مەبەستی ئەم باسە لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی بەریتانیایە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا.
بەپێچەوانەی ئەوەی کە کورد بەتەمای بوو، ڕاگەیاندنەکە پێشنیازی مافی چارەی خۆ نووسینی بۆ میسۆپۆتامیا لەجیاتیی خەڵکە کوردەکەی بە بڕیاری نووساندنی باشووری کوردستان بە میسۆپۆتامیاوە. بێجگە لەوەش، “هەرچەندە بەریتانیا حەزی نەدەکرد ویلایەتی مووسڵ ڕادەستی فەرەنسا بکات، بەڵام مامەڵەکردنی لەگەڵ تەواوی کێشەکانی باکووری مووسڵدا پەیوەست بوو بە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی بابەتی لەگەڵ فەرەنسادا”٤١ و تا ئەوکاتە لەندەن پرۆژەیەکی کۆنکریتی و ڕوونی نەبوو بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە، چجای بڕیاردانی درێژخایەن لە سەر داهاتووی ناوچە کوردییەکان لە مەودایەکی دووردا٤٢. سەرباری ئەم حاڵەتی ناجێگیر و دوودڵییەش جیاوازیی بیروڕای نێوان بەریتانییەکان خۆشیان، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٩وە. بە گەڕانەوە بۆ چالاکییەکانی ئێدوارد ویلیەم چارڵس نۆیڵ، کە بریکارێکی دەزگای هەواڵگریی بەریتانی بوو، “سیاسەتی بەریتانیا لە میانەی ساڵی ١٩١٩دا”، رۆبەرت ئۆڵسن سەرنجی دەداتێ و دەڵێ “واباشترە ناوی سیاسەتی نۆیڵی لێبنرێت” و ئەوجا لە سەری دەڕوات و دەڵێ:
” [نۆیڵ] چالاک بوو لە هەوڵدانیدا بۆ دڵنیابوون لە سوود و بایەخی سیاسەتێک کە پشتیوانی لە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بکات یان لایکەمەکەی ئۆتۆنۆمییەکی شایستەی ژیان بۆ کورد. ئەمە ئەگەر بەدیبهاتایە، ئەوە لە لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بەریتانییەکاندا دەبوو. نۆیڵ بە زۆری ناوی “لۆرەنسی دووەمی” لێنرابوو، وەک سووکایەتی و گاڵتەپێکردن لە لایەن کاربەدەستانی ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵیی بەرپرس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کاربەدەستانە دڵنیا نەبوون لە قووڵایی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئەوەی نۆیڵ قەناعەتی هەبوو بە هێز و توانای. چونکە بەرپرس و کاربەدەستانی ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵی دڵنیا نەبوون لەوەی کەوا “شۆڕشێکی کورد” پێگە و هەڵوێستی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاکدەکات، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیادا لەپاش سەرکەوتنەکانی کەمالییەکان لە ساڵی ١٩٢١دا”٤٣. جیاوازییەکە زیاتر ڕوونبووەوە کاتێ کە ئەرنۆڵد تی.
ویڵسن لە “تێبینی لە سەر پێشنیازەکانی م. کلێمێنسۆ” ئەم ڕاگەیاندنەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:
“ئێمە ئێستا ناتوانین ئەوە بکەین کە لە پێش سێ مانگدا دەمانتوانی بیکەین. لە ڕۆژهەڵاتدا وەک چۆن لە ڕۆژئاوادا، گیانێکی نوێ لە ئەقڵ و مێشکی پیاواندا هەیە. ناتوانرێت ئیمپراتۆرییەتی تورکی تێکبشکێنرێت، چونکە بەرجەستەی نموونە و ئایدیاڵی ئیسلامە بۆ حوکمی زەمان لە سەر زەویدا بۆ حوکمڕانانی موسڵمان، کەوا نەتوانینی هێزە کریستیانەکان بۆ ڕێککەوتن وڕووژاندوویەتی، لەکاتێکدا کەوا گەلانی ڕۆژئاوا شەکەت و ماندوون و ڕقیان لە جەنگ و شەڕوشۆڕی زیاترە. تاقە چارەسەر کە من ئێستا دەیبینم دانپیانانە بە ئیمپراتۆرییەتێکی تورکیدا لە قوستەنتینییەوە بۆ قەوقاز – بە دیاریکراوی لەگەڵ ناوچەکانی پەنا و قوژبنی ئەرمەنی و نەستۆرییەکاندا، واتە:
کۆنترۆڵێکی ئەوروپی بە سەر قوستەنتینییەدا لەلایەن دەستەیەکی نێودەوڵەتییەوە و نەتەوەی ئەوانەی نوێنەرەکانیان لە ویلایەتەکاندان پەیڕەویی هێڵە گشتییەکانی کاریگەری و دەسەڵاتی دەوڵەتە جیاجیاکان دەکەن کە ئێستا لە ژێر گفتوگۆدان. ئەمە پابەندمان دەکات کە پشتیوانی تورکیا بکەین و تا ئەم ئاستە مەسەلەکە قەناعەتبەخش دەبێت بە هاوبەشە محەممەدییەکانمان. […] ئەم سیاسەتە خۆ دوور دەگرێت لە بچڕین و لەخۆگرتنی خاک یان ناوچەی پارێزراو کە پێچەوانە بێت لەگەڵ ویست و خواستی میللیدا.
گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورکیا لە ژێر سەرپەرشتیی راوێژکارانی بێگانەدا (باشترە بڵێین بەریتانی) لە پارێزگاکانی باکووردا دۆخەکە لە سنووری باکووری میسۆپۆتامیادا ئاسان دەکات، هەروەها لە کوردستانیشدا کە بەم دواییە ئەفسەرێکی سیاسی کوژرا لە ئەنجامی پیلانێکی ڕاستەوخۆی تورکی – کوردیدا”٤٤.
هاوشان لەگەڵ زیادبوونی گومان و دوودڵی لە ماوەی دوای جەنگدا، فرە سیستەمیش لە ناو دەزگا و دامەزراوەکانی بەریتانیدا زیادی کرد. کێشەی ئەم فرەییە زیاتر ڕوونبووەوە کاتێ کە داهاتووی میسۆپۆتامیا بەگشتی و ئەوی ویلایەتی مووسڵ بەتایبەتی بوون بە جێی پرسیار. “ئەو هەژدە مانگەی تێپەڕی لە نێوان کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا و بەخشینی ماندێتی میسۆپۆتامیا بە بەریتانیای مەزن مۆرکی جیاوازی و ناکۆکییەکی زۆری لێنیشت لە سیاسەتی نێوان دەسەڵاتە ئیمپراتۆرییەکان لە لەندەن و بەغدادا”٤٥. شکستی حکوومەتی لەندەن لە گونجاندنی سیاسەتێکی توندوتۆڵ یەکگرتوودا بۆ میسۆپۆتامیا یارمەتیی ئەرنۆڵد تی. ویڵسنی دا بۆ بەهێزکردنی لە ولاتی داگیرکراودا occupied territories. ئەرنۆڵد ویڵسن ئیددیعای ئەوەی دەکرد کە جاڕنامەی ئەنگلۆ – فەرەنسی “هەڵەیەکی کارەساتبار” بوو و ئەوەی ڕایگەیاند کەوا “وڵات سەرتاپا بەتەمای ئەم چەشنە پلانە گشتگیرانەی سەربەخۆیی نیە و چاوەڕێیشی ناکات”٤٦. بەو ڕەنگە و سەبارەت بە مووسڵ، بەریتانییەکان جیاوازییەکی بەرچاویان سەلماند و ئەمەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا “زۆرێک لە ئیدارە حکوومییەکان پشکێکیان لە مەسەلەکەدا هەیە”٤٧.
بێک ئەم جیاوازی و مشتومرانە بەم شێوەیەی خوارەوە کورتدەکاتەوە:
“بۆ نموونە، [ئەم جیاوازییە]، لە سکاڵای لۆرد کێرزنی وەزیری دەرەوەدا دەرکەوت لە ساڵی ١٩١٩وە تا ١٩٢٤، لەبارەی دەستێوەردانی دامودەزگا وئیدارەکان لە سیاسەتیدا. بەڵگە و ئارگومێنتی ستراتیجی، کە پاساوی داگیرکردنی بەریتانی بوو بۆ مووسڵ لە ساڵی ١٩١٨دا و گرنگی و بەهای ناوچەکەی شیکردەوە بۆ هەریەک لە پەیوەندییەکانی ئیمپراتۆری و پێگەی بەریتانیا بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە دەگەیەنێت کەوا کێشەی مووسڵ نەک هەر وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی کۆڵۆنییەکانی سەرقاڵ کردووە بەڵکوو وەزارەتی هندستانیشی گرتووەتەوە. ئارگومێنت و پاساوی ئەم کارەش پشتی بەو ئیددیعایە بەستووە کەوا کۆنترۆڵ کردنی مووسڵ، کە لە ڕووی سروشتییەوە بە چەند زنجیرە چیایەک لە تورکیا جیابووەتەوە، نەک هەر مانەوەی ئێراق دابین دەکات بەڵکوو سنوورێکی سەلامەت و ئارامتر دەستەبەر دەکات دژ بە تورکیا، چونکە ترس هەبوو کەوا ئەمیان (واتە تورکیا – و)، کە وەک دەوڵەتێکی ئیسلامیی دوژمنکار تەماشا دەکرێت، رەنگە وەک خاڵی دەستپێکردن بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێراق و لە کاتی گونجاوی خۆیشیدا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە لە کەنداوی فارسدا”٤٨.
بە هەمان شێوە، وینستن چەرچڵ، کە لەو کاتەدا وەزیری جەنگ و هێزی ئاسمانی بوو، لە یاداشتێکیدا کە لە ١ی مایسی ١٩٢٠دا بەرزیکردبووەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەوە ڕووندەکاتەوە کەوا “وڵاتەکە مۆتەکەیەکی کارگێڕی بوو و لە نێوان سێ بەشی سەرەکیدا دابەش بووبوو”٤٩.
لە ناو ئەم بارودۆخەدا، تاقە دڵنیایی دروستکردنی دەسنەجێی ڕووبەر یان ناوچەیەکی ناوبەینی ژێر کاریگەریی بەریتانیا. ماکدوواڵ دەنووسێت “لە ڕووی تیۆرییەوە، جۆرێک لە کۆنفیدراسیۆنی کوردی وێناکرابوو. بەڵام لە ڕووی کردارەوە، کێشەی راستەقینە هەبوو لە دیاریکردنی سنوورێکی ئارام بۆ میسۆپۆتامیا، کە ناوچەیەکی ناوبڕ بێت لە باکووری ئێرەوە بۆ دوورخستنەوەی تورکەکان و دواجاریش سنوورێکی باکووری قبووڵکراو بۆ ئەو ناوچە ناوبڕە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەرمەنی مەزەندەکراودا٥٠. گەلێ پێشنیاز پێشکەشکران، بۆ نموونە، مێجەر نۆیڵ (لای کورد ئەم ناوە زیاتر بە نۆئێل رۆیشتووە – و) داکۆکیی لە سەر سێ پرۆژە دەکرد بۆ کوردستان: باشووری کوردستان کە بنکەی لە سلێمانی بێت و نەهری، رەواندز، هەولێر، کەرکووک، کفری و خانەقین لەخۆدەگرێت، ناوەندی کوردستان بنکەکەی لە مووسڵ بێت و ڕۆژئاوای کوردستان کە بنکەکەی لە دیاربەکر بێت و تا ئەوپەڕی باکوور دەکشێت کە کوردی تێدا نیشتەجێبێت و هەر هەموو ئەم پێشنیازانە بە پارێزگاری و ڕاوێژی بەریتانی کراون٥١. ئەرنۆڵد تی. ویڵسن، لە ژێر کاریگەریی دابینکردنی سنووری ئارام و سەلامەتدا، پێشنیازی “گێڕانەوەی دەسەڵاتی تورکیای کردووە بە سەرپەرشتیی راوێژکارانی بیانی (باشترە بڵێین بەریتانی) لە ناوچە یان پارێزگاکانی provinces باکووردا. [ئەمەش پێدەچێت] پێگە و هەڵوێست ئاسان بکات لە میسۆپۆتامیا و کوردستانیشدا”٥٢. وەزارەتی دەرەوە لە لەندەن و بارەگای گشتی لە قاهیرە، بە ڕۆڵی خۆی، پێشنیازی کشانەوەیەکی تەواوی کردووە لە هەموو کوردستان و تەنها دەشتاییەکانی میسۆپۆتامیا بهێڵرێتەوە.
ئەرنۆڵد تی. ویڵسن بەم شێوەیەی خواروە وەڵامیداوەتەوە:
“بە ڕای من سەبارەت بە کورد پێویستە تەواوی بنەمای کارمان مسۆگەرکردنی سنوورێکی قەناعەتبەخش بێت. چونکە ناتوانرێت ئەم جۆرە سنوورە بە ئارامی دابین بکرێت، پێموایە لە دەشتاییەکانیشدا، بەلام دەبێ لە چیا کوردییەکاندا ئەوە بکرێت و … [ئەمەش] پێویستی بەوەیە کە پەنا ببرێتە بەر سیاسەتێکی خێڵەکی”٥٣.
ئەم سیاسەتە دژوار و پێچەوانە بەیەک و ناڕوونانە بەرانبەر بە کوردەکان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا ڕوونبووەوە کە دامودەزگا بەریتانییە سەرەکییەکان لە ١٣ی نیسانی ١٩٢٠دا ئەنجامیاندا وەک وەزارەتەکانی دەرەوە، کۆڵۆنیاڵی، هێزی ئاسمانی و ئۆفیسی هندستان. لەو دەمەدا بەریتانییەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبوو کوردستان دابڕن، بەو پێیەی کە ناتوانن هیچ کەسێک بدۆزنەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەو بەشەی وڵاتەکەدا٥٤. بەڵام ویڵسن پێداگریی لە سەر ئەوە دەکرد کە دەستبەردان لە کوردستانی باشوور پێگەی بەریتانیا بەرەوڕووی مەترسی دەکاتەوە لە کەنداوی فارس و بە هەمان شێوەش لە میسۆپۆتامیادا، کەچی لۆرد کێرزۆن لەگەڵ ئەم ڕایەدا کۆک نەبوو و نەیدەسەلماند. لەبەرئەوەی کە مەحاڵ بوو بگەنە بڕیارێکی کۆنکریتی، لیژنەی کۆبوونەوەکە لە سەر ئەوە ڕێککەوتن لە سەر راپۆرتی رەشنووسی پێشنیازی رۆبەرت ڤانسیتارت کەوا کوردستان “بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ” جیانەکرێتەوە، بەڵکوو لێبگەڕێن کەوا کێشەکە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا چارەسەر بکرێت.
پێشنیازەکانی ڤانسیتارت بوون بە بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیماننامەی سیڤەر٥٥. لە سەروبەندی گفتوگۆدا و لەکاتێکدا ئێدوین مۆنتاگۆی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هندستان داکۆکیی لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد، لۆرد کێزۆن رایگەیاند کەوا “ئەگەر بەریتانییەکان دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێنن بە ئیدارەیەکی بەریتانییەوە، لەوانەیە فەرەنسییەکانیش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی هاوشێوە لە باکووری کوردستان بە سەرپەرشتیی راوێژکارانی فەرەنسی”٥٦.
بە هاتنی مانگی مایسی ١٩١٩ و لە یەکەم کشانەوە و دەستبەرداربوونیان لە تاقە دەوڵەتێکی کوردستانی باشوور، ڕوویان وەرگێڕا بەرەو بیرۆکەی ویلایەتێکی مووسڵی عەرەبیی دەوردراو بە چەند دەوڵەتێکی کوردی بە سەرکردایەتیی سەرۆکە کوردەکان لەگەڵ راوێژکارانی بەریتانیدا٥٧. هەرچەندە بیرۆکەی جیاکردنەوەی سیاسیی نێوان کورد و عەرەب هەر مابوو، بەڵام ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩١٩ بەریتانییەکانی لە ئێراقدا هێنانیە سەر ئەو قەناعەتەی کە پێویستە کاروباری ناوخۆ توندتر بگرن و ئاگایان لێبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاربەدەستانی لەندەن بیریان لەوە دەکردەوە کە دەسبەرداری ناوچەیەکی شاخاوی کەوا کۆنترۆڵکردنی زۆر لە سەریان دەکەوێت. “لەکاتێکدا کە براوەی ئەو ڕۆژە باسی لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد و ئێستا تەنانەت ویلایەت و هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکانیش کەوتوونە بەر دەسکاری و گۆڕانکاری”٥٨.
ویڵسن دوابەدوی راپەڕینەکەی شێخ مەحموود برووسکەیەکی بۆ سەرۆکەکانی ناردووە لە لەندەن و تێیدا دەڵێ:
“ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە هیچ شێوەیەک دید و بۆچوونی منی نەگۆڕیوە سەبارەت بە کاراکردنی ئەو سیاسەتەی کە لە [9ی مایسدا] حکوومەتی خاوەن شکۆ ڕەزامەندیی لە سەر دەربڕیوە لە بارەی دەوڵەتە سەربەخۆکانی کوردەوە، بەڵام پلەی سەرپەرشتی کردن دەبێ پشت بە پێویستیی وڵاتەکە و مەسەلە ستراتیجییەکان ببەستێت”٥٩.
ئەم جۆراوجۆریی ڕاوبۆچوون و پێشنیازانە ڕۆڵیان لەوەدا بینی کەوا کێشەی سنووری باکووری ویلایەتی مووسڵ هەر بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە. لەو ماوەیەدا کە باسی لێوەدەکەین، هەوڵ و کۆششی بەریتانییەکان لە دروستکردنی هاوپەیمانیی گونجاوی ناوخۆییدا چڕبووبووەوە و بەدیاریکراویش بۆ دۆزینەوەی “سەرکردە و ڕابەری گونجاوی کورد کە بتوانرێت کاریان لەگەڵدا بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک”. جەنەراڵ شەریف پاشا، کە ئەندامێکی پێشووی حیزبی کوردی بووە لە ساڵی ١٩٠٨دا و هەروەها بەشداریش بووە لە کۆنفرانسی ئاشتیی ساڵی ١٩١٩دا و شێخ مەحموودی بەرزنجی و شێخ تەهای نەهری سەرکردەی ناودار و دەرکەوتووی کوردبوون کە بەریتانییەکان هەوڵیانداوە چارەسەریان لەگەڵ بدۆزێتە و ئەم هەوڵانە هەروا بێئەنجام مانەوە و شتیکیان لێنەهاتەبەر. ئەم تەمومژ و تێکەڵوپێکەڵییە تادەهات زیادی دەکرد بە هۆی دابەشبوونی نێوان کوردەکان خۆیانەوە. دێڤید ماکدوواڵ باس لەوە دەکات کەوا “لە بەهاری ساڵی ١٩١٩دا، سێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی سیاسی لە ناو کوردەکاندا هەبوو: سەر بە تورک و سەر بە هاوپەیمانان و دواجاریش، لە ناو کوردەکانی دەرسیمدا، ئارەزوویەک پەیدابوو بۆ سەربەخۆیی تەواو لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی. زۆرێک لەو کوردانەی کە گومان و دوودڵیی چواردەور پەشۆکاندبوونی، حەزیان نەدەکرد خۆیان پابەندی یەک ڕەوتی کار بکەن بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی تێدا نەبێت”٦٠.
بە هاتنی ساڵی ١٩٢٠، دامزراندن و دروستکردنی کوردستانێکی جیا هەر بە ئاڕاستەیەکی گشتی مایەوە، لەکاتێکدا کە نەدەتوانرا سنوورەکانی دیاری بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت. بە درێژایی ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢١، گەلێ پێشنیاز و بۆچوون پێشکەشکران. بۆ نموونە، لە ١٣ی ئابی ١٩٢٠دا، نامەیەک نێردراوە بۆ سێر پێرسی کۆکس٦١، کە ئەمەی خوارەوەی تێدا دەخوێنرێتەوە:
“هەروەها گریمانەی ئەوەش دەکەم کە ئەو پەرەسەندەی بارودۆخی گشتی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا [ئاوها] دواتر دەبێتە سەرکەوتنێک بۆ ئۆتۆنۆمییەکی کوردی لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا و بەدوایدا داواکارییەکی سەرکەوتوو دێت لە کۆتایی پێنج ساڵی سەربەخۆییدا و بژاردەی جیابوونەوە لە [بەغدا] و هاتنە پاڵ دەوڵەتە کوردییە نوێیەکە.
سەبارەت بەو ناوچانەی کوردستانی باشووریش کە لەئێستادا لەلایەن بەغداوە بەڕێوەدەبرێت، پێمخۆشە پێشنیازی فیدراسیۆنێکی دەوڵەتە کوردییەکان بکەم لە لایەن سەرۆکە کوردەکانەوە لەگەڵ سەرۆکێکی بەریتانی لە لایەنی ئەوانەوە و ئەنجومەنێکی فیدراڵی کە رەنگە لە [سلێمانی] بێت و لە ئێستادا ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی سەرۆکایەتیی بکات. […] وەک ئەندامی ئەنجومەنی فیدراڵی بێجگە لەوانەی [ناخوێنرێتەوە] بە شێوەیەکی ناوخۆیی، من پێمخۆشە حەمدی بەگی بابان راسپێرم وەک نوێنەری بنەماڵەی بەدرخان و بەو سیفەتەشی کە ئەندامی یانەی کوردییە لە قوستەنتینییە”٦٣.
بەهەرحاڵ، گوتراویشە کەوا داهاتووی باشووری کوردستان دەکرێت بڕیاری لێبدرێت بەپێی بارودۆخی ناوخۆیی و بەندە بەو هەڵوێستەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریدەگرێت. بێجگە لەوەش، ڕاپەڕینی بەرفراوانی تەمووزی ١٩٢٠ و هەروەها هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی داهاتووی کوردستانی باشووری زیاتر تەڵخ و لێڵ کرد. لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠دا سێر پێرسی کۆکس جێگەی ویڵسنی گرتەوە و بە زوویی دەستپێشخەریی کرد بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتێکی عەرەبی لە ئێراقدا. بۆ نموونە، لە نامەیەکدا بۆ سێر ویندهام هێنری دیدس٦٤، هوبەرت یۆنگ جەختی لە پێویستیی “پێکهێنانی حکوومەتێکی لەم چەشنە کردەوە و بە عەرەبیی پوخت هێشتنەوەی”٦٥. بە هاتنی کۆتایی ساڵ، وادیاربوو هەڵوێستی بەریتانی بەرانبەر بە کورد گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتبێت. ماکدوواڵ تێبینی دەکات کەوا “کاتێ پیداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردندا کرا لە دیسەمبەری ١٩٢٠دا، یاساکە هیچ دانپیانانێکی تێدا نەبوو بەو زەمانەتانەی کە مافی کوردەکانی ئێراق بوو بەدەستیبێنن بەگویرەی پەیماننامەی سیڤەر، کە تەنها چوار مانگ لەوەوپێش مۆرکرابوو”. لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومونی وەزیراندا وا ڕوونکراوەتەوە کە یاساکە ناونراوە “لائیحەی هەڵبژاردنی کاتی” و لە دەقەکەیدا واهاتووە:
“[…] ئەنجومەنی نوێنەران یان کۆنگرێس دەبێت لە سەد ئەندام پێکبێت و دەبێت بیست کەسیان لەلایەن [شێخی] عەشیرەتەکانەوە هەڵبژێردرێن. بێجگە لەم نوێنەرایەتییە تایبەتییە، هەر عەشیرەتێکی شایستە دەتوانێت ناوی خۆی لە تۆماری هەڵبژاردندا بنووسێت و وەک هەر هاووڵاتییەکی تری میسۆپۆتامیا دەنگ بدات. هەروەها نوێنەرایەتیی تایبەتی کۆمەڵگەکانی جوولەکە و کریستیانیشی گرتەوە لە ئێراقدا، کە یەک ئەندام بۆ جوو و پێنجیش بۆ مەسیحییەکان بوو.
“خاڵە گرنگەکانی تر ئەوەن کەوا ئەو بەندەی باس لە ئێراق دەکات وەک “ناوچە یان هەرێمێکی territoryدیاریکراو لە پەیماننامەی هێزەکاندا”، کە بەش یان کەرتی division [سلێمانیی] کوردی بوو بەتەواوی لابرابوو و بەهەمان شێوەش ناوچە کوردییەکانی تر لە هەردوو کەرتی مووسڵ و کەرکووک، خرابوونە نێو ئەحکامەکانی ئەم دەقەوە”٦٦.
هەرچەندە کوردەکان خرانە نێو کاروباری هەڵبژاردنەوە، لەگەل بوونی هەندێ بەندی تایبەتیشدا، بەڵام پێرسی کۆکس پێشنیازی ئەوەی کرد کە “بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ [سلێمانی] و ناوچە کوردییەکانی تردا بکرێت چونکە پێویستیان بە بایەخدانێکی ورد و تایبەتە، کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ بەندی ٦٤ی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ [دەوڵەتی عوسمانیدا]”٦٧.
سەبارەت بە بارودۆخی کورد، راپۆرتی هەواڵگریی ٣١ی دیسەمبەری ١٩٢٠ ڕوونیدەکاتەوە کەوا “ئەفسەرە سیاسییەکانی مووسڵ و کەرکووک و هەولێر وایان دەبینی کە لە ناچەکانیاندا ئارەزوویەک نیە بۆ جیابوونەوە لە ئێراق بەو مەرجەی دڵنیاییان بدەنێ لەبارەی بەردەوامیی کۆنترۆڵی بەریتانییەوە ئەگەرچی هەندێ زەمانەتی ناوخۆیی دابینکراوە سەبارەت بە زمان و شتی لەم چەشنە”٦٨. بێجگە لە ڕەچاوکردنی مافەکانی کورد، “ئەمانە بەتەواوی ملکەچی ستراتیجییەتی بایەخپێدانی بەریتانییەکان و (ئێراقییەکان) دەبن”٦٩.
گۆڕانکارییەکی گرنگی تر ئەویە کە وەزارەتی کۆڵۆنییەکان جێگەی وەزارەتی هندستانی گرتەوە بۆ کاروباری ئێراق و دروستکردنی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو وەزارەتی کۆڵۆنییەکاندا. ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار لە نێو مەسەلەکانی تردا: ١) پێویستیی کەمکردنەوەی تێکهەڵکێشیی نێوان دەزگا و دامەزراوەکان. سەبارەت بەم مەسەلەیە، بۆ نموونە، یۆنگ دەنووسێت: “[…] لەبەرئەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵ کردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە بە دوو بەشەوە کە دەکرێت بە شێوەیەکی کارا جیاواز و ناکۆک بن لە سەر مەسەلەگەلێکی پرەنسیپ، ئەو کاتە بۆ ئێمە تەواو مەحاڵ دەبیت کە سیاسەتی هاوبەش دابڕێژین٧٠. ٢) پێویستیی پەرەپێدانی “سیاسەتێکی داڕیژراو بۆ کەمکردنەوەی خەرجی ئیمپراتۆری بە قۆناخبەندیی یەک لە دوای یەک تا نزمترین ئاست”٧١، بەزۆری لە ژێر فشارێکی جەماوەریی گەورەدا. بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی فەرمی لە کۆنفرانسی مارتی ١٩٢١ی قاهیرەدا دامەزرا، کە تێیدا بڕیاریش درا کەوا فەیسەڵی کوڕی حوسەینی لەمەڕ حیجاز، بکرێتە مەلیکی داهاتووی ئێراق٧٢. کۆنگرەی قاهیرە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە سەر سیاسەتی بەریتانی سەبارەت بە کورد و کۆنگرەکە “هەوڵدانێک بوو لەلایەن بەریتانییەکانەوە بۆ وەستاندنی داڕووخانی سیاسەتی بەریتانی کە لە ساڵی ١٩٢٠وە تووشی بووبوو و بەردەوام بووبوو بە مۆرک و خاسییەتی ئەو سیاسەتە لە سەرەتای ساڵی ١٩٢١یشدا”٧٣. بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاداشتێکی لە لەندەن ئامادەکردبوو و بەرزیکردبووەوە بۆ لیژنەی سیاسی لەبارەی کوردستانەوە.
لیژنەکە پێکهاتبوو لە وینستن چەرچڵ (سەرۆک) و پاشان وەزیری کۆڵۆنییەکان، پێرسی کۆکس، گێرتڕوود بێڵ، کە سکرتێری کۆکس بوو، کۆڵۆنێڵ تی. ئی. لۆرەنس مێجەر هوبەرت یۆنگ و مێجەر ئی، دەبلیو. سی. نۆیڵ ئەندامی راوێژ پێکردن بوون. یاداشتەکە ڕوون و ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ئەندامان بەتوندی لە سەر ئەو ڕایەن کەوا ئەو ناوچانەی بە پوختی و تەواوی کوردن نابێت بخرێنە سەر دەوڵەتە عەرەبییەکەی میسۆپۆتامیا، بەڵکوو دەبێ پرەنسیپەکانی یەکگرتوویی و نەتەوەیی کورد تا دەتوانرێت بپارێزرێت و پشتگیری بکرێت لە لایەن حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانییەوە – و). لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، چوار ئەندام لە کۆی حەوت قەوارەیەکی کوردییان پێ باشتربوو کە لە ئێراق جیابێت و ئەوانیش: چەرچڵ، یۆنگ، نۆیڵ و لۆرەنس، دژ بە کۆکس و بێڵ بوون و (مێجەر ر. د. بابکۆکی سکرتێری لیژنەکە گفتوگۆ و مشتومڕەکەی بەجێهێشت و چووە دەرەوە). لەگەڵ ئەوەشدا، لە چەند مانگی دواتردا مەسەلەکە واکەوتەوە کە وەرگەڕانێکی سەرسوڕهێن لە سیاسەتی بەریتانیدا ڕووبدات و سیاسەتەکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەرچڵ رەتکرایەوە لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکی کۆکس”٧٤. بەم ڕەنگە “بیر و ئایدیای ڕێگەدان بە سەرهەڵدان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا بۆ کوردستانی باشوور لە دواجاردا خرایەلاوە لە بەرژەوەندیی هێشتنەوەی وەک بەشێک لە ئێراق”٧٥.
لە دید و بۆچوونی کۆکسەوە، “باشترین سیاسەت ئەوەبوو کەوا کوردەکان بە کەمینەیەک دابنرێن لە ئێراقدا لەگەڵ پێدانی شانسی سێ ساڵ بۆیان و پاشان چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکەیاندا [ئاوها هاتووە]”٧٦. بێگومان ئەمە نیاز و مەبەستی بەریتانییەکان بوو کاتێ کە داکۆکییان لە “ئۆتۆنۆمییەکی ناوخۆیی local autonomy” دەکرد بۆ کوردەکان لە کاتی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ماندێتدا و هەروەها لە کاتی گفتوگۆکانی مەسەلەی مووسڵیشدا.
ئەم گۆڕانکارییانە کاردانەوەی جۆراوجۆریان بەرپاکرد لە ناو کوردەکانی ویلایەتی مووسڵدا. ڕژێمە نوێکە پەلیکوتا بۆ سێ ناوچەی سەرەکیی ویلایەتەکە (مەبەستی ویلایەتی مووسڵە – و) کەوا کەرکووک و هەولێر و مووسڵی گرتەوە، “لەکاتێکدا سلێمانی بە ئاشکرا خواستی خۆی دەربڕی بۆ مانەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەریتانیادا” و “هەموو هەوڵێک درا بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی خۆماڵی بە پێی بنەما ئاساییەکان”٧٧. وەڵامی بەریتانییەکان بۆ ئەم کاردانەوانە ڕاگەیاندنێک بوو لەلایەن پێرسی کۆکسەوە، کە تێێدا جەختیکردەوە لە سەر ئەوەی کەوا “کۆمیسیاری باڵا ڕەچاوی ئەو ڕێکخستنە ئیدارییانەی کردووە کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ داهاتووی ناوچە کوردییەکان لە ئێراقدا. ئەو وا تێگەیەنراوە کە ترس و نیگەرانییەکی زۆر لەئارادا هەیە لەوەی کوردەکان ببەسترێنەوە بەو حکوومەتی نیشتمانییەوە کە لە بەغدا دامەزراوە و لەبەر ئەم هۆیەیە کە هەندێ داواکاری هەیە بۆ ڕژیمێکی ئۆتۆنۆمی”. لێرەدا گونجاوە کە ئەم ڕاگەیاندنە بگوێزینەوە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ئایدیا و بۆچوونی کوردستانێکی جیاکراوە وازی لێهێنراوە و ئەوەش ڕوونبکرێتەوە کە چۆن بەریتانییەکان هەوڵیانداوە پاکانە بکەن و پاساو بۆ هەڵوێستیان بێننەوە لە بەرانبەر کورددا:
“لە هەمان کاتدا، وا دێتە تێگەیشتن کە ڕابەرانی ڕای کوردی بەتەواوی ئاگایان لەو پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەیە دروستەیە کە ناوچەکانیان بە ئێراقەوە دەبەستێتەوە و ئەو سەغڵەتی و نەگونجانەیە کە جیابوونەوە لەخۆیی دەگرێت. لە سایەی ئەم کەش دۆخەدا ئەگەر بکرێت خاوەن پایە حەز دەکات بەڵگەی خواست و ئارەزووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەکانی کوردی دەستبکەوێت. ئەوان ئەگەر پێیان باشبێت لە ژێر سایەی حکوومەتی ئێراقدا بمێننەوە، ئەوە ئەم ئامادەیە ئامادەیە ئەنجومەنی دەوڵەت ڕاسپێرێت بۆ چارەسەرێک بە پێی ئەم بنەمایانەی خوارەوە:
-یەکەم: سەبارەت بەو ناوچانەی کوردستان کە سەر بە کەرتی مووسڵن و دەکەونە چوارچێوەی ماندێتی بەریتانیاوە، ئەوە دەبێت لیوایەکی لاوەکی٧٨ sub – liwa یان (نیمچە لیوا، بنلیوا) پێکبهێنرێت و لە قەزاکانی زاخۆ و ئاکرێ و ئامێدی پێکبێن و دهۆکیش ببێتە ناوەندی لیوا لاوەکییەکە بۆ ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی یاریدەدەرێکی بەریتانیدا بێت [موتەسەڕیف]. دەبێت قایمقامەکانیش٧٩ لە حاڵی حازردا بەریتانی بن، بەڵام هەر کە پیاوانی کارامە و شایستە پەیدابوون ئەوە دەگۆڕدرێن بە کورد یان ئەو عەرەبانەی دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و لای کورد پەسەندبن.
ئەم نیمچە لیوایە بەگشتی و بۆ هەموو کاروباری دارایی و دادوەری ملکەچی حکوومەتی نیشتمانی دەبێت لە بەغدا و بە شێوەیەکی ئاسایی نوێنەرانی خۆی دەنێرێت ئەنجومەنی دامەزراندن (المجلس التأسیسی)، بەڵام بۆ مەبەستی کارگێڕیی گشتی قایمقامەکان پەیوەست دەبن بە موتەسەڕیفی نیمچە لیواکەوە (لێرەدا ئەم پێگەیەی بە نیمچە یان خوار موتەسەڕیف ناوبردووە – و)، لەکاتێکدا کە دامەزراندنی ئیداری لە ڕێگەی خاوەن شکۆ کۆمیسیاری باڵاوە دەبێت بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندا.
-دووەم: کۆمیسیاری باڵا هەوڵدەدات بەشداریی ئەفسەرە بەریتانییەکان ڕێکبخات لەگەڵ ئیدارەی هەولێر، پێکەوە لەگەڵ کۆیسنجەق٨٠ و رەواندزدا و ئەوە دابین دەکات کە دامەزراندنی کاربەدەستانی حکوومەت بەپێی خواستی خەڵک دەبێت. هەر کە بارودۆخەکە ڕەخسا وردەکارییەکان رادەگەیەنین.
سێهەم: [سلێمانی] وەک موتەسەڕیفلغێک (واتە لیوا – و) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و موتەسەڕیفێک حوکمی دەکات و ڕاوێژکارێکی بۆ دادەنرێت و تا ئەو کاتەی کە موتەسەڕیف دادەنرێت ئەوە ئەفسەری سیاسیی بەریتانی مەم سیفەتە ئەو ئەرکە دەبینێت”٨١.
لەکاتێکدا کە ئەم هەلومەرجانە لە لایەن کەرتەکانی (division) مووسڵ و هەولێرەوە قبووڵکران، کەچی سلیمانی رەتیکردنەوە. هەڵبەت بە زەحمەت دەتوانرێت قسە لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاوە بکات سەبارەت بە کورد. بۆ نموونە، بەیاننامەی ٢٤ی دیسەمبەری ١٩٢٢ دامەزراندنی حکوومەتێکی کوردیی سەلماندووە لە چواچێوەی سنووری ئێراقدا و لە بەیاننامەکەدا هاتووە کەو “حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا و حکوومەتی ئێراق بەهیوان کەوا لە زووترین کاتدا کەسە جۆراوجۆرە پەیوەندیدارەکانی کورد لەناو خۆیاندا بگەنە ڕێککەوتنێک لە سەر فۆرم و شێوەی ئەو حکوومەتەی دەیخوازن و ئەو سنوورانەی تا کوێ بگرێتەوە و نوێنەرانی بەرپرس بنێرن بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆ کردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا و حکوومەتی ئێراقدا”٨٢. ئەم بەڵێنانە بە هەر ڕێگەیەک بێت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەلمێنرا لە ١١ی تەمووزی ١٩٢٣دا. دەقی بڕیارەکە دەڵیت کەوا “حکوومەتی ئێراق بەنیاز نیە هیچ کاربەدەستێکی عەرەب لە ناوچە کوردییەکاندا دابمەزرێنن بێجگە لە کاربەدەستە تەکنیکییەکان، هەروەها بەنیازنین دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان بە زۆر ناچار بکەن زمانی عەرەبی بەکاربێنن لە نووسراوە ڕەسمییەکانیاندا”.
لەگەڵ ئەوەشدا، چارەسەرە مامناوەندییەکە تەنها ڕووکەش بوو، چونکە کۆکس پێشتر ئەوەی دەربڕیبوو کە “ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆ ناسیۆنالیستی کورد دەکاتە دوو گڕووپەوە: “کوردە زۆر ڕۆشنبیر یان مونەوەرەکان” و “ڕەگەزە زۆر نەزان و دەمارگرژەکان” بە سەرکردایەتیی مەحموود٨٣. لەو نێوانەدا، ئاژاوە و پشێوی بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵکشا لەگەڵ گەیشتنی فەیسەڵدا. ئەم پیاوە و “مەسەلەی هەڵبژاردنی بۆ تەختی پاشایەتیی ئێراق بارودۆخی سیاسیی گۆڕی”٨٤، کە لەواقیعدا، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەرچڵدا. بەم مانایە بێت “ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان وەزارەتی کۆڵۆنیاڵی و دەسەڵاتەکانی بەریتانیا لە میسۆپۆتامیادا هەڵپەسێردران. بۆ ئەوەی مەسەلەی کورد نەبێتە کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم دامەزراندنی فەیسەڵ وەک مەلیکی ئێراق، وەزارەتی کۆڵۆنییەکان (موستەعمەرات) نەک تەنها نەخشەکێشانی دواخست لە نێوان کوردستانی باشوور و عەرەبی میسۆپۆتامیادا، بەڵکوو داهاتووی سیاسیش بۆ یەکەمیان (واتە کوردستانی باشوور – و)”٨٥. ناوچە شاخاوییەکانی ڕەواندز و سلێمانی و بارزان و ئاکرێ بەتایبەتی بووبوونە شانۆی ئاژاوە و پشێویی ڕوو لە هەڵکشان. وەڵامدانەوەی بەریتانییەکان بۆ ئەم دۆخ و هەڵوێستە جێبەجێ کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی و ئاسمانی. بارودۆخەکە بە دامەزراندنی ئێراق لە ژێر حوکمی هاشمیدا خراپتر بوو.
خاڵێکی وەرچەرخانی تر ئەوەیە کاتێ کە جەنگی سەربەخۆیی تورکیا (1919 – 1922) سەرکەوت و کۆماری تورکیا لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٣دا دامەزرا، دوابەدوای مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣دا. لەگەڵ پەیماننامەکەدا، وادیارە بنەمای دامەزراندنی کوردستانێک بەتەواوی سڕایەوە و نەما. پەیماننامەی لۆزان هەموو کێشەکانی لانەبرد لە نێوان ئێراق (کە ڕاستییەکەی بەریتانیابوو) و تورکیادا، “لە کاتی ناکۆکییەوە لە سەر خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵ، یان ڕاستتر لە سەر هێڵی سنووری وردی نێوان تورکیا و ئێراقدا کە هێشتا لە حاڵەتی بنبەستدان”٨٦. مووسڵ بخرێتە کوێ و بەو پێیەش، کورد، کە بووبوو بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو سەردەمە. ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبارەی “سنوورەکان و خاوەندارێتییان” کەوا کایەی مشتومڕیان لە سەر ولایەتەکە دروستکردووە.
زەینەب ئەریکانلی: زانکۆی گەڵەتەسەرای – ئەستەمبووڵ
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق