كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی جوگرافیا
قه‌وقاز ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه، ده‌كه‌وێته سنوری نێوان ئاسیا و ئه‌ورووپا. ناوچه‌ی سێگۆشه‌ی نێوان ڕووسیا و ئێران و توركیایه. له‌خۆرهه‌ڵات و باكوری خۆرهه‌ڵاته‌وه به‌ده‌ریای خه‌زه‌ر ده‌ور دراوه، لهخۆرئاوایشهوه ده‌ریای ڕه‌ش له‌باشور و خۆر ههڵاتیشهوه، كوردستانی خۆرهه‌ڵات و كوردستانی باكوری ژێرده‌سته‌ی ئێران و توركیا ده‌بنه سنوری.
ناوچه‌كه شاخاویه و به‌رزترین لوتكه‌ی شاخی “چیای ئه‌لبورز”ه. ئاو وهه‌واكه‌ی له‌هاویندا مامناوه‌ند و له‌زستاندا سارده. ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی.
به‌شێوه‌یه‌كی چڕ ڕه‌زو میوه‌و باخی هه‌یه. ڕووبه‌رێكی فراوان له‌وه‌ڕگای هه‌یه، ژماره‌یه‌ك ڕووباری به‌ناوبانگی تێدایه له‌وانه “ڕووباری ئاراس” و”كۆرا”.
به‌درێژایی مێژوو مرۆڤ له‌و ناوچه‌یه ژیاوه، له‌ئه‌شكه‌وتێكی نزیكی گوندی “ئه‌رینی” ناوچه‌ی قه‌وقاز، پێڵاوێكی له‌چه‌رم دروستكراو دۆزرایه‌وه، كه‌به یه‌كه‌م پێلاو داده‌نرێت كه مرۆڤ دروستی كردبێت، كه‌له پێسته‌ی گا دروستكراوه‌و، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ی چواره‌می پێش زاین، ناونراوه” چاروخ”.
دیارترین شاره‌كان
دیارترین شاره‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان: لاچین كه‌بووه پایته‌ختی كۆمارهكهو له‌وێوه سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نرا، قوبادلی، گوڵبه‌جار. له‌ئێستادا به‌هه‌رێمی “ناگۆرنۆ كاراباگ” ناسراوه.
كورد له قه‌وقاز
سه‌رۆكی “وه‌كیل مسته‌فایێف” سه‌رۆكی كۆماری لاچین، سه‌باره‌ت به مێژووی كورد له‌قه‌وقاز ده‌ڵێت: “بوونی كورد له قه‌وقاز هه‌بوونێكی مێژووییه، به‌ڕاده‌ی خودی مێژووه‌كه كۆنه، یه‌كه‌م كۆچی كورد بۆ قه‌وقاز له‌سه‌رده‌می میدییهكاندا بووه، ئه‌و ده‌م به‌شێك له‌ماده‌كان به‌باشوری ده‌ریای قه‌زوینه‌وه، به‌ره‌و ناوچه‌ی كهرهباگی ئێستا كۆچیان كرد. ئه‌وان په‌یوه‌ندییان كرد به‌و كوردانه‌ی تره‌وه كه له شاخه‌كانی زاگرۆس ده‌ژیان. ئه‌وان به‌و كۆچهیان ناوكی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ئێستایان پێكهێنا. له‌دوای سه‌ركه‌وتنی ماده‌كان به‌سه‌ر ئاشوردا، به‌كوردستانی قه‌وقاز ده‌گوترا میدیای بچوك”.هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “بیروڕایه‌كیش هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شتیش هه‌ر له‌و ناوچه‌یه له‌دایكبووه”.
له‌دوای ڕووخاندی ئیمپراتۆریه‌تی میدیا، كوردستان به‌گشتی كه‌وته ژێرده‌ستی فارسه‌كان. به‌ده‌ركه‌وتنی ڕۆمانه‌كانیش، كوردستان بووه سته‌یجی ململانێی نێوان فارس و ڕۆمان. به‌ڵام له‌ڕووی كرده‌ییه‌وه، ده‌سته‌ڵاتی داگیركه‌ر ڕاسته‌وخۆ نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ناڕاسته‌وخۆ حوكمی كوردستانیان كردووه.
له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام، ناوچه كوردییه‌كان دووچاری چه‌ندین نه‌هامه‌تی بوون، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌باسیدا. له‌ئه‌نجامیشدا چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له‌دژی ئه‌و دوو ده‌سته‌ڵاته سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌به‌ناوبانگترینیان شۆڕشی “بابه‌كی خوڕه‌می” بوو. كهعهباسییهكان توانییان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ناوی به‌رن.
له‌نێوان ساڵانی 951-1199 ده‌وڵه‌تی ” شاهدادیهكان” دروستبوو، كه عه‌ره‌به‌كان به “شهدادییهكان” ناوی ده‌به‌ن. ئه‌و ده‌وڵه‌ته له‌سه‌ده‌ستی ” محه‌مه‌د كوڕی شاه داد”پێكهات و له‌نێوان ده‌ریان كوره و ئاراس حوكمی ده‌كرد. ده‌وڵه‌ته‌كه له‌دژی پادشاكانی ئه‌رمینیا بوو بههاوپهیمانیڕۆمه بێزه‌نتییه‌كان، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد كه‌وت به‌رهێرشی دێلهمییهكان و پاشان توركه سه‌لجوقییه‌كان توانییان له‌ناوی به‌رن.
له‌وه به‌دواوه، كوردستانی قه‌وقاز، بووه‌ته سته‌یجی ململانێی نێوان عوسمان و سه‌فه‌وییه‌كان، له‌ڕووی ڕووبه‌ریشه‌وه كوردستان به‌رته‌سكتر بووه‌وه، تاكو وای لێهات چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می مایه‌وه، كه‌بریتی بوو له: ناگۆرنی كهرهباگ، گوڵبه‌جار، كوباتلی، زه‌نگلیان، كاركۆشلاك، كوڕهحاجی، نه‌خش جوان…هتد.
سایكس بیكۆ و شۆڕش به‌لشه‌فی
ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام بوو تاكو سه‌رهه‌ڵدانی ڕێككه‌تنی شومی سایكس بیكۆ. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شی زۆری باكوری كوردستان و قه‌وقاز، كه‌وته ده‌ستی ڕووسیا، به‌ڵام له‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، ڕووسه‌كان كشانه‌وه، ته‌نها كوردستانی قه‌وقازیان له‌ده‌ستدا مایه‌وه.
“حسێن حاجیێف” یه‌كێك بوو له‌هاوڕێ نزیكه‌كانی لینین، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی به‌لشه‌فییه‌وه هاوڕێی بوو، ئه‌وه‌ش وایكرد بتوانێت كوردستانی سور له‌ساڵی 1923دا دروست بكات. به‌هه‌مان هۆیشه‌وه لینین بایه‌خی به‌كورد دا، ئه‌وه‌ش له نامه‌كانی نێوان لینین و “شێخ مه‌حمود حه‌فید” ه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
لینین بڕی 33 ملیۆن ڕۆبڵی ته‌رخانكرد بۆ په‌ره‌پێدانی كورستانی سور، هاوكات ده‌یشی ویست “مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك”بهێنێته ڕیزی خۆیه‌وه، ئه‌مه‌ش وای لێ‌كرد كوردستانی سور بلكێنێت به ئازه‌ربایجانه‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ئه‌و كۆماره كۆرپه‌یه ساڵی 1929 له‌سه‌رده‌ستی ستالین هه‌ره‌سی هێنا.
نه‌هامه‌تی كورده‌كان له‌سه‌رده‌ستی ستالین
له‌و ده‌مه‌دا سه‌دان هه‌زار كورد ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كران. به‌تانوپۆی سۆڤیه‌تدا بڵاوكرانه‌وه. سه‌دان هه‌زار كه‌سیشیان به‌هۆی بارودۆخی ناهه‌مواره‌وه له‌ناوچوون.
ساڵی 1930 ئیداره‌یه‌كی فراوان بۆ كورد دروستكرا، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ ستالین كه‌وته‌وه وێزه‌ی كورد، ساڵی 1944 سه‌دان هه‌زار كوردی له‌ناوبرد به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نه‌ژادیان ئارییه‌و هاوكاری ئه‌ڵمانه ئاریاییه‌كان ده‌كه‌ن.
دۆخه‌كه به‌م جۆره مایه‌وه تاكو “گۆرباتچۆف” سیسته‌می “پیرۆسترۆیكا”ی ڕاگه‌یاند، له‌ئه‌نجامیشدا كۆماره‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه.. كورده‌كانیش سه‌رله‌نوێ “كوردستانی سور”یان دامه‌زرانده‌وه، ساڵی 1992 له “لاجین”ه‌وه ئه‌و كۆماره‌یان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام كه‌متر له‌ساڵێك ته‌مه‌نی كرد، به‌هۆی ململانێی ناوخۆییه‌وه كۆتایی به‌و كۆماره‌ش هات.
“وه‌كیل مسته‌فایێف” له‌میانه‌ی ئاماژه‌دان به ژیانی خۆی، باسی به‌شێك لهنههامهتییهكانی كورده‌كانی قه‌وقاز ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت: ساڵی 20/6/1936 له پایته‌ختی سه‌مه‌رقه‌ند له‌دایكبووم. برایه‌كی دایكم هه‌بوو، ئه‌فسه‌ر بوو له “كه‌ی.جی. بی” ئه‌و سه‌رپه‌رشتی ئێمه‌ی كردوو، منیشی برده ڕیزه‌كانی سوپای سۆڤیه‌ته‌وه. خۆم ئاره‌زووم له‌وه‌بوو له هێزی ئاسمانی‌دا خزمه‌ت بكه‌م. به‌ڵام ئه‌وان قبوڵیان نه‌كردم و لهتۆپخانه دایاننام.
به‌شداری جه‌نگی مهجهڕم كرد‌و، پله‌كه‌م به‌رزكرایه‌وه بۆ نه‌قیب، شانبه‌شانی ژیانی سه‌ربازی، خوێندم و بڕوانامه‌م له‌یاسادا به‌ده‌ستهێنا.
له‌وماوه‌یه‌دا پتر له‌جارێك ده‌ستگیركرام، دواجار هه‌ڵاتم بۆ ئه‌رمینیا و له‌نێو كورده‌كاندا خۆم حه‌شاردا، تاكو له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه بڕیاری لێبوردنم بۆ ده‌ركرا. له‌و ماوه‌یه‌دا دوو كتێبم نوسی، یه‌كه‌میان ده‌رباره‌ی مێژووی كورد به‌گشتی، دووه‌میشیان ده‌رباره‌ی مێژووی كورد له قه‌وقاز.
به‌ڵێنی ڕووسیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
ئه‌و كه سه‌رۆكی كۆماری لاچینی كوردییه، ده‌نوسێت: پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌هه‌ره‌سی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، به‌رپرسانی باڵای ده‌وڵه‌تی ڕووسیا بانگیان كردم.
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن: به‌رپرسانی باڵای ڕووسیا به “وه‌كیل مسته‌فاییف”یان ڕاگه‌یاندووه كه ڕووسیا پاڵپشتی كورده‌كانی لاچین ده‌ه‌كات ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌ن، ده‌وڵه‌تێك كه ناوچه‌كانی لاچین و كۆباتلی و گوڵیجار بگرێته‌وه. واته هه‌مان ئه‌و ناوچانه‌ی كه پێشتر “كۆماری كوردستانی سور”ی له‌سه‌ر دامه‌زرابوو.
هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ڕووسیا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌رمه‌ندا ئه‌و باسه‌یان تاوتوێ كردووه‌و، به‌ڵێنی هاوكاری ئهرمینیاشیان بۆ كۆماره‌كه وه‌رگرتووه.واته كۆمارێكی كوردی له قه‌وقاز دروست بكرێت.
هۆكاره‌كانی پشتیوانی كردنی ڕووسیا له‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
ئه‌وان لهدورستكردنی ئه‌و كۆماره‌دا ڕه‌چاوی فاكته‌ره سیاسی و ستراتیژییه‌كان ده‌كه‌ن، نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی هاوسۆزییه‌وه بۆ كێشه‌ی كورد، به‌ڵكو ئه‌وان پێیان وایه كۆماره‌كه ده‌بێته گوزهرگایهكی ئارام له‌نێوان ئه‌رمینیا و كارهباگ وخاكی كوردستانیش له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌بێته تاكه پردی نێوان هه‌رێمی كارهباگ و ئه‌رمینیا.
هاوكات كۆماره كوردییه‌كه له‌ژێر هه‌ژموونی ڕووسیادا ده‌بێت و خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆرباش ده‌بێت له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا. ئه‌وه‌ش ده‌بێته به‌ربه‌ستێكی به‌هێز بۆ سڵه‌ماندنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و توركیا كه هێزیان كۆكردبوه‌وه بۆ چاوترساندنی ئه‌رمینیا. له‌هه‌مان كاتدا، كۆماره كوردییه‌كه ڕێگه ده‌دات به‌وه‌ی ڕووسیا هێزه‌كانی خۆی له‌خاكه‌كه‌یدا بڵاوبكاته‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیاو پاراستنی ئاسایشی دانیشتوانی كوردی ناوچه‌كه.
كورده‌كان ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان به‌جیدی وه‌رگرت، چالاكوانه‌كان ده‌ستیان كرده خۆئاماده‌كردن و ئاماده‌كردنی خه‌ڵكی ناوچه‌ی “لاچین” له‌پێناوی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا. حكومه‌تی ئازه‌ر هه‌ستی به‌مه‌ترسی ئه‌و جموجوڵانهكرد، ڕاسته‌وخۆ كه‌وته‌خۆی بۆ له‌باربردنی هه‌وڵه‌كه، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی چه‌ندین یه‌كه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و هه‌ندێك جاشی كورده‌وه كه‌سه‌ربه حكومه‌تی ئازه‌ر بوون. ئه‌ركی ئه‌مانه ئه‌وه‌بوو پڕوپاگه‌نده‌یان بڵاوده‌كرده‌وه بۆ ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ربه‌خۆیی.
ڕۆڵی شه‌رمه‌زارانه‌ی كورده جاشه‌كان له لاچین
ئه‌م گروپانه شاربه‌شار ده‌گه‌ڕان و، كورده‌كانیان ده‌ترساند له‌وه‌ی چاره‌نوسێكی ڕه‌ش چاوه‌ڕێیان ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی.
یه‌كێكی تر له‌و كۆسپانه‌ی هاتنه سه‌ر ڕێی پرۆسه‌كه، بریتی بوو له قه‌ناعه‌تكردن بهزۆرترینی دانیشتوانی ناوچه كوردییه‌كان تاكو له پرۆسه‌كه‌دا به‌شداری بكه‌ن. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی سه‌رقاڵی هه‌وڵدان بوون بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆریان هاته ڕێگه تاكو بتوانن قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵك بكه‌ن مل بده‌ن به‌سه‌ربه‌خۆیی !!.
ئه‌وان له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌ره‌وڕووی ئه‌و كوردانه بوونه‌وه كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ حكومه‌تی ئازه‌ربایجان مێشكی شۆردبوونهوهو، شوناسی نه‌ته‌وه‌ییان له‌ده‌ستدابوو.
ته‌نانه‌ت ناچاركرابوون به‌زمانی ئازه‌ری بدوێن نه‌ك به‌كوردی. هه‌وره‌ها ئازه‌رییه‌كان كاریان له‌سه‌ر ژێیی ئاینیش كرد، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ كورده‌كان هه‌ردوولایان موسوڵمانن، به‌ڵام ئه‌رمه‌نه‌كان مه‌سیحین!! بۆیه وایان بڵاوكرده‌وه كه جیابوونه‌وه له‌ئازه‌ربایجان گوناهێكه لێ‌خۆش بوونی ئه‌سته‌مه!!.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، هه‌ندێ كه‌سایه‌تی كورد كه‌بوونه جاشی گه‌وره، وه‌ك “ئه‌سكه‌نده‌ر حه‌میدۆف” كه كوردێكه‌و سه‌ربه‌هۆزی كۆلانییهو، پێشتر جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئازه‌ربایجان بوو. ئه‌م پیاوه هه‌ستا به‌دروستكردنی حیزبێك به‌ناوی “گورگه خۆڵه‌مێشییه‌كان”ئه‌و پارته، پارتێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئازه‌ری بوو. به‌توندی بانگه‌شه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ی تورك ده‌كرد.
هه‌ڵوێستی ئه‌م جاشه، هه‌ڵوێسته‌كانی “عیسمه‌ت ئینۆنۆ”مان بیر دێنێته‌وه، كه ئه‌ویش كوردبوو، به‌ڵام بووبه سه‌رمه‌شقی سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی له‌توركیادا. ئه‌و لهتوركهكان زیاتر خۆی به‌تورك ده‌زانی. هه‌روه‌ها “ته‌ها یاسین ڕه‌مه‌زان”كه له ئێراقدا له‌دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ڕۆژێك له‌ڕۆژان كه‌مته‌رخه‌می نه‌كرد و، ده‌ستی هه‌بوو له بۆردومانكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی به‌چه‌كی كیمیاوی!.
هاوكات ده‌وڵه‌تی ئێرانیش ده‌ستی كرده هه‌ڕه‌شه‌كردن له ئه‌رمینیا ئه‌گه‌ر بێت‌و هاوكاری پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی لاچین بكات. ئه‌رمه‌نه‌كانیش پێیان وابوو ئێران تاكه ده‌روازه‌ی ژیان و مانه‌وه‌یانه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، سوپای توركیا و ئازه‌ربایجان خۆیان بۆ په‌لاماردانی ئه‌رمینیا ئاماده‌كردبوو.
ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ڕێگرییانه، له‌مانگی مایۆ/1992 به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی سه‌ربه‌خۆیی “كۆماری لاچینی كوردی” ڕاگه‌یه‌نرا. له‌دوای دوومانگ له‌ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، بڕیاری دروستكردنی حكومه‌ت درا. له‌و كاتانه‌شدا به‌رده‌وام میدیاكانی ڕووسیا باسیان له‌وه ده‌كرد كه كورده‌كان توانیویانه ئازه‌ره‌كان له‌خاكی خۆیان ده‌ربكه‌ن و كۆمارێك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن.
چۆنێتی ڕووخانی كۆماری لاچین
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگریانه‌ی باسكران، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌رمینیا له‌دژی ئازه‌ربایجان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆماركردبوو، به‌ڵێنه‌كانی بۆ پشتیوانیكردن له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌بیركرد، ویستی زه‌وی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وه‌بوو هێرشی كرده سه‌رناوچه كوردییه‌كان و له17/مایۆ/1992 توانی شاری لاچین پایته‌ختی كۆماره كوردییه‌كه داگیربكات.
له‌دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌رمینیا لاچینی داگیركرد، توانی له 27/3/1993دا ناوچه‌كانی تریش داگیربكات، سه‌ره‌تا هێرشی كرده سه‌ر گوڵیجار، به‌وجۆره له 22/مایۆ/1994دا هه‌ریه‌كه له ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند. كۆماری لاچینی كوردیش هه‌ره‌سی هێنا.
له‌ئه‌نجامی ئه‌و شكسته‌دا، سه‌رۆككۆماری لاچینی كوردی، “دكتۆر وه‌كیل مسته‌فاییف” داوای مافی په‌نابه‌ری له ئیتالیا كرد. له‌وێشه‌وه كتێبێكی نوسی به‌ناوی “مێژوی قه‌وقازیی كوردستان”. له‌و كتێبه‌دا ئه‌م ئه‌زمونه تاڵه‌ی نوسیوه‌ته‌وه كه ئێمه ئه‌م باسه‌مان لێوه‌رگرت.
به‌داخه‌وه ده‌ڵێین: هه‌مان مێژوو دووباره بووه‌وه له‌گه‌ڵ كورده‌كانی نهقشوان و گوڵیجار “كوردستانی سور”دووباره بووه‌وه كاتێ بیرۆكه‌ی “كۆماری لاچین”یان ڕه‌تكرده‌وه‌و، پشتیوانی بیرۆكه‌ی ده‌وڵه‌تێكیان بۆ خۆیان نه‌كرد. به‌ڵكو پێیان باش بوو له‌گه‌ڵ ئازهرهكاندا بژین. بۆیه ئێستاش وه‌كو په‌نابه‌ر له ئازه‌ربایجان ده‌ژین.
هه‌مان ئه‌زمونی تاڵ ساڵی 1923 به‌سه‌ر كورده‌كانی توركیاشدا هات، كاتێ ئه‌ندامه كورده‌كان په‌رله‌مانی توركیا، ئه‌و پێشنیاره‌ی ئه‌ورووپایان ڕه‌تكرده‌وه كه ده‌وڵه‌تێكی كوردی دروستبكه‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی “سیڤه‌ر” وایان پێ‌باش بوو له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا بمێننه‌وه، كه‌چی دوای ته‌نها دووساڵ، توركه‌كان لێیان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه. تاكو ئه‌م چركه‌یه‌ش كورده‌كان باجی هه‌ڵه‌ی باب‌و باپیرانیان ئه‌ده‌ن كه ڕێككه‌وتنی سیڤه‌ریان ڕه‌تكرده‌وه.
له‌ئه‌زمونی هه‌وڵدانی كوردستانی باشوریش بۆ سه‌ربه‌خۆیی له 2017دا، هه‌مان ئه‌زمونه‌كان بهوردهكارییهكانییانهوه دووباره بوونه‌وه..