پاش رزگاركردن
رۆژی چوارشه‌ممه (12/ئه‌یلول/1945)، نزیك كاتژمێر ده‌و نیوی به‌یانی بوو، به پێ ده‌چووم بۆ (سیتی هۆڵ)، له‌وێ مه‌راسیمی خۆڕاده‌ستكردن به‌ڕێوه‌ده‌چوو. له‌سه‌ر رێگای بادانگ وهستامو چاوه‌ڕێم كرد. دیمه‌نه‌كه شایانی چاوه‌ڕوانی بوو. دهستهیهكم بینی كه حه‌وت گه‌وره ئه‌فسه‌ری یابانی بوون‌و به یاوه‌ری پۆلیسی سه‌ربازی به‌ریتانی به كڵاوه سورهكانیانو نیشانه‌كانی سه‌ر قۆڵیان گه‌یشتنه (های ستریت).
له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه ژه‌نه‌راڵ ئیتاجاكی هه‌بوو كه سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزه‌كان بوو له مهلایۆو سه‌نگافوره، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له ئه‌فسه‌ره یابانییه‌كانه‌وه، به شێوازێكی دروست ده‌ڕۆیشتن.
جه‌ماوه‌ر به‌ڕوویاندا هاواریان دهكردو فیكه‌یان لێده‌داو گاڵته‌یان پێده‌كردن، به‌ڵام یابانییه‌كان توندوبهند بوون‌و سه‌ریان به‌رز كردبوویهوهو دهیانواڕییه پێشی خۆیان. ئه‌وان هاتبوون بۆ واژوكردنی چه‌كی فه‌رمی خۆڕادهستكردنو فه‌رمانی ئیمپراتۆره‌كه‌یان به‌جێده‌هێنا. له‌كاتێكی دواتردا زۆرێك له ئه‌فسه‌ره‌كان له شوێنه جیاوازه‌كان بینران. سامۆرا درێژه‌كانیان له‌ناو كێلانهكانیاندا راده‌ستكرد. ئه‌وان دانیان به شكستدا نا، چه‌كه‌كانیان لێ داماڵراو بوونه دیلی جه‌نگ. به‌ڵام ئه‌و حه‌وت ئه‌فسه‌ره‌ی ئێستا له (سیتی هۆڵ)ده‌ڕۆیشتن، نوێنه‌رایه‌تی سوپایه‌كیان ده‌كرد كه له جه‌نگدا نهبهزیبوو. پێویست بوو له‌سه‌ریان تاوه‌كو كۆتایی بجه‌نگن، له‌لای سهنگافورییهكان بێزراو بوون، به‌ڵام هه‌ستێكیان له‌لای گه‌لی سه‌نگافوره به‌جێهێشت كه هیچ جێگه‌ی گومان نه‌بوو، ئه‌وان پێیان باشتر بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا له‌ناو ئاگردا بسوتێتن، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆیان راده‌ست بكه‌ن.
دوای چل‌و پێنج خولهك، لۆرد لویس مۆنتباتن ده‌ركه‌وت، ئه‌و فه‌رمانده‌ی سوپای به‌ریتانیا بوو له باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، حه‌زی له جلوبه‌رگی فهرمیو نمایشی سهربازیو مه‌راسیم بوو. جلوبه‌رگی سپی هێزی ده‌ریایی پۆشیبوو، ژماره‌یه‌ك ژهنهراڵو گه‌وره ئه‌فسه‌ر یاوه‌رییان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ حه‌وت یان هه‌شت ئه‌فسه‌ر كه نوێنه‌رایه‌تی هێزه هاوپه‌یمانه‌كانیان له هندیو چینی‌و هۆڵهندیو ئه‌وانیتر ده‌كرد. سه‌ربازه‌كان كه وه‌كو زنجیر له‌به‌رده‌م پلیكانه‌كان به‌ڕێكی وه‌ستابوون، كڵاوه ده‌ریاییه‌كانیان به‌رزكرده‌وه‌و سێ‌جار سڵاویان پێكرد.
چركه‌ساتی خۆشحاڵییه‌كی مه‌زن بوو. دێوه‌زمه‌ی داگیركردنی یابانی نه‌ما، خه‌ڵكی بڕوایان وابوو كه رۆژگاره خۆشه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، چه‌ند ئاماژه‌یه‌كیش بۆ ئه‌وه هه‌بوون. هێزه‌كان له دابه‌شكردنی جگه‌ره‌دا – ده‌سته پاكه‌تی جگه‌ره‌ی پلیزهر كه ماوه‌ی سێ ساڵ بوو نه‌مابوو- به‌خشنده بوون. ویسكی جۆن ۆوكهرو جن له ماركه‌ی گۆردۆن به بڕی زۆر له بازاڕه‌كاندا به‌رده‌ست بوون. بڕوامان وابوو به‌زوویی برنج‌و میوه‌و سه‌وزه‌و گۆشت‌و خواردنی له‌قوتونراو زۆرده‌بن. له ماوه‌ی هه‌فته كه‌مه‌كانی سه‌ره‌تادا هه‌ستكردن به خۆشی هه‌بوو، خه‌ڵكی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئینگلیز خۆشحاڵ بوون‌و پێشوازییان لێده‌كردن.
له سه‌ره‌تای ساڵی (1946)دا خه‌ڵكی بۆیان روون بوویه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ رۆژگاره ئارام‌و سهقامگیرهكانو ژیانێكی ئاسان له سه‌نگافوره‌دا نییه. شاره‌كه پڕبوو له هێزی سه‌ربازی به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه. ئه‌وان كافتریا‌و قاوه‌خانه‌و تیاترۆخانهكانیان ته‌نیبوو. نه‌ده‌كرا ده‌ستبه‌جێ جموجۆڵه بازرگانییه چالاكه‌كانی به‌ر له جه‌نگ بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه به‌كاربه‌ره ئینگلیزه‌كان یان مردبوون یان تازه له زیندان گه‌ڕابوونه‌وه. كه‌شتیه‌كان به كه‌می دهگهیشتنو شتومه‌كی به‌ریتانیش كه‌م بوو.
ئه‌و شتومهكانهش كه ده‌گه‌یشتن پێده‌چوو به‌ر له هه‌نارده‌كردنیان، له چه‌ند ساڵێكی به‌ر له جه‌نگه‌وه ئهمباركرابن. ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ش كه له نوسینگه‌كانی حكومه‌ت كاریان ده‌كرد نه‌یانده‌توانی بۆ سه‌ر كاره كۆنه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، زۆرینه‌یان بێكار مابوونه‌وه. دنیایه‌كی شێواو بوو، ده‌ستگێڕه‌كان له سه‌نگافوره‌دا بوژانه‌وه، هه‌روه‌كو له به‌ریتانیادا ههبوونو پێیانده‌وترا بێكاره‌كان، زۆرێك له‌و شمه‌كانه‌ی پێشتر له بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشران، ئێستا له بازاڕی ئازاد‌دا ده‌فرۆشران.
ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێلی جێبو ماتۆڕسكیلی سه‌ربازی له شه‌قامه‌كاندا هه‌بوون، وه‌لێ ئۆتۆمبێل‌و بارهه‌ڵگری نوێ نه‌بوون. فارگۆنه‌كانی جۆری (ترۆلی پاس) رێگاكانیان پڕ كردبوو له چاڵ‌و شێواندبوویان، هه‌رچی ته‌له‌فۆنه كۆن ببوو، به‌هۆی نوێنهكردنهوهی هێڵه‌كانی، دهنگهگهی روون نه‌بوو. به‌هۆی پچڕانه‌وه كاره‌بای به‌رده‌وام نه‌بوو. هه‌رده‌بوو هه‌ندێك كات به‌ڕێ بكه‌ین، تاوه‌كو كاره‌كان ده‌چنه‌وه جێگه‌ی خۆیان.
به‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه چاوه‌ڕوانی (رۆژگاره خۆشه‌كانی رابردوو) بووین، له‌كاتی ساڵانی نه‌هامه‌تیدا هیواكانمان په‌یوه‌ست بوون به پهرۆشیو تاسه بۆ رابردوو، هیواكانمان گه‌وره بوون، به‌ڵام بێهوایی له چاره‌مان نوسرابوو. ژێرخان داڕوخابوو، موڵك‌و ماڵی تایبه‌ت بێكهڵك ببوو یان تێكدرابوو. خه‌ڵكێكی زۆر مردن‌و زۆرێكی دیكه‌ش دووچاری نه‌خۆشی هاتن یان په‌كیان كه‌وت. ژیان هه‌ر ده‌بوو رێڕه‌وی خۆی وه‌ربگرێت، به‌ڵام وه‌كو رۆژگاری رابردوو نه‌ده‌بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دوای ئه‌و هه‌موو سه‌ركوتكردن‌و تۆقاندنه زۆره‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستی یابانییه‌كان چه‌شتمان، ئیداره‌ی سه‌ربازی به‌ریتانی هه‌رچه‌نده كه‌مته‌رخه‌میش بووبێت، بۆ ئێمه مایه‌ی ئاسوده‌ییه‌كی گه‌وره بوون. ئهفسهرانو مه‌ده‌نییه به‌ریتانییه‌كان ده‌یانزانی دانیشتوان به گه‌ڕانه‌وه‌یان خۆشحاڵن، هه‌ستیان به‌و په‌رۆشیه ده‌كرد كه بۆ ئه‌وانمان ده‌رده‌بڕی، ئه‌وه‌ی له توانایاندا بووایه له‌پێناوی ئێمه‌دا ده‌یانكرد.
زۆرێك له ئهفسهرانو سه‌ربازان له پشكی خۆیان جگه‌ره‌و خواردنه‌وه‌یان پێده‌داین. زۆر كه‌س له سه‌نگافوره له زمان‌و كلتوری ئینگلیزی‌و سیستمی حوكم له به‌ریتانیا تێده‌گه‌یشتن. ته‌نانه‌ت نه‌خوێنده‌واره‌كانیش له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی سیستمی كۆلۆنیالی به‌ریتانی راهاتبوون، چونكه په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی هه‌بوو.
چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌دیاریكراوی گه‌ڕه‌كی (ستریت چاینیز)، خۆشحاڵ بن به گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كه پێی به‌ناوبانگ بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له نه‌ریته چینییه‌كانی گێڕایه‌وه، به‌ڵام زۆرێكیان ده‌ستبه‌رداری قسه‌كردن به زاره تایبه‌ته‌كانیان بوون‌و به زمانی مالاوی ده‌په‌یڤین.
وه‌كو ده‌زانرێ په‌نابه‌ره یه‌كه‌مینه‌كان هاوسه‌ره‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا نه‌هێنابوو، بهڵكولهگهڵ ژنانی ناوچه‌كه هاوسه‌رگیرییان كرد. ئه‌و كه‌سانه‌ش زۆرینه‌یان هه‌واداری به‌ریتانیا بوون، منداڵه‌كانیان بۆ قوتابخانه ئینگلیزییه‌كان ده‌نارد، به‌و هیوایه‌ی له‌كۆتاییدا ببنه پسپۆڕ یان فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت له‌و داگیرگانهی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ی دهبردنو زمانی فه‌رمییان ئینگلیزی بوو.
خه‌ڵكێكی زیاتر چوونه ریزی كۆمه‌ڵه‌ی سترێتسی به‌ریتانیی، كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره به‌ناوی (چینیه‌كانی پادشا)ناودهبرانو ئه‌ندامه دیاره‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ش ده‌بوونه سوارچاكو پاڵه‌وان. له‌كاتێكدا ئه‌م كه‌سانه ته‌نها (10%)كۆمه‌ڵگه‌یان پێكده‌هێنا. ئه‌وانی دیكه‌ش چینی بوون‌و به زمانی چینی دهدوانو له‌كاتێكی دواتردا هاتن بۆ سه‌نگافوره.
ئه‌وان به زاراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان ده‌دوان، به‌تایبه‌تی شێوه‌زاری (هۆكین)و (تیۆشیۆ)و (كانتۆنی)و (هاكا)و (هیناینس)، منداڵه‌كانیان ده‌چوونه قوتابخانه چینیهكانو زمانی ماندریان ده‌خوێند، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانی سنوردار بوو، به دابڕاوی ده‌ژیان، ژیانیان له‌دوای شه‌ڕ له ژیانیان له‌پێش شه‌ڕه‌كه‌دا جیاواز نه‌بوو.
ئه‌وان ئینتمیایان بۆ چین هه‌بوو نه‌وه‌كو به‌ریتانیا. ئه‌وان بوون له جه‌نگی چه‌ته‌گه‌رییدا بۆ كوشتاری یابانییه‌كان په‌لاماری جه‌نگه‌ڵه‌كانی مالایۆیان ده‌دا، ئه‌وان بوون له چوارچێوه‌ی سوپای مالاوی نه‌یاری یابان (MPAJA)كه باڵی سه‌ربازی پارتی شیوعی مالاوی بوو، ده‌جه‌نگان. ئه‌وان هیواخوازی رۆژێك بوون كه نه‌وه‌كو ته‌نها یابانییه‌كان ده‌ربكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانویست به‌ریتانییه‌كانیش ده‌ربكه‌ن. كاتێك كتوپڕ یابانییه‌كان خۆیان رادهستكردو هێشتا ئینگلیزه‌كان نه‌گه‌یشتبوون، ده‌ستیانكرد به ئاژاوه نانه‌وه.
له مالایۆ ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌ندێ شاری بچوكدا گرت، بۆ پێشوازی له پیاوانی چه‌ته به‌و پێیه‌ی سه‌ركه‌وتوی راسته‌قینه‌ن له شه‌ڕی دژی یاباندا، تاقی سه‌ركه‌وتنیان دانا، وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری كرداری ناوچه‌كه مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد. بۆ خۆشبه‌ختی هه‌مان شتیان له سه‌نگافوره‌دا نه‌كرد، به‌ڵكو ته‌نها بوونه هۆی هه‌ندێك ئاژاوه‌گێڕی.
ئه‌وان له شه‌قامه‌كاندا به‌جلوبه‌رگێكی یه‌ك ره‌نگه‌وه ده‌رده‌كه‌وتن كه ره‌نگی خاكیی بوو له‌گه‌ڵ كلاوێك كه له هی سوپای هه‌شته‌می شیوعییه‌كانی چین ده‌چوو. له لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتندا ده‌ستێكی درێژییان هه‌بوو، به‌زه‌بری هێز ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌ندێك زه‌ویدا گرت، بۆ حوكمدانی خێرا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌موو ئیتنیكه‌كان هاوكاری یابانییهكانیان كردبوو، دادگای جه‌ماوه‌رییان دانا. جارێكیان بیست پۆلیسی سه‌ربازی نهێنی چینییان كۆكرده‌وه، بۆ دادگایكردنیان له قه‌فه‌سی گه‌وره‌دا دایاننان.
ئه‌وان به‌تۆمه‌تی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ دوژمنی پێشوو، هه‌ڕه‌شه‌یان له خاوه‌نكاره‌كان ده‌كرد. به‌هۆی كاره‌كانی پێشوویان، خه‌ڵكانێكی زۆری ناسراویان ناچاركرد كۆمه‌كی به‌خشندانه‌ی (سوپای مالاوی نه‌یاری یابان)بكه‌ن. هه‌ندێك جه‌رده‌ی گه‌نج په‌یدابوون، پاره‌یان له‌و كه‌سانه ده‌سه‌ند كه پێشتر هاوكاری یابانییه‌كان بوون، پاره‌كه‌یان بۆ سوپای ناوبراو كۆده‌كرده‌وه.
له توانای هێزه‌كانی به‌ریتانیادا نه‌بوو سیستم‌و قانون بسه‌پێنن، نه‌یانده‌توانی به‌ڕوی دوژمنكارانه‌و هه‌لپه‌رستانه‌ی ئه‌و چه‌تانه‌دا بوه‌ستن، كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد رۆڵییان له به‌ره‌نگاریدا هه‌بووه. بۆ خۆشبه‌ختی ئه‌و كه‌سانه ته‌نها له مالایۆ مانه‌وه‌و له سه‌نگافوره نزیك نه‌بوونه‌وه، چونكه ئامرازی گواستنه‌وه‌یان نه‌بوو. ته‌نها له مالایۆ مانه‌وه، له‌وێ زۆر چالاك بوون، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچه‌یه‌دا راهاتبوون.
ئیداره‌ی سه‌ربازی به‌ریتانی بڕی (350)دۆلاری ده‌به‌خشیه هه‌ر ئه‌ندامێكی باڵی سه‌ربازی پارتی شیوعی مالاوی كه چه‌كه‌كه‌ی راده‌ست بكاته‌وه. له‌ماوه‌ی نێوان كانونی یه‌كه‌می (1945) هه‌تا كانونی دووه‌می (1946)، (6500)كه‌س چه‌كه‌كانیان راده‌ستكرده‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش چه‌ند سه‌د كه‌سێكیان له سه‌نگافوره بوون.
له شه‌شی كانونی دووه‌م به‌ریتانییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی (سیتی هۆڵ) ئاهه‌نگێكیان ئه‌نجامدا، تیپێكی بچوكی سوپای ناوبراو به جلوبه‌رگه فهرمییهكهیانهوه نمایشێكیان له‌به‌رده‌م لۆرد لویس مۆنتباتن سازدا، لویس میدالیای به شازده فه‌رمانده‌یان به‌خشی.
چین بینگ كه رۆژنامه‌كان به فه‌رمانده‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری شیوعی ناویان ده‌برد، میدالی ئه‌ستێره‌ی بۆرما (1939 – 1945)و ئه‌ستێره‌ی جه‌نگی وه‌رگرت. له به‌زاندنی یابانییهكاندا به‌فه‌رمی دان به به‌شداری (سوپای مالاوی نه‌یاری یابان – MPAJA) دا نرا، ئه‌مه‌ش جیاوك (امتیاز) پێدانێك بوو، ئه‌ندامه‌كانی بۆ فراوانكردنی هه‌ژمونیان تا ئه‌وپه‌ڕی سنور قۆستیانه‌وه.
ئه‌وان به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له داهاتودا، چه‌كێكی زۆریان به‌نهێنی ئه‌مبار كردبوو. شیوعییه‌كان توانیبویان هه‌ندێك ئه‌ندام كه خاوه‌نی كلتوری ئینگلیزی بوون، له‌و به‌ره یه‌كگرتووه‌دا كۆبكه‌نه‌وه كه دروستیانكردبوو. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه كه به رۆشنبیران ناوده‌بران – له پارێزهرانو مامۆستا‌و ده‌رچوانی كۆلێژی رافیلز كه له كامبریج گه‌ڕابوونه‌وه پێكهاتبوون- توانیبوویان كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌ناوی (یه‌كێتی دیموكراتی مالاوی) دروست بكه‌ن.
باره‌گای سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌كه له شوقه‌یه‌كی ساده بوو، له‌سه‌روی هۆڵی سه‌مای تیاترۆخانه‌ی ئازادی بوو له شه‌قامی (پردی باكور). فلیپ ههوالیم سینیوریان به سه‌رۆكیان هه‌ڵبژاردبوو، كه پارێزهرو دۆستی خێزانه‌كه‌مان بوو. ئه‌وان وه‌كو روپۆشێكو بۆ به‌كارهێنانی رێكخراوه‌كه، پێویستیان به‌و بوو.
به‌هۆی ناسیارییهوه سه‌ردانی رێكخراوه‌كه‌م ده‌كرد. ئامانجی رێكخراوه‌كه وادیاربوو كه ته‌واو ره‌وا بێت. به‌ریتانییه‌كان پێكهێنانی (یه‌كێتی مالایۆ)یان راگه‌یاند كه نۆ ویلایه‌تی مالاویو داگیرگهكانی سترێتس له بیانگو مالاگای له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام سه‌نگافوره‌ی نه‌ده‌گرته‌وه. ئه‌مه‌ش مانای وابوو سه‌نگافوره به داگیرگه (مستعمره)ی به‌ریتانیا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش قبوڵكراو نه‌بوو. بۆیه (یه‌كێتی دیموكراتی مالاوی) داوای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ریه‌ك له مالایۆو سه‌نگافوره‌ی وه‌كو یه‌ك یه‌كه ده‌كرد.
فیلیپ هوالیم به‌شداری له دانانی ده‌ستوری پێشنیاركراودا كرد، هه‌رچه‌نده من رهشنوسهكهیم خوێنده‌وه، وه‌لێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم پێوه‌ی نه‌بوو. به‌ڵام شیوعییه‌كان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه وایان دانابوو هه‌ر باسكردنێك له گۆڕینی ده‌ستور په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه نییه. ئه‌وان هه‌ژمونیان به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ویست. هه‌رچی (یه‌كێتی دیموكراتی مالاوی) بوو ته‌نها رووپۆشێك بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن رۆشنبیرییه‌كی ئینگلیزی بوون، تاوه‌كو له به‌دیهێنانی خواستهكهیاندا یارمه‌تیان بده‌ن. به‌ڵام (یه‌كێتی دیموكراتی مالاوی) هه‌ره‌سیهێنا، كاتێك له ساڵی (1948) بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات په‌نای برده به‌ر خه‌باتی چه‌كداری دژی به‌ریتانییه‌كان.
به‌ر له‌وه‌ی هه‌ره‌س بهێنن، كاری زۆریان كرد. شیوعییه‌كان راسته‌وخۆ دوای ده‌رچونیان له جه‌نگه‌ڵه‌كان، ده‌ستیانكرد به نمایشكردنی بازوی خۆیان‌و سهندیكاكانیان به‌كارده‌هێنا. له (21/10/1945) حه‌وت هه‌زار كرێكاری حه‌وزی كه‌شتییه‌كان له تانجۆنگ باهارو ده‌سته‌ی به‌نده‌ره‌كانی سه‌نگافوره مانیان گرت. دوای چه‌ند رۆژێك گردبونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریان ئه‌نجامدا كه بیست هه‌زار كرێكاری له‌خۆگرتبوو، له‌وێدا دامه‌زراندنی (یه‌كێتیه گشتیه‌كانی كرێكاران)یان راگه‌یاند. ئه‌و یه‌كێتیه له‌سه‌ر شێوازی شیوعییه نه‌ریتییه‌كان، كرێكاری له هه‌موو پیشه جیاوازه‌كان‌و هه‌موو گروپه‌كانی كاركردن له‌خۆگرتبوو.
دوای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربازی به‌ریتانیا چه‌ند شیوعیه‌كی ده‌ستگیركرد، له (29/1/1946)وه‌كو نمایشكردنی هێز، مانگرتنی گشتیان راگه‌یاند. نزیكه‌ی (170) هه‌زار كرێكار له نه‌خۆشخانه‌و حه‌وزه‌كانی كه‌شتی، بنكه‌ی دهریاییو كارگه‌كانی كاوچۆ، گواستنه‌وه‌ی گشتی‌و سینهماكانو تیاترۆخانهو شوێنه‌كانی تر، ده‌ستیان له‌كار هه‌ڵگرت. هه‌موو دووكانه‌كان داخران. ئه‌مه‌ش گورزێك بوو له یاخیبوونی مه‌ده‌نیانه یان (هارتال)درا، ئه‌و وشه‌یه‌ش به زمانی هیندی مانای یاخیبوونی مه‌ده‌نیانه ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌م مانگرتنه ههڕهمهكیو له‌خۆوه نه‌بوو، به‌ڵكو به زه‌بری هێزو ترساندن سه‌پێنرا. دوكانه‌كان له ترسی پهلاماردانو تاڵانكردنیان داخران. زۆرینه‌ی كرێكاران ته‌نانه‌ت له كاره ئازاده‌كانیش ناچاركران ده‌ست له‌كار هه‌ڵبگرن. ژیان له شاره‌كه‌دا راوه‌ستا. به‌ڵام شیوعییه‌كان به‌گومان بوون له توانای خۆیان كه بتوانن درێژه به مانگرتنه‌كه بده‌ن، بۆیه رۆژی دواتر داوایانكرد كۆتایی به مانگرتهكه بهێنرێت.
زانیاری‌و ئاگاییم له‌سه‌ر جه‌ورو ستهمو دهبهنگییهكانی بنیاده‌م، له‌و دیمه‌نانه‌وه وه‌رگرت كه راسته‌وخۆ له‌دوای جه‌نگ روویاندا. ئه‌گه‌ر سێ ساڵ‌و نیوی داگیركاری یابان زۆرێك له راستییه‌كانی ژیانی فێركردبم، ئه‌وا ساڵی یه‌كه‌م له سه‌نگافوره‌ی ئازاد بارته‌قای خولێك بوو پاش ده‌رچوون، ته‌واو له یاده‌وه‌رییه‌كانی سێ ساڵی داگیركاری جیاوازبوو.
فه‌رمانبه‌ره به‌ریتانییه‌كان كه له مردن رزگاریان بوو، له‌پێناوی چاكبونه‌وه‌و وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ردا گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتیمان. هه‌رچی ئه‌فسه‌ره كاتییه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربازی به‌ریتانی بوو، ته‌ڕده‌ستانه سه‌رپه‌رشتی كاری فه‌رمانگه‌كانیان ده‌كرد. له‌ڕاستیدا ئه‌وان كۆمه‌كیان له هه‌ندێكیان له نه‌وه‌كانی پێش شه‌ڕ وه‌رگرت، له‌و كه‌سانه‌ی پێویست بوو كاتێك یابانییه‌كان هاتن، بڕۆن‌و وڵاته‌كه به‌جێیبهێڵن یان له‌كاتێكی گونجاو‌دا هه‌ڵبێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌شدا كه روویاندا، كه‌س ده‌ستی بۆ نه‌بردن. به‌رپرسانی ئێستا _ پێشهنگهكانو گرێبهستهكانو پشتیوانان- له ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه هه‌تاكو له خزمه‌تكردن ده‌به‌خشران – مایه‌ی سه‌رسامی بوو خواسته‌كانیان هاوشێوه‌ی خواستی ئه‌فسه‌ره یابانییه‌كان بوو – شتێكی بچوك‌و گرانبه‌ها كه بكرێت بشاردرێته‌وه، تاوه‌كو كاتێك ئه‌ركه‌كانیان ته‌واو ده‌بێت، بیبه‌نه‌وه بۆ نیشتیمان.
له به‌رامبه‌ردا مۆڵهتو كۆمه‌كی كه‌ره‌سته‌ی ده‌گمه‌ن بۆ دانیشتوانی خۆجێی هه‌بوو، پاشان هه‌لی كۆكردنه‌وه‌ی پاره ده‌ڕه‌خسا. به‌ڵام ئه‌مان وه‌كو یابانییه‌كان ستهمكارو جیاكار نه‌بوون.
له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یابانییه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر خانوو چۆڵ بوون، من‌و دایكیشم ده‌ستمانكرد به گه‌ڕان به‌دوای شوقه‌یه‌كی گونجاو‌دا، ده‌بوو (باڵه‌خانه‌ی چین) به‌جێبهێڵین، چونكه چیدی شه‌قامی ڤیكتۆریا گونجاو نه‌بوو. له شه‌قامی ئۆكسلی كه ناوچه‌یه‌كی چینی ناوه‌ڕاست بوو، ئه‌وروپییه‌كان ساڵی (1942) شوقه‌كانیان چۆڵكردبوو، یابانییه‌كان جێگه‌یان گرتبوونه‌وه، دوو خانوی گونجاومان دۆزییه‌وه كه ژماره (38 و 40) بوون، بازرگانێكی جوله‌كه دروستیكردبوونو ناوی كاستۆر بۆلۆكسیان به‌سه‌ردا بڕیبوو. چۆڵ بوون ته‌نها هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی قورسی تێدابوون، بڕیارماندا خانووی ژماره (38) به كرێ بگرین، خانویه‌كی گه‌وره‌و فراوان بوو، پێنج ژوری نوستنی تێدابوو، سێ ژوری دیكه‌ش له‌پشته‌وه هه‌بوو كه هه‌میشه وه‌كو به‌شی خزمه‌تگوزرای به‌كارده‌هێنرا.
چاوم به جۆرج گۆ كه‌وت، كه هاوڕێیه‌كی چینیم بوو له‌دایكبووی جاڤا بوو، به‌رپرسی نوسینگه‌ی (خانوبه‌ره‌ی دوژمن)بوو، مۆڵه‌تی داین خانوه‌كه به نرخی پێش جه‌نگ به‌كرێ بگرین. مانگانه به‌بڕی نزیكه‌ی هه‌شتا دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ئه‌وه‌ش بڕێكی زۆر گه‌وره بوو، به‌ڵام بڕیارماندا خانوه‌كه به‌كرێ بگرین.
باوكم گه‌ڕایه‌وه بۆ كاركردن له كۆمپانیای (شێڵ)، ئه‌مجاره‌یان بووه به‌رپرسی گهنجینهكهیان له بازیر بانجینگ له سه‌نگافوره. له‌م كاته‌دا ده‌بوو منیش بڕیاربده‌م كه پێویسته چی بكه‌م. بازرگانی له بازاڕی كراوه‌دا هێشتا قازانج به‌خش بوو، به‌ڵام قه‌باره‌ی شتومه‌كه‌كان گۆڕا بوون، ئه‌مه‌ش یانی مهترسیو سه‌ركێشی، نه‌مده‌توانی له‌باره‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پێویستن‌و ئه‌گه‌ر هاوردهكران كتوپڕ ده‌ست بخرێن، پێشبینی بكه‌م. له‌بری ئه‌وه بڕیارمدا په‌یوه‌ندی به هه‌ندێك ئه‌فسه‌ری به‌ریتانییه‌وه بكه‌م كه به‌رپرس بوون له كاروباری گشتی، تاوه‌كو بزانم ئاره‌زوی هیچ كارێكی بیناسازی ده‌كه‌ن. دوای دوو یان سێ هه‌وڵ له ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكی هندی سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌و سه‌رپه‌رستی كۆگاو گه‌نجینه‌كانی سوپای یابانی له (شه‌قامی ئه‌لیكسانده‌ر) ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكی باڵابه‌رزی ئینگلیز قسه‌م كرد، بۆ چۆڵكردنی شتومه‌كه یابانییه‌كان له گهنجینهكانو گواستنه‌وه‌یان بۆ گه‌نجینه‌كانی سوپای به‌ریتانیا، پێویستیان به كرێكار بوو. من‌و هاوڕێیه‌كی شهنگههایم به‌ناوی لیۆلۆنگ نزیكه‌ی (100 – 150) كرێكارمان بۆ دابینكردن، رۆژی به دوو دۆلار، له‌گه‌ڵ دینیسی برا بچوكم وه‌كو ژمێریار‌و به‌رپرسی پاره‌دان كارم ده‌كرد. سوپا له كۆتایی رۆژدا پاره‌كه‌ی پێدهداینو ئێمه‌ش پاره‌مان ده‌دایه كرێكاره‌كان. چه‌ند كارێكی دیكه‌ی بیناسازی ههبوونو به جیا پاره‌یان پێده‌داین. كاره‌كه له تشرینی یه‌كه‌می (1945) ده‌ستی پێكردو هه‌تا ئایاری (1946) به‌رده‌وام بوو.
ئێواره‌یه‌كیان دینیس كاتێك به پایسكل به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌و كرێی كرێكاره‌كانیشی پێ‌بوو، تووشی روداوێكی هاتوچۆ هات. بارهه‌ڵگرێك لێیدابوو چه‌ند یاردهیهك هه‌ڵیدابووه چه‌قی رێگاكه، قۆڵی چه‌پی ده‌رچوو بوو، ده‌موچاویشی بریندار بوو بوو. له نه‌خۆشخانه سه‌ردانم كرد‌و یه‌كه‌م شت لێی پرسیم ئه‌وه بوو: ئایا پاره‌كه‌مان له‌كیس چوو؟ هه‌ستم به خهمو ئازارێكی قوڵ كرد. پاره‌كه چه‌ند سه‌د دۆلارێك بوو، به‌ڵام ئه‌و له كاره‌كه‌یدا جدی بوو، بۆیه به‌پێی توانا دڵم دایه‌وه. نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتووی بۆ كرا، به‌ڵام بۆ چه‌ند مانگێك پهكیكهوتو ئازاری هه‌بوو.
له‌كاتێكدا به‌و كارانه‌وه شه‌كه‌ت ببووم، سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ش بووم كه ده‌بێت بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌م چی بكه‌م؟ هه‌روه‌ها پێویسته له به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندییه گهشهكردوهكهم له‌گه‌ڵ چۆ چی بكه‌م؟ گه‌شبین نه‌بووم كه له ماوه‌ی ساڵێك بۆ ساڵ‌و نیوێكدا (كۆلێژی رافیلز) ته‌واو بكه‌م‌و بڕوانامه‌كه‌م وه‌ربگرم، واته من به‌هه‌مووی سێ ساڵم له‌ده‌ستده‌دا.
ئه‌و بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ دایكمدا تاوتوێ كرد. بیرمان له‌وه كرده‌وه ئایا خێزانه‌كه‌مان به‌و پاره‌یه‌ی دینیس پاشه‌كه‌وتی كردوه، به خشڵه‌كانی دایكم، به‌و پاره‌یه‌ی له بازاڕی ره‌ش ده‌ستم كه‌وتبوو، هه‌روه‌ها له‌و گرێبه‌سته‌ی ئاماژه‌م پێكرد، ده‌توانێت خه‌رجی سێ ساڵی خوێندنی مافم له به‌ریتانیا بۆ دابین بكات؟ له‌بری گه‌ڕانه‌وه بۆ (كۆلێژی رافیلز)، پلانم دانا له‌نزیكترین كاتی گونجاو‌دا بچمه ئینگلته‌را، هه‌روه‌ها هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌كی شاژنیش بده‌م.
له‌نێوان مانگه‌كانی تشرینی یهكهمو دووه‌می (1945)دا بوو، چۆ داوایه‌كی پێشكه‌ش به به‌رپرسی كتێبخانه له (كۆلێژی رافلیز: كتێبخانه‌ی نیشتیمانی ئێستا) كرد، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی كارێكی له‌وێ ده‌ستكه‌وت. خێزانه‌كه‌ی ماڵیان گواسته‌وه بۆ خانویه‌ك له شه‌قامی (دیگۆ شایه‌ر) كه ته‌نها میلێك له ماڵی ئێمه‌وه دوور بوو، راهاتبووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به پێ بچم بۆ لای.
له مانگی تشرینی دووه‌می (1945)دا توانیم ئۆتۆمبێلێكی به‌كارهاتوو له جۆری (مۆریس)بكڕم، هه‌ندێك پارچه‌ی بۆ دانرابوو كه ئێستا له‌لای سوپای به‌ریتانی ده‌ستده‌كه‌وت. دوای باشبوونی كاره‌كانم، پاش چه‌ند مانگێكی كه‌م به شتێك قازانج فرۆشتمهوهو ئۆتۆمبێلێكی فۆرد (8ڤی)م كڕی كه پێش شه‌ڕ دروستكرابوو، له دۆخێكی باشیشدا بوو. هه‌رده‌بێ ژه‌نه‌راڵێكی یابانی له‌كاتی داگیركارییدا به‌كاریهێنابێت.
له سه‌روبه‌ندی سه‌ری ساڵدا چۆم برد بۆ ئاهه‌نگێكی گه‌نجان له ڤێلای (ماندالای) له شه‌قامی عه‌نبه‌ر، كۆشكێك بوو ده‌یڕوانیه سه‌ر ده‌ریا، خاوه‌نه‌كه‌ی بێوه‌ژنێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، ناوی خاتوو لی چۆن گوان بوو. به‌ر له‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه ته‌واوببێت، به ئۆتۆمبێله‌كه‌م چۆم بۆ باخچه‌یه‌كی به‌رانبه‌ر ده‌ریاكه برد. له‌وێ پێموت من ناگه‌ڕێمه‌وه (كۆلێژی رافیلز)، به‌ڵكو بۆ خوێندنی قانون ده‌چم بۆ ئینگلته‌ره. لێم پرسی: ئایا چاوه‌ڕوانم ده‌كه‌ی تاوه‌كو دوای سێ ساڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه، پاشان دهستدهكهم به كاری پارێزه‌ری؟ چۆ لێی پرسیم ده‌زانی دوو ساڵ‌و نیو له تۆ گه‌وره‌ترم؟ پێموت ده‌زانم. ئه‌م بابه‌ته‌م به‌وردی لێكداوه‌ته‌وه.
من له هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆم پێگهیشتووترم، به‌هه‌رحاڵ زۆرینه‌ی هاوڕێكانیشم به ساڵ له من گه‌وره‌ترن. بۆیه هاوسه‌رێكی پێگه‌یشتوی وه‌كو خۆمم ده‌وێت، نه‌وه‌كو یه‌كێك تائێستا پێنهگهیشتبێو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی پێویستی به كه‌سێكی دیكه بێت. كارێكی نهكردهنییه كچێكی دیكه‌ی گونجاوو هاودیدم بدۆزمه‌وه. له‌وه‌ڵامدا وتی من چاوه‌ڕوان ده‌بم.
هیچ شتێكمان به دایك‌و باوكمان نه‌گووت. ئه‌سته‌م بوو وایانلێبكهین به به‌ڵێنێكی درێژخایه‌نی له‌م جۆره‌وه پابه‌ندبن. كاتێك دوچاری كێشه‌یه‌كی كه‌سی دژوار ده‌بووینه‌وه، خۆمان رووبه‌ڕووی ده‌بووینه‌وه‌و چاره‌سه‌رمان ده‌كرد. هه‌وڵمان نه‌ده‌دا بازی به‌سه‌ردا بده‌ین. خۆشه‌ویستی نێوانمان گه‌شه‌ی كرد. له‌و ساڵه‌دا (1946) ده‌ستمكرد به پلاندانان بۆ جێهێشتنی سه‌نگافوره.
له مانگی ئازاردا بۆ (میدڵ تیمبێڵ)م نوسی، كه یه‌كێك بوو له چوار كۆمه‌ڵه قانونییهكانی له‌نده‌ن، نامه‌كه‌م ئه‌نجامی بڕوانامه‌كانی قوتابخانه‌شی تێدابوو. له ماوه‌ی مانگێكدا وه‌ڵامیان دامه‌وه ئه‌گه‌ر خۆم ئامادهبمو وه‌كو خوێندكارێك ده‌وام بكه‌م وهرمدهگرن.
له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی نامه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندیم به ئه‌فسه‌ره بهریتانییهكهوه كرد كه له‌گه‌ڵیدا كارمدهكردو لێم پرسی: ئایا ده‌توانم به یه‌كێك له‌و كه‌شتیانه گه‌شت بكه‌م كه دێته (تانجۆنگ باگارو)، بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ربازه به‌ریتانییانه‌ی خزمه‌تیان تهواوكردوهو ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ به‌ریتانیا؟ ئه‌فسه‌ره به‌ریتانییه‌كه گه‌یاندمی به ئه‌فسه‌رێك كه به‌رپرسی به‌شی گهشتو گواستنه‌وه بوو، له مانگی ئایاردا چاوم به یه‌كێك له هاوكاره‌كانی كه‌وت. توانیم هه‌ستێكی باشی له‌لا به‌جێبهێڵم، چونكه ژماره‌یه‌كی كه‌می دانیشتوانی خۆجێی ئهوكاتهدهیانتوانی به‌بێ هه‌ڵه‌ی رێزمانیو ده‌ربڕین به ئینگلیزی بدوێن. هه‌موو شتێك كه په‌یوه‌ندی به خۆم‌و خوێندنهكهمو كاره‌كه‌مه‌وه هه‌بوو، به‌چڕوپڕی بۆم باسكرد. هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵمداو بهڵێنیدا یارمه‌تیم بدات.
له مانگی ته‌موزدا هه‌لێكی گه‌شتكردنی پێ راگه‌یاندم به یه‌كێك له‌و كه‌شتیانه‌ی كه سه‌ربازه‌كانی ده‌گواستنه‌وه، كه‌شتیه‌كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا ده‌گه‌یشته له‌نده‌ن.
دوو مانگ به‌ر له‌وه‌ی سه‌نگافوره به‌جێبهێڵم، له‌گه‌ڵ دایكمدا بهبازاڕهكاندا ده‌گه‌ڕاین، بۆ ده‌ستكه‌وتنی جلوبه‌رگی خوری كه له‌گه‌ڵ زستانی ئینگلته‌ره‌دا بگونجێت.
ئه‌وه‌ی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕاین له بازاڕێكدا له شه‌قامی سونجی دزۆیمانهوه، ئه‌وێ بازاڕێك بوو مامه‌ڵه‌ی به كه‌لوپه‌له دزراوه‌كانی پێش شه‌ڕه‌وه ده‌كرد. ئه‌و بازاڕه سه‌ر له‌نوێ ژیانی بۆ گه‌ڕابوه‌وه، له‌ئێستادا ئه‌و شمه‌كانه‌ی تێدا ده‌فرۆشرا كه له هێزه‌كانی به‌ریتانیا كڕدرابوو یان دزرابوو. زۆرێك له‌و شمه‌كانه سه‌ربازه به‌ریتانییه‌كان دهستیانكهوتبوو تاوه‌كو له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ ژیانی مه‌ده‌نی، به‌كاریبهێنن. دایكم سندوقێكی دارینی گه‌وره‌ی كڕی، كه پاڵتۆو جلوبه‌رگی وهرزشیو جانتاو جلوبه‌رگی له‌خۆگرتبوو، كارامه‌ترین به‌رگدروو له های ستریت نه‌خشه‌ی كێشابوو.
به‌ر له‌وه‌ی گه‌شت بكه‌م‌و سه‌نگافوره به‌جێبهێڵم، دایكم مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌میدا به‌ڵێن بده‌م كه كچێكی چینی ده‌خوازم، ئه‌گینا له به‌ریتانیاوه له‌گه‌ڵ كچێكی ئینگلیزی ناگه‌ڕێمه‌وه. خوێندكاری زۆر هه‌بوون له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره به‌ریتانییه‌كانیان گه‌ڕابوونه‌وه، ده‌ره‌نجامی ئه‌م جۆره هاوسهرگیرییانهش له زۆربه‌ی كاتدا به‌دبه‌ختی بوو، چونكه رایه‌ڵی خێزانی دهپچڕاو هاوسه‌ره‌كان له‌یه‌ك جیاده‌بوونه‌وه، یان ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ریتانیاو نه‌یانده‌توانی له داگیریهكی به‌ریتانیدا بژین، چونكه تووشی گۆشه‌گیری دههاتنو نه‌یانده‌توانی تێكه‌ڵاو ببن.
دایكم سێ كچی گه‌نجی كونجاوی ده‌ناسی، ئه‌و كچانه پێشینه‌یه‌كی گونجاوو پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی باشیان هه‌بوو، من بۆیان به په‌رۆش نه‌بووم، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نیان گونجاو بوو، له‌ڕووی شێوه‌شه‌وه گونجاو بوون، خێزانه‌كانیشیان خۆشنوود بوون. من به رێككه‌وتنم له‌گه‌ڵ چۆ ته‌واو دڵخۆش بووم. دواجار بڕیارمدا باسه‌كه بۆ دایكم بگێڕمه‌وه. ژنێكی ژیر بوو، كاتێك دڵنیام كرده‌وه كه من له پهیوهندییهكهمدا له‌گه‌ڵ چۆ جدیم، ئیدی وازی له‌وه هێنا به‌دوای كچی دیكه‌دا بگه‌ڕێ. هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی چۆوه بۆ هه‌ڵوێستێكی دۆستانه‌ی گه‌رموگوڕ گۆڕی، به‌و پێیه‌ی ئاینده‌م ده‌پارێزێ.
له‌باره‌ی چۆوه قسه‌م بۆ كرد، ئه‌و كچه‌ی له زمانی ئینگلیزی‌و بابه‌تی ئابوری له (كۆلێژی رافیلز) له من سه‌ركه‌وتووتر بوو، وتم چۆم كاتێك ناسیوه كه كاری كهتیرهم كردوه‌و سه‌ردانی خێزانهكهیم كردوه. باوكی چۆ ناوی كواسیۆتی یه، له بانكی كۆمپانیایه‌كی ده‌ریاوانی چینی كارده‌كات، هاوشێوه‌ی باوكم‌و نه‌نكم باوكی چینیه‌و له‌دایكبوی جاڤایهو دایكی چینییهو وه‌كو دایكم له‌دایكبووی سه‌نگافوره‌یه. بنه‌ڕه‌تێكی هاوشێوه‌مان هه‌یه‌و به‌هه‌مان زمان له‌ماڵه‌وه دهدوێینو هه‌مان ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه.
چۆ له قوتابخانه‌ی (نیزامیه‌ی كچان) خوێندویه‌تی، له تاقیكردنه‌وه باڵاكانی كامبریدج سه‌ركه‌وتوو بووه، له ته‌مه‌نی شازده ساڵیدا گواستویهیتهوه بۆ پۆلی تایبه‌ت له په‌یمانگای رافیلز، به‌مه‌به‌ستی خوێندن‌و كێبرَكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی (كۆمه‌كی شاژن)، به‌ڵام به‌ده‌ستی نه‌هێناوه. دواتر پێیوتم كه چاوه‌ڕوانی شاسواری خه‌ونه‌كانی ده‌كات، وه‌لێ شاسواره‌كه‌ی له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێكی سپی نه‌هات، به‌ڵكو له‌سه‌ر پایسكلێكی دوو تایه هات!
ساڵی (1940) په‌یوه‌ندیم به كۆلێژی رافیلزهوه كرد، له‌سه‌ر خوانی ئێواره‌و له باخچه‌كاندا یه‌كترمان ده‌بینی، به‌ڵام له‌وكاته‌دا مهودایهكم له‌نێوان خۆم‌و ئه‌ودا ده‌هێشته‌وه، چونكه من ساڵی یه‌كه‌مم بوو، ده‌بوو خۆم له‌گه‌ڵ كاته دژواره‌كاندا بگونجێنم. زیاد له‌وه‌ش من بۆ دروستكردنی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ كچاندا به‌په‌رۆش نه‌بووم، چونكه بۆ هیچ پابه‌ندبوونێك ئاماده نه‌بووم. چاوپێكه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌م بوون، یان له هۆڵه‌كانی وانه خوێندن‌و به‌شێوه‌یه‌كی خولی‌و رۆتینی بوون.
له‌ماوه‌ی نێوان (1943 – 1944)نزیكبوونه‌وه‌مان له‌یه‌كتر زیادی كرد، به دیدێكی جیاوازتر ته‌ماشام ده‌كرد. چۆ كاته‌كانی خۆی دابه‌شكردبوو له‌نێوان كاركردن له ماڵه‌وه، فێربوونی زمانی ماندهرینو خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك بكه‌وتایه‌ته ژێرده‌ستی، ئاماده‌بوو له‌گه‌ڵمدا كه‌تیره دروستبكات.
خێزانه‌كه‌ی ئه‌وان گه‌وره بوو، له هه‌شت منداڵ پێكهاتبوو. منداڵیی به ئاسوده‌یی له ئامێزی خێزانێكی پارێزگاردا به‌سه‌ربردبوو. باوكی تاڕاده‌یه‌ك ساماندار بوو، خێزانه‌كه‌یان ئۆتۆمبێلێكیان هه‌بوو، به‌رده‌وام پێی ده‌چوون بۆ قوتابخانه یان بۆ كۆلێژی رافیلز، یاخود بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌كی دیكه كه بیانویستایه بڕۆن.
له‌لای خێزانه‌كه‌یان هه‌ستكردن به شكۆمه‌ندی هه‌بوو. جارێكیان دوای ئه‌وه‌ی ماڵیان بۆ شه‌قامی دیڤۆن شایه‌ر گواسته‌وه، چۆ له نوسینگهكهیهوه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، له‌دواوه‌ی پایسكلهكهم سه‌ركه‌وتوو بوو، ئه‌و كاره باوكی تۆقاند. به‌توندی له‌سه‌ر ئه‌و كاره ناشایسته‌یه‌ی سهركۆنهكهی كرد، ده‌یووت: خه‌ڵكی گومانی چیت پێده‌به‌ن؟ كێ له‌گه‌ڵ كچێكی ئاوه‌ها هاوسه‌رگیری ده‌كات؟ به‌خێرایی خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ باسیر بانجینگ، كه پێشتر له‌وێ ده‌ژیان. خۆشبه‌ختانه من ئه‌و كاته ئۆتۆمبێلێكم هه‌بوو.
له‌و چه‌ند مانگه كهمو پڕ له‌دوو دڵیه‌ی پێش مانگی ئه‌یلولی (1946)، كاتی زۆرمان پێكه‌وه به‌سه‌ربرد. به‌رله‌وه‌ی بڕۆم، هارۆڵد لیمی ئامۆزام كه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له شه‌قامی ئۆكسلی (38) ده‌ژیا، له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی گرتین. ئێمه دوو گه‌نجی عاشق بووین. به تامه‌زرۆییه‌وه ئه‌و ساتانه‌ی ژیانمان تۆمارده‌كرد، تاوه‌كو به‌درێژایی ئه‌و سێ ساڵه‌ی له ئینگلته‌ره ده‌یگوزه‌رێنم، یه‌كترمان له‌یادبێت.
دوای به‌جێهێشتنی سه‌نگافوره، نه‌مده‌زانی كه‌ی بۆ جاری دووه‌م یه‌كتر ده‌بینینه‌وه. هیواخوازبووین بگه‌ڕێته‌وه بۆ كۆلێژی رافیلزو بۆ خوێندنی قانون كۆمه‌كی شاژنی ده‌ست بكه‌وێت، تاوه‌كو له‌هه‌ر كوێ بم په‌یوه‌ندیم پێوه بكات. ئه‌و ته‌واو هۆگری من بوو، منیش هه‌ستم پێده‌كرد. له‌لای خۆمه‌وه رژدبووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ریدا بههۆگریو به پابه‌ندی بمێنمه‌وه.
له (26/ئه‌یلول/1946)و له جه‌ژنی له‌دایكبوونی بیست‌و سێهه‌م ساڵمدا، به كه‌شتی (بریتانیك) سهنگافورهم به‌جێهێشت. له‌سه‌ر رووی كه‌شتیه‌كه‌وه به‌ده‌ست ماڵ‌ئاوایم لێ‌كرد، هه‌ردووكمان فرمێسكمان ده‌باراند. ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانهكهمانو هه‌ندێك له هاوڕێیانمو له‌نێویاندا هوا سین سۆی له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه وه‌ستابوون، تاوه‌كو هیوای به‌ختێكی باشم بۆ بخوازن، به‌ده‌ستیان ماڵئاواییان لێكردم.
لە عەرەبییەوە/ بارام سوبحی