جیهان بەدۆخێکی ڕاگوزەری سیاسی و جوگرافی، ئابووریدا تێدەپەڕێت، ململانێکان لەهەموو لایەکەوە و وەکو تۆڕی جاڵجاڵۆکە تێکئاڵاون، لەم نێوەندەدا؛ وزە (نەوت وغاز)ڕۆڵی یەکلاکەرە و چارەنووس ساز دەگێڕن و ئاراستەی ململانێکانیان دیاریکردووە. کاریگەری نەوت وغاز هێندە بەهێزە، خەریکە زۆربەی هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕێت و پێچەوانەی بکات، کەبەم شێوەیەلای خوارەوە:-
یەکەم؛ ململانێی ڕووس ـ ناتۆ، بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە ئۆکرانیا.
لە ئێستادا ڕووسیا و ناتۆ لە ملانێیەکی گەورەدان لەسەرئۆکراین و ڕووسیا، لەمەترسی ئاسایشی نەتەوەیی بەنیازە ئۆکرانیا داگیربکات و ناتۆش بەسەرۆکایەتی بەریتانیا و ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆ لەسەر ڕووسیا دەکەن وهاوکاری بەردەوام بۆ ئۆکرانیا دەنێرێن. لەم نێوەندەدا؛ مەترسی هەناردەی غاز لەلایەن ڕووسیاوە لەسەر ئەورووپا دۆخی وزەی تێکداوە و نرخی نەوت وغاز تا دێت بەرزدەبێتەوە. ڕووسیا ڕۆژانە دە ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدێنی، هەروەها ٢٤٠ملیار مهتر سێجا غاز بەرهەمدێنێ و ٢٣٨ ملیار مەتر سێجا غاز هەناردەکات، دوو لەسەرسێی غازی ئەورووپا دابین دەکات، کە ١٢٨ ملیار مەترسێ جادەکات و بەتایبەت لەڕێگای ئۆکرانیاوە. ئەم هەژموونە ئابوورییەی ڕووسیا کاریگەری دروست کردووە و مەترسی درووستکردوە لەسەر قەیرانی وزە لەسەرئەورووپا لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگەکە.
مەترسییەکانی غازی ڕووسی چین لەم جەنگە، چ کاریگەرییەک لەسەر ئابووری جیهان بەتایبەت ئەورووپا دروست دەکات؟ لێکەوتەکان چین؟ ئەگەر ڕووسیا پەلاماری وڵاتی ئۆکرانیا بدات غازی ڕووسی چی بەسەردێت؟ لەگەڵ پەلاماری ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا ڕاستەوخۆ بۆری غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا لەنێو خاکی ئۆکراین پەک دەخرێت، بەهەرهۆکارێکی جەنگی بێت و هەناردەی غاز بۆ ئەورووپا ڕادەگیرێت. زیانە ئابوورییەکانی بۆ ڕووسیا، بریتییە؛ لە لەدەستدانی ئەو داهاتەی کە دەکاتە سێ لەسەرچواری داهاتەکەی، بەمەش کارەساتی ئابووری بۆڕووسیا درووست دەبێت و هەڵەیەکی گەورە دەکات و بەزیان بەسەرخۆیدا دەشکێتەوە. زیانەکانی بۆ ئابووری جیهان و بە تایبەت ئەورووپا چییە؟ ئەورووپا تووشی قەیرانی غاز دەبێت و هەڵاوسان لەنرخەکان درووست دەبێت، قەیرانی ئابووری دروست دەکات و ئەورووپا ناچاردەکات غاز بەگران بکڕێت و ئەوغازەی بۆوڵاتانی پاکستان و هندستان دەچێت گران دەبێت، ئەوان ناتوانن بیکڕن و ئەورووپا بەنرخێکی گرانتر دەیکڕێت
کارتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆپاراستنی ئەورووپا لەقەیرانی ووزە، چەند هەڵبژاردەیەکیان هەیە، لەوانە:-
١- هەناردەی غاز لەدەریای باکوور و نەرویجەوە.
٢- لەباکوری ئەفریکاوە.
٣- لەڕێگەی وڵاتی قەتەرەوە.
٤- پرۆژەی میدئیست، کە غاز لەئیسرائیلەوە بۆ قوبرس و لەوێشەوە بۆ یۆنان پاشان بۆ ئیتالیا.
٥- پەکخستنی هێڵی غازی نۆرد ستریم ٢.
بۆری غازی نۆرد ستریم ٢ چییە و چ ڕۆڵێک دەبینێت لەم جەنگەدا؟
هێڵی بۆری غازی نۆرد ستریم ٢، ئەو بۆرییە غازیەیە لە ڕووسیاوە ڕاستەوخۆ بەناودەریای بەڵتیق دا دەڕواتە ئەڵمانیا، لەئێستادا پرۆژەکە تەواو بووە و ئامادەیە بۆکارکردن.
توانای ئەم هێڵە چەندە و بۆچی بۆڕووسیا گرنگە؟
توانای ئەم هێڵە، گەیاندنی غازە بەگوژمەی ٤٥ ملیار پێ سێجا بەئەڵمانیا لەساڵێکدا، سەرچاوهیەکی ئابووری گەورەیە بۆڕووسیا. گرنگی ئەم بۆریە ئەوەیە بە ئۆکرانیا تێناپەڕێت و مەترسی لەسەرنییە، هێشتا جەنگە کە ڕووینەداوە، ئەڵمانیا خستنەگەڕی بۆری یەکەی دواخستووە بۆ هاوینی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەمەریکا “جۆبایدن” لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووە و داوای بەکارنەهێنانی ئەو بۆریە غازەی کرد، وەکو کارتێکی فشار بۆسەر ڕووسیا بۆئەوەی پەلاماری ئۆکرانیا نەدات، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش ئامادەی هەموو هاوکارییەکی بۆ ئەمریکا دەربڕی وەک ئەندامێکی ناتۆ.
دووەم؛ تورکیا
تورکیا، لەم نێوەندەدا لە جموجوڵدایە و دەیەوێت بە بەرژەوەندی خۆی بابەتەکە بشکێنێتەوە، بەم شێوەی لای خوارەوە:-
١- بەوەی لەگەڵ ئیسرائیل لە دووژمنایەتییەوە ببێتە دۆست و، بتوانێت باری ئابوورییەکەی ڕاست بکاتەوە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە و چاوەڕێیە سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی تورکیا بکات، لەمانگی داهاتوو. تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە غاز لە ئیسرائیل بکڕێت، وەک بەدیلی ڕووسیا و ئێران. هەروەها داوای کردووە پرۆژەی میدئیستی غازی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئیسرائیل لەڕێگەی تورکیاوە بگاتە ئەورووپا، نەک قوبرس. بەڵام ئەم پێشنیارەی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ڕەتکراوەتهوە.
٢- بۆ ڕازیکردنی ئەورووپا و ئەمریکا گرنگی زیاتر بە هەناردەی غازی ئازربایجان بۆ ئەورووپا و وەک بەدیلی ڕووسیا.
٣- تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لەئۆکرانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند؛ گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی دابینکردنی غاز بۆ تورکیا، ئەمەش گرنگی و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەردەخات لەو یەدەگە غازەی هەیەتی و، کەوتۆتە زۆنی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
٤- تورکیا بەهۆی دۆخی سەختی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوەکەیەوە، بەردەوام لەهەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانە.
سێیەم؛ قەتەر
وڵاتی قەتەر بەهۆی یەدەگی گەورەی غازییەوە، ئەمریکا لەم کاتەدا پشتی بەقەتەر بەستووە و پاراستنی پێداویستی ئەورووپا لەغازی سرووشتی.
چوارەم؛ وڵاتی میسر
ئەمەریکا داوای لە وڵاتی میسر کردووە، کە بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی زیاد بکات بۆ پشتیوانی ئەورووپا.
پێنجەم؛ ململانێی ئەمریکی ـ ئێران
بەپێی وتەی بەرپرسانی بەشداربووی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە بەشێک لەگەمارۆکانی سەرئێران لەبواری ئەتۆمەتی مەدەنی هەڵبگرن. پێموایە ئەم هەنگاوە سەردەکێشێت بۆ ڕێکكەوتنی گەورەتر و لەکاتی لادانی گەمارۆکان لەسەر ئێران، جارێکی تر هەناردەی نەوتی ئێران دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش کارتێکی بەهێزدەبێت بەدەست ئەمریکاوە دژی ئۆپێک پڵەس، بۆدابەزاندنی نرخی نەوت کە ئەمڕۆ گەشتە سەرو ٩٣ دۆلارو چاوەڕێدەکرێت لەکۆتایی ئەم ساڵ بگاتە ١٢٥ دۆلار.
شەشەم؛ ململانێی ئەمریکی ڤەنزوێلی
ئەمریکا گەمارۆی ئابووری خستۆتە سەر وڵاتی ڤەنزوێلا و ناهێڵێت نەوت هەناردە بکات، کە یەکێکە لەوڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت. لە ئێستادا کۆمپانیای “شیڤرۆن” لەهەوڵادایە بۆهەناردەکردنی نەوت لەو وڵاتەدا، ئەمەش ئاماژەیەکی ترە بۆ بەکارهێنانی کارتی وزەی ڤەنزوێلی دژی ئۆپێک پڵەس، کە ڕووسیا و سعودیە سەرکردایەتی دەکەن .
حەوتەم؛ ململانێی ئیماراتی ـ ئێرانی
بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەن و گرووپەکانی سەر بە ئێران، لە ئێراقەوە بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیمارات، نرخی نەوت بەرزبووە و لەم نێوەندەدا ئەمریکا و فەڕەنسا بە تووندی هاتونەتە پشت هاوپەیمانەکەیان و ژمارەیەکی زۆرچەک وچۆڵ وفڕۆکەیان پێ فرۆشتووە و هاتونەتە پشتی بۆ پاراستنی لەهەرهێرشێک بۆئەوەی دۆخی ئابووری تێک نەچێت و نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە.
هەشتەم؛ ململانێی چینی ـ ئەمریکی
چین، یەکێکە لەگەورە ڕکابەرانی ئەمریکا و خاوەنی ئابوورییەکی گەورەیە و یەکێکە لەگەورەترین کڕیارانی نەوت لەجیهان و لەکاتی پەتای کۆرۆنا گەورەترین بڕی نەوتی کڕی کە یەدەگە نەوتی یەکەی بە ١٢٦٨ ملیۆن بەرمیل دادەنرێت، زیاتر لەدووهێندەی کۆگای نەوتی ئەمریکایە. “چین” زۆرخۆشحاڵە بەوەی ڕکابەرەکەی ئەمریکایە و تووشی کێشەبووە لەگەڵ ڕووسیاو، بە ئەرێنی دەیبینێت بۆ بەرژەوەندی خۆی.
“ئەنجام”
هۆکارەکارهكانی جیۆپۆلەتیکی، تەندرووستی، ژینگەیی، ئابووری وایکردووە؛ نرخی نەوت و غاز لەجیهان بەردەوام لەبەرزبوونەوەبێت و بتوانێت ئاراستەی پەیوەندییەکان و دۆخی ڕامیاری جیهان دیار بکات، ئەم کارتە لەدەستی هەرلایەک بێت بەئاسانی ئامانجەکانی بەدەست دههێنێت، هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو یەدەگە گەورەی لەغازهەیەتی و دەکاتە 5.7ترلیۆن مەترسێجا و گرنگی شوێنی جوگرافیای لە ئایندە دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەر ببینێت لە ئاراستەی ڕووداوەکانی جیهان، دەتوانێت لەبواری ئابووری، سیاسی، دەستکەوتی باشی لێوەرگرێت. هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆدابینکردنی غاز بۆ ئەورووپا بریتییە؛ لە دابینکردنی غاز لەدەریای باکور، غازی دەریای سپی ناوەڕاست لەڕێگەی ئیسرائیلەوە، هەروەها وڵاتی قەتهر هانی وڵاتی میسر دەدات بۆ زیاد کردنی بەرهەمی غاز. له لایهكییترهوه هه ولده دات سوود له غازی جه زائیر وه رگرێت، بۆ ئه م مهبه سته. لەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی-ووزەیەدا، غازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری، سیاسی بۆهەرێمی کوردستان و غاز هەناردە بکات بۆ دەرهوە، بەتایبەت ئەورووپا و ئەمریکییەکانیش چاویان لەسەری غازی هەرێمی کوردستانە، چ وەک کارتێک بەدەستیانەوە و چ وەک دابینکردنی سەرچاوەیەکی تری ئابووری بۆهەرێم، بۆئەوەی هاوکارییە کانیان کەم بکەنەوە بۆهەرێم و باری سەرشانیان کەم بکەنەوە. هیوادارم چ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چ هەردوو هێزە گەورەکە ئاراستەی ڕووداوە سیاسی یەکان، چ لەهەرێم چ لەبەغداد بەو ئاراستەدا ببەن؛ لەئایندە وەک خۆی سوودە لەم کارتە بەهێزە وەرگرین.
پێگەی هەرێم تادێت بەهێز دەبێت لەڕووی جیۆپۆلەتیکی و ووزە-وە لەبەرانبەر وڵاتانی هەرێمی ونێودەوڵەتییەوە، بەتایبەت بەغداد،ەبەتایبەتر لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئێراق، ئەگەر کورد یەکگرتووبێت ،چونکە ئێستا هەرێم لەپێگەیەکی ئابووری بەهێزترە بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢٠. دەتوانێت بەئاسانی ماف و ئیمتیازی باشتر بەدەست بهێنێت.
سەرچاوەکان:-
_www.al arab.co.uk
_the newyork times
_www.statista.com
_www.spotink.com
-الطاقه
ـ ئۆیڵ پرایس نیوز
ـ ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت.