دوای سێ مانگ گفتوگۆ و دانوستاندن، پەرلەمانی “ئێراق” پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسندکرد، بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە وەزارەتی پلاندانانی ئێراقداهەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بۆ 13.9% زیادکراوە. پێشتر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە 12.67% دیاریکرابوو، بەڵام زیادکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ 13.9% لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بووە کە 13.9%ی دانیشتووانی ئێراق پێکدەهێنێت.
بەو شێوەیەش 9.5 ترلیۆن دینارەکە؛ کە هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەی “ئێراق” بەریدەکەوت، زیاد دەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار. بەو داهاتەی هەرێمی کوردستان هەیەتی و بەو پارەیەش کە بەغدا بۆی دەنێرێت، دەبێت لێبڕین و دواکەوتنی مووچە نەمێنێت.
رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی “ئێراق” کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی ئێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی “هەرێمی کوردستان” و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
یەکێک لەو ماددانەی کە لەماوەی رابردوو کێشەی لەسەر بوو ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە (بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان).
“ناوەڕۆکی مادەی 11 تایبەتە بەهەرێمى کوردستان”
یەكەم؛ شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و “هەرێمی کوردستان” لەنێوان ساڵانی 2004- 2020 یەکلایی کرایەوە، بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە رێگەی وردبینیکردن هەموو حیساباتی کۆتایی داهات و خەرجییەکانی “هەرێمی کوردستان”، لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، لەدوای جیاکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان و ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکراوە لەچوارچێوەی خەرجییەکانی حاکیمە و پارەی تەرخانکراوی لە یاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵی لەماوەی ساڵانی 2014- 2019.
دووەم؛ بڕگەى ئەلف؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیل رۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربردنی ناوخۆ لە هەرێم و پترۆدۆلار جیا دەكرێنەوە، بە جۆرێك كە داهاتی ئەو بڕەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات لە 250 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
بڕگەى ب؛ بڕگەی ئەلف بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
بڕگەى ج؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نا-نەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی، كە دیوانی چاودیریی درایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی لە داتاكانی ئەو داهاتانە دەكرێت.
بڕگەى د؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی ئێراق، كە لەلای بانكە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو مانگانە بڕێك لە پشكی هەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی 2021 ەوە بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام دەبێت.
بڕگەى هــ؛ حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (أ ، ب ، ج ، د) لە مادەی 11 جێبەجێ دەكات.
سێیەم: دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، حكومەتی “هەرێمی كوردستان” پابەند دەكرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەكو 30/6/2021.
چوارەم؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی بۆی دیاریكراوە، پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە.
“سوودەکانى ڕێکەوتنى هەولێر و بەغداد”
1-یاسایى بوونى دۆسیەى نەوت؛ باشترین قازانج ئەوەیە ئێستا هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوتی خۆی بەشێوەیەکی فەرمی بفرۆشێت.واتە بەشێوەیەکى یاسایى بەهای نەوتی هەرێمیش زیاتر دەبێت. پێشتر هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە 11 دۆلار کەمتر دەفرۆشت، ئێستا رەنگە بە کەمتر لە 4 – 5 دۆلارێک بیفرۆشێت. ئەویش پەیوەندی بە جۆری نەوتەکەوە هەیە، کە نەوتی هەرێمی کوردستان قورسە و وەکو نەوتی بەسرە و شوێنەکانی دیکە نییە.
2-سوودمەندبوون لە داهاتەکانى دیکە؛ واتە ئەگەر هەردوولا ڕێککەوتن هەرێمى کوردستان سوود مەند دەبێت لەخەرجى پەرەپێدانى پارێزگاکان کە چوار ترلیۆنە، ڕەنگە 520ملیاردینار پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بێت.
3-پەیوەندیەکانى هەولێروبەغداد؛ کە ساڵانێکە گرژى تێکەوتووە، بەرەو ئاسایى بونەوە دەڕوات بەتایبەتى ئەو گیروگرفتانەى کەلەنێوان هەردولادا بونى هەبوو.
4-دۆسیەى دادگایى تورکیا؛ وەک لاى هەموون ئاشکرایە نەوتى هەرێمى کوردستان بە خاکى تورکیادا دەڕوات، کە گرفتى یاسایى هەبوو بڕى (بیست وشەش ملیار) دینارە، تورکیا ڕزگارى دەبێت لە پێدانى ئەوبڕە پارەیە، کە لەماوەکانى ڕابردودا یارمەتیەکى زۆرى هەرێمى کورستانى داوە.
“ڕێنوێنیی (ڕێنماییەکانى) جێبەجێکردنی بودجە”
دوای سێ مانگ گفتوگۆ و دانوستاندن، پەرلەمانی “ئێراق” پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسندکرد، ئێستا هەموو لایەنەکان چاوەڕێن بڕگە و ماددەکانی یاساکە جێبەجێ بکرێن.
پەرلەمانی “ئێراق” پەلەیە لە جێبەجێکردنی بودجە، بەبێ ئەوەی یاساکە لە وەقائیعی فەرمی بڵاوبکرێتەوە، دەسەڵاتی بە حکومەت داوە جێبەجێی بکات. لە رۆژی یەکشەممەوە وەزارەتی دارایی “ئێراق” دەست بە دەرکردنی رێنوێنی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکات ناردنی بەشەبودجەی کوردستان پێویستی بە دانوستاندنی شاندە تەکنیکییەکانە. لەوانەیە ناردنی بەشی هەرێمی کوردستان مانگێکی پێبچێت، کە دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە دەکرێت.
وردەکاریی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە ماددەی 11ی بودجەی ئێراق جێگیر کراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند کراوە بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتی بۆی دیاریكراوە.
دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە تاوەكو 30ی حوزەیرانی 2021 لیست و ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە بەغدا بدات. بودجەی “ئێراق” 130 تریلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان 13.9%یە، کە نزیکەی 11 تریلیۆن دینار دەکات.
بەپێی خاڵی یەکەمی ماددەی 11، هەرێمی كوردستان پابەند کراوە بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیلی رۆژانە،بەو پێیە؛ بەپێی خاڵی یەکەمی ماددەی 11، هەرێمی كوردستان پابەند کراوە بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەو بڕەش خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكاربردنی ناوخۆ لە “هەرێمی کوردستان” و پترۆدۆلار جیادەكرێنەوە، بەجۆرێك داهاتی ئەو بڕەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات، لە 250 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.پێویستە هەولێر، 652 ملیار دیناری داهاتی نەوت و 100 – 125 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی “بەغداد” بکات، تاوەکو بەغداد شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
دەرئەنجام
ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەرانی سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن، حکومەت بۆ پێدانی مووچە بەبێ لێبڕین 895 ملیار دیناری پێویستە. ئەگەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، سوودمەندی یەکەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبن.
سەبارەت بە چۆنێتیی خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات و ئادار، لەبەرئەوەی یاسای بودجە ساڵانەیە، واتە بۆ یەک ساڵە، لە 1ی کانوونی دووەمـەوە دەستپێدەکات و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، واتە ئەژمارکردنی ئەو ماوەیە ئەوەندە سەخت نییە، چونکە بە داهاتە، واتە بەهای نەوتەکە ئەژمار دەکرێت، پابەندیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 1 و 2 و 3 ئەژمار بکرێت چەندە، لە بەرامبەردا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەژمار بکرێت، کە دوو ژمارە دەردەچێت، دەردەکەوێت کامیان قەرزداری کامیان دەبێت، لەوانەیە ژمارەیەک دەربچێت کە حکومەتی فیدراڵی بڕێک پارە بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو قەرزانەی کوردستان کە لای بەغدا ماوە، لە مانگی شوباتی 2014وە پشکی هەرێمی کوردستان بڕدراوە، لە ساڵی 2007ـەوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هێزی پێشمەرگە وەکو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی ئێراقی خەرج نەکراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی دیکە. بۆ چارەسەکردنی ئەو بابەتەش پەنا براوەتە بەر بڕگەیەک کە باسی تەسویەی حیساب دەکات لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ساڵی 2004ەوە تاوەکو 2020، هەر لەنێو ئەو بڕگەیە دەرفەتی ئەوە هەیە تەسویەی قەرزەکانیش بکرێت لەنێوان هەردوولا، هەموو ئەو بڕە پارەیەی کە بە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیە دراوە، ئەژمار دەکرێت، لە بەرامبەردا ئەو بڕە ئەژمار دەکرێت کە دەبوو هەرێمی کوردستان بە بەغدای بدات، لە کۆتاییدا لایەک قەرزدای لاکەی دیکە دەبێتەوە”.
لەبەر دوو هۆکار پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە بکات، یەکەمیان بۆئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە و لە هەموو یاساکانی بودجە وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو دانەنرێتەوە دژی هەرێمی کوردستان، دووەم بۆ ئەوەی دیاربێت کام لایەن قەرزدای کام لایەن دەبێتەوە، لە کۆتاییدا دەکرێت ئەو ژمارەیە سفر بکرێتەوە بە رێککەوتنێکی حکومی و سیاسی.