هەڵوێستەیەکی ڕەخنەگرانە لەبارەی ململانێ دیسکۆرسیڤەکانی پەیوەست بە گشت‌پرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.
کوردەکان لە وڵاتانێکدا کە وەک ئیتنیک و نەتەوەی ژێردەست لە ژێر تاپۆ و سێبەری شتێک بە ناوی (گوتار و دیسکۆرسی شوناسی نەتەوەیی) ژیاون لە ژێر کاریگەریی دیسکۆرسی هەژمۆنیک و هەیمەنەی ئەواندا بوون. ئەم بارودۆخ و هەلومەرجە تایبەتمەندییەکی دەروونناسانەی لە ناو کوردان‌دا دروست کردووە کە بە گشتی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی شوناسی سەردەست و هەندێجاریش هەندێ لایەن بەرەو ملکەچ و ستایشکاریی ئەویدیی ڕۆشتوون و هەر بۆیە کۆیلەیەتی و قبووڵکردنی ئەویدی بووە بە بەشێک لە کەسایەتیی تاکەکەسی و گشتی و دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی بڵێین بەرەوڕووبوونەوەیەکی دیسکۆرسیڤ و گوتارییانەی هەڵخێزراو لە شوناسیاندا وەک بەرخۆدان دەرنەکەوتووە. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی و بەڕێوەچوونی گشت‌پرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئێراق و ئەو باس و خواسانەی کە لەبارەیەوە هاتە ئاراوە، لایەن و ڕەهەندی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی دیسکۆرسیڤ و گوتاریانەشی هێنایە پانتاییکەوە و شوناسی بەرخۆدانی بردە ئاستێکی بەرز و بڵندەوە.
پرسی گشت‌پرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە ئێراق زیاتر لە هەر شتێک ململانێیەکی دیسکۆرسیڤ و گوتاریانە بوو. ململانێی نێوان دیسکۆرسە دەسەڵاتخواز و دیموکراسیخوازەکان و ڕەنگە بە دەربڕینێک بڵێین لە نێوان نەتەوەخوازییە جۆراوجۆرەکان بوو. بەڵام کاردانەوە و پەرچەکردارانێک کە لە تاکەکەسەوە بۆ فەزا و پانتایی گشتی و لە ڕۆشنبیر و مامۆستایانی زانکۆوە تاکوو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکان لە ئێران لە دژی گشت‌پرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان خرایە ڕوو، کۆتایی دیسکۆرسێک بوو کە لە ژێر ناوی((کوردەکان ڕەسەنترین دانیشتوو و ئیتنیکی ئێرانن)) و ((لە هەر کوێ کورد هەیە ئەوێ ئێرانە)) دەناسرایەوە و وەک دال و ئاماژە سەرەکییەکانی مانیفێست دەکرا.
بەڕای من بەپێی ئەو بەڵگە و پاساوانەی کە دەخرێتە ڕوو ئەم دیسکۆرس و گوتارە ئیدی توانای ڕاسان و بانگهێشتکردنی سووژەکانی نییە و ئیمکان و توانست و ئەگەری نۆژەنکردنەوە و بووژانەوە و گوتارسازیی دووبارەی نییە و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە بوو بە هۆی شکستی ئەم دیسکۆرس و گوتارە. واتە گشت‌پرسیی سەربەخۆیی کوردستان شکستی دیسکۆرس و گوتارێکی دەرخست کە بە ساڵانێک کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات خەونی شکست و هەڵوەشاندنەوەیان دەدیت ئەویش گوتار و دیسکۆرسی ئێرانشاری یان پان ئێرانیزم بوو.
ئەوەی کە لە ژێر ناوی بەرگری لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و پاراستنی یەکێتی خاکی ئێراق دەخرێتە ڕوو و باس دەکرێت – کە بێگومان باس و خواسی زۆر هەڵدەگرێت-لای کوردەکان وەک دژایەتیی لەگەڵ سەربەخۆیی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان پێناسە دەکرێت.
لەم سەروبەندەدا یەکێتی ئێران لەگەڵ تورکیا و ئێراق وەک یەکێتییەکی ناپیرۆز و نەگریس لەدژی یەکێتی بوون و کیانی کورد پێناسە و ڕاڤە دەکرێت کە لە یادەوەریی کوردەکاندا دەمێنێتەوە و تەنها بە کردەوەگەلی پراکتیکی ڕاستەقینە لە پێکهاتی سیاسی و یاسایی و نەهێشتنی هەڵاواردن و هەوڵ بۆ پێشخستنی کورد دەتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە.
هێرشی گشتی، هەمەلایەنە و سەرەحیزبی و سەرتاسەریی کەسایەتییەکان و ڕەوتە جیاوازەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران دژی گشت‌پرسیی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانێتی و هاودەنگی بۆ گەمارۆدانی هەرێم، هێرشکردن و ئابڵۆقەی ئابووری و سیاسی و دروستکردنی سێبەری ترس و سام لەسەر گشتپرسی بۆ زۆرینەی خەڵکی کورد سەرسووڕهێنەر و سەیر و مایەی حەپەسان بوو.
بەڵام بۆچی زۆرێک لە چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کاردانەوە و بەرپەرچدانەوەی ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و لە ئاستێکی خوارتر و نزمتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر توندئاژۆ و دوژمنکارانە و ڕقئامێز بینییەوە؟ ئایا دەبوو چاوەڕوانییەکی دیکەمان هەبایات؟ بەڕای من ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی ژێرەوانكێ و هەڵبەت لاواز و کزی ئێران و ئێرانییەکان بە دیسکۆرس و گوتارێک کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کوردەکان ڕەسەنترین ئیتنیکی ئێرانن و لە هەر کوێ کوردێک هەیە ئەوا ئەوێ ئێرانە یان کوردەکان برای ئێمەن. هەربۆیە ئیلیت و نوخبە و پیتۆڵانی کوررد ئەم کاردانەوانەیان وەک باوەڕی ساختە و ڕیابازییەک زانی کە لەبارەی دیسکۆرسە لە لایەن ئیلیت و پیتۆڵانی ناوەندەوە خرایە ڕوو یان لە ئاستێکی دیکە و بە مانایەک وەک خیانەتی ئێرانییەکان بەم دیسکۆرسەی خۆیان خوێندەوە. بەڵام بەڕای من لە لایەن و ڕەهەندێکی دیکەوە من ئەم کاردانەوە و پەرچەکردارە ڕقئامێزانەیە بەشیکی گرینگی لە ئێرانییەکان دژی گشت‌پرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئێراق، دەقیقەن دەگەڕایەوە بۆ باوەڕیان هەر بەم دیسکۆرسە واتە ئێرانشاری و ئێرانپەرستی، چون باوەڕیان وایە چۆناوچۆن دەبێت بەش و پارچەیەکی بچووک لە ئێرانی مەزن(هەڵبەت بە وتەی خۆیان و لە خەیاڵی خۆیان) دەیەوێت شوناسێکی سەربەخۆ و جیاوازی هەبێت و سەربەخۆیی کوردستانیان وەک خەسارێکی زەینی و دەروونی بۆ کۆی جەستەی ئەو شوناسە پێناسە کرد! ئەمە هەمان ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی ئێرانشارییە کە بە پێناسەکردنی ناوەندێک، شوناسی((ئەویدی)) لە ئەویدی دەسێنێتەوە و وەک ((شتێکی ورد)) پێناسەی دەکات یان وەک دژ و نائێرانییەک ڕەتی دەکاتەوە. کە هەڵبەت ئەنجامی بەروڕووبوونەوەی یەکەمیش ڕەتکردنەوە بە شێوەیەکی دیکەیە.
لە ڕوویەکی دیکەوە بەشێک لە کاردانەوە و پەرچەکرداری ئێرانییەکان لە هەمبەر گشت‌پرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتخوازیی ئێرانییەکان چونکە بە مەترسی و هەڕەشەیەکیان دەزانی بۆ سەر هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆیان.
دەزانین کە ئێرانییەکان لە خەیاڵ و وەهمی خۆیاندا کوردەکان وەک پاشکۆی شوناس و کەلتووری خۆیان پێناسە دەکەن، سەربەخۆییان و گەیشتن بە شوناسی دیاریکراو و جیاواز وەک شکستێکی دیسکۆرسی و گوتاریی بۆ خۆیان ڕاڤە و پێناسە دەکەن و بە هیچ شێوەیەک ئەمەیان بۆ قووت ناچێت. کۆیلە و موریدەکانی ئایدۆلۆژیای ئێرانشاری و باوەڕداران بە شوناسی کهونینهخواز و وەهمیی ئێرانی!، سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانیان له ئێراق به‌مانای شکستی زه‌ینی و ده‌رهه‌ستی گوتاری شوناسی ئێرانی و خه‌سار له ده‌سه‌ڵات و سه‌ره‌ڕۆیی و داگیرکارییه‌کانی خۆیان زانی، چون به‌رده‌وام وه‌ک پاژ و وردیله‌یه‌ک بینیویانه و هاتنه‌سه‌ره‌وه‌ی بۆ ئاستی گشت و گه‌وره وه‌ک خه‌سارێک له‌سه‌ر گشت و کۆی مه‌زنی خۆیان، وێنا ده‌کرد هه‌ر بۆیه‌ش وه‌ک خه‌یانه‌تێک له قه‌ڵه‌میان دا. ئەمەش دەرخەری ڕووە فاشیستی و ڕاستەقینەکەی ئێرانشارییە کە لە درێژەدا بۆمان ڕوونتر دەبێتەوە.
سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له ئێراقی دەسکردی سەدەی بیست لای ئێرانییه‌کان به‌تایبه‌ت ڕۆشنبیران وه‌ک شکستی گوتاری په‌ره‌پێدانی ئێرانشاریی ده‌خوێنرایه‌وه و پێناسه ده‌کرا که ده‌سه‌ڵاتخوازی و داگیرکاریی له کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانێتی.
(ئێرانی که‌لتووری) ڤیرژێن و نوسخه‌ی ئهمڕۆکانهی ده‌سه‌ڵاتخوازیی ئێرانییه که به سه‌رنجدان به نهپۆڕان و مومکیننهبوونی زاڵبوونی ڕاسته‌وخۆ و سه‌ربازی و سیاسیی به‌سه‌ر وڵاتان و ناوچه‌گه‌لی ئیمپراتۆریای کۆنی ئێرانی، به‌دوای کاریگه‌ریدانان و زاڵبوونی که‌لتووری و گوتاری و شوناسییانهیه به‌سه‌ر خه‌ڵکانێک له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و جوگرافیای سیاسیی ئێرانی له‌ئێستادا به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی شکستی ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتخوازانه و دهسهڵاتپهرستانهی خۆی لە ڕابردوودا.
به‌شێک له کاردانه‌وه‌کان لەهەمبەر گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له ئێراق له سه‌ره‌تادا نه‌ک ئاماژه بۆ به‌دواداهاته لهبهردهمهکانی ئەم ئەکتە له داهاتوویەکی دوور یان نێزیکدا به‌ڵکوو له بنه‌مادا دژی ئه‌کت و کرده‌وه‌ی ڕیفراندۆم و گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوو. ئه‌مانه باوه‌ڕیان وایه کورده‌کان مافێکیان بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان نییه و ئه‌مه مافی ئێمه‌یه له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌وان بڕیار بده‌ین واتە خۆیان شایسته‌یی و توانستی بڕیاردانیان له‌باره‌ی چاره‌نوسی خۆیان نییه یان به ده‌ربڕینێکی دیکه ئازادی و لێهاتوویی و لێوه‌شاوه‌یی پێویستیان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیاندا نییه و له ڕوانگه‌یه‌کی خۆبهخاوهنزانانه و له پێگه‌ی زڕباوکێک به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ئاماژه به‌مه ده‌که‌ن که سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه. ئه‌م گوتاره نه‌ک به ته‌نها له‌باره‌ی ڕه‌وا و دروستبوونی ئه‌م بڕیاره‌وه قسه ناکات و لاڵ ده‌بێت به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نییه بپهرژیته سه‌ر ئه‌و هۆکار و زه‌مینه مێژوویی و سیاسییه‌ی که بوونه‌ته هۆکاری ئه‌م بڕیار و ئەکته به‌ڵکوو ته‌نها له ڕوانگه و تێگه‌یه‌کی ئایدۆلۆژیک و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه بهگریمانهگیراوهکانی خۆیان ده‌ست ده‌ده‌نه هه‌ڵسه‌نگاندن و دژایه‌تی له گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره مێژوویی و ڕه‌وایه‌وه. ئه‌م ڕوانگه خۆبهخاوهنزانه حه‌ز ده‌کات مافی زاڵبوون به‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌ڵک و ئه‌زموونی سامناک و کارەستاویی سه‌د ساڵه‌ی کورد له ئێراقدا نه‌دی و بگرێت و هه‌ڵیپه‌سێرێت تاکوو دیسکۆرس و گوتارای ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی خۆی بشارێته‌وه.
په‌له و په‌شێوی به‌شێکی زۆر له چالاکانی مه‌ده‌نی بۆ ده‌ربڕینی کاردانه‌وه‌ی دژ له‌باره‌ی ئه‌م گشتپرسییه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که په‌رچه‌کرداره‌کانیان دژواز و پارادۆکسیکاڵ، به‌په‌له و پڕ بێت له هه‌ڵه‌ی یاسایی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تا و به‌رایی قسه‌کانی خۆیان له درێژه‌ی ده‌ق و نوسینێکدا. له حاڵێکدا زۆرێک له که‌سایه‌تییه سیاسی و که‌لتوورییه‌کان و ته‌نانه‌ت به‌کارهێنه‌رانی ئاسایی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش، گشت‌پرسیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی کوردستانیان به بابه‌تێکی نایاسایی ده‌زانی که ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نه‌بوون له ده‌سته‌واژه‌ی (هه‌رێمی کوردستان) که له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێراقدا ڕوون کراوه‌ته‌وه و به فه‌رمی ناسراوه که‌ڵک وه‌ربگرن و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌کار بهێنن بۆیە به پێچه‌وانه‌ی پێوه‌ر و پێودانگه ئه‌خلاقی و یاساییه‌کانه‌وه له ده‌سته‌واژه‌ی (باکووری عێراق) که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت، ئه‌م تێڕوانینه ئایدۆلۆژیک، نایاسایی و ڕهتکهرهوانهیه که له به‌یانییه‌ی 260 که‌س له پارێزه‌ران له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ گشتپرسیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، نیشانده‌ری ئه‌مه‌یه که خواستی دژایه‌تی و سه‌رێتی و سه‌ره‌کیبوونی ئه‌م خواسته له لای ئێرانییەکان بنه‌مایه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه پراکتیزه‌ی بکه‌ن.
هه‌ندێک له ڕه‌وت و لایه‌نه‌کان و تەنانەت کهسەکانیش له ڕوانگه‌یه‌کی به ڕواڵه‌ت ڕۆشنبیرانهوە، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای شوناسی زمانی و به ده‌ربڕینی ئه‌وان “ئیتنیکی” یان “قه‌ومی” به ناڕه‌وا ده‌زانن به‌ڵام کاتێک له بنه‌مادا دهوڵەتانێکی وه‌کوو ئێراق ده‌وڵه‌تانێکی ئیتنیکین و له سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای ئیتنیکخوازین ئیدی ناکرێت دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی دیکه له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیک و شوناس ڕه‌ت بکرێته‌وه. هه‌روه‌ها چۆناوچۆن ده‌بێت به پشتبه‌ستن به مافه سیاسییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، دژی مافی مرۆڤ هه‌ڵوێست بگیرێت و ڕه‌وایی یاسایی ئه‌م بڕیاره بخرێته ژێر پرسیاره‌وه؟ بانگهێشت بۆ پاراستنی یاسا و گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسای بنه‌ڕه‌تی له بارودۆخێکدا که زۆرێک له بنه‌ما و بڕگه‌کانی یاسای بنه‌ڕه‌تی که په‌یوه‌ستن به مافی کورده‌وه ڕه‌چاو نه‌کراون و پشتگوێ خراون و ته‌نانه‌ت پێشتر و سه‌رووتر له‌وه‌ش به‌پێی یاسا چه‌ند سه‌د هه‌زار کورد له‌ناو براون، چ واتایەکی هەیە جگە لە دژوازی؟ هه‌ر بۆیه ئه‌م تێڕوانین و یاساتهوهرییه ناتوانێت ڕه‌وایی و پێگه‌یه‌کی عه‌قڵی و ئه‌خلاقی هه‌بێت و ئه‌مه ته‌نها به واتای سه‌رزه‌نشتکردنی قوربانییه.
یه‌کێک له بڕ و بیانووه‌کانی دژبه‌رانی ڕیفراندۆم و گشتپرسی هه‌ڵپێکانی ئه‌م کردەوە و ئه‌کته بوو بە ئیسرائیلەوە. هه‌ڵپێکان و په‌یوه‌ستکردنی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی به ئیسرائیل به دوو ئامانج دێته کایه‌وه. یه‌که‌م: سه‌ره‌تا به خۆبههاوئهزموون زانینی کورده‌کان له‌گه‌ڵ جووله‌که‌کان و دروستکردنی خاڵه نه‌رێنییه‌کان له‌باره‌ی کورده‌وه وه‌ک دوژمنێک وێنهسازییان لێ ده‌که‌ن و دواتر ده‌ست ده‌ده‌نه ڕهواییبهخشین و پاساوهێنانه‌وه‌ی هه‌ر جۆره سه‌رکوت و هێرشێک دژی کورد و هه‌موو جووڵه و بزاوته په‌یوه‌سته‌کان به‌م تێڕوانینه، هه‌ر به‌م پاساو و بیانووه‌وه سه‌رکوت ده‌که‌ن. پرسیارێک که ده‌شێت بخرێته ڕوو ئه‌مه‌یه که ئایا ئه‌م تێڕوانین و لۆژیکه به ده‌ربڕینی خۆیان کورده‌کانی ڕۆژهەڵات یان وەک دەڵێن ئێرانیش به ئیسرائیلی ده‌زانێت؟ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی جوولهکهسازیی کورده‌کان تا ئه‌وپه‌ڕی ئاڕاسته لۆژیکهییهکهی درێژه پێ بده‌ین یان ده‌بێ به سه‌ر هه‌موو کورده‌کاندا بیگشتێنین یان ئه‌وه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندییه‌کانی خۆمان ده‌ست بده‌ینه جوێکردنه‌وه و هاوێرکردن و پێناسه‌کردنی کوردی چاک و خراپ!
گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان له ڕه‌هه‌ندی گوتاریانە و دیسکۆرسیڤهوه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان دیموکراسی و ده‌سه‌ڵاتخوازی بوو. له لایه‌که‌وه ئه‌و دیسکۆرسانه بوون که پێداگرییان له‌سه‌ر ته‌ناهی و ئاسایش، پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێراق و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی ئێران ده‌کرد و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌و دیسکۆرس و گوتارانه‌ی که له‌سه‌ر ئازادی، مافی دیاریکردنی چاره‌ی خۆنوسین، دیموکراسی و داده‌په‌روه‌ری و عه‌داله‌ت پێداگرییان دەکرد. ئه‌زموونی مۆدێڕنیته‌ی کورده‌کان لایه‌نی ژانوسی و تاریکی مۆدێڕنیته‌ی وه‌ک داپڵۆسان، چه‌وساندنه‌وه، ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه و ئاواره‌یی که به گه‌ڕانه‌وه بۆ بنه‌ماکانی هه‌مان به‌هاکانی ده‌سته و دیسکۆرسی یه‌که‌م هاتووه‌ته ئاراوه هەبووە و له به‌رامبه‌ریشدا کورد به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ها و بنه‌ماکانی دیسکۆرسی دووهه‌م ده‌ستیان داوه‌ته خه‌بات و به‌رخۆدان. ڕوون و ئاشکرایه که ده‌سته‌ی دووهه‌می به‌هاکان و دیسکۆرسه‌که‌یان گشتگیر، جیهانگیر و دیموکراتیکن و وه‌ک وشه و ده‌سته‌واژه‌ی سه‌رەکی هه‌ژمار ده‌کرێن، هه‌ر بۆیه سه‌رێتی به‌هاکانی ده‌سته‌ی دووهه‌م و دیسکۆرسه‌که‌یان به سه‌ر ده‌سته‌ی یه‌که‌مدا شتێکی ڕه‌وا و دروسته.
کورد له عه‌قڵی ڕۆشنگه‌ری، لایه‌نی ڕه‌خنه‌ئامێز و ڕزگاریکهریان کردووه به بنه‌مایه‌ک بۆ ره‌خنه‌گرتنی خۆیان له بارودۆخی ئاماده و زاڵمانه‌ی مۆدێڕنیته و ئه‌وانی دیکه لایه‌نە کۆنسێرڤاتیستانه و ده‌سه‌ڵاتخوازانه و ههلپهرهستانەکەی مۆدێڕنیته‌یان هه‌ڵبژاردووه و ده‌سه‌ڵاتخوازیی مۆدێڕنیته‌یان کردووه به به‌نه‌مای ههمووشتخوازی و داگیرکاریی خۆیان. کورد پێ له‌سه‌ر مۆدێڕنیته‌ی سیاسی داده‌گرێ و ئه‌وانی دیکه له‌سه‌ر مۆدێڕنیزاسیۆن. کورده به شوێن خه‌یاڵ، خه‌ون و ڕۆحی ڕزگاریکه‌ری مۆدێڕنیتهوهیە و ئه‌وانی دیکه لایه‌نی بناژۆخواز و دۆگمی مۆدێرنیته گه‌شه پێ ده‌ده‌ن.
دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌کانی گشتپرسی و دروستکردنی زه‌خت بەمەبەستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و له‌ناوبردنی ئه‌نجامه‌کانی واته داننه‌نان و پێناسه‌نه‌کردنی هیچ مافێک بۆ ئه‌ویدی و دانانی هه‌موو مافێک بۆ خود. وادێته پێش چاو، له ڕوانگه‌ی ئه‌م خۆبه‌زلزانانه کوردێکی باش کوردێکی ملکه‌چه! که کۆیله‌یی و سه‌رشۆڕی قبووڵ کردووه و به دروستی ده‌زانێت! نه‌ک کوردێکی مردوو چونکه بوونی پێرسۆنا و که‌سێکی ڕه‌مزی وه‌ک کۆیله، ملکه‌چ و ژێرده‌ست بۆ نواندنه‌وه‌ی “خود” وه‌کوو خودا و سه‌رده‌ست و سه‌روه‌ر پیویسته!
ئه‌م ڕیفراندۆم و گشتپرسییه و ئاسۆکانی به‌رده‌می ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوانگه خۆبه‌خاوه‌نزان و کۆلۆنیالیستهیه و تێکده‌ری په‌یوه‌ندی و هاوکێشه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌سته و شۆڕشه دژی هاوکێشه‌ی خودا و به‌نده و هه‌ر جۆره په‌یوه‌ندییه که له نێوان “من” و “تۆ” دا هەیە و لەخۆگری شوێنگه و پێگه‌ی هاوسان نه‌بێ.
له میانه‌ی پێکدادانی ده‌سه‌ڵاتخوازی و داگیرکارییه ناوچه‌ییه‌کان وه‌کوو عوسمانیزمی نوێ، بناژۆخوازییە ئایینییه‌کان و ناسیۆنالیسمه کهونینهپهرستهکان و قووڵبوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی گوتاره دهسهڵاتخوازنهکان و ئایدۆلۆژییه ئهویدیکوژهکان، ئه‌مه ته‌نها ده‌نگی دلێر و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کورده‌کانه که ئه‌م جۆره گوتار، ئایدۆلۆژی و پلانه داگیرکارییانه‌ی که ڕه‌تکه‌ره‌وه‌ی ماف، شوناس و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که‌یه، شڵه‌ژاندووه و خستوونیه‌ته به‌ر ڕه‌خنه. ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وته ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌ی کوردە کە له سه‌ر بنه‌مای گوتار و دیسکۆرسی مافی مرۆڤ، به‌ها دیموکراسییه‌کان و دادوه‌ری ته‌وه‌ری ترس و سامی خستووه‌ته گیانی پێکهاته سیاسییه داخراوه‌کان و بیرکردنه‌وه نادیموکراتیکه‌کان. ئه‌م گوتاره هه‌یمه‌نه‌خواز و نادیموکراتیکانەن که به زه‌قکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند و لایه‌نێک له شوناسی خۆیان، ده‌ستیان داوه‌ته ڕه‌تکردنه‌وه‌ی شوناسی ئه‌ویدی و ئهویدیکوژی، به‌هۆی که‌لتووری گشته‌کی و فەزای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ڕه‌شۆکانه و گشتهکییان وه‌رگرتووه و به‌ره‌و فاشیزم هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و ده‌جووڵێنه‌وه و بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی پێکه‌وه‌ژیان و هه‌ڵکردنی شوناسه ڕهنگالهیی و جیاوازه‌کانی نێو و ناوخۆی وڵاتانی پێکەوە خستووته ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌وه.
به‌داخه‌وه ڕوون و ئاشکرایه ئه‌م گوتاره ڕه‌خنه‌گرانه و پیرۆزه کوردییه له فه‌زایه‌کی ئاوه‌هادا و لانیکەم لە قۆناغی ئێسستادا وه‌کوو شمشێرێکی چێوین توانایی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌مووه ڕه‌شی و پۆخلهواتییه نییه. ئه‌م گوتار و دیسکۆرسه ته‌نها ده‌توانێت له پانتا و شه‌قامی گشتی و ڕاگۆڕینه‌وه له نێوان ڕۆشنبیران بخرێته ڕوو و له بواری سیاسییه‌وه، وتووێژ بەم ئه‌م زمانه زبر و ڕەتکەرەوانەیەی ئێرانییەکان نیشانه‌ی ناباڵقی و ناپێگهیشتووییه. ڕه‌نگه بکرێت بڵێین له وڵاتێک‌دا که گوتاری ده‌سه‌ڵاتخوازی، فاشیزم و بناژۆخوازی زاڵه دیموکراسی‌خوازی له سووچێک‌دا به‌ند ده‌کرێت و وه‌ک ئه‌خلاقی کۆیله‌کان ده‌رده‌که‌وێت.
ئه‌م ده‌ربڕینه ناوداره که ” سیاسه‌ت کاری منداڵان نییه” هێشتا له نیو کورده‌کاندا هه‌ڵوێسته‌ی پێویستی له‌سه‌ر نه‌کراوه و ئه‌مه ئه‌و شته‌یە که کورده‌کان ده‌بێت له‌م ڕووداوانه‌ی دوایی و هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌کان و هاندان بۆ گه‌مارۆدان و ئابڵۆقه و کرده‌وه‌ی سه‌ربازی و هاوپه‌یمانی و هاوسوێندبوون له دژیان فێری بووبێتن و ئه‌م وانه‌یه‌یان وه‌رگرتبێت که سیاسه‌ت له سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق و به‌ها مرۆییه‌کان بونیات نه‌نراوه و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌کان له سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیا و ڕێژه‌ی ده‌سه‌ڵات و توانستیان ڕۆڵ ده‌گێڕێت.
گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان ته‌نها پرسیارێک له هه‌مبه‌ر خه‌ڵکی کوردی باشوور نه‌بوو به‌ڵکوو پرسیارێک له‌هه‌مبه‌ر سیسته‌مه ئه‌خلاقییه یاسایی سیاسییه‌کان و ئایدۆلۆژیا و گوتاره زاڵه‌کان بوو و هه‌موویانی تووشی گیروگرفت و قه‌یران کرد که ته‌نها و ته‌نها له ڕێگه‌ی په‌نابردنه به‌ر ئایدۆلۆژیا خێڵه‌کی و دهسهڵاتخوازانهکانیان ده‌توانن به سه‌ر قه‌یران و ڕهوایینەبوونی ئه‌م سیسته‌مانه و پێکهاتهکیاندا زاڵ بن. هیوادارم ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ی دوایی ههنگاوێکی سه‌ره‌تایی بێت بۆ دیموکراتیکترکردنی پێکهاته سیاسی و یاسایییه‌کان.
نووسەر: د.محەمەد حەقمورادی
وەرگێڕان: حەبیب ساڵحی