لە هەرێمی کوردستان ٥٧ بلۆکی نەوت و گاز هەیە ٢٨ کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن، بەجۆرێک لە سنووری هەولێر ١٢ کۆمپانیای هەشت وڵاتی جیاوازی بیانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵیی کاری تێدا دەکەن و لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان ١٥ کۆمپانیای نۆ وڵاتی بیانیی کار لەو کێڵگە غازیی و نەوتیانەدا دەکەن.
ناوەڕۆکی زۆربەی گرێبەستە نەوتیەکان ئەوەی تێدایە، کە لەکاتی دروستبوونی کێشە لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان ئەوا دەتوانرێت ئەو دۆسییەیە لەڕێگەی دادگای نێودەوڵەتیی یەکلا بکرێتەوە.
“مێژووی هەناردەی نەوتی کوردستان”
بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) ،بۆیەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستراوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بەپێی زانیارییەکانی نێو یاداشتی کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، بەپێی زانیارییەکان بۆرییەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە.
(60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهای(1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار.
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپابیای (بۆتاش)سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت.
“نادەستووری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان”
لەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی ئێراق دەری دەکەن، ئەگەر نادادپەروەرانە بێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت پێش ئەوەی لایەنەسیاسیەکان زەرەرمەندبن، زۆرێک لە چاودێران هەر لەسەرەتاوە تێبینیان لە سەر هەردوو بڕیارەكەی بەمدواییانەی دادگەی فیدڕاڵی ئێراق هەبووە كە یەكەمیان لەبارەی دیاریكردنی قەبارەی پەكخستنی كارەكانی پەرلەمانە و بڕیاری دووەمیش كە تایبەت بوو بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان. ئەم دوو بڕیارەی كە لە دادگەی فیدڕاڵی ئێراقەوە دراوە، بەجۆرێك لە جۆرەكان بابەتەكە خوێندنەوە نییە هێندەی دەستوەردانە لە كاروباری دەسەڵاتی یاسادانان.
بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی كاتێك ڕێزی لێدەگیری كە بێلایەنانە بێت. دادگەكە دوایین وێستگەیە كە ئەگەر گرفتێك هەبێت لە بابەتێكی دەستووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاكان یاخود هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فیدڕاڵییەكان دروست ببێت ئەوان بتوانن یەكلاكەرەوە بن و لە بوونی نادادپەروەرییەكدا ئەوان بتوانن نادادپەروەرییەكە راست بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە، لەژێرهەژموونی سیاسیدا بڕیارئەدەن زۆرکات ،نەک بەرژەوەندی نیشتیمانی. دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە لە دەستووری ئێراقی كە خوێندنەوەی ماددەكان دەكات و دەستوەردەدات لە كاتی بوونی ناكۆكیدا.
وەک لای هەموان ئاشکرایە، ناكۆكی هەیە و داوایەكی یاسایی دروستبووە لە ساڵی 2012ـەوە هاتووە و بەردەوامە و هەندێك گرفت لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندیی بەغدا دروستبووە. هەڵبەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمافی خۆی زانیووە بەپێی دەستووری ئێراقی ئەو بیرە نەوتانەی كە دەدۆزرێنەوە زیاتر مافی بە هەرێمەكان داوە كە گەڕان و دۆزینەوە و تەنانەت بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بۆ ئەوان مافی پێدراوە بەپێی دەستووری ئێراق. هەروەها حكومەتی ئێراق خۆی ڕێگەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانداوە سیاسەتی نەوتی خۆی بەمشێوەیە بێت و ڕێككەوتنیش لەمبارەیەوە هەیە. وەک لای هەموان ئاشکرایە ئەو ڕێككەوتنەی هەیە بەشێكە لە دانپێنانی حكومەتی ئێراقی لە بودجەی 2021دا جێی كراوەتەوە. ئەمە مانای ئەوەیە كە حكومەتی فیدڕاڵی رازی بووە بەم سیاسەتە.
لەبارەی سیاسیی بوون و نەبوونی بڕیارەكە، بەڵكو رەنگە زۆربەی یاساناسان لەسەر ئەم بڕیارە و بڕیارەكانی دیكەش باسیان لەوە كردووە كە ئەمە بڕیارێكی سیاسییە و تویتەكەی موقتەدا سەدریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوون بوو كە پەڕلەمان كارەكەی خۆی بكات بەدەر لەو بڕیارەی كە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەدرێت ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەم بابەتە. بڕیارەكان سیاسین و باشترین بەڵگە بۆ ئەمە كە سیاسیین، كاتەكەی بڕیارەكەیە كە لە 2012ـەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە كەچی لەم ساڵداو بەدیاری کراوی لەم كاتەدا دەستی بۆ براوە و كراوەتە بڕیار.
لایەنی ناكۆك كە وەزارەتی نەوتی ئێراقە، خۆی داوای دواخستنی ئەم بابەتەی كردووە چونكە گفتوگۆكان بەردەوامە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی. سەرباری وەزارەتی نەوت، ئەوان هاتوون بڕیارەكەیان داوە. وەزارەتی نەوت دەڵێت دۆسیەكەیان داخستووە، كەچی دادگەی فیدڕاڵی دەستیان بۆ بردووە و بڕیاریان لەسەرداوە.
پێكهاتەی دادگەی فیدڕاڵی ئێراقی دەتوانم بڵێم بێلایەن نین و بەشی زۆرینەی واتە 50+1ی كاریگەری سیاسییان لەسەرە لە دەرەوەی دادگە و لە دەرەوەی دامەزراوە دادپەروەرییەكان. چەندین بڕیار هەن كە دراون، داوای یاسایی كۆنن و لە كاتێكدا دەستیان بۆ براوە كە ناكۆكی سیاسیی لەنێوان فراكسیۆنەكان هەیە بەتایبەتی زۆرینەی شیعی و ئەو هاوپەیمانییە سێیانەیەی كە دروستبووە ئامانج لێی رێگرتنە لەو هاوپەیمانییە كە پێیانوایە دوای پێكهێنانی حكومەت دەست بۆ چەند كەیسێك دەبات كە تایبەتن بە گەندەڵییەكان. ئەم بابەتە كۆمەڵێك لایەن تێیاندا زەرەرمەند دەبن و پێیانوایە ئەم حكومەت و پەرلەمانە پەكبخەن بۆ ئەوەی كە دەست بۆ ئەم كەیسانە نەبرێت كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستیان بۆ دەبرێت.
بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵی بۆنی شۆڤینییەت و ڕۆیشتن بەرەو مەركەزییەت و تاكڕەوی لە دەسەڵات دەڕوات كە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە. دەبێ دادگەی فیدڕاڵی ئێراق ڕێز لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت. لە دەستووردا زۆر بە ڕوون و ئاشكرا باسكراوە كە لە چوارچێوەی ئێراقی فیدڕاڵدا دەژین بۆیە بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی ئێراقی و ئەم بڕیارە سەرباری ئەوەی بە ئاراستەی مەركەزیەت و تاكڕەوی بوون دەچێت و لە بەرامبەردا فەرامۆشكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان هەنگاو دەنێت. ئەمە دیاردەیەكی یەكجار مەترسیدارە. نەك هەرێمی كوردستان رەنگە بەیانی لە ئەگەری دروستبوونی ناكۆكییەك لەنێوان پارێزگاكاندا لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا دووبارە روو لەم دادگەیە بكرێت كە ئەركی سەرەكیی چارەسەركردن و یەكلاییكردنەوەی پرسەكانە دیسان لەوێش هەمان كار بكرێت و بڕیار بدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی خەڵك متمانەی بەم دادگەیە نەمێنێت كە بڕیارێكی دادپەروەرانە بدات. باشتروایە بۆ پاراستنی شكۆی خۆیان دادپەروەرانە بڕیار بدەن.
بابەتی نەوت بەپێی دەستووری ئێراق نەخشەی سیاسیی و ستراتیژییەتی نەوتی بەهاوئاهەنگیی لەنێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی ناوەندیی. هەروەها حكومەتی فیدڕاڵی تاوەكو ئێستا یاسای نەوت و گازی دەرنەكردووە بۆ ئەوەی بێت و بڵێت ئەم یاسایە پێچەوانەی یاساكەی حكومەتی فیدڕاڵی ئێراقە.
ئەو گوشارەی بەسەر دادگەی فیدڕاڵییەوە هەیە پەیوەستە بەم دۆخە هەنووكەییەی كە ڕوودەدات، بەڵام مانای ئەوەنییە مەترسییەكەمان لەبیر بچێت. دوای پێكهێنانی حكومەت ئەشێت ئەم گوشارانە كەم بێتەوە. ئەمە بۆ ئەو كاتە پێویستە كار بكەین بۆ داهاتوو كە رەنگە بڕیارێكی دیكە بدرێت لە دژی جومگەیەكی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە بەگیانی تاكڕەوی و دیكتاتۆریانە و باڵادەستییەی تا ئێستا ماوە لەلای بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ئێراق.
دەرئەنجام
یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ئێراق بەستنەوەی کەرتی وزەی (نەوت و گاز) هەرێمی کوردستانە بە بازاڕی جیهانەوە بەتایبەتیش ئەوروپا، لەهەمانکاتدا ترسی حکومەتی هەرێمی کوردستان جوڵاندنی کەیسی دادگەیە لە دژی بەشدارانی کەرتی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان) لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و کڕینی نەوت و گازدا.
ئهو كێڵگه نهوتییانهی کە له دوای ساڵی ٢٠٠٥ له ههرێمی كوردستان دامهزراون، پێویسته لهژێر بهرپرسیارێتی ههرێمی كوردستان بن، لهبهرئهوهی دهقی دهستوور ئاماژهی تهنها به كێڵگه نهوتییهكانی ئێستا واته ئهوكات كردووه، كه بهر له ساڵی ٢٠٠٥ههبووه، بهڵام كێڵگه نهوتییهكانی ههرێمی كوردستان دوای ساڵی ٢٠٠٥ كاریان لهسهر كراوه، بۆیه لهسهر بنهمای یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان ژماره ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، كه پشتی به دهستووری ئێراق بهستووه، ههرێمی كوردستان ئیدارهی ئهو كێڵگانه دهدات و یاساكه لهگهڵ دهستوری ئێراق هیچ ناكۆكییهكی تێدا نییه.
هەربۆیەش هەرێمی کوردستان دەبێت چاوەڕوانی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی ئێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و کۆتایپێهاتنی چیرۆکی یاسایی بوون و دەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە جگە لە دەرچەیەکی یاسایی بۆ کۆتایی ئەم دۆخە، هەڵبەز و دابەزی مامەڵە سیاسییەکانی ئێراق لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 470 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و گازەکەشی لە رێگەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە،لەقۆناغی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.