رۆژی له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دو هاوه‌ڵه‌كانی، باڵێوزی ئه‌مریكا له ئێران به‌رامبه‌ر گۆڕه‌پانی چوارچرا وه‌ستابوو، سه‌یری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی ده‌كرد، قازی محه‌مه‌دیش ده‌ڵێت: “به خزمه‌كانمان بڵێن به‌هیچ شێوازێك له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌مریكادا دانه‌نشین، درۆیان له‌گه‌ڵماندا كردوه‌و مه‌هێڵن نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن”. ئه‌م زانیارییانه له كتێبی نهێنییه‌كانی دادگاییكردنی قازی محه‌مه‌دو هاوڕێیانی هاتوه.
ئه‌مڕۆ حه‌فتاو سێ ساڵ به‌سه‌ر رووداوی له‌سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دو هاوڕێیانی: محه‌مه‌د حسێن سه‌یف قازی‌و ئه‌بولقاسم سه‌در قازی، تێده‌په‌ڕێ. كتێبی (نهێنییه‌كانی دادگاییكردنی قازی محه‌مه‌دو هاوڕێیانی)، له نوسینی محه‌مه‌د ره‌زا سه‌یف قازی‌و وه‌رگێڕانی عه‌لی ئه‌كبه‌ر مه‌جیدی، سه‌ربورده‌و ژیانی زیندان‌و چۆنێتی له‌سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌دو هاوڕێكانی ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌و كتێبه له (230) لاپه‌ڕه پێكهاتوه‌و له بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی شیڤانه، جگه له پێشه‌كی وه‌رگێڕو ژیاننامه‌ی قازی‌و هاوڕێیانی، باسێكی تایبه‌تی تێدایه له‌سه‌ر نهێنیه‌كانی دادگایكردنی قازی‌و وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی، ئه‌مه جگه له ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی حكومه‌تی ئێران‌و سۆڤیه‌ت له‌باره‌ی له‌سێداره‌دانی قازییه‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هاتوون، وه‌رگێڕی كوردی كتێبه‌كه ده‌ڵێت: “ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه كه بڵاومان كردۆته‌وه (30%) هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه نییه، كه سه‌باره‌ت به حكومه‌تی كوردستانی ساڵی (1946)و سه‌ركرده‌كانی ئاشكراكراون”.
له ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان
قازی محه‌مه‌د ته‌نها (47) ساڵ ژیا، شاره‌زایی ته‌واوی له زمانه‌كانی عه‌ره‌بی‌و ئینگلیزی‌و فه‌ره‌نسیدا هه‌بووه، له‌لای باوكی خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واوكردوه. هه‌تا باوكی له ژیاندا بووه به شێوازی ره‌سمی كاری دادوه‌ری نه‌كردوه، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ لێپرسراوی ئیداره‌ی رۆشنبیری‌و ئه‌وقافی مه‌هاباد بووه.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، قازی محه‌مه‌د له‌به‌رده‌م دادگادا له‌باره‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری كوردستانه‌وه، ئه‌وه‌ی راگه‌یاندوه كه له‌سه‌ر داوای خه‌ڵك ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه، به‌ده‌ق وتویه‌تی: “خه‌ڵك به زۆرینه‌ی ده‌نگ داوایان لێكردم ئه‌و به‌رپرسێتیه له ئه‌ستۆ بگرم، ئه‌گینا قه‌د به‌دوای پله‌و پایه‌و پۆسته‌وه نه‌بووم، چونكه پێشتر پله‌و پایه‌م هه‌بوو… به‌ڵام ئێوه ئاغا‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانتانه‌وه ئه‌مریكاو به‌ریتانیاوه فه‌رمانی له‌سێداره‌دانمانتان راگه‌یاند. ئه‌و هه‌موو پاساوه مه‌هێننه‌وه‌و فه‌رمانه‌كه‌تان جێبه‌جێ بكه‌ن، مه‌رگ له‌ڕێگه‌ی ئازادی‌و نه‌ته‌وه‌دا بۆمان شیرین‌و جوانه، دڵنیابن ئاخ به‌سه‌ر زارماندا نایه‌ت”.
له مێژوی خه‌باتی چه‌كداریی كورددا، قازی محه‌مه‌د بووه‌ته نمونه به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌تی سێداره‌ی هه‌ڵبژارد، تاوه‌كو میلله‌ته‌كه‌ی دوچاری نه‌هامه‌تی‌و ماڵوێرانی نه‌بێته‌وه. نووسه‌ر رونیده‌كاته‌وه قازی دوای ئه‌وه‌ی بڕیارده‌دات خۆی به‌ده‌سته‌وه بدات، به خه‌ڵكی ده‌ڵێت: “ئه‌ی خه‌ڵكی گه‌وره‌و به‌شه‌ره‌فی كورد، من رێبه‌ریتان بووم، به‌رپرسی یه‌كه‌مین‌و دوایین رووداوه‌كانم، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ده‌بێ له‌سێداره بدرێت ئه‌وه منم، ته‌واوی چه‌كه‌كانتان پێده‌ده‌م و به‌ره‌و پیری سوپای په‌هله‌وی ده‌ڕۆم… ئه‌گه‌ر دیتان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر گونده‌كان‌و گیان‌و ناموستان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، به‌رامبه‌ریان بوه‌ستن‌و خه‌بات بكه‌ن‌و هێرشیان بكه‌نه سه‌رو ده‌ستیان كورت بكه‌نه‌وه”.
قازی: ئه‌مریكیه‌كان درۆیان كرد
به بۆچونی نووسه‌ر، له پرۆسه‌ی روخاندنی كۆماری كوردستان‌و دادگاییكردن‌و له‌سێداره‌دانی قازی‌و هاوڕێكانیدا، ده‌وڵه‌تی ئێران جگه له نۆكه‌ری كردن‌و بوون به ئامێری ده‌ستی داگیركه‌ر رۆڵێكی تری له ئه‌ستۆدا نه‌بووه، هه‌موو رووداوه‌كان به پلانی ئه‌مریكاو به‌ریتانیا ئه‌نجامدراون.
بۆ به‌ڵگاندنی ئه‌و بۆچونه، نوسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان، دیبلۆماته‌كانی ئه‌مریكا به‌یارمه‌تی ئه‌فسه‌ره ئێرانییه‌كان له زیندانی باره‌گای مه‌هاباد دیداریان له‌گه‌ڵ قازییه‌كاندا كردوه. له‌و باره‌یه‌وه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی سۆڤیه‌تدا هاتوه: “نوێنه‌ری ئه‌مریكاو به‌ریتانیا له مه‌سه‌له‌ی كوردستان‌و به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی چاره‌نوسی براكانی قازییه‌وه له هه‌وڵ‌و تێكۆشاندان، هه‌موو رۆژێك هاتوچۆی مه‌هاباد ده‌كه‌ن”.
هه‌روه‌كو نوسه‌ر باسی ده‌كات باڵێوزی ئه‌مریكا له تاران جۆرج ئالن رایگه‌یاندوه ئه‌گه‌ر قازی رازییه، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ئاماده‌یه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان یارمه‌تی بدات. به‌ڵام له وه‌ڵامدا قازی وتویه‌تی: “نه‌ته‌وه‌ی كورد هیچ جۆره چاوه‌ڕوانییه‌كی له ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر نییه، ته‌نها به‌هێزی خۆی ئازادی به‌ده‌ستده‌هێنێت”.
بۆ رونكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا، نوسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وته‌یه‌كی فه‌رمانده‌ی دایره‌ی (ژه‌ندار مری) سه‌رهه‌نگ ئه‌میر په‌روێز له‌باره‌ی دۆخی رۆژی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كان، په‌روێز ده‌ڵێت: “بێجگه له پارسی ته‌بار كه فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی مه‌هاباد بوو، كه‌سێك كاتی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كانی نه‌ده‌زانی. رۆژی ده‌ی خاكه‌لێوه بانگیان كردین بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نهێنی له ناوه‌ندی سوپا، له‌وێ فه‌رمانده‌ی سوپای ئێران سه‌رله‌شكر ره‌زم ئارا-مان بینی، به‌نهێنی له‌گه‌ڵ باڵێوزی ئه‌مریكا جۆرج ئالن هاتبونه مه‌هاباد‌و ره‌زم ئارا واژوی شای پیشانماندا بۆ حوكمی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كان له دادگای سه‌ربازی”.
ده‌رباره‌ی ساتی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كان، ئه‌میر په‌روێز ده‌ڵێت: “كاتێك قازییه‌كانیان له‌سێداره ده‌دا، ره‌زم ئارا‌و جۆرج ئالن له قه‌راخی روباری به‌رامبه‌ر گۆڕه‌پانی چوارچرا وه‌ستابون‌و سه‌یری له‌سێداره‌دانه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ره‌به‌یانی زوو پێش هه‌ڵاتنی خۆر به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بیانبینێت له‌ڕێگه‌ی (ورمێ)وه گه‌ڕانه‌وه بۆ تاران”.
نوسه‌ر ئاشكرای ده‌كات سه‌ره‌ڕای هه‌مو كۆسپ‌و به‌ربه‌سته‌كان، دوو كه‌س له فیداییانی محه‌مه‌د حسێن سه‌یف قازی به‌ناوه‌كانی (ره‌حیم زاهیدی‌و ساڵح قه‌زه‌ڵباش)به پاره‌و به‌رتیل توانییان به نهێنی بڕۆنه زیندان‌و چاویان به قازییه‌كان بكه‌وێت، له‌و دیداره‌دا قازی محه‌مه‌د ده‌ڵێت: “به خزمه‌كانمان بڵێن به‌هیچ شێوازێك له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ئه‌مریكادا دانه‌نشین، درۆیان له‌گه‌ڵماندا كردوه‌و مه‌هێڵن نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن”.
قازی له زیندانی شا دا
له یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هاتوه، باس له ره‌وشی قازی‌و هاوڕێكانی له‌زینداندا ده‌كات. به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ش بریتییه له نوسراوێك كه قایمقامی گشتی كوردستان ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێرانی كردوه‌و تیایدا هاتوه: “له‌م دواییانه شوێنی (قازی)یه‌كانیان له مه‌هاباد گۆڕیوه‌و له شوێنی تاریك‌و شێداردا زیندانی كراون. هه‌مویان نه‌خۆشن به‌تایبه‌ت حه‌مه‌حسێن سه‌یف قازی كه پێشتر رۆماتیزمی قورسی هه‌بووه‌و جه‌رگ‌و ورگی لاوازه‌و زۆر نه‌خۆش بوه، له شوێنێكی وه‌ها نه‌گونجاودا ته‌نانه‌ت ناهێڵن دكتۆریشی بۆ به‌رن. ئه‌و كه‌سانه ئه‌گه‌ر تاوانباریش نه‌بن، لانیكه‌م تاوانباری سیاسین. له هیچ شوێنێكی دنیادا ته‌نانه‌ت له وڵاتانی دواكه‌وتوشدا ره‌فتاری دژی مرۆڤانه له‌گه‌ڵ زیندانه‌كاندا ناكه‌ن‌و له شوێنێك وه‌كو مه‌هاباد كه ده‌نگی خۆپیشانده‌ران به‌هیچ كوێ ناگات‌و ده‌یانه‌وێ به رق‌و كینه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌و كه‌سه چاره‌ڕه‌شانه به‌بێ تاوان به ئه‌شكه‌نجه له‌ناویان به‌رن”.
هه‌ر له‌باره‌ی ره‌وشی زیندانه‌وه، نوسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات هێزه ئه‌منیه‌كان نه‌یانده‌هێشت كه‌س چاوی به قازییه‌كان بكه‌وێت‌و هه‌واڵێكیان له ده‌ره‌وه پێ بگات. به‌ڵگه‌و كاغه‌زه‌كانی تاوانه‌كانیان له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئاماده‌بوو. ئه‌فسه‌ره‌كان هه‌مو په‌یمان‌و به‌ڵێنی سه‌رۆك وه‌زیرانیان “قه‌وام” پێشێلكردو به‌پێی یاسای سه‌ربازی له‌گه‌ڵ قازییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه.
ئه‌وه‌ی به لای نوسه‌ره‌وه جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه هه‌رچه‌نده قازییه‌كان له دادگایه‌كی سه‌ربازی دادگایی كراون، به‌ڵام به قانونی سه‌ربازی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه. له‌وباره‌یه‌وه ده‌نووسێت: “دادگای سه‌ربازی خێرا كۆتایی به‌كاری خۆی هێنا‌و حوكمی له‌سێداره‌دانی راگه‌یاند، سه‌رسوڕهێنه‌رتر ئه‌وه‌یه كه حوكمه‌كه به قازییه‌كان رانه‌گه‌یه‌نرا، ئه‌وه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی یاسای دادگای سه‌ربازییه‌وه. قازییه‌كان سێ مانگ به‌و حوكمه‌وه له زیندان مانه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا پلان‌و هه‌وڵی هێزی داگیركه‌ر به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به كوردستان‌و چاره‌نوسی قازییه‌كان ده‌گه‌ڕا”.
له به‌ڵگه‌نامه مێژوییه‌كانی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تدا له‌باره‌ی ره‌وتی دادگاییكردنی قازییه‌كان، به‌پێی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌رێك‌و سیاسه‌تمه‌دارانی ئاگاداری ده‌وڵه‌ت، له‌باره‌ی به‌رگرینامه‌كه‌ی قازی نوسراوه: “قازی محه‌مه‌د له هه‌موو دادگاییكردنه‌كه‌یدا به دلێری‌و ئازایه‌تییه‌وه قسه‌ی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت بۆ جارێكیش نه‌بینرا كه سه‌ر دابنه‌وێنێت‌و داوای لێبوردن بكات‌و په‌شیمان بێته‌وه”.
كێ ده‌یویست قازی له‌سێداره بدات؟
نوسه‌ر هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات فه‌رمانده‌ی سوپای ئێران له كوردستان سه‌رله‌شكر هومایۆنی، بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كان زیاتر له هه‌موو كه‌سێك به‌په‌له بوو، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌یویست یه‌ك رۆژ دوای كۆتایی دادگاییكردنه‌كه، حوكمی له‌سێداره‌دانه‌كه جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام (ره‌زم ئارا)له په‌یامێكی ته‌له‌گرافی له تارانه‌وه داوای لێده‌كات جارێ ده‌ستی لێهه‌ڵبگرێت.
سه‌باره‌ت به‌بۆچونی شای ئێران محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی له‌باره‌ی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كان، نوسه‌ر ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه: “دوو ساڵ دوای كوشتنی قازییه‌كان، له سه‌فه‌ری “شا” بۆ مه‌هاباد له به‌رامبه‌ر بینای نه‌خۆشخانه‌ی “شێر‌و خورشید”، خانمێكی ره‌شپۆش پیشانی شا ده‌ده‌ن‌و ده‌ڵێن ئه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ی قازی محه‌مه‌ده، شا له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی داده‌به‌زێت‌و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ده‌ڵێت: “من حوكمی له‌سێداره‌دانی قازییه‌كانم واژۆ نه‌كردوه، سیاسه‌تی جیهانی وایكرد”.
هه‌ڵوێستی عه‌شیره‌ته كورده‌كان
له‌دووتوێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌م كتێبه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه، شه‌ش به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌تن به هه‌ڵوێستی ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌تی كورد، كه داوای له‌ناوبردنی قازی‌و هاوڕێیانی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به تاوانه‌كانی “خیانه‌تكاری‌و سته‌م‌و خوێن رشتن”.
به‌ڵگه‌نامه‌ی یه‌كه‌م به‌رواری (6/2/1947) به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و واژۆی نۆ سه‌رۆك خێڵ‌و نۆزده كه‌سی پێوه‌یه‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كراوه، تیایدا هاتوه: “له ئێوه‌ی به‌ڕێز داواكارین ئه‌و گورگه دڕندانه له‌پێش چاوی ئێمه خه‌ڵكی زوڵم لێكراو سزا بده‌ن، كه برینی ئێمه‌ی خه‌ڵكی سته‌م لێچوو بحه‌سێته‌وه”.
نوسراوێكی دیكه هه‌مان رۆژ به واژۆی (12) كه‌س ره‌وانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كراوه‌و هه‌مان داوای تێدا دوپاتكراوه‌ته‌وه. هه‌مان رۆژ له‌لایه‌ن (27)كه‌سی دیكه‌وه هه‌مان داوا ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كراوه.
نوسراوێكی دیكه له (12/2/1947)به واژوی سێ كه‌سایه‌تی ره‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كراوه، تیایدا هاتوه: “داواكارین برینی دڵمان به له‌سێداره‌دانی ئه‌و سێ كه‌سه داساكێین‌و به‌و هیوایه‌ته‌ی چاوه‌ڕێی وه‌ها رۆژێك بووین سزای خایینه‌كان به چاوی خۆمان ببینین”.
نوسراوێكی دیكه واژوی (13) كه‌سی پێوه‌یه‌و مێژوی (15/2/1947) به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و هه‌مان داواكاری تێدا دوپاتكراوه‌ته‌وه.
نوسراوی كۆتاییش له به‌رواری (17/2/1947) له‌لایه‌ن حه‌وت كه‌سایه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كراوه‌و نووسیویانه: “له جه‌نابتان داواكارین سزای ئه‌و خاینانه بده‌ن‌و حوكمی له‌سێداره‌دانیان پێبده‌ن، كه له‌م رێگه‌وه دڵی خه‌ڵكی زوڵم لێكراوی ناوچه‌كه بحه‌سێته‌وه”.