لەپاش ئەوەی خەڵکی کوردستان لەڕێکەوتی(١٩٩١/٣/٥)لەشارۆچکەی ڕانیەی پارێزگای سلێمانی ڕاپەرین ودام ودەزگای سەرکوتکەران وداپلۆسێنەڕەکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی ئێراقیان ڕاماڵی، پریشکى ڕاپەڕین گەیشتە شارەکانی دیکەى کوردستان وەکو شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک، تاوەکو دواتر لە لە(١٩٩١/٣/٢١)شاری کەرکوک خۆشەویست ئازاد کرا.
بەڵام هەلومەرجەنیودەوڵەتییەکان و بارودۆخى ڕاپەڕین بووە هۆى دووبارە سوپای ئێراق خۆی ڕێکبخاتەوە ودەستی کرد بەھێرش کردن بۆباشوری کوردستان، لەماوەیەکی کوتدا و بەھۆی توانای سەربازی بێ شوماری سوپای ئێراقەوە، بە بەکارهینانى تۆپ و زرێپۆش و فڕۆکەى جەنگى و هەلیکرپتەر، توانیان ناوچە ئازادکراوەکان داگیر بکەنەوە.
ئەوەبوو ھاوڵاتیانی کوردستان لەسەرەتای مانگی نیسانی ساڵی(١٩٩١)بەشێوەیەکی کۆمەڵ دەستیان کرد بەکۆچکردن لەسەرجەم شار و شارۆچکە و دێیەکانی باشوری کوردستان بەرە سنوری خۆرھەڵاتی کوردستان (کوردستانی ئێران)و باکوری کوردستان (کوردستانی تورکیا)، کەنزیکەیی(٣)ملیۆن هاولاتى کورد لە خەڵکی باشوری کوردستان بەرەو ئەو سنورانە ولەترسى کۆمڵکوژکردنیان لەسەر دەستى سەرانى حکومەتى بەعس و سوپاى ئێراق و گاردى کۆکارى ڕەویان کرد.
ئەم کۆڕەوە لە نوسینە ھاوچەرخەکاندا بەکۆڕەوەمەزنەکە یان کۆڕەوەملیۆنییەکە ناسراوە، لەو کاتەدا تێکڕای هاوڵاتیانى کوردستان ڕەتیان کردووە کە دووبارە ژێردەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی ئێراق قبوڵ بکەن، وڕێگەی مەرگیان گرتەبەر ودەستیان لەماڵ وسامان وھەموو شتێکی خۆیان ھەڵگرت، ھەروەھا لەپاش خۆیان بەجێیان ھێشت.
ئەم کارەساتە بیروباوەڕو وێژدانی ھەموو نەتەوە دەسەڵاتدارەکانی جیھانی ھەژاند، وناوچەجیاجیاکانی جیھان دەنگی ناڕەزایەتییان لەدژی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێراق بەرزکردەوە، وپشتگیری کوردستانیان کرد ویارمەتی ئابوری وسیاسی لەھەموو لایەکی جیھانەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی کوردستان دەستەبەرکرا.
ئەوەش وای کرد کە ڕای گشتی جیھانی لەبەرژەوەندی کوردستانیان ھەڵویست وەربگرن، وڵاتی فەرەنسا پڕۆژە یاسایەکی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و لە ڕێکەوتی (١٩٩١/٤/٥)بڕیاری (٦٨٨)دەرچوو، لە بارەی پاراستنی کورد وداوای لەڕژێمی ئێراق کرد دەستبەجێ دەست لەسەرکوت کردنی کوردستانیان ھەڵبگرێت وڕێز لەماف وئازادییەکانیان بگرێت.
بەوە بڕیارە مەسەلەی کوردی بردە ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پاش دەرچوونی بڕیارەکە ھێزی ھاوپەیمانان سنووری کوردستانیان بەزاند وسوپای ئێراقیان ناچار کران بەوەى بکێشتەوە وھێزەکانی ھاوپەیمانان بەقوڵایی(٥٠)کیلۆمەتر بۆناوخاکی کوردستان پێشڕەوییان کرد، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ خۆڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان وبەڕەنگاریبوونەوەی سوپای ئێراق، لەچەندین بەرەوە ھێزی ئێراق شکستی پێھێنرا.
ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر داوای بەریتانیا، ھێزی چەکوچی ئامادەیان پێکھێنا وناوچەی سنووری ھێڵی پانیی(٣٦)یان وەک ناوچەیەکی ئارام ڕاگەیاند، وتووێژی نێوان سەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی ئێراق وسەرکردایەتی بەرەی کوردستانی دەستی پێکرد، ودواتر ئەو وتووێژانە سەری نەگرت، ولەپایزی ھەمان ساڵدا سەرانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی ئێراق، لەناکاو بڕیاری کشانەوەی بەڕیوەبەرایەتییەکانی لەناوچەیەکی بەرفراوانی ھەرێمی کوردستان دا، خەڵکی کوردستان بەرە بەرە گەڕانەوە ناوچە ئازاد کراوەکان، ومووچەی فەرمانبەرانی ئەو ناوچانەی ڕاگرت وئابڵوقەی دارایی خستەسەر ھەرێمی کوردستان، مەبەستی بەغداد ئەوەبوو کە لەسەر پڕۆژەی ڕێککەوتن بەرەی کوردستانی ڕازی بکات، بەڵام سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی وخەڵکی کوردستان کۆدەنگیان لەسەر نەبوو، بەوەش حاڵەتی نەشەڕ نەئاشتی ھاتەکایەوە، ودواتر لەناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان ھەرێمی کوردستان دامەزرا.
ئامادەکردنى: چۆمان حەمە تەقی الدین