بڕوانامەی ساختە دیاردەیەکە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگومان ئێراق و ھەرێمی کوردستانیش نەک ھەر بێبەری نین لەو دیاردەیە بەڵکو تجاوزی دیاردەکەشیان کردووە، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و نالەباری بارودۆخی جەنگ یان پشێوی نغرۆی گەندەلی و بێ یاسایی تیایاندا بەرقەرارە.
بۆ ڕێگرتن لەو دیاردەیە و بەرگریکردن لەمافی گشتی ھەرچی زووە دەبیێت داواکاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەمان رێکارە یاساییەکە بگرنەبەر و کۆتایی بەم دیاردە قێزەوونە بھێنرێت.
سەفا غانم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی ئێراق رایگەیاند، بڕوانامەی ساختە لە ئێراق بەربڵاوە، گوتی: “ساڵانە بە ھەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا دەکرێت، تەنانەت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش ساختە کراون”. جەختی کردەوە، دامودەزگاکان وەکوو پێویست رێکاریان بەرامبەر ئەو کەسانە نەگرتووەتە بەر کە بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا بووە، گوتیشی: “زۆربەی بڕوانامە ساختەکان بە پارەی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کڕدراون و لە ھەندێک شوێن خەڵکی باڵا لەپشتییانەوە”. ھەروەھا گوتی: “لەدوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاکی لە ئێراق، بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو دۆسێیە و توانرا نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی دیار بکرێن، کە بڕوانامەی ساختەیان دروست کردووە و ٢٥٠ کەس لەوانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاوازەکاندا دامەزرابوون”
بەپێی زانیارییەکان، لە بەدواداچوونێکی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێریی دارایی ئەوە ئاشکرا بوو کە زیاتر لە ھەزار بڕوانامەی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی پەروەردەدا ھەبوو، دواتر بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ ٣ ھەزار و ٣٢٩ کەس لەوانە دەرچوو، بەڵام نەتواندرا وەک پێویست لێپرسینەوە یاساییەکان توند بکرێنەوە و ھەموو ئەوانەی ئەو کارانەیان ئەنجام داوە رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
بەپێی ماددە ٢٩١ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو ٥ ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەھۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە
لە ٧ی ١١ی ٢٠١٨دا پشکێنەری وەزارەتی ناوخۆی ئێراق رای گەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ٢٠١٨، فەرمانگەی پشکنینی وەزارەت وردبینیی بۆ بڕوانامەی ١٢٧ ھەزار و ٣١٧ ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتەکە کردووە. ھەروەک ئەو فەرمانگەیە رای گەیاندووە، لەو ژمارەی تا ئێستا وردبینیی بۆ کراوە، بڕوانامەی ساختەی حەوت ھەزار و ٢٠٠ ئەفسەر، کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەر ئاشکرا بووە.
لێکۆڵینەوەش لە بڕوانامەی ١٠٣ ھەزار کارمەند و ئەفسەری تریش دەکرێت، سەرجەم ئەو کەسانەش کە بڕوانامەی ساختەیان بەکار ھێناوە، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە ٢٤٠ بڕوانامەی ساختەی ئاشکرا کردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحة صدور) بەھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون، دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. ھەندێک لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە کردووە، مامۆستای زانکۆن و فەسڵ کراون، خاوەن بڕوانامە ساختەکانیش لەڕێگەی لیژنەیەکەوە دەدرێنە دادگا.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زۆربەی ئەو بڕوانامە ساختانەی ئاشکرابوون لە زانکۆ ئەھلییەکان بوون. د.جەمال کەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: “ئێمە بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ئامادەیی خوێندکارەکە دەکەین، دوای دەرچوونیش دووبارە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین. من کە چوار ساڵە سەرپەرشتیاری زانکۆ و پەیمانگە ئەھلییەکانم، تا ئێستا ١٣٠ بڕوانامەی ساختەمان ئاشکرا کردووە کە زۆربەیان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە”.
ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوەیش کراوە کە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەکە بڕوانامە ساختەکان بریتییە لە ١٠٦ بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی کە لە زانکۆی سەڵاحەددین/ھەولێر ٢٦ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی سلێمانی ٤٨ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆ ھەڵەبجە ١٢ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی دھۆک چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی زاخۆ سێ بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی ھەولێری پزیشکی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک دوو بڕوانامەی ساختە. ھەروەک ئاشکرا کراوە کە لە زانکۆی کۆیە یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی سۆران یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر یەک بڕوانامەی ساختە و لە زانکۆی ڕاپەڕینیش یەک بڕوانامە ھەیە.
بەپێی ماددە ٢٩١ی یاسای سزای ئێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو ٥ ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەھۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە، لێسەندنەوەی بڕوانامەکەی و دوورخستنەوەی لە کارەکەی، پاشان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ و دەدرێتە دادگا، ئەگەر ئاشکرا بوو بڕوانامەکەی ساختەیە، سزا دەدرێ وەک ئاماژەمان پێکرد کە رەنگە سزاکەی ھەتا پێنج ساڵ بەندکردن بڕوات. دوای ئاشکرابوونی بڕوانامە ساختەکانیان داوا لە زانکۆکانیان دەکرێت بڕیاری فەسڵکردنیان بدەن.
بەشێک لەوانەی ماستەر و دکتۆرایان لە زانکۆ حکومییەکان خوێندووە، بڕوانامەکانیان ساختە بووە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: “زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی ساختەکردنی بڕوانامەمان لە ماستەر و دکتۆرا ھەیە. دوای ئاشکرابوونیان فەسڵ کراون، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی دەستپێکردنی خوێندن ئەوەیە کە بڕوانامەی ھەبێت، بەڵام ئەوان بڕوانامەی ساختەیان ھێناوە. دوای فەسڵکردنیشیان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لە زانکۆ لەسەر پێکھێنراوە کە لەلایەن زانکۆکان و داواکاری گشتییەوە بەداواداچوون بۆ دۆسیەکانیان دەکرێت”.