کەشتیی فڕۆکەھەڵگری (ئابراھام لینکۆڵن) چییە کە ئەمریکا ئێرانی پێ دەترسێنێت؟
ڕۆژی دووشەممە 6/5/2019، جۆن بۆڵتەن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە حکوومەتی واشنتۆن کەشتیگەلی فڕۆکەھەڵگر و بۆمبھاوێژی پێشکەوتووی ڕەوانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون بە ئێران بدەن، ھەر دوابەدوای ئەم وتانە، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا تێبینی زیادبوونی جموجۆڵی سەربازیی ئێران لە ناوچەکە دەکات.
لەم نێوەدا زۆرێک لە خوێنەران گوێبیستی ناوی ئابراھام لینکۆڵن، سەرۆکی پێشوو و کاریزماتیکی ئەمریکا بوون، بەڵام ئەمجارەیان نەک وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسایەتییە سیاسییە کە زیاتر لە ١٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا تیرۆر کراوە، بەڵکوو بۆ ئاماژەدان بە کەشتییەکی سەربازیی فڕۆکەھەڵگر، کە ھەرکات ئەمریکا ڕەوانەی شوێنێکی کردبێت، ئەوا ئەو ناوچەیە یان شەڕێکی سەختی تێیدا ڕووی داوە، یانیش قەیرانێکی جددیی ئەمنی و سەربازی و سیاسی گیرۆدەی بووە.
کەشتیی فڕۆکەھەڵگری ئابراھام لینکۆڵن بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کەرستە سەربازییەکان دادەنرێت، کە مرۆڤ بەرھەمی ھێناوە، لە ڕاستیدا وێناکردنی پێشکەوتوویی ئەم کەشتییە لەوانەیە بەم شێوەیە ئاسانتر بێت، کە بە زمانێکی سادە بڵێین ئەم کەشتییە بە لێکدانی زیاتر لە یەک ملیار پارچە دروست کراوە.
ساڵی ١٩٨٢ ھێزی دەریایی ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای کەشتیسازی (نیوپۆرت نیوز) واژۆ کرد، بە مەبەستی دروستکردنی کەشتییەکی فڕۆکەھەڵگری بێوێنە، دوای زیاتر لە شەش ساڵ، کەشتییەکە ئامادە بوو و خرایە خزمەتی ھێزی دەریایی ئەمریکا، بە نرخی ساڵی ٢٠٠٧ ئەگەر خەمڵاندنێکی بۆ بکرێت، ئەوا کەشتی ئابراھام لینکۆڵن زیاتر لە چوار ملیار دۆلار و نیوی تێچووە.
چەند ڕاستییەک سەبارەت بە کەشتیی فڕۆکەھەڵگری ئابراھام لینکۆڵن:
– بەرزییەکەی نزیکەی ٧٨ مەتر دەبێت، کە دەکاتە بەرزیی باڵەخانەیەکی ٢٥ نھۆمی.
– تەنھا کێشی ئەو پۆڵایەی کە بۆ درووستکردنی پارچەکانی کەشتییەکە بەکار ھاتووە، یەکسانە بە ٥٤ ھەزار تەن، یان ٥٤ ملیۆن کیلۆگرام.
– ڕووبەری سەر کەشتییەکە کە لێیەوە فڕۆکەکان دەفڕن، ١,٨ ھێکتارە.
– درێژیی سەر ڕووی کەشتییەکە ٣٣٣ مەترە، واتا درێژیی سێ یاریگای تۆپی پێ.
– زیاتر لە چوار ھەزار ژوور لەم کەشتییەدا دروست کراون.
– تانکەرێکی زەبەلاح لەنێو ئەم کەشتییەدا دروست کراوە، کە تایبەتە بە بەنزینی فڕۆکە جەنگییەکان، ئەم تانکەرە ٥١٢ ملیۆن لیتر بەنزین لەخۆ دەگرێت.
– زیاتر لە دوو ھەزار و ٥٠٠ تەلەفۆنی نێوخۆیی لە ناو کەشتییەکە دانراون.
– درێژیی سەرجەم ئەو کێبڵ و وایەرانەی لە ناو کەشتییەکە بەکار ھاتوون، دەگاتە ھەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتر.
– زیاتر لە شەش ھەزار و ٣٠٠ کەس وەک کارمەندی جێگیر لەم کەشتییەدا کار دەکەن.
– شەش پزیشک و پێنج پزشکی ددان بە شێوەی بەردەوام لە ناو کەشتییەکدا جێگیر کراون.
– بەشی نەخۆشخانەی کەشتییەکە جێگەی ٥١ نەخۆش لە یەک کاتدا دەبێتەوە.
سەرچاوە: باسنیوز