ژیانێكی بونگه‌را
دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كه‌می خواست له‌سه‌ری، وازم له دروستكردنی كه‌تیره هێنا، له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی شه‌نگه‌هایی به‌ناوی لۆیۆلینگ كه به‌ڵێنده‌رێكی بچوكی بواری بیناسازی بوو، ده‌ستم به‌كاركردن كرد. ئه‌و له سیه‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو، هیچ هاوبه‌شێكی نه‌بوو. من ده‌متوانی به یابانی بدوێم، ئه‌و نه‌یده‌توانی. چه‌ند كارێكی جۆراوجۆرمان له كۆمپانیا یابانییه‌كانه‌وه ده‌ستكه‌وت، هه‌روه‌ها له (بوتای)كه پاسه‌وانییان له سه‌نگافوره ده‌كرد.
بۆ چڕكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانم له‌گه‌ڵ كه‌رتی مه‌ده‌نی، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاجیاما كارمكرد، ئه‌و كه‌سێكی سڤیلی یابانی بوو، به‌هه‌مانشێوه له سیه‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو. له‌گه‌ڵ (كیومیای)كاریده‌كرد، كاتێك به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌شتیه یابانییه‌كان نغرۆ بوون‌و شتومه‌ك به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه رۆیشت، كاره‌كانی له (كیومیای)كه‌میكردو بڕیاریدا به ته‌نها وه‌كو نێوه‌ندگیرێك له‌نێوان كۆمپانیا یابانییه گه‌وره‌كاندا، هه‌روه‌ها له‌نێوان به‌ڵێنده‌ره‌وه ناوخۆیی‌و سه‌ربازییه‌كاندا كاربكات. هه‌ر یه‌كێكمان ئه‌ویدیمان ته‌واوده‌كرد. من دارتاشو به‌ناو ته‌لارسازم بۆ دابین ده‌كرد، كه له بیناسازیدا پێویستیان بوو. به‌مجۆره پێكه‌وه توانیمان هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین.
له كاركردن له بازاڕی ره‌شدا به‌رده‌وام بووم، وه‌كو جامبازی هه‌ر كاڵایه‌كی بازرگانی كارم ده‌كرد. بارودۆخه‌كه خراپ نه‌بوو. كه‌لوپه‌ل به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌و نه‌مان ده‌رۆیشت. تاوسه‌ندنی هه‌ڵاوسان نه‌بووه هۆی دابه‌زینی نرخ، وه‌لێ مرۆڤ پێویستی به پاره بوو تاوه‌كو ده‌وڵه‌مه‌ند بێت. توانیم هه‌ندێك پاره كۆبكه‌مه‌وه. ده‌مزانی هه‌ر ساتێك پاره‌ی شلم هه‌بێ پێویسته بیگۆڕمه‌وه به شتێك بههاداربێتو زیاتر بمێنێته‌وه، ئه‌گینا پاره‌كه له‌نێو ده‌ستمدا ده‌توێته‌وه. ئه‌م پاڵنه‌ره شێتانه‌یه پاره كاغهزهكانمی به كه‌لوپه‌ل ده‌گۆڕی. بۆ خۆم مێزێكی بلیاردم كڕی‌و چاكم كرده‌وه‌و بۆیاغم كرده‌وه. زۆرێك له شتومه‌كه‌كانی شوقه بهرزهكهمانم له شه‌قامی ڤیكتۆریا گۆڕی.
له مانگی ئازار یان نیسانی (1945)دابوو هاوڕێیه‌كی باوكم شوقه‌كه‌ی له (باڵه‌خانه‌ی چین)بهجێهێشتو رێگه‌ی پێداین به‌كاریبهێنین، به‌مجۆره من ده‌متوانی بۆ كاری جۆراوجۆر‌و پشودان سود له شه‌قامی ڤیكتۆریا ببینم. به ته‌نیشتیه‌وه باڵه‌خانه‌یه‌ك له گۆشه‌یه‌كدا هه‌بوو، باڵه‌خانه‌كه له خشتی سور دروستكرابوو، نانه‌واخانه‌و دوكانێكی فرۆشتنی شیرینی تێدابوو. له‌وێ ده‌ڵاڵه‌كان بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری‌و ئه‌نجامدانی گرێبهستو كاتبه‌سه‌ربردن یه‌كتریان ده‌بینی، مێزی بلیاردهكه له‌وێ بوو. ژیانێكی بونگه‌را بوو، رۆژ له‌دوای رۆژ واده‌ی دووباره داگیركردنهوهو مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر دانیشتوانی ناوچه‌كه نزیك ده‌بوویه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا پێویست بوو پیاو خۆی بژێنێتو له‌سه‌ر كاركردن خۆی رابهێنێت.
له مانگی ئایاردا هه‌واڵی شكستی ئه‌ڵمانیاو خۆڕاده‌ستكردنی گه‌یشت. بۆیه له‌ئێستادا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی جه‌نگ له دژی یابان ئاراسته ده‌كرا. هه‌موومان ده‌مانزانی شكستهێنانی یابان ته‌نها مه‌سه‌له‌ی كاته. ئه‌و كاته‌ی له (هۆدبۆ)كارم دهكردو هه‌واڵه‌كانی هه‌ڵمه‌تی بۆرمام داده‌ڕشته‌وه، له‌و زیانه زۆره ده‌ترسام كه هاوڵاتیان دوچاری ده‌بوون، به‌ڵام زیانه‌كه له‌پێناوی ئه‌ویتردا نه‌بوو. بۆیه وازهێنانم له‌وێ ده‌بووه جێگه‌ی گومان‌و لێكۆڵینه‌وه.
له (6/ئاب)كتوپڕ بۆمبێكی نامۆ له ئاسمانه‌وه به‌سه‌ر هێرۆشیمادا بهردرایهوهو ته‌قیه‌وه – ئه‌م هه‌واڵه له رۆژی (21/ئاب)له رۆژنامه‌ی (سیۆنان شیمبۆن)به‌شێوه‌ی راپۆرتێك بڵاوكرایه‌وه “نیبۆن دژی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هێرۆشیما ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێ، كه له رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو به جۆرێكی نوێی بۆمب ئه‌نجامدرا”.- به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێیان له ئێستگه شه‌پۆل كورته‌كان له نمونه‌ی وێستگه‌ی (BBC)ده‌گرت، هه‌واڵی په‌لاماردانی یابانیان به چه‌كێكی تیشكاوه‌ری نوێی كوشنده بیست، هه‌ستمان به‌وه كرد كه كۆتایی نزیكه.
له (15/ئاب)ئیمپراتۆری یابانی هه‌واڵی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی راگه‌یاند. ده‌ستبه‌جێ بیستمان، چونكه كتوپڕ گه‌ل ئازا بوو، زۆرێك له خه‌ڵكی گوێیان له ئێستگه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی (BBC)ده‌گرت. هه‌واڵه‌كه هه‌تا بیستی ئاب له سیۆنان شیمبۆن بڵاونه‌كرایه‌وه، له‌و رۆژه‌دا “بڕیاره‌كه‌ی ئیمپراتۆر” به‌ته‌واوه‌تی بڵاوكرایه‌وه.
جه‌نگ به‌بێ كوشتاری زیاتر كۆتایی هات. به‌ڵایه‌كی سه‌پێنراو لێمان دووركه‌وته‌وه، كه قه‌ده‌رێكی ناچاری بوو به‌سه‌ر رانفۆنو مانده‌لای دا. دوای سێ هه‌فته له راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئیمپراتۆر هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتنی ئینگلیز نه‌بوو، ئه‌مه‌ش دۆخێكی ناسروشتی بوو. دۆخێكی جیاواز بوو له‌وه‌ی به‌ر له سێ ساڵ و نیو روویدا، چونكه به‌رله‌وه‌ی یابانییه‌كان به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن، به‌ریتانییه‌كان خۆیان راده‌ستكرد.
هێزه‌كانی یابان به‌پێچه‌وانه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیاوه، نهشكانو وره‌ی خۆیان له شه‌ڕدا له‌ده‌ستنه‌دا. ئه‌وان شپرزه‌و په‌شۆكاو بوون، به‌ڵام بۆ زیان پێگه‌یاندنمان هێشتا یه‌كگرتوو بوون‌و پارێزگاریان له هێزی خۆیان ده‌كرد. دانیشتوانی ناوچه‌كه خۆشحاڵی خۆیان به شكستی ئه‌وان دهردهبڕیو نه‌یانده‌توانی هه‌ستی خۆیان بشارنه‌وه، له‌كاتێكدا هه‌ر كه‌سێك خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕیبا، سه‌ربازه یابانییه‌كان لێیانده‌دا.
سوپای یابان پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بێنه‌و به‌ره‌ی نێوانیان (ته‌سفیه حیساب)بانگ بكرێت، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كاره به‌دو خراپه‌كانیان سزابدرێن. نیگه‌رانیش بوون له‌وه‌ی كاتێك ئه‌فسه‌ره‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، خه‌ڵكی تۆڵه‌یان لێ ده‌كاته‌وه.
گوێم له چه‌ند ده‌ستڕێژێكی گوله‌ی ئه‌فسه‌رانی یابان بوو، چونكه هه‌ندێكیان نه‌یانده‌توانی خۆڕاده‌ستكردن قبوڵ بكه‌ن، بۆیه خۆكوشتنیان له‌سه‌ر شێوازی هاراكیری به‌شێوازی یابانی یان به ده‌مانچه به باشتر ده‌زانی. دانیشتوان خۆشحاڵ بوون. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هیچ هاوڵاتیه‌كی یابانی نه‌كوژرا، هه‌روه‌ها هیچ رووداوێكی خراپ یان وه‌حشیگه‌رانه رووینه‌دا. وازیان له خه‌ڵكی هێنا تا ئه‌و كاته‌ی به‌ریتانییه‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه ده‌ست، به‌ڵام پارێزگاریان له توندوبهندی (دیسپلین) سه‌ربازی كرد.
ماوه‌ی سێ ساڵ‌و نیوی داگیركاری یابان گرنگترین ساڵه‌كانی ژیانم بوون. له‌باره‌ی ره‌فتاری مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان‌و دۆز‌و پاڵنه‌ره‌كانیان، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی حكومهتهكانو تێگه‌یشتنم بۆ ده‌سه‌ڵات به‌و پێیه‌ی پێچكهیهكه بۆ گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانه، دیدگایه‌كی قوڵ‌و زیندوی پێ به‌خشیم، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زمونه نه‌بوایه ئه‌وانه‌م ده‌ستنه‌ده‌كه‌وت.
ته‌واوی سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تیم بینی كه له‌به‌رده‌م سوپایه‌كی فێڵزانی داگیركه‌ردا داڕوخا. یابانییه‌كان ملكه‌چیی ره‌هایان ده‌ویست، ئه‌وه‌شیان به‌نزیكه‌یی له هه‌موانه‌وه ده‌ستكه‌وت. ئه‌وان له‌لایه‌ن هه‌موو كه‌سێكه‌وه بێزراو بوون، به‌ڵام هه‌موانیش ئه‌وه‌یان ده‌زانی كه چه‌نده توانای زیان گه‌یاندنیان هه‌یه، بۆیه ملكه‌چیان ده‌بوون.
ئه‌و كه‌سانه‌ش سنگیان ده‌رده‌په‌ڕاند یان گۆڕانكارییه‌كه‌یان رهتدهكردهوهو سه‌رداره نوێیه‌كانیان قبوڵ نه‌ده‌كرد، زۆریان چه‌شت و له په‌راوێزی كۆمه‌ڵگه نوێیه‌كه‌دا ژیان، ده‌رفه‌ته‌كانیان كه‌میكردو له‌ناوچوو، پێگه‌كانیان له‌ده‌ستدا، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه نوێیه‌كه ده‌ستوبردیان كرد‌و ده‌رفه‌ته نوێیه‌كانیان قۆسته‌وه، له‌ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ سه‌رداره نوێیه‌كان، سامانی خۆیان به‌ده‌ستهێنا، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كه‌ساسی‌و كڵۆڵیهی سه‌نگافوره‌ی گرتبۆوه.
ئیداره‌ی سه‌ربازی یابان ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ترسه‌وه ده‌سه‌پاند. هیچ سیمایه‌ك له سیماكانی شارستانیه‌تی پیشاننهدهدا. سزاكان ئه‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قانه بوون، ئیدی تاوانه‌كه به‌په‌نهانی بوایه یان له‌سه‌روه‌ختی روودانی‌دا بووایه.
له‌نێوه‌ندی ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی دوای نیوه‌ی دووه‌می ساڵی (1944)روویدا، كاتێك خه‌ڵكی گرفتاری برسێتی بوون، تێكڕای دابه‌زینی تاوان سه‌رنجڕاكێش بوو. خه‌ڵكی ده‌یانتوانی شه‌وانه ده‌رگاكانیان به‌كراوه‌یی بهێڵنه‌وه. چونكه هه‌ر خێزانێك ئێشكگرێكی هه‌بوو، هه‌ر ده خانوویه‌ك به‌رپرسێكی هه‌بوو. ئه‌و ئێشكگرانهش له زه‌رده‌په‌ڕه‌وه هه‌تا به‌ره‌به‌یان پاسه‌وانییان دهكردو كوتهكێیكان پێ‌بوو. هیچ رووداێكی دزیكردن رووینه‌دا.
سزاكان زۆر توند بوون، به‌پێچه‌وانه‌ی بڕوای زۆر كه‌سه‌وه، گه‌یشتمه ئه‌و بڕوایه‌ی كه سزایه‌كی به‌رپه‌رچده‌ر ده‌بێته هۆی ركێفكردنی تاوان. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی شاره‌زاییم بوو له سه‌نگافوره له‌پێش شه‌ڕو له‌كاتی داگیركاری به‌ریتانیادا، دوای شۆكی یه‌كه‌م فێربووم كه پێویسته ژیان وه‌كو لێی راهاتووین بگوزه‌رێ.
خه‌ڵكی پێویسته نان بخۆن، خه‌ڵكی پێویستیان به دهرمانو شمه‌كی دیكه‌یه له نمونه‌ی فڵچه‌و هه‌ویری ددان‌و جلوبهرگو پێڵاو‌و قه‌ڵه‌م و مه‌ره‌كه‌ب و كاغه‌ز، ته‌نانه‌ت گوێزانی تهراشكردن نرخه‌كه‌ی گران بوو به زه‌حمه‌ت ده‌ستده‌كه‌وت. گوێزانه به‌كارهێنراوه‌كان جارێكی‌تر تیژ ده‌كرانه‌وه، به لێواری تابلۆ شوشه‌كاندا دهخشێنرانو تیژ ده‌كرانه‌وه. جگه‌ره به دراوی یابانی گرانترین كاڵا بوو.
پێگه‌ی هه‌ندێك پیشه دابه‌زی. خواست له‌سه‌ر پارێزه‌رانی راهێنراو له‌سه‌ر قانونی ئینگیزی كه‌مبوویه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی بازرگانییه‌وه بوو. قانونی سه‌ربازی به‌خێرایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تاوانه‌كاندا ده‌كرد. به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی كاره‌وه ژمێریاریش په‌كیكه‌وت. هه‌رچی پزیشكان‌و پزیشكانی ددانه پارێزگاری‌یان له بایه‌خی خۆیان كرد، چونكه خه‌ڵكی نه‌خۆش دهكهوتنو ده‌رگیری ئازاری ددان ده‌بوون. بۆیه سه‌رباری كه‌می دهرمانو ده‌گمه‌ن بوونی ده‌رزی به‌نجكردن، كاری پزیشكان گه‌شه‌ی كرد.
له ده مانگی یه‌كه‌می داگیركاریدا راهاتبووین له‌سه‌ر بینینی ده‌سته ده‌سته كرێكاری بهریتانیو ئوسترالی، ئه‌وان دیلی جه‌نگ بوون‌و له‌ژێر چاودێری سه‌ربازانی یاباندا ده‌هێنران بۆ شاره‌كه. ئه‌وان شتومه‌كیان له كۆگاكانه‌وه بۆ بارهه‌ڵگره‌كان ده‌گواسته‌وه. به‌دزییه‌وه ده‌چوونه قاوهخانهكانو داوای خواردنیان ده‌كرد، ژنان‌و پیاوانیش نان‌و خواردنی له قوت‌و نراوو پاره‌یان پێده‌دان. چینییه‌كان زۆر له‌گه‌ڵیاندا هاوسۆز بوون.
جه‌سته‌یان له‌ڕو لاواز بوو، له‌كاتی قۆڵبهستكردنیانهوه دۆخیان تێكچوو بوو، جلوبه‌رگه‌كانیان كه قهمیسو شۆرت بوو، ته‌واو شڕببوو. له‌ساڵی (1942)وه به كه‌می له شه‌قامه‌كاندا ده‌بینران، دوای ساڵێك بوونیان ده‌گمه‌ن بوو. خه‌ڵكی بڕوایان وابوو نێردراون بۆ كاركردن له وڵاتانی دیكه، به نمونه بۆ تایلاندو ئهندهنوسیاو یابان.
كاتێك له‌كۆتاییه‌كانی (1944)و سه‌ره‌تای (1945)له سه‌نگافوره ده‌ركه‌وتنه‌وه، به‌هۆی له‌ڕو لاوازییه‌وه له دێوه‌زمه ده‌چوون. جه‌سته‌یه‌كی گه‌وره‌و ئێسكی ده‌رپه‌ڕیوو، به‌جۆرێك ده‌تتوانی ئێسكیان بیانژمێری. ئه‌وان له بۆرما له هێڵی ئاسن كاریان كردبوو. ئێسكی رانیان له جه‌سته‌یان ده‌رپه‌ڕیبوو. ئه‌وان مایه‌ی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه بوون، چونكه جه‌سته‌یان تژی بوو له زام‌و برین‌و شوێنه‌واری برین‌و گه‌ڕی، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر قاچ‌و قۆڵیان. راسته خواردن كه‌م بوو، به‌ڵام به‌و راده‌یه‌ش كه‌م نه‌بوو، نه‌توانرێت به شێوه‌یه‌كی گونجاو نانیان بدرێتێ. چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی ئه‌وان له‌سه‌روی چه‌رمه‌سه‌ری هه‌ر زیندانیه‌كی دیكه‌ی جه‌نگ بوو له جیهاندا.
گۆڕین له زمانی ئینگلیزییه‌وه بۆ زمانی یابانی، به‌و پێیه‌ی زمانی دهسهڵاتو به‌رپرسانه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی به‌ته‌مه‌نه‌كان تاڵاوی زۆر بچێژن، چونكه فێربوونی یابانی ئاسان نه‌بوو. ئه‌و كه‌سانه‌شی به یابانی ده‌دوان وه‌كو چینییه تایوانییه‌كان، هه‌ندێكیان له سه‌نگافوره بوون به‌ر له‌وه‌ی داگیربكرێت، ئه‌وانی دیكه‌یان دوای سوپای یابانی كه‌وتبوون.
هه‌ندێك له گه‌نجان بۆ كاركردن خۆیان فێری كه‌مێ یابانی كردبوو، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌ڕێز بوون‌و ئاره‌زویان نه‌ده‌كرد هاوكاری داگیركه‌ر بكه‌ن، ده‌یانویست كه‌مترین شتێك كه بكرێت پێشكه‌ش به داگیركه‌ری بكه‌ن. كه‌مینه‌یه‌كی بچوك بوێری ئه‌وه‌یان كرد دژایه‌تیان بكهنو ئه‌مه‌ش به‌نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام هیچ كه‌سێك نه‌بوو به هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ دوژمن قایل بێت.
وه‌لێ كه‌سانێكی دیكه‌ش ههبوونو هه‌لپه‌رست بوون‌و خزمه‌تی یابانییهكانیان ده‌كرد، ژن‌و شهرابو زانیاری‌و خواردنیان پێشكه‌ش ده‌كردن، تاوه‌كو پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌ست بكه‌وێت. هه‌ندێك له خاوه‌ن چانسهكانیان بوونه جامبازو یابانییه‌كان هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كیان پێویست بوایه بۆیان دابین ده‌كردن، به‌تایبه‌تی كه‌ره‌سته‌كانی بیناسازی. زۆر بهختدارهكان وه‌كو برایانی شۆ، مۆڵه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی هۆڵه‌كانی قوماركردنیان ده‌ستكه‌وت، زۆرێك له‌وانه‌ی روویان تێده‌كرد ته‌ماحی بردنه‌وه‌یان هه‌بوو، هه‌روه‌ها كاته به‌تاڵه‌كانیان تێدا به‌سه‌رده‌برد.
دوای كۆكردنه‌وه‌ی پاره، خه‌می یه‌كه‌م چۆنێتی پاراستنی بوو، ئه‌وه‌ش به‌گۆڕینی بۆ دراوی دیكه یان كڕینی كاڵایه‌ك كه پارێزگاری له نرخه‌كه‌ی بكات. ئه‌و كه‌سانه مكوڕ بوون له‌سه‌ر گلدانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئینگلیزیش، پارێزگاری‌یان له نرخی خۆیان ده‌كرد. ده‌بوو كاڵاكه قه‌باره‌ی بچوك بوایه‌و نرخی زۆر بوایه‌و وه‌كو خشڵ به ئاسانی هه‌ڵبگیرایه.
هه‌رچی ده‌وڵه‌مه‌نده زۆر ئازاكان بوو خانوبه‌ره‌یان ده‌كڕی، چونكه نرخه‌كانیان وه‌كو نرخی دراوه قورسه‌كان زۆر بهرزنهبوویهوه.
له قۆناغه‌كانی كۆتایی داگیركاریدا بۆ كڕینی دوكانێك له شه‌قامی ڤیكتۆریا، ده‌كرا سندوقێك ویسكی (12 شوشه)به دراوی یابانی بفرۆشی. ئه‌و جامبازانه‌ی ئه‌م جۆره مامه‌ڵانه‌یان رێكده‌خست، پاش شه‌ڕه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند بوون.
له ساڵانی داگیركاری یاباندا كه سێ ساڵ‌و نیوی خایاند شتی زۆر فێربووم، زیاتر له‌وه‌ی كه ده‌كرێت هه‌ر زانكۆیه‌ك فێرم بكات. من هێشتا وته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ماوم نهخوێندبویهوه كه ده‌ڵێت “هێز له به‌رمیله باروته‌وه دێت”. من دڕنده‌یی‌و تۆپ‌و رمو شمشێری یابانیهكانم ناسی.
به‌هۆی ئهشكهنجهدانو ئه‌و كاره تۆقێنه‌رانه‌ی كه ئه‌نجامیان ده‌دا، وایان له خه‌ڵكی كرد نه‌وه‌كو هه‌ر ره‌فتاریان، ته‌نانه‌ت دڵسۆزی خۆشیان بگۆڕن. یابانییه‌كان ته‌نها داوایان له خه‌ڵكی نهدهكردو فه‌رمانیان پێنهدهكردن كه گوێڕایه‌ڵ بن، به‌ڵكو ناچاریان ده‌كردن خۆیان له‌گه‌ڵ رێساكانی یاباندا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بگونجێنن، به‌جۆرێك منداڵه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌مان رێسا پێبگهیهننو له‌گه‌ڵ رژێمی نوێ‌دا بیانگونجێنن. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زمان‌و داب‌و نهریتو به‌هاكانیاندا بیانگونجێنن، تاوه‌كو سودبه‌خش بن‌و بتوانن بژین.
قۆناغی سێیهمو كۆتایی ئه‌گه‌ر كاتیان هه‌بوایه بۆ به‌ده‌ستهێنانی، ئه‌وه‌بوو ده‌یانویست وامان لێ بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی وه‌كو سه‌رداری نوێ قبوڵیان بكه‌ین، رهوشتو دادپه‌روه‌ریش هیچ شوێنێكیان نه‌ده‌بوو.
ئه‌وان جه‌نگه‌كه‌یان برده‌وه‌و له پێگه‌ی سهركردایهتیو له لوتكه‌دا بوون، پێویست بوو له‌سه‌رمان ستایشی خوداكانیان بده‌ین، رێز له كلتوریان بگرین‌و شوێن ره‌فتاره‌كانیان بكه‌وین. به‌ڵام ئه‌مه هه‌میشه به‌ده‌ستنه‌ده‌هات.
یابانییه‌كان له كۆریا له‌و كاته‌ی ده‌یانویست حوكمی ئه‌و وڵاته بكه‌ن، دووچاری به‌ره‌نگاری هاتن. هه‌وڵیاندا به‌هره‌و نه‌ریته‌كانی ئه‌و گه‌له‌و كلتوره دێرینه‌كان له‌ناوبه‌رن، ده‌یانویست گه‌لێك سه‌ركوت بكه‌ن كه هه‌ستێكی به‌هێزی شانازیكردن به مێژوویان هه‌بوو، مكوڕ بوون له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سته‌مكاره دڕنده‌كان. بۆیه زۆرێك له كۆرییهكانیان كوشت، به‌ڵام نه‌یانتوانی كۆنترۆڵی مۆراڵ‌و خۆڕاگرییان بكه‌ن.
ئه‌مه حاڵه‌تێكی ریزپه‌ڕ بوو. له تایوان – كه چینییه‌كان، پورتوگالییه‌كان، هۆڵه‌ندییه‌كان، به‌ر له هاتنی یابانییه‌كان حكومڕانییان ده‌كرد- هیچ رق لێبوونهوهیهك نه‌بوو. ئه‌گه‌ر یابانیه‌كان په‌نجا ساڵ له سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ بمابایانهوه، ئه‌وا لایه‌نگری زۆریان بۆ خۆیان په‌یداده‌كرد، هه‌روه‌كو له تایوان سه‌ركه‌وتوانه كردیان.
مه‌لایۆ زۆر بچوكه، گه‌لی جۆراوجۆری تێدا ده‌ژی، كۆمه‌ڵگاكانی فشهڵنو به‌رگرییان لاوازه. هه‌ندێك له مالاوییهكان به سه‌رپه‌رشتی راهێنه‌رانی به‌ریتانی له هێزی (136)، چوونه ریزی جه‌نگاوه‌رانی شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری له جه‌نگه‌ڵه‌كانی مه‌لاوی له دژی یابانییه‌كان، زۆرێكیان هیواداربوون یابانییه‌كان ببنه پارێزه‌ره نوێیه‌كانیان. ته‌واو هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی هیواخواز بوون به‌ریتانییه‌كان ببنه پارێزه‌ریان، دوای ئه‌وه‌ی یابانییهكانیان شكاند.
ته‌نها گه‌لێك كه باوه‌ڕو بوێری بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داگیركه‌ران هه‌بوو، چینییه‌كان بوون كه چوونه ریزی حیزبی شیوعی مالاوییهوه. هه‌روه‌ها به ژماره‌ی كه‌میش چوونه ریزی به‌ره‌نگاری كه كۆمێنتانگ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد. ئه‌و بزوێنه‌ره‌ی هه‌ستی هه‌ردوو گروپه‌كه‌ی ده‌وروژاند، نه‌ته‌وه‌گه‌ری چینی بوو نه‌وه‌كو نیشتیمانپه‌روه‌ری مالاوی. ئه‌وان له سه‌رده‌می ئاشتیدا نه‌یاری به‌ریتانییه‌كان بوون، هه‌روه‌كو له‌كاتی شه‌ڕدا نه‌یاری یابانیه‌كان بوون.
له‌و ماوه ناوبڕو شڵه‌ژاوه‌ی ده‌كه‌وێته نێوان خۆڕاده‌ستكردنی یابانییه‌كان له (25/ئاب/1946)، دامه‌زراندنی مانداتی كارای به‌ریتانی به‌سه‌ر دورگه‌كه‌دا له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ئه‌یلولدا، گروپه نه‌یاره‌كانی یابان ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه لهسێدارهدانو كوشتن‌و ئهشكهنجهدانو تۆڵه‌كردنه‌وه‌و لێدانیان به‌بێ دادگایكردن ئه‌نجامده‌دا. ئه‌مه‌ش ههواڵدهرو جهلادهكانو هه‌ر كه‌سێكی ده‌گرته‌وه به‌شداری له تاوانی یابانییهكاندا كردبێت یان گومانی ئه‌وه‌ی لێ بكرایه. خشه‌ی پێی ئه‌و كه‌سانه‌م له‌یاده كه به رۆژی روناك له ده‌وروبه‌ری خانوه‌كه‌مان له شه‌قامی ڤیكتۆریاو باڵه‌خانه‌ی چین به‌كێش ده‌كران. من ده‌نگی لێدان‌و هاواریانم ده‌بیست، ئه‌وانه ده‌كوژران یان سه‌ر ده‌بڕدران. وه‌لێ له رۆژانی كۆتاییدا زۆرێك له هاوكاران (له‌گه‌ڵ یابانییه‌كان) توانییان خۆیان بشارنه‌وه یان به‌ره‌و مه‌لایۆ یان دورگه‌ی ریا‌و له باشور هه‌ڵاتن.
ئازادی خواستی هه‌موانی به‌دینه‌هێنا: سزادانی خراپهكارانو پاداشتكردنی باشه‌كان. له بێنه‌و به‌ره‌ی كۆتاییدا (ته‌سفیه حیساب)، به‌جێهێنانی دادپه‌روه‌ری نه‌كرده‌نی بوو. چونكه یه‌كسانی‌و دادپه‌روه‌ری، پێویستیان به به‌ڵگه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی دروسته. نه‌ده‌كرا بۆ سزادانی هه‌ر تاوانبارێك به‌ڵگه‌نامه‌ی ته‌واو كۆبكرێته‌وه. چونكه تاوانباری زۆری یابانیو ناوخۆیی هه‌بوون. دادپه‌روه‌ری ته‌نها به‌سه‌ر كه‌مینه‌یه‌كدا په‌یڕه‌وكرا، زۆرێكیش توانییان له سزا ده‌ربازیان بێت.
دادگا هه‌بوو، به‌ڵام تاوانباره یابانییه گه‌وره‌كانی جه‌نگ سزا نه‌دران. عه‌قید تسۆجی ئه‌و پیاوه‌ی فه‌رمانیكرد به كۆمه‌ڵكوژی (سۆك چینگ)دیارنه‌ما، ژه‌نه‌راڵ یاماشیتا (پڵنگی مه‌لایۆ)كه راستگۆ بوو له ناساندنی خۆی به سه‌ركرده‌ی به‌رپرس له كۆمه‌ڵكوژی ناوبراو، یه‌كه‌مجار گوازرایه‌وه بۆ مهنشۆریاو پاشان بۆ فلیپین، له ئه‌یلولی (1945)خۆی راده‌ستی هێزه‌كانی ژه‌نه‌راڵ ماك ئارسه‌ر كرد. له مانێلا به تاوانی تاڵانكردنی شاره‌كه له‌سێداره‌درا، نه‌وه‌كو به تاوانی داننان به كوشتنی (50 – 100) هه‌زار مرۆڤی بێ‌تاوان له سه‌نگافوره.
نزیكه‌ی (260)یابانی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی له سه‌نگافوره ئه‌نجامیاندابوو حوكمدران، ته‌نها سه‌د كه‌سیان سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌دان كه‌س له سه‌نگافوره كه هه‌ندێك له هاوڕێیانی منیشی تێدابوون، له بنكه‌كانی (كیمباتای) له‌سه‌نگافوره ده‌ستگیركران‌و ئه‌شكه‌نجه‌دران.
(لیم كیم سان)كه دواتر‌و له ماوه‌ی ساڵانی (1963 – 1968)بووه وه‌زیر، یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه. ئه‌و به‌سه‌رهاتی ناهه‌مواری خۆی له ساڵی (1944)به‌م جۆره بۆم گێڕایه‌وه:
دووجار له (ئۆكسلی رایز)به‌ندكرام. یه‌كه‌میان له كانوونی دووه‌می (1944)بوو بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته، دووهه‌میان له شوباتی (1944)بوو بۆ ماوه‌ی زیاتر له مانگێك. گه‌نجێكی چینی كه ده‌هاته دوكانه‌كه‌م له “شه‌قامی پردی باكور” هه‌واڵی لێدابووم گوایه من پاره‌م داوه‌تێ بۆ شیوعییه‌كان. كاتێك گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردن كه ئه‌وه هیچ راست نییه، چونكه من سهرمایهدارمو ناتوانم ببمه شیوعی، به حه‌بل بهستمیانهوهو ئه‌شكه‌نجه‌یان دام‌و پڕ شه‌قیان كردم.
تاوه‌كو ئاویان به‌سه‌ر روخسارمدا نه‌كرد، به‌هۆش نه‌هاتمه‌وه. كه به هۆش هاتمه‌وه خۆم به به‌ندكراوی له ژورێكدا بینیه‌وه كه روبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها (10 – 15)پێ ده‌بوو، نزیكه‌ی سی كه‌سی له هه‌ردوو ره‌گه‌زی تێدابوو.
ته‌والێته‌كه له گۆشه‌یه‌كی ژوره‌كه بوو، له جۆرێكی نزم‌و ئاسان‌و حه‌وزێكی ئاوی پێوه‌كرابوو له جێیه‌كی بڵندی ژوور سه‌رمان بوو. به‌رده‌وام ئاوی تێده‌چوو، ئه‌وه‌ش وای لێده‌كرد ئاوه‌كه‌ی پاك بێت، هه‌موو ئاوهههڵقوڵاوهكهش ده‌گه‌ڕایه‌وه نێو حه‌وزی ته‌والێته‌كه. ئێمه له‌و ئاوه‌مان ده‌خوارده‌وه‌و خۆمان پێ ده‌شوشت. ئه‌گه‌ر یه‌كێكمان نه‌خۆش بكه‌وتایه، جگه‌له خودا كه‌سی تر نه‌یده‌زانی بۆ كوێی ده‌به‌ن. كاتێك ژنێكم بینی خوێنی سوڕی مانگانه‌ی لێده‌هات، توشی رشانه‌وه هاتم.
برنجێكی تێكه‌ڵ به سه‌وزه‌یان پێده‌داین كه بۆ خواردن نه‌ده‌شیا. نه‌مده‌توانی قوتی بده‌م، هه‌ر جارێك هه‌وڵمده‌دا بیخۆم ده‌ڕشامه‌وه. ئه‌و خواردنه ئه‌وه‌ی بیر ده‌خستمه‌وه كه چۆن خواردنمان ده‌دایه مراوییهكانمان.
هه‌مومان له‌سه‌ر راخهرهكانمان داده‌نیشتین، به‌بێ مۆڵه‌تی پاسه‌وانه‌كه نه‌مانده‌توانی شوێنی خۆمان بگۆڕین. پاسه‌وانه‌كانیش گه‌نجی خۆمانه بوون‌و خۆیان به‌خشیبوو، له‌سه‌ر دڵڕه‌قی راهێنانیان پێكرابوو. رۆژێكیان پیاوێكی هندی پیریان هێنا، نه‌یده‌توانی دابنیشێ، به‌ڵكو رێی دهكردو پێ برینداره‌كه‌ی به‌دوای خۆیدا به‌كێش ده‌كرد. ئه‌و تاڵاوی ئازاری دهچێشتو لاقه برینداره‌كانی به‌كێش ده‌كرد.
له‌نێو به‌ندییه‌كاندا گه‌نجێكی بچوك هه‌بوو ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵێك ده‌بوو، دوای سزادانی هێنرابوو. هه‌مان شه‌و پاسه‌وانێكی یابانی به‌ڕوتی بهدیوارێكی به‌رزدا هه‌ڵیواسی، ده‌ستی له‌پشته‌وه كه‌له‌پچه كرابوو، ئه‌و شه‌وه به‌و شێوه‌یه‌و به‌بێ ئاو‌و خۆراك به‌جێیانهێشت. ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی توندیان دا، له‌تاو ئازاره‌كانی هه‌ر هاواری ده‌كرد. پاشان له پشتیان ده‌دا، ئه‌شكه‌نجه‌دانی چه‌ند كاتژمێرێك به‌رده‌وام بوو، هاوارو ناڵه‌ی به‌ره به‌ره كه‌می ده‌كرد تاوه‌كو ده‌نگی نه‌ما، مرد، چه‌ند كاتژمێرێك له‌به‌رده‌م ئێمه بۆ چاوترساندنمان به هه‌ڵواسراوی هێشتیانه‌وه.
هه‌موو به‌یانییه‌ك كاتێك گوێمان له ده‌نگی هه‌نگاوێكی قورس ده‌بوو كه لێمان نزیك ده‌بوویه‌وه، ههڵدهلهزرینو دهتۆقاین. ئه‌وه‌ش یانی پاسه‌وانه‌كه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان لێمان نزیك ده‌بوویه‌وه.
له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌فسه‌رێكی په‌یوه‌ندی تایوانی ئازاد بووم. سروشتی راسته‌قینه‌ی یابانییهكانم له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی زیندان بینی. شارستانی بوون‌و خۆچه‌ماندنه‌وه‌ی یابانییه‌كان، ته‌نها رووپۆشێكی نه‌رم بوو بۆ شاردنه‌وه‌ی ناواخنه دڕنده‌كه‌یان. سه‌ركه‌وتنی هاوپهیمانانو ئاسیا رزگاریان كردین.
داواكاری گشتی عه‌قید كۆلین سلێمان سلێمان له دادگای ده‌هه‌م له (18/3/1946)له سه‌نگافوره، له‌باره‌ی دڕنده‌یی یابانییه‌كان وتی:
له‌پێناوی به‌خشینی وه‌سفێكی ورد به كاره تۆقێنه‌ره‌كانی ئه‌و پیاوانه، پێویسته كاره‌كانیان به‌جۆرێك وه‌سف بكه‌م كه ره‌نگده‌ره‌وه‌ی قوڵی‌و نزمی‌و بێنرخی مرۆیی بێت، كلیلی ئه‌م دۆزه ده‌كرێت به دوو وشه پوختی بكه‌م – ترسێك كه ناكرێت وه‌سف بكرێت”.
سه‌رباری ئه‌م هه‌موو رق‌و دڕنده‌ییه، به‌درێژایی په‌نجا ساڵ له‌دوای كۆتایهاتنی جه‌نگه‌كه‌وه، حكومه‌ته‌كانی پارتی دیموكراتی لیبراڵی یابانی، زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌ی پارته سیاسییه‌كانی یابان، زۆرینه‌ی ئه‌كادیمیسته‌كان، به‌نزیكه‌یی هه‌موو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، ده‌یانه‌وێت ئه‌م كاره سامناكانه ئاشكرا نه‌كرێن‌و باسنه‌كرێن. ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه، به‌هیوان به تێپه‌ڕبوونی نه‌وه‌كان ئه‌م كارانه له بیر بچنه‌وه‌و لێیان نه‌پێچرێته‌وه. بۆیه ره‌تیده‌كه‌نه‌وه له‌هه‌مبه‌ر هاوسێكانیاندا دان به تاوانه‌كانیاندا بنێن، ئه‌وان ده‌ترسن ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه دووباره ببنه‌وه.
له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و كاره تۆقێنه‌رانه‌ی یابان له ساڵانی جه‌نگدا ئه‌نجامیدا، ته‌نها له ساڵی (1992)، كاتێك پارتێكی دیكه جگه‌له پارتی دیموكراتی لیبراڵی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، سه‌رۆك وه‌زیران مۆریهێرۆ هۆسۆكاو داوای لێبوردنی كرد.
لە عەرەبییەوە/ بارام سوبحی