گەشتیاری
گەشتیاری یان توریزم بەگشتی بە واتای سەفەرکردن دێت. هەرچەند لە ساڵەکانی ڕابردوودا هەرجۆرە سەفەرێک لەخۆ دەگرێت کە تاک لەو ڕێگایەوە شوێنی کار یان ژیانی خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەجێ بهێڵێت. هەروەها مەبەست لە توریزم دەتوانێت کار و پیشەی پەیوەندیدار بە ڕاکێشانی گەشتیار و میوانداری لەوانیش لەخۆ بگرێت.
بە کەسێک کە سیاحەت دەکات، گەشتیار یان توریزم دەڵێن. گەشتیاری دەتوانێت لە نێوخۆی وڵاتێک بێت یان دەرەوەی هەمان وڵات. زۆربەی گەشتیاران زۆرتر لە هەر شتێک گرینگی بە ئاو و هەوا، فەرهەنگ یان سروشت و ژینگەی شوێنی مەبەست دەدەن. هەروەها گەشتیاری لە ئەمڕۆدا بووەتە پیشەیەکی زۆر گرینگ بۆ هەموو جیهان.
گەشتیاریی سەوز
ڕۆژگار گۆڕاوە، هەرچەند درەنگ بەڵام بەم باوەڕەی گەیشتووین کە کەڵک وەرگرتن لە ژینگە و سروشت، سنوور و ئاستێکی هەیە و ئەگەر باڵانسەکەی تێک بدەین، لەگەڵ پیسیی ژینگە و کەمیی سەرچاوە سروشتییەکان بەرەڕوو دەبینەوە.
گەشتیاری لە ئەمڕۆدا، یەکێک لە ئامرازەکانی پێگەیشتن و گەشەی سەقامگیرەو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە دونیادا پەرە دەستێنێت. گەشتیاری لە ڕاستیدا لە هەستی گەڕان و پەیجووری مرۆڤەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە ئەمڕۆدا زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە بیر لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان دەکەنەوە، وەکوو پێویستییەکی گرینگ و سەرەکی سەیری پیشەی گەشتیاری دەکەن.
بۆ گونجاندنی ئەم بابەتە لە مێشکدا، بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵگە لەبارەی گەشەی سەقامگیر و بەرتەسکبوونی کەڵک وەرگرتن لە وزە پێویستە. هەروەها پێویستە لەبارەی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕوانگەی کۆمەڵگە لەبارەی ژینگە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ گەشتیاری، زانیاری پێشکەش بکرێت.
بە فراوانبوونی پێشەی گواستنەوە، کەمتر ناوچەیەک لەسەر گۆی زەویدا بوونی هەیە کە وەک خۆی مابێتەوە و دەستێوەردانی تێدا نەکرابێت و جێ پێی مرۆڤی تێدا نەبێت. بێگومان چالاکییە گەشتیارییەکان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێکەوتەگەلێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە کە لێکۆڵینەوە و شێکاریی ئەم لێکەوتانە، دەتوانێت یارمەتیی بەرنامەداڕشتنێک بدات کە هاوتەریبی گەشەی سەقامگیری پیشەی گەشتیاری و پاراستنی ژینگە بێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئابووریی جیهانی بە شێوازێکی دانەبڕاو لەگەڵ ژینگە لە پەیوەندیدایە و ئەم پەیوەندییە دەبێ بە جۆرێک دروست بکرێت کە بە شێوازێکی بەرابەر، پێداویستییەکانی هەنووکە و بەرەکانی داهاتوو لە بواری گەشە و پاراستنی ژینگە، دابین بکات.
هەرچەند پیشەی گەشتیاری یارمەتیی ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووریی سەقامگیر دەدات، بەڵام کاریگەریی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا. ئەم کاریگەرییە وێرانکەرانە بریتین لە: “پیسیی ئاوە ژێرزەوینییەکان، بڕینی داری دارستانەکان، بەرهەمهێنانی پاشماوە و پرسگەلی ئەخلاقی و شتانێکی لەم بوارانەدا”.
پاراستنی ژینگە نەتەنیا وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە گەشەی سەقامگیر، بەڵکوو وەکوو یەکێک لە ئەرزشە سەرەکییەکانی بەرەی ئەمڕۆ و بەرەکانی داهاتووش وەرگیراوە و لەسەری جەخت کراوەتەوە. شتانێکی وەکوو کەڵک وەرگرتنی نەگونجاو لە وزە یان وزە خراپەکان، زیادبوونی حەشیمەت، بەرزبوونەوەی پیسکردنی ئاو و هەوا و خاک، وێرانکردنی سەرچاوەکان و هەژاری و… لە کێشە ژینگەیی و مرۆییەکانە و لەم نێوانەدا “پاراستنی ژینگە” هاوتەریب لەگەڵ گەشەی سەقامگیر، گرینگی پەیدا دەکات.
بەم پێیە، ئەو کەسانەی کە بیر لە داهاتووی گۆی زەوی دەکەنەوە، لە هەوڵی باشتربوونی چۆنیەتیی ژینگەدان. بە سەرنجدان بەو شتانەی کە باسمان لێوە کرد، هەموو ڕێکخراوە پیشەیی و خزمەتگوزارییەکان، لە کارخانەیەکی گەورەوە بگرە تاکوو کارخانەیەکی بچووک، یان ئێمە و ئێوە کە لە خانووەکانمان و لە دەرەوەدا زبڵ بەرهەم دەهێنین، هەر هەموومان لەهەمبەر کۆمەڵگەکەمان بەرپرسیارین. پێویستە کە لە پەیوەندی لەگەڵ فەرهەنگی کەڵک وەرگرتن و بەهرەبەرداری، لە ئاستی گشتیدا کاری فێرکاری بکرێت، چونکە هەر تاک لە ئێمە گەر دەرفەتێکمان بۆ بڕەخسێت، دەڕۆینە داوێنی سروشتەوە.
وشە و چەمکی ژینگە لە کاتی منداڵی و مێرمنداڵیماندا، ڕەنگە تەنانەت جارێکیش نەمانبیستبێت. لەو کاتانەدا، کەسێک نیگەرانی سروشت و ژینگە نەبوو و هەموومان بیرمان دەکردەوە کە ئازادین هەر جۆرێک کە پێمان خۆشە و پێمان دەکرێت لە سروشت کەڵک وەربگرین، لەڕاستیدا واماندەزانی کە بەکارهێنانی زۆرتر بە واتای ئاسایشی زۆرترە؛ بە جۆرێک، پشکی داهاتووەکان لە سروشت، بۆ زۆرێک لە ئێمە هیچ واتایەکی نەبووە.
ئێستا ڕۆژگارێکی ترە. هەرچەند درەنگ، بەڵام بەو باوەڕەی گەیشتووین کە کەڵک وەرگرتن لە ژینگە، سنوورێکی هەیە و ئەگەر باڵانسەکەی تێک بدەین، لەگەڵ پیسیی ژینگە و کەمیی سەرچاوە سروشتییەکان بەرەوڕوو دەبینەوە. هەروەها مەترسیگەلێکی زۆر هەڕەشە لە مرۆڤەکان دەکات، وەکوو: کونکردنی توێی ئۆزۆن، بارانە ئەسیدییەکان، گەرمبوونی زەوی و تواندنەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان کە دەتوانێت ببێتە هۆی ژێر ئاو کەوتنی کەنارەکان لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهاندا. ڕێکارگەلێک کە لە ئەمڕۆدا پسپۆڕانی بواری گەشتیاری و ژینگە بۆ پێشگرتن لە خەسارە مرۆییەکان لەسەر سروشت، پێشکەشی دەکەن، لەسەر ئەساسی “گەشتاریی سەوز”ە. لەم جۆرە لە گەشتیاریدا، تاکەکان وێڕای گەڕان و کەڵک وەرگرتن لە جوانییەکانی سروشت و… هەوڵ دەدەن کە سەفەرەکەیان لانیکەم خەسارێک بە سروشت و ژینگە و فەرهەنگی ناوچەکە نەگەیەنێت.
ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەرگەلێکی دیاریکراویان بۆ “ئێکۆتوریزم” ڕێک خستووە، بەڵام گەشتیاریی سەوز یان هەمان “گرین توریزم”، دەتوانێت ستاندارد و دۆخگەلێکی تایبەت لەخۆ بگرێت. بۆیە دەرفەتگەلێکی زۆر بۆ گەشتیاریی سەوز لە سەرتاسەری جیهاندا بوونی هەیە.
ڕێژەی گەشتیارگەلێک کە دەوری دونیا دەدەنەوە، ڕوو لە زیادبوون دەکات، بۆیە گەشتیاریی سەوز بابەتێکە کە دەبێ زۆرتر لە هەر کاتێکی تر سەرنجی بدرێتێ. گەشتیاریی سەوز، بە واتای سەفەرێکی سەخت نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، زۆر کەس لەو باوەڕەدایە کە گەشتیاریی سەوز زۆریش خۆش و پڕ لە زیچە و ئەم بژاردانەی لەگەڵە: “وەبەرهێنانەوەی ماددەکان، مانەوە لە خەیمە و خانووە درەختییەکان، خواردنی چێشتی خۆماڵی و سەردانکردنی ناوچە فەرهەنگییەکان”.
لەم سەفەرانەدا بە بەرنامە داڕشتنێک کە ئەنجام دەگرێت، گەشتیار سەردانی شوێنگەلی سروشتی، کۆن و مێژوویی دەکات، بێ ئەوەی کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ژینگە هەبێت. ئەمە خۆی دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و هەروەها کەمکردنەوەی هەژاری.
ئەسڵەکانی ئێکۆتوریزم
بە تێپەڕبوونی نزیکەی ٢٥ ساڵ لە دەستپێکی کاری ئەنجومەنی جیهانیی “ئێکۆتوریزم”، بە لێکدانەوەی ئوسووڵی “ئێکۆتوریزم”، دەبینین کە ٣ ئەسڵی سەرەکی لە ئەدەبیاتی ئەودا دیارە و پڕڕەنگە:
١- سواوی و دەرهێنانی نییە. مەبەست لە دەرهێنانی و بەکارهێنانی، ئەو جۆرە چالاکییانەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی خەسارە ڕەفتاری و فیزیکییەکان لەسەر جۆرەکانی گیانلەبەری لە سروشتدا.
٢- پێبەندی بە ئەخلاقی ژینگەییەوە دروست دەکات.
٣- لە پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا، ئەرزشەکانی سازاو لەگەڵ ژینگە لە سەرەتیدایە. بە شێوەیەکی پوختە، گەشتیاریی سەوز شتێک نییە جگەلە پاراستنی ژینگە، کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان و سەفەری بەرپرسانە بە ئامانجی دروستبوونی سەقامگیری لە ژینگەدا.
کەسانێک کە دەیانەوێت لە بواری گەشتیاریی سەوزدا چالاکییان هەبێت، دەبێ ئەم ئەسڵانە وەکوو ئەسڵە سەرەکییەکان لە گەشتیاریی سەوزدا، لەبەرچاو بگرن:
١- خەسارنەگەیاندنی فیزیکی، کۆمەڵایەتی، ڕەفتاری و دەروونی لە درێژەی سەفەردا.
٢- پەرەدان بە ئاگایی ژینگەیی و فەرهەنگی ڕێزگرتن لە سروشت.
٣- خولقاندنی ئەزموونێکی پۆزەتیڤ و پڕ لە خۆشی لە سەفەرەکان بۆ موسافیرەکان و خەڵکی ناوچەکان.
٤- دروستکردنی بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی ژینگە.
٥- هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی خۆش بۆ موسافیران، بە جۆرێک کە ئەوان بەنیسبەت ئەو ناوچەیەی کە سەفەری تێدا کردووە هەستیار بکاتەوە و گرینگی بە ژینگەکەی بدات.
٦- تەڕاحی و دروستکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو و سازاو لەگەڵ سروشت و فەرهەنگی ناوچە، بە جۆرێک کە کەمترین خەساریش بە ئێکۆسیستم نەگەیەنێت.
٧- دروستکردنی یاسا و باوەڕگەلێکی دەروونی لە نێوان خەڵکی ناوچە گەشتیارییەکان لەگەڵ گەشتیاراندا.
پۆتانسییەلی کوردستان لەبارەی ئێکۆتوریزمەوە
کوردستان مەڵبەندێکی بەش بەش کراوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە هەر بەشێک بۆ خۆی خاوەن تایبەتمەندیی ڕاکێشانی گەشتیارە. کوردستان تا ئێستا نەبووەتە دەوڵەت و تەنیا لە باشووری کوردستان حکوومەتێک فێدێراڵ بوونی هەیە و چارەنووسی ڕۆژاوای کوردستانیش هێشتا ناڕوونە و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەردایە. ئەم نەبوونی دەوڵەت- نەتەوەیە لە کوردستان، ئەم مەڵبەندەی لە زۆر ڕەهەندەوە تووشی کێشەی جیددی کردووە و لەم بابەتەدا تەنیا دەمانەوێت ڕەهەندی گەشتیارییەکەی لەبەرچاو بگرین.
کوردستان کە خاکێکی داگیرکراوە، بەردەوام لەلایەن داگیرکەرەوە پێش بە پێشکەوتنی گیراوە و بە هەموو شێوازێک نەیانهێشتووە گەشە بکات و لە پۆتانسییەلەکانی کەڵکاوەژۆ وەرگیراوە. بۆ نموونە ساڵانێکی دوورودرێژە کە سامانەکانی کوردستان بە تاڵان دەبرێت و داهاتەکانی لە شوێنگەلی تردا سەرف دەکرێت و هەمووی لە بەرژەوەندیی داگیرکەردا بووە. داگیرکەریش باش دەزانێت کە ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبێت، هەموو دەرگاکانی بۆ تاڵانکردن لێ دەبەسترێت.
بەڵام ئەگەر کوردستان دەوڵەت بێت، لە بواری ئێکۆتوریزمەوە چۆن وڵاتێک دەبێت؟
ئاماژەی پێکرا، کوردستان وێڕای فەرهەنگە تایبەتەکەی، خاوەن سروشتێکی تایبەتە و چونکە زۆربەی گەشتیاران زۆرتر لە هەر شتێک گرینگی بە ئاو و هەوا، فەرهەنگ یان سروشت و ژینگەی شوێنی مەبەست دەدەن، کوردستان لە بواری ئێکۆتوریزمەوە ئەو پۆتانسییەلەی هەیە کە گەشە بکات و لە هەموو جیهانەوە گەشتیاران ڕووی تێ بکەن، ئەمە دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و کوردستان دەبێتە جەمسەرێکی گرینگی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
چەند تایبەتمەندییەکی جوگرافیایی کوردستان بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی سەوز
کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بە کەش و ھەوای ساردەوە، بەڵام ئەوەندە بارینی ئاستی بارینی ھەیە کە دارستان پەرە بستێنێت (ڕێژەی باران لە تەختایی و دەشتەکاندا: ٢٠٠ تا ٤٠٠ میلیمەتر لە ساڵدا – ڕێژەی باران لە بەرزاییەکاندا: ٧٠٠ تا ٣٠٠٠ میلیمەتر). بە سەرجەم مێرگ و دارستانەوە، کوردستان ١٦٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە سەوزایی تێدایە؛ “کاج، سنەوبەر، بەڕوو، چنار، شۆڕەبی و سپیدار” زۆرینەی جۆرەکانی دارن لە کوردستاندا.
“چیا” ھێما و تایبەتمەندییەکی جۆگرافیی ژیانی کوردەکانە؛ ھەر بۆیە وتراوە: “کورد دۆستێکی نییە، جگە لە چیاکان”. چیاکانی “ئارارات، جوودی، زاگرۆس، شینگەر، قەندیل، شاھۆ، پیرمەگروون و حەمرین” لە ناسراوترین کێوەکانی کوردستانن.
بەرزاییەکان و چیاکانی کوردستان کە بارینی باران و بەفری زۆری تێدا ڕوو دەدات، وەک سەرچاوەی ڕووبارەکانی نزیک خۆی و ڕۆژھەڵاتی ناوینن، هەروەها یەکێکن لە سەرچاوەکانی دیجلە و فورات و سەرچاوەی ژمارەیەکی زۆر ڕووباری بچووکن، وەک: “خابوور، ئاراز، کەرخە و سفیدڕوود”. هەروەها سەرچاوەی ئەو ڕووبارانەیە کە گرینگایەتیی مێژووییان بۆ کوردان ھەیە (ئاراز، خابوور، زابی گەورە، سیراون، جەغەتوو و زەھاب). ئەم ڕووبارانە کە لە بەرزایی سێ تا چوار ھەزار مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریادان، وەک سەرچاوەی ئاو و سەرچاوەی وەرگرتنی وزە بەکار دێن.
هەروەها کوردستان خاوەن چەندین دەریاچەی گەورە و گرینگە کە هەر کام لە جێی خۆیدا، خاوەن تایبەتمەندی و پوتانسییەلی ڕاکێشانی گەشتیارە. گۆلی ورمێ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زەریاچەی زرێبار لە مەریوان و دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان، تەنیا سێ دانە لەوانەن. دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستان و خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە کە ڕووبەرەکەی ٦٠٧ کیلۆمەتری سێجایە و پلەی شازدەیەمی هەیە لە دەریاچەکانی جیهاندا.
وێڕای ئەمانە سەدان تایبەتمەندیی تر، کوردستان دەکاتە جەمسەرێکی گرینگی گەشتیاریی سەوز لە ناوچەکە و جیهاندا، بەڵام تەنیا یەک شت دەتوانێت ئەم ئامانجە بەدێ بێنێت، ئەویش دەربازبوون لە ژێردەستەیی و بوون بە دەوڵەتە؛ چونکە داگیرکەر قەت ڕێگە بە وەها پێشکەوتنێک بە کوردستان نادات.