ئەم شەڕە یەکلاکەرەوە بوو لەناوچەکە، لەنێوان بەریتانییەکان و دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە له‌ناوخه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا له‌ساڵی1908وه “ئیتحاد‌وته‌رەقی” ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بووە.
ئەم شەڕە یەکلاکەرەوە بوو لەناوچەکە، لەنێوان بەریتانییەکان و دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە له‌ناوخه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا له‌ساڵی1908وه “ئیتحاد‌وته‌رەقی” ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بووە، ئەم کۆمەڵەیە لەبنەمادا دژی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینیی بوون، به‌ڵام له‌م بارو‌دۆخه كه‌وتنه به‌ر ده‌ستوپیێ کەسایەتییە ئاینییەکانی وەکو زانایانی ئاینی و مه‌لاو شێخەكان. واتە لەسەروبەندی جەنگی جیهانی بایاندا‌وەتەوە به‌لای ئیسلامدا و بانگه‌شه‌ی جیهاد و غەزاو شه‌ڕی كافریان كردووەو پێگەی خەلیەفی ئیسلامیان زیندوککردۆتەوەو بەکاریانهێناوە. لێره‌وه سوودیان له‌پەیوەندی پیاوانی ئاینی و عەشایەری ناو سنووری دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی عوسمانی وەرگرتووە بەتایبەتی لە ولایەتی موسڵ وبەغداد و بەسرە، کەولایەتی موسڵ لە مڕۆدا هەر حەوت پاریزگای ئێراق (موسڵ،دهۆک، سلێمانی، کەرکوک، هەولێر، دیالە، هەڵەبجە) دەگرێتەوە، هەروەها لە ولایەتی به‌غدادو شارەکانی (كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف) سوودیان له‌كۆكردنه‌وە‌و راپێچكردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه كردو‌وه بۆ مه‌یدانی شه‌ڕ.
سەرەڕای دەسەڵاتداری و حکومداری ئه‌و كاریگه‌ری وجوڵاندنی هه‌ست و سۆزه ئاینیە، وایكردووه لەولایەتی موسڵ و بەغداده‌وە هه‌زاران كه‌س به‌چه‌ك و جبه‌خانه‌ی خۆیانه‌وه رێگه‌ی جیهاد بگرنەبه‌ر، بەرەو خواروی ئێراق بجوڵێن دژی سووپای بەریتانیا، چونکە لەلایەن خەلیفەی ئیسلامەوە بانگەشەی جیهاد کراوە دژی بەریتانیای داگیرکەری کافر. زانایانی ئاینی شاری نەجەف لەسەرەتاوە رۆڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی خەڵکیانداوە بۆ بەشداری لەجیهاد،چەندین سەرچاوەی جیاوازی عەرەبی باسی ژمارەی بەشداربووانی “شەڕی شوعیب” دەکەن وەکو ئەوەی لە١٠٠٠٠ کەس یاخود بە١١٠٠٠ کەس تاوەکو١٨٠٠٠ یان ٢٠٠٠٠کەسیان داناوە و سەرچاوی تر بە ٥٠٠٠٠ کەسیان داناوە. لەو رێگەیەوە دەوڵەتی عوسمانی تەنها له‌ساڵی1915 دوانزه هه‌زار چه‌كداریان كۆكردۆته‌وه له‌ده‌ورووبه‌ری شاری ناسریه. وه‌كو ئه‌وه‌ی نووسەر “عه‌بدولره‌زاق ئه‌لحسنی لەکتێبی (العراق فی دوری الاحتلال و الانتداب،الجز‌ولاول) ئاماژەی کردووە بەژماره‌ی چه‌كداره كوردەکانی به1500 كه‌س داناوه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی تر وه‌كو دكتۆر “كه‌مال مه‌زهه‌ر” ئاماژه‌ی بۆ كردو‌وه له‌كتیبی”چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك له‌میژووی گه‌لی كورد، هه‌ولێر، 2001″. به‌شداری كوردی به‌٣٠٠٠ سێ هه‌زار كه‌س داناوه. لەگەڵ ئەوەی(میس بیل)ژمارەی چەکداری عەرەبی شەرقی فوراتی بە٩٠٠٠ کەس داناوە وبەشداری کوردی بە ١٠٠٠ کەس داناوە.
له روانگەی رووداوێکی گرنگی مێژو‌وییه‌وه رەنگە ژماره‌ی چه‌كداره كوردەکان گرنگییەکی ئه‌وتۆی نەبێت،به‌ڵكو گرنگ له‌هاو هه‌ڵوێستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه له‌ناو پێكهاته‌ی ئه‌م وڵاته‌دا، چونكه عه‌ره‌ب و توركمان و كورد هەموو به‌شداربوون پێكه‌وه. واتە یەک بۆچون و بیروڕایان هەبووە لەسەر ئاستی ئێراق و دەوڵەتی عوسمانی و ناوچەکە. له‌ناو عه‌ره‌بدا به‌رزکردنەوەی دروشمی”پلپین الجنه لهادیناو پلپها لكاك احمد و اولاده” واته دوو به‌شی به‌هه‌شت(دوو لەسەر سێی) بۆ هادی خۆمان و به‌شێكیشی(یەک لەسەر سێی) بۆ كاك ئه‌حمه‌د و نه‌وه‌كانی. ئەوانە هوتاف و هۆسەی عەرەبەکان بووە بۆ شێخ مەحموود و لەشکرەکەی… وەک دەڵێن لەشکری کورد بەهەر شارێکی عەرەب نیشندا تێپەڕیووە خەڵکی ئەو شار و ناوچانە بەهوتاف وهەلهەلە لێدان پێشوازیان لێکردوون، ئەو پەڕی رێزیان لێ‌گرتوون و شوێنی پێوست و خواردنیان بۆ ئامادەکردوون.
شه‌ڕی شوعیب بۆ هه‌ردوولای شه‌ڕكه‌ر (بەریتانیا و عوسمانیەکان) گرنگ بووه، ئه‌م شوێنه كه‌وتۆته باكوری رۆژئاوای شاری به‌سره، ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موو رێگه‌كانی به‌سره و ناوچه‌كانی تری ئێراقی پێكه‌وه به‌ستۆته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئینگلیزكان شوعه‌یبه‌یان كردۆته گه‌وره‌ترین سه‌ربازه‌گه‌ی ناوچه‌كه لە‌ولاتانی عه‌ره‌بی. بۆ ئەو مەبەستە سه‌ر له‌شكری عوسمانی تێكشكاندنی ئینگلیزی لەم شوێنه بەجەنگێکی یه‌كلاكه‌ره‌وه داناوه. لەرۆژی12ی نیسانی ساڵی1915 له‌سێ لاوه جەنگ هەڵگیرساوە، له‌شكری عوسمانی هێرشی كردۆته سه‌ر سه‌ربازگه‌ی ئینگلیزەکان لە شوعه‌یبه، به‌ڵام به‌هۆكاری چه‌كی پێشكه‌تووتری ئینگلیزەکان وه‌كوتۆپ و مه‌ته‌رێز، لەوسەردەمەدا سووپای عوسمانیەکان ئەو جۆرە چەکەیان نەبووە، عوسمانیەکان نه‌یانتوانیوه سه‌ربازگه‌كه بگرن و نزیكبنه‌وه، پاش دوو رۆژ لەشەڕکردن هێزەکانی عەشایری و نیزامی عوسمانیەکان شکاون وهێزی سوارەی عەشایرەکان بەهۆکاری نەبونی ئالیک بۆ ئەسپەکانیان ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
له‌به‌ره‌ربه‌یانی14 نیسان سووپای ئینگلیزی هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و هێرشی كردۆتە سەر سووپای عوسمانی، پاش سێ رۆژ لەشەڕ عوسمانیەکان شكاون، پاشە كشه‌یان كردو‌وه بۆ ناوچه‌ی(بورجیه) كە ئەم شوێنە كه‌وتۆته رۆژئاوای شوعه‌یبه‌وه. سه‌ر له‌شكری سووپای ئه‌و هێزانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی(سلێمان عەسکەری)بریندار ئەبێت، له‌داخی ئه‌و شكسته‌ی به‌سه‌ریداهاتووە له‌وشوێنەدا خۆی ده‌كوژێ. تاكو ئێستا، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژەی به‌ژماره‌ی قوربانیانی كورد و عه‌رەب و سووپای عوسمانی له‌وشه‌ڕه‌دا نه‌كردووه، لەگەڵ ئەوەی زیانی ئینگلزه‌كان زانراوه، لەبەرئەوەی بەریتانیەکان تۆماریان كردووە كه1250كوژراو‌و برینداریان هه‌بووه. له‌و ژماره‌یه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌رئه‌كه‌وێت كوژراو‌و برینداری سووپای عوسمانی له‌وه‌نده زۆر زیاتربێت. چونکە ئەمان یەکەمجار هێرشیان کردووە و ئەوان لەسەنگەردابوون وچەکی بکوژ و پێشکەوتووتر یان بەکارهێناوە، ئه‌وه‌ی زانراوه له‌وشه‌ڕه‌دا کەسی ناوداری کوردی وەکو موته‌سه‌ره‌فی “متفکی سلێمانی ره‌شید” پاشا كه خۆی خه‌لكی سلێمانی بووه كوژراوه. چەند کەسێکی تر کە لەگەڵ “شێخ مەحموود” بوون لەخەڵکی گەرمیان و کەرکوک بریندار و شەهیدبوون وەکو؛ شێخ ستار و شێخ لەتەیفی گوندی کانی قادری بناری گل.هەروەها شێخ مەحموود و سەید ئەحمەدی خانەقا(کەرکوک) برینداربوون.
وا دەرئەکەوێت كاتێك شێخ مه‌حموود زانیوویه‌تی عوسمانیه‌كان شكاون و توانای شه‌ڕیان نیه، بۆ پاراستنی گیانی هاوسەنگەران و لەشکرەکەی “شێخ مەحموود” به‌خۆی و هێزه‌كه‌یه‌وه پاشه كشه‌ی كردووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی. لەخواروی ئێراق نەماونەتەوە ئه‌وه نیشانه‌ی دلسۆزی بووە بۆ خەڵکەکەیی و تێگه‌شتنی بووه لە بارودۆخه‌كه و بینینی هێزی بەریتانیا لەشەڕدا، رەنگە ئەوە هۆکاری ئەوە بووبێت کە یەکه‌مجار لەگەڵ ئینگلیزەکان رێکەوتنی کردبێت و رێگەی دان بێنە ناو سلێمانی بە بێ شەڕ. پاشان كورده‌كان لەو شەڕە گه‌ڕاونه‌ته‌وه، دەبینین پاش چەندین ساڵ ئینگلیزكان هێرشیان كردۆته سه‌ر به‌غداد و گرتوویانە، له‌رۆژی11 ئازاری1917 جه‌نرال مۆد توانی به‌غدا بگرێت بەبێ شەڕ، پاش روودانی شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ناوچه‌ی “ئوم تبوڵ” عوسمانیه‌كان شكان و كشاونه‌تەوه به‌ره و كه‌ركوك و موسڵ، لە به‌غداد پێش گه‌شتنی سووپای ئینگلیز تاڵانی و راوڕووتێكی زۆركراوە. چەندین دووکان و بازاڕ و خانوو تاڵان کراوە و سووتێنراوە، وەکو دەڵێن زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خەڵکی بەغداد کەوتووە، کە لەو سەردەمەدا بە ٢ملیون فرانک مەزەندەکراوە، لەبەرئەوەی سووپای عوسمانی رۆشتون ئەوەی توانیویان بردویان لەگەڵ خۆیان. هەروەها زیندانی بەغدادیان کردۆتەوە و هەرچی دزو پیاوخراپ بوو ئازادیانکردون، ئەم کەسانە رۆڵی خراپیان بینیووە لەو بارەدۆخەدا، چونکە بۆ ماوەی شەوێک تابەیانی حکومەت نەبووە بەیانی سووپای بەریتانی گەشتونەتە ناوشار.
کاتێک جه‌نرال “مود” گه‌شتۆته به‌غداد، وتوێتی “ئێمه رزگاركه‌رین، نه‌ك داگیركه‌ر” ده‌ركه‌وت ئه‌م وتەیە بۆ راكێشانی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵكی بووه، له سه‌ره‌تادا خەڵکی بەغداد پێشوازییان لێکردووە، وەکو رێزلێنان بۆ ئەو جەنرالە ئەو پردەی بەسەر دیجلەدا پیایدا پەڕیەوە و هاتە ناو بەغداد ناویان نا پردی مۆد. پاشان بەریتانییەکان جێگیربوون بیروڕا و سیاسه‌تیان ده‌ركه‌وت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌هیوای ئه‌وه‌بوون “سێر پێرسی سایكس” بكه‌نه مه‌لیكی ئێراق، یاخود ئێراق ببه‌سته‌نه‌وه به‌هندستانه‌وه، پاشان سووپای عوسمانی له تكریت و نزیك كه‌ركوك شه‌ڕێكی تریان كردو‌وه. کە لەم شەڕانەدا شێخ مەحموود بەشداری نەکردووە.
ئەو بەشداریەی “شێخ مەحموود” وەکو ئەوەی لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئاینی تاکو ئێستا دەنگی داوەتەوە بۆتە هەوێنی ناسینی کورد وەکو کەسی ئازا‌و گیانفیدا و وڵاتپارێز و موسڵمان، ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی عەره‌بەکان “شێخ مەحموود” بناسن وەک جەنگاوەرێکی ئازا و موسڵمان وداکۆکیکاری نیشتمان، دەبینین لەدوای ئەو رووداوە پەیوەندی نیوانیان بەردەوام بووە. وەک هاو هەڵوێستیان لەدژی ئینگلیزەکان. له‌دوای ئەو شەڕەوە ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان له سولەیمانیدا هه‌ر به‌ناو هه‌بووه “شێخ مەحموود” ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رچاوی هه‌بووه له‌سلێمانی. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی تابوری سه‌ربازی عوسمانلی له‌شاره‌كه‌دا هەبووه‌و خراوه‌ته ژێر فه‌رمانی “شێخ مه‌حموود” به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كان. ئه‌وه بۆ خۆی مانای ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا کە بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی بەشداری لە شەڕی شوعیب. لەبەرئەوەی پێشتر شێخ مەحموود ئەو پێگەو دەسەڵاتەی نەبووە، بگرە لە دوورەپەرێزیدا بووە. لەساڵانی دوای شەڕی “شوعیب” والی ده‌وڵه‌تی عوسمانی لەموسڵ”خه‌لیل پاشا”هاتووه بۆ سلێمانی وسه‌ردانی”شێخ مه‌حمود”ی كردو‌وه و گفتۆگۆیه‌كی چه‌ند سه‌عاتی چۆته نێوانیان، ئه‌ڵێن به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به ”شێخ مەحموود” داوه كه‌جه‌نگ ته‌واوبێت خودموختاری ئه‌ده‌ن به‌كورد به‌و مه‌رجه‌ی “شێخ مەحموود” هاوكاریان بكات و به‌شداری شه‌ڕبێت له‌گه‌ڵیان دژی ئینگلیز. به‌و شێوه‌یه “شێخ مەحموود” به‌شداری شه‌ڕی “شوعه‌یبه”ی كردو‌وه له‌خواری ئێراق دژی هاتنی ئینگلیزه‌كان، لە کوردستان دژی رووسیا جەنگاوە له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانلی وه‌ك ده‌ڵێن؛ سه‌فه‌ر به‌لكی راگه‌یاندبوو له‌وسالانه‌دا.
لەبەرئەوەی فه‌رمانی سەفر به‌لکی خه‌لیفه‌ی عوسمانلی ئەم شارەی گرتۆته‌وه له‌م ناوچه‌یه جێبەجێکراوە‌و سلێمانی به‌شێك بووه له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی. هەروەها لەو سەردەمەدا شەڕی دژی رووسەکانی بۆ داکۆکی خاکی کوردستان و پاراستنی هاووڵاتیانی کردووە. گەر بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمە بەشداری “شیخ مەحموود” لەشەڕی “شوعیب” ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ لەژێر چەندین کاریگەریدابووە بەهێزترینیان پێگەی ئاینی وکۆمەڵایەتی بووە، پاشان پابەندبوونی بووە وەکو هاووڵاتیەکی ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانی بە بڕیاری سەفەربه‌لک، رەنگە بەشدار نەبوایە بە ترسنۆک وخاکفرۆش و هەڵگەڕاوە سەیری بکرایە. لەناو کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە پێگەی زۆر لاوازئەبوو.
چونکە لەناوکۆمەڵگەی کوردەواری ئەوساو ئێستاش بەشداری و ئازایەتی لەجەنگدا نیشانەو هێمای پیاوەتی و قارەمانێتیە. لێرەوە “شێخ مەحموود” وەکو سەرکردە و سەرۆک لەسەر ئاستی ئیداری و سیاسەت دەرکەوتووە. وەکو سووپای عوسمانی لەو شەڕەدا شکستەبوون، بۆچونی بەندە ئەوەیە “شێخ مەحموود” دەسکەوتی هەبووە لەبەشداری لەو شەڕەدا، وەکو ئەوەی بە شاسواری کورد وکوردستان دەرکەوت لەسەر ئاستی دەوڵەتی عوسمانی وبەتایبەتی لەولایەتی موسڵ و بەغداد، لەناو عەرەبی میزۆپۆتامیا و خەڵکی ناوچەکە توانی پەیوەندی پتە و دروستبکات لەنێوان عەرەب و کورد بۆ خۆیی و سەردەمێک لەدوای خۆی عەرەبەکان رێزیان لەکەسایەتی کورد گرتووە.
لەو شەڕەوە؛ توانای سەربازی بەریتانیەکانی بۆ دەرکەتووە و بۆتە هۆی ناسین و بینینی راستوخۆی مەیدانی شەڕەکە، لەبەرئەوەی تاوەکو ئەو کاتەو چەندین ساڵ دوای روودانی شەڕی شوعەیب سووپای بەریتانیا نەگەشتۆتە سنووری کوردستان، رەنگە ئەمە پاڵنەری ئەوە بووە کە نامە بنێرێ بۆ بەریتانیەکان و داوای رێکكەوتنی لەگەلدا کردوون کاتێک گەشتونەتە سنووری کوردستان. لەیەکەم هەنگاودا خۆی لە شەڕی ئینگلیزکان پارستووە. رێگەی وتووێژ‌و و سیاسەتی گرتۆتەبەر. لەهەمانکاتا پشتی کردۆتە دەوڵەتی عوسمانی لە کاتێکدا لەلای عوسمانیەکان تاکە کەس بووە پلەو پێگەی هەبووە لەناوچەکە. پێگەی کوردستان و سلێمانی تاوەکو کاتی ئەو شەڕەو ساڵانی دواتر لەبەریتانیەکانەوە دوور بوون و بگرە سوپای بەریتانی نەزانراو نەناسراو بوون بۆ خەڵکی، دەوڵەتی بەریتانیا لە روانگەی دەوڵەتی کوفر و داگیرکەرەوە سەیرکراوە. بوونی دەوڵەتی عوسمانی بەشێکی ژیانی خەلکی ئەو سەردەمەبووە و دەوڵەت و دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە.
وەک دەرئەکەوێ لەلایەنی دەروونەیەوە ئەو بەشداریەی ئەوە دەرئەخات کە “شێخ مەحموود” کەسێکی دڵ رەق و داخ لەدڵ نەبووە، رقوکینەی لەدڵدا وەلاناوە بۆ بەرژەوەندی نیشتمان و میللەتەکەی کاری کردووە، ئەگەر نا وەکو سەرۆک خێل و عەشایری بیری بکردایەتەوە، ئەبوایە لە تۆڵەی رووداوەکەی موسڵ نەچوایە بۆ ئەو شەڕە و راستەوخۆ خۆی پەنابدایە و دوورکەوتایاتەوە، کە پێشتر چەند ساڵێک دوورەپەرێز بووە لە دەوڵەتی عوسمانی بەلام وادیارە لەو بەڵێن و رێکەوتنانەی روویداوە لەدوای ئەو کارەساتەوە بۆتە مایەی گۆرانکاری لەحکومداری ناوچەکەو پێکەوەنانی هێزی میللی بەهاوکاری عوسمانیەکان لەلایەن شێخ مەحمودەوە ئەوەی بەدی ئەکرێ رێژەی بەشداری کورد لەگەڵ “شێخ مەحموود” کە ئاماژەی بۆ کراوە بە هەزار یان دوو سێ هەزار کەس. لەگەڵ رێزمدا بۆ بیروبۆچونی بەڕێزانی تر کە بەشداریان بەهەڵە زانیووە، بەلام بە تێڕاوانینی بەندە بەشداری لەشەڕی شوعیبە باشتربووە و دەسکەوتی نەتەوەسازی و نیشتمانی لە بوونیاتنانی حکومداری بۆ ئەو سەردەمە هێناوەتە ئاراوە، بەلام لەبەشداری نەکردنی هیچ دەسکەوتێکی نەدەبوو هەرچەندە رووداوەکە تێپەڕیووە.