لە ساڵی (1534ز) لەو وڵاتەدا ناوچەێکی کۆلۆنیالی دروست کرا لە لایەن ئەمیرداڵ جاک کارتییری یەکەم فەرمانڕەوایی گشتی کەنەدا (1541_1534ز) بە ناوی فەرەنسای نوێ یان بە ناوی ئیمپراتۆریای ئەمریکای باکووری فەرەنسی (شانشینی فەرەنسای نوێ)، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندندا بوو.
یەک/ ناوی فەرمی: پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ، کە ئێستە بەشێکە لە یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا.
دوو/ پایتەخت: کیوبیک (کێبێک).
سێ/ ژمارەی دانیشتوان: 8.538.000 کەس.
چوار/ ڕووبەر: 1.542.056 کیلۆ مەتر چوار گۆشە.
پێنج/ دابەشی کارگێری: لە 17 شار (شارۆچکە_قەزا) پێکهاتووە ، کە دابەش بە سەر 362 شارەدێ (ناحیە).
شەش/ نەتەوە: نەتەوە ڕەسەنەکان (هیندە سوورەکان) 41% ، فەرەنسی 37.7% ، ئیرلەندی 5.5% ، ئیتاڵی 4% ، ئینگلیز 3.3% ، سکۆتلەندی 2.7% ، ئەڵمان 1.8% ، نەتەوەکانی تر 4%.
حەوت/ شارە گرنگەکانی: ریمۆوسکی ، ساگوینیای ، تۆریس ریڤییێریس، شیربرۆۆکی، مۆنتریاڵ، گایتنیاڵ، رۆوین نۆراندا، گاسپێ، مۆنتمانگی، لاڤاڵ، جۆلەیتتی، ساینت جێرۆمی، لاۆ نگۆیویل، دروممۆندڤیللی.
هەشت/ شوێنی جوگرافی پارێزگای کیوبیک (کێبێک): ئەم پارێزگایە ، دەکەوێتە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا، کە لە باکوورەوە بە کە نداوی ئونگاڤا و گەرووی هودسۆن ، و لە خۆرئاوا بە کەنداوی هودسۆن و کەنداوی جەمیس و پارێزگای ئەنتاریۆی یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا، و لە باشوور بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ویلایەتی ماینی و ویلایەتی نێو هامپشیر و ویلایەتی ڤێرمۆنت و ویلایەتی نێویۆرک ) ، لە خۆرهەڵاتەوە بە کەنداوی ساینت لاورینکی و پارێزگای نێوفۆوندلاند و لابرادۆری یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا دەورە دراوە.
نۆ/ مێژووی پارێزگای کیوبیک (کێبێک): ئەم پارێزگایە ، هەر لە کۆنەوە ناوچەێکی ئاوەدان بووە ، لە لایەن نەتەوە هیندە سوورەکان ئاوەدان کراوەتەوە وەکو نەتەوەکانی ئینویت و ئالگۆنگوی ئیرۆگوۆی و چەندان نەتەوەی تری نەتەوە هیندە سوورەکان کە لەوێ نیشتەجێ بوون، و هەروەها بەشێک بووە لە شارستانیەتی نەتەوەی ئینویت، بەر لەوەی ئەم پارێزگایە و وڵاتی کەنەدا دۆزەرەوە ئەوروپییەکان بگەنە ئەوێ، یەکەم ئەوروپی کە گەیشتە ئەوێ بە ناوی ئەمیرداڵ جاک کارتییری دەریاوان و دۆزرەوەی فەرەنسی بوو کە لە ساڵی (1534ز) گەیشتە وڵاتی کەنەدا کە ئەوەش لە سەر داوای پادشا فرانسوای یهکهم (1515_1547ز) پادشای شانشینی فەرەنسا.
پێکهات بوو لە نشینگەکانی وەکو ئەکادیا لە ساڵی (1604ز) و تۆریس ریڤییێریس لە ڕێکەوتی (4_7/یولیو_1634) و مۆنتریاڵ لە ڕێکەوتی (17_5/یولیو_1642) و کیوبیک (کێبێک) لە ڕێکەوتی (21_7/یولیو_1608) دروست کراون، کە دروستکردنی شاری کیوبیک (کێبێک) لە سەر داوای پادشا هینری چوارهم (1589_1610ز) پادشای شانشینی فەرەنسا بووە.
لە ساڵی (1650ز) ژمارەی نشینگەکانی فەرەنسای نوێ یان ئیمپراتۆریای ئەمریکای باکووری فەرەنسی (شانشینی فەرەنسای نوێ) گەیشتە (17) نشینگە، و لە ساڵی (1660ز) گەیشتە (85) نشینگە، هەر چەندە کەشتیگەلییە سەربازییەکانی هێزی دەریایی ئیمپراتۆریای بەریتانیا هەوڵ بگەنە ئەوێ بەڵام شکستیان هێنا و لە ساڵی (1663ز) نشینگەکانی فەرەنسای نوێ لە ڕووی ئاسایشەوە ئارامییان بە خۆیانەوە بینی، لە ساڵی (1665ز) پادشا لویسی چواردهههم (1643_1715ز) پادشای شانشینی فەرەنسا هێزێکی سەربازی نارد بۆ فەرەنسای نوێ یان ئیمپراتۆریای ئەمریکای باکووری فەرەنسی (شانشینی فەرەنسای نوێ).
پاش لە جەنگی فەرەنسی_هیندی کە لە نێوان ساڵانی (1760_1754ز) لە نێوان هێزەکانی سوپاکانی شانشینی فەرەنسا و شانشینی فەرەنسای نوێ و چەکدارانی نەتەوە هیندە سوورەکان بەرامبەر بە هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا و ئەمریکای بەریتانیا و چەکدارانی نەتەوە هیندە سوورەکان بەرپا بوو، کە سەر ئەنجام هێزەکانی سوپاکانی شانشینی فەرەنسا و شانشینی فەرەنسای نوێ و چەکدارانی نەتەوە هیندە سوورەکان شکستیان هێنا لە بەرامبەر بە هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای بەریتانیا و ئەمریکای بەریتانیا و چەکدارانی نەتەوە هیندە سوورەکان، و پەیماننامەی پاریس لە ڕێکەوتی (10_2/شوبات_1763) بەسترا لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی حەوت ساڵەی نێوان هێزە بە شەڕە هاتووەکان.
جەنگی حەوت ساڵە لە نێوان ساڵانی (1763_1754ز) لە نێوان هێزەکانی سوپا هاوبەشەکانی ئیمپراتۆریای بەریتانیا و کۆمپانیای خۆرهەڵاتی هیندی بەریتانی و ئەمریکای باکووری بەریتانی و شانشینی ئێرڵەندە و ئیمپراتۆریای پۆرتوگاڵ و شانشینی هانۆڤەری ئەڵمانی و شانشینی پرووسیای ئەڵمانی و میرنشینی سچاومبورک_لیپپی و شانشینی لاند گرا ڤیانی هیسسی_کاسسیلی ئەڵمانی و میرنشینی برونسویسل_وۆلفیبۆتتیل و نشینگەی ئیرۆگوویس لە بەرامبەر بە هێزەکانی سوپاکانی ئیمپراتۆریای فەرەنسا و شانشینی فەرەنسای نوێ و کۆمپانیای خۆرهەڵاتی هیندی فەرەنسی و ئیمپراتۆریای ڕووسیای قەیسەری و ئیمپراتۆریای ڕۆمای پیرۆز_ئەرشەدۆکی نەمسا (ئیمپراتۆریای خانەوادەی هابسبورگ) و شانشینی ساکسۆنیای ئەڵمانی و دەوڵەتی قۆزاقی بودژاك هۆدە (بیگۆرۆد هۆدە) ی ئوکرانی و خاناتی کالمیکی تورکی و ئیمپراتۆریای ئیسپانیا و شانشینی ئیسپانیای نۆی لە ئەمریکا و شانشینی پیرۆی ئیسپانی و شانشینی سوید و ئیمپراتۆریای مەنگوڵی هیندی و سۆبەی بەنگال لە کیشوەری ئەوروپا و هەر دوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور و نیمچە کیشوەری هیند ، کە پەیماننامەکە لە لایەن هەر یەکێکە لە وەزیری دەرەوەی ئیمپراتۆریای فەرەنسا سیزار گابرییل دی چۆیسیول (1766_1761ز) و باڵیۆزی ئیمپراتۆریای بەریتانیا جۆن روسیلل (1763_1762ز) لە شاری پاریسی پایتەختی ئیمپراتۆریای فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی ئیمپراتۆریای ئیسپانیا دۆک جێرۆنیمۆ گریمالدی (1777_1763ز) واژۆ کرا.
بە پێی ئەو پەیماننامەیە ئیمپراتۆریای فەرەنسا دەستبەرداری فەرەنسای نوێ یان ئیمپراتۆریای ئەمریکای باکووری فەرەنسی (شانشینی فەرەنسای نوێ) بوو بۆ هەر یەکێکە لە ئیمپراتۆریای بەریتانیا و ئیمپراتۆریای ئیسپانیا، بەوەش کۆتایی هات بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای فەرەنسا لە کەندا و ئەمریکای باکوور، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (1534_1760ز) نزیکەیی (25) کەسی فەرەنسی فەرمانڕەوایی فەرەنسای نوێ یان ئیمپراتۆریای ئەمریکای باکووری فەرەنسی (شانشینی فەرەنسای نوێ) بوون.
لە نێوان ساڵانی (1791_1763ز) کرایە، و هەروەها لە ساڵی (1775ز) شۆڕشگێڕانی سیادە نشینگەی دروستکەرە بنچینەکانی ئێستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیانویست پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی کەنەدا داگیر بکەن و هەر لەو ساڵدا پێشڕەوییان ناوی تا ئەوە بوو لە ڕێکەوتی (8_8/ ئاگوستۆس _1776) شەڕی تۆریس ریڤییێریس یان شەڕی سێ ڕووبارەکە لە شاری تۆریس ریڤییێریس سەر بە پارێزگای کیوبیک (کێبێک) بەرپا بوو لە نێوان هێزەکانی سوپا هاوبەشەکانی شۆڕشگێڕانی سیادە نشینگەی دروستکەرە بنچینەکانی ئێستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لیوای یەکی کەنەدی بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ ویللیام پۆمپسۆن و لیوا ئارپور ست کلایر بەرامبەر بە سوپا هاوبەشی ئیمپراتۆریای پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی بەریتانی بە سەرکردایەتی فەرمانڕەاویی گشتی ئەمریکای باکووری بەریتانیا (کەندای ئێستە) سیر کای کارلتۆن (1778_1768ز) (1796_1786ز) و ژەنەڕاڵ سیمۆن فراسیر، کە سەر ئەنجام سوپا هاوبەشەکانی ئیمپراتۆریای پارێزگای کیوبیک لە شەڕەکە سەرکەوتوو بوون و هێزەکانی سوپا هاوبەشەکانی شۆڕشگێڕانی سیادە نشینگەی دروستکەرە بنچینەکانی ئێستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لیوای یەکی کەنەدی شکستیان هێنا ، خەونی داگیر کردنی پارێزگای کیوبیک (کێبێک) لە لایەن شۆڕشگێڕە ئەمریکییەکان کۆتایی پێهات.
پارێزگای کیوبیک (کێبێک) و دواتر دابەش کرا بوو دوو پارێزگا بە ناوەکانی پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی سەرەوو لە نێوان ساڵانی (1841_1791ز) و پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی خواروو لە نێوان ساڵانی (1841_1791ز)، و هەروەها لە ئەنجامی زوڵم و زۆرداری و توندوتیژی هێزە بەریتانییەکان لە پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی خواروو بە خەڵکە فەرەنسی و ئەوروپییەکانی تر لە ساڵی (1837ز) پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی کیوبیک (کێبێک)، شۆڕشی نیشتمانی یان یاخی بوونی پاتیریۆت لە دژی هێزە بەریتانییەکان بەرپا کرد، بەڵام پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی کیوبیک (کێبێک) شکستی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو و شۆڕشەکە لە ساڵی (1838ز) کۆتایی پێهات، بەڵام لە ئەنجامی ئەو شۆڕشەدا پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی سەرەوو و پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ی خواروو لە یەکیگرتووە بە ناوی پارێزگای کیوبیک (کێبێک) و هەندێ ناوچەی هەرێمی باکووری خۆرئاوایشی خرایە سەر، و دواتر لە نێوان ساڵانی (1867_1841ز) کرایە بەشێک لە پارێزگای کەنەدا و شاری کیوبیک (کێبێک) لە نێوان ساڵانی (1865_1859ز) پایتەختی پارێزگاکە بووە و لە نێوان ساڵانی (1867ز_تا ئێستە) پارێزگای کیوبیک (کێبێک) بووە بەشێک لە دەوڵەتی فیدڕاڵی کەنەدا و هەروەها پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی کیوبیک (کێبێک) و پارتەکانی تر هەرێمەکە وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستە بە شێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن.
لە ساڵی (1980ز) گشتپرسی (ریفراندۆم) ی گشتی بۆ سەربەخۆیی پارێزگای کیوبیک (کێبێک) لەوێ ئەنجام درا کە تێدا بە ڕێژەی (%40) دەنگدەران بۆ سەربەخۆییان دا و بەوەش پارێزگای کیوبیک (کێبێک) وەکو بەشێک لە وڵاتی کەنەدا مایەوە، و هەروەها لە ساڵی (1998ز) جارێکی تر گشتپرسی (ریفراندۆم) ی گشتی بۆ سەربەخۆیی پارێزگای کیوبیک (کێبێک) ئەنجام درایەوە کە تێدا بە ڕێژەی (%49.4) دەنگدەران بۆ سەربەخۆییان دا و بەوەش پارێزگای کیوبیک (کێبێک) و بە زۆرینە سەربەخۆییان ڕەت کردووە.
هەروەها تاوەکو ئێستە پارێزگای کیوبیک (کێبێک) وەکو پارێزگایەکی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی کەنەدا ماوەتەوە و هەر چەندە پارتە سەربەخۆییخوازەکان هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و دەیانەوێت جیا ببنەوە لە کەنەدا ، ئەوەش لە کاتێک دایە کە پارێزگای کیوبیک (کێبێک) مافی دەسەڵاتی زیاتر و هاوڵاتیانیشی وەکو سەرجەم هاوڵاتیانی یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا فامی پارێزاوە و هەرێمەکە نزیکەیی (25) نوێنەرایەتی لە وڵاتانی فەرەنسی زمان هەیە و خاوەنی پەیوەندێکی تایبەتە لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا، و هەروەها لە ساڵی (2012ز) بزووتنەوەی سەروەری کیوبیک (کێبێک) یان پارتی سەربەخۆیی کیوبیک (کێبێک) دامەزراوە و هەوڵی بە دەست هێنانی سەربەخۆیی کیوبیک (کێبێک) دایە و دەیانەوێت لە یەکێتی فیدڕاڵی کەنەدا دەربچن و جیا بنەوە و ببنە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازاد.
سهرچاوهکان:
1-یاسین سابر ساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
2-عهلی کهندی: فهرههنگی ڕووداوهکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-ههولێر2005ز.
3-لوقمان خەیاڵی: پوختەیەک لە مێژووی گەورە زلهێزی جیهان-ههولێر2005ز.
4-هەردی مەهدی میکە: شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمریکا-سلێمانی2006ز.
5-پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز.
6-د . عەبدوڵیەمیر محمەمەد ئەمین و محمەمەد توفیق حوسێن: شارستانیەتی ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا-وە: مەستەفا سەعید عەلی-سلێمانی2011ز.
7-د . فصل اللە قوڕەیشی: مێژووی سیاسی و ئابووری و جوگرافی-وە: عەلی حاجی زەڵمی-هەولێر2011ز.
8-د. ئاراس فەریق زەنیەڵ: مێژووی ئەمریکا لە کۆنەوە تا ئێستا-سلێمانی2011ز.
9-م . د . عەونی عەبدولرەحمان سەبعاوی: مێژووی ئەمریکای نوێ و سەردەم-وە: د . محمد عبداللە کاکە سور-هەولێر2012ز.
10-مەجید کاکە وەیسی: مێژووی سەربەخۆیی و یەکەم دەستووری ئەمریکا- هەولێر2012ز.
11-عبدالمجید نعنعی: مێژووی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا-وە: مەستەفا سەعید عەلی-سلێمانی2012ز.
12-نێل موگنت: سیاسەت و حکومەت لە یەکێتی ئەوروپا-وە: عەلی میهرپەروەر-هەولێر2012ز.
13-فریشتە نورایی: مێژووی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەمریکا-وە: هەروامان فەریق کەریم-تاران2013ز.
14-فیلیپ لامارک و سیلفی بۆسیە و کریستین سانییە و فرانسواز شافانا: ئینسایکڵۆپیدیایەکی مێژوویی وێنەدار-وە: هەورامان وریا قانع-تاران2014ز.
15-هاوارد زین: مێژووی ئەمریکا لە 1492 تا 2001/بەرگی یەکەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2016ز.
16-کاترین . ج . لانگ: ئەمریکای دێرین-وە: عەبدولڕەحیم مەعریفەتی-هەولێر.