کۆماری ئیسلامیی وه‌کوو مۆدێله سیاسییه‌که‌ی چل و سێ ساڵه ده‌ناسرێت و سه‌دان ملیۆن دۆلار پاره‌ی له پێناو په‌ره‌پێدانی ئایدۆلۆژییه‌که‌ی سه‌رف کردووه.
کوشتنی ژینا ئه‌مینی له تاران، یه‌که‌م ڕابوونی له سه‌قز و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دواتر له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی که‌سرای تاران (ئه‌و شوێنه‌ی ژینا به وته‌ی به‌رپرسانی ئێرانی چاره‌سه‌ری بۆ کرا) به‌دوای خۆیدا هێنا، دواتر شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران؛ یه‌ک له دوای یه‌ک هه‌ر یه‌که‌و به‌پێی دۆخ و زه‌مینه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی و ئیتنیکییان پشتگیری‌یان لێکرد و بوو به ڕابوونێکی بێوێنه‌ی جه‌ماوه‌ری، ڕۆژ دوای ڕۆژ به پرۆسه‌ی ڕه‌مزسازیی و ئاڕاسته‌کردنێکی خۆڕسکی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نییانه‌دا تێده‌په‌ڕێت و زیاتر په‌ره ده‌سێنێت، به‌ڵام له پشت ئه‌م خرۆشان و لێشاوه‌ی خه‌ڵکی ناڕازیدا مه‌کینه‌یه‌ک ئیش ده‌کات، ئێمه ئێسته ڕاسته‌وخۆ نایبینین، مه‌کینه‌یه‌ک که هه‌ر جۆره ده‌سبه‌سه‌رداگرتن و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستییه‌کی تێدایه و دواڕۆژی نه‌ک ئێران به‌ڵکوو کۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌توانێت تووشی شه‌ڕ و خوێنڕشتن کات. ئه‌م مه‌کینه‌یه به‌ر له‌وه‌ی ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتانێکی تووندئاژۆ و ئایدۆلۆژی بێت، ڕۆحی که‌ونینه و دووره‌ده‌ستی کو‌لتوورێکه، کو‌لتوورێک که ده‌یه‌وێت وه‌کوو خودا بجووڵێته‌وه.
له‌م قۆناغه‌ی ئێستای ڕابوونی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشه بزانین له زۆربه‌ی ڕابوون و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی پێشووتر دژی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له شارانێکی وه‌کوو قوروه، دێگولان، ئابدانان، دێلوڕان و به گشتی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه نه‌هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌مه بۆ زۆر شاری فارسنشینی ناوه‌ندی ئێرانیش ڕاسته شارانێکی وه‌کوو: یه‌زد، کرمان، شیراز و قوم شارانێکی ئارام و هێمن و نوستوو بوون به‌ڵام خشته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که نه‌زم ونۆرمێکی نوێ ده‌خاته به‌رده‌ممان و هاوکێشه‌ی نوێ و جیدیی له په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت پێناسه ده‌کات. په‌یوه‌ندییه‌ک که تاڵه‌کانی ڕزیون و هه‌ر چرکه‌ساتێک تاڵێکی لێ ده‌پچڕووکێت. ده‌توانین بڵێین ڕابوونی ئه‌م جاره بۆنی “ئینقلاب” و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی لێوه دێت، ئه‌گه‌ر سێ قۆناغ له ڕه‌وتی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینێکدا به گریمانه بگرین ده‌توانین سێ قۆناغی ڕابوون، ڕاسان و ئینقیلاب ناو ببه‌ین، که دیاره دیواری نێوان ڕابوون و ڕاسان و ئینقلاب به درێژایی چل و سێ ساڵ قه‌ڵشت و درزی گه‌وره‌ی تێکه‌وتووه، به ڕاده‌یه‌ک که ئیتر ڕه‌وتی ڕیفۆرمخوازیی که نۆژه‌نکه‌ره‌وه و ماڵه‌کێشی درز و قه‌ڵشته‌کانی ئه‌م دیواره ناسکه بوو له لای خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ره‌وه، هیچ متمانه و ئیعتبارێکی نه‌ماوه و ڕیفۆرمخوازی وه‌کوو ڕه‌وتێکی خائین ده‌بینرێت و ده‌خوێنرێته‌وه. ڕه‌نگه شکستی ڕیفۆرمخوازه‌کان که له ساڵی 76 هه‌تاوی و سه‌رده‌می سه‌رکۆماری سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می و به تیۆری و بیروڕاکانی سه‌عیدی حه‌جارییان و هاوڕێیانی، ڕه‌وتێکی هه‌شت ساڵه‌یان ئه‌زموون کرد له سه‌رده‌می سه‌رکۆماری ئیبراهیمی ڕه‌ئیسی و ئه‌ندازیاریکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له لایه‌ن عه‌لی خامنه‌ییه‌وه که هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی یه‌کده‌ست کرده‌وه له ڕێگه‌ی مه‌جلیسی خوبره‌گانی ڕه‌هبه‌رییه‌وه، دوا هه‌ناسه‌ی خۆی کێشا بێت و جه‌سته‌ی ئیتر ڕزیوه و بۆگه‌نی کردووه.
هه‌رچه‌ند لێره و له‌وێ، له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به مه‌به‌ستی کۆنترۆڵکردن و هێورکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ڕابوون و ڕاسانه‌کان باسی هه‌ندێ ڕیفۆرمی به ڕواله‌ت جیدی ده‌کرێت و ئاماژه به پاشه‌کشێی ده‌سه‌ڵات له هه‌مبه‌ر داخوازییه‌کانی خه‌ڵک ده‌کرێت، به‌ڵام زایه‌ڵه‌ی خرۆشانی جه‌ماوه‌ر ئه‌مه‌ی پێی قووت ناچێت و ده‌زانێت ئه‌مه کایه و مادده‌یه‌کی سڕکه‌ری کاتیی دیکه‌یه و دواتر هیچ شتێک ناگۆڕێت و خراپتر له جاران دۆخه‌که ده‌چێته پێشێ! یه‌کلابوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی ڕیفۆرمخوازان که زۆربه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانیان له ئاستی بڵاڤۆک و هه‌ندێ ڕه‌خنه‌ی به ڕواڵه‌ت ڕادیکاڵ له ده‌سه‌ڵات و چاپی کتێب به شێوه‌ی ئاسانتر و که‌متر سانسۆرکراو خۆی ده‌بینێته‌وه، له نێوان بناژۆخوازان و شه‌قامدا ڕووی داوه، بناژۆخوازان به ڕێبه‌ری مه‌عنه‌وی عه‌لی خامنه‌یی نه‌ک ته‌نها له ساڵی 88 هه‌تاوی دا ڕێبه‌ره دیاره‌کانیان به هۆی ناڕازی بوون له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان واته میر حوسه‌ینی موسه‌وی و مه‌هدی که‌ڕووبییان ده‌سبه‌سه‌رکرد و له به‌ندیکردنی ماڵی و له چاودێریدا دایاننان، به‌ڵکوو وه‌کوو تیشکیشم خسته سه‌ر له سه‌رده‌می ڕه‌ئیسیدا دوا هه‌ناسه‌ی له‌به‌ر بڕا و وه‌کوو ڕه‌وتێکی کو‌لتووری یان سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی مرد و له گۆڕ نرا! خودی ئه‌مه‌ی که چاره‌نووسی ڕیفۆرمخوازان له لایه‌ن جه‌مسه‌ره دژه‌که‌یه‌وه، واته بناژۆخوازان یه‌کلایی کرایه‌وه ئاماژه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرایه به خه‌ستی و به‌هێزیی ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتخوازیی و ڕه‌هاخوازی و تووتالیتاریزمی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران! و ئه‌مه جۆرێکی تایبه‌ت له فاشیزممان پێ ده‌ناسێنێ که کۆماری ئیسلامیی وه‌کوو مۆدێله سیاسییه‌که‌ی چل و سێ ساڵه ده‌ناسرێت و سه‌دان ملیۆن دۆلار پاره‌ی له پێناو په‌ره‌پێدانی ئایدۆلۆژییه‌که‌ی و ده‌سبه‌سه‌راگرتنی ناوه‌نده ئابووری و سه‌ربازییه‌کانی ناوخۆ و ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت دونیاش سه‌رف کردووه، خه‌مێکی گه‌وره و دڵته‌نگییه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌یه، گه‌ر دان به‌م ڕاستییه تاڵه‌دا بنێین وا ئه‌م فاشیزمه ته‌نها له حکوومه‌تدا، نییه به‌ڵکوو له ئاستی کو‌لتووری، جه‌ماوه‌ری، پێکهات و ڕۆشنبیری مرۆڤی ئێرانیشدا هه‌یه، ئه‌گه‌رچی فاشیزم ماوه‌ی دوو ده‌یه‌یه به پێشه‌نگایه‌تی تورکیا و ناسیونالیزمی تورک گوڕوتینێکی دیکه‌ی وه‌به‌رکه‌وتووه و کاژی خستووه، بۆ ئه‌مه‌ش ڕژێمێکی وه‌کوو ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌سبه‌داوێنی هه‌موو فیگه‌ر و فۆرمێک له‌وانه ئایینی، هونه‌ری، ئابووری و مێژوویی و سه‌ربازی ده‌بێت، تاکوو فاشیزمه‌که‌ی وه‌کوو مافێکی ئینسانی و حه‌قێکی سه‌رده‌مییانه‌ی تورکانی دونیا و وڵاتی تورکیا بناسێنێت.
به‌ڵام ئێمه شاهیدی ده‌رکه‌وتنی فاشیزمێکی نوێ بووین که له ناو ئیسلامی، ڕاستی تووندڕه‌و، پارێزکار و میانه‌ڕۆدا هۆگر و لایه‌نگری هه‌بوو و هه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی گومان له‌وه بکه‌ن که پێیان ناوه‌ته چ سه‌رزه‌مینێکی خوێناوییه‌وه. ئه‌م جۆره فاشیزمه که له‌گه‌ڵ ڕۆحییه‌ت و ناهوشیاری که‌ونینه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا له‌دایکبووه، وه‌کوو ئاوێکی لێڵی ژاراوییه که هه‌موو له‌مپه‌ر و ئاوبه‌نده‌کان ده‌به‌زێنێت و به ژێر یان ته‌نیشت یان سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت و ڕێگای خوێناوی خۆی ده‌پێوێ، رواڵه‌تیشی له ئاو ده‌چێت به‌ڵام کوشنده و دژه ژیانه. فاشیزمێک که له ئێران‌دا زاڵه کۆماری ئیسلامی ته‌نها یه‌کێک له فۆرم و فیگوره‌کانێتی، پێش ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێمه دوو ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی یه‌که‌م و په‌هله‌وی دووهه‌ممان هه‌یه که حکوومه‌تێکی پاشایه‌تی به خه‌ونه‌کانی ئیمپراتۆریای هه‌خامه‌نیشی و ساسانی بوون و هه‌ر له‌و دوو قۆناغه سیاسییه‌دا هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکی نه‌ته‌وه‌خوازیی جگه له فارس به تووندوتیژترین شێوه سه‌رکوت کران و ڕێبه‌ره‌کانیان له سێداره دران، هه‌موو ڕه‌مز و هێماکانیشیان قه‌ده‌غه و په‌رده‌پۆش کران.
بابه‌تی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه؛ هه‌ر ئه‌وه‌ی دوو سیسته‌می سیاسی پاشایه‌تی واته ڕه‌زا خانی میرپه‌نج و حه‌مه‌ڕه‌زای کوڕی ده‌رهه‌ق به کورد و چه‌په‌کان کردیان ئێسته‌ش له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌سبسه‌راگرتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 1979ز هه‌ر به‌و شێوه تووندوتۆڵ و تووندوتیژه به‌رده‌وامه، واته ئه‌م فاشیزمه ته‌نها به کۆماری ئیسلامییه‌وه مانا په‌یدا ناکات، به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌که‌ی له‌مێژینه‌تره و وه‌کوو پێکهات بۆ مێژوویه‌کی کۆنی کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگای جوگرافیای ئێرانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چون ڕژێمی پاشایه‌تیش به ئایدۆلۆژیای ئێرانشاری و ئێرنگه‌رایی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ساڵه پڕشکۆکانی ئیمپراتۆریی به‌هێزی کوروشی هه‌خامه‌نیشی هه‌مان سه‌ودای هه‌یه و له‌م ئانوساته‌ی قوربانیدانی خه‌ڵکی ئێران به پێشه‌نگایه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئێمه میدیاکانی په‌یوه‌ست به ڕه‌زای په‌هله‌وی کوڕی حه‌مه‌ڕه‌شا ده‌بینین، چۆن لایه‌ندارانه هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان ڕووماڵ ده‌که‌ن و هه‌موو شتێک له پێناوی ئێران و ئێرانخوازیدا به‌کار ده‌هێنن، بۆ ئه‌وانه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئێران که‌متر شاره‌زان، ده‌بێ بزانن که مه‌به‌ست له “ئێران” واته یه‌ک نه‌ته‌وه یه‌ک ده‌وڵه‌ت یه‌ک زمان و کو‌لتووره که ئه‌وه زمان و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و کو‌لتووری فارسه! ئه‌م پێکهاته فاشیستییه هه‌موو شتێک به‌خۆوه ده‌گرێت له چه‌پ، راست، ئازادیخواز! نه‌ته‌وه‌خواز، ئالووده‌بوو‌ی مادده‌سڕکه‌ر و…ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌رده‌ستی کوروش و که‌ونینه‌گه‌رایی باپیرانی کۆنی هه‌خامه‌نشیان زیندوو و جاوید بمێنیته‌وه! ئه‌مه‌ش به چ نرخێک؟ که‌س نازانێت ده‌بێ چه‌ندیتر خوێن بڕێژرێته میحرابی ئه‌م خودا زه‌وینیانه‌وه، تاکوو هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ژێر سێبه‌ری نه‌گریس و شوومیان بێته ده‌ره‌وه و کیان و سه‌ربه‌خۆیی خۆی دروست بکات.