سوپاى پاسداران، سوپایەکى ئایدۆلۆژی و پاسدارێکى بەوەفاى ڕابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامییە لە ئێران لەگەڵئەوەشدا بەشێک نییە لە هێزە چەکدارەکان لە ڕووى ڕێکخستنەوە و سەرکردایەتییەکى سەربەخۆى هەیە.
توانایەکى بەرز
سوپاى پاسدارانى ئێران –بەپێى خەمڵاندنى پەیمانگاى نێودەوڵەتى بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى لە لەندەن – لە ٣٥٠ هەزار کەس پێکدێت، ئەمە لە کاتێکدا کە پەیمانگاى لێکۆڵینەوە ستراتیژى و نێودەوڵەتى لە واشنتۆن پێی وایە کە ئەندامەکانى لە ١٢٠ هەزار کەس تێناپەڕیت.
سوپای پاسداران لە (٥ ى ئایارى ١٩٧٩)دواى سەرکەوتنى شۆڕشی ئیسلامى و کەوتنى شاى ئێران دروست بوو، لە ڕێگاى فەرمانێکى تایبەتى سەرکردەى شۆڕش “ئیمام ئایەتوڵا خومەینی”یەوە، هەروەها کەوتە ژێر فەرماندەیی ڕاستەخۆى ڕابەرەوە، ئامانجى سەرەکى لەپشت دروست بوونى ئەو هێزە سەربازییە، کۆکردنەوەى سەرجەم هێزە سەربازییە هەمەجۆرەکان بوو، کە لە دواى شۆڕشەوە سەریان هەڵدابوو، لە بونیەیەکى یەکگرتوودا بە مەبەستى پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتدارانى ئێران، هەروەها دروست کردنى هاوسەنگى بوو لەگەڵ سوپاى ئێراندا کە بەشدارى شۆڕشیان نەکرد و هەندێک لەسەرکردەکانیان دڵسۆزى فەرمانڕەوایی شا بوون.
ئەندامانى سوپاى پاسداران بەوە دەناسرێنەوە کە بیروباوەڕیکى تۆکمەیان هەیە، هەروەها پاڵپشتى تەواوى دەسەڵاتدارانى ئێرانى دەکەن، ئامادەن کە پارێزگاری لێبکەن دژى هەر ” دوژمنێکى ناوخۆ ودەرەکى”، ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە لەلایەن سەرکردەکانەوە ڕێزیان لێبگیرێت، هەروەها ببن بەخاوەنى دەسەڵاتێکى بەهێز لە دامەزراوەکانى حکومەتدا لە هەردوو بوارى سیاسی و ئابوریدا.
چاودێران پێیان وایە کە دیاریترین بەڵگە لەسەر هەژمونى سوپاى پاسداران، بریتییە لە گەیشتنە بە دەسەڵاتى “مەحمود ئەحمەدى نەژاد”ى سەرۆک کۆمارى پێشووە، کە یەکێک بووە لە ئەندامانى سوپاى پاسداران.
جومگەکانى دەوڵەت
دواى دەست بەکاربوونى ئەحمەدى نەژاد، پێنج لە وەزیرەکانى حکومەتەکەى لە ئەندامانى سوپاى پاسدران دامەزراند، سەرەڕاى ئەوەش دەیان ئەندامانى پەرلەمان پێشتر ئەندامى سوپاى پاسداران بوون.
ژمارەیەکى زۆر لە کادیرەکانى پاسداران لەناو جومگە هەستیارەکانى دەوڵەتدا جێگیرکران، لە دیارترینیان “عەلى لاریجانى”کە سکرتێرى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشی نەتەوەیی بوو، هەروەها سەرۆکى شارەوانى تاران بەناوى “محەمەد باقر قالباف”کە پێشتر سەرکردەیەکى پۆلیس بوو ژمارەیەکى دیکەشیان کەسانى چالاک بوون لە بوارەکانى بیناسازى و نەوتدا.
لە ماوەى جەنگى دژ بە ئێراق ١٩٨٠-١٩٨٨، سوپاى پاسداران ڕۆڵێکى کارایان گێڕا، بەشێوەیەک سەیردەکرێت کە سوپایەکى هاوتاى سوپایە و خاوەنى چەکى فڕۆکەوانى و دەریاوانى تایبەت بە خۆیەتى.
لەگەڵئەوەدا کە سوپاى پاسداران بەشدارى سوپا دەکات لە چاودێریکردنى سنورەکان، بەڵام پاسداران خاوەنى چەکى پێشکەوتوترن، بەتایبەتى سیستەمى موشەکى دوور مەودا “شەهاب ٣”.
لە کاتى داگیرکردنى ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە، واشنتۆن پاسدارانى تاوانبارکرد بەوەى لە ڕێگاى سوپاى قودسى سەر بەپاسداران کە یارمەتى گروپە شیعییەکانى ئێراقی داوە، ئەمەش لەلایەن تارانەوە رەتکرایەوە، چاودێران پییان وایە کە سوپاى پاسداران یارمەتى گروپەکانى بەرگرى دەکات، لەسەرو هەموشیانەوە حیزب الله لە لوبنان.
هەروەها ئاماژە بەوە دەدرێت کە بەسیجەکان کە ئەوانیش ڕێکخراوێکى نیمچە سەربازین کە پێکهاتووە لە گەنجەکان وخویندکارانى زانکۆ، بەهەمان شێوە کە ژمارەیان مەزەندە دەکریت بە دەملیۆن کەس ئەمانیش شوێنکەوتوى سوپاى پاسدارانن و هەر ئەمانیش مەشقیان پێدەکەن و چەکیان بۆ دابیندەکەن.
تواناکان
سوپاى پاسداران پشکى لە چەندین پڕۆژەى ئابوریدا هەیە، ئەو پڕۆژانە مەزەندە دەکریت بە ملیارەها دۆلار لە بوارەکانى نەوت و گاز و ژێرخانى ئابورى، چەندین دامەزراوەى دارایی، وەبەرهینان سەر بەسوپاى پاسدارانن، لەناو ئێراندا بەتایبەتى لە بوارەکانى کەرتى بەرهەمهێنان و خزمەتگواریدا، کە سەرجەم بوارەکانى بیناسازى و ڕێگاوبان و پەیوەندییەکان و نەوت دەگرێتە خۆى.
سوپاى پاسداران خاوەنى توانایەکى بەرگرى کاریگەرە، وەک ئەو سیستەمە موشەکییانەى کە تواناى هەڵگرتنى کڵاوەى هێشویی هەیە، بەشێوەیەک کە لە توانایدایە ١٤٠٠ نارنجۆکى بچوک بهاویژیت بەسەر ئامانجەکەیدا، هەروەها بەرپرسەکانیان دەڵێن کە هەزارەها خۆکوژیان هەیە.
لە چەند ساڵى ڕابردوودا سوپاى پاسداران توانا سەربازییەکانى خۆى تۆکمەتر کردووە، سەرەڕاى چەندین مانۆڕى سەربازى کە لەماوەى ساڵێکدا چەند جارێک ئەنجامى دەدات فەرماندەکانیان توانیویانە چەندین جۆرى چەک پەرەپێبدەن وەک فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، سیستەمى موشەکى شەهاب ١ و٢ و٣، هەروەها پەرەبدەن بەسیستەمى دژە ئاسمانى و جەنگى ئەلەکترۆنى.
لە کاتێکدا کە مەوداى شەهاب ٣ تا قوڵى ٣٠٠ کیلۆمەتر بڕدەکات، شارەزایانى ئێرانى لە هەوڵى ئەوەدان کە شەهاب ٤ و شەهاب ٥ پەرەپێبدەن، تاکو دوورى مەوداى بگاتە ٥٠٠٠ کیلۆمەتر.
لە چوارچیوەى جەنگى دەرونیشدا، سوپاى پاسداران بەشێوەیەکى خولى چەند جۆرە چەکێکى دیکە ڕادەگەیەنن وتاقیکردنەوەى نوێش دەکەن، لە هەموو جارێکدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دروستکردن وپەرەپێدانى لەلایەن شارەزا ئێرانییەکانەوە بووە.
سزاكانی ئەمریکا
وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە١٣ ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٧، لەسەرداواى “دۆنالد ترامپ”ى سەرۆکى ئەمریکا، چەندین سزاى دارایی سەپاند بەسەر سوپاى پاسداراندا، بەهۆى ئەو دەنگۆیانەى دەوترێتەوە سەبارەت بەپەیوەندییانەوە بە تیرۆرەوە، بەڵام ئامادە نەبوو ئەو سوپایە لە لیستى تیرۆردا دابنێت.
ئامانجى ئەم ڕێکارانە هەروەک نوسینگەى چاودێرى ڕەچەڵەکە بیانییەکانى سەر بە خەزێنەى ئەمریکا ڕایگەیاند لەمپەر دروست کردنە لە بەردەم تۆڕە داراییەکانى ئەم دەزگایە، هەروەها بلۆک کردنى هەر سەرچاوەیەکە کە پەیوەندى بەسوپاى پاسدارانەوە هەبێت بەپێى یاساى ئەمریکى.
هەروەها هیچ پێکهاتەیەکى بازرگانى ئەمریکى بۆى نییە کە پەیوەندى بەسوپاى پاسدارانى ئێرانییەوە بکات، ئەمەش ئاستەنگ دروست دەکات لە بەردەم گەیشتن بە سیستەمى بانکى ئەمریکى، لە هەمانکاتدا مامەڵە نێودەوڵەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.
پێشتر سوپاى پاسداران، لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە، سزاى یاسایی و دارایی دراوە، ئەوەش بەهۆى بەرنامەى بالیستى تاران و تۆمەتبارکردنى بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ.
سەرچاوە: الجزیرة