بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی هەڵکشانی هەژمووتی چین، “ئەمریکا” یەکەم هەنگاوی خۆی نا، بەپێی تێروانینەکانی ئیدارەی ئەمریکا ئەوەش ڕاستەخۆ دوابەدوای تەواو بوونی کشانەوە هێزەکانی لە ئەفغانستان. دوابەدوای کۆبوونەوەی سەرۆکی “ئەمریکا” لەکەڵ هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی ئوستوڕالیا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە ١٥ی دێسەمبەردا ئەم هەنگاوە ئاشکرا بوو. ئەو کۆبوونەوەیە ڕاگەیاندنی هاوبەشییەکی ئاسایش و بەرگرییەکی مێژووی لێ کەوتەوە، کە بە هاوبەشی هەریەک لە (بەریتانیا و ئوسترالیا و ئەمریکا) پێکدێت و بە هاوپەیمانێتیی (ئۆکۆس) ناوبرا. لێرەدا بابەتەکە ئەوەیە؛ ئەمریکا لەڕووی تەکنەلۆجیای سەربازییەوە یارمەتی ئوسترالیا دەدات، بەوەش (کانبرا) دەبێتە دووەمین سوودمەنی گەورە لە ئەزموونەکانی ئەمریکا لەبواری تەکنەلۆجیای ناووکییەوە لە دوای بەریتانیا، جێگای باسە بەریتانیا لە ساڵی (١٩٥٨) ەوە ئەمریکا هاوبەشی دەکات لە بواری تەکنەلۆجیای ناوەکییەوە. ئەم هاوبەشییە بەرگرییە نوێیە، ناڕەزایەتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بە تایبەتی فەرەنسای بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان فەرەنسا و ئوستوڕالیا کە لەساڵی ٢٠١٦ واژۆکرابوو، هەروەها تێچووەکانی بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەپێی ئەو ڕێکكەوتنەش دەبوایە فەرنسا (١٢) ژێردەریایی بۆ (کانبرا) دروست بکردایەکە بە “دیزل” کاریان دەکرد. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم هاوبەشییە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا هان بدات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە “ئەمریکا”، ستراتیژییەت و سیستەمی بەرگری خۆیان پتەوتر بکەن، لەگەڵ ئەمانەشدا چین بەردەوامە لە دەربڕێنی ناڕەزاییەکانی خۆی بەرامبەر ئەو هاوبەشییە بەرگرییە نوێیەی دەکەوێتە سنووری جوگرافیای ستراتیژی گرنگی ئەو وڵاتەوە، و بەوەش داوا لە واشنتۆن دەکات خۆی لە ئەقڵییەتی (جەنگی سارد و پەناگیری ئایدۆلۆژی) دوور بخاتەوە.
“پاڵنەر و بەندەکانی هاوپەیمانێتییەکە”
ڕاگەیاندراوی هاوبەشی نێوان (واشنتۆن و لەندەن و کانبرا) ئامانجە سەرەکییەکانی پشت ئەو هاوپەیمانێتییەی ڕاگەیاند؛ بەوەی مەبەست لەو هاوپەیمانێتییە بریتییە لە پتەوکردنی تواناکانی پێکەوە کارکردن، بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە سەقامگیری زەریای (هیندی ئارام)، چونکە ئەم ناوچەیە مۆڵگەی نائارامییەکە، دەشێ لەهەرکاتێکدا بێت بەرەو هەڵکشانی زیاتر بچێت، لەمەوە دەتوانین پاڵنەر و ڕەهەندەکانی هاوپەیمانێتییەکە بەم خاڵانەی خوارەوە دیاری بکەین؛
1.ئیحتیواکردنی ئەو مەترسییانی کە ڕووبەڕووی ئاسایشی هەرێمی (هیندۆباسیفیک) دەبنەوە؛ سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا پێی وابوو؛ ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی ناوچەی زەریایی (هیندی-ئارام) دەبنەوە، داوامان لێدەکات هەرسێ وڵاتەکە هاوبەشییان بۆ ئاستێکی باڵاتر بەرزبکەنەوە کە بریتییە لە؛ هەماهەنگی و پێکەوەبوون لەبری دوورکەوتنەوە و فشار دروستکردن، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان هەرسێ وڵات سەبارەت چۆنییەتی سیستەمی نێودەوڵەتی و ئەو ڕێسایانەی پێویستە لە نێو سیستەمی نێودەوڵەتیدا پەیڕەوبکرێن، کە تیایدا ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا بابەتە سەنتەرییەکانن، دواتر ئامانجی سەرەکی پشت دروستبوونی ئەم هاوبەشییە بەرگرییە ئەوەیە کە؛ ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە هەست بە ئارامییەکی زیاتر بکەن و کە ئەوەش دواتر سوودی هەیە بۆ کۆمەڵگی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەدوای ئەو مەترسییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە بینیی بەهۆی هەڵکشانی کردوە تیرۆریستییەکان، و کێشە سنوورییەکان و ئەو تاوانە ڕێکخراوانەی سنوورەکان تێدەپەڕێنن. هەروەها (بایدن) دووپاتی کردەوە کە پارێزگاریکردن لە ئازادی و ئارامی ناوچەی زەریای (هیندی – ئارام) بابەتێکی سەرەکییە، هەر بۆیە پیویستە وڵاتان ئامادەبن بەوەی کە لەگەڵ گۆڕانگارییەکانی ژینگەی ستراتیژی ناوچەکەدا مامەڵە بکەن.
2.ئاڵوگۆڕکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە مەترسییەکانی سەر ئارامی ناوچەکە؛ ڕووکەشی هاوبەشییەکە تەنیا خۆی لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیادا نابینێتەوە بۆ (کانبرا)، بەڵکو فراوانترە بەجۆرێک کە ببێتە هۆی ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە، هەر لەو بوارانەی هەرسێ وڵات لەسەری ڕێککەوتوون؛ بواری ئەلەکترۆنی، پیشەسازی زیرەک، بەرگری سیبریانی، لەگەڵ ئەمانەشدا (توانای دیکەی ژێر دەریاکان)، هەروەها سەرکردەی هەر سێ وڵات ئەوەیان پشتڕاستکردەوە، ئاساییە هاوبەشی بەرگری نێوان (هەر سێ دیموکراسییە دەریاییەکان) ببێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی و متمانەی نێوانیان.
3.گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ژێردەریایی ناووکی بۆ ئوستورالیا؛ یەکەم هەنگاوی ئەم هاوبەشییە بریتییە لەوەی ڕێگایەکی خێرا لەلایەن (ئەمریکا و بەریتانیا) بگیرێتەبەر بەمەبهستی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ژێردەریایی ناووکی بۆ ئوستورالیا لە ماوەی هەژدەمانگی داهاتوودا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئوستورالیا بتوانێت هەشت ژێردەریایی دروست بکات بە وزەی ئەتۆمی کاردەکەن، هەروەها دامەزراندنی بنکەیەکی سەرەکی بۆ سەرپەرشتیکردنی (واشنتون و لەندەن) بەسەر توانای ئەتۆمییەکانی (کانبرا)وە، لەگەڵ ئەمانەشدا هەریەک لە (لەندەن و واشنتۆن) چەند تیمێکی هونەری و ستراتیژی دەگوێزنەوە بۆ ئوستورالیا بەمەبەستی یارمەتیدانیان لەو بوارەدا، هەر لەم چوارچێوەیەدا (مۆریسۆن) دووپاتی کردەوە ئوستورالیا هەوڵی ئەوە نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبیت لە پابەندبوونی بە بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمییەوە، هەروەها ڕوونی کردەوە “وڵاتەکەی ئەو ژێردەریاییانە لە ئەدلاید – ئوسترالیا دروست دەکات لەڕێی هاریکارییەکی تەواوی هەریەک لە بەریتانیا و ئەمریکا”، چەند جارێکیش بەرپرسانی هەرسێ وڵات دووبارەیان کردۆتەوە کە ژێردەریاییەکانی بە سوتەمەنی ئەتۆمی کاردەکەن نەوەکو بە وزەی ئەتۆمی.
4.پتەوکردنی پێگەی بەریتانیا لە بواری تەکنەلۆجیایی پێشکەوتوودا؛ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێی وایە؛ هاوبەشییەکە دەبێتە هۆی بەریتانیا پێگەی نێودەوڵەتی لە بواری تەکنەلۆجیا و زانستدا بەهێزتر بێت، بە تایبەتی دوای ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی تەکنۆلۆجیای ناووکی و پێشکەوتوو بۆ (کانبرا)، هەروەها ڕێگە دان بە “بەریتانیا” بۆ گواستنەوەی لێهاتوویی و ئەزموونی شەست ساڵی خۆی لەو بوارەدا، لەلایەکی دیکەشەوە بەریتانیا بەو هاوبەشییە لەو کەنارگیرییە نێودەوڵەتییە دەربازی دەبێت کە بەهۆی هاتنە دەرەوەی لە یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی بوویەوە.
5.جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە (هیندۆباسیفیک) دا؛ ئەم هاوپەیمانێتییە نۆێیە ئەومان بۆ دەردەخات کە تاوەکو چەندێک ئیدارەی (بایدن) مەترسییەکانی (چین) بە هەند وەردەگرێت، بە جۆرێک کە گەیشتۆتە ئاستێک تەکنۆلۆجیایەکی وا هەستیار لەگەل ئوستورالیا هاوبەشی پێبکات، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی ژێردەریایی کارپێکراو بە وزەی ئەتۆمییان هەی ژمارەیەکی دیاریکراون، ئەوەش بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک لە پەنتاگۆن ئاشکرایکردووە؛ (چین) بووە بە یەکەمین دەوڵەت لە بواری هێزی سەربازی دەریاییدا، لەگەڵ ئەمانەشدا هەواڵێکی زۆر هەیە، باس لەوە دەکەن (بایدن) لە هەوڵی ئەوەدا بێت بنکەی سەربازی زیاتر لە ئوستورالیا بکاتەوە، و ژمارەی هێزەکانی لە باکووری ئوستورالیا زیاتر بکات، ئەوەش پاڵپشت بەو بڕوایەی کە (کانبرا) هێزە سەربازییەکانی بڵاوەپێدەکات ئەگەر جەنگ لە نێوان (چین و ئەمریکا) هەڵبگیرسێت. ئەو ژێردەریاییانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی ئوستورالیا ئەوەش بەهۆی دۆزینەوەیان کارێکی ئەستەمە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێن بۆ هاویشتنی مووشەکەکان و هەروەها لە تواناشیاندایە ماوەیەکی زیاتر لەناو دەریادا بمێننەوە.
6.فراوان کردنی بازنەی هاریکاری سەربازی نێوان (واشنتۆن و کانبرا)؛ وڵاتە یەکگرتووەکان و ئوستورالیا لەسەرە ئەوە ڕێککەوتوون بازنەی هاریکاری سەربازی نێوانیان فراوان بکەن بە جۆرێک بڵاوەپێکردنی هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی لە ئوستورالیا ڕێگەپێدراو بێت، لەم بارەیەوە وەزیری بەرگری ئوستورالیا دەڵێت، ئەم ڕێککەوتنە نوێیە ڕێگا بە “ئەمریکا” دەدات چەندین بنکەی لۆجیستی لە ئوستورالیا دابمەزرینێت بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی بوونی هێزەکانی “ئەمریکا” لە ناوچەکەدا، باشترکردنی کاری پێکەوەیی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها بەرپرسانی هەردوولا لە (واشنتۆن و کانبرا) ڕێککەوتوون لەسەر چڕکردنەوەی مەشقە هاوبەشەکان و دامەزراندنی (توانای هاوبەش) لەبواری خزمەتگوزاریە لۆجیستییەکان و چاکسازی لە ژێردەریاییە نوێکاندا، هەر لەم بوارەدا سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەیان دەبێتە خاوەنی موشەکی کرۆزی ئەمریکی لە جۆری (تۆما هۆک) کە ئەمەش بەرگری ئاسمانی ئوستورالیا بەهێز دەکات.
“دەنگدانەوە نێودەوڵەتییە فراوانەکان”
ئەم هاوبەشییە نوێیە، بەرەنگاربوونەوەیەکی تووندی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپای بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی فەرەنسا، بەوەش چەندین بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەوانە؛
1.ناڕەزایی فەرەنسا بەرانبەر ( دیبلۆماسییەتی تاکڕەوی – نهێنی)؛ ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە تەواو فەرنسای تووڕەکرد، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی، واشنتۆن پرسی پێ نەکردوون سەبارەت بەو ڕێکكەوتنە، ناکرێت بەرهەمی شەو و ڕۆژێک بێت، هەروەها فەرەنسا بەداخەوە بوونی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بە دوورخستەوەی هاوپەیمانێکی ستراتیژیی وەک فەرنسا لە وەها پرسێکدا ئەوەش بەڵگەیە لەسەر یەکنەگرتوویی ئەو هاوپەیمانێتییەیان، هەروەها ئەم هەنگاوەی (بایدن) ی بە هەنکاوەکانی سەرۆکی پێشوو (دۆنالد ترامپ)ی چوواند، ئەویش چەندین بڕیاری نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی تاک ڕەوی دەردەکرد، بەهۆی ئەمەشەوە بەرپرسانی باڵوێزی فەرەنسا لە واشنتۆن ئاهەنگێکیان هەڵوەشاندەوە و هەروەها باڵوێزەکانی خۆیان لە (واشنتۆن و کانبرا) بانگردەوە بەمەبەستی وتووێژکردن سەبارەت بە چۆنییەتی دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە بوونی هاوپەیمانێتییەکی لەو شێوەیە بەبێ ئەوەی پرس بە فەرنسا بکرێت.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە توڕەبوونەکەی فەرهنسا لە ئێستادا هاوشێوەی توڕەبوونی فەرهنسایە لە ساڵی (٢٠٠٣)، کاتێک ئەمریکا جەنگی دژ بە ئێراق ڕاگەیاند، ئەوەی جێگای سەرنجە کە لە (٢٠٠٣) ەوە تاوەکو ئێستا، زبانی گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەڵکشانێکی زبری تووندی بەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیووە، پێدەچێت “ئەمریکا” بابەتی ڕێککەوتنەکەی لە فەرەنسا شاردێیتەوە، چونکە پێیان وابووە پێش وەختە فەرهنسا بەو ڕێککەوتنە ڕازی نابێت، ئەمەش ئەوە دووپاتتر دەکاتەوە واشنتۆن چی دیکە هاوپەیمانێکی ستراتیجی فەرهنسا نییە، هەروەها ئەم ڕێککەوتنە لەوانیە ببێتە هۆی فەرهنسا هەوڵی ئەوە بدات لە ڕووی ستراتیجی و بەرگرییەوە، (یەکێتی ئەوروپا) هان بدات زیاتر سەربەخۆبن لە (واشنتۆن)، تاوەکو ئێستاش ڕوون نییە کە ئایا ئەم توورەبوونەی فەرەنسا کاتییە یان کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتەوە لە داهاتوودا بەجێ دەهێڵێت.
2.پاشەکشەی پێگەی فەرەنسا لە بازاڕکردنی ژێردەریاییەکان؛ سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا دووپاتی کردەوە، ڕێککەوتننامەیەکی کڕینی ژێردەرەیایی کە ساڵی ٢٠١٦ واژۆکراوە هەڵدەوەشێننەوە، بە پێی ئەو ڕێککەوتننامەیە پێویست بوو کار لەسەر دروستکردنی (١٢) ژێردەریایی بکرێت بە دیزڵ کاریان دەکرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پێداویسییەکانی ئوستورالیا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا ناڕەزایەتی فەرەنسای لێکەوتەوە، چونکە فەرەنسا (وەکو مامەڵەی سەدە لە بواری بەرگریدا) سەیری ئەو ڕێککەوتننامەیەی دەکرد، هۆکارەکەشی ئەوەیە؛ ئەم ڕێککەوتنە نوێیە توانای فەرهنسا لە فرۆشتنی ژێردەریایی لاوازدەکات، لەم بوارەدا وەزیری دەرەوی فەرەنسا دەڵێت؛ ئەو بڕیارە وەکو (خەنجەرلێدان لەپشتەوە) وایە، هەروەها دەڵێت (ئێمە متمانەمان بە ئوستورالیا کرد بەڵام ئەوان خیانەتیان لێ کردین).
3.هاندانی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەربەخۆیی ستراتیجی؛ ئەم ڕووداوانەی دوای، ئەوەیان سەلماند (بە تایبەتی کشانەوە لە ئەفغانستان) یەکیتی ئەورووپا ناتوانێت وەک هێزێکی بەرگری پشت بەخۆی ببەستێت و دەربکەوێت، ئەمەش وا دەکات یەکێتی ئەورووپا بەدوای سیستەمێکی بەرگری و سەربەخۆیی ستراتیجی خۆیاندا بگەڕێت، شایەنی باسە ناڕەزایەتی فەرهنسا و یەکێتی ئەورووپا لەو ڕێککەوتنە لەوەوە نەهاتووە، بەشێک نین لەو ڕێککەوتنە، بەڵکو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە بنەڕەتەوە پرسیان پێ نەکراوە، هەر بۆیە “جۆزیف بوریل” ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دووپاتی دەکاتەوە ئەو ڕێککەوتننامەیەی بەبێ پرسی یەکێتیی ئەوروپا واژۆکراوە (وا دەخوازێت سەربەخۆیی ستراتیجی و ئۆتۆنۆمی یەکێتی ئەوروپا بکاتە کارە لە پێشینەکانی) ئەوەش فەرەنسا دوو پاتی کردەوە کاتێک دەڵێت؛ تاکە گرنتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ئەورووپا لە زەریایی (هیندی و ئارام) سەربەخۆیی ستراتیجی یەکێتی ئەوروپایە، هەر بۆیە دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە یەکێتی ئەوروپا ستراتیجییەتێکی نوێی بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگەیاند.
4.ڕەخنەگرتنی چین لە (عەقڵییەتی جەنگی سارد و پەڕگیری ئایدۆلۆجی)؛ ڕاگەیاندنه فەرمییەکانی “چین” بۆچوونەکانی ئەو وڵاتەی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ڕوونکردەوە، لەو نێوەندەدا باڵوێزخانەی چین لە واشنتۆن داوای کرد لە (عەقڵییەتی جەنگی سارد و پەڕگیری ئایدۆلۆجی) دوور بکەوینەوە، بەو پێیەی وڵاتان نابێت (هاوپەیمانێتی کەنارگیرکردن) پەیڕەو بکەن بەمەبەستی زیان گەیاندن بەبەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دیکە، حکومەتی چین لەسەر زاری وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی چین نارەزایەتی بەرامبەر بە ڕێککەوتننامەکە دەربڕی و وتی ئەو ڕێککەوتنە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە خۆی ناگرێت، پێی وابوو کە ئەو هەنگاوەی واشنتۆن و لەندەن دەبنە هۆی داکشانی سەقامگیری هەرێمایەتی و بلاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، لە هەمان کاتدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێی وابووە کە ئەم هەنگاوە زیاتر سەقامگیری لە ناوچەکە فەراهەم دەکات و ڕوونی کردوەوە کە ئەم بابەتە بۆ دژایەتی هیچ دەوڵەتێک نییە.
5.زیادبوونی پێکادانەکانی نێوان واشنتۆن و بەکین لە هیندۆباسیفیکدا؛ هەندێک پێیان وایە “چین” تەنیا بەو شێوەیە لەم ڕێککەوتننامەیە ناڕوانێت بریتیی بێت لە بەرەنگاریبوونەوەی هەژموونی چین لەو ناوچەیەدا، بەڵکو پێی وایە “چین” ئەو ڕێککەوتننامەیە بە مەترسی سەرەکی لەسەر ئامادەیی “چین” و ئایدۆلۆجیای “چین” دەزانێت لەبەرانبەر بیر و بەها ئەمریکییەکان سەبارەت بە دیموکراسی و ئابووری لیبرالی. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە هەژمونی ئایدۆلۆجیا بەسەر کێبڕکێکانەوە لە داهاتوودا زیاد بکات، وەک وەڵام دانەوەیەک، وا چاوەڕوان دەکرێت “چین” لە ڕێگای ئابوورییەوە وەڵامی ئەو ڕێککەوتنە بەرگرییانە بداتەوە بەمەبەستی ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە پال نەدەنە پاڵ ئەمریکا.
6.ئوسترالیا و سیاسەتی (پەناگیری ستراتیجی): لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا لە هەوڵی ئەوەدا بوو لە نێوان (ئەمریکا و چین)دا بێ لایەن بێت، لە لایەکەوە ئوستورالیا ئارەزووی ئەوە دەکات پارێزگاری لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ “چین” بکات بەو پێیەی گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە، لە لایەکی دیکەشەوە ئارەزوومەندی ئەوەیە پەیوەندییە بەرگرییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا پەرەپێبدات، سێ ساڵ لەمە و پێش سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی پیویستی بەوە نییە لە نێوان (ئەمریکا و چین) دا هیچ کامیان هەڵبژێرێت، بەڵام ئەم هاوبەشییە بەرگرییە نوێیە ئەوەی سەلماند ئوسترالیا لایەنەکەی خۆی هەڵبژارد ئەویش ئەمریکایە، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە هاوبەشێیەکی بەردەوامە و مەبەست لێی دژایەتیکردنی (چین)ە، هەندێک پێیان وایە؛ گرەوی ئوستورالیا لەمەڕ مانەوەی “ئەمریکا” لە ناوچەکەدا ئەگەر هێزی سەربازی بەکارهێنرا بابەتێکی شاراوە و گوماناوییە، چونکە پێشبینی ئەوە دەکرێت “ئەمریکا” پێی وابێت تێچووی ڕووبەڕووبوونەوەی “چین” بەرزبێت و بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دەست لە پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا هەڵگرێت.
7.هەڵچوونی گومانەکانی ئەورووپا بەرانبەر بە نێتەکانی ئەمریکا؛ هەندێک پێیان وایە تەوافقی نێوان (بایدن) و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی بەهۆی هەڵوێستە تاکڕەوەکانی ئەمریکاوە کاریگەری نەرێنی تێکراوە، لەهەرە دیارترین ئەو تێکچوونی پەیوەندییەش، هاریکاری بەرگری ئەمریکایە لەگەل ئوستورالیا و دوورخستنەی وڵاتانی ئەورووپایە بە تایبەتی فەرهنسا، ئەمەش جارێکی دیکە گومانەکانی یەکێتی ئەورووپای لە بواری ئاسایشدا بەرانبەر بە ئەمریکا هێنایەوە بەرباس، لە نێو ئەوانەشدا هەوڵەکانی (بایدن) بۆ یەکخستنی هەڵوێستی وڵاتە دیموکراتەکان بەرانبەر بە زیادەڕۆیی دەسەڵاتی هەریەک لە (ڕووسیا و چین)، لەگەڵ ئەمەشدا لەوانەیە ئەو ئومێدەی کە ئەوروپییەکان لەسەر (بایدن) لە کاتی بردنەوەی کێبڕکێی سەرۆکایەتی هەڵیانچنیبێت سەبارەت بە گەڕانەوەی هاوبەشی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا، بەرەو کاڵ بوونەوە بچێت.
8.قبووڵنەکردنی نیوزیلاندا سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی ژێردەریایی ناووکی بۆ سنوورە ئاوییەکانی؛ لەگەڵ ئەوەی نیوزیلاندا خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بەو ڕێککەوتننامەیە دەربڕی، ئەوەش لە کاتێکدا بەشداری پێ نەکراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە ڕێگا نادات بەوەی ئەو ژێرئاوییانەی بە وزەی ئەتۆمی کار دەکەن، بچنە ناو سنوورە ئاوییەکانیەوە ئەوەش وەک جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی لە ساڵی (١٩٨٥) ەوە گرتۆتیەبەر سەبارەت بەو پرسە، ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ڕێگا نادات بەهیچ چەک و چۆڵێکی سەربازی بە سووتەمەنی ئەتۆمی کاردەکات بچێنە سنوورە ئاوییەکانییەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پەیوەندییەکانی نێوان ئوستورالیا و نیوزیلاندا دەشێت لە داهاتوودا دووچاری تەنگەژە ببێت، بە تایبەتی زۆرێک لە پێشبینییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە ڕێگا بە وڵاتانی دیکە نادرێت بچنە نێو هاوپەیمانێتی بەرگری سێ ولاتەکەوە (ئۆکۆس) ئەوەش بە هۆی ئەو سرووشتە ئاڵۆزەی هاوپەیمانێتییە گەورەکان هەیانە، شایەنی باسە نیوزیلاندە لە هاوپەیمانێتی هەواڵگیری (پێنج چاوەکە) دایە لەگەڵ بەریتانیادا، ئەوەی هاوپەیمانی (ئۆکۆس) لە لەوانەی پێشتر جیا دەکاتەوە ئەوەیە؛ ئەم هاوپەیمانێتییە زیاتر جەخت لەسەر وڵاتانی ئەنگلۆسەکسۆنییەکان دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەدا ئەم ڕێککەوتنە هیچی زیادە ناگرێتە خۆی، بۆیە هەندێک پێی وایە کە هاوپەیمانی (ئۆکۆس) درێژەپێدەری لێکتێگەیشتنی هاوپەیمانێتی چواری و ئاسیان و ڕێککەوتنی دوولایەنەی نێوان وڵاتانی هەرێمەکەیە.
9.پێشبینیکردنی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئوستورالیا؛ وا چاوەڕوان دەکرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان (بەکین و کانبرا) بەرەو خراپی هەنگاو بنێت، لەڕاستیدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو ولاتە پێشتر بەرەو خراپی چووە، ئەوەش دوای ئەوەی چین ڕەسمی گومرگی خستەسەر هەندێک لەبەرهەمەکانی ئوسترالیا بەهۆی ئەوەی ئوستوڕالیا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی “چین” گرتبوو سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەل کەمینەی ئیگوارەکان، هەروەها داواکارییەکانی سەبارەت بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەم ڕوەوە ئوستورالیا داوای لە چین کرد گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجام بدەن پاش ئەوەی سەرۆکی “چین” تاوانباری کردن بەوەی کە کاردەکەن بەمەبەستی سنووردارکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات، لەم نێوەندەدا سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا پەیوەندی بەهەریەک لە سەرکردەکانی (نیوزیلاند و ژاپۆن و هیند)ەوە کرد بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ هەریەک لەو وڵاتانە.
10.کاریگەرییە سنووردارەکانی ئەمریکا بۆ ئارامکردنەوە فەرهنسا؛ بەمەبەستی دامرکانەوەی توڕەیی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا و ئەمریکا ئەنجامیان دابوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی؛ فەرهنسا هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمریکایەو کاردەکەین بەمەبەستی فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەکە، هەروەها سەبارەت بە چین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو پەیامەی نارد کە هاوپەیمانێتی بەرگرییەکە ئەوە دەگەیەنێت کە ئوستورالیا ملکەچی فشارە ئابوورییەکانی چین نابێت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هیچ جیاکارییەکی هەرێمی لەنێو ئەوروپییەکاندا نییە و سەبارەت بەو بابەتەش وەزیری دەرەوەی بەیتانیا ڕایگەیاند کە لەندەن هیچ ڕێکارێک لە دژی فەرنسا ناگرێتەبەر.
لە کۆتایدا، ئاشکرایە کە بایدن کۆمەڵە سیاسەتێکی گرتۆتەبەر بەمەبەستی سنووردارکردنی هەژموونی چین ئەو سیاسەتانەش تەواو پێچەوانەی سیاسەتەکانی (دۆنالد ترامپ)ە کە ستراتیجییەتەکانی بریتی بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەخۆی ئابووری نێوان (ئەمریکا و چین)، بەتایبەت ئەم ڕێککەوتنە بەر لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێککەوتننامەی چوارینەی بەرگری دێت لە واشنتۆن، لەگەڵ ئەوەی سەرکردەی سێ وڵاتی (ئۆکۆس) بە ئاشکرا ناوی چینیان نەهێناوە بەڵام وا پێ دەچێت مەبەستی سەرەکی سنووردارکردنی هەژموونی (چین)ە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی “چین” جەختی لەسەر مافەکانی خۆی کردەوە لە دەریای باشووری “چین” و توانا سەربازییەکانی لەو ناوچەیەدا زیادکرد، هەروەها فشارەکانی بۆ سەر تایوان زیاتر کرد لە ماوەی ڕابردوودا، پێدەچێت لەم بوارەدا بایدن ئاڕاستەی ستراتیجییەتی خۆی بگۆڕێت بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی “چین” لەسەر ئاسایشی نیشتمانی “ئەمریکا” لەبەرانبەر پاشەکشەکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرچاوە
https://www.interregional.com/%d9%85%d8%b9%d8%a7%d9%87%d8%af%d8%a9-%d8%a3%d9%88%d9%83%d9%88%d8%b3/?fbclid=IwAR3QLe3WprwRx-Qc_uTLQxsY6pZB4R1mdmIL_AmIaKAk-4IHUfCEbhbs3O8
وەرگێڕان/ یاسین مەحموود