لەگەڵ دەسبردنی گەلی كورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، زۆربوون ئەوانەی هاتنە سەرخەت و ڕێزی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی خەڵكی كوردستان دەربڕی. بگرە زۆرێكیش لەوانە تەنها تەنها ڕێزنا، بەڵكو بەكردەوە هاوكاربوون بۆ ئەنجامدان وسەرخستنی پرۆژەكە.
دۆستەكانی ڕیفراندۆم، بەشێكی گرنگن لەسەرمایەی ئەو مێژووەی كە كورد لەبیری ناكات. ئەگەر ڕیفراندۆم جومگە زێڕینەكەی مێژووی هاوچەرخی كوردبێت، بێگومان دۆستەكانی ڕیفراندۆم زێڕینگەرە سەنگینەكانی ئەو دێڕە ئاڵتونییانەی مێژووی نەتەوەكەمانن.
لەكاتێكدا دوژمنەكانی ڕیفراندۆم و ئەوانەی چاویان بەسەربەرزی و سەربەخۆیی كورد هەڵنایەت، لەپیلان و سەنگەرگرتن لەو مافە ڕەوایەی كورد ڕۆچووبوون، دۆستەكانی ڕیفراندۆم بۆ پشتیوانی لەكورد و سەربەخۆیی كوردستان هەڵوێستی مێژوویی خۆیان تۆمار دەكرد.
كریستیانەكانی دەشتی موسڵ و ناوچەكانی تر لە هەفتەی ریفراندۆمدا 250 هەزار واژۆیان بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی كوردستان كۆكردەوە، ئەوەش هەڵوێستێكی مێژووییانە و لەبیرناكرێت، بەڵگەیشە لەسەر ئەوەی ئەوان بڕوایان بەئایندەی روونیان لەناو دەوڵەتی كوردستاندا هەیە.
كوردانی تاراوگە، كوردانی دانیشتوی لوبنان، كوردانی وڵاتی ئیسرائیل بەشێوەیەكی تایبەت، پشتیوانی ڕیفراندۆم بوون. هەروەها چەندین گەورە سیاسەتمەدار و نوسەر و یاساناس لەڕیزی پێشەوەی پشتیوانەكانی ڕیفراندۆم بوون.
“هرتزل لیڤی” سەرۆكی ڕەوەندی كوردی دانیشتوی ئیسرائیل، یەكێك لەوانەیە كەزۆر چالاكانە پشتیوانی ڕیفراندۆمی كرد و دەیان خۆپیشاندانی پشتگیری بۆ سەرخستنی پرۆسەكە سازكرد.
لەهەمان سەنگەری پشتیوانی لەڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، خەڵكی سەربەخۆیی خوازی كەتەلۆنیا، لەسەروبەندی سازكردنی ڕیفراندۆمدا، نامەیەكی قەشەنگیان ئاراستەی خەڵكی كوردستان كردوو، بە “سڵاو لەكۆماری كوردستان” دەستیان بەنامەكەیان كرد.
هاوكات چەندین دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەتەواوی دنیادا، هاوكاری و ماركێتینیان بۆ ریفراندۆم كردوو، ئەوەش وەك ئەركێكی ئەخلاقی خۆیان بەرانبەر مافی دروستكردنی دەوڵەت بۆ گەلێكی بندەست، هەژمار دەكرێت.
لەسەر ئاستی كەسایەتییەكانیش، سەدان كەسایەتی گەورەی جیهانی پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم و مافی گەلی كورد دەربڕی. هەموو ئەوانەش دەبنە بەشێك لە یادەوەری و مێژووی كورد و لەبیرناكرێن. لەدوای سەربەخۆبوونی كوردستان پەیكەریان بۆ دروستدەكرێت.