له مێژووی خه‌باتی سیاسی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا کۆمه‌ڵێک دروشم ده‌که‌ونه سه‌ر زاران و ده‌بن به به‌شێک له یاده‌وه‌ریی گشتی، له‌م کۆمه‌ڵه دروشمه ڕه‌نگه دانه و دوانێکیان ببن به دروشمی جێگیر و ڕسته‌ی باوه‌ڕپێکراوی ئەو گەلە.
“تێڕامانێکی کۆمه‌ڵناسانه له به‌رهه‌مهاتنی دروشمه کوردییه‌کان”
له مێژووی خه‌باتی سیاسی و ته‌نانه‌ت که‌لتووری و ڕۆشنبیریی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا کۆمه‌ڵێک دروشم ده‌که‌ونه سه‌ر زاران و ده‌بن به به‌شێک له یاده‌وه‌ریی گشتی، له‌م کۆمه‌ڵه دروشمه ڕه‌نگه دانه و دوانێکیان ببن به دروشمی جێگیر و ڕسته‌ی باوه‌ڕپێکراو و ده‌لاله‌ت و مانای جیاوازتر له دروشم به واتای دروشم و قسه‌ی ڕووت وه‌ربگرن. له بنه‌ڕه‌تدا دروشم مه‌رج نییه هه‌ڵگری ڕاستی بێت به‌ڵکوو زیاتر ده‌شێت ختووکهدهر و هانده‌ری جه‌ماوه‌ر و له لایه‌کی دیکه‌وه ناسێنه‌ر و ده‌مڕاستی خه‌باتی لایه‌ن یان هێز و حیزبێک بێت. دروشمه‌کان ده‌توانن به سه‌ر سێ شێوه‌ی گشتیدا دابه‌ش بن.
یه‌که‌م: شێوه‌ی خیتابئامێز و جووڵێنه‌ری هه‌یه و به‌ر له هه‌ر شتێک دروستکردنی گوتار و دیسکۆرسێکه که په‌یوه‌ندیی نێوان جیهانی ده‌رهه‌ست و به‌رهه‌ست یان تیۆر و کرده‌وه پێکه‌وه هه‌ڵپێکێت و ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ک ده‌بێت بۆ ململانێیه‌کی لۆژیکی و نێوان گوتاریی له نێوان خواستی هێز و لایه‌نێک، و حه‌ز و ئاره‌زووی جه‌ماوه‌ر، ئه‌نجامی ئه‌م ململانێیه ده‌بێت به په‌سه‌ندکردنی ئه‌و دروشمه وه‌ک ڕاستییه‌ک یان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی وه‌ک بابه‌تێکی ساخته و ڕۆنراو که کالانی خۆی له جیهانی واقیع و له ناو جه‌ماوه‌ردا نادۆزێته‌وه. ئه‌م شێوه‌یه‌ی دروشم له ڕووی کۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه ده‌توانێت به ئێمه بڵێت ئامانجه‌کانی نێوان خه‌ڵک و ڕێکخراو یان حیزب و لایه‌نی ده‌مڕاست و نوێنه‌ریان هاوتا و هاوبه‌ش نین و له شوێنێکدا دژایه‌تی و دابڕان هاتووه‌ته ئاراوه و به دڵنیاییه‌وه ئه‌م په‌یوه‌ندی و ڕه‌وته ئه‌نجامێکی جگه له شکست و نسکۆ نابێت جا له ماوه‌یه‌کی کورتخایه‌ندا بێت یان درێژخایه‌ن.
دووه‌م: داهێنان و ئافراندنی دروشم ده‌لاله‌ت و ته‌عبیر له په‌یوه‌ندی و هاوته‌ریبی یان باشتره بڵێم هاوڕۆحیی نێوان دروشمساز و دروشمده‌ر ده‌کات، هاوکۆکیی له‌نێوان گوتارساز و گوتارخواز ده‌کات، له‌م شێوه‌یه‌دا ئاستی هاوده‌نگیی و پێشکه‌وتنی جه‌ماوه‌ر و لایه‌نی سیاسی(حیزب) به ڕاده‌یه‌ک به‌هێز و باش و پته‌وه که هه‌موو جووڵان و گۆڕانکاری و پێشکه‌وتنێک له‌م ئاسته‌دا دێنه ئاراوه و نه‌ک هه‌ر ته‌نها کۆمه‌ڵگا به‌ڵکوو هه‌موو ده‌سکه‌وت و وه‌ده‌ستهاتووه‌کانی کۆمه‌ڵگاش به تێکڕایی لێره‌وه هه‌ڵده‌خێزرێت، جا بۆ گهشهداربوون و به‌رده‌وامبوون و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م شێوه و ئاسته و به واقیعبوونی دروشم، پێویسته تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه له‌کار و له‌گه‌ڕ بێت و لێره‌وه ئێمه ده‌توانین تیشک بخه‌ینه سه‌ر شێوه و ئاستی سێهه‌می دروشم و ئه‌و به‌دواداهات و دۆخ و لێکهواتانهی که به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێت.
سێهه‌م: ئاست و شێوه‌ی بیچمبه‌ندی و شکڵگیریی په‌یوه‌ندی نێوان دروشم و واقیع واته جیهانی تیۆر و کرده و یهکانگیربوونێکی ئۆرگانی و بزۆز و داهاتووساز له ئاستی دووهه‌مه‌وه به ئاوه‌ڵناوی (ڕه‌خنه‌گرانه) و خواستی گۆڕانی به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه دێته کایه‌وه. له‌م ئاسته‌ی جێخستن و ڕه‌گداکوتانی دروشم‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که دوو لایه‌ن واته لایه‌نی نوێنه‌ر و حیزب و…و جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵک و نه‌ته‌وه، له خاڵه هاوبه‌ش و ئاسۆ هاوکۆکهکانیان تێده‌گه‌ن به‌ڵکوو ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ش ده‌ڕوێننه‌وه که هیچ دانوستان و دیالۆگێک له نیوانیاندا نه‌بێت و بێده‌نگی له نێوانیاندا هاوکێشه‌که ببات به‌ڕێوه و ده‌نگی هیچیان نه‌گاته هیچ لایه‌کیان، له‌م ئاسته‌دا سه‌ره‌ڕای بزۆزی و پڕجووڵهبوونی په‌یوه‌ندی نێوان هێز و جه‌ماوه‌ر، پێشکه‌وتن و پێشڕه‌ویش به چاوساغیی ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و بیری داخوازانه‌ی جه‌ماوه‌ر دێته ئاراوه و ئه‌مه ده‌بێت به بنه‌مایه‌ک و کۆڵه‌که‌یه‌کی پته‌و بۆ ڕۆنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دیموکرات و ته‌ندروست که کۆمه‌ڵ نێزیکترین هاوبه‌شی و هاوده‌نگیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و هێزی نوێنهرایتیدا هه‌بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌یوه‌ندیه له ئاستێکی بزۆزدا له ئارایه به‌ڵام هیچیان نابن به ئه‌وی دیکه‌یان واته هه‌ر کامه‌یان ئاخێزگه و شوێنگه و زه‌مینه‌ی بوون و کاریگه‌ری خۆیان ده‌زانن و ده‌ناسن. له‌م ئاسته‌دا ئێمه ده‌توانین له په‌یوه‌ندییه‌کی واقێعی و ڕیالیستیانه‌ی نێوان جه‌ماوه‌ر و هێز یان خه‌لک و ده‌سه‌ڵات یان تیۆر و کرده بدوێین.
به چاوخشاندنێک به مێژووی خه‌باتی سیاسی کوردستان له باشوور دوو دروشم که له زاکیره و یاده‌وه‌ری گشتیدا ماونه‌ته‌وه و بوون به به‌شێک له مێژووی کرده‌کی و زاره‌کیی ئێمه ئه‌مه بوون:
1-نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن
2-پێشڕه‌وی کورد پارتییه
له‌ڕاستیدا هه‌ر دوو دروشمه‌که له هه‌لومه‌رجێکی سیاسی و خه‌باتگێڕیدا هاتوونه‌ته ئاراوه و له یاده‌وه‌ری گشتیدا جێگیر بوون که هه‌لومه‌رجی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی و شاخ بووه هه‌ر بۆیه‌ش بوون به به‌شێک له مێژوویه‌کی نه‌مر و هه‌ڵکۆڵراو له زه‌ین و ده‌روونی هه‌ر کوردێکی نیشتیمانپه‌روه‌ردا. له ڕاستیدا خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی قه‌لغان و چه‌تری خه‌باتی سیاسی بۆ ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه بووه بۆیه ئێمه له پیت به پیتی دروشمه‌کان و هه‌نگاو به هه‌نگاوی سه‌رکه‌وتن و په‌یوه‌ندیی نێوان حیزب و لایه‌نی سیاسیی کوردی و خه‌ڵک ڕه‌گه‌زێکی پیرۆز به‌ناوی (پێشمه‌رگه) ده‌بینین و ده‌یناسینه‌وه. له ڕاستیدا به‌م تێڕوانینه‌وه که چاو له‌م مژاره ده‌کرێت ده‌بینین دروشمه‌کان کاتێک له‌گه‌ڵ دونیای واقیعدا جووت و یه‌کانگیر ده‌بن که ڕه‌گه‌ز و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ڕیشه‌یه‌کی ئاوه‌ها پیرۆز پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هیچ کوردێک له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاوه ناتوانێت ناوی پێشمه‌رگه و ده‌رکه‌وته و حه‌ماسه‌ت و خۆڕاگرییه‌کانی له پشت ده‌سکه‌وت و سیاسه‌ت و ڕۆڵگێڕیی سه‌رکرده‌کاندا نه‌بیستێ و نه‌بینێت، هه‌ر بۆیه لێره‌دا نێونجییهکی گرینگ به ماهییه‌تێکی جیاواز له نیوان (کرده‌وه) و (تیۆر) یان دروشم و واقیع ده‌بینین. ئه‌م نێونجییه گرینگه پێشمه‌رگه‌یه. بۆیه ده‌ڵێم به ماهییه‌تێکی جیاوازه‌وه چونکه جیا له‌وه‌ی که خودی پێشمه‌رگه داینه‌مۆ و ڕمی شۆڕش بووه، هه‌مدیس له ئاستێکی دیکه نێونج و کاتالیزۆری هاوسه‌نگی و هاتهبایی و دیالۆگ و دانوستان و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردنی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵ، حکوومه‌ت و جه‌ماوه‌ر و حیزب و خه‌ڵکه. لێره‌دا چوار گۆشه‌ی ((ده‌سه‌ڵات، جه‌ماوه‌ر، دروشم و پێشمه‌رگه)) کۆمه‌ڵگایه‌کی دامه‌زراو و جێگیر به یاده‌وه‌رییه‌کی هاوبه‌ش پێکده‌هێنێت که له‌قکردن و له‌راندنی به‌م ئاسانیانه بۆ هیچ هێز و لایه‌نێکی ده‌ره‌کی نایه‌ته ئاراوه و ناپۆڕێت.
دروشمی (نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن) ئه‌نجامی کۆڵنه‌دان و بوێری و ئازایه‌تیی ئه‌و که‌ڵه کوڕ و ئاسکه کچه پێشمه‌رگانه بووه که هه‌موو به‌هاکانی کوردبوون و نیشتیمانپهروهرییان به خۆڕاگری و بوێری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌عس و له زیندانه‌کانی به‌عسدا به‌رز ڕاگرت و خواسته‌کانیان گه‌یانده ئه‌نجام و ئه‌م ڕۆژانه‌یان بۆ کورد و کوردستان دروست کرد، نه‌سره‌وتن تا سه‌رکه‌وتن له ئاوه‌ها که‌شێکدا و له ناو خوێن و زیندان و ته‌عزیبدا ئاودراو و شکۆی په‌لوپۆدار کرا و له گه‌ڵ ئه‌مری واقیع زیاتر هه‌ڵپێکرا و بوو به به‌شێک له یاده‌وه‌ری گشتی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه دروشمی (پێشڕه‌وی کورد پارتییه) له بنه‌مادا ئاماژه‌یه‌که بۆ هه‌وڵه سیاسییه‌کانی ئه‌م لایه‌نه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه ناوخۆ و ده‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها بۆ دروستکردنی ئاسایش و ئاشتی له نێوان خۆی و هێزه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌تایبه‌تی یه‌کێتی، بێگومان لێره‌دا فۆکۆس و هه‌ڵوێسته‌ی من له‌سه‌ر حیزب و په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌کانیان نییه ئه‌وه‌نده‌ی که مه‌به‌ستمه زه‌مینه‌ی جێگیربوون و ڕه‌گئاژۆبوونی ئه‌و دروشمانه وه‌ک بابه‌تێکی واقیعی و باوه‌ڕپێکراو له یاده‌وه‌ری گشتیدا به ئاڕاسته‌ی دروستبوونی شوناسێکی نه‌ته‌وه‌یی نیشتیمانی ههڵبهسنگێنم. ئه‌م دوو دروشمه ده‌لاله‌ت له ئاماده‌یی و کاریگه‌ریی دوو هێزی سه‌ره‌کیی پانتای سیاسه‌تی کوردی ده‌که‌ن که به پێشه‌نگی و سه‌رپشکی (پێشمه‌رگه) وه‌ک نێونجی و ڕه‌گه‌زی پیرۆز دروشمیان له ئاسته ساده و ئاسایی و ناتهواوهکهیهوه هێنایه ئاسته به‌رزه‌جێ و مه‌عنه‌وی و ڕاسته‌قینه‌که‌ی و سنووری نێوان واقیع و خه‌یاڵ و تیۆر و کرده‌وه‌یان هاوته‌ریبی یه‌ک کرد و ئه‌مه له پرۆسه‌ی دیسکۆرسسازی و گوتارسازیی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌شێت خاڵێکی زێڕین بێت له یاده‌وه‌ریی گشتیی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌دا!
ئه‌گه‌ر ئێمه له پرۆسه‌ی دروستکردنی یاده‌وه‌ری گشتی نه‌ته‌وه‌یی و شوناسی ده‌سته‌جه‌معیمان به‌م ڕه‌گه‌زه پیرۆزانه‌وه کڵپه‌ی ئاگری یادکردنه‌وه و ڕێزگرتن له خه‌بات و شۆڕش و مێژوومان گه‌ش نه‌که‌ینه‌وه، دروشمه‌کان له ئاستێکی بچووک و به‌رته‌سکدا گیر ده‌خۆنه‌وه و قه‌تیس ده‌بن و ده‌بن به مۆرک و موڵکی لایه‌نێکی دیاریکراو، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به مه‌رجێکه ئێمه مێژووی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی له پانتای سیاسه‌ت و خه‌باتی نیشتیمانی کوردی له‌بیر نه‌که‌ین و هه‌میشه ڕێز له گوتارێک بگرین که ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له ئازادبوونی باشووری کوردستان له ساڵی 1991 هه‌موویانی له قه‌واره‌ی به‌ره‌ی کوردستانی‌دا یه‌کخست و دژی پیلانی ناوخۆیی و ده‌ره‌کیی به‌عس و کۆلۆنیالیسته‌کان به‌رگرییان له شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت و پیرۆزیی خاک و نیشتیمان کرد، به هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و باوه‌ڕی نیشتیمانی و چه‌کی ئیراده و یه‌کگرتنی سهرتاهرییهوه! بژی پێشمه‌رگه و کورد و کوردستان.