حدکا بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات و لە هەنووکەدا ئەمە دروشمەکەیەتی: “دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و فێدراڵدا”.
دامەزران.
پێشەنگ و بژاردە و ڕووناکبیرەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی سیاسیی پێکهاتوو لە ئەنجامی شەڕی جیهانیی دووەم، لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاویدا (١٦ی ئووتی ١٩٤٢ی زایینی) ڕێکخراوی نهێنیی “ژ.ک”یان دامەزراند (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد). دوای سێ ساڵ خەباتی نهێنی و ئەزموونی ڕیکخراوەیی، لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٦ی ئووتی ١٩٤٥ی زایینی) و لەسەر بنەما تەشکیلاتییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە و بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانە کە وڵامدەری بارودۆخی نێوخۆیی کوردستان و هەروەها هەلومەرجی نێودەوڵەتیی ئەو سەردەمە بوو، “حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەک ڕێکخراوێکی مۆدێڕن دامەزرا. حیزبی دیموکرات لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، وڵامێکی بەجێ و مێژوویی بووە بۆ ئەو قۆناغە گرنگەی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد.
حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستان.
بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکرات، خەڵکی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بوو بە خاوەن دەسەڵاتێکی نیشتمانی و دێموکراتیک لە شێوەی کۆماریدا. پێشەوا قازی محەممەد ڕێبەری هەڵکەوتووی ئەم حیزبە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا (٢٢ی ژانڤییەی ١٩٤٦ی زایینی) لە مەهاباد بەفەرمی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و بوو بە سەرۆککۆماری ئەو کۆمارە. کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتی خۆیدا کە ١١ مانگی خایاند، کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخی بۆ گەلی کورد بەجێ هێشت.
ئامانجە گشتییەکانی حیزبی یموکرات.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی- دیموکراتیکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران (ئازەری، تورکەمەن، بەلووچ و عەرەب)و هێزە دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیکی فێدراڵی لە ئێران و وەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات.
ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی سوسیالیستییە.
دروشمی ستراتیجیکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراتیکی فێدراڵ لە ئێراندا.
پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەیی دیموکراتیکی نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، ڕێبازی هەمیشەیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە.
بە بۆچوونی زۆرێک لە چالاکان و چاوەدێرانی سیاسی، بەبۆنەی دۆخی نێودەوڵەتییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای فێدراڵیزم دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم حیزبە حیزبێکی سەربەخۆییخوازە و بۆ دەوڵەتی کوردی خەبات دەکات. تەنانەت کاتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەم هەرێمە (٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧)، حیزبی دیموکرات پشتیوانییەکی بێوێنەی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
قەوارەی حیزبی دیموکرات.
نێوەڕۆکی قەوارەی حیزب، خۆی لە دیسانتراڵیزەکردنی حیزب و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتدا دەبینێت و لەسەر ئەم بنەمایە چۆنیەتیی هاوئاهەنگی و هاوسەنگی لەنێوان بەرپرسیاریەتی و سەڵاحییەتی بەرپرسان و ئۆرگانەکاندا ڕێک دەخات. ئەم قەوارەیە بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەت و هەڵوێستی حیزب بۆ تێکۆشانی داهاتوو لە باری سیاسی، نیزامی، ڕاگەیاندنی و ڕێکخستنەوە سەرنجی پێ دراوە. دیسانتراڵیزەکردنی حیزب وەک بنەمایەکی گشتی دەبێت.
خەباتی نوێی حیزبی دیموکرات (ڕاسان).
پاش ڕاگرتنی چەندین ساڵەی خەباتی چەکداری و گۆڕانکارییەکان بەنیسبەت شوێنی خەباتی حیزبی دیموکرات کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خەباتی ئەم حیزبە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرەی ئاڵۆز و هەڵبەت پێشبینیکراو بەرەوڕوو بووەوە. پاش بیست ساڵ لە ڕاوەستانی خەباتی چەکداریی حیزبی دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم حیزبە لە نەورۆزی ١٣٩٥ی هەتاویدا، خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی “ڕاسان” دەستپێکردەوە. دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، چەندین ئۆپراسیۆنی گەورەی پارتیزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو کە سەدان کوژراو و برینداری لەنێو هێزەکانی حکوومەتی ئێرانی لێکەوتەوە و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەی ئەم حیزبەش شەهید بوون. بە وتەی ئەندامانی ئەم حیزبە، ڕاسان تەنیا خەباتی چەکداری نییە و خەباتێکی فرەڕەهەندە. هەروەها بە وتەی چاوەدێرانی سیاسی، دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان، خوێنێکی نوێ هاتە نێو دەمارەکانی ئەم حیزبەوە.
“عیرفان ڕەهنموون” سیاسەتوان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر ڕاسان دەڵێت: “ئەم ڕاسانە نوێیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرچاوەگرتوو لە پێویستییەکی مێژوویی و ئەو ئەتمۆسفێرە ئاڵۆز و تێکچێڕژاوە سیاسییەیە کە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گرتووەتەوە. هەر وەک هەموان ئاگادارن، نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکووردا، لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە ململانێیەکی خوێناوی و مافخوازانەدایە و پێش ئەم ڕاسانە نوێیەی ڕۆژهەڵات، ڕێژیمی فاشیست- ئیسلامیی ئێران، وای دەنواند کە لە بەرەی دژی تێرۆریزمی داعشدایە و لافی ئەوەی لێدەدا کە ئێران دوورگەی ئارامە و چەقی سەقامگیری و تەناهییە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی تەژی لە ئاگر و خوێندا. هەر بۆیە پێویست بوو ئەو دوورگە بە ڕواڵەت ئارامەی ڕێژیمی فاشیستیی تاران لەلایەن پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بشڵەقێت و ڕێگا بە ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران نەدرێت کە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات ببێتە ڕۆژەڤی دەنگوباسی دونیا و ڕۆژئاواش لەوە تێبگات کە ئێران وڵاتێکی لەرزۆکە و ناتوانن و لە بەرژەوەندییان نییە کە سەرمایەکانیان لەو وڵاتەدا بخەنە گەڕ”.