رۆشنبیر لە پلە و پێگەی درووستی ناو مێژووی خۆی و بەپێی پێکهات و سیستەمی نۆرم و بەهاکانی هەر کۆمەڵگایەک دەتوانێت رۆڵی کاریگەر و سەردەمساز و چارەنووسساز بگێڕێت.
زەقترین تایبەتمەندی رۆشنبیر لای ئێمە ژێستگرتن و کۆپیکردن و لاساییکردنەوە بووە.
ئەگەر پێناسە مێژووییەکانی رۆشنبیر هەر لە سەردەمی شۆڕشی فەرانسەوە تاکوو تێڕوانینی هەنووکەی دیسکۆرسە جیدییە رۆشنبیرییەکانی جیهان بکەینە پێوەر، ئەوا ئەگەرێکی بەهێزە هەنووکە یەک دانە رۆشنبیریش لە ناو کورددا نەدۆزینەوە، بەڵام من تێڕوانینێکی وەها ئایدیالیستی و دەرهەستم نییە بۆ ئەم چەمکانە و پێم وایە دەبێ پێکهات و بەستێنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی خۆمان بۆ فام و پێناسەی هەر کردە و بکەرێک(رۆشنبیر، تاک، شاعیر، فەرمانبەر و…) لەبەر چاو بگرین ئەگینا وەک چۆن ئێستە و لە هەندێ فەزای کەلتووری و گشتیی رۆژهەڵات و باشووردا، مانای رۆشنبیر زۆرتر بارێکی نەرێنی و گاڵتەجاڕانەی هەیە، باقی چەمک و زاروەکانیتریش وا سووک و چرووک دەبن، ئەمە تایبەتمەندیی مێژووی کەلتووریی و ئاوەزی ناتەواوی ئێمەیە کە وەها چەمکە جیددی و گەورەکانی کەلتووری رۆژئاوا لەمانا بۆش و بەتاڵ دەکات و لەوەش خراپتر دەیخەسێنێت و بە لاڕێیدا دەیبات!
بەگشتی رۆشنبیر هەر پێناسەیەکی هەبێت لە مێژووی ئێمەی کورددا دابڕاو نییە لە سێ جەمسەر 1-ئەدەب (بەتایبەتی شیعر). 2-فیکر. 3-حیزب. کە لایەنە کارەساتبارەکانی بەشی سێهەم باسێکی زۆر و زەبەند هەڵدەگرێت و دایدەنێم بۆ کات و دەرفەتێکی تر. رۆشنبیر بەپێی کەش و هەوا و هەل و مەرجی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان و دواتر هەر کام لە شارەکانی کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکانی گەشە و رەوتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی و شارنشینیدا میسداق و دەرکەوتەیەکی هەبووە و کەم تا زۆر کاریگەری داناوە و رۆڵی گێڕاوە.
کەس ناتوانێت رۆڵی”تاکانە”ی رۆشنبیریی مەسعوود محەمەد، عەبدولخالەق مەعرووف، شێرزاد حەسەن، بەختیار عەلی و… لە باشوور و رۆڵی هەژار، هێمن، عەلائەدین سەجادی، سوارە، مارف و… لە رۆژهەڵات ئینکار بکات، هەڵبەت هەر کامەیان بەپێی پارامێتر و هەل و مەرجی سەردەمی خۆیان. رۆشنبیر لەو میسداقانەدا هەر پێناسەیەکی هەبێت هەڵگری چەشنێک لە تایبەتمەندی کاریگەریدانان و رۆڵگێڕان لە ناو کۆمەڵگا و لە بواری زمان و ئەدەب و کەلتوور بووگە، بەڵام وەکوو وتم باسەکەی من بەدەرە لە لێکدانەوەی وردی مێژوویی و تێڕوانینی ئیستقرایی پێناسەکانی رۆشنبیر و تایبەتمەندی و میسداقەکانی ئەم بوونەوەرە.
باسی من هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ئاست و مانا و ماهییەتی رۆشنبیر لە جوغرافیایەکی بچووکی کوردستان واتە رۆژهەڵات. بۆ ئەم خوێندنەوە خەسارناسانەیە زۆرتر قۆناغ و سەردەمێککی زەمەنیی کورت و کۆتای یەک دەیەی پێشوو لەبەرچاو گیراوە کە تێیدا رۆڵی دەسەڵات و دیسکۆرسی سیاسی ریفۆرمخوازانی ئێرانیش بە یەکێک لە جەمسەرەکان دانراوە.
لەو تۆزە هەناسەدانەی سەردەمی خاتەمیدا ئەنجوومەن و رێکخراو و بڵاڤۆک و مانگنامە و…کوردییەکان هاتنە کایەوە کە ئەگەر مونسیفانە چاوی لێکەین ئەم سەردەمە سەردەمی گەشانەوەیەکی کەلتووری و شوناسی کوردە بە نیسبەتی پێشوو نەک بە نیسبەتی خۆی و توانست و شیاوەتییەکانییهوه! و ئەم تێڕوانینیشە بەو واتایە نییە سەردەمی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازانی ئێرانی و چوونە ناو کایەی ریفۆرمخوازانی کورد بۆ پانتاکە، سەردەمێکی پڕ کێشە و باندبازی و هەلپەرەستی نەبووە، بەڵام لەم سەردەمەدا بوو قەڵەم و نوخبە هەڵکەوتووە کوردییەکان توانیان بەشێوەی ئاکادیمیک و رۆشنبیرانە و هەروەها ژورنالیستی ئاوڕ لە کۆمەڵێک بابەتی وەکوو زمان، کەلتوور، شوناس، نەتەوە، ئەدەب و مێژوو…بدەنەوە و دیسکۆرسێک رێک بخەن کە لەوانەی پێشووی خۆیان جیاواز بێت و هەندێک تایبەتمەندی مۆدێڕنی تێدا بێت، لەم رەوتەدا و تا سەردەمێک هەوڵە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکان توانیان لە پانتای گشتی و لە ناو جەماوەرێکی کەمدا کاریگەر بن، ئەم رەوتە دڵخۆشکەر و شوناسبەخشە ئەوەندەی نەخایاند (چوونکوو بە هۆکارگەلێک کە دێمە سەری) پێوەندی نێوان رۆشنبیر و چالاک و …لەگەڵ جەماوەردا رووخاو و پردێک لە بەدگومانی و بێ متمانەیی لە نێوان جەماوەر و رۆشنبیرانەوە هەڵبەسترا. واتە کارەساتەکە لەو کاتەدا دەرکەوت کە “دابڕان”ە قووڵەکە رووی دا.
خاڵی ئایرۆنی و لەهەمان کاتدا خەمهێنەری ئەم رەوت و دیسکۆرسەی رۆشنبیریی ئێمە لەوە دایە کە هەرچەندە زەمان تێدەپەڕێت، نەریتیتر و کڵێشەییتر و پووکاوتر دەبێت و وەکوو بڵێیت فەزای رۆشنبیریی لە وەهم و سەرابێکدا دەژی کە هەرچی هەنگاو بەرەو پێش هەڵدەگرێت هەر بەخەیاڵ رۆشتووە و هەر لە جێی خۆیەتی و هەندێ جاریش بەرەو دواوە دێتەوە. ئەم تێڕوانینەی ئاخر ئەو هەوڵانە دەگرێتەوە کە پاش نەمانی رەوتی ریفۆرمخواز لە دەسەڵاتی ئێرانی و هاتنە سەر کاری موعجیزەیەکی ئاسمانی! لە لایەن باڵ و پێکهاتی بناژۆخوازیی سیستەم و کۆمەڵگای ئێرانی وەکوو ئەحمەدی نەژاد! ( کە هەندێک تا ئێستەش نەیانزانی ریفۆرمخواز بوو یان بناژۆخوازی خەست و دەبڵ! ) کەوتنە جۆرێک تەقیە و کاژخستن و کایەکردنی ناسک و نەرمۆڵ بە مەبەستی پاراستنی رۆڵی رووتین و رواڵەتی خۆیان و هەر جۆرە ئەکت و کردەیەکی ئەسیل و کاریگەر و دەورانسازیان لە پێناو مانەوەی دەنگ و رەنگ و روخساری سەر شانۆیی خۆیان و ململانێی قۆستنەوەی هەل و نەشکانی لۆچی جلەکانیان، لەبەر دەم دەسەڵاتدا قوربانی کرد، ئەمانە بوونەوەرانێک بوون کە سێ کەسی یان چوار و پێنج کەسی ئەنجوومەنێکیان رێکدەخست و بەکەمترین حاڵەت گرینگییان بە دهرهاوێشته و ئەنجامی راستەقینەی توانستە ئینسانییەکانی بەشداربووان دەدا، لەم شانۆ نوێیەی رۆشنبیریدا کە بێگومان گۆڕانی شکڵی دەسەڵات کاریگەرییەکی زۆری هەبوو تێیدا، رۆشنبیر ئەوەندە لە خولیای پاراستنی روخساری شیک و پۆشتە و مانیفێستکردنی فام و تێگەیشتنە بهناو قووڵ! و دژە ئایینی! و بوونناسییەکانی! بوو، نیوی نیو ئەوەندە پێبەندی گواستنەوەی مەعریفە و بەرهەمهێنانی شکڵێکی نوێی ژیان و بیرکردنەوە نەبوو.
رۆشنبیری ئەم قۆناغە لە نێوان بەرهەمهێنانی مەعریفە و کۆ کردنەوەی ئیمزادا بە هەڵپەڕکێ و دیلانەوە، دووهەمینیانی هەڵبژارد! رێک ئا لەم خاڵەدا بوو کە پانتای گشتی و جەماوەر لەو دیسکۆرسەی کە دەعیە و بانگەشەی رزگاری و نوێنەرایەتی کردنی شوناس و حەزەکانی نەتەوە و جەماوەر و گەلی دەکرد، دابڕا و بەردەنگ ئیتر باوەڕی بە قسە پان و پۆڕ و قودسی مەئابەکانی! ئەم بوونەوەرە نەما، بوونەوەرێک کە رەخنەگرێکی توندی دین و ئایین و خودا و قودسییەتەکانە، کەچی لەو لاوەش خۆی و مۆراڵ و حەز و خەونەکانی دەکات بە چەق و ناوەندێکی قودسی و بەدەر لە رەخنە! ئەمانە داهێنەرانی دژوازی و تەناقوز بوون! سەیریش نییە زۆر! رۆشنبیرانی ئێمە هەمیشە لە دەرگای شیعر و ئەدەبەوە هاتوونەت ناو ئەو جیهانە و لە شیعر و ئەدەبیشدا تەناقوز و پارادۆکس سەنعەت و فیگورێکی جوانکارانە و ئیستاتیکاییە! بەڵام لەم هاوکێشەیەدا لە سەنعەت دەرچوو و بوو بە پیشە! بێگومان خەڵکیش تا ماوەیەک ئەم دژوازییەیان بۆ دیار نییە دواتر ماوەیەکی دێر یان زوو، دەستیان کەشف دەبێت! رۆشنبیر خۆی خستە پێگەی بوونەوەرێک کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی کائینات و تازەترین زانیارییەکانی لایە، هەر گیرفانێکی بەشێک لە مەعریفەی کائیناتی تێدایە و بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ بە ناو خەڵ دا بیبەشێتەوە! وەکوو نانەکەی حەزرەتی مەسیح لە نێوان حەوارییەکانی دا! ئەم بوونەوەرە کە لە بنەڕەتدا و بە شێوازە درووستەکەی یەکێک لە ئەرکەکانی بەرهەمهێنانی گومان و پرسیار بوو خۆی وەکوو مەلا و موفتی کەوتە وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکان و ئیتر پرسیار نەما وەڵام نەدرێتەوە، یەک دوو دانە نەبێت!
واتە رۆشنبیر وەکوو پێناسە و تیۆریزەکردنی جۆرێک لە چالاکی و رۆشنگەری و خزمەت بە مرۆڤایەتی هیچ کێشەیەکی نییە و هەر واشە، کێشە لە فامی سەقەت و نیوەچڵ و خوار و خێچە بۆ ئەم چەمکە لە کۆمەڵگا جۆراوجۆر و جیاوازەکاندا، ئەم چەمک و زاراوە لە دەرەوەی مێژووی ئێمەدا هاوردە کراوە، لەگەڵ کاڵایەکی فیکری و ئەدەبی هاوردەکراودا ئێمە دەبێ بە چ عەقڵانییەت و تێڕوانینێکەوە بجووڵاباینەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە هەرچییەک بێت بە نیسبەت ئەزموونی ئێمەی کوردەوە بە خێر ناگەڕێت، بۆیە دەڵێم زەقترین تایبەتمەندی رۆشنبیر لای ئێمە ژێستگرتن و کۆپیکردن و لاساییکردنەوە بووە. کوا ئەم دیسکۆرسە رۆشنبیرییە دانوستان و تەعامولێکی بەهێز و کاریگەری لەگەڵ زۆرینەی جەماوەردا رێک خستووە؟ کوا ئەم دیسکۆرسە دانوستانێکی سەرکەوتووی لەگەڵ دیسکۆرسی رۆشنبیریی فارس یان تورک و عەرەب و بەلووچ کردووە؟ کوا ئەو دیسکۆرسەی رێزی لە خۆی گرتبێت و بێگانە و ئەویدی ستایش نەکردبێت؟ کوا ئەم دیسکۆرسە لە دەرگای پرۆژەیەکی یەکگرتوو بۆ شوناسی کوردیی داوە؟ لە کوێیە ئەو تێڕامان و بیرکردنەوە قووڵ و مێژووییانەی! ناو ئەم دیسکۆرسە کە خەرمانێکی زیاد کردبێتە سەر فیکر و ئەدەب و شوناسی راستەقینە و جیددی کوردی؟
هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی کەسان و تاقمێک کە بە ئاراستەی خوێندنەوە و رەخنە و تێڕامان لە هاوکێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و شوناسمەندەکانی پەیوەست بە کوردەوە، ئەزموونێکیان بەرهەمهێنا بۆ نەوەکانی داهاتوو، لەبەرچاو نەگرین. کەواتە ئاماژە رەخنەئامێزەکانی من موتڵەق و رەها نین، بەڵکوو هەڵوێستە و راوەستانە لەسەر ئەو ئەرکەی کە بکەر و چالاکێک بەناوی رۆشنبیر لە پانتای مێژوو و کەلتووری ئێمە دەبوو بیکردایە، بەڵام نەیکرد! و کەمتەرخەمی کرد! ترسا! هیوابڕ بوو! جەنگاوەر بوونی خۆی پێشکەشی رۆحی کۆیلەپەرەستی کرد.
بەگشتی هۆکارەکانی لە تێڕوانینی من دا دەتوانن ئەمانە بن:
1-ترس.
2- هەلپەرەستی.
3- نائومێدی.
4- باوەڕی سست و کشانەوە.
5- بەرۆژنەبوون و نەریتیبوونی روانگە و داتاکانیان و بەپێی ئەمەش گەڕانەوە بۆ نۆرم و پێکهاتەکانی دواوە واتە عەشیرە و خێڵ و پێکهێنانی جۆرێک لە شارچێتی و خێڵگەرایی و ناوچەپەرەستی بە سیمایەکی مۆدێڕن.
6- مێژووی لاواز و رووکەشی ئەدەبی و فیکریی ئێمە بە نیسبەت چەمک و زاراوە گەورەکانی رۆژئاواوە.
7- ئاڵووگۆڕی پێوەندییە مرۆییەکان و هەموو شکڵە پێوەندییەک بەهۆی جیهانی مەجازی و دەرکەوتە زۆر و زەبەندەکانییەوە کە لە تۆڕێکی گەورەی کۆمەڵایەتی-سیاسی و فەردیدا شێوازی بەشداری و بکەرێتی(فاعلیت) و چالاکیی بە تەواوەتی گۆڕی.
8- جۆرێک لە گۆشەنشینی و ئینتزاعگەرایی فەیلەسووف ئامێزانە کە ئەوەندەی کافکایەکی خەمۆک و ناهومێدی(هەڵبەت بە تێگەی خۆی!) ستایش دەکرد، ئەوەندە لە کامۆ و سارتەری پراکتیکخواز ورد نەدەبۆوە.
9- باوەڕنەبوون بە تاک و تاکایەتی کە لە قۆناغی ئێستاماندا ئەگەر من زاراوەی رۆشنبیر لابەم “تاک” لە شوێنەکەی دادەنێم، کە تەحەدا و باسێکی زۆریشە و دواتر دێمە سەری، چوون پێم وایە ماتۆڕ و پاڵنەری سەرەکی رۆشنبیر تاکایەتی و وزەی تاکە نەک بە پێچەوانەوە، واتە جەوهەری رۆشنبیر دەبێت بە تاکگەرایی.