یه‌کێک له کێشه جه‌وهه‌رییه‌کانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئێمه، ئه‌وه‌یه که له هه‌مبه‌ر ده‌قه لاوازه‌کان بێده‌نگ ده‌بێت و ده‌قه ناوداره‌کان(ئه‌گه‌رچی گه‌وره و سه‌رکه‌وتووش نه‌بن) ده‌خاته چه‌قی باس و شرۆڤه‌ی خۆیه‌وه.
ئه‌مه دۆخێکی درووست کردووه که ئێستا ڕاده‌ی نووسه‌رانمان له خوێنه‌رانمان زیاتر بێت.
کلیل وشه‌کان: که‌لتوور، کۆمه‌ڵگا، حیزب، خێڵ، ژن، پیاوسالاری، شارچێتی
کاتێک ده‌ڵێم “باس و شرۆڤه” مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که چه‌ندین چه‌مک و ده‌سته‌واژه له هه‌ناوی ده‌ق ده‌ردێنن و به گۆشه‌نیگایه‌کی فه‌لسه‌فیی گشتییه‌وه هه‌ڵیده‌پێکن یان به پێچه‌وانه‌وه چه‌ندین چه‌مکی فیکری و فه‌لسه‌فی(کۆمه‌ڵناسانه، ده‌روونناسانه، ده‌روونشیکارانه، جێنده‌ری، سیاسی و که‌لتووری و…)زه‌ق ده‌که‌نه‌وه و به ده‌رزی و دوورمان ده‌یدوورن به باڵای ده‌قی کورته‌باڵاوه و له ئه‌نجامیشدا ستایش و چه‌ڵه‌لێدان دوا وێستگه و ئه‌نجامگیرییه‌تی.
ئه‌مه دۆخێکی درووست کردووه که ئێستا ڕاده‌ی نووسه‌رانمان له خوێنه‌رانمان زیاتر بێت، ڕاده‌ی ده‌زگای چاپ و نه‌شره‌کانمان له ڕێکخراوه هزری و که‌لتوورییه‌کانمان زیاتر بێت و ڕاده‌ی قسه‌ی بێ سه‌روبه‌ر و بڕیاری پێشوه‌خته و ڕه‌ها و موتڵه‌ق له ئه‌ڵقه ڕه‌خنه‌گرانه و چالاکه رێکخراوه پرسیارسازنه‌کان زۆر زۆرتر بێت.
کاتێک ده‌ڵێم ڕاده‌ی نووسه‌رانمان له خوێنه‌رانمان زیاتره زۆرتر ئاماژدان به وه‌همێک له پانتای که‌لتووریی هه‌ژار و ده‌سکورتی ئێمه‌دا ئاوساوه، زیاتر ئه‌نگوستدانانه له سه‌ر دیارده‌یه‌کی درۆزنانه و قه‌ڵب که به‌هۆی تاکڕه‌هه‌ندی یان جووتڕه‌هه‌ندی (دوالیزم) گه‌شه و نه‌شه‌ی جه‌مسه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگا، “وه‌هم” وه‌ها زه‌ق ده‌بێته‌وه و که‌لتوور به واتا گشتییه‌که‌ی ده‌کات به ڕووبه‌ری ته‌ڕاتێن و شه‌پۆلسواریی خۆی.
جه‌مسه‌رێکی گرنگی ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه “به‌رده‌نگ”ن. به‌رده‌نگان به‌شێکی زۆری ئه‌م قه‌یرانه ده‌خه‌مڵێنن، ئه‌وان هه‌زارن هه‌زار که‌سن له یه‌ک ئاستدا و به لێشاویش ده‌ق ده‌خێننه‌وه و بۆ یه‌ک مه‌به‌ستیش ده‌یخوێننه‌وه! حه‌سانه‌وه و حاوانه‌وه! به زمانی میتافیزیک بیڵێین گه‌یشتن به که‌ناری ئارامی و هێوری له ڕێگه‌ی که‌شف و پێڕه‌وکردنی حه‌قیقه‌ته‌وه!
ئه‌مه له کاتێکدایه هه‌م ده‌قێکی ئه‌ده‌بی و هه‌م ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی لێدانن له دۆخ و فه‌زای باو، کوشتنی حه‌قیقه‌تی تاکڕه‌هه‌ند و ڕه‌هان و گێڕه‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته شیمانه‌یی و مومکینه‌کان، ده‌ق به‌م واتایه شتێکی دژه‌باو ده‌گێڕێته‌وه و “ڕه‌خنه”ش به واقیعبینی و بوێری و مێژوومه‌ندییه‌وه سه‌رکه‌وتوویی یان ژێرکه‌وتوویی ئه‌م جۆره ده‌رکه‌وتن و گێڕانه‌وه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.
ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی که به‌رگریی له شه‌پۆلی زه‌ریای به‌رده‌نگانی زۆر وزه‌به‌ندی زه‌رد و ئاپۆری مێگه‌لی باڕه‌که‌ر ده‌کات ڕه‌نگه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت وه‌کوو تیشکی ڕه‌ش یان قاوه‌یی! خاڵی گه‌ردن و سه‌رلێوی ئه‌کته‌ر و سیلیبێریتییه‌کان بدره‌وشێته‌وه به‌ڵام هیچ ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک له ڕووی ناوه‌رۆک و فۆرم و هیچ تازه‌گه‌رییه‌ک به‌رهه‌م ناهێنێت، ئه‌م ده‌رکه‌وتانه له “وه‌هم” و نووسین و به‌رده‌نگ و به‌گشتیی له پانتای که‌لتووردا به‌ر له‌وه‌ی واقیعێک بن له ناو مێژوو یان ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی ناو زمان و ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵگایه‌ک وه‌کوو ڕه‌نگ و بره‌ندی سه‌رده‌من، مۆرک و مۆده‌ی ناو بازاڕن.
لێره‌دا بازاڕ له دوو چه‌مکدا زه‌ق ده‌بێته‌وه
ئه‌لف: پاره واته ده‌سه‌ڵاتی ده‌رکه‌وتن و سه‌ماکارانه‌بوون له ناو بازاڕدا.
باء : سیما و ڕواڵه‌ت واته خه‌رمانه و هه‌یمه‌نه‌ی درۆزنانه‌ی ده‌وری نووسه‌ران و خاوه‌ندارانی که‌لتووریی.
من پرسیارێک له هه‌موومان بکه‌م، ده‌رکه‌وتن و به‌رجه‌سته‌بوونی به‌رهه‌مێک ئه‌نجامی چییه؟ واته چی له پشته‌وه‌یه؟ ئایا به‌رهه‌مێک ده‌توانێت به که‌مترین ئاستی ڕه‌سه‌نایه‌تی و سه‌رکه‌وتوویی و تازه‌گه‌ریی و به بێ لێدان له دۆخی باو بێته ناو جه‌ماوه‌ر و ده‌نگ داخات و ببێت به لۆسه و پێوه‌ر(اهرم) بۆ گۆڕانی بیرکردنه‌وه و زه‌ق و جوانیناسیی کۆمه‌ڵگا؟ به‌ڵێ بێگومان ده‌توانێت!
ئێسته بای ئاره‌زوو به ئاڕاسته‌ی شه‌قام و پۆپۆلیزمدا هه‌ڵده‌کات و هه‌ڵیکردووه و ئازادیی سه‌ره‌ڕۆ و ڕه‌شۆداماڵراوی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ته‌خته‌ی شانۆ و ئیسته‌یجه‌کانی نواندن ونمیاشکردنیش ته‌واو ئه‌م دۆخه‌ی گه‌یاندووه‌ته ته‌شقی ملهوڕی و سینگده‌رپه‌ڕاندن و ده‌سه‌ڵات و دیکتاتۆرییه‌تی خۆی.
له هه‌ر کوێ ئاپۆره‌یه‌ک هه‌بوو خه‌ڵکێکی زۆریش له‌وێن که مه‌رج نییه دوو پرسیاری بنه‌مایی بگرنه ده‌ق، له ناو ئه‌م دۆخه‌دا و لێره چه‌ند هۆکاری ناڕه‌سه‌ن که ده‌قێک دێننه سه‌ره‌وه و پێکه‌ی درۆزنانه‌ی ده‌ده‌نێ ده‌ژمێرم و پێناسه‌ی ده‌که‌م.
1- حیزب
2- خێڵ
3- ژنانه‌بوون
4- پله‌داربوون
5- میدیا
6- شارچێتی
1- حیزب له ڕێگه‌ی پلان و پرۆژه‌یه‌کی زیره‌کانه‌وه که‌لتووری و ڕۆشنبیریی و نووسراوه‌ییه‌کان دێنێته ناو ڕه‌وتی دابینکردنی زیاتری جه‌ماوه‌ر و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ خۆی، حیزب وه‌کوو ڕۆحی سرووشتیی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی ده‌کات و ئه‌مه ئه‌رکی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرییه ئه‌کتی به‌رگری و ڕه‌خنه‌کردن بنوێنێ.
به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته به هۆی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه که باسم کرد تاکوو ئێسته به زیانی نووسین و له قازانجی ململانێی سیاسی‌دا ته‌واو بووه، کاریگه‌ری حیزب وه‌کوو جو‌مگه‌ی سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن میدیا و ڕۆژنامه به سه‌ر هۆکاره‌کانی دیکه‌شه‌وه دیاره و ده‌کرێت بڵێن حیزب یه‌کێک له جه‌مسه‌ره هه‌ره کاریگه‌ر و که‌ڵه‌گاکانه له ناو هاوکێشه‌که‌دا.حیزب باوکه!
2- خێڵ، له وڵاتی ئێمه‌دا خێڵ نه‌ک هه‌ر به‌شێک له کرۆک و کایه‌ی حیزبی و گرووپی پێک دێنێت به‌ڵکوو له ڕووبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و بازاڕیشدا ده‌سه‌ڵاتدار و ملهوڕه، چه‌ندین سه‌رۆک خێڵمان هه‌بووه و هه‌یه که هه‌ڕه‌شه‌یان له نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان کردووه و تا ئاستی ڕێگری و کوشتن و تۆقاندنیش هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه و هیچ سڵێکیشی له میدیاییبوونه‌وه‌ی ڕوخساره ناوه‌خت و دواکه‌وتووه‌که‌ی نه‌کردووه.
ئه‌مه لایه‌نێکه که به قازانجی ئه‌و نووسه‌رانه دێته‌وه که ڕواڵه‌تیان به مۆدێڕنیته مه‌کیاج کراوه به‌ڵام له ده‌رگای پشته‌وه‌ی خێڵه‌وه دێنه ژووره‌وه و ده‌بێت به نووسه‌ری دیار و ناودار.
خێڵ، ڕۆحانه‌تی مه‌کیاجکراو و سافولووسکراوی حیزبه و دیارترین ڕوخساری مۆدێڕنیته‌ی خواروخێچی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه ئه‌گه‌ر حیزب باوک بێت ئه‌وا خێڵ باپیر‌و ڕۆح و بتی ئه‌و باوکه‌یه!
3- له‌م مۆدێڕنیته ده‌ڵه‌مه و ده‌سکرد و ئامێرییه‌دا شانۆیه‌کی ڕه‌نگین و ورووژێنه‌ر بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕه‌گه‌زی مێ و ژن ڕێک خراوه، شانۆیه‌ک که ژن نه‌ک وه‌کوو سووژه به‌ڵکوو وه‌کوو ئامراز و ئامێر له کۆمه‌ڵگایه‌ک که سه‌ره‌ڕای پیاوسالارانه-بوون، به‌ڵکوو نه‌رێتپه‌ره‌ستیش پێناسه ده‌کات و ڕۆڵی بۆ دیاریی ده‌کات.
له‌م شانۆیه‌دا ژنان و کچانی ئه‌کته‌ر، گۆرانیبێژ، نووسه‌ر، شاعیر و نیگارکێش و… ده‌رده‌که‌ون و خۆ ده‌نوێنن و به خێرایی دێنه سه‌ره‌وه و ده‌بن به بره‌ند به بێ ئه‌وه‌ی ئایدیا یان گۆشه‌نیگا یان چه‌مکێک یان دڵه‌ڕاوکێیه‌ک بخه‌نه ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی سڕ و خه‌وتووه‌وه.
ژنان لێره‌دا ده‌بن به کاڵایه‌ک بۆ سڕکردن و له‌باربردنی خه‌ونه گه‌وره‌کانی مرۆڤی ئێمه به گشتیی و ژنان خۆیان به‌تایبه‌تی و ئه‌و ڕۆڵه ڕاسته‌قینه شارستانیسازه‌یان له وه‌ها پێکهاتێکدا لێ ده‌سێنرێته‌وه و ده‌بن به ماتۆڕ و مه‌یکینه‌ی سامناک و کوشنده‌ی له‌باربردن وخه‌ساندن و دوورکه‌وتنه‌وه له ڕه‌سه‌نایه‌تی له لایه‌ن سیسته‌می پیاوسالار و نه‌رێتپه‌ره‌ست و ڕۆحی کاڵاخواز و چێژپه‌ره‌ست و مه‌سره‌فگه‌راوه.
ئه‌م حاڵه‌ته به پله‌ی یه‌که‌م زیاتر ژن قوربانی ده‌کات و سه‌پاندنی هه‌مان ڕۆحی”بان و خوار” و چه‌سپاندنی فۆرمێک له دیسپۆتیزم و ئاغا و کۆیله‌ییه له ژینگه‌یه‌کی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جێنده‌ریدا.
ئه‌م حاڵه‌ته له‌گه‌ڵ دۆخی نه‌کراوه‌یی و نه‌رێتگه‌رێتی و ئایینیبوونی کۆمه‌ڵگا و دۆخی تێپه‌ڕ و هه‌ڵپه‌سێردراوی کۆمه‌ڵگا یه‌کانگیر ده‌بێت و ئه‌کته ناڕه‌سه‌نه‌کانی ژن زیاتر زه‌ق ده‌کاته‌وه.
کۆمه‌ڵگایه‌کی هه‌ڵپه‌سێردراو و تێپه‌ڕ: ئایینی و مۆراڵێکی ڕادیکاڵیی ئاسمانیی هه‌یه و بناژۆخوازه به‌ڵام ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌کانی بۆ ڕاناگیرێت، درۆ ده‌کات که باوه‌ڕی به مافی ژن و یه‌کسانی هه‌یه به‌ڵام ته‌نها له ده‌رگای جه‌سته‌وه دێته ژووره‌وه و فۆرمی ” سه‌ر و ژێر” به هاوتای هاوسانی ده‌زانێت، کۆمه‌ڵگایه‌ک که: باوه‌ڕی به ڕۆح و غه‌یبانییه‌ت هه‌یه که‌چی تا سه‌ر ئێسقان مادیخواز و جه‌سته‌په‌رست و مه‌سره‌فگه‌رایه و… ئه‌م دۆخه گشتییه واده‌کات کۆمه‌ڵگا چاوی سێهه‌می نه‌بێت و ته‌نها به دوو چاو، چاوله شاشه و شانۆ و واقیع و جیهان و شوێنه ته‌رچک و تورده‌کانی جه‌سته بکات و ته‌نها ڕووکار و توێژاڵی سه‌ره‌وه‌ی ببینێت.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ی سێهه‌م که هاوکات بووه له گه‌ڵ بزاڤێکی فیمینیستیی ناته‌واو وده‌سته‌به‌ر بوونی هه‌ندێ ئازادی بچووک بۆ ژنان و داننان به هێزیان وه‌کوو قه‌واره‌یه‌کی کۆمه‌ڵگا، زیاتر مه‌جالی ده‌رکه‌وتنی بۆ ڕه‌خساوه و ڕوخسار و سیما دیاره‌کانی ژنانی ناهه‌ڵکه‌توو و بێ ئایدیا هه‌ر ده‌م له ژێر سێبه‌ری ئه‌م لێشاوانه دا ده‌رکه‌وتوون و به هه‌ڵکه‌وتوو و ئایدیابه‌خش مانیفێست کراون، ئه‌مه گشتییه‌تی جیهان و ژینگه‌ی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازی ژن داده‌به‌زێنێته سه‌ر ئاستی هه‌ندێ وێنه و نیگار له جه‌سته و لێو و قسه‌ی عاتیفی و له‌نجه‌ولار و به‌گشتی ده‌یانخاته پرۆسه‌ی به ئامرازبوونێک که سیسته‌مێک له ناو بازاڕ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، نه‌ک هێزێک له عه‌قڵی خه‌مخۆری ژیان و چاکسازی کۆمه‌ڵگا و به‌م شێوه‌یه سایکۆلۆژی و جیهانبینی و ئاره‌زووه‌کانی ئێمه له ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه ده‌سکاری ده‌بێت.
جیا له‌مه‌ش نه‌ریتێکی مردوو و کۆنه به‌رهه‌م ده‌هێنێت: ” به له‌نجه و لار هاته‌وه یارم له ڕێگه‌ی کانی…” به‌کاڵاکردن و به‌کاڵابوونی ژن ئه‌و گورزه کوشنده‌یه له ده‌ق و که‌لتووری ئێمه ده‌دات که سووژه‌ی وه‌گێڕ و پرسیارسازی ژنمان له ناو ئه‌و هه‌موو مانکه‌ن و په‌یکه‌ره سیکسی و نازکه‌دا بۆ نادۆزرێته‌وه و ڕۆحه ڕه‌سه‌نه ده‌گمه‌نه‌کان ده‌کات به ژێر تۆز و گه‌ردی ده‌رکه‌وتنی خۆیه‌وه.
ئه‌گه‌ر حیزب باوک و خێڵ باپیر بێت ئه‌وا ژن به‌م واتایه و له ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی بازاڕدا ده‌بێت به باوه‌ژن و دایکێکی زڕ که نه گرێدراوه‌تی پێی گه‌وره‌مان ده‌کات و نه تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵی ده‌مانخاته ناو هاوکێشه‌یه‌کی ئودیپووسی و فرۆیدیانه له قه‌یرانی مانا و بوون به نیسبه‌ت دایک و ژنه‌وه!
4- پله‌داربوون، ده‌لاله‌ته بۆ پله و پایه‌ی ئیداری و پێگه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری.
بێگومان له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکان و به تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش که‌سێکی خاوه‌ن پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی (کوڕی مامۆستا فڵانی یان کوڕی ئاغای فیسار یان نه‌وه‌ی حاجی کێ و یانتر بنه‌ماڵه‌ی کێ به‌گ و کێ و کێ…) یان خاوه‌ن پێگه‌ی ئیداری(سه‌رۆکی بانک یان فه‌رمانبه‌ری ئیداره‌یه‌کی کاریگه‌ر له کۆمه‌ڵگا و…) یان خاوه‌ن کۆمپانیا و زه‌ویندار و موڵکدار یان سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌کی سیاسی ناودار و خه‌باتگێڕ…هه‌موو ئه‌مانه ترس و مۆته‌که‌ی ڕاسته‌قینه و کوشنده‌ن له سه‌ر ده‌ق و که‌لتوور و ئه‌ده‌بی ئێمه.
که ناکرێت ته‌نها ئه‌مانه وه‌کوو تاک و ته‌نانه‌ت که‌لتوور و پێکهاتیش به تاوانبار بزانین، به‌ڵکوو به‌شێکی بنه‌مایی تاوان و کێشه‌که لای ئه‌و که‌لتووره مێگه‌ل و گشتییه‌یه که بوێریی ڕه‌خنه‌گرتن یان توانستی ڕه‌خنه‌گرتن یان ئازادی و جوامێریی ڕه‌خنه‌گرتنی تێدا نییه و ده‌که‌وێته داوی هه‌لپه‌ره‌ستی، به‌رژه‌وه‌ندیخوازی، شه‌رمنۆکی و ترسنۆکییه‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته، مه‌ندی و وه‌ستاویی له ناو که‌لتوور و ده‌قدا به‌رهه‌م دێنێت و ته‌نانه‌ت ده‌قی باش ده‌کوژێت و ده‌قی خراپ ده‌باته سه‌ره‌وه.
ده‌قی باش له ڕه‌خنه‌کردن ده‌پارێزێت و پێگه‌یه‌کی نه‌مری ده‌داتێ و ده‌یکات به پیرۆز و قودسی! شتێک که له‌گه‌ڵ ڕۆحی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌واو دژایه‌تیی هه‌یه.
پێوه‌ندی ئه‌م حاڵه‌ته له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌کانی پێش وه‌کوو ده‌سه‌ڵات وهێزه که باوک وخێڵ و ژنانێتیی بازاڕ ده‌ترنجێنێته‌وه ناو جیهانی نومایش و نواندنه‌وه: میدیا!
5- له دوای تێزی گوندی جیهانییه‌وه له لایه‌ن مارشال مه‌ک لۆهانه‌وه و ده‌ربڕینی ڕسته‌ی” میدیا په‌یامه” تاکوو ئێسته ئێمه ئیدی له گه‌ڵ تێزێکدا ململانێی زه‌ینی ناکه‌ین به‌ڵکوو ئێسته گوندی جیهانیی واقیعێکی به‌رهه‌ست و بینراوه و زه‌قه و میدیاش ئه‌م جیهانه‌ی زۆر بچووک و له هه‌مان کاتدا ئاڵۆز کردۆته‌وه.
هه‌موو چوار حاڵه‌ته‌که‌ی پێش له ڕیگه‌ی میدیا و له ناو میدیا به‌ریه‌ک ده‌که‌ون و ڕۆحی ناڕه‌سه‌ن و پاوانخواز و بوتپه‌ره‌ست و کاڵامه‌ند و چێژته‌وه‌ر و نه‌گۆڕخواز به‌رهه‌م دێنن.
میدیا وه‌کوو “جیهانی واقیعه!” بۆ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی که چوار حاڵه‌تی پێشووم تێدا باسکرد، لێره‌دا ئێمه جیهانی واقیع ده‌دۆڕێنین و دێینه ناو جیهانی ناواقیعی و مه‌جازی که نه ڕه‌سه‌نایه‌تی هه‌یه و نه مێژوویه‌کی به‌رهه‌ست و نه خاوه‌نی ڕووداوانی ناو جیهانی واقیعه و نه گوزارشتێکی ڕاست و سادق له جیهان ده‌کات.
میدیا له ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا “گۆی جیهاننوێن” و شووشه‌ی جادوویی و چاوبه‌ستکاری فانتازییا سه‌رکوتکراوه‌کانی کۆمه‌ڵگایه، میدیا به‌م پله و واتایه جگه له فیچقه و ته‌قینه‌ی ناوشیاریی له غیابی عه‌قڵ و وشیاری شتی دیکه نییه!
6- شارچێتیی فێڵبازترین و چڵکنترین ده‌مامکی شوناسێکی خێڵه‌کی و تاقمگه‌ره که مه‌کیاجکردنه‌که‌ی خۆی له ناو هۆڵێکی ئه‌مڕۆیی و قه‌ره‌باڵغ و بۆینباخ له‌ملدا ئه‌نجام ده‌دات.
ئه‌وە گه‌وره‌ترین و عیشوه‌کارترن و فریوده‌رترین ئه‌کته‌ری ناو ئه‌و شانۆیه‌یه که “میدیا” وه‌کوو شوێنگه‌ی فانتازییه سه‌رکوتکراوه‌کانی کۆمه‌ڵگا نومایشی ده‌کات، ئه‌و له قووڵاییه‌کانی ناوشیار و له سه‌رکووتکراوه گه‌ڕاوه‌کانه که ئه‌وه‌نده وشیاریی هه‌یه که فێڵ بکات، شارچێتی جه‌مسه‌ری ناوشیارانه ومێژوویی په‌راوێز وترسنۆکی خێڵ و هۆزه‌کانه، یه‌ک جیاوازیی دیار و جه‌وهه‌ریی شارچێتی له‌گه‌ڵ خێڵ و هۆزه‌کان ئه‌وه‌یه که خێڵه‌کان به‌رهه‌می واقیعی و ڕاسته‌قینه‌ی مێژوون و له جه‌وهه‌ردا غه‌ریب نیین و درۆش ناکه‌ن، ئه‌وان به سمێڵ و جامانه و گۆچان و قرخه و باوکانه‌بوون و…ده‌رده‌که‌ون و ڕۆڵیان واقیعییه به‌ڵام شارچێتیگه‌راکان وه‌کوو هه‌تاوپه‌رستن (ئا‌فتاب پرست) له‌گه‌ڵ خێڵدا خێڵن و له‌گه‌ڵ باوک‌دا باوکن و له‌گه‌ڵ ژن‌دا ژنن و له‌گه‌ڵ میدیادا ده‌بن به خودی میدیا! ئه‌وان وه‌کوو فریوده‌رترین و جه‌سته‌ناسکترین و نووکه‌کارترین ئه‌کته‌ری ناو ئه‌م هاوکێشه که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه ته‌واوی میدیا داگیر ده‌که‌ن! هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه ئایدیای قاره‌مانێتی و تاکانه‌بوون به‌رهه‌م بێننه‌وه به‌ڵام ده‌بێ گۆڕه‌پان یان ئه‌نجوومه‌ن یان جووت سایدی گه‌ڕه‌که‌که‌یان بڕیاره‌کان ده‌ربکات!