ناوی فەرمی: وەکو هەرێمێکی فەرمی بوونی نییە ، ئەم هەرێمە ئێستا بەشێکە لە وڵاتی مالی.
پایتەخت: تیمبوکتو.
ژمارەی دانیشتوان:1.295.000 کەس.
ڕووبەر: 819.950 کیلۆ مەتر چوار.
دابەشی کارگێری: لە 3 هەرێم پێکهاتووە کە دابەش کراوە بە سەر 21 پارێزگادا کە ئەوانیش لە 94 شارۆچکە (قەزا) پێکهاتووە.
نەتەوە: ئەمازیغ (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) %58 ، سۆنگای %23.8 ، عەرەب %6.2 ، فولفولدی %5.6 ، نەتەوەکانی تر %6.4.
ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی: لە ڕێکەوتی (2012_4_6) دەوڵەتی سەربەخۆیی ئەوازاد ڕاگەێنرا لە لایەن بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ رزگاری ئەوازاد.
ڕۆژی ڕووخاندن: لە ڕێکەوتی (2013_6_26) ڕووخێنرا لە لایەن هەر دوو سوپای مالی و سوپای فەرەنسا کە ئەوەش لە پاش (446) ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کە (1) ساڵ و (2) مانگ و (21) ڕۆژ.
شوێنی جوگرافی: ئەم هەرێمە دەکەوێتە باکووری وڵاتی مالی ، کە لە باکوورەوە بە وڵاتی جەزائیر وە لە خۆرئاواوە بە وڵاتی مۆریتانیا وە لە باشوورەوە بە هەرێمی مۆوبتی وڵاتی مالی و وڵاتی بۆرکینافاسۆ و نێجیر، لە خۆرهەڵاتەوە بە وڵاتی نێجیر دەورە دراوە.
شارە گرنگەکانی: گاۆ ، کیدال ، تۆدنی.
مێژووی هەرێمی ئەزاواد
ئەم هەرێمە دەکەوێتە باکووری وڵاتی مالی ، کە لە کۆنەوە نەتەوەی ئەمازیغی لێ نیشتەجێ بووە و دواتر دینی ئیسلام گەیشتە هەرێمەکە و پاشان بەشێکی هەرێمەکە لە نێوان ساڵانی (1240_700ز) بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای گانا (غانا).
دواتر بەشێکی تری بووە بە بەشێک لە شانشینی مالی لەنێوان ساڵانی (1670_1230ز)و بەشێکی گەورەی هەرێمەکە بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای سۆنگایی، پاشان بووە بە دوو سوڵتان نشینی ئەمازیغی بە ناوەکانی سوڵتان نشینی کەل ئاداغ و سوڵتان نشینی ئاولیمدان (کەل ئەترام).
لەمیانەی هەڵمەتە داگیرکارییەکانی ئیمپراتۆریای فەرەنسا بۆ سەر وڵاتانی باکووری ئەفریقیا و وڵاتانی تری ئەفریقی هێرشی کردە سەر سوڵتان نشینی ئاولیمدان (کەل ئەترام) و داگیری کرد بەڵام بەڕەنگاری شۆڕشگێرانی گەلی ئەمازیغی بووە لە هەرێمی ئەزاواد و لەنێوان ساڵانی (1923_1893ز) دا کە لەمیانەی شەڕی نێوان شۆڕشگێڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) لە هەرێمی ئەزاواد و سوپای ئیمپراتۆریای فەرەنسا، ئەوە بوو سێ شەڕ بەرپابوو بە ناوەکانی جەنگی تیکابراتیر لە ساڵی (1893ز) و جەنگی ئەین ئەورور لە ساڵی (1894ز) و جەنگی ئەزوبوک لە ساڵی (1903ز) کە تێدا شۆڕشگێڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) لە هەرێمی ئەزاواد شکستیان و سوپای ئیمپراتۆریای فەرەنسا سەرکەوتوو بوو کە تا ساڵی (1923ز) بە تەواوی دەستی گرت بە سەر ئەو هەرێمەداو بووە بەشێک لە سودانی فەرەنسی لە نێوان ساڵانی (1959_1890ز) لە چوارچێوەی خۆرئاوای ئەفریقیای فەرەنسا.
پاشان بووە بەشێک لە یەکێتی مالی (کۆماری مالی ئێستا و کۆماری سێنیگالی ئێستا) لەنێوان ساڵانی (1960_1959ز). لە ڕێکەوتی (1960_9_22) مالی لە یەکێتی مالی سەربەخۆیی وەرگرت، بەوەش یەکێتی مالی هەڵوەشایەوەو هەرێمی ئەزاواد بووە بەشێک لە کۆماری مالی، بەڵام پێش سەربەخۆیی مالی سەرکردەکانی ئەزاواد نامەکیان بۆ شارل دێگۆڵ (1944_1940ز) و (1969_1959ز)ی سەرۆکی فەرەنسا نارد بۆ ئەوەی ڕێگە بدات کە هەرێمی ئەزاواد سەربەخۆیی خۆی بە دەست بهێنێت، بەڵام داواکەیان ڕەتکرایەوە.
لە ساڵی (1962ز) شۆڕشگیڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) لە هەرێمی کیدالی ئەزاواد شۆڕشی کیدالیان بەرپاکرد کە هۆکاری شۆڕشەکە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم سەرک کۆماری مالی بە ناوی مۆدبیۆکییتا کە هێزێکی سەربازی سوپای مالی بۆ هەرێمی کیدال بۆ سەرژمێری دانیشتوانەکەی، بەڵام ئەو سەربازانەی سوپای مالی بەشێوەیەکی نەشیاو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمەکە کرد، ئەوەش بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشەکە تا ساڵی (1964ز) بەردەوام بوو، سوپای مالی بە هاوکاری هەر یەکە لە کۆماری جەزائیر و شانشینی مەڕاکیش (مەغریب) شۆڕشەکە سەرکوت بکات و هەرێمەکانی ئەزاواد لەژێر حوکمی سەربازی مالی تووشی زوڵم و زۆرداری بووە.
لە ساڵی (1990ز) شۆڕشگیڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی میللی ئەزاواد و بزووتنەوەکانی تری رزگاریخوازیی ئەزاوادی بە سەرکردایەتی ئەیاد ئاغی غالی و مانۆۆ دایاک و ڕهیسسا ئاغی بۆولا شۆڕشیان لە تەواوی هەرێمەکانی ئەزاواد بەرپاکرد لەدژی دەسەڵاتی سەربازی مالی. ساڵی (1991ز) ڕێکەوتننامەی تەمنگست لەنێوان شۆڕشگێرانی ئەزاواد و حکومەتی مالی واژۆکرا کە دەبوو هەر لایەنە بە شەڕهاتووەکان تەقە ڕابگرن و سوپای مالی لە هەردوو هەرێمی تیمبوکتو و کیدال بکشێنێتەوە، بەڵام ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ نەکرا و جارێکی شەڕ دەستی پێکردووە.
لە ساڵی (1992ز) پەیماننامەی نیشتمانی لەنێوان شۆڕشگیڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) و حکومەتی مالی بەسترا بە نێوندگیری باڵیۆزی فەرەنسا لە مالی کە بە پێی ئەو پەیماننامەیە دەسەڵاتی خۆجێی واتا ئۆتۆنۆمی بدرێتە هەرسێ هەرێمی ئەزاواد و دابین کردنی بەشێک لە بودجەی مالی بۆ کەم کردنەوەی هەژاری لە هەر سێ هەرێمی ئەزاواد و تێکەڵ کردنی شۆڕشگێڕان بەڵام ئەوەش سەری نەگرت و دووبارە شەڕ دەستی پێکردووە بەڵام لە ساڵی (1996ز) ڕێکەوتننامە مۆمی ئاشتی لە شاری تیمبوکتو لە نێوان شۆڕشگیڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) و حکومەتی مالی واژۆ کرا بەوەش شۆڕشی ئەزاواد کۆتایی هات و شۆڕشگێڕان سێ هەزار چەکیان ڕادەستی حکومەت کرد.
لە ساڵی (2005ز) بزووتنەوەی هاوپەیمانان لە پێناو گۆڕانکاری ئەزاواد دامەزرا کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەرپا کردنی شۆڕشێکی چەکداری دژی دەسەڵاتی ماڵی لە ئەزاواد ئەوە بوو لە ساڵی (2005ز) شۆڕشی ئەزاواد دەستی کرد بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئاغی بەهنتا لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتی ئەزاواد کە تا ساڵی (2009ز) شۆڕشەکە بەردەوام بوو، لە ساڵی (2009ز) بە نێوندگیری لیبیا و جەزائیر پەیماننامەیەک لە نێوان شۆڕشگێڕانی ئەزاواد و حکومەتی مالی واژۆ کرا بەوەش شۆڕشی ئەزاواد کۆتایی هات و شۆڕشگێڕان چەکیان ڕادەستی حکومەت کرد.
لە ڕێکەوتی (2010_11_1) بزووتنەوەی نیشمانی بۆ رزگاری ئەزاواد دامەزرا، هەزاران سەربازی ئەزاوادی بە چەکی سوک و قورس کە لە ڕیزی سوپای لیبیا بوون لە دوای کۆتایی هاتنی شۆڕشی لیبیا و سەرکەوتنی شۆڕشگێڕانی لیبیا بە سەر ڕژێمی لیبیا و کۆشتنی عەقید موعمر قەزافی سەرۆکی لیبیا پەیوەندیان کرد بە بزووتنەوەی نیشمانی بۆ رزگاری ئەزاواد ئەوە بوو لە مانگی (2) ی ساڵی (2012ز) شۆڕشی ئەزوااد بەرپا بوو لە دژی حکومەتی مالی ئەوەش لە کاتێکدا بوو لە ڕێکەوتی (2012_3_22) کودەتایەکی سەربازی بە سەرکردایەتی نەقیب ئامادۆو سانۆگۆ بە سەر سەرۆک کۆماری مالی ئامادۆو تۆومانی تۆوری (1992_1991ز) و (2012_2002ز) کرا کە ئەوەش پشێووی سەربازی و سیاسی لە مالی دروست کرد، بزووتنەوەی نیشمانی بۆ رزگاری ئەزاواد توانی لە ماوەیەکی کەمدا هەر سێ هەرێمی تیمبوکتو و کیدال و گاو ئازاد بکات.
لە ڕێکەوتی (2012_4_6) دەوڵەتی سەربەخۆیی ئەزاواد ڕاگەێنرا لە لایەن بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ رزگاری ئەزاواد بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی نەنا بە سەربەخۆیی وڵاتی ئەزاواد و هەرووەها پاش ئەوەی بارودۆخی سیاسی و سەربازی لە وڵاتی مالی جێگیر بوو.
ئەوە بوو سوپای فەرەنسا لە ڕێکەوتی (2013_1_12) دەستێوەردانی لە کاروباری مالی و هاوکاری سوپای مالی کرد لە دژی شۆڕشگێڕانی ئەزاواد وە سەربازانی سوپای مالی و سوپای فەرەنسا هێرشیان کردە سەر وڵاتی ئەوازاد توانیان یەک بە دوای یەک دەست بگرن هەر سێ هەرێمەکەی ئەزاواد کە لە ڕێکەوتی (2013_6_26) کۆتایی بە دەوڵەتی ئەزاواد هێنرا و دووبارە ولاتی ئەزاواد بووە بەشێک لە وڵاتی مالی تا ئێستا.
سهرچاوه:
1-یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-چاپی سێیەم.
2-عهلی کهندی: فهرههنگی ڕووداوهکانی کوردستان و وڵاتانی جیهان-چاپی سێیەم.
3-روا حاجی: وڵات ناس-ههولێر-چاپی دووەم.