سێیەم: پەیوەندی نێوان ئێران و قیرقیزستان
قیرقیزستان دوورترین دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاستە لە ئێران لە ڕووی جوگرافی، کلتووری، ئابووری و سیاسییەوە. سەرەڕای ئەمەش شوێنی ستراتیژی دەوڵەتی قیرقیزستان جێگەی سەرنجی ئێران و تەواوی ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە. بێشکێک وەک دەوڵەتانی تر پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری، ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی و ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای بەرەو پێش دەبات. تاران بە هۆی دۆخی ئابووری و ئازادیی سیاسییەوە ئەولەویهت دەدات بە قیرقیزستان. بەتایبەتی لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە لەسەر ئێران جێبەجێ کرابوون، پەیوەندییە دوو قۆلییەکان پێشڤەچوونی بەرچاویان بە خۆوە بینیووە.
ئەولەویهتی سیاسەتی دەرەوەی قیرقیزستان بریتییە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنەری دەرەکی بۆ ناوخۆیی دەوڵەت. ئەم بابەتە بە ڕوونی لەژێر ناوی (تێگەیشتنی نوێ لە سیاسەتی دەرەوە) لە چوارچێوەی (ستراتیژی نیشتمانی بۆ گەشەپیدانی بەردەوام) لە کۆماری قیرقیز بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2013 – 2017 دا هاتووە. بەپێی ستراتیژیەکە، سەرکەوتنی سەرەکی سیاسەتی دەرەوە پەیڕەو دەکرێت. پێویستە لە چوارچێوەی بازاڕی نێودەوڵەتی کاڵای قرقیزستان و قەبارەی وەبەرهێنان لە وڵات و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی قرقیزستان لە دەرەوەی وڵات هەڵسەنگێنرێت. ئەمەش مانای وایە سیاسەتی دەرەوەی قیرقیزستان بە تەواوی تەرخان کراوە بۆ لایەنی ئابووری.
بە پێی ئەوەی تێبینی دەکرێت وا دەردەکەوێت کە حکومەتی قیرقیزستان هەوڵدەدات هاوکارییەکانی لەگەڵ تاران پەرە پێبدات. سەختی بارودۆخی ناوخۆی دەوڵەت لە ڕووی ئابوورییەوە ئیدارەی وڵاتی تەنگەتاو کردووە، بۆ نموونە: بنکەی سەربازی بیانی لە قیرقیزستان لە هەندێک سەردەمدا لەلایەن بیشکێکەوە (پایتەخت) بەر لە هەر شتێک وەک سەرچاوەی داهات لێکدەدرایەوە. لە ڕاستیدا کاریگەرییەکانی ڕوسیالەو وڵاتە بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەجێهێشتنی سەرۆک کۆمار باکیێڤ لە دەسەڵات دادەنرێت.
قیرقیزستان لە پێناو ڕاستکردنەوەی بارودۆخی ئابووری بەبێ ڕەچاوکردنی ئایدۆلۆژیا و ناسنامەی دەوڵەتان هەوڵدەدات بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی قرقیزستان گرفت بۆ ئەو وڵاتانە دروست دەکات کە گرنگی بە ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکان دەدەن و ناسنامە و بەرژەوەندییەکانیان ناکۆکە، قەیرانێکی لەو شێوەیەش بۆ ئێران لە ساڵی 1993 دا دروست بوو، چونکە لەو ساڵە بیشکێک هەوڵیدا بالیۆزخانە لە ئیسرائیل بکاتەوە، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەم هەوڵەی قیرقیزستان سەرۆکی کۆماری پێشووی ئێرانی رەفسنجانی سەردانی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە. لەسەردەمی سەرۆکی ئەوکاتی قیرقیزستان ئەسکار ئەکایڤ ئەوە ڕوونکرایەوە کە پەیوەندییەکانیان لەهەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی ئابوورین و هیچ مانا و مەغزایەکی سیاسییان نییە.
پەیوەندییە ئابوورییەکانی قرغیزستان لەگەڵ چین لەئاستێکی باشدایە، قرغیزستان یەکەم وڵاتە لە ناوچەکەدا کە ببێتە ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی. بە گوزارشتێکی تر ، قرغیزستان وەک دەروازەیەک وایە بۆ چین بە ڕووی ڕۆژئاوادا. لەبەر ئەمە پەکین پاڵپشتی لە نزیک بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قیزقیزستان دەکات. لە 5ی شوباتی 2017دا، کاتێک سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی نامەی متمانەی لە باڵیۆزی نوێی قرغیزستان ئاڤازبەک عەبدرەزاکۆڤ لە تاران وەرگرت، ئەوە خرایەڕوو کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا هەیە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەرەو پێش ببەن. هەروەها روحانی رایگەیاند، کۆمپانیا تایبەتەکانی ئێران ئامادەن وەبەرهێنان لە قرغیزستان بکەن- بەتایبەتی لە بوارەکانی بیناسازی ژێرخانی ئابوری، رێگاوبان، وزە، خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، چارەسەری تەندورستی و دەرمان، جەختیشی لەسەر پێویستیی پێشخستنی هاوکاری لەشەڕی دژی تیرۆرکردەوە. باڵیۆزی قرغیزستان ئەوەشی خستەڕوو کە قرغیزستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات “قرغیزستان پشتیوانی لەکۆمپانیا چالاکەکانی ئێران دەکات، هیوادارە پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر بەرزبکاتەوە، بەدەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان تاران و قرغیزستان و پەرەپێدانی پەیوەندییە کونسۆڵییەکان”.
سەرۆکی هەر دوو وڵات بەشێوەی ئاسایی سەردانی یەکتر دەکەن و کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن. لە سەردانەکەی حەسەن رۆحانی بۆ قرغیزستان لە کانونی یەکەمی 2016، هەردوو وڵات بەڵگەنامەیەکیان بە ناونیشانی (نەخشە رێگە بۆ هاوکاری 10 ساڵ) واژۆ کرد، کە بەو هۆیەوە ویستی سیاسی هەردوولایان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان نیشاندا. کۆمیتەی هاوبەشی ئابووری لە نێوان هەردوولا کار دەکات بۆ بەرەو پێش بردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییە ئابوورییەکان. حکومەتی قیرقیزستان پلانی هەیە کە فڕۆکەخانەی ماناس بکات بە مەرکەز بۆ ئەو فڕۆکە ئێرانییانەی کە بەرەو چین و ناوچەی ئاسیا – هێمن گەشت دەکەن. بە هەمان شێوەش فڕۆکەخانەی بەندەر عەبباس لە ئێران دەتوانێت دەروازەی دەریایی بۆ قیرقیزستان دەستەبەر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا قیرقیزستان ئەندامی یەکێتی ئابووری ئۆراسیایە و پەیوەندی تایبەتیشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا هەیە. بیشکێک دەیەوێت ئەو دەرفەتانە بە قوڵکردنەوەی هاوکاریی لەگەڵ ئێران بەکار بهێنێت، هەردوولا پشتیوانی لەپرۆسەی هێڵی ئاسنی چین – قرغیزستان – ئۆزبەکستان – تورکمانستان – ئێران – عومان دەکەن.
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەبۆنەی 25هەمین ساڵیادی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە لە 19ی نیسانی 2017 سەردانی قرغیزستانی کرد، لەگەڵ شاندێکی گەورەی بازرگانە ئێرانییەکان. لەو کات بە دواوە ئیتر چاوەڕوان دەکرێت پیاوانی بازرگانی و سەرمایەداری ئێران دەست بە چالاکی بازرگانی و وەبەرهێنان بکەن لە قیرقیزستان. هاوکات هەریەکە لە ناوچەی ئابووری ئازادی بیشکێک و ناوچەی ئابووری ئازادی سەرحاس بەهەلێکی گرنگ بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێن. سینبای تورسونبێکۆڤ سەرۆکی پەرلەمانی قیرقیزستان کە لە 30ی نیسانی 2017 سەردانی تارانی کرد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پێویستە ڤیزا بە هاوبەشی لە نێوان هەردوولا هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان زیاتر پەرەیان پێبدرێت. هەروەها سەردانەکانی نێوان ئێران و قرقیزستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی هەردوولا پابەندن بەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانەوە.
کاتێک دێیتە سەر باسکردن لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و قرغیزستان، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات زەمینە دەڕەخسێنن بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان. هەردوولا بەردەوام بیروڕا لەبارەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕ دەکەن. هەردوو وڵات رێککەوتنیان لەسەر کاری پێکەوەیی دژی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر واژو کردووە. ناسەقامگیری لە ئەفغانستان وا دەکات کە ئەو دوو وڵاتە هاوکاری یەکتر بکەن لە دژی تیرۆر و توندڕەوی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی:
“کۆماری ئیسلامی ئێران گەشەپێدان، پێشکەوتن، ئاسایش و سەقامگیری قیرقیزستان بە هی خۆی دەزانێت، ئێمە تەنها لە ناوچەکە هاوبەشی یەکتر نین، بەڵکو پێوەندییە مێژووییەکان، بەرژەوەندیی ئایینی و کلتووری لە یەکتر نزیکمان دەکاتەوە. لەسەردەمی ئاژاوە و نادڵنیاییدا کاتێک مەترسییەکانی تیرۆر و توندڕەوی هەڕەشە لە ناوچەکەمان دەکات، دەکرێت لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی کلتووری هاوکاری و لێبووردەیی هاوبەشەوە، دژی تیرۆر و توندڕەوی بوەستینەوە. ئێمە هیچ سنوورێک لە پەیوەندیمان لەگەڵ قرغیزستاندا نابینین. ئێمە ئامادەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە هەموو ئاستەکاندا”.
پێویستە هەندێک سەرنج و تێبینی سەبارەت بە شیعەگەری لە قرقیزستان دووپات بکرێتەوە: قرغیزستان دیموکراتیترین وڵاتە لە ئاسیای ناوەڕاست، کە رێگە دەدات بە مافەکانی مرۆڤ، لەوانە ئازادییە ئاینییەکان، ئەم تایبەتمەندیەی وڵات ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی شیعەگەرایی دەدات بە ئاسودەیی لە قرقیزستان، مزگەوتێک بۆ شیعە ئازەرییەکان لە بیشکێک هەیە. جگە لەوەش، سەنتەری ڕۆشنبیری ئێرانی بەردەوامە لەکارکردن لەناو دوو زانکۆی قرقیزستاندا. هەرچەندە ژمارەی تەواو و ڕوون نییە، بەڵام وا مەزەند دەکرێت قرقیزستان ئەو وڵاتە بێت کە لەدوای تاجیکەکان زۆرترین قوتابی نارد بۆ خوێندن لە ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا لە قرقیزستان زیاد بوونی دەسەڵاتی باڵی وەهابی، شیعەکانی کردە گروپێکی دینی بچوکی پەراوێزخراو.
لە ئەنجامدا ئێران و قیرقیزستان کار دەکەن بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییەکانیان، بە شێوەیەکی گشتی هێلی مۆسکۆ – پەکین رێگە دەدات بۆ ئەوە ئەو دوو ولاتە هاوکاری یەکتر بکەن. جگە لە مەش ناسەقامگیری لە ئەفغانستان بە هەلێک دەبینرێت بۆ پێشخستنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات. کاتێک بەراورد لە نێوان هەر پێنج دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست دەکرێت، زۆرترین نفوزی ئێران لە تاجیکستان بەدی دەکرێت، لە دوای ئەویش لە قیرقیزستاندا هەستی پێدەکرێت. ئەم کاریگەرییەش راستەوخۆ لەگەڵ بارودۆخی ئابووری هاورێژەییە. بە گوزارشتێکی تر، ئێران باری ئابووری کێشەدار لە تاجیکستان و قرقیزستان بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی نفوزی خۆی لەم وڵاتانەدا زیاد بکات. لەگەڵ بەرزکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی دژ بە ئێران لە ساڵی 2016دا، پێشبینی دەکرێت بوونی ئابووریی ئێران لە ئاسیای ناوەڕاست و بەتایبەتیش لە تاجیکستان و قرقیزستان زیاتر بێت. ئەو کاتە دەتوانێت ئەم ئامادەبوونە ئابوورییەی تاران لە قرقیزستان لە پێناو کاریگەری سیاسی خۆی و تەنانەت لە هەناردەکردنی بیرۆکە و ئایدۆلۆژیای شیعەگەریشدا بەکار بهێنیت. بە لەبەر چاوگرتنی تێپەڕبوونی سنورەکانی قیرقیزستان لەگەڵ تاجیکستان، بوونی نزیکەی ٥٠ هەزار هاووڵاتی تاجیکی لە قیرقیزستان، زۆر بە ڕوون و ئاشکرا ئەگەری بڵاوبووونەوەی شیعەگەری لەو وڵاتەدا هەیە.
پەراوێزەکان:
(1)Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İran’ın Orta Asya Politikalrı, 2011