لە قورئاندا کە باس لە سیاسەت و دەسەڵات کراوە، مەبەست پێی حوکمی مەدەنیە، نەک حوکمی دینی، چونکە بنەماکانی سیاسەت و دەسەڵات کە لە قورئاندا باس کراوە بە ڕوون و ئاشکرا دیارە کە مەبەست لێی سیستەمێکی مەدەنیە وپیادەکردنی حوکمی مەدەنیە، وە بۆ ئەوەی لە بانگەشەی قورئان بگەین بۆ بنیات نانی سیاسەت و حوکمێکی دروست، کە مەبەست لێی حوکمی مەدەنیە، بۆ تێگەشتن لەم چەمکە پێویستە جیاوازیەک بکەین لە نێوان حوکی دینی و حوکمی مەدەنی :
١- لە حوکمی دینیدا دەسەڵاتداران خۆیان بە پیرۆز دادەنێن و دەبێت خەڵکیش بە پیرۆزیان بزانێت، وە هەموو قسەو بابەتەکانیان دوورە لەھەڵەو کەم و کورتی، بەڵام لە حوکمی مەدەنیدا خاوەن پسپۆر و خاوەن بەھرەکان حوکم بەڕێوە دەبەن و خۆیان بە پیرۆز نازانن.
٢-لە حوکمی دینیدا بەناوی خواوە حوکم دەکەن و قسە دەکەن و حاکمەکان خۆیان خستوەتە شوێنی خوا، بەڵام لە حکومەتی مەدەنیدا حاکم بەناوی خۆیەوە یان بەناوی گروپەکەوە حوکم دەکات.
٣-لە حکومەتی دینیدا حوکم و سەرکردەکان پیرۆزن و نابێت رەخنەیان لێ بگیرێت، بەڵام لە حکومەتی مەدەنیدا ئۆپۆزسێۆن ھەیە وحکومەت وسەرکردەکانیش ڕەخنە باران دەکرێن و راپەرینیش لە دژیان دەکرێت.
٤-سەرچاوەی حوکم کردن لە حکومەتی دینیدا حاکم خۆیەتی و دەسەڵاتی رەھای ھەیە، بەڵام لە حکومەتی مەدەنیدا قورئان یەکێکە لەسەرچاوەکانی دەستور ، نەک ھەموو سەرچاوەکان بێت.
٥-لە دەوڵەتی دینیدا دین ھەموو شتێکە و لەپێش ھەموو بابەتەکاندایە، لەدەوڵەتی مەدەنیدا مرۆڤ سەنتەرەو بایەخ بە مرۆڤ دەدرێت.
٦-لە حکومەتی دینیدا لەسەر بنەمای دین جیاوازی دەکرێت لە نێوان ھاووڵاتیاندا ، بەڵام لە حکومەتی مەدەنیدا حکومەتی ھاوڵاتیانە وخەڵک بەیەک چاو سەیر دەکرێت بە جیاوازی دین و رەنگ و رەگەزو نەژاد، وە حکومەتێکە جێگەی ھەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانی تێدا دەبێتەوە.
٧-حکومەتی دینی دەبێت ھەموان پابەند بن بە یاسای ئەو دینەوەو لادان لێی قەدەغەیە، بەڵام لە حوکمی مەدەنیدا زۆرئاساییە کە خەلک دین و بیروباوەری جیاواز بێت و دروشمەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
گەر سەیری ئەم جیاوازیانە بکەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەقەکانی قورئان بانگەشەی حوکومەتی مەدەنی دەکات و دەیەوێت حوکمی مەدەنی جێبەجێ بکات،وە لە تێگەشتن لە دەقەکانی قورئان حوکم کردن مافی خەڵکیە بەگشتی بە ھەموو چین و توێژەکانەوە، وە خەڵک دەبێت دەسەڵاتدار دیاری بکات، بە جیاوازی دینی و ئایدۆلۆژی و رەنگ و نەژادو نەتەوە، وە بنەماکانی قورئان بۆ سیاسەت کردن، ئەوەی ڕوون کردوەتەوە کە حوکومەتێکی مەدەنی رادەگەێنێت و جێبەجێی دەکات.
وە بە وورد بونەوە لە مێژوو وە لەو دەوڵەتانەی کە ھەبوون زۆر چاک بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەوڵەتی خەلیفەکان و دەوڵەتی ئەمەوی و عباسی و سلجوقی و عوسمانی دەوڵەتی دینی نەبوون ، بەڵکو شێوەی دەوڵەتی مەدەنی بوون وریساو یاساکان تێدا سەروەر بووە، ھەر چەندە ھەڵە وکەم وکورتیش ھەبووە ، وە هەرچەندە ستەمکردنیش هەبووە ، ئەو دەوڵەتانە بەدەوڵەتی مەدەنی دادەنرێت، چونکە جولەکەو گاوروسابئە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتە بوون، وە خواناسی وخواپەرستیان بەپێی شەریعەتی خۆیان کردوە، وەخاوەن ئاینەکانی تر بەپێ شەریعەتی خۆیان حوکمیان کراوە، تەنانەت لەچەند شوێنێکدا دادگاو قازی خۆیان هەبووە، کەئەوەش دیارترین جیاوازیە لە نێوان دەوڵەتی دینی و دەوڵەتی مەدەنیدا، کە یاسا دەبێت جيبەجێ بکرێت و ھەموان مل کەچی یاسابن، بەڵام لەدەوڵەتی دینیدا دین سەروەرەو جیاکاری دەکرێت لە چەسپاندنی یاساو ھەمووکەس مل کەچ نابێت بۆ یاسا.
بۆ نمونە ول دیورانت دەڵێت( ئەهلی زمە لە گاورو زەردەشتی وجولەکەو سابئە لە سایەی خیلافەتی ئەمەویدا دەژیان بە ئەوپەری لێ بوردەیی وهاوژینی لەگەڵ موسڵماناندا، ئازاد بوون لەجێ بەجی کردنی دروشمە ئاینەکانی خۆیاندا، وەپارێزگاریان لە کەنیسەو شوێنی خواپەرستیەکانی خۆیان دەکرد، وە حوکمێکی زاتیان هەبووسەبارەت بەخۆیان کە مل کەچ بوون بۆ زانا و دادگاو یساکانی خۆیان)فتوح البلدان:البلاذری