پێگه‌یشتن
یاده‌وه‌رییه زرنگو زیندوهكانم ده‌مگێڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی كه له‌سه‌ر بیرێك گوێچكهكانمی راده‌كێشا، بیره‌كه له‌و پارچه زه‌وییه ته‌خته بوو كه ده‌كه‌وته نزیكی ئه‌و خانوه‌ی كه تیایدا ده‌ژیاین، خانوه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه ئێستا به شه‌قامی (تیمبیلینگ)له سه‌نگافوره ده‌ناسرێت، من له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نم چوار ساڵ بوو.
زۆر خه‌مبار بووم، چونكه گۆزه‌یه‌كی گرانبه‌هاو ئه‌نتیكه‌ی باوكمم شكاندبوو، باوكم توڕه‌و تۆسن بوو، وه‌لێ توڕه‌ییه‌كه‌ی له‌و ئێواره‌یه‌دا گه‌یشتبووه لوتكه. له ماڵه‌وه پشته‌ملی گرتم‌و بردمی له‌سه‌ر بیره‌كه رایگرتم. نازانم چۆن گوێكانم لێنهبوونهوه؟ دوای په‌نجا ساڵ له گۆڤاری زانستی ئه‌مریكی (Scientific American)وتارێكم خوێنده‌وه كه باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئازار‌و شۆك ده‌بنه هۆی كشانی خوێنهێنه‌ری ده‌ماره‌كانی مێشك، ئه‌زمونێكی نوێ له خانه‌كانی مێشكدا تۆمارده‌كه‌ن، به‌و هۆیه‌وه ئه‌و یاده‌وه‌رییه تا ماوه‌یه‌كی درێژ دوای رووداوه‌كه له یادگه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
له (16/9/1923)له خانویه‌كی گه‌وره‌ی دوو نهۆمی له شه‌قامی كامبۆنگ جاڤا – 92 له سه‌نگافوره له‌دایكبووم، دایكم (چوا جیم نیۆ)له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نی شانزه ساڵ بوو، باوكیشم (لی چین كۆن) ته‌مه‌نی بیست ساڵ بوو، دایبابهكانیان به‌ر له ساڵێك هاوسه‌رگیرییان بۆ رێكخستبوون، هه‌ر ده‌بێ هه‌ردوو خێزانه‌كه وه‌ها بیریان كردبێته‌وه كه ئه‌م هاوسه‌رگیرییه كارێكی نایابه، چونكه دوای ساڵێك خوشكه بچوكه‌كه‌ی باوكم شوی به برا بچوكه‌كه‌ی دایكم كرد.
بابم كوڕی پیاوێكی زه‌نگین بوو، له‌به‌رئه‌وه له گه‌نجیدا له‌به‌رده‌م ئێمه‌دا شانازی پێوه‌ده‌كرد، باوكی له كۆگاكانی رۆبنسۆنو جۆن لیتڵ كه له (رافلیز بلیس)دا دوو گه‌وره‌ترین كۆگای بازرگانی بوون، ئه‌ژمارێكی كراوه‌ی بۆ دانابوو، تاوه‌كو حه‌زی له هه‌ر جلوبهرگو پێداویستیه‌كی دیكه بێت بۆ خۆی بیكڕێت. ئینگلیزی له په‌یمانگای سانت جۆزێف خوێندبوو، كه خوێندنگایه‌كی ته‌بشیری كاسۆلیكی بوو، (برایانی دی لاسیل)له ساڵی (1852)دایانمه‌زراندبوو. ده‌یووت: دوای ته‌واوكردنی خوێندنی فه‌رمی بڕوانامه‌یه‌كی نزمی وانه‌بێژی به‌ده‌ستهێناوه –مایه‌ی نیگه‌رانی خۆی‌و دایكم بوو، چونكه به‌بێ پسپۆڕییه‌كی دیاریكراو بوو، به‌و هۆیه‌وه هیچ كارێكی وانه‌بێژی ده‌ستنه‌كه‌وت. دوای ئه‌وه‌ی سامانی هه‌ردوو خێزانه‌كه‌ی له “بێ بازاڕییه گه‌وره‌كه‌دا” له‌ده‌ستدا، له كۆمپانیای نه‌وتی شێڵ بوو به رازگری كۆگا.
مێژوی خێزانه‌كه‌مان له سه‌نگافوره له‌گه‌ڵ باپیری گه‌وره‌م له باوكه‌وه لی یۆك بۆن‌و “هاكا: Hakka” ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وان چینی بوون‌و له ده‌شتاییه‌كانی باكورو ناوه‌ڕاستی چینه‌وه بۆ فۆجیبانو گواندۆنگو پارێزگاكانی دیكه له باشور كۆچیان كردبوو، ئه‌و كۆچه‌ش له‌نێوان (700 – 1000)ساڵی رابردودا روویداوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هاتنه‌كه‌یان دره‌نگ كه‌وتوه، بۆیه جگه‌له ناوچه شاخاوییه وشكه نه‌گونجاوه‌كان، شوێنی نیشته‌جێبونی دیكه‌یان ده‌ستنه‌كه‌وتوه.
گۆڕه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته پشت ئه‌و خانوه‌ی له چین دروستیكردوه، به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی له‌سه‌ر گۆڕهكهیه، ئه‌وا لی یۆك بۆن له ساڵی (1846)له گوندی تانگكسی له‌دایكبووه كه سه‌ر به هه‌رێمی دابۆیه له گواندۆنگ، پاشان به به‌له‌مێكی چارۆكه‌داری چینی بۆ سه‌نگافوره كۆچیكردوه. زانیاری زۆر له‌باره‌یه‌وه نییه، ته‌نها پاش ساڵی (1870)نه‌بێت كه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمێكی چینی به‌ناوی (سیۆ هوان نیۆ) كردوه، كه له‌دایكبووی سه‌نگافوره بووه‌و باوكی له هاكا بووه‌و دووكانی هه‌بوه.
له ساڵی (1882) پێیوابووه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی باو باپیرانی له چین پاره‌ی ته‌واوی كۆكردۆته‌وه، تاوه‌كو له‌وێ خانویه‌كی گه‌وره دروست بكات‌و خۆی بداته پاڵ چینی باڵا، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌ی ره‌تیكردۆته‌وه بنه‌ماڵه‌كه‌ی بهجێبهێڵێتو بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنێك كه پێشتر نه‌یبینیووه. وه‌كو باپیره‌م بۆی گێڕاینه‌وه ئه‌و كاته‌ی ته‌مه‌نی ده ساڵ بووه، منداڵهكانو دایكیان رۆیشتون خۆیان له خانوی خانه‌واده‌ی دایكیان له شه‌قامی (ئاه هود)شاردۆته‌وه، لی یۆك بۆن به ته‌نها گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ چین و له‌وێ هاوسه‌رگیری دووه‌می كردوه، خانویه‌كی گه‌وره‌ی بۆ خۆی دروستكردوه‌و باخێكی بچوكیشی كڕیوه. وێنه‌یه‌كی خۆی له خانوو باخچه‌كه‌ی ناردۆته‌وه بۆ سه‌نگافوره، خانوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌وشێكی گه‌وره له‌سه‌ر شێوازی چینی دروستكردبوو، بنمیچه‌كه‌ی ره‌نگی خۆڵه‌مێشی بوو. وێنه‌ی خانوه‌كه‌مان نه‌ماوه، به‌ڵام وێنه‌ی باپیره‌م تائێستا هه‌ر ماوه.
باپیره‌م (لی هۆن لیۆنگ)كه من به كۆنگ ناوم ده‌برد واته باپیره به زمانی چینی، ساڵی (1871)له سه‌نگافوره له‌دایكبووه. به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی باوكم، باپیره‌م له په‌یمانگای رافیلز خوێندویه‌تی تا گه‌یشتوه‌ته ئاستی پۆلی پێنج، كه ده‌كاته قۆناغی ئاماده‌یی ئێستا. دوای جێهێشتنی قوتابخانه ده‌ستیكردوه به فرۆشتنی ده‌رمان (ده‌رمانسازێكی ناپسپۆڕ)، دوای چه‌ند ساڵێك بووه‌ته فه‌رمانبه‌ری به‌رپرس له كه‌شتیه‌ك كه له‌نێوان سه‌نگافوره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ندێزی هۆڵه‌ندا له هاتوچۆدا بووه. كه‌شتیه‌كه یه‌كێك بووه له كهشتیگهلهكانی كۆمپانیای كه‌شتیوانی (هیپ ئانگ مۆی)، خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌ش ملیۆنێرو گه‌وره بازرگانی شه‌كر له جاڤا (ئاوی تیۆنگ هامی) بووه. له‌میانی یه‌كێك له گه‌شته‌كانیدا له سیمارانگ كه شارێكه ناوه‌ڕاستی دورگه‌ی جاڤا، له‌گه‌ڵ نه‌نكم (كولیم نیۆ) هاوسه‌رگیری كردوه.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه به هۆڵه‌ندی نوسراوه‌و مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (25/3/1899)و له دادگای ئۆرڤان له سیمارانگ ده‌رچووه، دانی ناوه به هاوسه‌رگیری كولیم نیۆ كه ته‌مه‌نی شانزه ساڵ بووه، لی هۆن لیۆنگ-یش ته‌مه‌نی بیست‌و شه‌ش ساڵ بووه. به‌ڵگه‌نامه‌كه ئه‌وه‌شی چه‌سپاندوه كه هاوسه‌رگیرییه‌كه له (26/3/1899) ئه‌نجامدراوه. باوكم له ساڵی (1903)له سیمارانگ له ئه‌ندێزی رۆژهه‌ڵاتی هۆڵه‌ندا له‌دایكبووه، به‌ڵام ره‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی هه‌بووه، چونكه كۆنگی باوكی دانیشتوی سه‌نگافوره بووه. كۆنگ باشترین شاره‌زا بووه‌و هاوسه‌رو منداڵه‌كه‌ی دوای له‌دایكبوونی هێناوه‌ته دورگه‌كه.
دوای ئه‌وه‌ی متمانه‌ی ئاوی تیۆنگ هامی به‌ده‌ستهێناوه، رایسپاردوه ببێته جێگری له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی له سه‌نگافوره‌دا، سامانه‌كه‌ی گه‌شه‌ی كردوه. كۆنگ بۆی باسكردم هێنده جێگه‌ی متمانه‌ی هامی بووه، له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی خۆی‌و له حیسابی هامی بۆ دامه‌زراندنی “كۆلێژی رافیلز”، بڕی (150)هه‌زار دۆلاری به‌خشیوه، كه له‌و رۆژگاره‌دا بڕێكی ئێجگار قه‌به بووه.
هیچ بوارێك بۆ پرسیاركردن له‌باره‌ی ئاستی خۆشه‌ویستیم بۆ باپیرهمو سه‌رسامیم به باوكم نییه. باپیره‌م خۆشیدهویستمو چاودێری ده‌كردم، به‌ڵام باوكم كه دیسپلینی له خێزانه‌كه‌دا ده‌سه‌پاند، له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵمدا رهقو توند بوو. باپیره‌م سامانێكی زۆری به‌ده‌ستهێنابوو. به‌ڵام باوكم ته‌نها كوڕی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، بۆ خۆی خاوه‌نی سامانی زۆر نه‌بوو.
كاتێك سامانی خێزانه‌كه‌مان له ماوه‌ی بێبازاڕییه گه‌وره‌كه‌ی ساڵانی (1927و 1930)دا كه بووه هۆی داڕوخانی نرخی هه‌ر ئۆنسه‌یه‌ك كاوچۆ (دره‌ختێكه له ناوچه گه‌رمه‌كان ده‌ڕوێت، له‌م دره‌خته‌وه به‌رهه‌می لاستیك به‌ده‌ستده‌هێنرێ.. وه‌رگێڕ)له هه‌شتا سه‌نت بۆ نزیكه‌ی بیست سه‌نت، كۆنگ زیانێكی گورچكبڕی به‌ركه‌وت، وه‌لێ هه‌ستی بازرگانی هێنده‌ی باوكی دایكم (چوا كیم تینگ)نه‌بوو، چونكه هه‌رچه‌نده سامانه‌كه‌ی چوا به‌هه‌مان شێوه توشی زیان هات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به پاره‌كه‌ی وه‌به‌رهێنانی ده‌كرد له كێڵگه‌ی كاوچۆو ئاڵووێری پێوه‌ده‌كرد، به‌ڵام خاوه‌نی زهویو زاریش بوو، هه‌روه‌ها بازاڕ‌و كۆگاشی هه‌بوو، بۆیه وه‌كو كۆنگ مایه‌پوچ نه‌بوو. به‌م شێوه‌یه باوكم له ساڵی (1929)له خانوه‌كه‌ی كۆنگه‌وه گواستیه‌وه بۆ خانوه فراوانه‌كه‌ی چوا له تیلۆك كوراو.
كۆنگ سروشتێكی زۆر رۆژئاواییانه‌ی هه‌بوو، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی ژیانی ئه‌و ساڵانه‌ی بوو كه وه‌كو به‌رپرسی ژمێریاری له‌سه‌ر پشتی كه‌شتییه‌كان له‌گه‌ڵ كاپتن‌و ئه‌فسه‌رو ئه‌ندازیارو به‌رپرسانی به‌ریتانی به‌سه‌ری بردبوو. راهاتبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئهزمونو چیرۆكی خۆی له‌باره‌ی سه‌ختی سیستمی سه‌رپشتی كهشتیهكانمان بۆ بگێڕێته‌وه. به‌نمونه باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كردین سه‌رباری گه‌رماو شێ له ناوچه خولگهییهكاندا، به‌ڵام پێویست بوو كاپتن‌و ئه‌فسه‌رانی دیكه له‌كاتی نانخواردندا جلوبه‌رگی سپی لۆكه له‌به‌ربكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بێت قاپ‌و قاچاخهكانیش بشۆن. كاركردنی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره بهریتانییهكاندا هه‌ستێكی به‌رده‌وام پابه‌ند به سیستم‌و سهختیو لێهاتویی له‌لا به‌جێهێشتبوو.
كاتێك من له‌دایكبووم، خێزانه‌كه‌م راوێژییان به شاره‌زاییه‌ك كردوه بۆ هه‌ڵبژاردنی ناوێك بۆ نۆبه‌ره‌كه‌یان، ئه‌ویش پێشنیاری ناوی (كوان ی‌و)ی كردوه كه مانای “روناكیو دره‌وشانه‌وه” ده‌گه‌یه‌نێت. سه‌رسامی باپیره‌م به به‌ریتانییه‌كان وایلێكرد “هاری” بۆ ناوه‌كه‌م زیادبكات، بۆیه ناوه‌كه‌م بو به هاری لی كوان ی‌و، بۆ ناوی دوو برا بچوكه‌كه‌شم: (كیم ی‌و، سیام ی‌و)دوو ناوی مه‌سیحی هه‌ڵبژارد كه دینیسو فریدلی بوون. له‌وكاته‌دا ژماره‌یه‌كی كه‌م له چینیه غه‌یره مه‌سیحییه‌كان كارێكی وایان ده‌كرد. دواتر له قوتابخانه به‌ناوی كه‌سی (هاری)خۆم به نامۆ ده‌زانی، بۆیه كاتێ سیوانی برا بچوكم له ساڵی (1933) له‌دایكبوو، تكام له باوكم كرد كه ناوێكی مه‌سیحی بۆ ناوه‌كه‌ی زیادنه‌كات، چونكه ئێمه مه‌سیحی نین.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆنگ پاره‌كانی له‌ده‌ستدابوو، به‌ڵام هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه دهژیاو جلی ده‌پۆشی، هه‌روه‌ها پارێزگاری له پاشماوه‌كانی شۆڕشه كۆنه‌كه ده‌كرد، له‌وانه‌ش هه‌ندێك پارچه شوێنه‌واری ئه‌نتیكه كه ساڵی (1910)له ئینگلته‌راوه هاورده‌ی كردبوو، سه‌رباری ئه‌وانه له ئاماده‌كردنی خواردن‌و خواردنه‌وه‌دا كارامه بوو. ئاماده‌كردنی خواردن له‌گه‌ڵیدا چێژی خۆی هه‌بوو، هه‌روه‌ها نه‌نكیشم شێفێكی لێهاتو بوو، گۆشتی بر‌ژاو (ستیك)ی له‌گه‌ڵ پارچه په‌تاته‌ی بر‌ژاو ئاماده ده‌كرد، كۆنگ به‌تایبه‌تی زۆر به‌و خواردنه سه‌رسام بوو. تێڕوانینی من له‌باره‌یه‌وه ئه‌وه بوو پیاوێكه رێگای خۆی له ژیاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌و ده‌زانێت چۆن به ئاسوده‌یی بژێت.
باپیرانم له دایكمه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه بوون، چوا كینگ به فه‌رمی ئینگلیزی نه‌خوێندبوو، بۆی نه‌ڕه‌خسابوو تێكه‌ڵ به كاپتنه به‌ریتانییه‌كان یان بازرگانه چینییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شه‌كر ببێت. ئه‌و ساڵی (1865)له سه‌نگافوره له‌دایكبوو، له خێزانێكی چینی كه له مالاكاوه هاتبوون. له‌ڕێگه‌ی كار‌و كۆششی بهردهوامو به‌گه‌ڕخستنی پاره‌كانی له وه‌به‌رهێنانی زیره‌كانه له بواره‌كانی خانوبه‌ره‌و بازرگانی كاوچۆدا، ده‌وڵه‌مه‌ندانه گه‌وره‌ببوو.
سێ جار هاوسه‌رگیری كردوه، هاوسه‌ری یهكهمو دووه‌می مردون‌و سێیه‌میشی ده‌كاته نه‌نكی من ناوی نیۆ ئاه سۆنه، خانمێكی كه‌ته‌ی سه‌ر به پۆنتیاناكه له پۆرنیۆی هۆڵه‌ندا، به زاراوه‌ی هاكاو مالاویو ئیندۆنیزی ده‌ئاخڤێ. كاتێك له‌گه‌ڵ چوا هاوسه‌رگیری كرد، بێوه‌ژنێكی گه‌نج بوو، دوو كوڕی له مێردی یه‌كه‌می هه‌بوو، كه راسته‌وخۆ دوای له‌دایكبوونی كوڕه بچوكه‌كه‌ی مردبوو. له (چوا) حه‌وت منداڵی هه‌بوون، ساڵی (1935) مرد. باپیرم له ساڵی (1944) له‌سه‌روه‌ختی داگیركاری یابان له سه‌نگافوره مرد.
دایكم گه‌وره‌ترین منداڵی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه بوو، ساڵی (1922) كاتێك هاوسه‌رگیری كرد ته‌مه‌نی پانزه ساڵ بوو، سامانی ئه‌و دوو خێزانه تائێستاش له دۆخێكی باشدایه. له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌شه میراته‌كه‌ی هێنا، سه‌رباری سه‌رقاڵییه‌كانی دیكه‌ی، پیشه‌كه‌ی كۆیله‌یه‌كی منداڵكار بوو، یارمه‌تیده‌ری بابم بوو له حهمامكردنو شتنی پێیهكانیو ئاماده‌كردنی پێڵاو بۆی. ئه‌م ره‌فتارانه‌ش وه‌كو به‌شێك له كه‌له‌پور وابوون، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستم به رووداوه‌كانی ده‌وروبه‌رم دهكردو له ته‌مه‌نی چوار پێنج ساڵیدا بووم، ئه‌و نه‌ریتانه نه‌مابوون. یادگارییه‌كانی ئه‌و كاته باشانه تائێستا له وێنهیهكمدا پارێزراون –منداڵێك جلوبه‌رگێكی پۆشیوه كه له به‌ریتانیاوه هێنراوه، یان له چهرخهیهكی منداڵانه‌ی گرانبه‌هادا دانیشتوه.
خانوه‌كه‌ی (چوا)له (تیلۆك كوراو) خانویه‌كی فراوان بوو، له دار‌و قرمید پێكهاتبوو. له‌گه‌ڵ ته‌واوی منداڵه‌كانی ژنی سێیه‌می پێكه‌وه ده‌ژیان، دایكم چونكه كچی گه‌وره‌ی بوو له‌گه‌ڵ باوكم‌و پێنج منداڵی ژورێكی نوستنی فراوانیان هه‌بوو، خانویه‌كی فراوانی پڕ له ئاسوده‌یی بوو. هه‌مومان پێكه‌وه به ته‌بایی ده‌ژیاین، جارناجارێكیش له‌سه‌ر شتێكی بێ‌نرخ دهمهقڕهیهكمان ده‌بوو. به‌م جۆره له‌گه‌ڵ سێ براكهمو ته‌نها خوشكهكهمو حه‌وت ئامۆزاكه‌م پێكه‌وه له‌ماڵێكدا گه‌وره بووین. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مویان له من بچوكتر بوون، بۆیه زۆرینه‌ی كاته‌كان من له‌گه‌ڵ كوڕانی راوچییانی ماسی چینی‌و مالاوییهكان گه‌مه‌م ده‌كرد، ئه‌وان له كوخه‌كانی نزیكماندا ده‌ژیان كه بنمیچه‌كه‌ی له دار یان دارتوو بوو، هه‌مو ئه‌و راوچیانهش له‌سه‌ر درێژایی كه‌ناری (سیگلاب)به‌درێژایی (200) یارده كاریان ده‌كرد.
دنیایه‌كی ساده بوو، به فڕۆكه‌ی كاغه‌زو خوری گه‌مه‌مان ده‌كرد، هه‌روه‌ها هه‌وڵمانده‌دا ماسی راوبكهین، ئه‌و گهمانهش رۆحی شهڕكردنو ئاره‌زوی سه‌ركه‌وتنی له‌ناخماندا چاند. نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌و گهمانهش ئاماده‌یان كردبم بۆ ئه‌و شه‌ڕانه‌ی دواتر له جیهانی سیاسه‌تدا به‌رۆكیان پێگرتم. نهرمو نیان‌و به‌ناز نه‌بووین. كاتێك منداڵێكی بچوك بووم جلوبهرگو پێڵاوی نایابمان نه‌بوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌وه‌كانمان هه‌یتیان.
هه‌ژار نه‌بووین، وه‌لێ گه‌مه‌ی زۆریشمان نه‌بوو، هه‌روه‌ها تهلهفزیۆنیشمان نه‌بوو. بۆیه پێویست بوو له‌سه‌رمان توانای خۆمان فراوان بكه‌ین‌و خه‌یاڵمان به‌كاربهێنین. ئێمه ده‌مانخوێنده‌وه، ئه‌وه‌ش كارێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی رۆشنبیر بین، به‌ڵام له‌وكاته‌دا ته‌نها كۆمه‌ڵه كتێبێكی كه‌می وێنه‌دار هه‌بوون، ئه‌وانیش نرخیان گران بوو، من كتێبی چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی ههرزانو چیرۆكی سهركێشیهكانی منداڵانی گریگرهیزهر – هاری دارتۆنو بێڵی پانتهرو هاوڕێكانی-م ده‌كڕی.
به‌وپه‌ڕی په‌رۆشیه‌وه هه‌مو رۆژانی هه‌ینیه‌ك چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی كه‌شتیه‌كی پۆسته‌م له به‌ریتانیاوه ده‌كرد، كه بۆ به‌نده‌ری تانگۆنگ باسمار دههاتو له‌گه‌ڵ خۆیدا گۆڤار‌و وێنه‌ی ده‌هێنا، به‌ڵام هه‌رزان نه‌بوون. دواتر كه هێندێك گه‌وره بووم ده‌چومه كتێبخانه‌ی رافیلز كه ده‌كرا بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته كتێبیان لێ بخوازی. به تامه‌زرۆییه‌وه ده‌مخوێنده‌وه، به‌لای منه‌وه ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا بوون له چیرۆكه پۆلیسییه‌كان باشتر بوون.
له رۆژانی پشودا، خێزانه‌كه‌مان هه‌فته‌یه‌كیان له خانوه دارینهكهمان له كێڵگه‌ی كاوچۆی باپیره‌م (چوا)له هه‌رێمی (چای چی)به‌سه‌رده‌برد. ئێمه سواری عه‌ره‌بانه‌یه‌ك ده‌بووین كه تایه‌كانی دار بوون‌و دوو گا رایاندهكێشا، جوتیارێك دهیهاژو كه لای نه‌نكم كاریده‌كرد. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و عه‌ره‌بانانه چێژێكی راسته‌قینه‌ی هه‌بوو. دوای په‌نجا ساڵ، كاتێك له ساڵی (1977)دا به فڕۆكه‌یه‌كی كۆنكۆرد له له‌نده‌نه‌وه ده‌چوم بۆ نیویۆرك‌و له‌ماوه‌ی سێ كاژێردا زه‌ریای ئهتڵهسیمان تێپه‌ڕاند، له خۆمم ده‌پرسی تۆ بڵێی یه‌كێك له سه‌رنشینه‌كانی ئه‌م فڕۆكه‌یه چێژی سواربوونی ئه‌و عه‌ره‌بانانه‌ی چه‌شتبێ كه گاكان رایاندهكێشا!
ژیان هه‌موی په‌ت پهتێنێكی ساده نه‌بوو. ماوه نه ماوه‌یه‌ك باوكم ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ خانویه‌كی ناخۆش، دوای ئه‌وه‌ی یارییه‌كی بلاك جاك یان گه‌مه‌یه‌كی دیكه‌ی له یانه‌ی مه‌له‌وانی چینی له شه‌قامی عه‌نبه‌ر ده‌دۆڕاند، پاشان داوای هه‌ندێك كلی ده‌كرد بۆ گره‌وكردن له‌سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت دووباره بگه‌ڕێته‌وه‌و جارێكی تر به‌ختی خۆی تاقی بكاته‌وه.
ده‌مه‌قاڵه له‌نێوان دایكم‌و باوكمدا رویدهداو هه‌ندێكجار په‌نای ده‌برده به‌ر توندوتیژی، وه‌لێ دایكم خانمێكی ئازا بوو، مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خشڵه‌كانی خۆی بپارێزێ، كه دیاری هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی بوو، ئه‌و خشڵانهش دایك‌و باوكی پێیان به‌خشیبوو. ئه‌و له ساڵانێكی زۆر زودا شوی كردبوو، به‌ڵام خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزو وزه‌و وره‌یه‌كی گه‌وره بوو. له‌و رۆژگاره‌دا پێویست بوو ژن هاوسه‌رێكی باش بێت‌و منداڵی زۆر بهێنێت، تاوه‌كو ئه‌وانیش له‌داهاتودا ببنه هاوسه‌رو مێردی باش. ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ك نه‌وه دوای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی خۆی له‌دایك بایه‌و خوێندنی باڵای تهواوكردبایه، ئه‌وا زۆر به ئاسانی ده‌یتوانی ببێته به‌ڕێوه‌به‌ر یان خاوه‌ن كارێكی نمونهییو سه‌ركه‌وتوو.
دواتر ژیانی خۆی بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانی ته‌رخانكرد، تاوه‌كو بتوانن بڕوانامه‌یه‌كی باش بهدهستبهێننو له پسپۆڕی خۆیاندا پشت به خۆیان ببه‌ستن. بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له ئاینده‌مان بكات، به‌ره‌نگاری باوكم ده‌بوویه‌وه. من‌و خوشك‌و براكانم پێزانینمان بۆ قوربانیدانه‌كانی هه‌یه، هه‌ستمانده‌كرد نابێت هیوابڕاوی بكه‌ین، تاوه‌كو لێهاتوبینو جێگه‌ی ئومێدی ئه‌و بین، ده‌بوو ئه‌وه‌ی له تواناماندایه ئه‌نجامی بده‌ین. كاتێك گه‌وره بووم به‌و پێیه‌ی كوڕی گه‌وره بووم له هه‌مو كاروباره گرنگه‌كانی خێزاندا راوێژی پێده‌كردم، به‌و هۆیه‌وه كاتێك له ساڵانی نه‌وجه‌وانیدا بووم هه‌ستمده‌كرد كه من پیاوی راسته‌قینه‌ی ماڵم، ئه‌مه‌ش فێری كردم چۆن بڕیاربده‌م.
نه‌نكم (دایكی دایكم)، بۆچونی به‌هێزی له‌باره‌ی فێربونمهوه هه‌بوو. له ساڵی (1929)و به‌ر له‌وه‌ی ته‌مه‌نم بگاته شه‌ش ساڵی، مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچمه قوتابخانه‌یه‌كی ئاسایی نزیك له‌گه‌ڵ منداڵانی راوچیانی ماسی، له‌و كوخه‌دا یه‌ك پۆل هه‌بوو، له‌گه‌ڵ چه‌ند كورسیه‌كی شهقو شڕو مهنهسهیهكی ته‌خت. ژورێكی دیكه‌ش هه‌بوو له شێوه‌ی خانویه‌ك بۆ مامۆستایه‌كی چینی هه‌ژار كه له نێوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیدا بوو، ئه‌و داوای لێده‌كردین وشه‌كان له‌دوایه‌وه بڵێینه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ماناكانی بزانین. ئه‌گه‌ر بیویستایه شتێك راڤه بكات، ئه‌وا لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتین.
من سكاڵای خۆم گه‌یانده دایكم‌و ئه‌ویش گه‌یاندییه نه‌نكم، به‌ڵام دایكێكی گه‌نجی ته‌مه‌ن بیست‌و دوو ساڵ له توانایدا نه‌بوو ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر دایكێكی ته‌مه‌ن چل‌و هه‌شت ساڵه‌دا بسه‌پێنێت، كه له دوو هاوسه‌رگیری نۆ منداڵی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك به چینی فێرببم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌نكم رێگه‌یدا قوتابخانه‌كه‌م بگۆڕم، ناردمی بۆ قوتابخانه‌ی (چوون)كه ده‌بوو هه‌مو رۆژێك به پێ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ماڵ، ئه‌م قوتابخانه‌یه باشتر بوو، ده‌كه‌وته شه‌قامی جۆچیاتهوهو یه‌ك میل له ماڵمانه‌وه دوربوو، قوتابخانه‌كه دوو نهۆم بوو، له دار پێكهاتبوو، ناوكهوهكهی چیمه‌نتۆ بوو، نزیكه‌ی ده پۆلی هه‌بوو له‌گه‌ڵ كورسی بۆ نزیكه‌ی (35 – 40) قوتابی له هه‌ر پۆلێكدا، وانه‌كان به زمانێكی چینی قورس بوون.
له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ دایك‌و باوكم به ئینگلیزی ده‌دوام، باوكم به ئینگلیزییه‌كی تێكه‌ڵ به چینی قسه‌ی ده‌كرد، به مالاوییهكی تێكه‌ڵ به هۆكی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم كوڕانی راوچییه‌كان قسانی ده‌كرد. زمانی مانده‌ری ته‌واو نامۆ بوو، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ژیانمه‌وه نه‌بوو، كاتێك مامۆستاكان پێی دهئاخڤین زۆر لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم.
دوای تێپه‌ڕینی دوو یان سێ مانگ، داوام له دایكم كرد بمگوازێته‌وه بۆ قوتابخانه‌یه‌ك كه به ئینگلیزی ده‌یانخوێند، ئه‌مجاره‌یان توانی ره‌زامه‌ندی نه‌نكم وه‌ربگرێ. له كانونی دووه‌می (1930)په‌یوه‌ندیمكرد به قوتابخانه‌ی ئینگلیزی (تیلۆك كواروا). ئێستا ئیتر ده‌متوانی له مامۆستاكانم بگهمو به كه‌مێك كۆششكردن توانیم پێشكه‌وتن به‌ده‌ستبهێنم. زۆرینه‌ی قوتابییه‌كان چینی بوون، له‌نێویاندا كه‌مینه‌یه‌ك هیندیو هه‌ندێك مالاوی هه‌بوون كه له قوتابخانه‌ی مالاوی (تیلۆك كواروا)وه هاتبوون.
دایكم‌و باوكم به كه‌می گوێیان به كۆششكردنم ده‌دا، چونكه دایكم خاڵه (كینگ هی) راسپاردبوو ئه‌ركی ئاماده‌كردنی وانه‌كانی رۆژی داهاتوم له ئه‌ستۆ بگرێت. پێویست بوو له‌سه‌رم سێ ئێواره له ههفتهیهكداو بۆ ماوه‌ی كاژێرێك به‌ر له نانی ئێواره له‌گه‌ڵیدا بم. من به گهوجیم ده‌زانی كه فێركردن‌و به‌دواداچونی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌م به خاڵه‌كانم بسپێردرێت.
له ئاستی پێنجه‌م دوو پله‌ی سه‌ركه‌وتنم له قوتابخانه به‌ده‌ستهێنا، دوای حه‌وت ساڵ خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی – بۆ من شه‌ش ساڵ بوو-، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی كورسی خوێندنی قۆناغی ئاماده‌یی له خوێندنگا حكومییه‌كاندا، هه‌موومان به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گشتیمان له‌سه‌ر ئاستی دورگه‌كه‌دا كرد، له دوا ساڵی خوێندنمدا له ساڵی (1935)هه‌وڵێكی زۆر‌و زه‌وه‌ندم دا، بۆیه توانیم ببمه یه‌كه‌می خوێندنگاكهو كورسیهكم له په‌یمانگای رافیلز به‌ده‌ستهێنا كه ته‌نها خوێندكاره سه‌ركه‌وتوه‌كانی وه‌رده‌گرت.
په‌یمانگای رافیلز تائێستاش له سه‌نگافوره یه‌كه‌م خوێندنگای ناوه‌ندییه‌و به ئینگلیزی ده‌خوێنن، به‌ناوی دامهزرێنهرهكهیهوه ناونراوه. كۆمه‌ڵێكی كه‌م پیاوی دیار‌و خاوه‌ن رۆشنبیری باڵا ئه‌و پهیمانگایهیان خوێندوه، زۆرینه‌یان ئۆفه‌ری شاژنیان بۆ خوێندن له زانكۆكانی ئۆكسفۆرد، كامبریج، له‌نده‌ن، ئیدنبێرگو په‌یمانگاكانی دیكه‌ی به‌ریتانیای تایبه‌ت به نوژداری، قانون یان ئه‌ندازیاری به‌ده‌ستهێناوه.
ساڵی (1936)له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی (150)خوێندكاری سه‌ركه‌وتوو له پانزه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی حكومییه‌وه، په‌یوه‌ندیم به په‌یمانگای رافیلزهوه كرد. وه‌رگرتن له‌م په‌یمانگایه له‌سه‌ر بنه‌مای زیرهكیو به‌هره‌داری بوو. خوێندكاره‌كان سه‌ر به هه‌موو ئیتنیك‌و چین‌و ئایینه‌كان بوون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا مالاوییهكی زۆر هه‌بوون. به‌ڕێوه‌به‌ره یه‌كه‌مینه ئینگلیزه‌كان كه په‌یمانگه‌كه‌یان بنیادنابوو، په‌یمانگاكه‌یان له‌سه‌ر شێوازی قوتابخانه‌یه‌كی گشتی ئینگلیزی دامه‌زراندبوو.
به‌رنامه‌ی خوێندنی په‌یمانگه‌كه خوێندكاری ئاماده‌ده‌كرد بۆ ئه‌زمونه‌كانی ئیمپراتۆری بۆ بڕوانامه‌ی نزم‌و باڵای زانكۆی كامبریج. كتێب‌و پرۆگرامی خوێندن به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه په‌یوه‌ست بوون به: زمانی ئینگلیزی، ئه‌ده‌بی ئینگلیزی، مێژوی ئیمپراتۆرییه‌تی به‌ریتانی، بیركاری، جوگرافیا، له هه‌موو داگیركهكاندا به یه‌ك شێوه بوون، بڕوا وایه هه‌موویان هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌بن كه له قوتابخانه‌كانی به‌ریتانیا ده‌خوێنران، خوێندن ته‌نها به زمانی ئینگلیزی بوو. دوای ساڵانێك كاتێك چاوم به سه‌ركرده‌كانی (كۆمۆنوێڵس)له دورگه دووره‌كانی كاریبی یان زه‌ریای هێمن كه‌وت، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وانیش هه‌مان به‌رنامه‌و ده‌قیان خوێندوه، هه‌مان ئه‌و بڕگه شیعرییانه‌ی شكسپیرییان ئهزبهركردوه.
چوار پله‌ی خوێندن له خوێندنگا ناوهندییهكه هه‌بوون: نمره‌كانی شهشو حه‌وت بۆ بڕوانامه‌ی كامبریجی نزم‌و باڵا بوو، من له خوێندندا زۆر كۆششم نه‌ده‌كرد، وه‌لێ له وانه‌كانی بیركاری‌و زانست‌دا باش بووم‌و له زمانی ئینگلیزییدا سه‌ركه‌وتو بووم. له‌كۆتاییدا له نمره‌كانی پۆلی شه‌شدا من له‌نێو باشترین خوێندكاره‌كان بووم‌و گه‌یشتمه پله‌ی (A7) ئه‌ی حه‌وت، به‌بێ كۆششێكی گه‌وره من له‌نێو سێ خوێندكاره یهكهمینهكه بووم. ئه‌وكاته زۆر هۆشیار نهبوومو له پۆلدا زۆر گوێم نه‌ده‌گرت. هه‌وڵمده‌دا چاو ببڕمه سه‌ر ئه‌و خوێندكاره‌ی كه له ته‌نیشتمه‌وه دانیشتبوو. (تیۆكاه لیۆنگ) ته‌نها خوێندكاری یه‌كه‌می پۆله‌كه نه‌بوو، به‌ڵكو به باشی پوخته‌ی وانه‌كانی ئه‌زبه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام كاغه‌زه‌كانی به‌ده‌ستی ده‌شارده‌وه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا مامۆستا هندییهكهمان كه ناوی (م.ن. كامبۆس) بوو له راپۆرتێكدا له‌باره‌ی منه‌وه كه ستایش‌و هاندانی له‌خۆگرتبوو نوسیبووی:
هاری لی كوان ی‌و خوێندكارێكی زیره‌ك‌و نمونه‌ییه، له‌وانه‌یه له ژیانیدا پۆستێكی باڵا به‌ده‌ست بهێنێت.
چومه پۆلی (جۆنیۆر A)كه له‌ڕووی ئاسته‌وه باشترین پۆل بوو، به‌رپرسی پۆله‌كه كه‌سێكی ئینگلیز بوو به‌ناوی (ئه‌ی تی گریڤ)، گه‌نجێكی ده‌رچوی ئۆكسفۆرد بوو، قژێكی درێژ‌و سروشتێكی دۆستانه‌ی هه‌بوو.
ئه‌و له كۆتایی بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو، هێشتا هاوسه‌رگیری نه‌كردبوو، ئه‌ركی یه‌كه‌می له ده‌ریاكاندا به‌جێگه‌یاندبوو، هیچ جیاكارییه‌كی ره‌گه‌زی نه‌ده‌كرد، له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه بووبێت كاتێكی درێژی له داگیرگهكاندا به‌سه‌ر نه‌بردبوو، تاوه‌كو فێرببێت پارێزگاریی له دورییه‌كی دیاریكراو له‌نێوان خۆی‌و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌دا بكات، بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانی، ئه‌وه به كارێكی پێویست داده‌نرا.
توانیم تاڕاده‌یه‌كی زۆر زمانی ئینگلیزییه‌كه‌م باش بكه‌م‌و زۆر به‌باشی هه‌وڵمدا، له تاقیكردنه‌وه نزمه‌كانی كامبریج یه‌كه‌م بووم، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر كاغه‌زی زانكۆی كامبریجو نیشانه‌كانی ئه‌نجامی بده‌م. له‌و ساڵه‌دا دوو دیارییم وه‌رگرت، ئۆفه‌ری رافیلزو ئۆفه‌ری جیاك كیم، به‌های هه‌ردوكیشیان ده‌گه‌یشته (350) دۆلاری ته‌واو، ئه‌وه‌ش به‌س بوو بۆ كڕینی ماتۆڕسكیلێكی رالی كه‌شخه به حه‌فتا دۆلار، كه سێ بزوێنهرو سندوقی پشته‌وه‌شی هه‌بوون، به‌م جۆره به كه‌شخه‌یی ده‌چوم بۆ قوتابخانه‌و پاره‌ی یهدهگیشم هه‌بوون. به‌ڵام چاوه‌ڕوانی باشتر بووم. خۆم بۆ سه‌ركه‌وتن له تاقیكردنه‌وه‌ی باڵای كامبریج ئاماده‌ده‌كرد، كاتێك له كاتێكی زوی ساڵی (1940)دا ئه‌نجامه‌كان ده‌ركه‌وتن خۆشحاڵ بووم، چونكه من یه‌كه‌می قوتابخانه‌كه‌م بووم، نه‌وه‌كو هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو خوێندكارانی سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ یه‌كه‌م بووم.
من به‌و ساڵانه‌ی له په‌یمانگای رافیلز به‌سه‌رم بردن خۆشحاڵ بووم، چونكه به باشی له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌م وێكدههاتهوه، من یه‌كێك بووم له چالاكوانانی بزوتنه‌وه‌ی دیده‌وانی، من یاری كریكێتو هه‌ندێكیش تێنسم ده‌كرد، مهلهوانیشم ده‌كرد، هه‌روه‌ها به‌شداری زۆرێك له گفتوگۆكانم ده‌كرد، به‌ڵام هه‌رگیز نمونه‌یی نه‌بووم، زۆر دو‌ریش بووم بگه‌مه ئاستی ته‌واو بێ خه‌وشی (كه‌مال).
كارێك هه‌بوو بێزاری ده‌كردم یان له ناخه‌وه دهیسوتاندم، ئه‌ویش ئه‌وه بوو به‌زۆری كاتێك له‌پۆلدا به‌ئاگا نه‌ده‌بووم، تێبینیه‌كانم له هاوپۆلهكانمهوه كۆپی ده‌كرد، یان له مامه‌ڵه‌كردندا هه‌ندێ شێوازی مامۆستا رۆژئاواییهكانم دووپاتده‌كرده‌وه. به‌ڵام سه‌باره‌ت به مامۆستای زانست كه هندییهكی وه‌ڕسكه‌ر بوو، توانیم له تاقیگه‌دا وێنه‌ی پشته‌سه‌ره كه‌چه‌ڵه‌كه‌ی بكێشم.
جارێكیان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌وه ده‌ركرام، (د.و.مه‌ك لوید) به‌ڕێوه‌به‌رێكی دادپهروهرو ره‌ق بوو، سیستمی به‌سه‌ر هه‌مواندا ده‌سه‌پاند، یه‌كێك له‌و رێسایانه‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كرد ئه‌وه‌بوو ئه‌و خوێندكاره‌ی له وه‌رزێكدا سێ جار دوابكه‌وێت ئه‌وا به داری حه‌یزه‌ران لێی ده‌دات. به‌رده‌وام دره‌نگ له خه‌و رادهبووم، كاتێك له یه‌كێك له وه‌رزه‌كانی ساڵی (1938)دا بۆ جاری سێیه‌م دواكه‌وتم، به‌رپرسی به‌رزه‌فتكاری ره‌وانه‌ی لای مه‌ك لویدی كردم، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه ده‌یناسیم، به‌هۆی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه له رۆژی دابه‌شكردنی پاداشتهكاندا بهدهستمهێنابوو، هه‌روه‌ها له‌و ئۆفه‌ره خۆڕاییانه‌ی بهدهستمهێنابوون، به‌ڵام ئه‌وانه له سزاكه‌ی رزگاریان نه‌كردم، له‌سه‌ر كورسیه‌ك نوشتامه‌وه‌و سێ داری به پێیه‌كانمدا كێشا، پێموایه لێدانه‌كه‌ی به سوكی بوو. هه‌رگیز تێنه‌گه‌یشتم بۆچی پهروهدهكاره رۆژئاواییه‌كان دژی سزای جه‌سته‌یین. بۆ من‌و هاوڕێكانیشم ئازاربه‌خش نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فێربووم كه ژیان به‌جدی وه‌ربگرم، دایك‌و باوكم باسی ئه‌وه‌یان بۆكردم كه چۆن هه‌ندێك له هاوڕێكانیان له سایه‌ی خوێندنهكهیانهوه بوونه‌ته پارێزهرو پزیشك‌و پشتیان به‌خۆیان به‌ستووه، به‌و هۆیه‌وه له‌و بێبازاڕییه‌ی روویدا زیان‌و ئازاری پێنه‌گه‌یاندن.
باوكم له به‌فیڕۆچونی ته‌مه‌نی گه‌نجی خه‌مبار بوو، بۆیه ئه‌وو دایكم هانیان ده‌دام بچمه خوێندنی باڵا، له‌به‌رئه‌وه خۆم ئاماده‌كرد ببمه پارێزهرو به‌ڕێزبم نه‌وه‌كو به‌كاربه‌ر بم. ئامانجم خوێندنی قانون بوو له له‌نده‌ن. به‌ڵام له ساڵی (1940) جه‌نگ له ئه‌وروپا قه‌وماو ره‌وشه‌كه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی خراپ ده‌ڕۆیشت، فه‌ره‌نسا به‌توندی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بوو، له‌سه‌ر كه‌ناری داگیركردن بوو. بۆیه باشتربوو خوێندنی ماف له له‌نده‌ن دوابخه‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ی له تاقیكردنه‌وه‌ی باڵای كامبریجدا یه‌كه‌می سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ بووم، بۆیه ئۆفه‌ری ئه‌ندرسۆنم ده‌ستگیربوو، ئه‌وه‌ش له‌وكاته‌دا بۆ خوێندن له كۆلێژی رافیلز به‌رزترین ئۆفه‌ر بوو، منیش بڕیارمدا قبوڵی بكه‌م، به‌بڕی دوو سه‌د دۆلار له‌هه‌ر كۆمه‌كێكی دیكه‌ی حكومی زیاتربوو، پاره‌یه‌ك بوو به ته‌واوی به‌شی باجدان‌و كڕینی كتێب‌و مهلزهمهشی ده‌كرد، هه‌ندێكیشم بۆ خه‌رجی یه‌ده‌گ پاشه‌كه‌وت ده‌كرد.
كۆلێژی رافیلز ساڵی (1928)له‌لایه‌ن حكومه‌تی (ستریت ستیلمێنتس)دامه‌زراوه‌و ئه‌م وانانه‌ی تێدا ده‌خوێنرا: هونه‌ر (ئینگلیزی، مێژوو، جوگرافیا، ئابوری)و زانست (فیزیا، كیمیا، بیركاری پراكتیكی‌و په‌تی).
حكومه‌ت بینایه‌كی رازاوه‌ی بۆ ئه‌م كۆلێژه دروستكردبوو، كه رووكاری ده‌ره‌وه‌ی قه‌شه‌نگ بوو، له هه‌مان ته‌لاره‌كانی ئۆكفسۆردو كامبریج ده‌چوو، وه‌لێ له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای خولگه‌یی گونجێنرابوو.
من چونكه خوێندكارێك بووم ئۆفه‌رم هه‌بوو، ده‌بوو له یه‌كێك له به‌شه ناوخۆییه‌كان بمێنمه‌وه. خۆگونجاندن ئه‌سته‌م بوو. ئه‌ندازیاره‌كان به‌جۆرێك دروستیانكردبوو تاوه‌كو له‌گه‌ڵ كه‌شی گهرمو شێداری سه‌نگافوره بگونجێ. به‌شه‌كان گه‌وره بوون‌و بنمیچهكهیان به‌رز بوو. هه‌ر به‌شێك به‌سه‌ر بیست ژوردا دابه‌شكرابوو، په‌نجه‌ره‌ی فه‌ره‌نسی هه‌بوو، ده‌چوونه سه‌ر بهلهكۆنێكی كراوه. به‌ربه‌ستی نێوان ژوره‌كان ته‌نها حه‌وت پێ به‌رزبوو، واته زیاتر له باڵای مرۆڤێك تاوه‌كو به ئاسانی هه‌واگۆڕكێ دروستببێ. ئه‌مه‌ش مانای وابوو ژوره‌كه‌و به‌له‌كۆنه‌كه پڕده‌بوو له ده‌نگه‌ده‌نگ، چونكه هه‌ر ژورێك بیست خوێندكاری تێدابوو. پێویست بوو له‌سه‌ر هه‌ر خوێندكارێك سێ وانه هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام خوێندنی ئینگلیزی بۆ هه‌مو خوێندكاران ناچاری بوو، بۆیه من بۆ باشكردنی توانای زمانه‌وانیم گرنگی زۆرم پێده‌دا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی دواتر له خوێندنی قانون‌و بیركاریدا یارمه‌تیده‌رم بێت، چونكه من حه‌زم لێدهكردنو تیایاندا سه‌ركه‌وتو بووم، هه‌روه‌ها بۆ خوێندنی ئابوری چونكه بڕوام وابوو فێرمدهكات چۆن له كار‌و بازاڕی پشكه‌كاندا پاره به‌ده‌ست بخه‌م – من خۆشباوه‌ڕ بووم! دوای ساڵی یه‌كه‌م پێویست بوو خوێندكار ته‌نها بابه‌تێك وه‌كو بابه‌تی بنه‌ڕه‌تی خوێندنه‌كه‌ی هه‌ڵببژێرێت، منیش بیركاریم هه‌ڵبژارد.
له كۆتایی سێ وه‌رزی خوێندنی ساڵی ئه‌كادیمیدا تاقیكردنه‌وه ئه‌نجامده‌درا، له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌دا له وانه‌ی بیركاری یه‌كه‌م بووم‌و نه‌وه‌د زیاترم هێنا، به‌ڵام هه‌ستم به ترس كرد، چونكه له بابه‌ته‌كانی ئینگلیزی‌و ئابوری باش نه‌بووم، بۆیه دووه‌م بووم. دوای من به جیاوازییه‌كی زۆر خاتو (كواجیۆك چۆ)ده‌هات. ئه‌وم له په‌یمانگای رافیلزهوه ده‌ناسی. ساڵی (1939)له رۆژی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ساڵانه، داوای لێكرا وه‌كو ته‌نها خوێندكاری كچ له قوتابخانه‌كه خه‌ڵات پێشكه‌ش بكات، كۆمه‌ڵه خه‌ڵاتێكی به‌ده‌ستهێنا. له پۆلی پێنج ئاماده‌بوو بۆ وه‌رگرتنی ئۆفه‌ری خوێندنی شاژن بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ.
من بێزار‌و نا‌ئومێد بووم، چونكه له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌نها دوو ئۆفه‌ر به‌ناوی شاژن بۆ هه‌موان هه‌بوون (داگیركهكانی سترتێس)و (سه‌نگافوره‌و بینانگو مالاكا)، مه‌رج نه‌بوو ببه‌خشرێته دوو باشترین خوێندكار له‌ڕوی نیشانه‌وه. له‌سه‌رو هه‌موو ئه‌وانه‌وه له دابه‌شكردنێكی جوگرافیایانه‌ی یه‌كسان ده‌ترسام، ئه‌گه‌ر بێتوو له‌سه‌ر بنه‌مای دوو هاوبه‌ش له بینانگو مالاكا ببه‌خشرێت، ئه‌وا ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفه‌ره‌كه، ئۆفه‌ره‌كه نابه‌خشنه دوو خوێندكاری سه‌نگافوره، بۆیه ئه‌وه‌ی پله‌ی دوه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێ هیچ سودمه‌ند نابێ.
به‌پێچه‌وانه‌ی په‌یمانگاوه، هیچ چێژێكم له ساڵی یه‌كه‌می خوێندنم له كۆلێژی رافیلز نه‌بینی. هه‌موان ده‌یانزانی به‌رله‌وه‌ی بگه‌مه كۆلێژه‌كه یه‌كه‌م بووم، من جێگه‌ی گومانی هه‌ندێك له هاوڕێكانم بووم‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان بێزاریان ده‌كردم. ده‌بوو كارگه‌لێكی زۆر ئه‌نجام بده‌م كه حه‌زم لێنهدهكردن، یان وامدهبینی بێنرخ‌و بێزاركهن، به‌ڵام له‌بری گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌یمانگایه‌ك پێنه‌گه‌یشتوو بێت‌و نه‌ریته هه‌ڵه‌كان گه‌شه‌پێبدات، وه‌كو نرخێكی ناچاری قبوڵمكرد.
ده‌بوو ئاماده‌ی وانه‌كان بین‌و چاكه‌ت لهبهربكهینو بۆینباخ ببه‌ستین، پۆله‌كانیش فێنككه‌ره‌وه‌ی تیانه‌بوو، به‌ڵام ژوره‌كانی به‌شی زانستی گه‌رمكه‌ره‌وه‌ی تیا‌بوو، كه هه‌ندێك له نیوهڕۆكان پێده‌كرا، بۆیه سروشتی بوو دوچاری له‌رزو كۆكه ببین. هه‌روه‌ها بێزاربووم، چونكه له ژینگه‌یه‌كی نامۆدا بووم. له‌گه‌ڵ نۆزده خوێندكاری تر له‌یه‌ك شوێندا بووین، ده‌بوو خواردنی په‌یمانگا بخۆین كه من زۆر ئاره‌زوم لێ نه‌بوو.
دوای ساڵی یه‌كه‌م له كۆمه‌ڵگه‌ی (C)گواستمه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی باشتر كه كۆمه‌ڵگای (E)بوو، له ژورێكی باشتر‌و فێنكتر بووم، به‌ڵام هه‌ستكردن به لهكیسچونی كاته‌كه‌م هه‌رده‌بوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر توانستی زانستیم هه‌بێت. له‌یادمه له یه‌كێك له تاقیكردنه‌وه وه‌رزییه‌كاندا ته‌نانه‌ت له بیركاریش باش نه‌بووم، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا له تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵدا سه‌ركه‌وتوو بووم‌و له بابه‌تی بیركاری پوختدا له ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدا بووم، به‌ڵام خاتو كواجیۆك چۆ له زمانی ئینگلیزی‌و مێژوو ئابورییدا یه‌كه‌م بوو، به‌ڵام له بابه‌تی ئامار كه به‌شێك بوو له وانه‌ی ئابوری پله‌یه‌كی كه‌مێك نزمتری هێنا. ده‌مزانی له‌پێناوی بردنه‌وه‌ی ئۆفه‌ری شاژندا، دووچاری ركابه‌رییه‌كی توند ده‌بمه‌وه.
هه‌ندێك گرفتی تر هه‌بوون، له‌میانی گێڕانه‌وه‌ی یادهوهرییهكانمدا بۆم ده‌رده‌كه‌وێ كه كۆلێژی رافیلز رێنشاندهرم بوون بۆ په‌یبردن به سیاسه‌تی ئیتنی‌و ئاینی. له داگیرگهكانی به‌ریتانیادا جیاوازی له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا نه‌بوو، مالاوییه سهنگافورییهكان راهاتبوون وه‌كو ئه‌وانیتر مامه‌ڵه بكه‌ن. به‌ڵام له حوزه‌یرانی (1940)دا بۆ یه‌كه‌مجار چاوم به ژماره‌یه‌كی بێ‌شومار مالاوی كه‌وت كه له سایه‌ی رژێمێكی جیاوازدا پێگه‌یشتبوون. ئه‌وان له ویلایه‌ته فیدراڵییه‌كانی مالاوی (FMS)بوون كه پێكهاتبوون له: بیراك، سیلانگۆر، باهانگ، نیگری سیمبیلان، زیاتریش له ویلایه‌ته مالاوییه نافیدراڵییهكانی وه‌كو: جۆهۆر، كیدای، بیرلیس، كیلانتان، تیرینگانۆ، مالاوییه نه‌ژاده‌كان خاوه‌نی مافی سیاسی‌و ئابوری تایبه‌ت بوون. له ویلایه‌ته‌كانی (FMS)له‌به‌رده‌م غه‌یره مالاوییهكاندا بۆ كۆلێژی رافیلز ته‌نها پێنج ئۆفه‌ر هه‌بوون، له‌كاتێكدا بژارده‌ی گه‌وره‌تر بۆ مالاوییهكان هه‌بوو. له ویلایه‌ته مالاوییه نافیدراڵییهكانیشدا، له‌نێو هه‌ر سه‌د خوێندكارێكدا هه‌موو ساڵێك له ناوخۆی وڵات‌دا بیست خوێندكار قبوڵ ده‌كران‌و حكومه‌تی ویلایه‌ته‌كانیان تێچوی خوێندنه‌كه‌یان بۆ ده‌دان.
هه‌ستێكی به‌هێزی یه‌كگرتن له‌نێو مالاوییهكاندا هه‌بوو، ئه‌م هه‌سته‌ش به‌هۆی هه‌ستكردن به مه‌ترسی نه‌شونمای كرد، یان به‌هۆی ترس له كۆچبه‌ره هندیو چینییه زۆر چالاك‌و تێكۆشهرهكانهوه بوو. یه‌كێك له مالاوییهكانی پۆله‌كه‌م دواتر بووه سه‌رۆك وه‌زیرانی مالیزیا. عه‌بدولره‌زاق حسێن هاته هه‌مان ئه‌و پۆله‌ی كه من زمانی ئینگلیزی‌و ئابوریم لێ ده‌خوێند، به‌ڵام دوو هاوڕێی زۆر گهرموكوڕ نه‌بووین، ئه‌و سه‌ر به چینی ئه‌رستۆكراتی مالاوی بوو له باهانگ، بۆیه له‌به‌رچاوی خوێندكاره مالاوییهكانی دیكه‌دا كه‌مێك شانازی به‌خۆیه‌وه دهكردو ئه‌وانیش چاویان تێده‌بڕی، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی من به زۆر به‌ئاسانی مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كردن، خوێندكاره ئاساییه‌كان بوون، له‌گه‌ڵ یه‌كێكیاندا له كۆلێژ یاری كریكێتم ده‌كرد.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له منداڵییه‌وه هاوڕێی مالاوی زۆرم هه‌بوون، بۆیه به زمانێكی پاراوی مالاوی دهئاخڤیم. به‌ڵام به‌خێرایی ئه‌وه‌م بۆ ئاشكرابوو به به‌راورد به‌و مالاوییانهی دانیشتوی سه‌نگافوره بوون، هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی غه‌یره مالاوییهكان به‌تایبه‌تی چینییه‌كان ته‌واو جیاوازه.
له ساڵی دووه‌می قوتابخانه بووم یه‌كێك له خوێندكارانی (كیدا)دوای ئه‌وه‌ی بووینه هاوڕێ هه‌واڵی پێدام: “ئێوه‌ی چینی له كیدا زۆر چالاك‌و زیره‌كن و ژماره‌یه‌كی زۆرتان له‌وێ هه‌ن، ناتوانین به‌ره‌نگاری فشاره‌كانیان ببینه‌وه”. مه‌به‌ستی له فشار كێبڕكێ بوو له‌سه‌ر كار‌و بازرگانی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر كورسی خوێندن له قوتابخانه‌و زانكۆكاندا.
مالاوییهكان خاوه‌نی زه‌وی بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ستیان به مه‌ترسی دوورخستنه‌وه له پێگه به‌رزه‌كان له‌لایه‌ن كۆچبه‌ره تازه‌كانه‌وه ده‌كرد، كه زیرهكترو لێوه‌شاوه‌تر بوون‌و توانای كێبڕكێیان زیاتر هه‌بوو، له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ش بووبێت ئه‌وان باشتر‌و زیاتر متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌بوو. چینی‌و هیندییه‌كان ئه‌م هه‌ستكردن به یهكبوونهیان لاوازبوو، هیچ هه‌ستێكی یه‌كبوونیان نه‌بوو، چونكه هه‌ستیان به هه‌ڕه‌شه نه‌ده‌كرد.
تائێستا رووداوێك له یاده‌وه‌ریمدا ماوه، له ساڵی دوهممدا له‌هه‌مبه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی ئاهه‌نگی ئێواره‌خوانی ساڵانه‌ی (یه‌كێتی خوێندكارانی كۆلێژی رافیلز)له هۆتێلی (سی ڤی‌و)هه‌ستێكی گه‌وره‌ی خه‌مبارانه‌م هه‌بوو، خوێندكاره غه‌یره مالاوییهكان نیگه‌ران بوون له كاردانه‌وه‌ی توند‌و قسه ره‌قه‌كانی ئه‌مینداری گشتی فه‌خری ئۆنگكۆ عه‌زیز عه‌بدولحه‌مید له‌هه‌مبه‌ر سكاڵاكه‌یان.
كه‌مینه‌یه‌ك له خوێندكاران ده‌ستیان به بزاڤێك كرد، له‌پێناوی ئه‌نجامدانی دیدارێكی گشتی ئاوارته بۆ سهرزهنشتكردنو بێبه‌شكردنی له پۆسته‌كه‌ی، وه‌لێ ئه‌و مالاوی بوو. دوای ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی واژو بۆ ئه‌و كۆبونه‌وه ئاوارته‌یه كۆتایهات، خوێندكاره مالاوییهكان چوونه پاڵی‌و به ئاشكرا رایانگه‌یاند ئه‌گه‌ر له پۆسته‌كه‌ی لاببرێت ئه‌وا هه‌مویان به كۆمه‌ڵی له یه‌كێتیه‌كه ده‌كشێنه‌وه، ئه‌مه‌ش داڕسانێك (ته‌حه‌دا)بوو به‌ڕووی خوێندكاره غه‌یره مالاوییهكاندا. نزیك بومه‌وه‌و داوامكرد وتاری ده‌ستپێك بخوێنمه‌وه‌و سكاڵاكه‌یان له‌دژی ئۆنگكۆ عه‌زیز بخه‌مه‌ڕو، هه‌رچه‌نده ئاماده‌ی ئاهه‌نگی ئێواره‌خوانه‌كه نه‌بووم. له‌نێوان من و ئه‌ودا هیچ ناكۆكییه‌كی كه‌سی نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موان خۆیان له‌م به‌ڵایه بوارد، بڕیارمدا من ئه‌نجامی بده‌م.
كۆبونه‌وه‌كه پاش نیوه‌ڕۆی شه‌ممه ئه‌نجامدرا، زۆرینه‌ی قوتابیان به‌شدارییان نه‌كرد، له‌وانه‌یه له‌به‌رئه‌وه بووبێت ده‌یانویست خۆیان له‌و هه‌ڵوێسته دژواره دوربخه‌نه‌وه، ته‌نها مالاوییهكان به‌زۆری ئاماده‌بون، ناكۆكییه‌كان توندبوونو هه‌ستكردن به ره‌گه‌زپه‌رستیش به‌هێزبوو.
ئه‌وه یه‌كه‌م ئه‌زمونم بوو له‌گه‌ڵ مالاوییهكاندا، هاوسۆزییه‌كی به‌هێزم له‌گه‌ڵ مالاوییهكاندا هه‌بوو، ئه‌ركه‌كه‌م بوێرانه‌و به شێوازێكی به‌رچاوو به‌بێ دوژمنكاری به‌جێگه‌یاند. ئۆنگكۆ قسه‌ی كرد‌و هه‌مو ئه‌و قسانه‌ی په‌یوه‌ست بوون به ره‌فتاره جیاخوازییهكانیهوه ره‌تكرده‌وه، هه‌ستمكرد خوێندكاره ئاماده‌بووه‌كان كه ژماره‌یان نزیكه‌ی هه‌شتا خوێندكار ده‌بوو، به‌هیچ كلۆجێك له جه‌ختكردنه‌وه‌كانی ئاسوده نه‌بوون. كاتێك ده‌نگدان ئه‌نجامدرا، مالاوییهكان له به‌رژه‌وه‌ندی ئانگكۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان برده‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كه كۆتایهات. خوێندكاره غه‌یره ماولاییهكان هه‌ستیانكرد خاڵێكیان تۆماركردوه، ئه‌و رووداوه له یادگه‌مدا ونبوو. به‌ڵام له‌كاتێكی دواتر‌و له‌نێوان ساڵانی (1963و 1965)دا كاتێك له مالیزیا بووین‌و گرفتاری كێشه‌گه‌لێكی هاوشێوه بووین له‌گه‌ڵ مالیزییهكاندا، بیره‌وه‌رییم گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ئه‌و رووداوه.
هه‌رچه‌نده ئه‌وكات كاتی زه‌مه‌نی كێبڕكێ بوو، به‌ڵام ئێستا كاتی بنیادنانی دۆستایه‌تی به‌رده‌وامه. زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له كۆلێژی رافیلز چاوم پێكه‌وتن، دواتر بووینه دۆست‌و هاوه‌ڵی سیاسی یه‌كتر. له‌نێویاندا (توا چین چای)كه خوێندكاری زانست بوو، له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه له من گه‌وره‌تربوو، له كاره‌كه‌یدا كۆڵنهدهرو رێك‌وپێك بوو، هێمنو رێك‌و ره‌وان بوو. هه‌روه‌ها (جه‌وا كینگ سۆی)مامۆستای ئابوری بوو، خاوه‌نی هۆشێكی زیره‌كانه بوو، قسه‌كه‌رێكی لێهاتو نه‌بوو، وه‌لێ له نوسیندا كارامه بوو.
كاتێك له په‌نجاكاندا ده‌ستم به پیشه‌ی پارێزه‌ری كرد، تۆڕێك له هاوڕێو ناسیاوم له خاوه‌ن پێگه گرنگه‌كان له حكومهتو خاوه‌ن پیشه له سه‌نگافوره‌و مه‌لایۆ هه‌بوون. ره‌نگه مرۆڤ كه‌سێك به شه‌خسی نه‌ناسێت، به‌ڵام بوونی پاشخانێكی هاوبه‌ش واده‌كات كاره‌كان ئاسانتربن، هه‌روه‌ها رایه‌ڵی قوتابخانه كۆنه‌كه‌م له هه‌ریه‌كه له سه‌نگافوره‌و مهلایۆدا كاركردێكی ئه‌رێنی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌نێو چینی‌و مالاوییهكانیشدا.
به‌ر له رۆژانی كاری سیاسی چالاكانهمو له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی له چنگی به‌ریتانیه‌كاندا بوو، له ناوخۆی وڵات‌دا هه‌ستم به هیچ رق‌و قینێك له مالاوییهكان نه‌ده‌كرد، دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ زۆرێكیاندا هه‌بوو، به تایبه‌تی دوو كه‌سیان كه دواتر بوونه دادوه‌رو له‌به‌رده‌میاندا ئاماده‌بووم.
ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه خاوه‌نی په‌روه‌رده‌ی ئینگلیزی بووین‌و له سه‌رده‌می كۆلۆنیالی به‌ریتانیادا پێگهیشتبووین، له قوتابخانه‌ی هاوشێوه‌دا خوێندمانو هه‌مان كتێبمان ده‌خوێنده‌وه‌و له زۆرێك له ههڵوێستو بۆنه‌كاندا به‌شداربووین. بۆیه له بوونی یه‌ك شێواز له وتوێژو ژیان‌و جلوبهرگو به‌جێهێنانی كاره‌كاندا، قوتابخانه گشتییه‌كانی به‌ریتانیا ته‌نها هۆكاری یارمه‌تیده‌ر نه‌بوون.
لە عەرەبییەوە/ بارام سوبحی