“فەیلەقی قودس” ڕێکخراوێکى سەربازى چەکدارى سەر بەسوپاى پاسدارانى ئێرانە، لەگەڵ کۆتایی جەنگى ئێراق ئێراندا دامەزرا، چەند یەکەیەکى سەربازى دەگرێتە خۆى، کە ڕاسپێردراون بەجێبەجێکردنى پڕۆسەکان لە دەرەوە، بەسەرکردەکەى “قاسمى سولەیمانى” ناوبانگى دەرکردوەوە، لە چەند وڵاتێکى عەرەبی، لەنێویاندا ئێراق و سوریا، بەشدارى جەنگەکانى کردووە.
دامەزراندن
دواى کۆتایی جەنگی ئێراق – ئێران “١٩٨٠-١٩٨٨” دامەزراندنى فهیلهقی قودس ڕاگەیەنرا، هەندێک لەڕاپۆرتەکانى ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەدەن کەلەساڵى ١٩٩١ ئەوە ڕووى دابێت، کەدواتر ئەو هەوڵانە بەهەناردەکردنى شۆڕشی ئێرانى “بۆ ئازادى چەوساوەکان” ناوبرا.
سەرەتا فەیلەقەکە چەند یەکەیەکى سەربازى لەخۆى گرت، دواتر بوو بە یەکەیەکى سەربازى و پاشکۆى سوپاى پاسدارانى ئێران بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بودجەى تەرخانکراو بۆ ئەو فەیلەقە نەزانراوە و ناکەوێتە ژێر چاودێرى پەرلەمانەوە، لەهەمانکاتدا کەس زانیارى نییە لەسەر پێکهاتەکانى ئەو یەکە سەربازییە.
ئەم فەیلەقە ڕادەسپێردرێت بە ئەنجامدانى چالاکییەکانى دەرەوەى دەوڵەتى ئێرانى، گەورەیی ئەم یەکەیە لەکاتى داگیرکردنى ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە لەساڵى ٢٠٠٣، هەروەها لەدواى هەڵگیرسانى شۆڕشی سوریا لەساڵى ٢٠١١ دا دەرکەوت.
فەیلەقی قودس لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئێرانییەوە گرنگییەکى تایبەتى پێدەدرێت، لە ٢ى تەموزى ٢٠١٧، سەرۆکى لیژنەى ئاسایشی نەتەوەیی لەپەرلەمانى ئێرانى “بروجەردى” ڕایگەیاند کە ئێران بڕى سێ سەد ملیۆن دۆلارى تەرخان کردووە بۆ فەیلەقی قودس کە راسپێردراوە بەئەنجام دانى پڕۆسەکانى سوپاى پاسداران لەدەرەوە، بۆ زانیارى هیچ کەسێک ئاگادار نییە لەو بودجە ڕاستەقینەیەى کەبۆى تەرخان کراوە.
بەپێی وتەکانى بروجەردى ئەم ڕیکارانە مەبەست لێی پشتگیریکردنى سوپاى پاسداران وسیاسەتەکانیەتى لەناوچەکەدا، بەتایبەتى ئەو هەڵوێستانەى کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە لەگەڵ “گروپە بێباوەڕەکان وتیرۆریستییەکان”دا.
هەروەها ناوبراو پێی وابوو، ئەکەر سوپاى پاسداران نەبوایە ئەوا ئێستا هەریەک لە دیمەشق وبەغداد لانکەى تیرۆریستەکان بوو، جەختیى کردەوە کەپاڵپشتیکردنى سوپاى پاسداران، لەمیانەى بەرگرتن بەو هەوڵانەدا دێت، کە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لەناوچەکەدا گرتۆتیەبەر، بەمەبەستى لاوازکردنى پێگەى ئێران وهاوپەیمانەکانى لەناوچەکەدا.
فەیلەقی قودس بەناوى یەکێک لەسەرکردەکانیەوە بەستراوەتەوە کەبریتییە لە “قاسمى سولەیمانى” کە لە١١ ى ئادارى ١٩٥٧ لەدایک بووە. ناوبراو یەکێک بووە لەوانەى کەلە ساڵى ١٩٨٠ پەیوەندى کردووە بە سوپاى پاسدارانەوە، بەشدارى شەڕى دژ بەئێراقی کردووە وەک سەرکردەى فەیلەقی “٤١ تۆڵەى خواوەند”. لەسەرەتاى نەوەدەکاندا سەرکردایەتى سوپاى پاسدارانى کردووە لەپارێزگاى کرمان کەدەکەوێتە نزیک سنورى ئێران لەگەڵ ئەفغانستاندا، دواتر لەساڵى ١٩٩٨ بۆتە سەرکردەى فەیلەقی قودس.
سەرچاوە: الجزیرة