“یەکەم: پەیوەندی نێوان ئێران و کازاخستان”
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کازاخستان بە شێوەیەکی سەقامگیر بەرەو پێش دەچن، ئێران یەکێک بوو لەودەوڵەتانەی کە هەر لە سەرەتاوە دانی نا بە سەربەخۆی وڵاتی کازاخستان و هەروەها لە دوای ئەمریکا دووەمین دەوڵەت بوو لەسەر ئاستی جیهان نوێنەرایەتی خۆی کردەوە لەو وڵاتە. لە نێوان ئێران و کازاخستاندا سنووری وشکانی نییە، بەڵام لە ڕێگەی دەریای قەزوینەوە دەبنە دوو دەوڵەتی هاوسێی یەکتر. ئێران سەفارەت و کونسولخانەیەکی هەیە لە کازاخستان، لە بەرامبەردا کازاخستان جگە لە سەفارەت دوو کونسولخانەی لە ئێران هەیە. لە ئێران نزیکەی ١٠ هەزار دیاسپۆرای کازاکی بوونی هەیە، ئەمانەش بە زۆری لە شارەکانی وەک (گورگان، بەندەر، تورکمانستان و ئاککەلا)دا دەژین. هۆکاری پشت ئاسایی بوون و گەشەسەندووی پەیوەندی دوو لایەنی نێوانیان تێڕوانییان بۆ سیاسەتی دەرەوە و هەست و پێزانینی هاوبەشیانە بۆ پرس و بابەتەکان. لەبەر ئەم هۆکارە تێڕوانین و لێ ووردبوونەوە لە بڕیار بەدەستانی سیاسەتی دەرەوە بەتایبەتیش سیاسەتڤانانی کازاک لەبەرامبەر ئەو هەست و پێزانینەی کە هەیانە بۆ ئێران جێگەی سەرنجە.
سەرۆک کۆماری کازاخستان نەزار بێیڤ لە ساڵی ١٩٩٧ لە وتارێکیدا بەناوی (دراوسێی دەریای قەزوین) لە چوارچێوەی پەرتووکەکەیدا بە ناوی (لە چوار ڕیانی سەدەکاندا) گرنگی ئێران بۆ کازاخستان بەم شێوەیە باس دەکات:
“بۆ ئێمە ئێران هاوبەشێکی سیاسەتی دەرەوەیە کە گرینگییەکی گەورەی ستراتیژیی هەیە.
یەکەم: ئێران دەوڵەتێکە لە کەنارەکانی دەریای قەزوین، ئێمە ناتوانین بەبێ هەماهەنگی و هاریکاری لەگەڵ ئێران پرسەکانی ئەم دەریایە و سەرچاوەکانی ژێر دەریاکە چارەسەر بکەین.
دووەم: ئەو دەروازەیەی کە دەتوانین ڕاستەخۆ لە ڕێگەیەوە بگەین بە بازاڕی جیهانی بەم وڵاتە تێدەپەڕێت.
سێیەم: ئێران دەوڵەتێکە کە لە چارەسەرکردنی پەرەسەندنە ئابووری و سیاسییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا گرنگیەکی زۆری هەیە” بە گوێرەی پەرتووکەکەی نەزاربیێڤ، سیاسەتی دەرەوەی کازاخستان بەپێی یان لەسەر بنەمای راسپاردەکانی ئەوانی تر نییە، بەڵکو بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی سیاسەتی دەرەوەی خۆی جێبەجێ دەکات.
نەزاربییڤ لەمیانەی پەرتووکەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە وڵاتە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا ئامۆژگارییان کردووە، تەنانەت گوشاریان خستوتە سەر، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەپێدانی هاوکاریی لەگەڵ ئێران بکەن. دەرئەنجام هەر چۆنێک بێت، کازاخستان سەرکەوتوو بووە لە دروست کردنی پەیوەندییە ئاسایشییەکانی لەگەڵ ئێران، نەزاربێیڤ پەیوەندییە دووقۆلییەکانی نێوان هەردوولا بەم شێوەیە دەناسێنێت “پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای ئایین نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمانە کە بەرژەوەندی زۆر لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا هەیە” هەروەک چۆن لە قسەکانی ناوبراو دەردەکەوێت کە ئایین بنەمای دیاری کردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کازاخستان نییە، بەڵکو بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێکهێنەری سەرەکی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆلییەکانن.
جگە لەوەش سەرکردەکانی ئێران دووپات لە هەناردەنەکردنی بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی دەکەنەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست. سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران هاشمی رەفسنجانی لە ساڵی ١٩٩٧ لە میانەی سەردانیکردنی بۆ کازاخستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ نەزاربێیڤ سەرۆک کۆماری کازاخستان، ئەوەی راگەیاند کە ئێران ئامانجی نییە ئایدۆلۆژیای شیعەگەری ئیسلامی بە زۆر بسەپێنێت بەسەر دەوڵەتە سەربەخۆکانی ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام تەنها دووپاتی کردەوە ئەگەر لەسەر داوا و ویستی ئەو دەوڵەتانە بێت ئەوا لە بواری ئایینیدا ئێران دەتوانێت هاوکارییان بکات.
لە دید و تێڕوانینی نەزاربێیڤ دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کۆمەلێک حیساباتی عەقلانی بەدی دەکرێن، بە جۆریک کە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی لە رووانگەی رەفسنجانی بەم شێوەیە خستەڕوو “رەفسنجانی دەیەوێت بابەتی ریفۆرم و نەریتی کلاسیکی بەیەكهوە بگونجێنێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران، هەروەها مەبەستییەتی لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی بیرۆکەی ڕیالیستی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات پارێزگاری لەوە بکات کە دابڕینە ئابوورییەکانی سەر وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. رەفسنجانی دەیەوێت بەبێ سنووردارکردنی سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای قورئان و ڕاسپاردەکانی ئیمام خومینی، مەیلی دەستەبەر کردنی بەرژەوەندی پراگماتیستی هەیە” بەکورتی، بە گوێرەی تێڕوانینی نەزاربییڤ لەگەڵ ئەوەی بەپێی بنەمای ئایدۆلۆژیی یان ئایینی ئێران ناسنامەی نەتەوەیی مەحکومە بە بڵاوکردنەوەی شیعەگەرێتی ئیسلامی، بەڵام لە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوە بەدی دەکرێت کە هەوڵی ئەوە دەدەن هاوسەنگی ڕابگرن لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی واقیعگەرایی.
لە میانەی سەردانێکی فەرمی سەرۆک کۆماری کازاخستان نەزاربییڤ لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ئەمریکا، بەر لەوەی بۆشی کوڕ (سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا) ببینێت لەگەڵ بۆشی باوک کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لە دانیشتنەکەدا پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی کازاخستان لەگەڵ ئێران جێگەی سەرنجی بۆشی باوک بوون و پرسیاری ئاڕاستەی ناوبراو کرد، نەزاربێیڤ بەم شێوەیە تێڕوانیی خۆی دەربارەی ئێران خستەڕوو:
“ئێران تەنها لەسەر ئاستی هەرێمایەتی نا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش وڵاتێکی گرنگە، ناتوانرێت ئەم دەوڵەتە لەبەرچاو نەگیردرێت. بۆیە زمانی هاوبەش و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەم دەوڵەتە زیاتر سوودمەند دەبێت. سیستمی هێلی بۆری لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی سیستمی هێلی بۆری دەریای قەزوین و بارودۆخی یاسایی دەریاکە (ئاوی) بە ڕێژەیەکی زۆر پەیوەندیدارە بە دەوڵەتی ئێران، بوونی سێیەکی یەدەگی گازی سروشتی جیهان لە ئێران، لەبەر ئەمە ئێران دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادروست بکات، ڕوسیاش گازی سروشتی ناوچەکە وردەگرێت و دواتر مەبەستییەتی بنێرێت بۆ ئەوروپا. هەروەها دەربارەی دەستڕاگەیشتن بە چەکی قورس ناکرێت لەگەڵ پیاوانی ئایینی دەسەڵاتداری ئێران یاری بکرێت، بەڵکو پێویستە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکرێت. لەم بابەتە هەستیارەدا کازاخستان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، واتە ببێتە نێوەندگیر”
نەزاربێیڤ لە میانەی سەردانەکەیدا کاتێک باسی لە پڕۆژەی هێلی بۆڕی کازاخستان دەکرد ئاماژەی بەوەدا کە لەڕووی دارایییەوە سوودەمەندترین و سەرنج راکێشترین پڕۆژە بە ڕێگەی هێلی بۆڕی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، پێویستە ئەمریکا ئەمە لەبەرچاو بگرێت. بۆیە پڕۆژەکە زیاتر دواخراوە. دوای ئەوەی ڕاوێژکاری بوش ئاڕاستەی تورکیای پێشنیازکرد، نەزاربێیڤ ئاماژەی بەوەکرد کە کازاخستان ڕێککەوتنی باشی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە.
کاتێک سەیری سیاسەتی دەرەوەی کازاخستان دەکرێت کە زیاتر سیاسەتیكی فرە ئاڕاستەیە دەبینین ئێران یەکێکە لە گرنگترین ڕووانگەکان بە ئاڕاستەی باشوری رۆژئاوای کازاخستانە. کازاخستان بەبێ گەڕانەوە بۆ جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان لە نێوان هەردوو دەوڵەت سیاسەتێکی گونجاو پەیڕەو دەکات کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە. لەلایەکی تریشەوە ئێران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کازاخستاندا هەوڵدەدات لەسەر بنەمایەکی پراگماتیستی بێت نەک بنەمایەکی ئایدۆلۆژی. بە کورتی پەیوەندییە دوولایەنییەکان لە ماوەی چارەکە سەدەیەک بەبێ هەڵبەز و دابەز بە شێوەیەکی جێگیر لە پەرەسەندندا بووە.
کاتێک جەخت لەسەر لایەنی ئابووری لە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی کازاخستان دەکرێت، گرنگی ئێران بۆ کازاخستان لە چوارچێوەی سێ خاڵدا دەبینرێت:
یەکەم/ پەیوەستە بە بابەتی دەریای قەزوین، هەروەک نەزاربێیڤ سەرۆک کۆماری کازاخستان ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم ڕێگە دەریاییەش لە دوو ڕووەوە گرنگە (گۆڕاوی بارودۆخی دەریاکە و ئیدارەدانی سەرچاوەکان) دواتریش گواستنەوەی سەرچاوەکان و ئاسایشی دەروازەکە.
دووەم/ پەیوەستە بە گواستنەوە و گەیشتنی بەرهەم و کەڵوپەلەکانی کازاخستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان، لێرەدا ئێران گونجاوترین دەروازە پێکدێنێت بۆ کازاخستان.
سێیەم/ تایبەتمەندی بەیەکەوە گرێدانی ئابووری ناوچەکەیە.
لەبارەی بارودخۆی یاسایی دەریای قەزوین هەردوو دەوڵەت رووانگەیان جیاوازە، واتە هەریەکەیان بەرگری لە بیرۆکەیەکی جیاواز دەکەن، کازاخستان پشتگیری لەوە دەکات کە دەریاکە بەپێی پرەنسیپی هێلی ژێر دەریا (تالوک) دابەش بکرێت، بەڵام ئێران پشتگیری لەوە دەکات کە دەریاکە دابەش بکرێت بە شێوەیەکی یەکسان. لەلایەکی ترەوە بوونی ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە، لە بابەتی هاتوچۆی دەریاکە دەبێتە ڕێگرییەک لەبەردەم بەیەکەوە کارکردن و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو دەوڵەت. لە ساڵی 2015 رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کازاخستان بە رێگای کەنارەکانی باشوری دەریای قەزوین لە ئێران دەردەچوو، بە هێلی بۆڕی نێکا-تاران تێپەڕدەبوو، پاشان دەگەیشتە کەنداوی بەسرە. سەرەرایی ئەوەش، لە ساڵی 2016 لەگەڵ هەڵگرتنی ئابڵووقەکانی سەر ئێران، لە کەناری ئەمیر ئاباد لە نێوان ئێران و کازاخستان بڕیاری دروست کردنی پاڵاوگەی هاوبەش دراوە.
بابەتی بەکارهێنانی خاکی ئێران وەک پردێک بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکانی کازاکییەکان، لە ڕووانگەی ئەستانە گرنگی تایبەتی هەیە. ئەستانە لە ساڵی 2014 ڕێگای ئاسنی لەگەڵ ئۆزبەکستان واز لێهێنا و راستەوخۆ پڕۆژەیەکی هێلی ئاسنی لە کازاخستانەوە بۆ خاکی تورکمانستان دروست کرد. هەروەها جگە لەمەش کازاخستان گرنگی زۆر دەدات بە پێشخسنتی ڕێگای وشکانی کە بە ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت.
پرسی بەیەکەوە گرێدانی ناوچەکە ئەولەویاتی کازاخستانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشی ناوەوەی ناوچەی ئۆراسیا لەلایەن کازاخستانەوە گرنگی زۆر دەدرێت بەو پڕۆژانەی کە پەیوەستن بە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە دەوڵەتی ڕوسیا. کازاخستان گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە لە ناوچەکە، مامەڵەی بازرگانی هاوبەشی هەردوولا لەگەڵ یەکتر لە دەوروبەری (200) هەزار ملیۆن دۆلارە. بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ئابووری ئیران کازاخستان لە نێوان ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازارگانییە بە بڕی (120) ملیار دۆلار لە دوای تورکیا (٤٠٠) ملیار دۆلار و ئێران (١٤٠) ملیار دۆلار، بەشی دەوڵەتانی تری ئاسیای ناوەڕاستیش نزیکەی (٢٥) ملیار دۆلارە. لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران ئاستی بازرگانی نێوان تاران-ئەستانە زیادی کردووە.
ئیران و کازاخستان لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە بەیەکەوە کار دەکەن، لە شەڕی ناوخۆیی تاجیکستان لە نێوان ساڵانی 1992 – 1997 هەردوو دەوڵەت وەک لایەنی گەرەنتیکەری ئاسایش رۆڵیان دەبینی، هەروەها لە ساڵی 2017دا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ئەستانەی تایبەت بە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە سوریا بەیەکەوە کاریان کردووە. کازاخستان پشگیری لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات، تەنانەت ئامادەیە میوانداری هەر کۆبوونەوە و کۆنفراسێک بکات لە پێناو رێککەوتن لە نێوان ئێران و دەوڵەتانی رۆژئاوا دەبارەی بابەتی پرۆگرامی ئەتۆمی.
سەرباری هەموو ئەمانەش کازاخستان لە ڕووانگەی ناسنامەوە یەکێکە لە دوورترین دەوڵەتانی ناوچەکە لە ئێران. پاشماوەی مێژوویی ئێران لە ناوچەکە، لە رووباری سیدەریا کۆتایی دێت کە دەکەوێتە سنووری باشوری ئیستای کازاخستان. تەنانەت پادشای سەکالییەکان تۆمریس ئاهەمەنی کە کازاکییەکان وەک ئەسڵ و بنەچەی خۆیان دەزانن، گەورەترین شای ئێرانی “کیرۆس” لە شەڕێکدا لە باکوری رووباری سیدەریا بەرەو رووی شکست کردەوە. بەپێی وتەی (مێژوونووس هیرۆدوتس)تۆمریس سەری پاشای فارسەکانی بڕی و خستییە نێو تورەکەیەک و پڕی کرد لە خوێن ووتی ئەگەر تێنووی خوێنی بەم شێوەیە خوێن بخۆرەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێزی سیاسی ئێران بە درێژایی مێژوو نەگەیشتۆتە خاکی ئێستای کازاکییەکان و کاریگەری زۆریشی نەکردۆتە سەر لایەنی کلتووری. تەنانەت کاتێک بەراورد لە نێوان ئیران-توران، فارس-تورک دەکرێت، ئەوە بەدی بکرێت کە کازاکییەکان رەهەندی پشتەوە و خاڵی مەرکەزی و قوڵایی ستراتیژی تورکەکان پێکدێنن.
لە قۆناغەکانی دواتردا بەهۆی ئەوەی کازاخستان بوو بە هاوسێی دەوڵەتی ڕوسیازیاتر کەوتە ژێر کاریگەری کلتووری ڕووسەکان و ئێستاش زمانی ڕووسی لە کازاخستان قسەی پێ دەکرێت. بە مانایەکی تر، تا ئێستاش کازاخستان لە ڕێڕەوی جیهانی رووسی دانەبڕاوە. ئەگەرچی خەڵک بە زمانی کازاکی قسە دەکەن بەڵام نوخبەی کازاکی و بیرۆکراتەکان بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و دەنووسن، ئەمەش دەبێتە ڕێگری لەبەردەم تێکەڵاوبوونی کازاخستان لەگەڵ جیهانی ئیسلامی. لە کۆتایدا ئەم هەڵومەرجە نفوز و پێگەی ئێران لە کازاخستان کەم دەکاتەوە.
دەرئەنجام
پەیوەندییەکانی ئێران-کازاخستان بە شێوەیەکی تەندورست لە بەرەو پێشچووندان. لە گیرخواردووی پەیوەندی نێوان ڕوسیاو چیندا، سروشتییە کازاخستان رەهەندی جیهانی ئیسلامی بەکاربهینێ بۆ هاوسەنگکردنی ئەم دوو هێزە. سەرۆک کۆماری کازاخستان نەزاربێیڤ، ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای وەک پلاتفۆرمێکی یەکگرتووی کۆنفۆشیۆسی، کریستاینی و ئیسلامی پێناسە دەکات. لەم ڕ وویەوە ئاشکرایە کە ڕەهەندی جیهانی ئیسلامی چالاکییەکانی ئێران لە ڕێکخراوەکە بەدی دەکرێت، لەبەر ئەوە ئەمەش کازاخستان بە هێز دەکات لە نێو ڕێکخراوەکە. دیمیتری ترینین (Dmitri Trenin) پسپۆڕی ڕوسی ڕایگەیاند کە متمانەی تەواوی بە ئاستانە هەیە و ئەوەشی خستەڕوو کە زۆر ئاواتەخوازە ئەم وڵاتە ڕۆڵی کۆڵەکەی سێیەمی ڕێکخراوی هاریاکاری شەنگەهای لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین بگێڕێت. (٧٠) بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شیکارییە ، جارێکی دیکە گرنگی پشتگیریی کازاخستان لە ڕێکخراوەکە بۆ ئێران بە دی دەکرێت.
پەراوێزەکان:
(1)Dr. Dinmohammed AMETBEK, İran ve Orta Asya: Tarih, Kültür ve Politika, ANKASAM Yayınları, No:12, 2017.
(2)Dr. Kaan DİLEK, İran’ın Orta Asya Politikalrı, 2011.