قه‌زافی به‌رده‌وام به ساداتی ده‌گوت؛ ئه‌نوه‌ر تۆ له شوێنی باوكمی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كم كرد رێنونێیم بكه، كه‌چی دوای سه‌ردانی ئه‌نوه‌ر بۆ ئیسرائیل، قه‌زافی ده‌یگوت؛ تا ئه‌نوه‌ر نه‌مرێت ئاسوده نابم. قه‌زافی شای ئوردنی به شێت ناوده‌برد، هه‌وڵی كوشتنی شاژنی به‌ریتانیای ده‌دا، له‌باره‌ی مافه‌كانی ژنانه‌وه ده‌یگوت؛ ژن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ مانگادا نییه، چاره‌نوسیان شتێك نییه جگه‌له دووگیانی و شیرپێدان. هاوسه‌ری ئه‌نوه‌ر ساداتی سه‌رۆكی پێشوتری میسر له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا واده‌ڵێت. رۆژی (9/ته‌مموز/ 2021) خاتوو جیهان ره‌ئوف سه‌فوه‌ت ناسراو به “جیهان سادات” له ته‌مه‌نی (88) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئه‌و له (1949) له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئه‌نوه‌ر سادات (1918 – 1981) هاوسه‌رگیری كرد، به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ش سێ كچ و كوڕێك بوو. سادات كه سێیه‌م سه‌رۆك كۆماری میسر بوو بۆ ماوه‌ی یازده ساڵ له (1970) تا ساتی كوژرانی له (1981) سه‌رۆكی میسر بوو. جیهان سادات بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی به‌ناونیشانی “ژنێك له میسر” بڵاوكردۆته‌وه. دیندار حه‌مۆ له‌دووتوێی زیاتر له (500) لاپه‌ڕه‌دا كردویه‌تی به كوردی و كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌حمه‌دی خانی چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه. له‌و كتێبه‌دا سادات چه‌ندین ره‌فتاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی (1942 – 2011) ده‌گێڕێته‌وه كه له ماوه‌ی ساڵانی (1969 – 2011) سه‌رۆكی لیبیا بوو.
“یه‌كه‌م بینین”
خاتوو سادات باس له سه‌ره‌تای یه‌كترناسین و ئاشنابوونی ئه‌نوه‌ر سادات و قه‌زافی ده‌كات و ده‌ڵێت؛ ئه‌نوه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار موعه‌ممه‌ر قه‌زافی دوای شۆڕشی (1969) لیبیا بینی. ئه‌و كات قه‌زافی گه‌نجێكی به‌توانا بوو، باشترینه‌كانی بۆ وڵاتی خۆی ده‌ویست، زۆرجار بۆ راوێژكردن له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر په‌یوه‌ندی ده‌گرت. ئه‌نوه‌ر به‌رده‌وام به كوڕی خۆی بانگی ده‌كرد. چه‌ندینجار بانگهێشتی ده‌كرد بۆ ماڵی خۆمان له قاهیره‌و میت ئه‌بوئه‌لكۆم. له ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نوه‌ر، قه‌زافی به‌رده‌وام ده‌یگوت؛ ئه‌نوه‌ر تۆ له شوێنی باوكمی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كم كرد رێنونێیم بكه.
“كێ شێته؟”
جهیان سادات، باس له ره‌فتارو وته نامۆكانی قه‌زافی ده‌كات به نمونه ده‌ڵێت؛ له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانی عه‌ره‌ب له (1970)، كه جه‌مال عه‌بدولناسر ئاماده‌ی كردبوو، قه‌زافی شاحسێنی پادشای ئوردن به شێت ناوده‌بات و ده‌ڵێت شوێنی تۆ له نه‌خۆشخانه‌ی چاره‌سه‌ری شێته‌كانه.له به‌رامبه‌ر ئه‌و وته‌یه‌ی قه‌زافیدا، جیهان ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه؛ ئه‌نوه‌ر بۆ رێزگرتن له داوای قه‌زافی، ره‌زامه‌ندی نیشاندا دوو ژێر ده‌ریایی میسری به كه‌سانی شاره‌زای میسرییه‌وه بداته لیبیا. یه‌كه‌م فه‌رمانی قه‌زافی به بوونی ئه‌م دوو ژێر ده‌ریاییه خه‌ریكبوو دونیا له كاره‌ساتێك نزیك بكاته‌وه. قه‌زافی فه‌رمان به ئه‌فسه‌رانی ناو كه‌شتییه‌كانی ژێر ده‌ریایی میسری ده‌كات؛ به بێده‌نگی خۆتان ده‌ربازی ناو ئاوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ن، كه‌شتی مه‌لیكه ئه‌لیبزابێسی دووه‌م پێش ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌ردانی ئیسرائیل بكات، نقومی ژێر ئاو بكه‌ن. سادات ده‌ڵێت؛ ئه‌مه‌یان شێتایه‌تی قه‌زافی بوو. له‌باره‌ی ورده‌كاری ئه‌و رووداوه‌وه، ده‌ڵێت؛ فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له‌ژێر ده‌ریاییه‌كان به بێته‌ل په‌یوه‌ندی به هێزه‌كانی میسره‌وه له ئه‌سكه‌نده‌رییه ده‌كات، ئه‌وانیش ده‌ستبه‌جێ هه‌واڵه‌كه به ئه‌نوه‌ر ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌نوه‌ر نه‌یتوانی قه‌زافی بدۆزێته‌وه‌و داوای لێ بكات فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كات. بۆیه ئه‌نوه‌ر ناچار ده‌بێت فه‌رمان به ژێر ده‌ریاییه‌كان بكات ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێنه‌وه ناوه‌نده‌كانی خۆیان له ئه‌سكه‌نده‌رییه.
جیهان ده‌ڵێت؛ هیچ كاتێك نه‌مبینی هاوسه‌رم ئه‌وه‌نده ئاسووده بێت كاتێك هه‌واڵیان پێگه‌یاند ژێر ده‌ریاییه‌كان به سه‌لامه‌تی گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی پێشووی خۆیان. ئه‌نوه‌ر ده‌یگوت؛ ئه‌قڵ و تێگه‌یشتنی قه‌زافی تاكو ڕاده‌یه‌ك منداڵانه‌یه، به‌ڵام كێشه لێره‌دایه پێویستی یاریكردنی منداڵانه‌ی چه‌كی راسته‌قینه‌یه. خانمی سادات-یش ده‌ڵێت؛ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه چۆن ده‌بوو كه‌شتی شاژنه ئه‌لیزابێس نقومی ژێر ئاو بكات؟ رایگشتی جیهان له كووشتنی ژن و منداڵی بێ‌تاوان به‌ده‌ستی عه‌ره‌ب كاردانه‌وه‌ی چۆن ده‌بوو، له‌كاتێكدا ئه‌مانه هیچ په‌یوه‌ندییان به كێشه‌ی نێوان ئیسرائیل و میسر نه‌بوو.
“سه‌ردانه‌كانی قه‌زافی”
له‌باره‌ی سه‌ردانه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی قه‌زافی بۆ میسر، جیهان سادات له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت؛ قه‌زافی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگادار بكاته‌وه، سه‌ردانی میسری ده‌كرد. ته‌نها له‌ڕێگه‌ی بورجی چاودێری فڕۆكه‌خانه‌وه له گه‌یشتنی ئاگادار ده‌بووین. هیچ كاتێك نه‌مانده‌زانی قه‌زافی چ رۆژو كاتێك سه‌ردانی ئێمه ده‌كات. ته‌نانه‌ت رۆژێكیان له ئه‌سكه‌نده‌رییه میوانی نافه‌رمی ئێمه بوو، دواتر خواحافیزی كرد‌و رۆیشت كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ لیبیا. دوای كاتژمێرێك من‌و ئه‌نوه‌ر رۆیشتین له‌ناو بازاڕی ئه‌سكه‌نده‌رییه بسوڕێینه‌وه، بینیمان ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ناو باخه‌كه‌ی ئێمه‌دا وه‌ستاوه، له‌گه‌ڵ جه‌مالی كوڕم سه‌رقاڵی یاریكردن بوون. جه‌مال و هاوڕێكانی خێوه‌تێكی سه‌ربازییان هه‌ڵدابوو، له‌ناویدا یاری سه‌ربازییانه‌ی خۆیان ده‌كرد، قه‌زافی له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵانه هه‌مان یاری ده‌كرد.
“یه‌كگرتنی لیبیا و میسر”
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه قه‌زافی زۆرجار باسیكردووه و هه‌وڵی بۆ داوه یه‌كگرتنی نێوان میسر‌و لیبیا بووه. له‌مباره‌یه‌وه خاتوو جیهان چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت؛ ماوه‌یه‌ك دوای بوونی ئه‌نوه‌ر به سه‌رۆكی میسر، كۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی عه‌ره‌ب كرا، تێیدا قه‌زافی ئاماده‌یی نیشاندا كه لیبیا ده‌یه‌وێت یه‌كێتییه‌ك له‌نێوان لیبیا و میسر و سوریا و سوودان بكات، كه‌چی دوای (24) كاتژمێر په‌شیمان بوویه‌وه. جارێكی‌تر لیبیا بڕیاریدا كه میسر و لیبیا یه‌كێتییه‌ك دروست بكه‌ن وه‌ك یه‌ك وڵات، به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌نوه‌ر له‌گه‌ڵ میسرییه‌كان چ ده‌كات. هه‌وڵێكی دیكه‌ی قه‌زافی له مانگی ئابی (1972) ده‌بێت، جیهان سادات بۆمان ده‌گێڕێته‌وه؛ قه‌زافی به‌بێ ئه‌وه‌ی راوێژ له‌گه‌ڵ میسر بكات، دروستبوونی یه‌كێتی نوێی نێوان میسر و لیبیا راده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ڵێت ئه‌نوه‌ر ده‌بێته سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێ‌و منیش ده‌بم به جێگری سه‌رۆك كۆمار و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی هاوبه‌ش. كاتێك ئه‌نوه‌ر ئاگاداری وتاری قه‌زافی ده‌بێت پێده‌كه‌نێت، چونكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌نوه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هێزی چه‌كداری میسری نه‌ده‌خسته به‌رده‌ستی قه‌زافی. قه‌زافی چۆن ده‌یتوانی باسی ئه‌م یه‌كگرتنه بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به میسرییه‌كان بكات؟ له ساڵی (1975)، قه‌زافی ده‌ست به “سه‌رسوڕهێنه‌رترین جوڵانه‌وه‌ی” ده‌كات. كه جیهان به‌م جۆره ورده‌كارییه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو؛ قه‌زافی به بیركردنه‌وه‌ی خۆی میسرییه‌كان گوێیان له قسه‌و بڕیاره‌كانی قه‌زافی نه‌گرتووه، له‌وانه‌یه به قسه‌ی خه‌ڵكی لیبیا بكه‌ن. بۆیه داوا له خه‌ڵكی لیبیا ده‌كات “سه‌ردانی میسر بكه‌ن! میسرییه‌كان ده‌بێت بزانن ئێوه چه‌ند تامه‌زرۆی یه‌كگرتن له‌نێوانماندا”.
سادات ده‌ڵێت؛ رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ئێمه له مانگی ئابی (1975)دا پڕبوو له‌و راپۆرتانه‌ی كه باسی هه‌زاران كه‌سی لیبیای ده‌كرد كه به ئۆتۆمبێل و بارهه‌ڵگر له‌پشت سنوری ئێمه، له‌ڕێگه‌ی بیابانی رۆژئاوا ده‌یانه‌وێت خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه‌سكه‌نده‌رییه. ئه‌نوه‌ر به جوڵه بێماناكانی قه‌زافی پێده‌كه‌نی و ده‌یگوت؛ ئه‌مه چ جۆره یه‌كێتیه‌كه، هیچ كه‌سێك ناتوانێت به‌زۆرداری یه‌كێتی دروست بكات، له‌وانه خودی قه‌زافی”. بۆ رێگرتن له رێڕه‌وی خه‌ڵكی لیبیا، وه‌زیری ناوخۆ بڕیارده‌دات جاده‌ی بیابانیان به به‌شه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دابخرێت. خانمی سادات ده‌ڵێت؛ رێڕه‌وی لیبییه‌كان هیچ كاتێك سه‌رینه‌گرت. به‌هه‌مان شێوه یه‌كێتی فه‌رمی نێوان میسر و لیبیا به ئه‌نجامی خۆی نه‌گه‌یشت.
“له یه‌كگرتنه‌وه بۆ دوژمنایه‌تی”
سه‌رباری وتار‌و ره‌فتاره نامۆكانی قه‌زافی بۆ یه‌كخستنی قه‌زافی، كه‌چی وه‌كو خاتوو سادات باسیده‌كات له‌كاتی شه‌ڕی نێوان میسر و ئیسرائیل‌دا، قه‌زافی ئاماده‌نابێت هاوكاری میسر بكات، له‌وباره‌یه‌وه ئه‌م نمونه‌یه ده‌گێڕێته‌وه؛ هه‌ڵسوكه‌وتی قه‌زافی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زاڵمانه بوو، له‌كاتی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و میسردا، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هاوكاری میسر بكات، كێشه‌ی بۆ دروستده‌كرد. پێش ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه به‌ڵێن به ئه‌نوه‌ر ده‌دات پارچه‌كانی (25) فڕۆكه‌ی میراژ و چوار ملیۆن تۆن نه‌وت بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی میسر، پیشكه‌شی میسر بكات. چونكه ئه‌نوه‌ر له‌پێناوی پاراستنیاندا كاری بیره نه‌وته‌كانی میسری وه‌ستاندبوو. هه‌روه‌ها به‌ڵێنیدا كاتێك به‌نده‌ری ئه‌سكه‌نده‌رییه وێران بكرێ، میسر ده‌توانێت سود له به‌نده‌ری توبرق وه‌ربگرێت. به‌خته‌وه‌رانه به‌نده‌ری ئه‌سكه‌نده‌رییه وه‌كو خۆی مایه‌وه. به‌ڵام ئه‌نوه‌ر وتی هیچ هه‌واڵێك له كه‌لوپه‌لی زیاده‌ی فڕۆكه‌كان و نه‌وت بوونی نه‌بوو.
“ژنان و مانگا”
جیهان سادات روونیده‌كاته‌وه قه‌زافی له دیداره‌كانیدا هه‌موو كاتێك “زۆر به ئه‌ده‌ب و له‌سه‌رخۆ بووه”، به‌ڵام “هیچ كات له كاركردنم له‌گه‌ڵ پیاوان و چالاكی من له بواری به‌ده‌ستهێنانی مافی ژنان رازی نه‌بوو”. پاشان ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه؛ له یه‌كێك له رۆژه گه‌رمه‌كانی هاوینی (1970) له‌گه‌ڵ كچه‌كانم سه‌ردانی لیبیامان كرد، قه‌زافی گله‌یی له جلوبه‌رگه‌كانی نانا كرد و وتی بۆچی پشته ملی دیاره. ئه‌وكات نانا ته‌مه‌نی نۆ ساڵ بوو، وتی “دروست نییه پشتت به‌ده‌ربكه‌وێ”. ته‌نانه‌ت سه‌فیه‌ی هاوسه‌ری دووه‌می قه‌زافی پێیوتم؛ له‌به‌ر رازینه‌بوونی قه‌زافی هیچ كاتێك پێویستییه‌كانی جوانكاری ئافره‌تان به‌كارناهێنم، هه‌ر به بڕیاری ئه‌ویش جلوبه‌رگی درێژ و له‌چك ده‌كه‌م. كاتێكیش بۆ یه‌كه‌مجار به‌ته‌نیا سه‌فه‌ری میسری كرد. قه‌زافی یه‌ك مه‌رجی بۆ دانابوو، ئه‌ویش پۆشینی جلوبه‌رگه‌كانی بپارێزێت و وێنه‌ی له راگه‌یاندنه‌كان ده‌رنه‌كه‌وێت. قه‌زافی له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كانیدا بۆ میسر تێڕوانینی خۆی بۆ مافی ژنان ئاشكرا ده‌كات، به‌سه‌رهاتی ئه‌و سه‌ردانه‌ش به‌م جۆره‌یه؛ له یه‌كێك له سه‌فه‌ره‌كانی بۆ قاهیره له (1972)، بانگهێشت قه‌زافیم كرد بۆ یه‌كێك له كۆبونه‌وه‌كانی یه‌كێتی ئافره‌تان له قاهیره تاوه‌كو وتارێك پێشكه‌ش بكات. هه‌زار ژن به چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆره‌وه له هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ناوه‌ندی حیزب كۆبونه‌وه تا گوێ له وتاری رێبه‌ری گه‌نجی شۆڕشگێڕ بگرن، له‌سه‌ر هیواكانی بۆ ژنانی عه‌ره‌ب. قه‌زافی داوای ته‌خته‌ڕه‌ش و ته‌باشیری كرد‌و بۆی ئاماده‌كرا. ئه‌نوه‌ر وتارێكی كورتی پێشكه‌ش كرد و قه‌زافی ناساند و داوای لێ‌كرد وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات.
قه‌زافی به هه‌نگاوی گه‌وره رۆیشت، له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه سێ وشه‌ی نووسی. هۆڵه‌كه هه‌مووی بێده‌نگ بوون، خه‌ڵكی به‌هێواشی ده‌ستیان به قسه كرد. چاویلكه‌ی خۆمم له چاودا نه‌بوو. دایكی هاوسه‌ری كچه‌كه‌م له ته‌نیشتی چه‌پمه‌وه دانیشتبوو، وتم چی نوسیوه؟ سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو، به شه‌رمه‌وه گوتی شه‌رم ده‌كه‌م باسی بكه‌م. چاویلكه‌كانی خۆم له‌ناو جانتاكه‌م ده‌رهێناو بینیم قه‌زافی به گه‌وره‌یی له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه نوسیویه‌تی؛ په‌رده‌ی كچێنی، سوڕی مانگانه، زاوزێ. پاشان قه‌زافی وتی؛ ژنان چۆن ده‌توانن له‌گه‌ڵ پیاوه‌كان داوای یه‌كسانی بكه‌ن، چونكه له‌كاتی سوڕی مانگانه‌و شیردان به‌مناڵی شیره‌خۆره ناتوانن كاربكه‌ن؟ له‌لایه‌نی سرووشتی هیچ جۆره به‌رامبه‌ری و یه‌كسانییه‌ك له‌نێوان ژن و پیاو بوونی نییه”.
قه‌زافی ده‌نگی ناڕه‌زایی ژنانی ئاماده‌بوو كه سات به سات بڵندتر ده‌بوو به نه‌بیستراوی ده‌زانی، به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ر قسه‌كانی و وتی؛ ژن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ مانگادا نییه، چاره‌نووسیان شتێك نییه جگه‌له دووگیانی و شیرپێدان. كۆبوونه‌وه‌كه ئاڵۆزی زیاتری تێكه‌وت، به‌ڵام قه‌زافی هه‌ر پێداگری له قسه‌كانی خۆی ده‌كرد و ده‌یوت؛ ئایا ئێوه له‌كاتی سوڕی مانگانه ده‌توانن كاری پیشه‌یی خۆتان بكه‌ن؟ جاده دروست بكه‌ن و باری قورس له‌سه‌ر شانتان دابنێن؟ ژنان پێكه‌وه هاواریان ده‌كرد؛ به‌ڵێ به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت به ئێمه بدرێت. قه‌زافی ده‌نگی به‌رز كرده‌وه‌و وتی؛ ئایا ئێوه ده‌توانن هه‌موو رۆژێك له‌ناو كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا كاربكه‌ن، وه‌كو پیاوه‌كان له به‌رامبه‌ر كوره‌ی ئاگر راوه‌ستن؟ به‌رگه‌ی گه‌رما ده‌گرن؟ دڵنیام ناتوانن. گه‌رمای كوره‌ی ئاگر جوانیتان ده‌گۆڕێت. ئه‌مه‌یان ئه‌وپه‌ڕی توانای ئێوه‌یه. هه‌ندێك له كاره‌كان تایبه‌تن به پیاو و هه‌ندێك به ئافره‌ت. ژنه‌كان هاواریان كرد؛ نه!، نه! قه‌زافی هیچ كاتێك بیروباوه‌ڕه‌كانی نه‌گۆڕان. رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر نیگه‌رانی هه‌ڵسوكه‌وته نابه‌جێكانی ده‌بووم.
“داوای كچه‌كه‌م”
له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كانیدا بۆ میسر، قه‌زافی داوای كچه بچوكه‌كه‌ی سادات بۆ ئامۆزایه‌كی ده‌كات. خاتوو جیهان به‌م جۆره چیرۆكی ئه‌و داخوازییه ده‌گێڕێته‌وه؛ له ساڵی (1973) قه‌زافی سه‌ردانی میسری كرد. له فڕۆكه‌خانه‌وه تا كۆشكی قوببه هاوڕێیه‌تیمان كرد. له‌ناو كۆشك به ئه‌نوه‌ر ده‌ڵێت؛ جه‌نابی سه‌رۆككۆمار به‌ڕوخسه‌تی ئێوه، ده‌مه‌وێت به ته‌نیا قسه له‌گه‌ڵ هاوسه‌رت بكه‌م. جیهان ده‌ڵێت”ده‌ترسام، بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه له‌وانه‌یه بمكوژێت”. له‌درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كانیدا ده‌ڵێت؛ قه‌زافیم بۆ ژورێكی به ته‌نیای كۆشكی قوببه رێنوێنی كرد، ده‌رگاكه‌م به‌كراوه‌یی هێشته‌وه. هانی خۆمدا تا به‌سه‌ر خۆمدا زاڵ بم، تاكو نه‌زانێت من ترساوم. نه‌مده‌توانی چاو له‌سه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ی قه‌زافی هه‌ڵبگرم، كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵیده‌گرت. دڵنیابووم ده‌یه‌وێت ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ربێنێت و بمكوژێت.
قه‌زافی گوتی؛ ده‌مه‌وێت كچه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌مدا هاوسه‌رگیری بكات. سه‌رم سوڕما. قسه‌ی تایبه‌تی ئه‌مه بوو؟ له‌وپه‌ڕی باوه‌ڕنه‌كردنم گوتم؛ مه‌به‌ستت كام كچه‌ی منه؟ گوتی؛ كچه بچوكه‌كه‌ت نانا. وه‌كو ئه‌وه‌ی به ته‌واوی نه‌مبیستبێ، نه‌مویست له به‌رامبه‌ریدا بێڕێزی بكه‌م، چونكه نانا ته‌مه‌نی (12) ساڵ بوو. بۆیه گوتم جه‌نابی سه‌رۆككۆمار تائێستا كچه‌كه‌م به ته‌مه‌نی یاسایی خۆی نه‌گه‌یشتووه. قه‌زافی بیری له‌و لایه‌نه‌ش كردبوه‌وه، بۆیه وتی؛ هه‌ر رازیبوون به هاوسه‌رگیرییان ته‌واوه، كاتێك گه‌وره‌بوون‌و ئامۆزاكه‌می به باشی ناسی‌و خۆشه‌ویستی بۆی هه‌بێت، هاوسه‌رگیری خۆیان ده‌كه‌ن. گوتم جه‌نابی سه‌رۆككۆمار رێگابده‌ن هه‌مان كات بیر له هاوسه‌رگیرییان بكرێته‌وه، تا ئه‌و ده‌مه كاتی زۆرمان له‌به‌رده‌سته. دیاربوو قسه‌كانی من به‌گوێیدا نه‌ده‌چوو، چونكه به‌رده‌وامبوو وتی؛ ئامۆزاكه‌م هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و له شوێنی برای خۆمه، ئێوه و كچه‌كه‌تان زۆر له‌م گه‌نجه رازی ده‌بن.
جیهان ده‌ڵێت؛ قه‌زافی وا بیری ده‌كرده‌وه من ده‌توانم كچه‌كه‌م رازی بكه‌م، پاشان پێكه‌وه ده‌توانین باوكی رازی بكه‌ین. به‌ڵام هاوسه‌رگیری له‌م شێوه‌یه به‌هیچ جۆرێك جێگای قسه‌كردن نه‌بوو. دوای هه‌موو بێڕێزییه‌كانی كه به ئافره‌تانی ده‌كرد چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ده‌كرد خزمایه‌تی له‌نێوان ئه‌م دوو خێزانه‌دا دروست بكات‌و منیش قبوڵی بكه‌م. بۆ یه‌كگرتنی لیبیا‌و میسر ده‌یویست سوود له داب و نه‌ریتی قه‌بیله‌یی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه داب و نه‌ریتی ئێمه نه‌بوو. ئاماده‌نه‌بووم وێنای ئه‌وه بكه‌م رێگا به هاوسه‌رگیری كچه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سێكی بیانی بده‌م. رێگام نه‌ده‌دا وه‌ك بارمته بۆ كاری سیاسی به‌كاریبهێنێت. زۆر له‌سه‌رخۆ بۆ قه‌زافیم رونكرده‌وه و گوتم؛ سووپاست ده‌كه‌م به‌ڵام نابێت. له ئه‌نجامدا بۆ كۆتایهێنان به گفتوگۆكه وتم؛ به‌پێی نه‌ریت ده‌بێت كچ له باوكی خوازبێنی بكرێت، بۆچی قسه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك سادات ناكه‌یت؟ دواتر قه‌زافی هه‌وڵیدا هاوسه‌رگیرییه‌كی هاوشێَوه بۆ ئامۆزایه‌كی تری له‌گه‌ڵ زڕكچی بۆرقیبه سه‌رۆككۆماری تونس رێكبخات، له‌وێش قه‌زافی وه‌كو لای من هیچی ده‌ستنه‌كه‌وت.
“هه‌وڵی كووشتن”
سه‌رباری ئه‌و هه‌موو سه‌ردان‌و دۆستایه‌تییه، كه‌چی جیهان سادات ده‌ڵێت؛ له هاوینی (1978) مونا ناسر یه‌كێك له كچه‌كانی جه‌مال عه‌بدولناسر، به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و گوتی؛ خاڵه‌ت جیهان ده‌بێت به ته‌نها بتانبینم، ئێستا له لیبیا گه‌ڕامه‌وه و په‌یامێكی قه‌زافیم بۆ هێناویت. وتم؛ ئێستا ناتوانم ئه‌نوه‌ر سه‌ردانی سوودان ده‌كات، كاتێك به‌ڕێمانكرد په‌یوه‌ندیت پێوه ده‌كه‌م. چه‌ندین مانگ بوو قه‌زافی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له سادات ده‌كرد. دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بانگهێشتی مونام كرد. مونا گوتی قه‌زافی بۆی باسكردم ئه‌گه‌ر جیهان ئه‌نوه‌ر له رێككه‌وتنی كامپ دیڤد په‌شیمان نه‌كاته‌وه، ئه‌وا ناچار ده‌بم ئه‌نوه‌ر بكوژم. منیش داوامكرد له مونا په‌یامه‌كه‌م به قه‌زافی بگه‌یه‌نه؛ من وه‌ك هاوسه‌ری سه‌رۆككۆمار ده‌ستوه‌ردان له كاروباری سیاسی حكومه‌ت ناكه‌م. بۆ كووشتنی ئه‌نوه‌ریش ته‌مه‌ن ته‌نیا له ده‌ستی خودا دایه.
جیهان ده‌ڵێت؛ دوای سه‌ردانی ئه‌نوه‌ر بۆ ئیسرائیل، قه‌زافی ده‌یگوت؛ تا ئه‌نوه‌ر نه‌مرێَت ئاسووده نابم. دوای ئه‌وه‌ی له (6/10/1981) ئه‌نوه‌ر ده‌كوژێت، وه‌كو جیهان ده‌ڵێت؛ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه له رادیۆی ته‌رابلۆس، خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ئاڵایان به‌رز ده‌كرده‌وه. پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌فره‌تلێكراوی لیبیا بۆ هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وامی هه‌بوو. قه‌زافی راسته‌وخۆ داوای له خه‌ڵك ده‌كرد حكومه‌تی نوێ بڕوخێنن و له‌ناو قاهیره ده‌ست به خۆپیشاندان بكه‌ن و په‌یكه‌ری ئه‌نوه‌ر پارچه پارچه بكه‌ن.