێنای “هاوبەشێتیی فەرهەنگی” داماڵدراوە.
مرۆڤی داماڵدراو لە “هاوبەشێتیی فەرهەنگی” و بێئاگا لە شوناسی”فەرهەنگی سیاسی” كە هەوێنی “نەتەوە”یە، بوونەوەرێكی خێڵەكییە نەك “بوونەوەرێكی سیاسی”. جوگرافیا لە لایەن ئەم كابرایەوە، مێژووی جەنگاوەری و چەتەیی و لەوەڕگە و قەڵەمڕەوی باپیران و پێشینان و مەلا و شێخی خێڵ و مەڕوماڵات و ئەو شێوەژیانەیە كە بەردەوام وەك نۆستالێژیا لە زەینیدا هاموشۆ دەكات. ئەم كابرایە “بنەچەنامەی خێزانی”بۆ خۆی دروست دەكات، ئەم كابرایە مەڕ و ماڵاتەكەی و شوان و سەگی مێگەلیش بە بەرجەستەبووی شێوەژیانی فەرهەنگیی خۆی دەبینێ و چەمكی “ڕەسەن” لەم ڕوانگەوە پێناسە دەكات و هەرچییەك لە دەرەوەی ئەم ڕوانگەیە بێت، بە لایەوە ناڕەسەنە.
هەندێ كەس جاروبار دەڵێن: “خۆ ئێمە خێڵمان نییە؟” كە وابوو خێڵەكی نین!
مێژوو مەیدانی بیرەوەری و “یادگە”یە. “شوناس” بابەتێكی مێژووییە. دۆخی ئێستاییی پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوەی بۆ توێژینەوە گەلێ گرنگە، بەڵام “دۆخی ئێستایی” ناتوانێ ڕەوتی گەشە و فراژووبوون(تكامل، تطور، ئیڤلوشن) دەستنیشان بكات. “هەبوون”ی “هەنووكەیی” ئێمە لە “ئێستا”دا درێژكراوەی دۆخێكی مێژووییە كە بەشێكی زۆری پاڵنەری ڕەفتاری و بیرۆكەكان و شێوەی ژیانمان لە خودئاگا و ناخودئاگای خۆیدا دەشارێتەوە. دۆخی خودئاگایی لەبەر ئەوەی لەتەك دۆخی ناخودئاگاییدا بەشێوەیەكی یەكبەدوایەكداهاتوو تێكتەنراوە، مرۆڤ چ وەك تاكەكەس و چ وەك كۆمەڵ ناتوانێ سنووری پاڵنەری خودئاگا و ناخودئاگای لێكهەڵاوێر بكات و گەلێ جار دەكەوێتە داوی”وێنای ساتەكی” و پێیوایە هەرچییەك كە دەیكات وشیارانەیە و فاكتەری “بەڵغەكی”(عرضی) ـ كە كاریگەریی مێژوو و جوگرافیا و ژینگەی لەسەرە ـ نابینێ. بابەتی”خۆفامین” لە پرۆسەی “تێگەیشتندا كە بە هانابردن بۆ ڕوانگەی هێرمێنۆتیكی خۆی ئاشكرا دەكات، دەبێتە مایەی ڕەواندنەوەی “ساویر(وهم، توهم)ی خودبونیادیی شوناس”. لە سای كاریگەریی ئەم ساویرەوە، مرۆڤ هەست بە پاڵنەرە خۆیەكی (ذاتی)یەكان ناكات، چونكە لەو باوەڕەدایە توخمی تێهزرین تەنیا توخمێكی “ڕاساوبەخۆ”(قائم بالذات)یە. بیركردنەوە لە خۆ (میناك، ذات) بە بێ پێناسەكردنی “شوناس” نیوەناچڵە. بیركردنەوە لە “شوناس” بە بێ بیركردنەوە لە “پێگە” كە بابەتێكی شوێنی، جوگرافی ـ مێژووییە و بە “كاتمەندی”یەوە بەستراوەتەوە، نزیكە لە مەحاڵ. تێگەیشتن، بابەتێكی دیالكتیكییە و دیالكتیك لە جەرگەی “كاتمەندی” و “مێژوویەتی”دا سەرهەڵدەدات. چونكە دەستنیشانكردنی “ئاخێزگە” وەك شوێنگەی بزاوت لە مێژوودا چارێكی ناچارییە.
یەكێك لە دەركەوتەكانی بیركردنەوەی خێڵەكییانە، ناوچەگەرییە. قۆناخی “ناوچەگەری”، قۆناخی “شارچیەتی”یە. ئێمە زاراوەی “گوندچیەتی”مان نییە، بەڵام “شارچیەتی” هەم وەك دیاردە و هەم وەك زاراوە لە كۆمەڵگەكاندا دەبینرێ. كاتێك باسی ناوچەگەری دەكەین، بە لێكەوتەیەكی “خێڵایەتی” دەگەین كە ئەمجارەیان مەیدانی بەریەككەوتنی لەنێو خۆیدا لەتەك ئەویدی، فراوانتر كردووەتەوە.
مەبەست لە “شارچیەتی”، شارچیەتیی مرۆڤی مودێڕنی “شارنشین” نییە، بەڵكو مەبەست “شارێكە كە خێڵەكان دروستیان كردووە. ئەم جۆرە لە شارچیەتی، بەرەنجامی نۆژەنكردنەوەی قەڵەمڕەوی خێڵە لە “شار”دا.
پاش ئەوەی مودێڕنیزاسیۆن، بە زەبروزەنگی دەوڵەتانی سەردەست و زاڵ (دەوڵەت نەتەوەی داگیركەرانی كوردستان) كە كوردستان بەسەریاندا دابەش كراوە، سیستمی دەرەبەگایەتی و زەویدارییان لە كوردستاندا هەڵوەشاندنەوە و شێوەی ژیانی كشتوكاڵی و گوندنشینیان گۆڕی و بەرەبەرە خێڵەكانیان بە زۆر لە شارەكاندا نیشتەجێ كرد، ململانێیەكی دیكە لە “شار”دا دەستی پێكرد. ئەم ململانێیە ئەمجارەیان ململانێی جیاكردنەوەی بازنەكانی شار بوو. پێوەندییەكانی خزمایەتی، زار و شێوەزار، شێخایەتی، بەرەبابی، بەگزادەیی ئەمجارەیان نەك لەسەر زەمینەی كەتوار(واقع) بەڵكو لەسەر ئاستی “زەینییەت” تەشەنەیان كرد؛ ململانێ لەسەر ئەوەی چ خێڵ و بنەماڵەیەك شادەماری ئابووری و بازرگانیی “شار” بەدەستەوە بگرێت، جێگەی ململانێ لەسەر قەڵەمڕەوی گرتەوە. “قەڵەمڕەو” ئەمجارەیان بە سازوكاری گەڕەكی خزمان، گەڕەكی ناسیاوان و گەڕەكی بێگانان لە بازنەی جیاجیای شوناسدا خۆی پێناسە كردەوە. چەمكی “نەتەوە” كە دەبوو لەگەڵ قۆناخی شارنشینیدا دەست پێبكات و بەرەو سیستمی چینایەتی و بەریەككەوتنی چینەكان هەنگاو بنێت، ڕێك بەپێچەوانەوە بەرەو جۆرێك لە نۆژەنكردنەوەی ژیانی دەشتەكی، لەوەڕگەپەسند هەنگاوی نا. بەو مانایەی كە شار بە چەندین بازنەی جیاجیا دابەش بوو كە بە زەبروزەنگی دەوڵەت، لە “شار”دا مۆڵ درابوون. مودێڕنیزاسیۆنی دەوڵەتی مودێڕن بەرانبەر كورد، وێرانكردنی بونیادی گوند و شاری لێكەوتەوە. مرۆی خێڵەكیی بەشارنشینكراو! دیسان سنوورەكانی لە چەقی نیشتەجێبوونی فەزای ژیانی خۆی بۆ دەرەوەی خۆی داڕشتەوە:
بازنەی یەكەم: سەرخێڵ و خێزان (چەقی بازنەی خێڵ).
بازنەی دووەم: بنەماڵە ـ بازنەی تێكتەنراو (بەرەباب، بەرەدایك).
بازنەی سێیەم: تایفەكان كە خێڵ لە بەرانبەر ئەوانی دیكە دەیانپارێزێ و ڕەنگە بە هۆی ڕەچەیەكی سۆفییانە یان دەروێشانەوە پێكبەسترابنەوە كە تا ڕادەیەك دەبێ هاوزار یان هاوشێوەزار بن كە مەرجی ڕێكخستنی نیشانەناسانەی هەموو جڤاكێكی سەرەتاییە.
یەكێك لە لێكەوتەكانی نیشتەجێبوونی خێڵەكان لە شارەكاندا، ململانێی بەرزەفتكردنی ئابووریی شار بوو، هەر خێڵێك كە توانیبای زۆرترین گەڕەك و بازاری شار داگیر بكات، دەیتوانی مەیدانی ژیان و هێزی خێڵەكەی بەرفراوانتر بكات. لێرەدا هەمان چەمكی “قەڵەمڕەوی لەوەڕگە و جوگرافیای خێڵ” بۆ چەمكی “قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خێڵ لە شاردا” وەرگۆڕا. ئەم قەڵەمڕەوە لە باری سروشتی كاركردی خۆیەوە یەك سروشت بوو، بەڵام ئەمجارە لە بازنەی بازرگانی و قۆرخكردنی بازارەكان و ڕكەبەرایەتیی “سەرخێڵ”ەكاندا خۆی نواند. “شار”ی خێڵان بریتیبوو لە چەندین بازنەی جیاجیا كە گوایە ئەمانە گەڕەكەكانی شارن. پێوەندییە خزمایەتییەكان، چەشنی پێوەندییەكانی گوند بوون. هاموشۆكردن و ژن و ژنخوازیی نێوخۆیی و خێزانی گەورەی تێكتەنراو، تایبەتمەندییەكی هەرە دیاری ئەو بنەماڵانەیە كە بە ئاوەزی خێڵەكییەوە لە “شار”ی خێڵاندا دەژین. بازارێكی هاوبەشی كڕین و فرۆشتن لە نێوەڕاستی شارەكان كە هەمووان لە كەشێكی ـ گوایە ئاشتییانە ـ دا تێیدا بەگوێرەی پەیمانی نەنووسراوی نەریت، پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەیان تێیدا دابین دەكرد.
خوێن، ژن و شەرەف لەم بارە كۆمەڵایەتی ـ فەرهەنگییەدا
“ژن” وەك مەترسییەكی گەورەی لەباربردنی “شەرەف”ی خێڵ سەیر دەكرێت. هەر بۆیە بچووكترین پێوەندیی “سۆزداری” و “دڵداری” ـ نەخاسمە سێكس ـ بە ڕژانی خوێن كۆتایی پێدێت. “شەرەف” لە دەماری”خوێن”ی پیاوەتیدایە. هەر “پیاوەتی”یەك گرێدراوی”ڕەسەنایەتی”یەكە. “ڕەسەن” و “ڕەسەنایەتی” لە ڕۆژگارێكی دوورەوە بۆ خێڵ و زێدی خێڵ گوازراوەتەوە. “دڵداری” لەتەك “بێگانە”(دەرەوەی خێڵ” تێكەڵبوونی “ناڕەسەن” و “ڕەسەن”ە و “شەرەف” بەم تێكەڵبوونە لەكەدار دەكرێت.
ئیدی ئەو خوێنە ناتوانێ هەڵگری “ڕەسەنایەتی” و پاكیی خوێن بێت. لەبەرئەوەی “پیاوەتی” لە لای ژن، لە “پزدان” و خوێنی ئەودا هەڵدەگیرێ، “ژن”ی خێڵ هەڵگری پیاوەتییەكە كە پیاوی خێڵ لە ڕێگەی “جووتبوون”ەوە بۆ نەوەی داهاتووی خێڵ دەیگوازێتەوە، هەر چەشنە پێوەندییەكی “سۆزدارانە” و “ئەڤین” خیانەتە لەو ڕاسپاردەیە و بە ڕژانی ئەو خوێنە، ڕەسەنایەتی و شەرەف و پیاوەتی دەپارێزرێن و پەتای ناڕەسەنی ناگوازرێتەوە. دیاردەی كوشتنی ژنان و كچان لە خێڵدا پاڵنەرەكەی ئەمەیە. مەسەلەكە، دژایەتیی مێینە نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەی تەنیا بە ڕژانی خوێن و لابردنی ئەو خوێنە لە سووڕی ڕەسەنایەتیدا، ڕەسەنایەتی و شەرەف و پیاوەتی ـ وەك سێ تایبەتمەندیی هەرەگەورەی خێڵ ـ دەپارێزرێن، كوشتنی مێینە، وەك چاری ناچاری خۆی دەنوێنێ.
ئەمە زۆرتر لە سرووتێكی ئایینی دەچێت تا دڕندەیی و كارێكی قێزەونی هۆڤانە. چونكە “بكوژەكان” كەسانێكن بە بێ هیچ ئازارێكی ویژدان ـ گوایە بۆ پاراستنی ئەوانی دیكە لە نەنگی ـ هەڵگری خوێنە پیسەكان دەكوژن. ئەوان خۆیان بە پاسەوانی “خوێنی پاك” ــ كە ماناكانی “ڕەسەنایەتی”، “شەرەف”، “پیاوەتی” دەگەیەنێ و سەروەریی خێڵ لەمەدا دەبینین ـ دەزانن.
دەتوانین دیاردەی “كوشتن” و “كوشتنەوە”، “تۆڵە”، “تۆڵەسەندنەوە” و “تۆڵەی تۆڵە”، وەك شەڕێكی قڕكەر كە نەوە بە دوای نەوە بەرۆكی خێڵەكان دەگرێت و بچووكیان دەكاتەوە، بە بەرەنجامی سرووتێكی ئایینیی خوێناوی بزانین كە قوربانی، بە ئاگاداربوون لە بەرەنجامی كردەوەكانی، چەشنی “ئاوڕوونكەرە” ڕەفتار دەكات. دەبێ باجی كردەوەی خۆی و ئەوانی دیكە بدات. بەردەوام خوێنی ڕژاوی ئەوانی دیكە، بە خوێنی خەڵكی دیكە پاك بكاتەوە. “ئەرك”ێك كە قوربانی و قوربانیكەر ڕایدەپەڕێنن، هەمووی بە بڕیاری سەرخێڵ كە”قوربانیدەر”ە، جێبەجێ دەكرێت.
لێرەدا “سەرخێڵ” وەك نوێنەری “هێزێكی میتافیزیكی”بەم پرۆسەیە، سیستمی “خێڵایەتی” دەپارێزێت. ئەمە جۆرێك لە “خۆبڕینەوە”یە و بەرەبەرە بەرەو پووكانەوەی دەسەڵاتی خۆی هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەمە بە مانای نەمانی” زەینییەتی خێڵایەتی” و “ئاوەزی خێڵەكی” نییە.
جاشایەتی
یەكێك لە لێكەوتە هەرەترسناكەكانی”ژیانی خێڵەكی” و “ئاوەزی خێڵەكی”، “جاشایەتی”یە. ئەم دیاردەیە لە كوردستاندا هیچكات بنەبڕ نەكراوە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد، بۆ ئەوەی تێكڕای كۆمەڵگەی كوردستان بە دژی دوژمنان تەیار بكات، نەیوێرا دەست بۆ فۆرمی كۆمەڵایەتی ببات یان نەیویست لەنێو خۆیدا جۆرێك لە شوناس، یان ئایدیالێك لە “كوردبوون” بخوڵقێنێ. واتە فۆرمی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردیی بەو شێوەیەی كە هەیە، پەسند كرد. هەرچەند بە شێوەیەكی شەرمێونانە لە چوارچێوەی ڕەخنەیەكی ئەستێوردا جار ناجارێ لێرە و لەوێ باسی پێكهێنە و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردی دەكرا، بەڵام ئەم ڕەخنەیە لە چوارچێوەی “سیاسەتێكی فەرهەنگی”دا نەبوو، بەڵكو زۆرتر بەڕێكەوت لە سەرەباسی بابەتێكی كۆمەڵایەتیدا دەخرایە ڕوو كە گەلێ جار ئامانجەكەی ڕوون نەبوو. هەر بۆ نموونە لە كاتی باسكردن لە كۆماری كوردستان، ڕەخنە لە سیستمی دەرەبەگایەتی و فەرهەنگی خێڵەكی و تەنیاییی”پێشەوا” دەكرا، بەڵام خودی ئەو پێكهاتە دەرەبەگایەتییە بە شێوەی جۆربەجۆر لە پێكهاتەی حیزبەكاندا ڕەنگی دەدایەوە. لە بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات” و “باشوور”ی كوردستاندا ئەمە بەزەقی دەبینرا. لە “باكوور”ی كوردستانیشدا ـ كە كۆمەڵگەكەی لە پارچەكانی دیكە خێڵەكیترە و ژیانی گوندنشینی زیاترە تا ژیانی شارنشینی ـ پارتی كرێكارانی كوردستان وێڕای دژایەتیی ئەو سیستمە، بەڵام بەكردەوە نەیتوانی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردەواری بە لای خۆیدا ڕابكێشێ، هەرچەند لە لایەكی دیكەشەوە ناتوانین نكۆڵی لە كاریگەریی پارتی كرێكارانی كوردستان لە زیندووكردنەوەی “كوردبوون”دا بكەین. هەرچەند “جاشایەتی” لە باكوور دیاردەیەكی زەق و زۆپە و “موختار” بەشێوەیەكی سیستماتیك و یاسایی برەو بە سیستمی جاشایەتی دەدات. هیچ هێزێكی سیاسی ناتوانێ تەنیا بە پشتبەستن بە “ئایدیۆلۆژی” بونیادی كۆمەڵایەتی بگۆڕێت. سروشتی “ئایدیۆلۆژی” وەهایە كە ئەوەندەی پەرچەكرداری ئەوانی دیكە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەندە ناتوانێ “هەماهەنگی” و “هاوڕایی” دروست بكات. لەم سۆنگەوە، بەشێكی زۆری “خێڵ” و “تیرە” و “بنەماڵەكان” لە ترسی دژایەتیی هێزە چەپەكان كە دژی “دەرەبەگایەتی” بوون و نەیاندەویست “زەوی و زار”یان لە دەست بدەن، دەستیان لەتەك دەوڵەتی ناوەندی تێكەڵ كرد. ئاشكرایە كە دەوڵەتی ناوەندی بۆ ئەوەی لەنێوان بزووتنەوەی سیاسیی كورد و كۆمەڵگەی دەرەبەگایەتی كەلێن دروست بكات، پشتیوانیی لە “خێڵ” و “دەرەبەگ” كرد و سیستمی “جاشایەتی”ی لە كوردستاندا بووژاندەوە. ئەم شێوە ڕوانینە لەبەر ئەوەی كە “ئاماری” نییە، ڕەنگە زووبەزوو بەر پلار بكەوێت و چەند نموونەیەكی لاوەكی بۆ بەرتەكدانەوەی بهێنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەتوانین ئەم نموونانە بهێنینەوە، پێم وایە ئەمە ناتوانێ سەرلەبەری بەڵگەهێنانەوەكە هەڵبوەشێنێتەوە.
تێڕوانینی چەپی ماركسیستی و كۆمۆنیستەكان بەرانبەر كۆمەڵگەی كوردی، لە خزمەتی “نەتەوەسازی”دا نەبوو. دژایەتییان لەتەك “خێڵ” و سیستمی دەرەبەگایەتی لەپێناو بونیادنانی “فەرهەنگی یەكپارچە”دا نەبوو. خەونی كۆمەڵگەی سوسیالیستیی گریمانكراو لە داهاتوودا بە گوێرەی دوكترینی ماركسیزم، پێویستیی بەوە دەكرد كە هاوكات دەرەبەگایەتی و بۆرژوازی پێكەوە پەلامار بدرێن. ئەمە بووە مایەی چەند پەرچەكردار و بەرەنگاربوونەوەیەك لەنێوان “نەتەوەخوازەكان” كە لە لایەن ماركسیست و سوسیالیست و كۆمۆنیستەكانەوە نوێنەری بۆرژوازی بوون. تەوژمی چەپایەتی، “نەتەوەخوازەكان”ی ـ كە ئێستە بە “بۆرژواكان” و “لۆمپەن ڕووناكبیر” و “داردەستی ئیمپریالیزم” ناو نرابوون ـ تووشی هەڵەیەكی گەورە كرد. هەڵەكەش ئەوە بوو لە ترسی تەوژمی “چەپەكان”، “نەتەوەخوازەكان” دەرگای حیزبیان بە ڕووی دیوەخان و دەرەبەگ و خێڵ كردەوە، بەو هیوایەی هەم بەرزەفتیان بكات و هەم بە دژی ڕكابەر و نەیاراندا بەكاریان بهێنێت. بەڵام ئاشكرا و دیارە هەر هێزێكی سیاسی، بیهەوێت هێزێكی دیكەی كۆمەڵایەتی یان چین و توێژێك بە دژی لایەنێك یان چین و توێژێكی دیكە بە كار بهێنێت، ناچار دەبێت بەشێك لە هێزی خۆی پێ ببەخشێ و بەم شێوەیە ئەگەر حیزبی سیاسی نەتوانێ ئەم ڕەوتە بەرزەفت بكات، زۆر وێدەچێ كە “دەرەبەگ” و “سەرخێڵ” بەشێوەیەكی ئۆرگانی و حیزبییانە بەخشكەیی دەست بەسەر حیزبەكەدا بگرن كە ئەم دیاردەیە لەنێو كورددا پێویستیی بە بەڵگە و گەواه نییە.
لەم سەروبەندەدا، نەوەی “ڕووناكبیر” كە هەوێنی دامەزراندنی حیزبی “نەتەوەیی” و حیزبی “چەپی ماركسیستی” ـ بە هەموو ئاراستەكانن ـ بێ ئەوەی بزانن بەرەبەرە بەڕەی سیاسەت لەژێر پێیان دێتە دەر و حیزبەكەیان دەكەوێتە دەستی “كۆنەدەرەبەگ” و “سەرخێڵ” ی جاران كە بە گۆڕینی ناوەكەش هیچ شتێك ناگۆڕدرێت. ئەم چیرۆكە بەزمەساتە تەنیا بە ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی مێژووییی هێزە سیاسییەكانی كورد و بەراوردیان بە دۆخی ئێستا بەئاسانی خۆی دەگێڕێتەوە. ئاریشەكە دەتەنێتەوە و لێكەوتەكانی زیاتر دەبێت. كاتێك بنەماڵە یان خێڵ بە مێژووی دەرەبەگایەتی یان شێخایەتییەوە بەسەر حیزبێكدا زاڵ دەبن، بنەماڵە و دەرەبەگ و ئاغا خاوەن زەوی و بەرژەوەندییەكان یان خێڵە نەیارەكان لە ترسی تۆڵەی “دەرەبەگی سیاسیی خاوەن حیزب” پەنا بۆ دەوڵەتی ناوەندی دەبەن و لە لایەن ئەوانەوە چەكدار دەكرێن و بە دژی نەتەوەكە بەكار دەهێنرێن.
تێنەپەڕاندنی دۆخی مێژووییی كورد لە سەردەمی میرنشینییەوە تا ئێستا ململانێی نێوخۆیی و بەكارهێنانی لە لایەن دوژمنی دەرەكییەوە بووە. لە سەدەی بیست بەم لاوە لەبەر ئەوەی بونیادی كۆمەڵایەتیی كورد گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، مەسەلەكە “شێوەگۆڕانی” بەخۆوە دیوە بەڵام ماك و توخمەكەی هەر یەك توخمە كە دەتوانین بە “گەرای ناكۆكی” ناودێری بكەین. جاشایەتی لە سەرێكەوە و ناوچەگەری لە سەرێكی دیكەوە فاكتەری پەرتەوازەیین. لەگەڵ ئەوەی جاشایەتی قێزەونتر و ترسناكترە بەڵام بەرەنگاربوونەوەی لە ناوچەگەری ئاسانترە كە لە تەوەری داهاتوودا دەیخەینە بەرباس. هەرچەند دەستەواژەی “ترسناك” لەو ڕووەوە بەكار دەهێنم كە كۆمەڵگە لەتەك بەشێكی خۆی دەكەوێتە نێو ململانێیەكی چەكدارییەوە.
لە خێڵایەتییەوە بۆ ناوچەگەری
لەو كۆمەڵگایانەی كە چینی شارنشینی بۆرژوا گەشەی نەكردووە”شارچیەتی” سیمای هەرەدیاری بەریان بۆ “ناوچەگەرایی”یشە. چینی شارنشینی بۆرژوا، بە جەختكردن لەسەر تاكگەرایی و چەمكی”هاوڵاتی” و بەریان بۆ ئایدیای “بەنەتەوەبوون”، دینامیزمی گۆڕانی كۆمەڵایەتییە. چینی شارنشینی بۆرژوا، وەك چینی فەرهەنگساز كە وروژێنەری تاكی ئازاد لە كۆتوبەند و هەروەها تاكێكی بەرهەمهێنە، بۆ ئەوەی شاری خۆی بونیاد بنێت، ناچارە بەرەنگاری خێڵ و شێوەی ژیانی كۆمەڵایەتیی خێڵایەتی ببێتەوە. ئەم بەرەنگاربوونەوەیە لەپێناو درووستكردنی “شار” بە مانای “سیاسی” وەك ناوەندی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە لەسەر بنەمای “هاوڵاتیبوون” و “مەدەنیبوون”ە. هەم لە باری “فەرهەنگسازی” و هەم لە باری”شێوەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی”، بۆرژوازی لەپێناو هاوڵاتیبووندا ناچارە “تاكگەرایی” بونیاد بنێت و بۆ بونیادنانی “تاكگەرایی” ناچارە بونیادی پێوەندیی بازنەییی خێڵ هەڵبوەشێنێتەوە.
یەكێكی دیكە لە كارەكانی بورژوازی، هەوڵدانە بۆ پێناسەكردنی خەڵكی شار كە هەوێنی “دەوڵەت”ە لە چوارچێوەی چەمكی”نەتەوە”دا. بۆیە پێویستە “نەتەوە” وەك یەكەیەكی سیاسی پێناسە بكات نەك گرۆیەكی مێژوویی ـ خێڵەكی یان ئیتنیكی. ڕەنگە كەسانێك بێژن كە “بۆرژوازی خۆی زەقكەرەوەی جیاوازییەكانی “شار”ە و لە باری زمانی و شێوەی ژیانەوە جۆرێك لە هەڵاواردن دروست دەكات لەنێوان دوو جۆر مرۆڤدا؛ مرۆڤی شاری و مرۆڤی گوندی(لادێیی). تا ڕادەیەك ئەم بۆچوونە ڕاستە، بەڵام ئەم هەڵاواردنە نیشانەی گۆڕانی هاوپێوەندییەكانە. بە هەرحاڵ “بنەماڵە گەورەكانی شار” لە ئاستێكی دیكەدا بە هۆی پێگەی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێناسەیەك بۆ خۆیان درووست دەكەن، بەڵام ئەم بنەماڵانە بە هۆی ئەوەی “شار” بە مانای سیاسی و ـ بەو جۆرەی لە كۆمەڵناسیی سیاسیدا پێناسە دەكرێت ـ بەڕێوە دەبەن، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەم بنەماڵانە “ناوچەی نیشتەجێبوونی خێڵ” نییە و “قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سیاسیی چینی شارنشینی بۆرژوا، “قەڵەمڕەو”ی خێڵ نییە، بەڵكو ئەم قەڵەمڕەوە، قەڵەمڕەوی “مرۆڤی ئازاد”ە كە پەیڕەوی لە “یاسا”ی نووسراوی گرێبەند دەكات و ڕەوایی خۆی لە “سەرخێڵ” و “فەڕی یەزدانی” و “خوێن” وەرناگرێت.
دیارە “شانازیكردن بە شار و ناوچە” نیشانەی ناوچەگەری نییە، نیشانەی “ناوچەگەری” داخستنی دەروازەكانی شار و ناوچە بە ڕووی ئەوانی دیكەیە. “ناوچەگەرا” بە بڕوای من ـ بەپێچەوانەی بۆچوونی زۆر كەسان ـ هەژموونگەرا نییە، بەڵكو دژەهەژموونە. چینی شارنشینی بۆرژوا “هەژموونگەرا”یە، چونكە خولیای “گۆڕانی شێوەژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگیی هەیە و “وێنای جیهانسازی” لە زەین و كەتواری كۆمەڵایەتی، وێنایەكە لە ئەستۆی بۆرژواكان ـ بە هەر ئایدیا و ئایدیۆلۆژییەكەوە ـ خراوە.
“ناوچەگەرا” كابرایەكە لە “شاری” “پاش ـ خێڵ”دا دەژی، شارێك كە تەنیا هۆردۆی خێڵەكانە كە گەڕەكەكانی شار وەك “قەڵەمڕەو” دەبینین. واتە “شاری خێڵەكان” نەك “بۆرژواكان. “ناوچەگەرا” دەیهەوێت “شێوەی ژیانی كۆن” بپارێزێت. ئەو خوازیاری زاڵبوونی خۆی نییە و هەروەها دژی زاڵبوونی ئەوی دیكەشە.
“ناوچەگەرا” خوازیاری مانەوەی قەڵەمڕەوی خۆیەتی، چونكە “قەڵەمڕەو” نۆستالێژیای ئەوە. بەیانیان دەیهەوێ تەنیا وشە ئاشناكان ببیستێ، ئێواران و شەوانی ئەو دەبێ بەردەوام زایەڵەی ڕۆژگارانی بەسەرچوو بەگوێی ئەودا بچرپێنن.
“ناوچەگەرا” هیچ كارێك ناكات، ناوچەگەرا لە كاركەوتووە. بە مانای هایدگەریی “شتی وشك و پووچ” ناكارا، لەوێ كەوتووە. ناوچەگەرا تەنیا لەمپەرێكە كە دەبێ لا ببرێ. تەنیا وەك “كۆسپ” هەڵسوكەوت دەكات.
ناوچەگەراكان، زیاتر نۆژەنكەرەوەی دۆخی خێڵەكین لە چوارچێوەی ڕەفتاردا. ڕەفتارێك كە لە هەڵسوكەوتی ڕۆژانەیاندا بەردەوام دەردەكەوێ. ناوچەگەرا، بە زەقكردنەوەی خاڵە جیاوازەكانی خۆی لەتەك ناوچەیەكی دراوسێی، جوگرافیای خۆی لە باری زەینییەوە لە جۆگرافیای گشتیی نەتەوە دادەبڕێ. ئەو، ئەگەرچی خۆی لە چوارچێوەی “نەتەوە”دا پێناسە دەكات، بەڵام نایهەوێ خۆی لەتەك كەتواری”بەنەتەوەبوون”دا بگونجێنێ. بۆ ئەوەی خۆی نەگونجێنێ، پێویستیی بە داتاشینی خاڵی جیاوازە. بۆ نموونە، كەتواری جوگرافیای مێژوویی، واتە شێوەی دابەشبوونی پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان وەك: خێڵەكان، بنەماڵە مێژووییەكان، یان جۆرێك لە ژیانی ئابووری و فەرهەنگی چەشنی كەتوارێكی مێژووكردی ئیتنیكی زەق دەكاتەوە. دیارە هەمووان دەزانین كە زەقكردنەوەی جیاوازی، لەپێناو “ماف” یان “مافێكی زیاتر”ە. دەكرێ هەندێ جاریش مەبەستەكە بیانوویەك لەپێناو “خۆنەگونجاندن” بێت. هۆیەكەش بە بۆچوونی من ترس لە “گۆڕانی شێوەی ژیانی كۆمەڵایەتی ـ فەرهەنگی”یە، یان پاراستنی زیندەخەونی نۆستالێژیك بێت كە ئەو تێیدا ئۆخژن دەگرێت. “ئاسۆی ژیانی ڕابردوو” دیار و ڕووناكە بەڵام “ئاسۆی ژیانی داهاتوو” لێڵ و نادیارە.
ناوچەگەرا هەوڵ دەدات “كۆن” لە كەستەكی “نوێ”دا بپارێزێت. ڕەنگە پێمان بڵێ: “قەیدی ناكا ژیانی مێژوویی ئێمە میرنشینی بووە، با ئەم شێوە بەڕێوەبردنە چاكسازیی تێدا بكەین و لە شێوەی فێدراڵیزمێكی نێوخۆییدا نۆژەنی بكەینەوە”! كاتێك باس لە نۆژەنكردنەوەی سیستمێكی كۆنی میرنشینی دەكرێت، تێكڕای نیشانەكانی “نێوەندڕەتێنی” لە گوتەكەدا خۆ دەنوێنن؛ “خۆنواندن”ێك كە زیاتر لەوەی ڕاستگۆیانە بێت، هەڵپەی پاراستنی خولیای كابرایەكی نەخۆشە كە ئەمجارەیان زۆر “فیكرییانە” دەدوێ.
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ناوچەگەرا ئەوەیە كە ئەم بوونەوەرە پاشخان و پێگەی ناوچەكەی ناخاتە ژێر ڕكێفی پێناسەیەكی نوێوە و تا ئاستی ڕق و قین و فۆبیا لە “دەوڵەت ـ نەتەوە” دەتارێ. “نەتەوە” لە دەرەوەی “نەتەوەسازی” دەبینێ و خوازیارە ئێمە تەنیا “سروشتی ناولێنان” بگۆڕین. دەیهەوێ ئەو قوڕە نەشێلراوەی كە كۆمەڵە یەكەیەكی ئیتنیكین لەباری “وێژمانی”(دیسكۆرسیڤ) ەوە، بە “نەتەوە” لەقەڵەم بدرێت. خافڵ لەوەی وێژمان(دیسكۆرس) تەنیا بابەتێكی زمانی نییە كە بە گۆڕینی “ناولێنان” بێتە كایەوە.
دیارە ئێمە بەم مێتۆدە دەچینە نێو زەینێكی نەخۆشەوە كە لە “ناخودئاگا”یدا وەها بیركردنەوەیەكی دەرنەبڕدراو هەیە و ئێمە ڕاڤەی دەكەین و لە قاوی دەدەین. یەكێكی دیكە لە تایبەتمەندییەكانی كابرای ناوچەگەرا بە بۆچوونی بەندە “زێدخوازی”یە. ئەم ئارەزووە جۆرە ماخۆلیایەكە كە دەتوانێ ڕۆژانی خۆشی ڕابردوو بە شێوەیەكی ڕۆمانتیك بە گوێی “هاوناوچەكان” بداتەوە. گوێیان زاخاو بدات و مێشكیان سڕ بكات. ئەم حاڵەتە دەبێتە مایەی “دووكەرتبوونی دەروونناسانە”. كەرتێكی دابڕاو لە مێژوو كە بە شێوەی كەتوارەكی ناتوانێ بۆ ڕۆژگاری “سەربەست لە سروشتدا” بگەڕێتەوە و “كەرتێكی ترساو لە گۆڕانی شێوەی ژیان” كە هەمیشە لە خۆی دەپرسێ: ئەگەر بگۆڕدرێم دەبم بە چی؟ لەوەش ترسناكتر هەمیشە خۆی بە ڕۆحێكی پاسیڤەوەوە لەو ڕۆحە هەژموونگەرایە دەترسێ كە خوازیارە لە جەغزی دۆخێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی بێتە دەرەوە و یەكە ئیتنكییەكان بكات بە نەتەوە و پارچە و كەرتە جوگرافییەكان لە زەمینەی كەتواردا بگۆڕێت و “نەتەوە”بەو مانایەی لە مودێڕنیتەدا پێناسە كراوە بونیاد بنێت.
ئەمە جۆرێك لە “ڕێنسانس”ە كە ناوچەگەرا ناچارە لە بەرانبەریدا ببێتە كۆسپ و لەمپەر. چونكە پاش “ڕێنسانس” گەڕانەوە بۆ مێژووی بەجێهێڵدراو دەبێتە مەحاڵ. هەر بۆیە ناوچەگەرا كۆسپی سەر ڕێگەی گۆڕانی كۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییە؛ هەروەك گوترا دەبێ لاببرێت.