کۆچ، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، دەتوانێ لە رووبەرێکدا بە ئەندازەی مێژووی شارستانییەتی مرۆڤ کۆن بێت. مرۆڤ ھەر لە سەرەتای ژیانی بە کۆمەڵی خۆیەوە؛ کۆچ بووەتە بەشێک لە ژیان و بوون و شارستانییەتی. مرۆڤ لە مێژەوە، لە شوێنێکەوە بەرە و شوێنێکی دیکە هەنگاوی بە کۆمەڵی لە پێناوی ژیان و مانەوە و بە دەستھێنانی باری باشتری گوزەران و ژیان و کەوتنە ئاسایش و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی و داھات و دەسکەوتەکانی، ھەمیشە کۆچیکردوە و کۆچی وەک میکانیزمێ بەکار ھێناوە.
کۆچکردن واپێناسەدەکرێ؛ بریتییە لە جێهێشتن و رۆشتنی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافی بۆناوچەیەکیتری جوگرافی جیاواز بە ئامانجی دەستکەوتنی ژیانێکی شایستەو گونجاو.
پێناسەی گەنج، کە بەسەرمایەی وڵات دەژمێردرێ واپێناسەکراوە؛ بریتییە لەوکەسەی نەخشە بۆ ئایندە دادە رێژێت و بەشێوەیەکی سیتەماتیک کار و تێکۆشان دەکات بۆ بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو. واتا، گەنچ گرنگترین چینی کۆمەڵگایە و بەسامانی ووڵات دادەنرێت.
“کۆچکردنی گەنجان لەکوردستان”
کوردستان هەرێمێکە لە وڵاتی ئێراق لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حوکمرانی سەربەخۆی هەیە، خاوەن پەرلەمان و حکوومەتە. کۆچکردن کەئێستا بووەتە دیاردە و باس و خواس لەناو کۆمەڵگای کوردی، بەتایبەتی لەسەرەتای دەستپێکی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی تێکچوونی بارو دۆخی ئێراق و کوردستان، بەهاتنی داعش و درووستبوونی شەڕ و هاتنی قەیران لەسەر قەیران وەك گرانی و بێکاری و راگرتنی دامەزراندن لەتەواوی وەزارەتەکان. کۆچی گەنجان دەستی پێکرد، بەزۆری لەرەگەزی نێر بوون. بەڵام جێگای داخە کە دوای کۆتای هاتنی شەڕی داعش و کەمبوونەوەی گرژی لە ئێراق، بەڵام لەهەرێمی کوردستان بارودۆخەکە هێشتا وەک پێویست نییە. کە لەو ساڵانەی دوایی تاکو ئێستا، هەزاران گەنچ کۆچی نایاسایان کردووە بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان، دەیان کەس بووەتە قووربانی، بەهۆی کۆچە نایاساییەکان. ئەوانەی لە کوردستان روو لە دەرەوە دەکەن95% زیاتر لەو گەنجانەن کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 25 ساڵانە، گەنجان هەمیشە خاوەنی بەهرەی خۆیانن، هەمیشە لە خەیاڵیان داهێنانێكی نوێ لە بیرو هۆشیان بەدی دەكرێ كاتێك هیچ زەمینەسازییەك نابینن بۆ دەرخستنی بەهرەكان و پەرەپێدانی، ئەوا حەز و بەهرەكانی لە ناخیدا دەخنكێن و تووشی گرفتی گەورەی دەروونی دەبن، هەر بۆیە دەبێت زەمینەیەك ساز بكەین بۆ ئەوەی بەهرە و تواناكانیان لە ناخیانەوە بدۆزنەوە و گرنگییان پێ بدرێ.
زاڵبوونی داب و نەریت، گەنج هەمیشە رۆحێكی یاخی هەیە لە كۆت و بەند و ئەقڵییەتە كۆن و دواكەوتووەكان كاتێك نەریت و سیستەمە كۆنە پەسەند كراوەكان و ئاینەكان كۆت و بەندی دەكەن، هەم دیسان یاخی دەبێت و دەبێتە وزە و تینی بیری نوێ كە زۆرجار كۆتوبەندەكان تێك دەشكێنن هەندێكجاریش دەبێتە قوربانی ئەو كۆتانە، هەر بۆیە دەبێت هەمیشە گوێ لە گەنج بگیرێت و هەستی ئازادی بیر و كەسێتییان پێ بدەین. دۆزینەوەی كار گەنج وەك هەر كەسێكی تر هەمیشە پیوستی بە هەلی كارە تا توانای خۆی بەدەر بخات و دەستكەوتێكی ئابووری دەستكەوێت، تا خۆی بوونی خۆی بسەلمێنێت كە ئەویش بوونی هەیە لە كۆمەڵگا و هیوایەكی هەیە بۆ داهاتوو كەچی كاتێك ئەم هەلە بۆ ناڕەخسێت باڵی نائومێدی و بێزاری و شكست نزیك دەبێتەوە لێی شوێنێك نادۆزێتەوە بۆ دروستكردنی بوونیخۆی.
“هۆکاری کۆچکردنی گەنجان”
1- ئەم کۆچە بێهیوابوونی خەڵکە لە کێشە ئابوورییە کەڵەکەبووەکان و کێشە سیاسییەکان و ململانێی نێوخۆیی لایەنەکان. بەوەی خەڵک لەوە هەڵدێت، کە داعش کۆتایی نایەت، دوێنی بەعس بوو، ئەمڕۆ داعشە، سبەی حەشدی شەعبییە، دوو سبەی شتێکی دیکەیە، خەڵک بێهیوادەبێت لەوەی کێشە سیاسییەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو چارەسەربوون بچن.
2- یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی پەروەردەیەکی باشە، سیستەمی پەروەردە لە وڵاتی ئێمەدا، حکومەتی ئێمە، دەوڵەتی ئێمە، روانگەی کۆمەڵگای ئێمە، رێکنەخراوە بۆ ئەوەی، کە مرۆڤێکی بەرهەمهێنەری زانای خۆگری تێدا دروستببێت. “کۆچ”تەنیا لە کوردستان نییە، هەر لە باکووری ئەفریقاوە تاوەکو دەگاتە سنوورەکانی یۆنان شەڕە، هەر لەوێوە کۆچ هەیە تاوەکو دەگاتە سنوورەکانی یۆنان، کەمترین شوێن کە کۆچی لێدەکرێت هەرێمی کوردستانە بەراورد بەوڵاتانی ناوچەکەوجیهان.
3- ئەم کۆچە کۆچێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئاسایشی نەتەوەیی کورد، تاکی کورد وەک مرۆڤی کورد لە قەیرانێکدایە کە بۆشاییەکی رۆحی و سیاسی رووبەڕووبووەتەوە، ئەوەی تاوەکو دوێنی باسی ریفۆرمی دەکرد، ریفۆرمەکانی بەدی نەهێنا، ئەوەی بەڵێنی بەخەڵک دەدا، کە دەتوانێت گۆڕانکاری لەژێرخان و سەرخانی وڵاتدا بکات لەڕوی بەڕێوبردنەوە وەک پێویست نەکراوە.
4- ئەوانەی کۆچ دەکەن تەنیا کەسی بێکار نین، تەنیا کەسێک نین کە هەژارن، بەشێکیان بێکارە، بە پێچەوانەوە بەشێکیان گوزەرانیان باشە، لە هەمووشی گرنگتر کە کۆچی تەنیا مرۆڤی کورد نییە کۆچی سەرمایەیە، دەوڵەمەندەکان، کە وردە وردە پارەکانیان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بۆ ناوچەیەکی ئارام، بەهۆکاری بوونی داعش لەتەواوی ئێراقدا، ئێستاشی لەسەربێت مەترسی گرووپەچەکدارەکان بەردەوامە لەسەر ئێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی.
5- بێکاری و نەبوونی هەلیکار لەکەرتی تایبەتی و حوکمیدا هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجانە بۆدەرەوەی وڵات، دانەمەزراندنی رێژەیەکی زۆری دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
6- ئەو پێداویستییە بنەرەتیانەی کە هەموو گەنجێك ئاواتی بۆ دەخوازێت؛ وەك، بوونی شوێنی نیشتەجێبوون، پێکهێنانی ژیانی هاوسەری، پاشان فەرامۆشکردنی گەنجان و گوێ نەگرتن لێیان.
“چارەسەری دیاردەی کۆچکردن”
1- باشکردنی باری ئابووری وڵات، ئەویش بەبەرنامەی واقیعییانە و زانستییانە.
2- بوژاندنەوەی وڵات و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی چاکسازی و خزمەت گوزاری تەواو.
3- هاوکاری گەنجان بۆ چوونەناو پرۆسەی هاوسهرگیری و یارمەتی دانیان بۆ پێکهێنانی ژیانی نوێ.
4- سەروەر بوونی یاسا و نەکردنی جیاوازی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگا.
5- کۆنترۆڵکردنی لایەنی بازرگانی و دیاریکردنی نرخی گونجاو، رێگەگرتن لە دروستبوونی گرانی.
“دەرئەنجام”
ئەگەر بێت و ئەم دیاردەیە چارەسەر نەکرێت، لەلایەن حکوومەت، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگاکەمان، چوونکە بەنەمانی “گەنج” جێهێشتنی نیشتمانەکەیان ئایندە و داهاتووی کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون دەچێت. لەبەر ئەوەی هەر گەنجە بوونیادنەری داهاتووی کۆمەڵگاو پارێزەری خاك ونیشتمان و مانەوەی نەتەوەیە. کۆچی هاووڵاتییان بۆ دەرەوە و بەجێ هێشتنی کوردستان لە ئێستادا یەکەمجار نییە. ئەوانەی کوردستان بەجێ دێڵن لە شوێنێکی تر تاقیان بۆ لێ نەدراوە، کۆچبەران بۆ هیچ شوێنێک ناچن، ئەوان لە وڵاتەکەی خۆیان بەردەبنەوەو لە شوێنێک دەگیرسێنەوە یان تیا دەچن، ئەم بەربوونەوەیەش؛ سەرچاوە لە هەڵوەشانی کۆمەڵگاوە دەگرێت کە ئیتر هاووڵاتیی هیچ بەستنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نامێنێت. نموونەی ئەو شتانەش کە مرۆڤ دەبەستنەوە بە کۆمەڵگاوە ئەمانەن، )ئیش و ئابووریی، زمان و کولتور، رۆڵ لە کۆمەڵدا، ئاساییش( بڕوابوون بە پێشکەوتن و دڵنیایی.
ئهركی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان، هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی جێگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ڕەخساندنی هەلیکار و نەهێشتنی برسێتی و هەژاری و بێکاری و چەوساندنەوە و بێڕێزیکردن و نەهێشتنی نایەکسانی و گەندەڵی و… هتد. بۆیە گەر ئەم هەنگاوانە هەڵنەنرێن ئەوا ئایندەی کۆمەڵگای کوردەواریمان لەم هەرێمەدا دەکەوێتە بەر هەڕەشەیەکی جدیەوە لەلایەک بەهۆی کۆچی گەنجانی کورد بۆ هەندەران و لەلایەکی تریشەوە کۆچی هاوڵاتیانی عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق بۆ هەرێم و نیشتەجێبوون و بوون بەخاوەنی موڵک و ماڵ و مانەوەی هەمیشەییان، کە ئەمەش بۆخۆی ئەنفال و تەعریبی هێواش و لەسەرخۆ و دەستکردی حکومەتی هەرێم خۆیەتی کە سەد ساڵە خەباتی کوردایەتی لەدژی ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی داگیرکارانی کورد و کوردستان دەکرێت. دەریایەک خوێن و فرمێسکی لە پێناودا ڕژاوە.