دوا رۆژه‌كانم له كه‌مبریج
ئێمه له دۆخێكی باش‌دا بووین‌و په‌یوه‌ندییه‌كی باشم له‌گه‌ڵ كه‌سانی گرنگدا هه‌بوو. بڕیارمدا له‌سه‌ر ده‌ستی باشترین مامۆستایانی ماف له كه‌مبریج فێرببم، كه له ترێنتی هۆڵه‌وه هاوڕێی یهكتربووینو له‌و كاته‌دا باشترین كۆلێژی ماف بوو. دوای ئه‌وه‌ی له كۆتایی ساڵدا پله‌ی یه‌كه‌مم به‌ده‌ستهێنا ده‌متوانی قایلیان بكه‌م كه سه‌رپه‌رشتیم بكه‌ن، هه‌رچه‌نده من له “ڤیتز ولیام” بووم. باشترین سه‌رپه‌رشتیارم تریڤۆر تۆماس بوو كه خاوه‌نی ئاوه‌زێكی میتۆدی روون‌و ناوازه بوو.
هاوڕێیه‌تی ژماره‌یه‌كی كه‌می خوێندكاره بهریتانییهكانم ده‌كرد، هه‌ندێكیان له زانكۆ ئه‌ندامی (یانه‌ی كرێكاران) بوون، پاشان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (1950)دا بوونه به‌ربژێری پارتی كرێكاران. ئه‌وانی دیكه‌یان چوونه لقه‌كانی دیكه‌ی خوێندنی قانون‌و بوونه مامۆستای تایبه‌ت له قانونی نێوده‌وڵه‌تی یان قانونی به‌راوردكاری یاخود پیشه‌سازی. ئه‌وان تاقمێكی جیاكارو هاوڕێگهلێكی باش بوون.
له شوباتی (1949)له گفتوگۆیه‌كدا نوێنه‌رایه‌تی كهمبریجم كرد‌و دادوهرانم سه‌رسام كرد. به‌ڵام به‌دوای به‌شداریكردن له‌و جۆره گفتوگۆیانه‌دا نه‌چووم، چونكه هیچ داناییهكم له‌وه‌دا نه‌ده‌بینی بۆچونه‌كانی خۆم بخه‌مه‌ڕوو، به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌سه‌ر ئه‌و ئاراسته‌یه رێكبكه‌وم كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سه‌نگافوره ده‌یگرینه به‌ر.
كاتێك له له‌نده‌ن بووم ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ره‌خسا له‌چه‌ندین بۆنه‌دا سه‌ردانی جڤاتی گشتی (مجلس العموم)بكه‌م و گوێبستی وتاره‌كانیان ببم. هه‌ندێك له ئه‌ندامانی پارتی كرێكاران له‌هه‌مبه‌ر خوێندكارانی داگیرگهكان دۆستانه بوون (به‌پێچه‌وانه‌ی پارێزگاره‌كانه‌وه كه له داواكارییه‌كانیان بۆ ئازادی بێزارببوون).
له هۆڵی گه‌وره‌ی وێستمێنستهر چاوم كه‌وت به ڤینه‌ر برۆكوای نوێنه‌ری ئیتۆن وسلۆ، تاوه‌كو كارتی چونه ژوره‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌ی تابلۆكانی سترێنجهرزم بداتێ. هه‌رچی ستانلی ئۆپیرییه (كه دواتر بووه لۆرد ئۆپیری) هاوشێوه‌ی ڤینه‌ر برۆكوای بوو، لایه‌نگری قوربانیانی داگیركه‌ر بوو.
له‌نێو ئه‌ندامانی پارتی كرێكاراندا وتاربێژی دیار هه‌بوون، له‌وانه ستافۆرد كرێپسم له‌یاده. له یه‌كه‌م سه‌ردانمدا بۆ جڤاتی گشتی بینیم، زیره‌كییه‌كی دره‌وشاوه‌ی هه‌بوو، به‌توندی به‌سه‌ر ركابه‌ره پارێزگارهكهیدا سه‌ركه‌وت، به‌رپرسی كاروباری داگیرگهكان بوو.
له ئایاری (1949)دا تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی مافمان ئه‌نجامدا، كاتێك له مانگی حوزه‌یراندا ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا كران من پێی رازی بووم، چونكه یه‌كه‌م بووم، بووم به براوه‌ی لیستی رێزلێنان له (لۆ تریبۆس). هه‌روه‌ها چۆش یه‌كه‌م بوو. به‌بۆنه‌ی ئه‌م هه‌واڵه خۆشانه‌وه بروسكهمان بۆ خانه‌واده‌كانمان نارد. ئه‌وه‌ش له‌قۆناغی دواتری ژیانم بووه خویه‌كی تایبه‌ت.
به‌پێی رێساكانی زانكۆ، پێویست بوو له‌سه‌ر خوێندكار به‌ر لهدهرچونو وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌ی، لانیكه‌م نۆ وه‌رز بخوێنێت. پێویست بوو له‌سه‌ر چۆ شه‌ش وه‌رز (Terms)له كه‌مبریج بمێنێته‌وه، منیش هه‌شت وه‌رز. هه‌ر ده‌بوو هه‌ندێك خه‌رجی تایبه‌تیش بده‌ین به‌ر له‌وه‌ی رێگه‌مان پێبدرێت له (21/ حوزه‌یران)دا بڕوانامهكانمان وه‌ربگرین، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو وه‌رزێكی دیكه له كه‌مبریج بمێنینه‌وه، چۆش بۆ ماوه‌ی سێ وه‌رز بمێنێته‌وه به‌ر له‌وه‌ی بتوانین ده‌ربچین.
كه‌مبریج سه‌رباری پێگه‌كه‌ی وه‌كو ناوه‌ندێكی دێرینی فێربوون، پارێزگاری له نه‌ریته كۆنه‌كانی ده‌كرد كه به تێپه‌ڕبونی ساڵان زیاتر سه‌رنجڕاكێشتر ده‌بوو. له (رۆژی گردبونه‌وه)دا خوێندكاران به‌پێی كۆنی كۆلێژه‌كانیان ریزیان ده‌به‌ست، مامۆستایه‌ك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كردن‌و ده‌چوونه ناو (ئه‌نجومه‌نی باڵا)وه كه له‌نزیك قوتابخانه‌كانی ماف بوو. خودی بیلی تاتچه‌ر وه‌كو (چاودێری به‌رپرس: راگری كۆلێژ)به‌ره‌و پێشه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كردین. به‌ڵام ڤیتز ولیام له‌دوایین ریزدا بوو، چونكه له كۆلێژه‌كه ئه‌ندام نه‌بوو. دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ راگرهكانو خوێندكارانی دیكه له‌سه‌ر مێرگه سه‌وزه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران وێنه‌مان ده‌گرت. زۆرینه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ مافناس بوون، به‌و پێیه‌ی له (ترینێتی هۆڵ)سه‌رپه‌رشتیاری من‌و چۆ بوون، رێوره‌سمه‌كانی ئه‌و بۆنه‌یه‌یان فێركردین. به‌شداریكردن خۆشی‌و شادمانی خۆی هه‌بوو، له‌نێو ئاماده‌بواندا تریڤۆر تۆماس هه‌بوو، بۆنگ هاویش ئه‌م چركه‌ساتانه‌ی به كامێراكه‌ی تۆمارده‌كرد.
پاشان بۆ ئاهه‌نگ گێڕان له ژوره‌كه‌ی تریڤۆر تۆماس له (ترینێتی هۆڵ)له‌یه‌كتر جیابووینه‌وه، له ئاهه‌نگه‌كه‌دا شه‌مپانیامان خوارده‌وه. پاشتر (د.س. ئیلس لویس)هاته لامان كه له‌خۆشه‌ویستیدا به (تیل) ناوده‌برا، مامۆستامان بوو، پێیوتین: ئه‌گه‌ر گهنجێكتان هه‌بوو بۆمان بنێرن بۆ (ترینێتی هۆڵ).
كاتێك منداڵی یه‌كه‌ممان (لۆنگ) له ساڵی (1952) له‌دایكبوو، نامه‌م بۆ گه‌وره مامۆستایان نوسی تاوه‌كو كورسیهكمان بۆ دابنێن. به‌ڵام دوای نۆزده ساڵ كاتێك لۆنگ چوو بۆ كه‌مبریج، بڕیاریدا بچێته كۆلێژی (ترێنیتی)كه ئیسحاق نیوتن وه‌كو یه‌كه‌مین قوتابخانه بۆ بیركاری دایمه‌زراندبوو. مامۆستا به‌ڕێزه‌كانی (ترێنیتی) هاوكارییان كردبوو تاوه‌كو (له وانه‌ی بیركاری)دا سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌جۆرێك له‌بری سێ ساڵ، دوو ساڵی له كۆلێژه‌كه به‌سه‌ربرد.
وێنه‌ی ده‌رچونمان كه زۆر شانازی پێوه‌ده‌كه‌ین، ئه‌و وێنه‌یه كه بیلی تاتچه‌ر له‌نێوان من‌و چۆدا وه‌ستاوه. له جێگه‌ی گومانی باشی ئه‌وو هاوژینه‌كه‌یدا بووم كه ببوه دۆستمان. تاتچه‌ر هه‌ستێكی قوڵی له‌ناخمدا به‌جێهێشت. ئه‌و كه‌سێكی دانا‌و دووربین بوو، كاتێكی زۆری له‌سه‌ر حسابی كاره‌كه‌ی به خوێندكاران ده‌به‌خشی.
رۆژێكیان كاتێك له ژوره‌كه‌یدا پێكه‌وه چامان ده‌خوارده‌وه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و كرێكارانه كرد كه له رێگای ترمبێنگتۆن چاڵیان هه‌ڵده‌كه‌ند. وتی: له‌ماوه‌ی سێ كاتژمێری رابردودا دوو ده‌رفه‌تی پشودانیان بۆ خواردنه‌وه‌ی چا وه‌رگرتوه. ئه‌و كاره‌ش لهپێشو له‌كاتی شه‌ڕه‌كه‌دا ته‌واو جیاواز بوو. ئێستا ده‌یانبینی به‌رده‌وام ئاره‌زوی كاركردن ناكهنو وڵاتیش پێشناكه‌وێت. وا گومانم كرد كه ئه‌و پیره پیاوێكی كۆنه‌په‌رسته، وه‌لێ ئه‌و مامۆستای وانه‌ی ئابوری بوو. دوای چه‌ندین ساڵ ئه‌وه‌م هه‌ڵهێنجا كه ئه‌و ده‌یزانی چی پێشكه‌وتن بهیدههێنێت.
له بۆنه‌یه‌كی دیكه‌دا پێیوتم: تۆ چینیت، ئێوه‌ی چینی شارستانیه‌تێكی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌تان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مه‌زنه. به‌ر له‌وه‌ی من‌و چۆ له حوزه‌یرانی (1949) كه‌مبریج به‌جێبهێڵین، بۆ دواهه‌مین جار من‌و چۆی بۆ خواردنه‌وه‌ی قاوه‌ی به‌یانیان داوه‌تكرد. ده‌ستی خسته سه‌ر ده‌ستی چۆو ته‌ماشای منی دهكردو وتی: (لی پشوی زۆر كورته، رێگه‌ی مه‌ده كاره‌كان به په‌له‌په‌ل بكات). باش له سروشتی من گه‌یشتبوو، وه‌لێ ئه‌وه‌شی ده‌زانی كه من ئامانجێكی شێلگیرم له‌ژیاندا هه‌یه‌و مكوڕم له‌سه‌ر به‌دیهێنانی.
دوای ده‌رچون، مۆڵه‌تێكی ده رۆژه‌مان وه‌رگرت، تاوه‌كو به پاس به ئینگلته‌ره‌و سكۆتلهندادا بگه‌ڕێین. دواتر وازمان له خوێندن نه‌هێنا. بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌نگافوره كارت بكردایه، به ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه له كه‌مبریج به‌س نه‌بوو. ده‌بوو له پارێزه‌ری گشتی یان پارێزه‌ری له دادگا باڵاكاندا پسپۆڕی وه‌ربگرین. بۆیه په‌یوه‌ندیمانكرد به (میدڵ تێمبڵ)كه یه‌كێك بوو له ژوره قانونییه‌كان بۆ خوێندن‌و ئاماده‌كردنی قوتابیان بۆ كاری پارێزه‌ری.
كاتێك له گه‌شته‌كه‌مان گه‌ڕاینه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌وڵماندا له له‌نده‌ن بژین‌و شوقه‌یه‌ك به‌كرێ بگرین كه له حوجره بچوكه‌كه‌م له (شه‌قامی ڤیتز جۆنز) دوورنهبێ. من‌و چۆ له‌باره‌گای (ژوری قانونی)ده‌مانخوێندو پێكه‌وه خۆمان بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی پارێزه‌ری ئاماده‌ده‌كرد.
لێره چه‌ند پشویه‌كمان به‌سه‌ربرد، له خانویه‌كی دێرین كه خاتوو میلۆر به یارمه‌تی هه‌ر سێ كوڕه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. هاوكاری دهكردینو به‌باشی خواردنی پێده‌داین. ئێمه له خانوه‌كه‌دا به ته‌نها بووین، ته‌نها له وه‌رزی هاویندا نه‌بێ كه هه‌ندێك گه‌شتیار ده‌هاتن. پێكه‌وه پیاسه‌مان دهكردو چێژمان له كه‌شی باراناویو ئه‌و هه‌وا گه‌رمه ده‌بینی كه له باشوری رۆژئاوای وڵاته‌وه ده‌هات. ته‌نها ئامرازی كاتبهسهردنمان گوێگرتن بوو له ئێستگه‌ی ناوخۆیی (BBC)له رادیۆیه‌كی جۆری (بای) كه له كه‌مبریج كڕیبووم. گوێگرتن له مۆزیك هه‌ستێكی شادمانی‌و ئاسوده‌یی پێده‌به‌خشین. هه‌ندێكجاریش یاری گۆڵفم دهكردو چۆ تۆپه‌كانی ده‌گرته‌وه، هه‌ندێك كاتیش قارچكم دهكردو خاتوو میلۆر بۆی لێده‌ناین، خواردنێكی به‌له‌زه‌ت بوو.
ئه‌و ژه‌مانه‌ی كه‌متر به‌له‌زه‌ت بوون‌و ناچاربوین خۆمان ئاماده‌ی بكه‌ین، ئه‌و ژه‌مانه بوو كه له (میدڵ تیمبڵ) بووین، چونكه له‌وێ ده‌بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی نازناوی پارێزه‌ری، له وه‌رزێكدا سێ‌جار (ژه‌می ئێواره)له هۆڵه‌كه‌دا دروست بكه‌ین. ئه‌وه‌ش ئه‌ركێك بوو له‌سه‌ر هه‌موو خوێندكاران، ئه‌مه‌ش یانی به‌سه‌ربردنی حه‌وت كاتژمێر له گه‌شتێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا بۆ وێستگه‌ی بادینگتۆن. وه‌لێ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ بینینی هاوڕێیانی سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ، وتوێژمان له‌گه‌ڵ خوێندكارانی لهندهنو هه‌موو هه‌رێمه داگیركراوه‌كاندا ده‌كرد، گفتوگۆكانیش تایبه‌ت بوون به باسی تێكۆشانمان له‌داهاتودا له‌پێناوی ئازادی‌دا.
هه‌ندێك له هاوڕێیانم له كۆلێژی رافیلز چالاكوانی سیاسی بوون، له‌نێویاندا جه‌وا كینگ سۆی هه‌بوو كه پێشتر مامۆستای زانستی ئابوریم بوو، له كۆلێژی ئابوری (LES)له بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسدا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنابوو. هه‌روه‌ها (ته‌وا چین چای)هه‌بوو كه خۆی ئاماده ده‌كرد بۆ به‌كالۆریۆس له‌زانستی ئه‌ركی ئه‌ندامه‌كان له زانكۆی له‌نده‌ن. له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك خوێندكاری دیكه‌دا وه‌كو ناویان لێنابوو (كۆڕبه‌ندی مالاوی)یان پێكهێنابوو، به ئامانجی بیناكردنی هۆشیاری سیاسی‌و رۆژنامه‌گه‌ری بۆ مالایۆی سه‌ربه‌خۆ كه سهنگافورهشی ده‌گرته‌وه.
ئه‌ندامانی ئه‌و كۆڕبه‌نده سه‌ر به ژماره‌یه‌ك گروپی نه‌ژادی بوون: مالاوی، چینی، هیندیو ئاسیایی. كۆڕبه‌نده‌كه دیمه‌نێكی ئایدۆلۆژی یان سروشتێكی راستڕه‌و یان چه‌پڕه‌وانه‌ی نه‌بوو. نه‌یاری داگیركه‌ر بوو، به‌ڵام پابه‌ندبوون به خۆدورگرتن له توندوتیژیو به‌مه‌ش خۆیان له پارتی شیوعی مالاوی (MCP) جیاده‌كرده‌وه، كه له حوزه‌یرانی (1947) چه‌كیان له‌دژی به‌ریتانییه‌كان له مه‌لایۆ به‌كارهێنابوو.
ئه‌ندامه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵ سیاسه‌تڤانانی به‌ریتانیادا كۆده‌بونه‌وه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ وه‌زیره بچوكه‌كانی حكومه‌تی پارتی كرێكارانیش وه‌كو ودرۆ ویات، یان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پارتی پارێزگاران‌و ئازادیخوازان له پارله‌مان، بۆ قسه‌كردن له كۆڕبه‌نده‌كه میواندارییان ده‌كردن.
له ئابی (1947)هندو پاكستان سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ستهێنا، سیلانو بۆرما له (1948)سه‌ربه‌خۆییان به‌ده‌ستهێنا، به‌ربه‌ستی ئیمپریالیزم داڕوخا. ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانی له پاشه‌كشه‌دا بوو. هه‌موومان متمانه‌مان به‌وه هه‌بوو كه ده‌توانین سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستبهێنین. هه‌ستمان ده‌كرد كه گه‌لی بهریتانیو سه‌ركرده‌كانیان ده‌ستبه‌رداری سه‌ركوتكردنی ئه‌و گه‌لانه بوون كه ملكه‌چیان بوون.
دوای گفتوگۆیه‌كی دورو درێژ، پێكه‌وه به‌هێواشی له (هۆڵی مالایۆ)وه به شه‌قامی (ئادجوێر)دا به‌ره‌و (تاقی مه‌ڕمه‌ڕ) به‌ڕێكه‌وتین. ئێمه باسی زۆر بابه‌تمان كرد كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. دواتر ئاشكرا بوو كه ده‌سته‌یه‌كی كه‌م ده‌توانن ئاواته‌كانیان به‌دیبهێنن. زۆرێك له هاوسه‌ره‌كان دژی ئه‌وه بوون مێرده‌كانیان به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌رانه‌ی به‌ریتانیا ببنه‌وه، به‌مه‌ش كاره‌كانیان دوچاری مه‌ترسی ده‌بوویه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌و پیاوانه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دوچاری راستییه ساردهكانو بژارده قورسه‌كان بوونه‌وه، ئاره‌زوی خه‌باتكردنیان پوكایه‌وه. له‌لایه‌كه‌وه خاوه‌نی كلتورێكی به‌ریتانی بوون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه شیوعییه‌كان به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتویان هه‌بوو كه به باشی رێكخرابوو، له‌لایه‌ن لایه‌نه دیاره‌كانی كۆمه‌ڵگاشه‌وه پشتیوانی ده‌كران كه له قوتابخانه‌كانه‌وه ده‌ستی پێده‌كرد تا سه‌ندیكاكان‌و رۆژنامهگهریو (ژوری بازرگانی چینی).
بڕیارمدا به‌ر له‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌جێبهێڵم په‌یوه‌ندی بكه‌م به لیم هۆنگ بی نوێنه‌ری نافه‌رمی پارتی شیوعی مالاوی (MCP)له له‌نده‌ن. لیم ساڵی (1934)كۆمه‌كی شاژنی به‌ركه‌وتبوو، به‌ڵام ئاره‌زوی خوێندنی نه‌مابوو، بایدابوهوه به‌لای دۆزی شیوعیه‌تدا. هه‌رگیز نه‌یتوانی له تاقیكردنه‌وه‌كانی پارێزه‌ریدا سه‌ركه‌وتوو بێت، بڕوانامه‌ی زانكۆی كهمبریجیشی به‌ده‌ستنه‌هێنا. له له‌نده‌ن مایه‌وه تاوه‌كو بڵاوكراوه‌یه‌كی لایه‌نگری پارتی شیوعی مالاوی به‌ناوی (مالایان مۆنیتۆر) ده‌ربكات، كه به ئامێری چاپ دهنوسرایهوهو چاپ ده‌كرا. بڵاوكراوه‌یه‌كی پڕوپاگه‌نده‌یی لاواز بوو، به‌ڵام خۆی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی هه‌بوو. ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، چونكه ده‌مویست چاوم پێی بكه‌وێت، واده‌یه‌كی بۆ دانام له ده‌ره‌وه‌ی ئۆفیسی رۆژنامه‌ی (ده‌یلی ۆركهر)كه زمانحاڵی پارتی شیوعی به‌ریتانی بوو له‌نزیك شه‌قامی (ڤلیت ستریت)بوو. چۆش له‌گه‌ڵمدا ئاماده‌بوو، چۆ، ئه‌وی ده‌ناسی چونكه هاوڕێی برا گه‌وره‌كه‌ی بوو.
لیم پیاوێكی نامۆ بوو. له‌بری ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ بۆ شوێنه‌كه بمانبات كه ده‌كرا پێكه‌وه دابنیشین‌و قسه بكه‌ین، به رێگایه‌كی بازنه‌یی له‌ڕێگه‌ی كۆڵانێكی ته‌نگه‌به‌رو به چه‌ند پێچ‌و كۆڵانی پێچاوپێچدا بردینی، له‌كاتێكدا پێویستی به‌وه‌ش نه‌ده‌كرد. دواجار له‌به‌رده‌م باڕو چێشتخانه‌یه‌كی ته‌واو میلیدا وه‌ستاین. ئه‌و له جیهانێكی تایبه‌ت به‌خۆیدا ده‌ژیا كه وایده‌زانی پلانی لێدهگێڕێن. دوای هه‌ندێك موجامه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی راسته‌وخۆ لێم پرسی: بۆچی ته‌واوی شیوعیه‌كان خۆیان دابڕیوه‌و خۆیان له كرێكارانی دیموكراتی كۆمه‌ڵایه‌تی دورخستۆته‌وه‌و كه‌وتونه‌ته دوو به‌ره‌ی جیاوازه‌وه؟ بۆچی په‌ند له روداوه‌كانی چیكۆسلۆڤاكیا‌و هه‌نگاریا وه‌رناگرن؟ به‌توندی نكۆڵی له‌و بابه‌ته كرد‌و وتی: دیموكراسیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌و دوو وڵاته‌دا بڕوایان وایه كه دۆزی شیوعیه‌كان له ئاستی ئه‌وان به‌رزتره. ئه‌و شۆڕشگێڕێكی مه‌زن بوو، به‌ڵام ته‌واو روون بوو كه ئاگاداری بابهتهكان نییه‌و له جیهانێكی خه‌یاڵاویدا ده‌ژی كه بۆ خۆی دروستیكردوه. كاتێك له‌یه‌ك جیابوونیهوه بڕوام وابوو كه حزبی شیوعی مالاوی له‌نده‌نی به پێگه‌یه‌كی گرنگ دانه‌ناوه، یان هیچ ئاگایان له‌وه نییه كه لیم هۆنگ به‌سیفه‌تی نوێنه‌ری نافه‌رمی ئه‌وان چی ده‌كات.
له شوباتی (1950)له‌كاتێكدا من هێشتا له تینتاگڵ بووم، (داڤید وێد یاكۆمب)كه یه‌كێك بوو له هاوڕێیانم له كه‌مبریج له‌سه‌ر لیستی پارتی كرێكاران خۆی كاندیدكرد، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسی تۆتینی گوندنشین له دیڤۆن، كه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر كاتژمێر‌و نیوێك دوور بوو. پێویستی به شۆفێرێك بوو بۆ پاسهكهیو هه‌روه‌ها بۆ یاریده‌ده‌ری گشتی. من‌و چۆ دوو هه‌فته‌مان له یارمهتیدانیدا به‌سه‌ربرد تا گه‌یشتین به شه‌وی هه‌ڵبژاردن، ئێمه له‌نێو لایه‌نگرانی پارتی كرێكاراندا بووین. من له‌گه‌ڵ شۆفێری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌دا بووم، چۆش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره گهنجهكهیو منداڵه‌كانیدا بوو. هاوسه‌ره‌كه‌ی لێی دوور بوو، مه‌شقی ده‌كرد تاوه‌كو ببێته پارێزه‌ر.
لێره‌وه فێربووم چۆن به‌شداری هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌م، له قوتابخانه‌كان‌و هۆڵه‌كانی كه‌نیسه‌دا چه‌ندین وتارم پێشكه‌شكرد. گوێ‌گران ده‌یان كه‌س ده‌بوون، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ده‌گه‌یشتنه (150)كه‌س. بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیم هه‌ڵده‌بژاردو به‌باشی مه‌شقم له‌سه‌ری ده‌كرد، له كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی دیكه هه‌ندێك شتم لێ ده‌گۆڕی.
بابه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه بوو به‌ریتانیا هه‌موو ساڵێك دراوی قورس (دۆلار)ی له مالایۆ ده‌ستده‌كه‌وێت، كه زیاتره له‌و یارمه‌تیانه‌ی له پڕۆژه‌ی مارشاڵه‌وه پێی ده‌گات كه ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، چونكه مه‌لایۆ نیوه‌ی كاوچۆی جیهانو سێیه‌كی به‌رهه‌می مس به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر به‌ریتانیا مه‌لایۆ له‌ده‌ستبدات، ئه‌وا زۆرێك له داهاته خۆراكی‌و كه‌ره‌سته خاوه‌كانی له‌ده‌ستده‌دات، سه‌رباری زیادبوونی بێكاری‌و به‌رزبونه‌وه‌یه‌كی توندی تێچوی گوزهرانكردن.
بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له داگیرگهكانهوه هاتبوون، هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كرێكاران‌و پارێزگاراندا هه‌ڵبژاردنێكی قورس نه‌بوو. چونكه پارتی كرێكاران سیاسه‌تێكی روونی هه‌بوو له‌هه‌مبه‌ر داگیرگهكان، كاریگه‌رانه له ساڵی (1945)ه‌وه تۆماری كردبوو. ئه‌و چاكسازییانه‌ی كه چاوهڕوانكردنیان درێژه‌ی كێشابوو، جێبه‌جێكران. به‌ڵام به‌لای پارێزگارانه‌وه داگیرگهكان ته‌نها ناوچه‌گه‌لێك بوون بۆ وه‌به‌رهێنان كه قازانجێكی زۆر‌و زه‌وه‌ندی هه‌بوو.
حكومه‌تی پارێزگاران له‌پێناوی پارێزگاریكردن له ئیمپراتۆرییهتو رێگرتن له روودانی پاشاگه‌ردانی، بڕیاریدا مۆراڵی نوێی نیشتیمانپه‌روه‌ری له‌لای گه‌لانی داگیرگهكان سه‌ركوت بكات. ئه‌گه‌ر وانه‌كات ئه‌وا حزبی شیوعی مالاوی بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی به‌ریتانییه‌كان له مه‌لایۆ، ته‌واو به‌هێز ده‌بێت.
گوێ‌گران له دیڤۆن، كاتێك ده‌یانبینی چینیه‌ك باس له پاڵێوراوێكی پارتی كرێكارانی به‌ریتانی ده‌كات، واقیان وڕمابوو. دۆزێكی دۆڕاو بوو، به‌ڵام ته‌نها رێگه بوو كه وایده‌كرد پاڵێوراوه گه‌نجه‌كان جیاكاربن.
له (23/شوبات/1950) ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له (تاون هۆڵ) راگه‌یه‌نرا. د‌یڤید دیدیكۆمب شكستێكی گورچكبڕی به‌ركه‌وت، به‌ڵام وتارێكی ئازایانه‌ی دا، ركابه‌ره پارێزگاره سهركهوتوهكهشی پیاوێكی به‌خشنده بوو. هانیدا تاوه‌كو بۆ جاری دوه‌م له بازنه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبژاردندا خۆی تاقی بكاته‌وه. ئه‌م كاره‌ش له‌سه‌ر ئاستی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌زمونێكی سیاسی به‌سود بوو.
دوای تێپه‌ڕبونی مانگێك یان دوو مانگ بوو نامه‌یه‌كم له به‌رپرسی پۆلیسی سه‌نگافوره (ئی ڤۆلگێر)ه‌وه پێگه‌یشت، ئه‌و له مۆڵه‌تدا بوو، دایك‌و بابمی ده‌ناسی. من‌و چۆی داوه‌تكرد بۆ ماڵه‌كه‌ی له بترلسۆن دیڤۆن. سێ رۆژمان له‌وێ به‌سه‌ربرد. ده‌یویست بۆچونێك له‌باره‌ی منه‌وه گه‌ڵاڵه بكات، منیش بایه‌خم به‌وه‌ده‌دا په‌یوه‌ندی دروست بكه‌م‌و سه‌رۆكی پۆلیسی به‌ریتانی داگیركه‌ر له قۆناغی دوای شه‌ڕدا ببینم، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش ببینم كه كاربه‌ده‌ست بوون. هه‌فته‌یه‌كی سودبه‌خش بوو، یاری گۆڵفمان كرد، هه‌رچه‌نده تائێستاش له‌و یارییه‌دا خراپم. ئه‌وكاته زانیم سه‌رنجی (لقی تایبه‌تی سه‌نگافوره)م راكێشاوه‌و كه‌وتومه‌ته ناو لیستی چاودێریكردنیانهوه. من له هۆڵی مه‌لایۆ چه‌ندین وتاری دژه بهریتانیو داگیركهرم دابوو. ده‌یانزانی من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كه‌سدا نییه.
وام به‌باش ده‌زانی ئه‌وه بزانن كه من به ئاشكرا‌و به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستوری كارده‌كه‌م. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ شیوعییه‌كان نییه‌و له‌گه‌ڵیاندا هاوسۆز نیم. به‌م نزیكانه‌ش ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌نگافوره.
له ئایاری (1950)دا چوینه له‌نده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی دوایین تاقیكردنه‌وه‌كانی ماف. له‌وێ به‌ڕێكه‌وت هانده‌رانی تۆپی پێمان بینی كه له پشوی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا بوون، ده‌رگای ئه‌و ئۆتێلهیان گرتبوو كه ئێمه شه‌وو رۆژ تیایدا ده‌ماینه‌وه، به‌و هۆیه‌وه نه‌مانده‌توانی بخوێنین. ده‌بوو نرخی مانه‌وه‌مان له ده‌ره‌وه‌ی له‌نده‌ن بدهینو گوێ به وانه‌بێژان نه‌ده‌ین كه له بابه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا لیژنه‌ی پشكنه‌ر بوون. لیستی پرسیاره‌كان به شێوازێكی باش بوو. هیچ كه‌سێك پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستنه‌هێنا. نمره‌ی دووه‌مم به‌ده‌ستهێناو به پله‌ی سێ پۆلێنكرام. چۆش پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا. هه‌موو شته‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چوون. له (21/6/1950) كاتێك بۆ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی پارێزه‌ری له ژوری نانخواردن له(تیمبڵ هۆڵ) بانگ كراین، ترسمان لێ نیشتبوو. به‌م جۆره قۆناغێكی نوێی ژیانمان ده‌ستی پێكرد.
به‌خۆشیه‌وه چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه بووین بۆ نیشتیمان، به‌ڵام بۆ ئه‌و چوار ساڵه‌ی له له‌نده‌ن به‌سه‌رمبرد به چاوی رازیبونو جۆرێك له خۆشحاڵیه‌وه لێی ده‌ڕوانم. ئینگلتهرهم بینی شه‌ڕ تۆقاندبووی، به‌ڵام له ده‌ره‌نجامی ئه‌و زیان‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتبوو، گه‌له‌كه‌ی شكستی نه‌خواردبوو. بهوسهركهوتنهشی به‌ده‌ستیان هێنابوو، تووشی بهخۆنازینو لوتبه‌رزی نه‌هاتبوون. هه‌ر بۆمبێك به‌سه‌ر له‌نده‌ندا كه‌وتبوو شوێنه‌كه‌ی پاك كرابۆوه‌و پاشماوه‌كه‌ی فڕێدرابوو، زۆرجاریش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كانی وێرانكاری، گوڵه‌كان له‌ته‌نیشته‌وه ده‌ركه‌وتبوون. جه‌نگ به‌شێك بوو له شانازییان، به‌ڵام جڵه‌وی لهدهستنهدابوونو ده‌رسیان لێ وه‌رگرتبوو.
رووخۆشیو رێزگرتن له‌كاتی مامه‌ڵه‌كردن له‌نێوان خۆیان‌و له‌گه‌ڵ كه‌سانی غه‌واره‌دا، جێگه‌ی سه‌رنج بوو. ئه‌وه‌ی كاری له ده‌رون ده‌كرد ئه‌و رێزدانانه بوو كه سه‌رنشینی ئۆتۆمبێله‌كان ده‌ریانده‌بڕی، تۆ ئاماژه‌ی سڵاوت بۆ كه‌سێكیان ده‌كرد، ده‌تبینی ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه وه‌ڵامی سڵاوه‌كه‌ت ده‌ده‌نه‌وه. كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆر شارستانی بوون. من هه‌ستم به‌په‌رۆشی ده‌كرد بۆ كه‌مبریج كه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌یه‌كی دهگمهنو تایبه‌ت خوێندم، كه پێكهاتبوون له‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی له شه‌ڕه‌كان گهڕابونهوهو له بیسته‌كانی ته‌مه‌نیاندا بوون، هه‌ندێكیشیان سی ساڵ زیاتر بوون‌و هاوسه‌رگیریان كردبوو منداڵیشیان هه‌بوو، ئه‌وان شێلگیر بوون‌و مهرگو وێرانه‌یان ده‌ناسی، هه‌ندێكیان به‌نێو دۆزهخیشیدا رۆیشتبوون.
یه‌كێك له خوێندكارانی ڤیتز ولیام به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی، توشی سوتاوییهكی زۆر هاتبوو. سه‌رباری چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری كه ئه‌نجامیدابوو، به‌ڵام هێشتا ته‌ماشاكردنی هه‌ر خه‌مگینی ده‌كردی. وه‌لێ توانیبووی به‌سه‌ر ئه‌و گرفتهیدا سه‌ربكه‌وێت. ئه‌و ده‌یزانی روخساری شێواوی ئه‌و كه‌سانه ده‌تۆقێنێ كه بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌یبینن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی‌و به متمانه‌وه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به‌خۆیدا بێته‌وه، كاری ده‌كرد. ئه‌و كۆڵینهداو توانی باشترین كه له توانایدایه به‌ده‌ستبهێنێت.
ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌مبریج كه له سوپادا خزمه‌تیان كردبوو، جه‌نگ شوێنه‌واری شێوێنه‌ری له‌سه‌ر جه‌سته‌یان به‌جێهێشتبوو. ئه‌وان بوون له‌دوای جه‌نگ كهمبریجیان كرده شوێنی فێربوون‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی جه‌نگ. من به‌ختم هه‌بوو كه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی بهریتانییهكاندا ژیام.
ئه‌و كه‌سانه‌شی له نازو نیعهتداو به‌خۆشی ژیابوونو له‌كاتی ئاشتیدا له خزمه‌تی نیشتیمانی هه‌ڵاتبوون، یاخود له خزمه‌تكردن به‌ده‌ر كرابوون، كه‌مینه بوون. كه‌سانێكیش هه‌بوون له‌هه‌ندێك شت‌دا به‌دڕه‌فتارییان له‌گه‌ڵ ده‌كردم، له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه بووبێت كه من خوێندكارێكی ئاسیایی بووم. هه‌ندێك له خانمانیش كه ژورو ماڵانیان به‌كرێ ده‌دا له مامه‌ڵه‌كردندا خراپ بوون، خانمانی نایابیش هه‌بوون له نمونه‌ی خاتوو میلۆر له (تینتاگێل)و خاتوو جاكسۆن كه له (په‌یمانگای چینی)له له‌نده‌ن گرنگی پێده‌دام، منیش ئه‌و ساڵانه‌ی له به‌ریتانیا ژیام زۆر باسم دهكردو تائێستاش له‌یادمه.
په‌یمانگای چینی له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌ریتانییه‌وه له گۆڕه‌پانی گۆردۆن دروستكرابوو، ده‌بوو چینیه‌كان پاره‌ی بده‌ن وه‌كو قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ی له مانگرتنی ساڵی (1900)دا به ژیان‌و كه‌لوپه‌لی به‌ریتانییه‌كانیان گه‌یاندبوو. بۆ ته‌واوی خوێندكارانی چین له هه‌موو نه‌ژاده‌كان كراوه بوو. له‌نزیك ناوه‌ندی له‌نده‌ن، جێگه‌یه‌كی ئارام‌و هێمنو ئاسوده‌به‌خش بوو. خاتوو جاكسۆن له‌گه‌ڵ هه‌موو خوێندكاران‌دا دڵسۆز بوو، له سه‌ره‌تاوه دڵسۆزی‌و په‌رۆشیه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ مندا هه‌بوو.
له‌كاتی رۆژانی پشودا كه به به‌رده‌وام شوێنی نیشتهجێبونم ده‌گۆڕا، جانتاو كتێبه‌كانمان له‌وێ داده‌نا. من‌و چۆ به‌م ناویشانه به‌ڵه‌د بووین: 16 گۆڕه‌پانی گۆردۆن. له له‌نده‌ن خانومان نه‌بوو، بۆیه بۆ خۆشتنو پشودان به‌خۆڕایی په‌نامان ده‌برده به‌ر به “په‌یمانگای چین”. خاتوو جاكسۆن چای به یه‌ك شڵن پێده‌داین.
ئایا كاروباره‌كان خه‌مهێن بوون؟ هیچ كه‌سێك ناتوانێ خه‌یاڵی ئه‌وه بكات ژیان‌و مانه‌وه‌مان له له‌نده‌ن چه‌نده سهختو ناخۆش بووه، مه‌گه‌ر خوێندكارێكی بیانی كه له‌و ساڵانه‌دا له به‌ریتانیا ژیابێت. چونكه له‌و خانوه‌ی تیایدا، خاوه‌نه‌كه‌ی ته‌نها قاوه‌ڵتی پێده‌داین، دوای ئه‌وه من‌و چۆ ژورهكهمان به‌جێده‌هێشت تاوه‌كو پاكی بكاته‌وه. پاشان بۆ خوێندن ده‌چووینه كتێبخانه‌ی گشتی. نانی نیوه‌ڕۆو ئێواره‌مان له چێشتخانه‌یه‌ك ده‌خوارد. بوونی شوێنێكی پاك‌و هێمن بۆ پشودان‌و خۆشتن خۆشگوزه‌رانییه‌كی ئه‌سته‌م بوو، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سانی بیانی.
كاتێك له ساڵی (1956) بۆ به‌شداریكردن له كۆنگره‌ی ده‌ستوری له‌باره‌ی ئایندهی سه‌نگافوره‌وه چوومه له‌نده‌ن، بۆ سه‌ردانی خاتوو جاكسۆن چووم بۆ گۆڕه‌پانی گۆردۆن. هه‌ردوكمان به‌دیداری یه‌كتر خۆشحاڵ بووین. په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ (په‌یمانگای چین) له‌و كاته‌دا جموجۆڵێكی سیاسی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو. پاش چه‌ند ساڵێك ژماره‌یه‌ك راپۆرتی كۆنی (لقی تایبه‌تی سه‌نگافوره) ئاشكرابوون، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد من‌و چۆ چووینه‌ته ئه‌و شوێنه تاوه‌كو له‌گه‌ڵ مالاوییه چینییه شیوعیه‌كاندا كۆببینه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا ماوتسی تۆنگ سه‌ركردایه‌تی سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی ناوخۆیی دهكردو له (1/10/1949) كۆماری گه‌لی چینی راگه‌یاند. له یه‌كێك له راپۆرته‌كاندا هاتبوو: چۆ زیاتر رادیكاڵ‌و توندڕه‌وتر بووه. بۆیه به‌توندی متمانه‌م به راپۆرته‌كانی (لقی تایبه‌ت) له‌ق بوو.
له‌میانی ساڵانی خوێندنمدا هه‌وڵم ده‌دا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی پارتی كرێكاران دروست بكه‌م، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یان كه ده‌یانتوانی هاوكاری كه‌سانی وه‌كو من بكه‌ن، كه هه‌وڵیانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوویی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی داگیركاری بێت‌و مه‌لایۆ كه سه‌نگافوره‌ش ده‌گرێته‌وه سه‌ربه‌خۆ ببێت. پارتی كرێكاران زیاتر له پارتی پارێزگاران له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی داگیرگهكاندا هاوسۆز بوو، ته‌نانه‌ت له‌و كۆبونهواشی كه من تیایدا ئاماده‌بووم، باسیان له (پادشا‌و ئیمپراتۆرییه‌ت)ده‌كرد.
هه‌روه‌ها ده‌مویست له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندكاره به‌ریتانیانه‌ی كه ده‌یانتوانی له ئاینده‌دا له‌ناو پارته سیاسیه سه‌ره‌كیه‌كاندا رۆڵ بگێڕن، په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانم بده‌م، ئه‌و تۆڕه‌ش له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ردا له سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ رووبه‌ڕوو ده‌بوومه‌وه سودبه‌خش ده‌بوو. بۆیه به بایه‌خێكی زۆره‌وه له سیستمه سیاسییهكهیانم ده‌كۆڵیه‌وه. وادیاربوو سیستمه پارله‌مانییه دیموكراسیهكهیان به‌باشی كاری ده‌كرد. شۆڕشێكی فراوانی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، به‌هێمنی له‌به‌رچاومدا ده‌گوزه‌را.
ده‌نگده‌ران له ئایاری (1945) وینستۆن چه‌رچڵ‌و پارێزگاره‌كانیان رووخاند، هه‌رچه‌نده چه‌رچڵ جه‌نگه‌كه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی برده‌وه. ده‌نگده‌ران كلیمێنت ئاتلیو پارتی كرێكارانیان گه‌یانده ده‌سه‌ڵات، به‌و هیوایه‌ی چاره‌سه‌ری ئاڵوگۆڕه قوڵه‌كان له مێژوی به‌ریتانیادا بكات.
حكومه‌ته‌كه‌ی ئاتلی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی دادپه‌روه‌ر، به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی جێبه‌جێكرد. گرنگی به ته‌واوی چینه‌كانی به‌ریتانیا هه‌ر له لانكه‌وه هه‌تا ناو گۆڕ ده‌دا. هیچ ناڕه‌زاییه‌كی توند له‌لایه‌ن ركابهرهكانیانهوه نه‌بوو. له شه‌قامه‌كاندا خوێن نه‌ڕژا. پارێزگاره‌كان ته‌نها له پارله‌مان‌و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا وتاری ره‌خنه‌گرانه‌یان ده‌دا، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و كارانه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چوون، هانی میانڕه‌وی‌و عه‌قڵانیه‌تیان ده‌دا. من به‌و دۆخه زۆر كاریگه‌ر بووم.
دوای ماوه‌یه‌كی كورت له ده‌رچونی یاسای خزمه‌تی ته‌ندروستی نیشتیمانی له ساڵی (1945)، بۆ ده‌ستكه‌وتنی چاویلكه‌ی پزیشكی چوم بۆ لای پزیشكێكی چاو له شه‌قامی ریجێنت له كه‌مبریج. من پێشبینیم ده‌كرد نرخه‌كه‌ی پێنج بۆ شه‌ش جونه‌یه بێت، به‌ڵام پزیشكه‌كه به شانازییه‌وه پێیوتم له‌به‌رامبه‌ر چاویلكهكهدا هیچ پاره‌یه‌ك ناده‌یت، مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها كاغه‌زێكی فه‌رمی واژو بكه‌م.
من زۆر خۆشحاڵ بووم‌و گومانم ده‌كرد كۆمه‌ڵگای شارستانی ده‌بێت به‌م جۆره بێت. دوای چه‌ند مانگێك، شتێكی هاوشێوه له‌گه‌ڵ پزیشكێكی دداندا روویدا. ده‌بوو ته‌نها كاغه‌زێك واژو بكه‌م، به‌ڵام پزیشكه‌كه ته‌نانه‌ت داوای واژوكردنی كاغهزهكهشی نه‌كرد، چونكه من پێشتر له تۆماری نه‌خۆشاندا ناوم تۆماركرابوو.
جاری دووه‌م كه سه‌رسام بووم، ئه‌و كاته بوو كه رۆژنامه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا زۆرێك له فهرهنسییهكانو خه‌ڵكانی كیشوه‌ره‌كانی دیكه، به‌هۆی بوونی سیستمی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی خۆڕایی دێنه به‌ریتانیا. من ئه‌وه‌م به بابه‌تێكی زۆر مه‌حاڵ ده‌زانی، به‌ڵام فه‌ره‌نسیه‌كان زۆر هه‌ژار بوون. بۆیه زۆر سه‌رسام بووم به‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه به‌ریتانییه‌كان ئه‌نجامیاندا.
ئه‌و شته‌ی زۆر سه‌رسامی كردم دادپه‌روه‌ری رژێمه‌كه بوو. حكومه‌ت كاریده‌كرد بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه هه‌موو تاكه‌كانی وا لێبكات – ده‌وڵه‌مه‌ند بن یان هه‌ژار، باڵا بن یان ساده یاخود له چینی ناوه‌ڕاست بن- له ئاستێكی شیاوی ژیاندا بژین. دیاره هه‌ندێك كه‌موكوڕیش له جێبه‌جێكردندا هه‌بوو. به‌ڵام حكومه‌ت به‌رده‌وام بوو له دابه‌شكردنی خۆراك‌و پۆشاك كه له‌كاتی شه‌ڕدا په‌یڕه‌وده‌كرا، تاوه‌كو پارێزگاره‌كان له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا هه‌ڵیانوه‌شانده‌وه. وه‌لێ هێشتا به‌سه‌ر كه‌ره‌سته خۆراكییه‌كانی وه‌كو شهكرو چا، شیرینی‌و شۆكۆلاته، كه‌ره‌و گۆشت‌و گۆشتی به‌رازو ئاردو هێلكه‌دا په‌یڕه‌وده‌كرێت، پۆشاكی كاركردنیش به‌نرخێكی گونجاو به‌رده‌سته، به‌ڵام پێویستی به كۆبون هه‌بوو.
بۆ دڵنیابونه‌وه له‌وه‌ی كه ئه‌و كارانه خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت زۆر قه‌به ده‌كه‌ن، من مكوڕو زۆر نمونه‌یی بووم. خراپتر له‌وه‌ش له سایه‌ی سیستمێكی یه‌كسانی به‌م جۆره‌شدا، هه‌ر تاكێك په‌یوه‌ست ده‌بوو به‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرێت هه‌وڵی ده‌ستخستنی پێداویستیه‌كانی له كه‌رتی خۆڕایی هاوبه‌ش بدات، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی هه‌وڵی به‌ره‌و باشتر بدات. به‌مه‌ش بۆ پێشكه‌وتنی گه‌شه‌كردنی مرۆیی، هێزێكی هانده‌رانه دروستده‌بێت. ئه‌م تێڕوانینه كرده‌ییه چاوه‌ڕوانی قۆناغی شه‌سته‌كانی ده‌كرد، كاتێك بوومه به‌رپرس له حكومه‌تێكی بچوكی سه‌نگافوره كه له به‌ریتانیا زیاتر هه‌ژارتر بوو. به‌ر له‌وه‌ی بیر بكه‌مه‌وه‌و ته‌نانه‌ت پێش باسكردنی دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهات، پێداویستی په‌یداكردنی داهاتو ده‌ستكه‌وتنی سامان رووبه‌ڕووم بوویه‌وه.
له‌و میانه‌یه‌دا له‌ڕێگه‌ی نامه‌و هه‌ندێك كۆپله‌ی ناو رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیاوه ئاگاداری رووداوه‌كانی نیشتیمان بووم. به‌هۆی پارتی شیوعی مالاوییهوه، مانگرتنی كرێكاران‌و گرژی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خۆپیشاندان‌و ئاڵۆزی سیاسی رووی‌دابوو. له حوزه‌یرانی (1948)دا شیوعییه‌كان ده‌ستیانكردبوو به ته‌قه‌كردن له جوتیارانی كاوچۆی به‌ریتانی له‌ناو وڵات‌دا. چه‌ته‌كان گه‌ڕابوونه‌وه بۆ ناو جه‌نگه‌ڵه‌كان، حكومه‌تی داگیركه‌ر باری له‌ناكاوی راگه‌یاندبوو.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌گۆڕه‌پانی ئاوه‌ڵای ده‌ستورییدا، هێزێكی سیاسی ئه‌وتۆ له‌پشتی سه‌ركرده لاوازهكانهوه نه‌بوو، ئه‌وسه‌ركردانه‌ی خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی به‌ریتانی بوون، بۆ قایلكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا به په‌رۆش بوون. هه‌ستم به‌گڕو تین ده‌كرد، چونكه كاتێك ئه‌و جیله‌ی من ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌بێت گۆڕه‌پانه‌كه پڕبكه‌ینه‌وه.
له زانكۆی كه‌مبریج بوومه ئه‌ندامی (یانه‌ی كرێكاران)، به رێكوپێكی ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كانیان ده‌بووم، به‌تایبه‌تی ئێوارانی هه‌ینی كاتێك وه‌زیره‌كانی پارتی كرێكاران ئاماده ده‌بوون، به‌مه‌به‌ستی باسكردن له‌و به‌رنامانه‌ی پشتیوانی لێدهكهنو ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی پارله‌مانه‌وه تێیپه‌ڕێنن.
كاتی بیروڕا گۆڕینه‌وه وروژاندنێكی مه‌زن بوو. دیموكراسیه‌كی سۆسیالیستی راسته‌قینه هه‌بوو، هه‌روه‌ها شارستانیانه‌ش بوو. جارێكیان پزیشكانی به‌ریتانیا هه‌ڕه‌شه‌ی مانگرتنیان كرد، به‌ڵام ویژدان‌و نهریتو دابه‌كانی رژێمی ده‌ستوری رێگه‌ی ئه‌و كاره‌ی پێنه‌دان. وه‌زیری ته‌ندروستی ئانۆرین بیڤان توانی پڕۆژه قانونی (خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی گشتی)تێپه‌ڕێنێت، دوای ئه‌وه‌ی پارێزگاره‌كان به‌وه وه‌سفیان كرد كه (له زینده‌وه مشه‌خۆره‌كان كه‌متره).
پارتی كرێكاران خانوی به‌كۆمه‌ڵی دروستكرد تاوه‌كو به‌نرخێكی كه‌م به‌كرێ بدرێت. هه‌روه‌ها چوارچێوه‌ی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان فراوانكرد، تاوه‌كو دڵنیاببنه‌وه له‌وه‌ی كه (تۆڕی دڵنیایی)هه‌موو ئه‌و خێزانانه ده‌گرێته‌وه كه ناتوانن پێداویستیه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان دابین بكه‌ن. (ئه‌و پێداویستیه بنه‌ڕه‌تیانه به‌لای منه‌وه كه‌مالیات بوون، به به‌راورد به‌وه‌ی كه له‌باره‌ی بارودۆخی سه‌نگافوره باسمكرد، ته‌نانه‌ت تاوه‌كو به‌ر له داگیركاری یابانیش). وانه‌یه‌كی بهنرخو به‌پێز بوو بۆ چۆنێتی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.
هاوته‌مه‌نه‌كانی من له سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ كه له به‌ریتانیا خوێندكار بوون دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ته‌واو سه‌رسام بوون به دادپهروهریو عه‌قڵانیه‌تی به‌رنامه‌كانی حكومه‌تی كرێكاران. ئێمه به‌په‌رۆش بووین بۆ سیستمی پێگه‌یشتوی به‌ریتانی، كه له سایه‌یدا داب‌و نه‌ریتی دهستوریو میانڕه‌وانه رێگه‌ی ده‌دا گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له دهسهڵاتو ساماندا به ئاشتیانه رێڕه‌وی خۆیان بگرنه‌به‌ر.
ئێمه ئه‌وه‌ی له به‌ریتانیا ده‌مانبینی، به‌راوردمان ده‌كرد به‌وه‌ی له سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ ده‌گوزه‌را، چونكه لای ئێمه رێژه‌یه‌كی زۆری نه‌خوێنه‌وار هه‌بوو، ئه‌و رۆژنامه‌گه‌رییه لاوازهشی كه هه‌بوو هه‌موو دۆزه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فه‌رامۆشكردبوو، ته‌نها باسی له هه‌واڵ‌و جموجۆڵی به‌رپرسه گرنگهكانو دهستو پێوهندهكانیان ده‌كرد. دۆخه‌كه دواكه‌وتوو بێئومێدانه دیار بوو.
من‌و چۆ له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌و له‌سه‌ر پشتی پاپۆڕی ولیه‌م ریۆسی هۆڵه‌ندی گه‌ڕاینه‌وه بۆ نیشتیمان، باشترین پاپۆڕ بوو كه له‌نێوان به‌نده‌ری ساوسامبتۆنو سه‌نگافوره‌دا له هاتوچۆدا بوو. نوێ بوو، سیستمی ساردی‌و گه‌رمی تێدابوو، خوانی ئهندهنوسیو هۆڵه‌ندی نایابی پێشكه‌ش ده‌كرد، جگه‌له‌و خزمه‌تگوزارییه بێوێنه‌یه‌ی كه سه‌دان كارمه‌ندی نایاب (ئادنجۆ نگۆز) پێشكه‌شیان دهكردو پۆشاكی ده‌ریاییان پۆشیبوو.
گه‌شتی ماڵئاوایی بوو، له دوو كابینه‌ی ته‌نیشت یه‌كدا بووین، كاتێكی خۆشمان به‌سه‌رده‌برد، ئه‌گه‌ر له‌لای كه‌نداوی بیسكایو جارێكی دیكه له‌لای ده‌ریای عه‌ره‌بی، توشی سه‌ره‌گێژه‌ی ده‌ریایی نه‌بومایه. به‌و هۆیه‌وه ناچاربووم په‌یڕه‌وی ریجێمێكی توند بكه‌م‌و خۆم له نانی لهتكراوو گۆشتی مانگا بگرمه‌وه، جگه‌له‌وانه گه‌شتێك بوو له‌یاد نه‌ده‌كرا.
له‌هۆشی ئێمه‌دا به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و دواكه‌وتوییه هه‌بوو. له‌باره‌ی كاروباری سیاسی‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داگیركه‌ره‌وه زانیارییه‌كی زۆرم هه‌بوو. خۆم له سه‌رنشینه پله یه‌كه‌كانی ئهندهنوسیاو ئاسیاییه ئه‌وروپییه‌كان دوور ده‌گرت، چونكه ئه‌وان له كاپتنه هۆڵهندییهكهو ئه‌فسه‌ره‌كانی ده‌چوونه پێش. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێمه خۆشحاڵ بووین یاوه‌ری به‌ڕێز محه‌مه‌د رازیفو هاوژینه‌كه‌ی بووین، ئه‌وان ئه‌نده‌نوسی بوون‌و له ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیاندا بوون‌و خۆیان له كاپتهنهكه به‌دور ده‌گرت. له‌ڕێگه‌ی یه‌كترناسینه‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه رازیف نیشیتمانپهروهرێكی سۆمهترهییه. ئه‌و دواتر بووه باڵێوزی وڵاته‌كه‌ی له كوالالامپور.
باوه‌ڕبوونم به گهورهییو ههستبهزری گه‌لێك كه له‌ژێر ملكه‌چی داگیركه‌ریدا بوو، به‌زیندویی رادهگرمو هه‌میشه رێزێكی بێپایانی لێده‌گرم. وه‌لێ پێویستم به هه‌ندێك كات هه‌بوو، تاوه‌كو دڵنیا ببمه‌وه له‌وه‌ی كه وڵات زیاتر پێویستی به‌و كه‌سانه‌یه كه ده‌توانن له لوتكه‌وه كاروباره‌كان بگۆڕن. هه‌رچه‌نده ده‌بێت گه‌ل هه‌مووی رێز له خۆی بگرێت‌و ئاره‌زوی تێكۆشانی هه‌بێت، به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت. ئه‌ركی سهركردهكانیشه چوارچێوه‌یه‌كی فراوان بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌م بكه‌ن، تاوه‌كو فێرببنو لێبڕاوانه كاربكهنو به‌رهه‌مهێن بن، به‌پێی كاره‌كانیشیان پاداشت بكرێن. به‌دیهێنانی ئه‌م بابه‌ته‌ش ئاسان نه‌بوو.
له یه‌كی ئابدا گه‌یشتینه‌وه سه‌نگافوره، هه‌ستێكی خۆشه كه مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتیمانه‌كه‌ی. ده‌مزانی ده‌چمه ناو قۆناغێكی جیاوازی ژیانمه‌وه‌و به‌خێرایش دركم به مه‌ترسییه‌كانی كرد. هه‌رچه‌نده ئێمه به پله‌ی یه‌ك گه‌شتمان كردبوو، به‌ڵام ئه‌فسه‌ری كۆچ به‌ڕێز فۆكس كه به پۆشاكه فهرمییهكهوه له‌سه‌ر رووی پاپۆڕه‌كه دههاتو ده‌چوو، دڵنیابوو له‌وه‌ی كه من شوێنی خۆم ده‌زانم، وایلێكردین من‌و چۆ تا دوا نه‌فه‌ر چاوه‌ڕێ بكه‌ین. پاشان ته‌ماشای پاسپۆرته‌كه‌ی من‌و چۆی كرد‌و وتی: ده‌بوو من زیاترم له‌باره‌ی تۆوه ببیستایه به‌ڕێز لی. سه‌رنجم دایه روخساریو تێبینیهكانیم فه‌رامۆشكرد. ده‌یویست بمترسێنێ، به‌ڵام من لێی نه‌ده‌ترسام.
دواتر ئاشكرابوو یه‌كێك له خاڵه له ره‌شه‌كان له‌دژی من، په‌یوه‌ندی گومانلێكراوانهم بووه به ئاهه‌نگی گه‌نجانی جیهانی له مانگی ئابی (1949)دا له بۆدابست. یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بۆ ئه‌م بۆنه رێكخراوه‌ی شیوعییه‌كان، ههنگارییهكانی وه‌كو میوان به‌كارهێنابوو. یه‌كێتی خوێندكارانی جیهانی له له‌نده‌ن، چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ی بۆ به‌شداریكردن له‌م ئاهه‌نگه داوه‌تكردبوو. هه‌ندێك له مالاویو سهنگافورهییهكانیش رازیبون به‌شداری له‌و ئاهه‌نگه‌دا بكه‌ن، چونكه هه‌لێك بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی پشویه‌كی هه‌رزانبه‌ها، له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی زۆر خزمه‌تگوزاری خۆڕاییدا.
كینگ سۆیو مۆریس بیكه‌رو دینیسی برام‌و كه‌سانێكی دیكه به‌شداربوون. هه‌ندێك له مالاوییهكان له‌وێ خۆپیشاندانێكیان له‌ژێر دروشمی (مه‌لایۆ له‌پێناوی ئازایدا ده‌جه‌نگێ) رێكخستبوو، هه‌واڵگری به‌ریتانیاش به‌وه‌ی زانیبوو. به‌و هۆیه‌وه هه‌ندێكیان كاتێك بۆ نیشتیمان گه‌ڕانه‌وه دوچاری ناڕه‌حه‌تی هاتن، هه‌واڵگری به‌ریتانیا لیستی ناوی به‌شداربوانی بۆ (لقی تایبه‌تی سه‌نگافوره) ناردبوو. له‌نێویاندا (ك.ی.لی) هه‌بوو، لقی تایبه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكم كردبوو، به‌ڵام نه‌یانتوانیبوو بابه‌ته‌كه روون بكه‌نه‌وه، چونكه هیچ شتێكیان نه‌ده‌زانی. له‌ئه‌نجامدا ده‌سه‌ڵاتداران نه‌یانزانی گومانلێكراوه‌كه دێنیسی برامه نه‌وه‌كو من.
لهدۆسێكانی تایبه‌ت به‌مندا راپۆرتی دیكه هه‌بوون، ئه‌وه‌ش وایكرد جیام بكه‌نه‌وه‌و ببمه دوایین سه‌رنشین كه له پاپۆڕی (ویلیه‌م رۆیز) دابه‌زی. كاتێك له ساڵی (1981) مێژوی زاره‌كی خۆمم ده‌قنوس كرد، توێژه‌رێك كه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌كۆڵیه‌وه، له كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئاگاداری كردم كه له (28/8/1950) له باڵه‌خانه‌ی حكومه‌ت كرابوو. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا نیگڵ مۆریس به‌ڕێوه‌به‌ری لقی تایبه‌ت راسپارده‌ی دابوو كه من‌و چۆ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌مان له ئینگلته‌ره ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیر بكرێین، به‌ڵام سه‌رۆكی پۆلیس (ئاڕ ئی ڤۆڵڤهر) ئه‌و یاداشته‌ی ره‌تكردبوویه‌وه. ئه‌وه ڤۆڵڤهر بوو كه داوه‌تی كردبووین تاوه‌كو له دیڤۆن پشوی كۆتایی هه‌فته‌ی له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر ببه‌ین.
له به‌ڵگه‌نامه تۆماركراوه‌كاندا هاتبوو: دادوه‌رو گه‌وره ئهفسهرانو سكرتێری داگیرگه پشتگیری هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ڤۆڵڤهریان كردوه، ناڕازی بوون له‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێیت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ر به دوو خانه‌واده‌ی ناسراوینو كاردانه‌وه‌ی رایگشتی له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنمان خراپ ده‌بێت. وتبویان باشتره وابكه‌ین مه‌یلیان به‌لای ئێمه‌دا ههبێتو دۆستایه‌تیان به‌ده‌ستبهێنین. كۆمیسیاری گشتی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا مالكۆڵم ماكدۆناڵد پێشنیاری كردبوو تاوه‌كو ببینه میوانێكی گونجاو، چونكه ئه‌و له‌سه‌ر داوه‌تكردنی خوێندكاران بۆ سه‌ر خوانی ئێواره راهاتبوو. بۆیه دوای چه‌ند مانگێكی كه‌م له گه‌ڕانه‌وه‌مان، من‌و چۆی داوه‌تكرد.
له‌كاتێكدا به‌ڕێز فۆكس گلی دابووینهوه، له هۆڵی پله‌یه‌ك له‌سه‌ر پشتی پاپۆڕی ویلیه‌م رۆیز له چاوه‌ڕوانیدا بووین. چوومه سه‌ر پشتی پاپۆڕهكهو به‌ده‌ست سڵاوم له خێزانه‌كه‌م كرد: باوك‌و دایكم‌و فرێدو مۆنیكاو سوان كه له‌سه‌ر كه‌ناری به‌نده‌ره‌كه ریزیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له هاوڕێكانمدا به‌ستبوو، له‌نێویاندا هۆی سۆی سه‌ن هه‌بوو، هه‌روه‌ها خێزانی چۆش له چاوه‌ڕوانیدا بوون. هه‌ر كه دابه‌زین وه‌كو دوو هاوڕێ له‌یه‌كتر جیابووینه‌وه، تاوه‌كو نهێنی هاوسه‌رگیریمان له به‌ریتانیا بڵاونه‌بێته‌وه. هه‌روه‌كو نه‌ریته ئه‌و له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكی چوو بۆ باسیر بانجینگ، منیش بۆ شه‌قامی ئۆكسلی.
وەرگێڕانی/ بارام سوبحی