لە ڕۆژی ٢١ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ـدا، چین کۆبوونەوەیەکی گەورە و دەگمەنی لە شاری پەکین ئەنجام دا بە مەبەستی ڕێزگرتن لە شێوازە نموونەییەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، کاتێك لە کۆبوونەوەکەدا جەنابی شی جینپینگ، سەرۆکی چین گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە کۆماری چین سەرکەوتنێکی تەواوی لە جەنگی دژی هەژاریدا بەدەست هێناوە و، لە سایەی هەوڵی هاوبەش لەلایەن سەرجەم ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی چین و ڕۆڵەکانی گەلی چین لە سەرجەم پێکهاتەکان ئەرکی سەختی سەرکەوتنی ڕەها بەسەر هەژاریدا لە سەروبەندی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چیندا بەدی هاتووە.
بەرەنگاربوونەوەی هەژاری هەمیشە بە پرسێکی گرنگ بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت و پاراستنی سەقامگیرییەکەی لە جیهاندا دادەنرێت. مێژووی وڵاتی چین پڕە لە جەنگی نەتەوەی چین دژ بە هەژاری. دوای ئەوەی پێی نایە نێو سەردەمی هاوچەرخیشەوە، چین کۆمەڵە گرژییەکی سیاسی و جەنگی بەردەوام و ژیانی سەختی بەخۆیەوە بینی بەهۆی حوکمی دەرەبەگایەتیی لەناوچوو و دەستدرێژیی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا، ئەوەیش وایکرد کابوسی هەژاری بەشێوەیەکی مەترسیدار گەلی چین بشێوێنێت، بۆیە ڕزگاربوون لە هەژاری بوویە خەونێك کە گەلی چین بێوچان هەوڵی بۆ بدات و وەك بەشێکی گرنگی خەونی چین بوو کە خۆی لە ڕاپەڕینی گەورەی نەتەوەکە بینیەوە.
پارتی کۆمۆنیستی چینی هەر لە دامەزراندنیەوە بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی چین و ڕاپەڕینی گەلی چینی کردە ئامانجی سەرەکی و، ڕابەرایەتی گەلی کرد بۆ گوزەرکردن بەنێو خەباتگەلێکی زەحمەت و درێژ لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی جوان. پارتی کۆمۆنیست و گەلی چین بەرەنگاری چەندان ئاستەنگ و بەربەست بوونەوە و، لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاریدا کۆمەڵێك ئەرکی تەواو سەختیان یەك بەدوای یەك ڕاپەڕاند و لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاریدا دەستکەوتگەلێکی گەورە مێژووییان بەدەست هێنا. بە تایبەتی لەدوای 18ـەهەمین کۆنگرەی نەتەوەییی پارتی کۆمۆنیست، لیژنەی ناوەندیی پارتەکە ئەرکی زاڵبوون بەسەر هەژاری خستە شوێن و پێگەیەکی دیار لە حوکم و ئیدارەدانی وڵاتی چین و، وەك ئەرکێکی بنەڕەتی بۆ بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئارەزوومەند لە ژیان بەشێوەیەکی گشتگیر دەستنیشانی کرد. هەروەها جەنگێکی نەتەوەیی بەرفراوانی دژی هەژاری ڕێکخست، کاتێك ملیۆنان کادیر لەپێناو ئەم ئەرکەدا تەواوی هەوڵەکانیان بەشێوەیەکی ڕژد و بێوچان خستەگەڕ و زیاتر لە 1800 هەڤاڵ لە جەنگی دژی هەژاریدا قوربانییان بە ژیانی خۆیان دا.
ستانداردی زاڵبوون بەسەر هەژاری لە چین ستانداردێکی گشتگیر و فرەڕەهەندە کە پێوەری تێکڕای داهاتی تاکەکەس دەگرێتەوە، جگە لە ئاستی بەردەستبوونی خۆراك و پۆشاك و خوێندنی ناچاری و زامنکردنی چاودێریی تەندروستیی بنەڕەتی و نیشتەجێبوون و پێداویستییە بنەڕەتییەکان و پێوەرە جەوهەرییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی نەهێشتنی هەژاری. ستانداردی چین لە بابەتی نەهێشتنی هەژاری بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئاستی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیدا دەگونجێت و، لەسەروو ئەو پێوانەی هەژارییەیە کە لە ساڵی 2015ـدا بانکی نێودەوڵەتی وەك 1.9 دۆلاری ئەمەریکیی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێك دیاریکرد و، لەسەروو ڕێژەی گشتی ئەو هێڵە هەژارییە ڕەهایەشە کە پڕۆگرامی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030 دەستنیشانیکرد.
لە سایەی هەوڵە چڕەکاندا، لەماوەی هەشت ساڵ و نیوی ڕابردوودا ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە چین لە هەژاری ڕزگاریان بووە، ئەم ژمارەیەش هاوتایە لەگەڵ ڕێژەی تەواوی وڵاتێکی قەبارە مامناوەند. سەرجەم هەژارانی ناوچەی دەوروبەری شارەکان کە ژمارەیان 98 ملیۆن 990 هەژارە لە هەژاری ڕزگار بوون و لەکەی هەژاری لە سەرجەم شار و گوندە هەژارنشینەکان سڕایەوە کە ژمارەیان دەگاتە 832,128، ئەوەیش بوویە هۆی چارەسەری هەرێمی تەواوەتیی کێشەی هەژاری. زیاتر لە 20 نەخۆشی هەژار بەپێی پسپۆڕییەکان چارەسەریان وەرگرت و نزیکەی 20 ملیۆن دانیشتووی هەژار سوودمەندن لە بیمەی نزمترین ئاستی گوزەران و هەروەها هاوکاری بۆ ئێرە کەسانە تەرخانکراوە کە بەدەست هەژاریی سەختەوە دەناڵێنن. زیاتر لە 24 ملیۆن هاووڵاتیی کەمئەندامیش کە لە ژیانێکی سەختدا دەژین و ڕێژەی کەمئەندامییان زۆرە، لە هاوکاریی دارایی بۆ ژیان و چاودێریی تەندروستی سوودمەند بوون. هەروەك ڕێژەی گەیشتنی کارەباش لە ناوچە هەژارنشینەکان گەیشتۆتە 99% و ڕێژەی گەیشتنی فایبەر ئۆپتیك و تۆڕی نەوەی چوارەم بۆ ماڵی گوندە هەژارنشینەکان گەیشتۆتە 98%. هەروەها خانووی ڕووخاوی 7,900,000 خێزان و 25,680,000 دانیشتووانی هەژار بوونیاد نراوەتەوە و گوازراونەتەوە بۆ ماڵی نوێ.
بە پشتبەستن بە هەلومەرجی ناوخۆییی چین و پابەندبوون بە بنەماکانی نەهێشتنی هەژاری توانیمان ڕێگەیەکی ڕزگاربوون لە هەژاری بە تایبەتمەندیی چینی بدۆزینەوە. یارمەتیدانی هەژاران لەڕێی ڕێکاری وردەوە چەکی جادووییمانە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە جەنگی دژی هەژاری و سیاسەتی هاوکاریی هەژاران بە ئامانجی گەشەپێدان ڕووکارێکی ئاشکرا و ڕوونی رێگای سوککردنی سەختیی هەژارییە بە تایبەتمەندیی چینی. سیستەمێکی نیشتمانیمان دامەزراند بۆ تۆمارکردنی زانیاری بۆ دڵنیابوون لە سوودمەندبوونی هەژاران و ناوچە هەژارنشینەکان لەو سەرچاوانەی بۆیان تەرخان کراوە. پابەند دەبین بە دەستگرتن بە گەشەپێدان وەك ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەژاران و، کار لەسەر باشترکردنی دۆخی تایبەت بە گەشەپێدان و بەهێزکردنی توانای گەشەپێدان دەکەین لە گۆڕینی شێوازی “گواستنەوەی خوێن” لە هاوکاریی هەژاران بۆ شێوازی “دروستکردنی خوێن” لە هاوکاریی هەژاران، ئەوەیش گەشەپێدان دەکاتە ڕێگایەکی کاریگەرتر و سەقامگیرتر بۆ زاڵبوون بەسەر هەژاری و بەدیهێنانی ژیانێکی خۆش.
ڕزگارکردنی سەرجەم هەژارانی دەوروبەری شارەکان لە هەژاری شتێکە کە پشکی یەکلاییکەرەوەی هەبووە لە بەدەستهێنانی ئامانجی بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئارەزوومەندی گشتگیر لە وڵاتی چین و خولقاندنی مۆدێلی چینی لەبارەی کەمکردنەوەی توندیی هەژاری، ئەوەیش ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پرسی نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی هەژاری لەسەر ئاستی جیهاندا. لەژێر ڕۆشنایی بەردەوامیی کێشەی ڕژد و مەترسیداری هەژاری و زیادبوونی کەلێنی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان لە بەشێك لە وڵاتان، چین دە ساڵ پێش وادەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی 2030 ئامانجی سوککردنی توندیی هەژاری بەشێوەی پلەبەند بەدەست هێناوە و کاری لەسەر پێشکەشکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بەشێوەیەکی چالاك. هەروەها پابەند بووە بە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی خۆی لە کەمکردنەوەی توندیی هەژاری و بەپێی توانا هاوکارییان پێشکەش بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کردووە، ئەوەیش پاڵنەرێکی بەهێزی برەوسەندنی پرسی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بووە لە جیهاندا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازیی فراوانی لێکراوە.
سەرکەوتنی گشتگیر لە جەنگی دژی هەژاری وەك سیمبولی پلانێکی گەورە و تۆکمە خۆی دەنوێنێت کە وڵاتی چین لە ڕێگەی بەدیهێنانی ژیانێکی خۆشگوزەران و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هاوبەشدا کێشای. بەڵام نەهێشتنی هەژاری بە واتەی تەواوبوونی کارەکانمان نایەت و هێشتا ئەرکێکی سەخت و ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەشەسەندنی ناهاوسەنگ و کەمتر لە ئەندازەی پێویست و، تەسککردنەوەی کەلێنی گەشەسەندن لەنێوان شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان و هەروەها بەدەستهێنانی گەشەسەندنی گشتگیر بۆ مرۆڤ و سەرکەوتنی هاوبەش بۆ هەمووان.
پارێزگاریکردن لە سەرکەوتن لە خودی سەرکەوتن قوڕسترە. چین لە ئیستادا قۆناخێکی ڕاگواستن لە سەرکەوتنی ڕەها بەسەر هەژاریدا بەرەو بەدەستهێنانی گەشەسەندن لە ناوچەکانی دەورووبەر. لە قۆناخی دواتردا، کار لەسەر کەرتی ڕێگەی گەشەپێدانی هاوبەشی ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان دەکەین لەسەر شێوازی تایبەتمەندیی چینی، ئەوەیش بەپێی هەلومەرج و پێداویستییە نوێکان لە پشتبەستن بە قۆناخێکی نوێی گەشەسەندن و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و کێشانی هاوکێشەکەی. هەوڵێکی زیاتر دەخەینە گەڕ بۆ پتەوکردنی هەستی ڕۆڵەکانی گەل لە دەستگەیشتن بە خۆشگوزەرانی و ئاسایش و هەوڵ و کۆشش لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجی سەدەیی دووەم بە ئیرادە و بەشێوەیەکی بوێرانە.
وڵاتی چین لە گەشەسەندنەکەیدا لە پێویستبوون بە جیهان بەدەر نییە، هەروەك گەشانەوەی جیهانیش پێویستی بە چین هەیە. ئەوەیش کاتێك چین ستراتیژییەتی کرانەوە و دەستکەوتی هاوبەشی بەبێ شێواندنی سەقامگیری گرتۆتە بەر و هاندەری وزەی گەشەپێدانە لە جیهاندا و لەهەمان کاتدا سوودێکی زیاتر لە گەشەپێدانی چین وەردەگرێت. چین و عێراق بە دوو هاوڕێی نزیك و هاوبەشی ئازیز دادەنرێن. جەخت لەسەر بەردەوامیی پتەوکردنی متمانەی سیاسیی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دەکەینەوە، هەروەها جەخت لەسەر بەشداریی لە پرۆسەی بوونیادنانی عێراق بەشێوەیەکی چالاکانە و، قووڵکردنەوەی هاوکاریی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی بونیادنانی “پشتێنە و ڕێگاوبان” و بەشداریی لە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق دەکەینەوە. هەروەها ئامادەسازی دەکەین بۆ بەگەڕخستنی هەوڵی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەنێویشیدا عێراق لە پتەوکردنی پرسی جیهانیی سوککردنی سەختیی هەژاری و پێشکەشکردنی پشکداریی گەورەتر لە بوونیادنانی کۆمەڵگەیەکی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی کە دوور بێت لە هەژاری و نەخشەکێشراوی دەستی سەرکەوتنی بەردەست بێت بۆ هەمووان.
وەرگێر: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا