(له یادی 16 ساڵه‌ی له‌سێداره‌دانی سه‌دام حسێندا)
یادکردنه‌وه‌کان زیاتر به مه‌به‌ستی تێڕامان و به‌رهه‌مهێنان و هه‌ڵخڕاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک هه‌ستن، که بۆ بۆنه یان ڕووداوی یادکراو دێنه ئاراوه، جیا له‌وه‌ی که خودی یادکردنه‌وه ڕێچواڵ و ڕێوره‌سمێکی ڕه‌مزییه بۆ به‌بیرهێنانه‌وه و به‌یادسپاردنی بۆنه یان ڕووداوێک له دونیای هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌دا، پرۆژه‌یه‌کیشه که له ناو زه‌مه‌ندا به ئاڕاسته‌ی شوناسمه‌ندکردنی کۆمه‌ڵگا و بیچمدان به تێڕوانین و ڕوانگه‌یان به خۆیان و مێژوو و ڕووداوه‌کان ده‌جووڵێت. یه‌کێک له ڕووداوه هه‌ره گرینگه‌کانی دونیای ئێمه‌ی کورد له‌سێداره‌درانی سه‌دام حسێن بوو ئه‌ویش شانزه سال له‌مه‌وبه‌ر.
سه‌دام حسێن ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیی گێڕا له پووکاندنه‌وه‌ی هه‌وڵی کورد بۆ ڕزگاری له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و ناتوانین مه‌زه‌ندی شتێک بکه‌ین که ئه‌و ده‌رهه‌ق به کورد له باشووری نه‌ی کردبێت، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و کوشتنی بارزانییه‌کان ته‌نها پرۆژه دیاره و به به‌ڵگه‌کراوه‌کانی سیسته‌می به‌عسن، ئه‌گین پلانی قڕانکردنی شوناس و بوونی کورد له دونیای به‌عسدا زۆر وردتر و سامناکتر پیاده کراوه و دونیای نه‌ست و ناوشیاری ئێمه‌ی ته‌نیوه، ئه‌گه‌رچی به‌جه‌سته ئێمه بینیمان له سێداره دراوه به‌ڵام وه‌کوو خه‌یاڵ و فانتازیایه‌کی به‌هێز له ناوشیاریی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا جار نا جار بانگهێشت ده‌کرێته‌وه و وه‌کوو ستایش و ڕێز یادی زیندوو ده‌کرێته‌وه، ئه‌مه له حاڵێکدایه یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگ و له‌سێداره‌دانی سه‌دام یادکردنه‌وه‌ی خوێن و عه‌ده‌م و قوربانیبوونی ملیۆنان خه‌ڵک و چه‌ندین نه‌ته‌وه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌دام گرێیه‌کی گه‌وره بوو له پرۆسه‌ی مۆدێڕنیزاسیۆنی وڵاتانی ئێراق و ده‌وروبه‌ری، که‌تنێکی مه‌زن بوو له دروستبوونی ژیانی مرۆڤ له سه‌رده‌می نوێ به مانا ئاساییه‌که‌ی، سه‌دام یادکرنه‌وه‌ی مۆته‌که و کابووسێکه که هێنده سێبه‌ری ڕه‌شی به سه‌ر سه‌رمانه‌وه بووه که له ناوشیاریماندا وه‌کوو به‌شێک له خود و خۆمان هه‌ستی پێده‌که‌ین.
په‌یوه‌ندی هه‌ست و نه‌ست یان وشیار و ناوشیار په‌یوه‌ندییه‌کی ئاڵۆز و بێ پلان و ئاسۆیه واته نه ئاسۆییه و نه ئه‌ستوونی به‌ڵکوو له جنس و ماهییه‌تێکی دیکه‌یه و زیاتر له یاسا بێ نۆرمه‌کانی جیهانی ناوشیار پێڕه‌وی ده‌کات، جیهانێک نه زه‌مه‌ن تێیدا به ئاڕاسته‌یه‌کی وه‌کوو جیهانی وشیاری ده‌ڕوات و نه زمان و هه‌ستیش تێیدا ده‌لاله‌ت و مانابه‌خشییه‌کانی وه‌کوو جیهانی بێداری و واقیعه. بۆیه لێره‌دا ئێمه زیاتر له‌گه‌ڵ جیهانێکی خه‌ون ئامێز و ناوه‌کیدا به‌ره‌وڕووین، جیهانێک که له بێداریدا وا هه‌ست ده‌که‌ین ده‌سه‌ڵاتمان به سه‌رییه‌وه هه‌یه و بووه به به‌شێک له ڕابردوو و مێژوو، به‌ڵام له جیهانی نه‌ست و ناوشیاریماندا هێنده ئاڵۆزی و برین و ترس و مۆته‌که ده‌یجووڵێنێت که ناتوانین به ئاسانی فۆرمووله‌ی بکه‌ین و ڕابردوو و داهاتووشمانی خستووه‌ته ناو که‌وانه‌وه. ئه‌مه یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ی ڕه‌فتارناسیی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرپه‌رسته که له ڕووی سایکۆلۆژیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تێیدا زۆر هه‌ژار و ده‌سته‌وه‌ستانین. ڕه‌نگه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره له بازنه‌ی مه‌عریفه‌ناسییه‌کی ئاوه‌هادا ببینینه‌وه که تیشکم خسته سه‌ری. بۆچی هه‌ندێک (پێویستی به ئامار نییه له یه‌ک که‌سه‌وه بگره تاکو تاقمێک یان ئه‌ندامانی حیزبێکی دیاریکراو) که‌س هێشتا مه‌دح و ستایشی دیکتاتۆر ده‌که‌ن و به حه‌ماسه‌ت و بگره پیرزۆییه‌وه وێنه و ڤیدیۆکانی به‌رز ده‌که‌نه‌وه و بانگهێشی ده‌که‌ن؟.
ئایا بانگهێشتکردنه‌وه‌ی دیکتاتۆر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ڕۆح و نه‌رێتی هه‌ژموونیی پیاوسالارانه که نیشانه‌کانی له جه‌سته و جووڵه و ده‌رکه‌وتنه میدیاییه‌کانی سه‌دام وه‌کوو سمێڵی فش، جلی سه‌ربازی (وه‌کوو هێمایه‌ک بۆ له‌شه‌ڕبوون و بوێری و ڕۆحی جه‌نگاوه‌ریی پیاوانه)، چه‌ک به ده‌ستبوون، غارغارێن به ئه‌سپ له ناو شه‌قامه‌کانی به‌غداد، نواندنی میهره‌بانی له هه‌ندێ ده‌رکه‌وتنی میدیایی وه‌کوو به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ماڵی هه‌ژار یان لێقه‌وماوێک یان نه‌خۆشێک له نه‌خۆشخانه و…به‌دی ده‌کرا، هه‌یه؟ ئه‌م په‌یوه‌ندییه چۆناوچۆن فورمووله ده‌کرێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر پیاوسالاری له کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان به گشتی و کۆمه‌ڵگای کوردیش کز و لاواز بکرێت ئێمه ده‌توانین له خواست و ئاره‌زووی ناوشیار بۆ دیکتاتۆر به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی ڕزگارمان ببێت؟ ئایا ئه‌مه پلانێکی سیاسی-کو‌لتووری له پشته و ئێمه له ناو کایه‌یه‌کی مه‌زنی تۆڕ و دا‌و و دامه‌زراوه سیاسییه‌کاندا خه‌ون و ختووره و خه‌یاڵه‌کانمان فۆرم په‌یدا ده‌کات؟
ئه‌م پرسیارانه به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی ڕاست و بێ ئه‌ملاولایان پێویست بێت، ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یان له سه‌ر بکرێته‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه‌ک که په‌یوه‌ندی نێوان دیکتاتۆر و دیکتاتۆرپه‌رست/ کۆمه‌ڵگای دیکتاتۆر لێدراو و حکوومه‌تی دیکتاتۆر زیاتر ڕوون بکاته‌وه. له ڕۆژانی ڕابردوودا له سێ به‌رنامه‌ی جیاجیادا و له سێ په‌یج و ته‌له‌ڤیزیۆنی جیاوازدا چه‌ند پرسیار فۆرمووله کران که هه‌موویان خزمه‌تیان به یه‌ک وێنا و ئایدیا له یادکردنه‌وه‌ی دیکتاتۆر ده‌کرد ئه‌ویش هه‌یبه‌ت و سامی دیکتاتۆر وه‌کوو خاڵێکی ئه‌رێنی! هه‌ڵبه‌ت بێگومان له‌م میدیایانه‌دا به ڕاسته‌وخۆ ناوترێت ئه‌رێنی بووه، به‌ڵکوو به ده‌ربڕین و ئه‌داکردنێکه‌وه ده‌گوترێت که گوایه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه کائینێکی جیاوازی له‌و که‌سه(سه‌دام حسێن) دروست کردووه، بۆ نموونه له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێن ئار تیدا که دیمانه‌یه‌که له گه‌ڵ حاکم ڕزگار ئه‌مین؛ ئه‌و دادوه‌ره‌ی که سه‌ره‌تا ئه‌رکی سزادان و موحاکه‌مه‌کردنی تاوانبارانی به‌عسی له‌سه‌ر شان بوو پێشکه‌شکار ئه‌م پرسیاره‌ی لێده‌کات… “هیچ کاتێک هه‌بووه له کاتی دادگاییکردنه‌که چاوت له ناوچاویی سه‌دام کردبێت و ترسێک له دڵت نیشتبێت؟” حاکم ڕزگاریش به پێکه‌نینه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه نه‌ء! یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره به‌و سیاقه پۆپۆلیستییه و به بێ زه‌مینه‌سازیی ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ست له ترس چییه و چ کاتێک نه‌ترسی باشه و چ کاتێک بترسی باشه خۆی دابه‌زاندن و سووککردنی مه‌عریفه‌یه‌که که بڕیار بووه به‌عس و سێبه‌ره ڕه‌شه‌که‌ی و مه‌کینه پیسه‌که‌ی بناسێت! له زمانی کوردی‌دا نه‌ترسی هه‌میشه ده‌لاله‌تێکی تاقانه و ڕێک و باشی نییه، بۆ نموونه ده‌ڵێن: کابرایه‌کی نه‌ترس و بوێره، دیاره لێره‌دا ڕوونه بوێری و نه‌ترسی یه‌ک واتایان هه‌یه یان له سیاقێکی دیکه‌دا ده‌ڵێن کابرایه‌کی له‌خواترس و به‌ویژدانه لێره‌دا ترس فه‌زیله‌ت و سه‌رێتییه‌کی ئه‌خلاقییه و کارکردێکی دیکه‌ی چالاک کراوه، مه‌به‌ستمه بڵێم ترسان و نه‌ترسان له سیاقی خۆیدا ده‌توانێت مانا و ده‌لاله‌ته‌که‌ی ڕێژه‌یی بێت، ئه‌وی که جه‌نابی “حاکم ڕزگار” له سه‌دام ناترسن لایه‌نێکی هاوکێشه‌که‌یه و لایه‌نێکی دیکه‌ی خودی سه‌دامه که ئه‌و دروستکه‌ری ترس بووه و ترسێنه‌ر بووه که له هه‌مانکاتدا ده‌شێت واتای نه‌ترس و بوێریشی هه‌بێت ئه‌مه ئه‌و تۆره ناوشیارییه زمانییه‌یه که به‌شێکی زۆر له میدیاکانی ئێمه فڕیان به سه‌رییه‌وه نییه به تایبه‌تی له بابه‌تێکی ئاوه‌هادا که برین و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له ئارادایه.
سه‌دام له‌م به‌رنامانه‌دا ده‌شێت وه‌کوو تاوانبار و دواتر نه‌خۆشێک باسی لێبکرێت نه‌ک وه‌کوو سووژه‌یه‌ک که توانایی ترس و تۆقاندنی هێشتا له ناو قه‌فه‌زه‌کانی دادگاشدا ماوه! ئه‌م نواندنه‌وه‌یه ده‌رخه‌ری ناوشیارێکی تاریک و دڕه که خه‌ریکه پانتای وشیاری داگیر ده‌کات و شوێن پێی ئه‌قڵ و مه‌عریفه لێژ ده‌کات، ئه‌م نواندنه‌وه‌یه له ڕاپۆرتی یه‌کێک له په‌یجه‌کان که له زاری ژه‌نه‌ڕاڵێکی خانه‌نشینه‌وه به ناوی کێڤن هۆڵانده‌وه ده‌یگێڕێته‌وه که سه‌رپه‌رشتی تیم و یه‌کێک بووه له ئه‌ندامانی ئه‌و تیمه‌ی سه‌دام حسێنیان ده‌سگیر کردووه، ده‌بینرێت، په‌یجی زه‌مه‌ن له زاری ئه‌م ژه‌نه‌ڕاڵه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه که گوایه سه‌دام به‌و دۆخه‌ش که له ناو ئه‌و چاڵه‌دا ده‌ریانهێناوه هێشتا سامدار و مه‌ترسیدار بووه! یان په‌یجێکی دیکه به مۆنتاژ و بڕینی ڤیدیۆی دادگاییکردنه‌که له زمانی ئاماژه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێت دادوه‌ر وا تێگه‌یشتووه له جووڵه‌یه‌کی ده‌ستی سه‌دام که گوایه سه‌دام هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کات و بۆیه دادوه‌ر به تووڕه‌ییه‌وه به سه‌ریدا ده‌گرمێنێ و ئه‌ویش پێده‌که‌نێت! ئه‌م بوێراینواندن و نه‌ترسانه‌ی! دیکتاتۆر نیشانه و ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه بۆ دۆخێکی ناته‌ندرووستی سایکۆلۆژی و نه‌خۆشییه‌ک که ساڵانی ساڵ به‌عس له ناو ئێراق و ناوچه‌که‌دا و له ناو کۆمه‌ڵگای کوردیش بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ئێسته پرسیاری سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌یه که ئایا ئه‌و وێنه‌سازییه له ده‌رگای وشیاریی و عه‌قڵیه‌تێکی بچووک و سیاسیکار که قایل به کایه‌ی سیاسی و حیزبی له ناو هه‌ر پانتایه‌کدایه، دێته ژووره‌وه یان فیچقه‌کردن و کوڵدانی ناوشیارییه‌کی پڕ برینه که ده‌یه‌وێت مه‌عریفه و ئه‌قڵانییه‌تی ئێمه داگیر و به‌ند بکات؟.
بێگومان بۆ هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره و پرسیارانی دیکه پێویست به بنکه‌ی به‌عسناسی و لێکۆڵینه‌وه‌ی چڕ‌وپڕ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی دیکتاتۆر و کۆمه‌ڵگا و نواندنه‌وه‌ی یادکردنه‌وه‌کان له زمانی هه‌ست و نه‌ست هه‌یه، تاکوو ئێمه بزانین دیکتاتۆر مردووه له هه‌ناوماندا یان نا و به شێوازی ناوشیار و له بیچم و ده‌مامکی دیکه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه؟.