لە بەشی یەکەم و دووەم ئاماژەمان بە دوو پاڵنەری گرنگی سیاسەتی “ئیمارات” دا، ئەوانیش؛ سیاسەتی بەندەر و سیاسەتی دژایەتیکردنی ئیسلامی سیاسی بوون، لەم بەشەدا باس لە پاڵنەرێکی تری گرنگی سیاسەتی “ئیمارات” دەکرێت، کە بریتییە لە سیاسەتی ئیمارات بەرامبەر بە ئێران. پەیوەندی (ئیمارات و، ئێران) پێویستە لە دوو ڕەهەند یان لە دوو ئاستەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ ئاستی سیاسی و ئاستی ئابووری. کاتێک لە ڕووی سیاسی و جیوپۆلەتیکەوە دەڕوانرێتە پەیوەندی نێوان (ئیمارات و ئێران)، ئەوا، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکی دووژمنکارانە و پڕ ململانێیە، بەڵام کاتێک لە ڕووی ئابوورییەوە تەماشای ئەو پەیوەندییە دەکرێت، ئەوا پەیوەندییەکی ئاشتیانە و تۆکمەیە.
بە پێی بانگەشەی “ئیمارات” و زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی، ئەوا لە ساڵی ١٩٧١ەوە “ئێران” سێ دوورگەی “ئیمارات”ی داگیرکردووە لە کەنداوی عەرەبی (طنب الكبرى-طنب الصغری-أبو موسی)، واتە؛ ئیمارات وا تەماشای ئێران دەکات کە بەشێک لە خاکەکەی داگیرکردووە، ئەمەش زۆر کات هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ململانێی دبلوماسی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، ئەم کێشە قووڵە لە پێش شۆرشی ئیسلامی ١٩٧٩ی ئێران و تەنانەت پێش ماوەیەکی کورت لە دامەزراندنی “ئیمارات” وەک دەوڵەتێک، دروستبووە. “ئێران” بە گشتی لە دوای شۆرشی ئیسلامییەوە لەگەڵ بەشێکی زۆری دەوڵەتان دەکەوێتە ململانێ، بەڵام لەگەڵ “ئیمارات”، لە پێش شۆرشی ئیسلامییەوە کێشەی سنوزر و قەیرانی سیاسییان هەبووە، تا ئەمرۆش ئەم کێشەیە بەردەوامە، دوای شۆرشی ئیسلامی، کێشە جیوپۆلەتیکی و سیاسیەکانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە قووڵتر و فراوانتر دەبێت.
باڵیۆزی “ئیمارات” لە ئەمریکا (یوسف العتیبه) لە ساڵی ٢٠١٠ لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند “جگە لە ئێران، هیچ دەوڵەتێکی تر هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیمارات”. هەروەها ساڵی ٢٠١٩ وەزیری دەرەوەی ئێران “جەواد زەریف” وتی چوار کەسایەتی هەیە دەیانەوێت شەڕی (ئەمریکا و ئێران) دروست بکەن، ئەوانیش؛ جۆن بۆڵتن و، ناتانیاهۆ و، محمد زاید و، محمد سەلمانە. واتە؛ محمد زاید دەسەڵاتداری سەرەکی “ئیمارات” لە لایەن ئێرانەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە دەیەوێت ڕێ خۆش بکات بۆ جەنگی (ئەمریکا و، ئێران). ئەم دوو لێدوانە ئەو ململانێ سیاسییە پێشاندەدات کە لە نێوان ئیماڕات و ئێراندا هەیە.
جگە لەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە “ئیمارات” لە یەمەن شەڕی حووسیەکان دەکات، کە نوێنەری ئێرانن. هەروەها هەندێ ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە “محمد زاید” بە شێوەیەکی گەورە توانا دبلوماسی و داراییەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ هاوکاریکردنی ترەمپ، کە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٠١٦. هاوکات هەندێ ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە “محمد زاید” رۆڵی هەبووە لە دەست تێوەردانی “ڕووسیا” لە هەڵبژاردنەکانی “ئەمریکا” لە ٢٠١٦، گوایە “محمد زاید” بەڵێنی بە “ڕووسیا” داوە کە “ترەمپ” سیاسەتی ئەمریکا نەرمتر بکات بەرامبەر بە ڕووسیا، لەبەرامبەردا “ڕووسیا” پاڵپشتی ئێران نەکات و، لاوازی بکات لە سوریا، هەروەها “محمد زاید” هاوکارییەکی گەورەی “ترەمپ” دەکات بۆ بوون بە سەرۆک، لە بەرامبەردا “ترەمپ” سیاسەتی لەبەرژەوەندی ئیمارات بێت و بکشێتەوە لە ڕێكکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و سزای زیاتر بخاتە سەر ئێران، هەروەها ڕێ بدات (ئیمارات و، سعودییە) سزای قەتەر بدەن، ئێرانیش زۆر کات ئەو تۆمەت و دەنگۆیانەی پشت ڕاستکردوەتەوە کە لەو ڕاپۆرتانەدا هاتوون لە بارەی رۆڵی ئیماڕات، لە سیاسەتی ترەمپ دژ بە ئێران، جگە لەوانەش، هەژموونی و هەڕەشەکانی “ئێران” لە گەرووی هورمز، یەکێکە لە ناکۆکییە جیوپۆلەتیکی و سیاسیەکانی نێوان ئیمارات و ئێران، لە بەشەکانی پێشوو ئاماژە بەوە درا، کە ئیماڕات لەو پرسەدا چۆن سیاسەت دەکات.
هەموو ئەو نمونانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا و چەندین نمونەی تریش، ئەوە دەسەلمێنن کە پەیوەندی نێوان ئیمارات و ئێران، پەیوەندییەکی پڕ کێشە و دووژمنکارییە، بەڵام کاتێک لە ڕەهەندی ئابوورییەوە تەماشای ئەو پەیوەندییە دەکرێت، ئەوا پەیوەندییەکی جیاواز و پێچەوانە دەبینرێت. لە دوای “چین”، ئیماڕات بە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی “ئێران” دادەنرێت. بە پێی داتای ٢٠١٤ قەبارەی وەبەرهێنانی ئێرانییەکان لە دەرەوەی ئێران و لە جیهاندا ٧٠٠ ملیار دۆلار بووە، ٢٠٠ ملیار دۆلاری لە ئیمارات بووە. لە ساڵی ٢٠١١ قەبارەی بازرگانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە گەیشتە ٢٣ ملیار دۆلار، بەڵام دوای سزاکانی ترەمپ، ئەو قەبارەیە گەیشتە ١٣.٤ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٩، کە هەر بە قەبارەیەکی زۆر گەورە دادەنرێت، ئەگەر سزاکانی سەر “ئێران” لەبەرچاوبگرین، پێش ٢٠١٩ نزیکەی هەشت هەزار کۆمپانیای ئێرانی لە ناو ئیمارات کاریان کردووە. لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار ئێران-ی لە ئیماڕات نیشتەجێن و دەژین، ساڵانە زیاد لە ٣٠٠ هەزار ئێران-ی بۆ گەشتیاری دەچنە ئیمارات. ئێرانییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە و هەیە لە گەشەکردنی کەرتی بازرگانی و، وەبەرهێنان و،گەشتیاری ئیمارات، لە دوای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨، کاتێک “دوبەی” زیانی گەورەی کرد بە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان، کۆمپانیا ئێرانییەکان بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان و ڕۆڵیان بینی لە پاراستنی ئابووری دوبەی و ئیماڕات. لە ساڵی ٢٠١٦ ئێران دووەم گەورەترین بازاڕ بووە بۆ شمەکی ئیماراتی، لە ساڵی ٢٠١٨، ئیمارات یەکەم گەورەترین بازاڕ بووە بۆ شمەکی ئێرانی، تەنانەت لە پێش ئیراقیشەوە. یەکێ لە ترسە گەورەکانی “ئێران” سەبارەت بە ڕێکكەوتننامەکەی (ئیمارات و، ئیسرائیل) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە “ئێران” ترسی هەیە ئیتر وەبەرهێنەر و کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بێنە ئیمارات و کێبرکێی ئەوانەی “ئێران” بکەن و ئێرانییەکان بەرژەوەندی خۆیان لەدەست بدەن بەرامبەر بە ئیسرائیلییەکان، واتە؛ ترسێکی سەرەکی “ئێران” ئەوەیە؛ کە ئیسرائیل شوێنی ئێران بگرێت لە هاوبەشی بازرگانی و ئابووری لەگەل ئیمارات.
وەک دیارە پەیوەندی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە، پەیوەندییەکی ئاڵۆزە، کاتێک تەماشای لێدوانی سیاسییەکانی ئەو دوو دەوڵەتە دەکەین بەرامبەر بەیەکتر، هەروەها کاتێک لە ڕەهەندی سیاسی و هەواڵگری و جیوپۆلەتیکەوە تەماشای ئەو پەیوەندییە دەکەین، پەیوەندییەکی پڕ قەیران و گومان ودژایەتییە، هاوکات کاتێک لە ڕەهەندی ئابوورییەوە دەڕوانینە ئەو پەیوەندییە، ئەوا پەیوەندییەکی دۆستانە و تۆکمە و پڕ لە چالاكی و نزیکایەتی دەبینین، ئەم پارادۆکسە هۆکاری زۆرە، هەندێک لە هۆکارەکان-:
1-لەگەڵ ئەو ناکۆکی و دژایەتیەیی لە نێوان هەردوو دەوڵەت هەیە، ئەگەر ئەو ناکۆکییانە لایەنی ئابووریش بگرێتەوە، ئەوا بە هۆی نزیکی (ئیمارات و ئێران) لە یەکترەوە لە ڕووی جوگرافییەوە، کە تەنیا کەنداوی عەرەبی لە نێوانیاندا هەیە، ئەوا ئەگەری پێکدادان و جەنگ نزیک دەبێتەوە. بەڵام هەردوو دەوڵەت زۆر مەبەستیانە ئەو پێکدادانە دروست نەبێت، چونکە “ئیمارات” ناتوانێت جەنگی ڕاستەوخۆ بکات لەگەڵ دەوڵەتێکی وەک ئێران، سیاسەت و هێزی “ئیمارات” پشت بە ئابوورییەکەی دەبەستێت، ئابوورییەکەشی پشت بە نەوت و کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتیاری و بەندەری “جبل عەلی” دەبەستێت، لەگەڵ ڕوودانی هەر جەنگێک بەرامبەر بە ئێران، ئیمارات دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ، هەموو ئەوانەی ئاماژەی پێکرا (نەوت، گەشتیاری، وەبەرهێنان، بەندەری جەبل عەلی) تووشی وەستان و قەیرانی گەورە دەبێت، بەوەش “ئیمارات” نزیک دەبێتەوە لە داڕمان، چونکە ئەو بوار و کەرتانە مەرجی سەرەکییان ئارامی و سەقامگیرییە، جگە لەوەی ئیماڕات لە ڕووی قەبارەی دانیشتوان و ڕووبەر و سەربازی، توانای جەنگی دەوڵەت بەرامبەر دەوڵەتی نییە، بە تایبەت بەرامبەر دەوڵەتێکی وەک ئێران.
2-لەبەرامبەردا؛ ئێرانیش توانا وخواستی نییە بکەوێتە جەنگ بەرامبەر ئیمارات، چونکە “ئیمارات” دەروازەیەکی ئابووری سەرەکییە بۆ “ئێران” بۆ گەیشتن بە جیهان، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٩ پێنج کۆمپانیایی ئیماراتی سزا دران لەلایەن ئەمریکاوە، بە تۆمەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران، ئیمارات جگە لەوەی هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییە بۆ ئێران، دەروازەیەکی سەرەکیشە بۆ خۆ دزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا و بەشداریکردنی لە ئابووری جیهانی، لە ڕێگەی بانک و کۆمپانیا و بەندەرەکانی ئیماراتەوە. جگە لەوەی شەڕکردن بەرامبەر “ئیمارات”، ئەگەر هەیە بەرەیەکی نێودەوڵەتی، لە دەوڵەتانی کەنداو و رۆژئاوا بچنە بەرەی ئیمارات دژ بە ئێران.
3-ئیمارات سوودێکی گەورە دەبینێت لە ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە. بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٩ کە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو دەوڵەت گەیشتە 13.4 ملیار دۆلار، لەو بڕە 8.9 ملیار دۆلار هەناردەی “ئیمارات” بووە بۆ ئێران، لەبەرامبەردا 4.5 ملیار دۆلار هەناردەی “ئێران” بووە بۆ ئیمارات. ئەمەش بە ڕوونی دەریدەخات؛ کە ئیمارات سوودمەندترە لەو مامەڵەیە، هەروەها کاتێک ئێران سزا و گەمارۆی لەسەرە، ئەوا “ئیمارات” سوودی زیاتری لێ دەبینێت، چونکە زۆربەی دەوڵەتان لە ترسی سزاکانی “ئەمریکا” ناتوانن مامەڵە لەگەل ئێران بکەن، بەڵام “ئیمارات” دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەوەش زۆربەی سوودە بازرگانییەکانی ئێران بۆ “ئیمارات” دەبێت. هەر بۆیە ئیمارات پشتگیری “ئەمریکا” دەکات لە سزاکانی بۆ سەر ئێران، هاوکات زۆرترین مامەڵەی ئابووری و بازرگانیش لەگەڵ ئێران دەکات، چونکە تا “ئێران” زیاتر گەمارۆ بدرێت، زیاتر پێویستی بە “ئیمارات” دەبێت بۆ سپی کردنەوەی پارە و فرۆشتنی نەوت و گەیشتن بە جیهان لە ڕێگەی ئیماراتەوە.
4-نزیکەی لە٩٠٪ی پەیوەندی (ئابووری و بازرگانی) نێوان ئێران و ئیمارات، ئەوا لە نێوان ئێران و میرینشینی دوبەیە، هەر لە کۆنەوە پەیوەندی نێوان میرەکانی “دوبەی” خانەوادەی (أل مكتوم) و ئێران پەیوەندییەکی باش بووە، بە بەراورد بە میرینشینەکانی تر، بۆیە “دوبەی” بە سەرەکیترین دەروازەی “ئێران” دادەنرێت بۆ بازرگانی و، وەبەرهێنان. جگە لەوەی بەشێک لە هاووڵاتیانی ئیمارات، لە بنەڕەتدا ئێرانین، کە بە عەجەمەکان ناویان دەبرێت لە ئیمارات، هەندێکیان پۆستی حکومیشیان هەیە، هەر بۆیە ساڵانێکە بە هۆی “محمد زاید” شازادەی “ئەبو زەبی” پەیوەندی نێوان ئێران و دوبەی، تا ڕادەیەک بە بهراورد بە ڕابردوو، کەمتر بووە. لە دوای سزاکانی “ترەمپ” بۆ سەر ئێران، ئیمارات هەندێ ڕێوشوێنی توندتر دەگرێتە بەر بەرامبەر بە ئێرانیە نیشتەجێبووەکانی ئیمارات، ئەمەش لەوانەیە زیاتر بۆ ڕازیکردنی “ئەمریکا” بێت، هەر بۆیە ژمارەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئێرانییەکان ژمارەیان کەمتر بووە و چالاكییان لاوازتر بووە بە بهراورد بە قۆناغی پێش سزاکانی ترەمپ. بەڵام تا ئێستاش “ئیمارات”، لە دوای چین-ەوە، دووەم هاوبەشی ئێرانە لە بواری بازرگانی.
بە کورتی؛ ئەوەی “ئیمارات” دەیەوێت ئەوەیە، کە “ئێران” لاواز بێت، سزا و گەمارۆی لەسەر بێت، ئەمەش وا دەکات “ئێران” زیاتر پێویستی بە “ئیمارات” بێت وەک دەروازەیەک و خۆ-دزینەوەیەک لە سزاکان، هەروەها زۆرترین سوودەکانی ئابووری ئێران بۆ “ئیمارات” بڕوات و ئێرانیش بازارێک بێت کە زۆرێک لە دەوڵەتان نەتوانن وەبەرهێنان و چالاكی تیا بکەن، جگە لە ئیماڕات. بەمەش مەترسی “ئێران” بۆ سەر “ئیمارات” و “کەنداو” کەمتر دەبێت، ئیمارات مەبەستییەتی ئەم لاوازبوونەی ئێران، ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیل ئەنجامی بدەن، نەک خۆی، چونکە وەک ئاماژەی پێدرا؛ ئیمارات هەرگیز نایەوێت بگاتە دۆخی پێکدادان لەگەڵ ئێران.