وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی پارەدا یارییەکی پڕمەترسییە، تەنانەت بۆ ئەو یاریکەرانەیش کە خاوەن باڵاترین ئاستی ئەزموون، بەهرە و زانستن، هەروەها ئەوانەی پەندی میسڕیی “تەنیا زیرەك دەکەوێت”ـیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت. بەڵام لەڕێی لێکۆڵینەوەی ئەو هەڵانەی کراون، دەتوانین پەند و وانە وەربگرین، نەك تەنێ وەك وەبەرهێنانی سەرەتایی، بەڵکوو وەك مرۆی ئاساییش کە لە ژیانی ڕۆژانەمان هەست بە ڕێگەکەمان دەکەین.
لەوانەیشە گەورەترین وانە لە ژیانمدا لەڕێی لێکۆڵینەوەی مێژووی وەبەرهێنەرانەوە فێری بووبم، لەسەر دەستی “ستانلی دراکێنمیڵەر”ـەوە بووبێت؛ کە هاوشێوەی خۆم، حەزێکی گەورەی هەبوو بۆ جێهێشتنی کارە سەرکەوتووەکەی تێیدا شارەزا بوو بۆ کارێکی تری نوێ کە پێیوایە لەویشدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵکوو بەهۆی بەهرە و زانستەکەیەوە بەدڵنیایییەوە سەرکەوتوو دەبێت. بەبێ چوونەنێو وردەکاریی ژیانی تایبەتی کە پەیوەندی بە کەسەوە نییە، ئەو بەشە تایبەتەی ژیانی ستانلیتان بۆ دەگێڕمەوە کە پەندە گەورەم لێ دەرهێناوە، نەك تەنیا لە بواری وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی پارەدا، بەڵکوو لە ژیانی تایبەتیشی.
“بواری ئەزموونت جێمەهێڵە”
لە ساڵی 1998ـدا، ستانلی دراکنمێڵەر ئەرکی وەبەرهێنانەکانی سندووقی کۆمەڵەی کوانتەمی گرتە دەست، کە جۆرج سۆرۆس (1998-2000، وەبەرهێنەری بەناوبانگ خاوەندارێتیی دەکرد، لە ماوەی دوانزە ساڵدا، ستانلی بووژانەوەیەکی گەورە و دیاری بەخۆیەوە بینی لە وەبەرهێنانەکانی سندووقەکەدا و هەرگیز تێکڕای قازانجی ساڵانەی سندووق لە 24% کەمتر نەبووەوە. سندووقی کۆمەڵەی کوانتەم سندووقێکە بۆ وەبەرهێنانی هێج فەند (hedge Fund) کە سیاسەت و ئامرازی وەبەرهێنانی ئاڵۆز و پێشکەوتوو بۆ بەدیهێنانی قازانجی زیاتر لە تێکڕای ئاستی قازانجی بازاڕ، لەنێو ئامرازەکان: وەرگرتە و گرێبەستەکانی داهاتوو، لە نموونەی سیاسەتەکانیش بریتیە لە: فرۆشتنی کورتخایەن.
با بێینە سەر باسی قەبڵاندنەکانی ئەم سندووقە بە سەرکردایەتیی جۆرج سۆرۆس و ستانلی لەسەر جونەیهی ئیستەرلینی لە ساڵی 1992 لە بەرانبەر بانکی ناوەندیی ئینگلیزی، کە بانکەکەی ناچار کرد بەهای دابەزێنێت و دەستبەرداری سیستەمی ئەوروپی بێت، کە قازانجی زۆری دەست خست. هۆکاری ئەو سەرکەوتنە هێزی زانیارییەکانی ستانلی و بەدواداچوونی نزیکی بۆ بەرەوپێشچوونەکانی ئابووریی جیهانی و، تێگەیشتنی قووڵی لە ئامرازەکانی جوڵانی نرخەکانی ئاڵوگۆڕی دراوە سەرەکییەکان. سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە، ستانلی دراکنمێڵەر، وەبەرهێنەری پاوانخوازی ئەمریکی، لە ئاسمانی سەرکەوتنەوە دابەزیە جیهانی شکست لە چیڕۆکێکدا کە پەندی لێ وەردەگرین، کە بە کورتی بۆتانی دەخەمە ڕوو؛
ا- لە بەهەشتی دراوەکانەوە بۆ وێرانکاریی تەکنەلۆژیا.
لە ساڵی 1992ـدا، دراکنمێڵەر سەرکێشی ئەنجام دا و بڕیاری دا لە چوارچێوەی ئەزموونەکانی و بواری زانیارییە بەرفراوانەکەی لە بواری وەبەرهێنان لە دراوەکان بچێتە دەرەوە و، بەدوای شەیدایییەکەی لە وەبەرهێنان لە بواری نوێدا هەوڵی دا. لەو ساڵەشدا نرخی پشکەکانی تەکنەلۆژیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لێ ستانلی پێشبینیی دابەزینی نرخەکانی لە ماوەیەکی کورتدا کرد و، لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی بە هاتنەئارای دابەزینێکی بەرچاو، بڕیاری دا بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە سندووقی کوانتەمدا بکات. ستانلی شێوازی فرۆشتنی کورتخایەنی بەکار هێنا. لێ بەداخەوە، پێشبینییەکانی نەهاتنە جێ و، نرخی پشکەکان بەردەوام بوون لە هەڵکشان؛ بۆیە لەم ساڵەدا نزیکەی 18%ـی سەرمایەکەی لەدەست دا.
فرۆشتنی کورتخایەن لە وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی پارەدا چییە؟
مەبەست لە فرۆشتنی کورتخایەن بریتیە لە: بەقەرز وەرگرتنی کاخەزی دارایی (یان دراوە) لە یەکێك لە ئاڵوگۆڕەکارەکان و، پەیماندان بۆ دانەوەی لە کاتێکی دواتردا بەرانبەر بە بڕە پارەیەك کە وەبەرهێنەرەکە پێی دەدات و، دەستبەجێ هەڵدەستێت بە فرۆشتنەوەی بە ئامانجی ئەوەی دواتر بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشێتەوە و، پاشان، دەستخستنی قازانجێك هاوتا بێت لەگەڵ جیاوازیی نێوان نرخی فرۆشتن. سیاسەتی فرۆشتنی کورتخایەن کاتێک بەکار دەهێنرێت کە وەبەرهێن پێشبینیی دابەزینی نرخی کاخەزی دارایی لە داهاتوویەکی نزیکدا بکات، وەك پشکی بارزگانی یاخود قەواڵە. ئەوەیش پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی فرۆشتن بە ئامانجی قازانج لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە داهاتوودا؛ فرۆشتنی درێژخایەن.
ب- پەشیمانی زۆری نەخایاند.
ستانلی زۆر پەشیمان بوویەوە لەو زیانە و، بڕیاری گەڕانەو بۆ بواری ئەزموونەکانی و لەباوەشگرتنی زانیارییەکانی خۆی دا، ئەویش وەبەرهێنان بوو لە دراوەکان و، قازانجی تەواو بەرچاوی لە مامەڵەکانی بە دراوی یۆرۆی ئەوروپی بەدەست هێنا.
ستانلی هەر بە چاوێکی تەماحەوە لە بازاڕی پشکەکانی تەکنەلۆژیای دەڕوانی و، ئارەزوویەکی ئەهریمەنئاسا بۆ سەرکێشییەکی نوێ دایگرتبوو، بەتایبەتیش کاتێک دەیبینی هاوڕێکانی قازانجی زۆریان دەکرد و ئەویش هیچی لەوان کەمتر نییە. ستانلی بڕیاری دا بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کۆمپانیای ‘ڤێریساین’ـدا بکات، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی پێشبینیی بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئەو جۆرەی لە پشکی کۆمپانیاکان دەکرد. بەڵام بۆ بەدبەختیی ئەو، نزمیی نرخی پشکەکانی تەکنەلۆژیا تەقینەوە و نرخی پشکەکان بۆ ئاستی بێ پێشینە دابەزین و، زیانێکی بەرچاوی کرد.
“وانەی سەرەکی”
هەرگیز واز لە بواری پسپۆڕیی و ئەزموونی خۆت مەهێنە بۆ سەرکێشیی نوێ، یاخود تێرکردنی ئارەزووێك کە بە دیاریکراوی تایبەتمەندییەکانی نازانیت و لایەنەکانیت تاقی نەکردۆتەوە گەر هەڵەشت کرد، دەبێت سەرنج بخەیتە سەر نەهێشتنی ئاسەواری هەڵەکانی ڕابردووت، لەبری چوونەنێو سەرکێشییەکی نوێ. دەبێت ئەوەیش بزانیت وەبەرهێنان لە بازاڕە دارایییەکان جیاوازییەکی زۆری نییە لەگەڵ وەبەرهێنان لە تەمەن و خوودی ژیانت و، خوودی ژیانیش هاوشێوەی بازاڕە دارایییەکان پڕە لە ناڕوونی و نادڵنیایی، هیچ کەسێکیش نازانێت بەیانی بەدڵنیایی چی دەست دەخات، پلان و مۆدێلە دارایییەکانیش هەرچەندە ورد بن، هەمیشە شتانێکی نەزاندراو هەن کە نایانزانین.
ئامادەکردنی: سەمیر شناوی: لێکۆڵەری ئابووری، وەرگێڕی کتێب و ئاسانکاری زانستەکان
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا