شەڕی دەستەویەخەی کورد و مەغۆل
تەتار و مەغۆلەکان وردەوردە لە پێتەخت نزیک دەبوونەوە، کە خەلیفە موستەعسیمبیلا زانیی لەشکری مەغۆلان نزیکی تەورێزن و دواتریش ڕووەو بەغدان، هانای بۆ سەرلەشکر و سەرکردەکانی دەوروبەری خۆی برد و داوای پەنا و چارەی دەمودەستی کرد.
[ئەوسا حەفت فەرماندە لە بەغدا هەبوون، هەر یەکێکیان دە هەزار سوارچاکی لەبەردەست بوو، بازنەی خەلیفەش حەفتا هەزار بوو، واتە پێکڕا هەینێ لە بەغدا سەتوچل هەزار سەرباز هەبوون]
ـ سەرلەشکر و میرەکان جەم بوون، هەموو لەدەوری خەلیفە خڕ بوونەوە. فەتحولدین ئیبنول کوڕ یان کوور[ابن كُرّ]ی هەولێری یەک لە بەرچاو و مەزنترین میر و سەرلەشکرەکانی ئەو ڕۆژگارەیە، بە ئازا و ڕەشیدترین سەرکردەی گۆڕەپانی شەڕ ناسراوە.
ـ خەلیفە ڕووی لێ ناوە و پێی دەڵێت: ئیبنول کوڕ، چی بکەین؟
+ ئیبنول کوڕ وەرامی خەلیفە دەداتەوە: دوژمنەکەمان سەرسەختە، سوپایەکی زەبەلاح و ئاپۆڕایەکی گوێڕادێری دەگەڵە. ئەمن شتێکم لە زێنە و ئەگەر مۆڵەت بفەرموون، ئەوا بۆتانی ڕا دەنوێنم.
ـ خەلیفە دەڵێت: ئەرێ، بفەرمە کوڕی کوڕ!
+ کوڕی کوڕ دەڵێت: “بۆچوونی من وەهایە: ئێمە لە شاری بەغدا بیست هەزار خزمەتکارمان هەن، کە خزمەتکاری خەلیفە و باوک و باپیرانن و هەر یەک لەو خزمەتکارانەش، خودانی ئەسپی لانیکەم چوارسەت بۆ پێنجسەت سەرباز، بگرە زێتریشن. وەهای لێ دەنۆڕم، کە دەبێ ئەو ئەسپ و ماینانەیان لێ وەربگرین، جەنابی خەلیفەش خودان چەکوتفەنگ و سامان و خەزێنەیەکی زۆرە. سەرکردەکان لەوڕۆوە تا سبە و دووسبەی چل هەزار [ســوارچاکی] کــــوردت بۆ ساز و ئامادە دەکەن. لەبۆ هەر سوارێکی کورد دە هەزار درهەم و لەشکرێک تەرخان دەکەین، ئینجا دلێرانە بەرەو ڕوویان دەر دەچین و شەڕی دەستەویەخیان لەگەڵ دەکەین. ئەگەر خوا بە مەی دا و شەڕەکە هی مە بوو، ئەوا ئەسپ و سەروەتیان بۆ دەگەڕێنینەوە، خۆ ئەگەر شەڕی مەش نەبوو و دۆڕاین، ئەوسا تەتار و مەغۆل دەست نەک هەر لە مە، بەڵکە دەست لە خزمەتکار و خەڵکی ڕەمەکیش ناپارێزن و خڕمان ڕەشەکوژ دەکەن و ئەو وەڵاتە بۆ هیچ یەکێکمان ناهێڵنەوە”
ـ خەلیفەی موسڵمانان گوێی لە وتارەکەی ئیبنول کوڕی هەولێری ڕادێرا، هەندێ داما و بڕێ ڕاما، ئینجا گۆتی: “هۆ فەلەکەدین، خزمەتکارانی خۆمان و باو و ئەژدادان، بەوە بەو کاتە دڵیان دەئێشێ و دەیانهێشێنین!”
+ کوڕی کوڕ گۆتی: بەخوا قوربان، ئەگەر تەتار و مەغۆل وەڵات داگیر بکەن، یەک کەسی لێ قورتار ناکەن، بە مەسیحی و جووەکانیشتەوە.
ـ خەلیفە گۆتی: بیرۆکەیەکی تر ببینەوە!
کوڕی کوڕ گۆتی: بەخۆت وەپێشمان بکەوە، ببە بە پێشەوا و ڕێبەری سوپایەکەمان. بەو جۆرەش هەراش و گچکەی وەڵاتمان جۆش دەدەین.
ـ خەلیفە گۆتی: ئەمنی ناوێ، ئەوە کوڕەکەم، با ئەو وەپێشو کەوێ.
+ کوڕی کوڕ: قوربان، ئەتوو ئەتۆیت، کوڕت کوڕ. جێت ناگرێتەوە.
ـ خەلیفە: دە باشە، ئەتۆ ئەمنیت و خۆت لەجێی من ببە بە سەرلەشکر و شاسوار.
+ کوڕی کوڕ: کوڕە قوربان، من بەندە و گوێڕایەڵی تۆم، ئەو دوژمنە هی گەمەی نییە.
ـ خەلیفە: کوڕی کوڕ بیرۆکەیەکی تر؟
+ کوڕی کوڕ: قوربان ئەوەی هەمبوو بەگۆڕێم وەر کرد و پێشکێشم کرد. لەوەم پتر پێ نینە.
تەواوی گتوبێژی ئیبنول کوڕی هەولێری و خەلیفە المستعصم بالله لە کتێبی [تاریخ مجموع النوادر، مما جری من الاوائل والٲواخرـی ئەمیر شەهابەدینی خەزنەداری، لێکۆڵینەوەی هاین و حوجەیری -کۆمەڵەی ڕۆژەڵاتناسیی ئەڵمانی. لەسەر ئەرکی وەزارەتی فەرهەنگ و لێکۆڵینەوەی زانستیی کۆماری ئەڵمانیا-بەرلین ۲۰۰٥/لاپەڕە ٨۱-٨۲] تۆمار کراوە.
ئەمیر شەهابەدینی خەزنەداری نووسەری کتێبی ناوبراو و کۆچکردووی ساڵی حەفتسەتوهەشت لە سەرنجی خۆی لەسەر ئەو دیرۆک و گتوبێژەوە لە هەمان لاپەڕە دەڵێت: هەر ئەوە ڕاستودرووست بوو، ئەگەر بیانکردبووبایە/ وكان ژلك صواباً لو فعلوه. واتە هەر پێشنیارەکەی کوڕی کوڕی هەولێری ڕاست بوو، ئەگەر بەگێیان بکردبا، بۆی هەبوو ڕەوت و کەشی کاتبەندیی قۆناخەکە، بەشێوەیەکی تر دەرچووبا.
وەڵات خەڵتانی خین دەبوو، کەچی خەلیفە لە خەمی دڵنەئێشانی دارودەستە و خزمەتکارانی خۆی و باوانی بوو. سەرباری ئەو گەندەییە داراییەی، کە ماڵوداهاتی بۆ بیست هەزار کەس دابین کردبوو، کە تەنها کەسانی خزمەتکار و دەستلەسەرسینگی دەرباری میر بوون.
ئەگەرچی پێشنیارەکانی بەهەند وەرنەگیران، بەڵام خەزنەداری هەر باس لە قارەمانی و ئازایی ئیبنول کوڕ و لەشکری کوردان دەکات، باس لەوە دەکات کە شێرئاسا ڕووبەڕووی مەغۆلەکان وەستاوەتەوە، باس لە سەربازەکانی دەکات کە زۆربەیان کورد بوون، کە بەدەم کوتینی تەپڵی باز [ئەو تەپڵەی کە دەروێشی کورد دەیکوتن و سەما و ئیرشادی پێ دەکەن] و بە درووشمی نابەزین تا نەمرین بەنێو مەغۆلان وەربوون و ئۆقرەی دڵی هۆلاکۆیان بڕی و شەڕێکی دەستەویەخەیان دەست پێ کرد، زۆریان لە مەغۆلان کوشت و بەخۆشیان زۆربەیان گیانیان بەخت کرد و شەهید بوون. لەولاوەش خەڵکانێک ناپاکییان کرد، پاشانیش تەتەر و مەغۆل بەغدا و هەولێر و ئەو نێوچەیەیان خەڵتانی خوێن کرد و ئەو دەڤەرەیان بە هەوری ماتەمدا گرت، کە تا ئەوڕۆش لەسەر دەڤەرەکە نەڕەویوەتەوە. شایەنی باسە سوپای مەغۆلەکان پێشتر لە لورستان و تەورێز و هەمەدان پێدا هاتن، لەوێش کوردێکی زۆریان کوشت و زۆر بنەماڵەی کوردیشیان دەربەدەر کردن.