سه‌ره‌تا
له دوای راپه‌ڕین “شۆڕش”ی ئازاری ساڵی 1991ی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، خاكی باشووری كوردستان له سیسته‌م و سوپای داگیركاریی رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بیی ئێراق پاككرایه‌وه‌و رۆژی 20/3/1991 به رزگاركردنی شاری كه‌ركوكی ره‌گی ژیان و ژیاری كوردستان، راپه‌ڕین سه‌ركه‌وتنی به ده‌ستهێنا.
له دوای راپه‌ڕین و له ئه‌نجامی گۆڕانی چه‌ند هاوكێشه‌یه‌كی به‌رژه‌وه‌ندیی نێوده‌ڵه‌تیی تایبه‌ت به مانه‌وه‌ی رژێمی سه‌دام حسێنی تاوانبار، هێزه‌كانی گاردی كۆماریی ئێراق و سوپای ئێراق، هه‌ڵیان كوتایه‌وه سه‌ر كوردستان و تاوان و كوشتارێكی گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا و خه‌ڵكی كوردستان له ترسی تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس كۆڕه‌وی ملیۆنیی ئه‌نجامدا، كۆڕه‌و؛ نامه‌یه‌كی ئاشكرای ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوو له كوردستاندا‌و به‌م هۆیه‌وه رای گشتیی نێوده‌وڵه‌تیی و وڵاتانی زلهێز، توانیان پشتێنه‌یه‌كی ئارام بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن و له‌م نێوه‌نده‌دا، به هاوكاریی و پاڵپشتیی هاوپه‌یمانان ناوچه‌ی دژه فڕین – هێڵی پانی 36 و بڕیاری 688 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به به‌رگریی له مافه‌كانی مرۆڤ له ئێراق ده‌ركرا، به‌م هۆیه‌وه رێگری له‌هێرشی بۆمبارانی فڕۆكه‌ی رژێمی به‌عس و هێرشی زه‌مینیی سوپای عێراق بۆ سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرا.
به‌هۆی ئه‌م رووداوانه‌وه سه‌رباری به‌رگریی سه‌ختی هێزی پێشمه‌رگه له خاكی كوردستان، به‌شێك له خاكی رزگاركراوی باشووری كوردستان به‌تایبه‌ت كه‌ركوك، كه ئامانجێكی هێرشه‌كان ئه‌م شاره بوو، كه‌وته‌وه ده‌ستی رژێمی به‌عس و رژێم كۆمه‌ڵكوژییه‌كی گه‌وره‌ی له‌م شاره‌دا جێبه‌جێكرد و وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیش له‌پێش هه‌موویانه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ئاست تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس بێده‌نگی هه‌ڵبژارد.
به‌ره‌ی كوردستانیی كه نوێنه‌ری ره‌وای راپه‌ڕین بوو له هه‌رسێ پارێزگه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك و به‌شێكی پارێزگه‌ی كه‌ركوك و نهینهواو دیاله و كوت و سه‌ڵاحه‌دین مایه‌وه و ئه‌و ناوچانه كه‌وتنه‌وه ناو ناوژژهی ئارام و ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی كوردستانیی، كه ئه‌ندازیار و جێبه‌جێكاریی راپه‌ڕین بوو تێیدا چه‌سپێنرا.
ئه‌و ناوچانه‌ی كه به‌هۆی هێرشی فڕۆكه و سوپای رژێمی ئێراقه‌وه له ده‌ستدرا، به‌تایبه‌ت شاری كه‌ركوك، زه‌برێكی كه‌مه‌رشكێن بوو له ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین و ته‌واوكردنی ئامانجه باڵاكانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كورد له سه‌رده‌می مه‌لیك مه‌حموده‌وه تا ئه‌وكاته، چونكه هه‌موو هێزی كوردستانی له هه‌مان ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی – حوكمیزاتی 1974ی تاكه لایه‌نه‌ی حكومه‌تی به‌عسدا كۆكرده‌وه كه پێشتربزوتنهوهی رزگاریخوازی كورد له شۆڕشی ئه‌یلولدا ئه‌م ناوچه‌یه‌ی وه‌ك خاكی كوردستان قبوڵنهبوو.
زیانه‌كانی له‌ده‌ستچوونی خاك، به‌هیچ جۆرێك قه‌ره‌بوو نه‌كرایه‌وه، بوو به قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی لاوازبوونی هێزی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كورد و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ده‌روی گەشهكردن و ژیان و جوڵه‌ی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی نیشتمانی، كه هه‌تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه.
حكومه‌تی ئێراقی، له سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژیی كوردستان ده‌ستی هه‌ڵنه‌گرت و به به‌رده‌وامی بۆمباران و فشارخستنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وه‌ك كارتی شكستپێهێنانی راپه‌ڕینی كوردستان به‌كارده‌هێنا، چونكه له ناوچه‌كانی باشووری ئێراق، توانی به‌سه‌ر راپه‌ڕینه‌كانی خه‌ڵكدا سه‌ربكه‌وێت، به‌ڵام خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان و بوونی هێزی پێشمه‌رگه و هاوكات ئاماده‌یی و به‌رنامه‌ی به‌ره‌ی كوردستانیی وه‌ك هێزی یه‌كگرتووی سه‌رجه‌م پارته سیاسییه كوردستانیه‌كان دۆخه‌كه‌ی گۆڕیی.
به نزیكه‌ی حه‌وت مانگ له دوای راپه‌ڕینی 1991، له 24/10/1991 حكومه‌تی ئێراق داموده‌زگای ده‌وڵه‌تیی له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه كشانده‌وه، كه پێشتر وه‌ك ده‌زگاكانی ناوچه‌ی حوكمیزاتیی كاریان ده‌كرد(1).
له ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی داموده‌زگای حكومه‌ت، بۆشاییه‌كی كارگێڕیی بۆ رایكردنی كاروباری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان دروستبوو، ئه‌مه‌ش هانی به‌ره‌ی كوردستانیی دا بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی قانونی و ره‌وا، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه رزگاركراوه‌كانی باشووری كوردستان بدات.
به‌ره‌ی كوردستانیی بڕیاریدا كه له مانگی ئایاری 1992 هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و حكومه‌تێكی ره‌وای نیشتمانیی له‌ناوچه‌كه ده‌ستبه‌كاربێت، ماوه‌ی نێوان كشانه‌وه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌تی ئێراقی و دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم به ده‌زگه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانیی پڕ كرایه‌وه.
له 19/5/1992 بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژوودا، له خاكی كوردستاندا خه‌ڵكی كوردستان به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنێكی ناوخۆیی، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێكی نێوخۆیی و دامه‌زراندنی حكومه‌ت كرد. 967 هه‌زار و 229 كه‌س له هه‌ڵبژاردنی لیستی پارته سیاسییه‌كاندا به‌شداربوون، په‌رله‌مانی كوردستان بوو به یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ی قانون دانان له مێژووی كورد و كوردستاندا (2).
دوا ده‌ستبه‌كاربوونی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كوردستان، په‌رله‌مان توانی له 4/7/1992 یه‌كه‌مین حكومه‌تی كوردستانی، له به‌شێك له باشووری كوردستاندا دابمه‌زرێنێت، به ناوی “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان” كه بوو به یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. خاك و خه‌ڵكی كوردستان، دوای شه‌ست و هه‌شت 68 ساڵ، له كۆتایهاتنی حوكمدارێتی حكومه‌تی پاشایه‌تی كوردستان و داگیركردنی سلێمانی پایته‌ختی حكومه‌ته‌كه له‌لایه‌ن ئینگلیز و سوپای ئه‌وكاتی ئێراق له 9/7/1924(3)، به ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی كورد شادبوونه‌وه.
یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی له نێوان هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان و چه‌ند وه‌زیرێكی بێلایه‌ن پێكهات و ده‌رگه‌ی دامه‌زراندنی دهزگهو قانون له هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌رێمێكی تاقانه‌ی فیدڕاڵی بێ ده‌وڵه‌ت ده‌ستیپێكرد.
دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌ستكه‌وتێكی هێنده به‌بایه‌خ و گه‌وره‌یه بۆ كورد كه له مێژوودا هه‌رگیز هاوشێوه‌ی نییه‌و ناشبێته‌وه، چونكه هه‌م بنه‌مای چه‌سپاندنی كافی ره‌وای فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆماڵیی نه‌ته‌وه‌ی كورده، هه‌م نوێنه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوزای نیشتمانی كوردستانه به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئامانجه باڵاكانی كه خۆی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بینێته‌وه.
دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا بوو كه چوار ساڵ پێش ئه‌وه 1988، هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال و سوتاندنی گوند و شاره‌دێ و شارۆچكه‌كان و كیمیایی بارانكردنی، له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه تێدا ئه‌نجامدرابوو، كوردستان وێرانه‌یه‌كی ته‌واو و ژێرخان و ئابوورییه‌كی داته‌پیو، ده‌رونێكی تێكشكاوی دوای ئه‌نفال و كیمیایی باران و جینۆساید تێیدا باڵاده‌ست بوو.
خوێنده‌واریی و ئاوه‌دانی دواكه‌وتبوو، له هه‌موو كوردستاندا له ساڵی 1992 ته‌نها یه‌ك بڕوانامه‌ی پرۆفیسۆ له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین هه‌بوو، تواناكان زۆر كه‌م، به‌ڵام هیواكان زۆر زۆر، كوردستان یه‌كه‌مین پله‌ی له ده‌ستپێكردنی قۆنای ژیاری كوردستانی ده‌ستپێكردو حكومه‌ته‌كه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رته‌سكی ئیتنی نه‌بوو، پێكهاته‌ی مه‌سیحی وه‌ك به‌شێك له رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی تێیدا به‌شداربوون و به‌شه نوێنه‌ری تایبهتیشان له په‌رله‌مانی كوردستاندا بۆ دیاریكرا.
یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ته‌مه‌نێكی كورتی یه‌ك ساڵه‌ی به‌ڕێكرد، دووه‌مین كابینه له 11/4/1993 متمانه‌ی وه‌رگرت و ده‌ستی به كاركرد (4)، نزیكه‌ی ساڵێك له ته‌مه‌نی دووه‌مین كابینه تێهڕی، ئاشووبی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ له ئایاری 1994 ده‌ستیپێكرد. شه‌ڕ بوو به‌هۆی دابه‌شكردنی فه‌رمانڕه‌وایی له كوردستان، به‌شه بچووكه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له 1991 رزگاركرا، به پێچه‌وانه‌ی خواستی ره‌سه‌نی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان، كرا به دوو به‌ش، دوو حكومه‌ت له‌م پارچه خاكه‌دا هه‌بوو، ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، به‌هۆی دابه‌شبوونی حكومه‌ته‌وه، دابه‌شبوونی نفوز و كاریگه‌ریش هاته‌كایه‌وه، زۆرنی زه‌رد و زۆنی سه‌وز، بوون به ناوی هه‌ولێر و دهۆك ، سلێمانی و گه‌رمیان.
باسكردنی شه‌ڕی ناوخۆ لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌یه كه؛ ئه‌م نووسینه به‌شداربێت له خراپ نیشاندانی شه‌ڕی ناوخۆداو زیان و مه‌ترسیی و نه‌هامه‌تییه‌كانی بكاته په‌ند بۆ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی كوردستان، تا له هیچ دۆخ و بژارده‌یه‌كدا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرس و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، ته‌نانه‌ت له خه‌ویشدا بیر له شه‌ڕی ناوخۆ نه‌كاته‌وه، چونكه شه‌ڕی ناوخۆ بوو به‌هۆی:
1- راگواستنی كورد له كوردستانه‌وه بۆ كوردستان و دروستكردنی كه‌مپی ئاواره‌ی كورد به ده‌ستی كورد.
2- شه‌هیدبوونی زیاتر له سێ هه‌زار پێشمه‌رگه له شه‌ڕی ناوخۆدا، وێڕای بریندار‌و شوێنبزرهكان، كه به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و پێشمه‌رگانه له نه‌وه‌ی شاخ و راهێنراوی شه‌ڕی پارتیزانی و گه‌نجینه‌ی هێزی شۆڕشگێڕیی و شاره‌زایی شه‌ڕی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان بوون .
3- لاوازكردنی هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی و كۆچكردنی به كۆمه‌ڵی لاوان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
4- راكێشانی ده‌ستی دوژمن بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان و دروستكردنی دووبه‌ره‌كیی هه‌میشه‌یی.
5- لاوازكردنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و دروستبوونی “ئابووری شه‌ڕ” كه ته‌نها پێویستی به چین و توێژێكی دیاریكراوه.
6- هه‌تیوخستنی هه‌زاران منداڵ و بێوهژنخستنی سه‌دان ژن و وێرانكردنی سه‌رچاوه‌ی بژێویی ئه‌و خێزانانه و ده‌ركه‌وتنی هێزه هه‌لپه‌رسته‌كان بۆ قۆستنه‌وه‌ی بۆشاییه دروستكراوه‌كان.
7- شێواندنی سنووری راسته‌قینه‌ی جوگرافیی و كارگێڕیی ناوچه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ و سه‌پاندنی دۆخی دیفاكتۆ.
8- تێكدانی رایهڵهكانیی خێزانیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زیندوكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی دواكه‌وتووانه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌تگه‌ریی، بۆ به‌كارهێنانی له شه‌ڕی ناوخۆدا.
9- برهوپهیداكردنهوه بۆ دیارده‌ی دزێوی نامرۆڤانه‌ی تاڵانی و سوتاندن و رفاندن.
10- به‌هێزبوونه‌وه‌ی جاش و موسته‌شار و ئه‌نفالچییه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس.
11- په‌كخستنی هێزی جێبه‌جێكردنی قانون و ده‌زگه‌ی حكومه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی و به‌هێزكردنی زمانی هه‌ڕه‌شه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی كه‌س و حیزبایه‌تی.
12- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی هاوپه‌یمانێتی و قه‌به‌كردنی حكومه‌ت و بچووكبوونه‌وه‌ی خزمه‌ت.
13- چۆڵكردنهوهی گونده‌كان كه له دوای راپه‌ڕینه‌وه 1991 به‌شێكیان دووباره ئاوه‌دان كرابوونه‌وه.
14- چه‌كداركردنی هێزی كاری گه‌نجی كوردستان و خستنیه خزمه‌تی شه‌ڕی ناوخۆ، له‌بری به‌هێزكردنی ئابوور وڵات و پاراستنی سنوور و خاكی كوردستان له داگیركه‌ران.
15- دواكه‌وتنی خوێندن و زانست و گرنگینه‌دان به كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندن و ته‌ندروستی.
زیانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌زاران هه‌زارن، ناتوانرێت له نووسینێكی كورتدا به‌مجۆره نیشانبدرێن، چونكه هه‌ر له له‌ده‌ستدانی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بیگره، بۆ گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تیی تاكی كورد له هه‌رێمی كوردستان هه‌تا ئه‌مڕۆ، شه‌ڕی ناوخۆ پشكێكی تێیدا هه‌یه.
شه‌ڕی ناوخۆ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرده دوو حكومه‌ت و ئیداره، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌ڕمیی له ساڵی 1996وه بۆ 2006 (10 ساڵ) كه ماوه‌یه‌كی پڕبایه‌خی مێژوویی بوو بۆ بونیاتنانی نه‌ته‌وه و ده‌زگه‌ی قانونیی له هه‌رێمی كوردستان، له دژایه‌تی و ناكۆكیی و شه‌ڕدا به‌فیڕۆچوو. له‌و ماوه‌دا هه‌ر لایه‌نێك له هه‌ولێر و سلێمانی، حكومه‌تی خۆیان هه‌بوو، كه به هه‌موو پێوه‌ره سیاسییه‌كان، حكومه‌تی شه‌ڕ و حیزب بوون، نه‌ك حكومه‌تی هاوڵاتی، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه هه‌ر به‌شێكن له‌ئه‌زموونی حكومه‌ت له هه‌رێم و وانهیهكن بۆ دووباره نه‌كردنه‌وه و سوود لێوه‌رگرتن.
له 9 نیسانی 2003، دوای هێرشی وڵاتانی هاوپه‌یمانان به سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر رژێمی ئێراق، رژێمی ئێراق رووخێنراو سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له ئێراقدا سه‌ر له‌نوێ له‌سه‌رده‌ستی هاوپه‌یمانان دروستكرایه‌وه.
ده‌ستوورێكی نوێ بۆ ئێراق دانرا، شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت له ساده وه گۆڕا بۆ فیدڕاڵیی، به‌مه‌ش تاكه هه‌رێمه‌كه، كه بۆخۆی وه‌ك نیمچه ده‌وڵه‌ت به‌ركاربوو، كه‌وته‌وه ناو جوگرافیای ده‌وڵه‌تیی نوێی ئێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری 2005.
فیدڕاڵیه‌تی ئێراق له‌سه‌ر ئاستی ده‌ستوور و سیسته‌می دیموكراتی كۆماری ئێراق، كه بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به ده‌نگدان و به‌شێوه‌ی ئازاد، نوێنه‌رانی گه‌ل هه‌ڵبژێرن و حكومه‌ت گه‌ل په‌سه‌ندبێت، دۆخێكی نوێی هێنایه‌ئاراوه، هێزه كوردییه‌كان له‌هه‌مووان زیاتر خاوه‌نی ئه‌زموونی حوكمی خۆ به‌ڕێوه‌بردن بوون، له‌سه‌ره‌تاوه سوودێكی زۆریان له دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئێراق وه‌رگرت له‌ڕووی پاراستن و مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نه‌كه‌وتنه ناو هه‌مان بڕیاری داگیركردنی ئێراق و هه‌ڵنه‌وه‌شانه‌وه‌ی ده‌زگه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ستی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانان.
چاوه‌ڕوانی كوردستان له ئێراق، گه‌شبینانه و له هه‌مانكاتدا زۆره ملێیانه بوو، چونكه هه‌تا ئێستاش زۆر كه‌س هه‌ن واده‌زانن رژێمی ئێراق له‌به‌ر خاتری كوردستان رووخێنراوه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه به ئاگان و خوێندنه‌وه‌یان بۆ دۆخی به‌رژه‌وه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه، ده‌زانن كه ئه‌گه‌ر له ساڵی 2003 به‌رپرس و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌م سیاسه‌تی داگیركاریی ویلایه‌ت یه‌كگرتووه‌كانه‌وه نه‌چوونایه، حاڵ و دۆخمان له‌وه‌ی سونه‌كانی ئێراق باشتر نه‌ده‌بوو، نمونه‌ی زیندوش؛ تورهكه له‌سه‌ركردنی فه‌رمانده كورهكهبوو له كه‌ركوك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه.
له‌م روانگه‌وه ده‌كرێت تێزێك بخرێته‌ڕوو كه ئێراق به‌ڵایه‌كی دروستكراوه بۆ خاكی كوردستان و رزگاربوون له‌م به‌ڵایه كه ئینگلیز كێشاویه‌تی به دیموكراتیزه‌بوونی به‌ڵاكه نابێت، به‌ڵكو بهرزگاربوون له خودی به‌ڵاكه ده‌بێت، چونكه له‌باشترین باردا گه‌ر یێراق به‌هێز و دیموكراسیی بێت، ئه‌وا خه‌ونه‌كانی كورد به‌ره‌و لاوازیی و پووكانه‌وه ده‌چن، چونكه سه‌ر به‌دوو رێبازی جیاواز و به‌رژه‌وه‌ندی دژ به‌یه‌كن.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا بۆ كورد مایه‌ی پاراستن و هه‌نگاونانه بۆ پێشه‌وه، قه‌واره‌ی فیدڕاڵیی و ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمی كوردستانه، كه به‌خوێنی گه‌لی كوردستان نه‌خشێنراوه و به‌رهه‌می به‌شێك له خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نیشتمانی كوردستانه، له‌م ئه‌زموونه‌شدا حكومه‌ت یه‌كێك له باشترین ده‌زگه‌كانی كوردستانه كه ده‌كرێت به‌هێز و چاك و پشتیوانی لێبكرێت بۆ باشبوونی بۆ خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان، نه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و پیلان لێگێڕان بۆ نه‌هێشتن و به هه‌ده‌ردانی خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوزای نیشتمانی كوردستان له دوای مه‌لیكی كوردستانه‌وه هه‌تا ئێستا.
قه‌واره‌ی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك ده‌زگه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و قه‌واره‌یه، هێشتا بچووكترین مافی نیشتمانیی و مێژووییمانه به‌راورد به خه‌یات و قوربانیدانمان و ناكرێت له كه‌موكورتیی و شكستدا پشتی یه‌كتر به‌ربده‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌رچیمان هه‌یه بیخه‌ینه‌كار تا هه‌ڵه‌كانی مێژوومان دووباره نه‌كه‌ینه‌وه.
ئه‌زموونی 17 ساڵه‌ی ئێراقی دوا سه‌دام (2003-2020) چه‌ند راستییه‌كی بۆ ئێراقییه‌كان و ده‌وڵه‌تانی جیهان و گه‌لی كوردیش ده‌رخستووه كه؛ ئێراق، وڵاتێكی دروستكراوی ناهارمۆنییه به‌شێوه‌یه‌كی نا لۆژێكی له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد دروستكراوه، پێكهاته‌یه‌كی نا نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و به‌حوكمی نهشیاوێتی بۆ بوون به ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر و ئاسایی، بنه‌ماكانی هاوڵاتیی بوون و حوكمی قانون تێیدا ناچه‌سپێت.
ئێراق، هێشتا كێشه مه‌زهه‌بیی و تایه‌فی و ناوچه‌یی و خێلایهتییهكانی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه، به‌راورد به كوردستان ململانێكان قورس‌تر و بنهبڕترن، گره‌وی چاره‌سه‌ر له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تره، نه‌ك قوبڵكردنی ئه‌وی تر.
له‌م بارودۆخه‌دا؛ سیاسه‌تی ته‌ماعكاریی وچاوچنۆكیی به‌شێك ده‌بێت له‌سیاسه‌تی شه‌ڕی هێزه‌كانی ئێراق، چونكه له هزری هێزه مه‌زهه‌بیه‌كاندا، سیاسه‌تی ملكه‌چپێكردن و زه‌لیلكردن، به‌شێكه له به‌های باڵای كولتوری له ئێراقدا، رابردوو پڕاوپڕه له سیاسه‌تی زه‌لیلكردن، سه‌دام له‌سه‌ر كورد و شیعه له‌رابردوودا، شیعه‌ش بۆ سونه و كورد له دوای سه‌دامه‌وه هه‌تا ئێستا.
رێگه‌ی مانه‌وه و ده‌ربازبوونی كورد،له دۆزه‌خی ئێراق، ته‌نها و ته‌نها، یه‌كڕیزیی و هاوهه‌ڵوێستی و به‌هێزكردنی حوكمی قانون و گرنگیدان به ده‌زگه قانونی و ره‌واكان و ئاشته‌وایی نیشتمانیی ناوخۆییه.
له‌هه‌رێمی كوردستان، به هۆی ته‌واوكردنی 28 ساڵ ته‌مه‌نی حكومه‌ت و 29 ساڵ له راپه‌ڕین، ململانێكان شارستانی تر و نه‌رمتر و مرۆیین، لێره گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌شداریی و سیاسی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و لامه‌ركه‌زیی وشێوازی حوكم و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و … تاد. له ئێراق گفتوگۆ مه‌زهه‌بیی و تایه‌فی و توند و تیژ و نامرۆڤانه و بێ مۆڕاڵه.
بایه‌خ و گرنگیی ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمی كوردستان له ناواخندا هه‌رچۆن بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه بووه بهچهترێك بۆ هه‌موومان به هه‌موو كهموكورتییهكانییهوه كه ناكرێت لێی رابكه‌ین و بیده‌ینه ده‌ست داگیركه‌ر و دوژمنه‌كانمان و خوێنی شه‌هیده‌كانمان به‌فیڕۆ بڕوات.
له ئه‌نجامدا گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی كه راپه‌ڕین و دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له كوردستاندا گرنگییه‌كی بێ هاوتای له ژیانی سیاسیی خه‌ڵكی كوردستاندا هه‌یه، ئه‌م به‌شه خاكه رزگاركراوه‌ی كوردستان، سه‌رباری هه‌موو كه‌موكورتیی و هه‌ڵه‌كان، خانه‌ی بیری گه‌شه‌پێدانی بیری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستانه، پنتی به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی ژیاری كورده‌وارییه هه‌ر له گه‌شه‌پێدانی: توانای كارگێڕیی، ئه‌زموونی خۆماڵیی، گه‌شه‌پێدانی چاپكراوی زمانی كوردی، خوێندنی كوردی، بازرگانی، پیشه‌سازیی…هتد،
بوونی حكومه‌تی هه‌رێم، داوای ئاست نزمی “ته‌نها مافی ژیان”ی لای تاكی كورد، بۆ داوای ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست و ره‌خنه‌گرتن و بڕوا به‌خۆبوون گۆڕیوه، كه ئه‌مه یه‌كێكه له به‌ها و گرنگییه ستراتیژییه‌كانی بوونی فه‌رمانڕه‌وایی كورد له‌سه‌ر خاكی كوردستان. له مێژوویشدا هه‌روابووه، ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌یان له پاشای كوردستان، شێخ مه‌حمودی نه‌مر، ده‌گرت و خۆیان به‌و نه‌ده‌گۆڕییه‌وه و ئه‌ویان پێ كه‌مبوو!، له به‌رامبه‌ردا هیچیان لێوه نه‌بیست جگه له چاكه، دوای نه‌مانی حوكمی پاشای كوردستان، ده‌بوو ده‌سته و نه‌زه‌رو به‌پێوه له‌به‌رده‌م كاروانه‌كه‌ی “مێجه‌رسۆن”ی داگیركه‌ردا بوه‌ستن، ده‌نا باش باش داركاریی ده‌كردن، جا وه‌ره داركاریی داگیركه‌ری ئینگلیز له كوێ و پشتیوانی پاشای كوردستان له كوێ؟.
1- سامان ساڵح، فراوانبوونی ده‌زگه‌كانی جێبه‌جێكردن له هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له هۆكار و ده‌ره‌نجامه‌كان، نامه‌ی ماسته‌ری بڵاونه‌كراوه، زانكۆی چه‌رمو،2016، ل 59-62.
2- به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب، هه‌لبژاردنه‌كانی كوردستان 19 ئایار1992، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، 1998، ل 9.
3- عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجیی، نوربهخشی شیعره‌كانی شێخ مه‌حمودی به‌رزنجیی، 2006، سلێمانی، چاپخانه‌ی شڤان، ل 9.
4- بڕیاری ژماره 22، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق، هه‌ولێر، 1993.