“خوێندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی له ئێران”
له حاڵێکدا، که زیاتر له چل ساڵه به‌سه‌ر ته‌مه‌نی حکومه‌تی ئایینی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێت، جیهان و ناوچه‌که به ده‌ست دهستێوردهانهکانی ئایدۆلۆژیای شیعه‌گه‌رێتی و میلیشیا فیداییه‌کانی کۆماری ئیسلامی گیرۆده بووه، ڕابوونی ژنان دژی ئه‌م شێوه حوکمڕانییه ئاماژه بۆ پارادایمێکی نوێ له سه‌رهه‌ڵدانه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان ده‌کات. له درێژه‌ی چل و چه‌ند ساڵدا ئێمه ده‌یان ڕه‌وت و حیزب و ئایدۆلۆژی سیاسیمان بینی، که له‌م ماوه‌ی حوکمڕانییه‌دا یان به توندی سه‌رکوت کران و له ناو بران، یان ڕێبه‌ره‌کانیان تیرۆر کران، له پشت مێزی دانوستان یان که‌مپنشین و په‌ڕیوه‌ی تاراوگه بوون و له ڕێگه‌ی دیاسپۆرا و نیشیمان له غوربه‌ت خه‌ون و ئامانج و خه‌باتی خۆیان بۆ وڵات ده‌ربڕیوه و مانیفێستیان کردووه، له‌م کاروانه دوورودرێژه‌دا، ئه‌گه‌ر بڵێین:
هه‌موو ئه‌م بزووتنه و حیزب و دژبه‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران پیاو ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کرد و ئایدۆلۆژیاکه‌ی داده‌ڕشت، ڕه‌نگه زێده‌ڕۆییمان نه‌کردبێت، به‌ڵام ئێستا توخم و ئیلیمێنتێکی دیکه هاتووه‌ته ناو کایه‌که‌وه و به شێوه‌یه‌کی پێشبینی نه‌کراو کۆڵه‌که و بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی نه‌ک ته‌نها به شێوه‌ی ئایدۆلۆژیک، به‌ڵکوو به شێوه‌ی کرده‌کی و پراکتیکییانهش له‌رزاندووه و ئه‌م ڕۆژانه ئێمه شاهید و چاودێری کۆنترۆڵ و ئاڕاسته‌کردنی شه‌قامین له لایه‌ن ژنانه‌وه. دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران، که بێگومان له لایه‌ن زۆر ڕه‌وتی چه‌پ و ڕاسته‌وه گه‌یشته ئه‌نجام و هه‌ر زوو یه‌که‌مین ده‌نگ که سه‌رکوت کرا، ده‌نگی ژنان و داواکارییه‌کانیان بوو، ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی له هه‌موو به‌ڵێنه‌کانی که له لایه‌ن شه‌خسی خومهینییهوه درابوو، پاشگه‌ز بوویه‌وه و حوکمڕانیی به حه‌ق و مافی ڕه‌وای ئاینییه‌کان له‌قه‌ڵه‌م دا و هه‌ر جۆره زانست و تێگه‌یشتنێکی سیاسی له ده‌ره‌وه‌ی لێکدان و زاراوه‌ی “کۆماری ئیسلامی” به توندی ڕه‌ت کردوه و له‌م پێناوه‌شدا ئیعدام و له‌سێداردانه‌کانی ساڵی 60 په‌ڵه و به‌ڵگه‌یه‌کی ڕه‌شه نه‌ک ته‌نها به نێوچه‌وانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵکوو به نێوچه‌وانی ئه‌و وڵاته‌نه‌ش که به ئاگاداری له‌و کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی زیندانییه سیاسییه‌کان(خاوه‌ران) هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا چڕ و پڕتر کرده‌وه و هیچ هه‌ڵوێستێکی دیپلۆماتیک و ئینسانییان بۆ بابه‌ته‌که نه‌بوو.
خه‌باتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی که له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان حیزب و ڕه‌وته کوردییه‌کان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خه‌باتێکی نه‌پساوه و به‌رده‌وام بووه و له‌م ڕێگه دوور و درێژ و خوێناوی و پڕ هه‌وراز و نشێوه‌دا ئاڵای دره‌وشاوه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازی و “نه‌خێر”گوتن به ده‌ست کورده‌وه شه‌کاوه‌ته‌وه. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌م؛ لایه‌نه کوردییه‌کان سه‌ره‌ڕای کۆمه‌ڵێک گێرمه و کێشه و ململانێی نێوخۆیی به‌رده‌وام، له سه‌ر مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیان سووربوون و سوورن و یه‌کێک له کۆسپه‌کانی به‌رده‌م یه‌کگرتوویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژی کۆماری ئیسلامی داواکاریی ڕه‌وای کورد بووه بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی، هه‌م له ئاستی سیاسی و هه‌م له ئاستی که‌لتووری و جوگرافیدا، ئه‌گه‌رچی ئێستا هه‌ست به جۆره ڕێکكه‌وتن و سازانێک ده‌کرێت له نێوان زۆربه‌ی به‌ره سیاسییه‌کان که سه‌ر به جوگرافیایه‌کی دیاریکراو به ناوی ئێرانن، به‌ڵام بێگومان ئۆپۆزیسیۆنی فارس له‌وانه سه‌ڵته‌نه‌ت ته‌له‌ب و ڕووخێنه‌ر و سۆسیالیست و پان ئیرانسیتهکانیان هیچ کات به ئاسانی مل ناده‌ن بۆ داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له ڕۆژهه‌ڵات، ڕه‌نگه کورد چه‌ندین داواکاریی بخاته ڕوو له‌وانه ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان یان دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان یان ڕه‌نگه باسی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی بکرێت، له هه‌ر کام له‌م حاڵه‌تانه‌دا که بێگومان لانیکه‌می داواکاریی نه‌ته‌وه‌ی کوردن.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وه‌کوو کۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت وه‌کوو ده‌وڵه‌ته‌کانی په‌هله‌وی یه‌که‌م(ڕه‌زا شا) و په‌هله‌وی دووهه‌م(حه‌مه‌ڕه‌زا شای کوڕی ڕه‌زاشا) ده‌جووڵێنه‌وه، بۆیه سه‌ره‌ڕای وشیاریی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد له‌م قۆناغه‌دا، ده‌بێ هێزه کوردییه‌کان به هه‌ستیاری و باوه‌ڕبه‌خۆبوون و لووتبه‌رزییه‌وه خاوه‌ندارێتی بکه‌ن له چل ساڵ زیاتر له خه‌بات و قوربانیدانی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یان و به ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڵێن: که کاتێک ئه‌وان به نیوه و ناته‌واو یان به ڕاست و سیاسییانه ده‌نگیان به “به‌ڵی” دا به ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئه‌وا ته‌نها کوردستان بوو که ده‌نگی “نه‌خێر”ه‌که‌ی گه‌یشته سه‌رتاسه‌ری ئێران و ناوچه‌که و دوونیا و چل ساڵ زیاتریشه زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌ریکن ئه‌و نه‌خێره کپ که‌نه‌وه، که‌چی پێیان ناکرێت!. له درێژه‌ی ئه‌م کاروانه دوور و درێژه‌ی خوێن و خه‌باتدا ئێسته ژنانی کوردستان بوون به سه‌رپشکی هه‌موو ژنانی ئێران و له ئازه‌ربایجانی تورکه‌وه تاکوو تارانی فارس و هه‌مه‌ڕه‌نگ و تاکوو به‌لووچستانی به‌لووچ و ڕه‌شت و گیلان و…به زمانی کوردی ده‌ڵێن “ژن، ژیان، ئازادی”. خه‌باتی مه‌ده‌نی له کوردستان پێشکه‌وتنێکی بێوێنه و به‌رزی به‌خۆوه بینیوه و له درێژه‌ی زیاتر له چل ساڵ هه‌م پاشخانێکی سیاسی و ڕۆشنبیریی باشی په‌یدا کردووه و هه‌میش ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و تۆکمه‌ی به‌ده‌ست هێناوه. دوای کوشتنی “ژینا” له لایه‌ن گه‌شتی ئیرشاده‌وه له تاران و خاوه‌ندارێتی کردنی کوردستان له ڕۆڵه غه‌ریبه‌که‌ی باوه‌شی تارانی مه‌رگدۆست، ڕووداوه‌کان وه‌کوو زنجیره‌یه‌کی یه‌ک له دوای یه‌ک، دۆمینهئاسا به‌دوای یه‌کدا هاتن و ڕۆحی مافخوازیی ژنانیان له سه‌رتاسه‌ری ئێران هێنایه سه‌ر شه‌قام و ڕابوون. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج و زۆر گرینگ ئه‌وه بوو که سه‌رپشک و خاوه‌ندارێتیی ئه‌م ڕابوون و ڕاسانه کوردستان و ژنانی بوێر و دلێر و مافخوازی بوون. ئه‌گه‌رچی فیمینیزمی کوردی به‌رده‌وام له لایه‌ن فیمینیزمی تاران و ناوه‌نده‌وه به‌وه تۆمه‌تبار کراوه، که به‌شێک له که‌ڵکه‌ڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌خوازییه و له به‌رامبه‌ریشدا له لایه‌ن فیمینیسته کورده‌کانه‌وه باس له دۆخ و شوێنگه‌ی ژنانی کورد له ناو که‌لتوورێکی نه‌ته‌وه‌ییدا کراوه، که جیاواز له پێکهاتی ناوه‌ند و تاران هاوکێشه‌ی ژنانی دروست کردووه.
به‌ڵام ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه ده‌ریخست بزاڤی شوناس‌خوازیی ژنانی کوردستان به بێ ملدان به تیۆره و لێکدانه‌وه جیاوازه‌کان ده‌نگی خۆی هه‌ڵبڕی و زمانی کوردی وه‌کوو زایه‌ڵه‌ی شۆڕش دژی سته‌م و ناعه‌داله‌تی و ده‌سدرێژی، هه‌ژموونی و هه‌یمه‌نی زمانی فارسی شکاند و له‌و سنوور و بازنه فه‌رمی و حکوومهییهی ده‌سه‌ڵاتی زمانی فارسی په‌ڕییه‌وه و له زۆربه‌ی شوێنه‌کانی ئێران زایه‌ڵه‌ی “ژن، ژیان، ئازادی” به زمانی کوردی تێکه‌ڵ به زمانه‌کانی تورکی و فارسی و …ده‌بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م دروشمه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی و له ژێر ناوی”زن، زندگی، ێ‌زادی” خراوه‌ته ڕوو، ئه‌وا ڕه‌گ و سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستان و زمان و خه‌باته‌که‌یه‌تی، له‌بیرمان نه‌چێت که گوتاری خه‌بات و به‌رخۆدانی سیاسیی ژنان و پیاوانی کوردستان ئه‌م گوزاره شۆڕشگێرانه‌یه‌ی به‌رهه‌م هێناوه و ئێسته کردوویه به سه‌ری ڕمی گۆڕانکارییه‌کان له هه‌موو ئێران و پارادایمی خه‌باتی سیاسیی و مه‌ده‌نیی، به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ئێران و کوردستان و بگره ناوچه‌که‌ش به ته‌واوه‌تی گۆڕی. بێگومان ئێسته زووه هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌م ڕابوونه بخه‌ینه به‌ر باس و له سۆنگه‌ی جیاواز و جۆراوجۆره‌وه و له ڕه‌هه‌ندی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و جێنده‌رییه‌وه هه‌ڵیسه‌نگێنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که حاشاهه‌ڵنه‌گره سهرپشگی و پێشه‌نگایه‌تیی ژنانه له‌م ڕابوونه سه‌رتاسه‌رییه دژی ڕژێمێک که زیندان و تاریکخانه‌کانی لێوانلێون له پیاوانی جه‌نگاوه‌ر و دلێر و شۆڕشگیڕ، ئه‌م ڕابوونه ڕێبه‌رایه‌تی و پێشه‌نگایه‌تی ژنانی کوردستانه له سه‌قز و سنه و مه‌ریوان و قوروه و کامێران و کرماشانه‌وه، تاکوو پاوه و ئیلام و شاباد و…، ژماره‌ی قوربانییه‌کان و گیراوانی کوردستان به‌پێی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌کان له کوردستان چه‌ند قاتی شوێنه‌کانی وه‌کوو تاران و که‌ره‌ج و ته‌ورێزه و پشکنینی ماڵ به ماڵ له سنه و سه‌قز و مه‌ریوان و…به‌رده‌وامه.
گرینگیی پێشه‌نگایه‌تیی ئه‌م خه‌باته له لایه‌ن ژنانه‌وه ئه‌وه‌یه که ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی له‌سه‌ر ملکه‌چبوون یان نابکهربوون و به‌رکاربوونی ژنان له کۆمه‌ڵگادا دامه‌زراوه، ژنان له دیدی ئه‌ودا هێمای گوناه و شه‌یتانن و ده‌بێ به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه بوار نه‌درێت له ڕێگه‌ی جه‌سته‌یانه‌وه شه‌یتان داخڵی دڵی پیاوان و باوه‌ڕداران بێت و ئیمانیان سست و لاواز بکات و حکوومه‌تی ئیسلامی و داهاتووی ڕزگاریی جیهان، بکه‌وێته‌وه مه‌ترسییه‌وه!. ئه‌م وێنه که‌ونارا و پاشکه‌وتووه که له ئه‌فغانستان و وڵاتانی پێشنه‌که‌وتوو له ژن هه‌یه له ڕاستیدا به باره پێچه‌وانه‌که‌یدا ده‌رخه‌ری خاڵی ڕزگاریی ئێمه‌یه که ئه‌ویش ژنانن!. شتێک که ئه‌وان وه‌کوو خاڵی ڕه‌ش له جیهانێکی تاریکی سه‌ر به شه‌یتان وێنه‌یان کردووه!. نابێ بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که ده‌سه‌ڵاتگه‌لی ئاواهی خاڵی لاوازی خۆیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیاری کردووه و ڕژێمێکی وه‌کوو کۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران که تاقمێک له ژنان دژی باڵاپۆشیی زۆره‌ملیی هاتنه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، به توندی سه‌رکوت کرد و له‌م ڕۆژانه ڤیدیۆکانی ئه‌و ساڵانه بڵاو بووته‌وه که به‌شێک له ژنانی ئێران هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا دژی ئه‌حکامه زۆره‌ملییه‌کان وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام عه‌مامه له‌سه‌ره سپی پۆشه‌کانی تاران و قوم هه‌ر زوو له‌م شه‌یتانه! تۆقان و بۆ ماوه‌ی چل ساڵ ده‌نگ و خه‌ون و زایه‌ڵه و مافخوازی و شوناسیانی سه‌رکوت کرد و ڕۆحیانی بنپێ خست، به‌ڵام ئێسته نوور له ئهشکهوهته تاریکه‌که‌وه هاتووه ده‌ره‌وه و بانگه‌وازی گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی ده‌کات به زایه‌ڵه‌یه‌کی به‌رزی بوێرانه و نه‌ترسانه‌وه که پیاوان لێی حه‌په‌ساون!.
کێ به خه‌یاڵیدا ده‌هات تاڵه قژ و مووه‌کانی کچان و ژنان له حوجره‌ی شاعیران و ئه‌دیبان و له ژێر فه‌توای ئاخوند و مه‌لاکان بێنه ده‌ره‌وه و به ئازادی با بیانشهکێنێت و مژده‌ی ئازادیمان بده‌نێ و خه‌ونی ئازادی به گوێماندا بچرپێنن؟ ئیتر له ئێران‌دا داماڵینی له‌چک و سه‌رپۆش و ڕووسه‌ری ته‌نها که‌مته‌رخه‌میی له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌حکامه دینییه‌کان نییه، یان نیشانه‌ی بێ باوه‌ڕی به ئایین نییه (وه‌کوو ئاخونده‌کان ده‌یڵێن!) به‌ڵکوو هاوارێکی زه‌رد و ڕه‌ش و له‌ت له‌تکراوه دژی سته‌م و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی سیسته‌مێک که گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ست!. سیسته‌مێک که تێیدا ڕۆژانه ده‌سدرێژی ده‌کرێته سه‌ر ژنان له ئیداره و فه‌رمانگه‌کانی!. ڕۆژانه ژنان ده‌گرێته خزمه‌ت له قه‌واره‌ی سیغه و ماره‌کردنی کاتی بۆ زیاره‌تکه‌رانی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا!. سیسته‌مێک که… ئه‌مه سه‌ره‌تای ڕێگایه‌کی مانادار و ڕه‌مزییه که له جوانترین و هێماییترین به‌شی جه‌سته‌ی ژنان واته قژیانه‌وه ده‌ست پێده‌کات!. ئایا پرچ و که‌زیه‌ی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران مژده‌ی ئازادییه‌کی ڕه‌نگاوه‌ڕه‌نگ وه‌کوو زه‌ردی و سووری و ڕه‌شی و سپێتیی قژ و پرچیان ده‌دات؟ ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین بزانین ئه‌م کاروانی خوێنه له کوێدا ده‌گاته نوور و تاریکی له‌گۆڕ ده‌نێت.